تاهیر سۆفی تێکۆشەرێکی ڕێبازی ٢٥ی گەلاوێژ، کاووس عەزیزی

لەم ساڵانەی دواییدا ئەوندەی بۆم کرابێ و عەقڵم بڕی کردبێ، جاروبارە یەکێک لە هاوڕێکانم بەسەرکردۆتەوە  کە ئەگەرچی بە کورتیش بێ سڵاوێکم عەرز کردووە. 

ئەمساڵێش هاوڕێ تاهیر سۆفی بەسەردەکەمەوە کە خۆی کەسێکی ئەهلی دونیای مەجازی نیە. ئەوەش بڵێم کە لەمەڕ ئەم کورتە نووسینە هیچ ڕاوێژێکم بە کاک تاهیر نەکردووە و تەنانەت ئاگاداریش نیە . بۆیە ئەگەر ڕەخنە و گلەییشی لە نووسراوەکە هەبێ لە سەر چاومی دادەنێم .

مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پڕە لە سەربازی ون کە بەشێکیان لە پێناو ئەو بنەما و ئامانجانەی کەلە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ.کاف) و دواتر گۆڕینی ناوی کۆمەڵە بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گیانیان بەخشیوە و بە گومناوی ماونەتەوە و ئاورێکی ئەوتۆیان لێ نەدراوەتەوە، بەشێکیشیان لە ژیان داماون و بە هۆکاری جۆراوجۆر بە گومناوی و بێ ئاوردانەوەیەک ژیان بە سەر دەبەن، بەڵام بە ئیرادەیەکی پۆڵائینی دێمۆکراتانە لەگەل باوەڕی قووڵ بە ڕێبازیان لە ژیان دا ماونەتەوە و بە حەسرەتی ئازادی دەژین.

هیچ میللەتێک ناتوانێ بە ئازادی بگا ئەگەر لە تێکۆشەرانی خۆی بە هەموو بوارەکانی تێکۆشانەوە خاوەنداریەتی نەکا. ئەو تێکۆشەرانە لە هەر بوارێک دا خزمەتیان کردبێ پێویستیان بە بەسەرکردنەوە و ڕێزلێنانە، ئەگەر ڕێزگرتنێکی زۆر بچووکیش بێ  نیشانەی وەفایە بۆ مێژووی میللەتێک کە دەیەوێ بە زیندوویی بمێنێتەوە.

یەکێک لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە خەباتی پێشمەرگانە و زیندان و ئاوارەیی دا بە سەر برد و ئێستاش لە هەندەران و بە حەسرەتی ئازادیی گەل و  نیشتیمانی دەژی کاک تاهیر سۆفی یەکێک لە کادر و فەرماندەرانی دێرینی حیزب لە ئۆرمیە یە.

تاهیر سۆفی کوری عەزیز خەڵکی ئاوایی مەحمووداوێ،ی گەلی قاسملوو یە کە هەر دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەگەل ئەو حیزبە ئاشنا دەبێ و کاتێک کەلە دەورانی دوا ناوەندی دەرسی خوێندووە دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە هێزی شەهید نەحۆی ئەوکاتی ئۆرمیە دا بۆتە پێشمەرگە . حیزب لە گەلی قاسملوو پێشینەی ڕۆژی دامەزران تا سکرتێریی دوکتۆر قاسملووی ڕێبەری هەبووە  بۆیە لاوانی ئەو دەڤەرە بە ناوی حیزب و بە ئامانجەکانی حیزب نەک نامۆ نەبوون، بگرە ئاشنا  و خۆمانە بوون و پشتاو پشت بەشداریان لە تێکۆشانی پڕ لە سەرەوەریی حیزب دا کردووە کە بنەماڵەی کاک تاهیریش یەکێک لەو بنەماڵانەیە.

