ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا، قادرئەلیاسی

 هاوینی ٢٠٠٩ بوو کە بۆ یەکەمجار بە خزمەتی نەسرین خانم گەیشتم. ئەو ساڵە کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بۆ یادی ٢٣ ساڵەی کارەساتی ڤییەن بەڕێزی بانگ کردبوو.Nesrn-qasmlu-kteb

بنەماڵەی ئێمەش لە نۆروێژ، شانازی ئەوەی پێ بڕا، ئێوارەیەک لە خزمەتیدا بین. دوای حەسانەوە، وتی: دەمهەوێ بڕۆمە دەر و هەوایەک هەڵمژم. هاوڕێیەتیم کرد و لە نێو باخچەکەدا، دەستی بردە گیرفانی و سیگارێکی داگیرساند. کات لە ٩ی شەو لای دابوو. شەوانی هاوینی نۆروێژ رووناکە. بە پێچەوانەش زستانەکەی زۆر تاریک و خەمهێنەرە. ئاسمانی ئەو شەوە مانگەشەو و ساماڵ بوو.

بە دەم جگەرەکێشانەوە سەیرێکی ئاسمانی کرد. مانگی چاردە لە نێوەڕاستی ئاسماندا ئاخڵە(خەرمانە)ی دابوو. سەری تۆزێ نەوی کرد و وتی: عەبدولڕەحمان کاتێک مانگی بە ئاسمانەوە دیبایە، شیعرێکی دەوت و… دەستی پێکرد:

ئەی مانگ من و تۆ هەر دوو هاودەردین

هەر دوو گرفتار، یەک ئاهی سەردین

تۆ وێڵ و رەنگ زەرد، بە ئاسمانەوە

منیش دەربەدەر بە شارانەوە

دیتم لە گەڵ وتنەوەی شیعرەکەدا فرمێسک بە چاوەکانیدا خلۆر بوونەوە. حەزم نەدەکرد لەو بیرەوەرییە دایبڕم، دڵیشم رێگای نەدەدا، بە وەبیرهاتنەوەی ئەو بیرەوەرییە فرمێسکەکانی ببینم، بۆیە باسێکی پێوەندیدار بەو بیرەوەرییەم لە گەڵیدا هێنایە گۆڕێ و پرسیم: ناتەوێ، بیرەوەرییەکانی خۆت بنووسی؟

ئاخێکی هەڵکێشا و وتی: بە نیازم، ئەگەر تەمەن بوار بدا، ئەو کارە بکەم. ساڵی دواتر لە سەر بانگهێشتی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە، هاتەوە نۆروێژ و جارێکیتر لە ماڵی خۆماندا بە دیداری شاد بووینەوە. وتی: خەریکی نووسینی بیرەوەرییەکانیەتی.

سەرەنجام ئەو ئاواتەم هاتە دی و ئەو کتێبەم بە دەست گەیشت و لە گەڕانەوەم بۆ کوردستاندا، دەستم بە خوێندنەوەی کرد.

مانگی دیسامبری٢٠١٤ کتێبی ” ئورروپاییەک لە وڵاتی کورداندا” لە نووسینی خاتوو نەسرین قاسملووم خوێندەوە. ئەم کتێبە مێژوویەکی کورت و پوختی ژیانی هاوبەشی نەسرین خانم لە گەڵ د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو دەگێڕێتەوە کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٥١ دەست پێدەکا و بە شەهیدکرانی د. قاسملوو کۆتایی پێدێ.

ئەم کتێبە ٤٢٢ لاپەڕەیە. سەرەتا بە زمانی فەرانسەوی لە لایەن نەسرین خانمەوە نووسراوە. بەڕێز د.خوسرەوعەبدوڵڵاهی لە فەرانسەوییەوە، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. بەڕێز “ناهیدحوسەینی”ش لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی. شایانی ئاماژەیە کە ئەم دێڕانەم، دوای خوێندنەوەی دەقە کوردییەکە نووسیووە.

وێڕای سپاس و پێزانین بۆ خاتوونەسرین لە مەڕ نووسینی ئەو کتێبە، ماندوونەبوونی لە بەڕێزان عەبدووڵڵاهی و حوسەینی لە پای ئەو زەحمەتە دەکەم کە بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە کێشاویانە. کتێبی ” ئورروپاییەک لە وڵاتی کورداندا” جارێکیتر، وێڕای دووپاتکردنەوەی مەزنی و خۆشەویستی د.قاسملوو لە لای من، ئەوەندەش ئەگەر زیاتر نەبێ، نەسرین خانمی لا ئازیز و بەرز و مەزن کردم.

ناوەرۆکی کتێبەکە، دەبێ بکرێ بە دوو بەشەوە. بەشی یەکەم، لە ساڵی ١٩٥١ دەست پێدەکا. لەو کاتەدا د.قاسملوو لە پراگ خوێندکارە و چاوی بە نەسرین خانم دەکەوێ. پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، لە گەڵ د.قاسملوودا بەرەو ئێران دەکەونە رێ و ساڵانێک بە نهێنی لە تاران، لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ وێڕای خۆ خستنە مەترسی، کاری سیاسی دەکەن و دواتر لە کوردستان و پاشان بەغدا و..هتد، ئەم خەباتە درێژە دەدەن تا رووخانی نیزامی پاشایەتی بە سەردا دێ و کۆماری ئیسلامی ئێران جێی دەگرێتەوە.