لەو دەڤەرە تا ئەوکات ٤ جیل لە تێکۆشەرانی دێمۆکرات خەباتیان کردبوو:

جیلی یەکەم کەلە محمد ئاغای وسووق باوکی دوکتۆری ڕێبەر و کۆمەڵێک لە هاوکارانی پێکدێ کەهەر لە گەل دامەزرانی کۆمەڵەی ژ.کاف تا شاندی کورد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی  بۆ باکوو ، تا گۆڕینی ناوی کۆمەڵە بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان  و دواتریش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشان دابوون. ئەوان لە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان هەم بەهۆی چوونە سەری تەمەن، هەم زەبر وزەنگی ڕێژیم و گیران و سەرکوتیان ، هەم وەزعی شپرزەی حیزب نەیانتوانی درێژە بە تێکۆشان بدەن و مەیدانیان دایە جیلی دووهەمی دێمۆکرات لە شاری ئۆرمیە و دەورووبەری کە هەتا سەرکەوتنی ڕاپەرینی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران بەردەوام بوون.

جیلی دووهەم پێکدێ لە عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدولا عیزەت پوور، و ….. . ئەو جیلەش تا سەرکەوتنی  ڕاپەرینی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزب  کار و تێکۆشانێکی گەلێک دژوار بەڵام بەرهەمداریان دەبێ کە تا بە ئەمڕۆش جێ پەنجەیان دیارە.

جیلی سێهەمی تێکۆشەرانی حیزب لە گەلی قاسملوو  و ئۆرمیە دەگەڕێتەوە سەروبەندی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزب کە ژمارەیەک کادری لاو کەلە ژێر ڕۆناکایی خەباتی جیلی دووهەم دا زۆر زوو پەروەردە دەبن کە پێک دێ لە:

سلێمان ئابرین، خالید شۆقی، مەحموود دەشتی، عەبدولا سەلیمی، محەممەد ئەمین کرێت مەجید سوڵتانپوور،  ئەسمەر و …… ئەو جیلەش لەگەل هەموو دژوارییەکانی ئەوکاتی خەبات ، دەتوانن ڕێکخراوەکانی حیزب لەو ناوچەیە گەشە پێ بدەن و بەرینی بکەنەوە کە ئەویش بناغەیەکە تا ئێستاش هەر چەکەرە دەکا.ئەو جیلە زۆربەیان لەو ڕێگایە دا گیانیاان بەخشیوە.

جیلی چوارەمی تێکۆشەرانی حیزب لەو دەڤەرە لە تاهیر سۆفی و ڕۆستەم جیهانگیری یەوە درێژە پەیدا دەکا تا دەگاتەوە جیلی دوای خۆی کە سەیفولا ڕەحمانی ، ئەحمەد پیری، وەلی وەلی زادە، پەرویز مەراغەیی و…….

تاهیر سۆفی کە دەبێتەوە پێشمەرگە  زۆر زوو دەتوانێ جێگای خۆی بکاتەوە و ببێتەوە پێشمەرگەیەک کە پشت بە تواناکانی ببەسترێ و ئەرکی حیزبیی بۆ دیاری بکرێ. چوونکی هەم کەسێکی جەسوور و بوێر بوو لە کار  وتێکۆشاندا، هەم بە نیسبەت ئەوکات کەسێکی خوێندەوار بوو، هەمیش بە هەردوو زاراوەی کرمانجیی سەروو و خواروو بە باشی قسەی دەکرد و هەمیش فارسی و ئازەریی بە چاکی دەزانی . چوونکی لەو ناوچەیە زەختێکی زۆر هەبوو بۆ ئاسمیلاسیۆن و سڕینەوەی زمان و کولتووری کوردی، تەنانەت کاک تاهیر زۆر جار باسی دەکرد کەلە مەدرەسە لە باتی فارسی ئازەری قسەیان پێدەکردین. بۆیە تاهیر زمانی ئازەری زۆر بە باشی دەزانێ. ئەوە کاک تاهیر  دەنێردرێتەوە دەورەی بێسیمی ڕاکاڵ(بێسیمی ڕادیۆ تەلەفۆنی) و دوای دیتنی دەورەی بێسیم لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنی و ڕادیۆ کە ئەوکات کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بەرپرسی بوو، لە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ دا تاهیر دەگەڕێتەوە ناوەندی ئاگری و کاری بێسیم دەست پێدەکاتەوە کە ئەوکات تەنیا ڕێگای پەیوەندیی کۆمیتەکانی حیزب لەگەل ڕێبەری بوو و هەمیش هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بوون.

یەکەم جار کە کاک تاهیرم بینی ئەو ڕۆژە بوو کە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران ڕاگەیاندراوی لە سەر شەهید بوونی کاک سەرگورد عەلیار بڵاو کردەوە. ئەو تازە لە دەورەی بێسیم گەڕابووە . ئێمە لە چیای داڵانپەڕ بووین کە دەبا بەشێکمان بە مەئمووریەت بڕۆینەوە دەوروبەری دەفتەری سیاسی و بەشێکیش لە ناوچە بمێننەوە. ئەوەبوو تاهیر وەک بێسیم چی لەگەل ئەو دەستەیە مایەوە کە دەبا بگەڕێنەوە ناوچەکانی سەڵماس و ئێمەش بەرەو مەئمووریەتی لای ڕێبەری چووین.

ئەو تیمەی کە تاهیری لەگەل بوو دوای ماوەیەکی کورت لە سەر سنوور برادۆست کەوتنە کەمینی سەربازانی تورک و ١١ کەسیان بە دیل گیران کە یەکێکیان کاک تاهیر بوو. ‌هەرچەند بێسیمەکەی نەکەوتەوە دەستی تورکەکان، بەڵام خۆی گیرا و نیزیک ٩ مانگ لە زیندانی تورکیە مانەوە و دوایە بە هیمەت و لێزانیی ڕێبەری زانامان دوکتۆر قاسملوو لە ڕێگای دەوڵەت و دۆستانی کورد لە فەڕانسە ئازاد کران.

دوای ئازاد بوونی کاک تاهیر سۆفی دیسان ئەرکی خۆی وەک بێسیمچی و هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران درێژە پیداوە تا لە کۆنفڕانسی زستانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویی مەڵبەندی شیمال دا بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە و بەرپرسی تەشکیلاتی ناوچەکانی بەراندێز و قاسملوو  دەست دەکا بە کاری تەشکیلاتی لەو ناوچەیە و ئیدامەی کاری جیلی پێش خۆی دەداتەوە  کە لەیەکم ساڵی کار و تێکۆسانی تەشکیلاتیی خۆی لەو ناوچەیە توانا و لێهاتوویی ئەو بوارەی بە ڕوونی دەردەکەوێ و دەکەوێتەوە خەتی تەشکیلاتی نهێنی.

کاک تاهیر لە ماوەی سالانی خەباتی شاخ دا بەرپرسایەتیی حەساس و گرینگی وەک : بێسیمچی، بەرپرسی تەشکیلاتی ناوچەکانی بەراندێز- قاسملوو و مەڕگەوەڕ، بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە، بەرپرسی بەشی ماڵیی مەڵبەند، فەرماندەری هێز لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە، فەرماندەری تیپ لە ناوەندی ٣ی  حیزب و زۆر ئەرکی تری لە ئەستۆ بووە و بە بێ موبالیغە دەتوانم بڵیم کە لە هەموو ئەرکەکانیشی دا کەسێکی لێهاتوو ، بە ئەزموون، فیداکار و بە بەرنامەی کاری بووە. لە چەند مەئمووریەتێک دا پێکەوە بووین شاهیدی بەشێک لە کار و تێکۆشانی کاک تاهیرم و  لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دا جێ پەنجەی دیاری هەبوو.