بەشی دووهەم، لە هاتنە سەر دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێدەکا و زۆربەی ئەو هەوراز و نشیوانەی سەر رێگای بزووتنەوەی کورد لەو ماوەیەدا دەگێڕێتەوە. نووسەر بۆ مەرگی پڕ لە ناسۆری د.قاسملوو دەگری و خوێنەر دەباتە دنیایەکی پڕ لە پاکی خۆی و هاوسەرە زانا و بلیمەتەکەی.

من لە توانامدا نییە ئەم کتێبە بنرخێنم، تەنیا وەک خوێنەرێک پێشنیار دەکەم بۆ ئەوەی دوور لە پیاهەڵاگوتن د.قاسملوو بناسن، ئەم کتێبە بخوێننەوە. جگە لە پێناسەیەکی بێلایەنانەی نووسەر سەبارەت بە د.قاسملوو، دەزانن نەسرین خانم یش لە پێناوی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، چەندە جەوری کێشاوە.

لە کۆتایی ئەم نووسراوەیەدا، وێڕای دەستخۆشی لە نووسەر و وەرگێڕەبەڕێزەکانی ئەم کتێبە بە زمانی فارسی و کوردی، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە دوو هەڵە و وەرگێڕانێکی نەگونجاو کە لە دوو توێی دەقە کوردییەکەدا هاتوون، بکەم:

١ـ نووسەر لە لاپەڕەی ٣٤٢دا باسی سەنارمامەدی و تاقمی حەوت کەسی دەکا. لەو کاتەدا کەسێک بە ناوی رەحمان قادری کە سەر بەو تاقمە بووە، سەنار کوشتوویەتی و… ئەو کەسە وەک من بیستبێتم، ناوی رەحمان کەریمی بووە و لە ناوچەی پیرانشار ژیاوە.

٢ـ سەبارەت بە تێرۆری بەڕێز مامۆستا مەلاحەسەن شیوەسەڵی کە لە رۆژی دووشەممە، ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ بەرامبەر بە ٧/١٢/١٩٨٧ رووی دا، لە لاپەڕەی ٣٥٠ی کتێبەکدا نووسراوە بە هۆی کتێبێکی دیوانی شیعرەوە کە لە نێو دەستی مامۆستادا تەقیوەتەوە، هەر دوو دەست و چاوەکانی لە دەست داوە. راستی رووداوەکە وەک بەڕێز شیوەسەڵی بۆی گێڕاومەتەوە، ئاوا بووە: ئەو کتێبە رۆمانی “دان چەرموو” لە نووسینی چەک لەندەن بووە. کتێبەکەش لە بەستەیەکدا پێچراوەتەوە و لە تاقی ئەو ژوورەی مامۆستا دانراوە و لە کاتی چوونە ژوورەوەی بەڕێز شیوەسەڵیدا، بە کۆنترۆڵ لە دەرەوە تەقێندراوەتەوە. واتە کەسێک لە دەرەوە کە کورد و جێگای باوەڕی شیوەسەڵی بووە، کتێبەکەی هێناوە و ئەو کاتە مامۆستا هاتۆتە ژوورەکەی، کتێبەکە لە تاقی ژوورەکە دانراوە و لە دەرەوە بە هۆی ریموندکۆنترۆڵ تەقێندراوەتەوە.

٣ـ جگە لەو دوو راستکردنەوەیە، هەستم کرد لە وەرگێڕانی چەند چەمک و دەستەواژەدا، وشەی گونجاو دانەنراوە. بۆ وێنە دوای کارەساتی ڤییەن و تێرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی(ل٣٧٤ تا ٣٨٥) لە مەڕ رەخنەکانی نەسرین خانم لە دەسەڵاتە دیموکراتەکانی ئورووپا، وشەی دیموکراسییەکانی ئێمە هاتووە کە من وادەزانم دەبوو، دەستەواژەیەکی دیکەی وەک سیستمی دەسەڵاتداری ئێمە، ئەو دیموکراسییەی کە لە ئورووپا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێمەوە بەڕێوە دەچێ و…لە باتی ئەو چەمکە هاتبا. ئەگەر جارێکیتر، دەقە کوردییەکە لە گەڵ وەرگێڕانە فارسییەکە و ئەسڵی کتێبەکە” کە بە زمانی فەرانسە نووسراوە”، پێکەوە گێڵ و تەتەڵ بکرێ، ئەو کەمایەسییە، بۆ چاپەکانی داهاتوو چارەسەر دەکرێ.

ماوەتەوە بڵێم: تا کتێبێکی دیکە و خوێندنەوەیەکی خۆماڵیانەی تر، بە خۆشیتان دەسپێرم!

 

سلێمانی،١٥/١٢/٢٠١٤

 

ژێدەر:

١ـ کتێبی “ئورووپاییەک لە وڵاتی کورداندا”

٢ـ بەشێک لە هەڵبەستی ” ئەی مانگ لە دیوانی فایەق بێکەس”

ئەم نووسراوەیە لە ژمارە ٦٤٥ی رۆژنامەی کوردستان، بەشی “ئەدەب و هونەر”دا بڵاو بۆتەوە.

 

 

کاتالۆگ