تاهیر سۆفی جگەلەوەی کادرێکی لێهاتوو بوو، پێشمەرگەیەکی نەترس و بە دەست و بردیش بوو، لە زۆر شەڕ دا بەشداریی چالاکانەی هەبووە، لە زۆر داوی دوژمن بە لێهاتووی خۆی بە سڵامەتی ڕزگاری بووە. ئەو لەگەل ئەوەی کە کاری تەشکیلاتی، یان ماڵیی دەکرد، بەردەوام لە بیری دەست نیشان کردن و دیاری کردنی جێی عەمەلیات و زەربەوەشاندن لە هیزەکانی ڕێژیم بووە و زۆرجار تیمی بپێشمەرگەی بەرپرسایەتیی کردووە بۆ زەربەوەشاندن لە دوژمن. کە نموونەی زۆرمان هەیە  وەک :زەربە لێدانی ئابووریی قورس لە ڕێژیم تا  دەگاتە دەست بەسەرداگرتنی پایەگا و ناوەندە نیزامیەکانی ڕێژیم لە ناوچە و ناوشاری ئۆرمیە دا. کەسێک بوو کە قەت ورەی بەرنەدەدا لە دژوارترین دۆخیش دا و بەردەوام ورەبوو بۆ هاوڕێکانی لە کاتی تەنگانە دا و کەسێکی ئەهلی چارە بوو لە دژواررتین وەزع دا.

کاک تاهیر مرۆڤێکی هەردەم شاد و دەم بە پێکەنین و ئەهلی قسەی خۆش و گێڕانەوەی بیرەوەریی تاڵ و شیرینە کە لە گێرانەوەیاندا ئەمانتەدارێکی بە ئەخلاقە. کەسێکی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوە . لە کارو تێکۆشانی حیزبی و تەشکیلاتی و نیزامی  دا کەسێکی وردبین و وریایە ، لەگەل ئەوەش دا هەم ریسکی زۆری کردوون و هەمیش چەند جارێک تووشی دۆخی سەخت و دژوار هاتووە . بە گشتی تاهیر سۆفی کادری کار و تێکۆشان بوو .

تاهیر چۆن بە دیل گیرا چۆن ڕزگاری بوو؟

ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی ئێمە وەک مەڵبەند شیمال ئاخری هاوین هاتینەوە بنکەکانمان لە بێشەی باشووری کوردستان. مەبەست هاتنەوەمان لەوکاتی دا ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نۆهەمی حیزب بوو. کە هاتینەوە دوای ماوەیەک دیسان تیمەکانمان گەرانەوە ناوخۆ کە کاک تاهیر بەرپرسی تیم بوو بۆ دەوربەری شاری ئۆرمیە. ئەوان جەولەیەکی باشیان کردبوو، سەردانی ناوچەکانی بەراندێز، مەڕگەوەڕ و قاسملوویان کردبوو. لە گەڕانەوەیان دا بەرەبەیانێک دەگەنە پشتی ئاوایی کەچەڵەی مەڕگەوەڕ و و ئەو و موزەفەری هاوڕێی دەچنە لای شوانێک. پایزەکە زۆر سارد دەبێ و کە شوان مەڕەکانی دەباتەوە لای سەرەوەتر، کاک تاهیر و هاوڕێکەی کاک موزەفەرئیبراهیمی لە نێو کەپەنی شوانەکە دا دەخەون. هیندەی پێ ناچی فەرماندەی پایەگای کەچەڵە و چەند سەربازێک کە دەیانەوێ بچنە سەر ڕێگای کاروانچیەکان بۆ ڕاوو ڕووت، دەگەنە سەر تاهیر و هاوڕێکەی و لە خەودا  بە دیلیان دەگرن.

کە تاهیر چاو دەکاتەوە دەبینێ پاسدار گەیشتوونەتە سەریان  و چەکی موزەفەر بە دەست ئەوانەوەیە و موزەفەر جارێ هەڵنەستاوە. تاهیر دەست دەبا  بۆ چەکەکەی بەڵام پاسدار مەجالی نادەنێ و دەیگرن و موزەفەریش لەوکاتە دا لە خەو هەڵدەستێ. تاهیر کە دەمانچەکەی دەردێنێ  ئەویشی لێ دەستێنن. بەڵام ڕەختەکەی کەلە ژێر باڵتۆکەی دایە نازانن بێسیم و نارنجۆکێکی دەستیشی لە سەرە . لەوکاتی دا شوانەکە دێنن و دەڵێن  ئەوانە کێن؟ ئەویش دەلێ پشمەرگەن و   هاوڕێی دیکەشیان هەیە لەو سەرەی. پاسدار بە بیستنی ئەو خەبەرە هەوڵدەدەن زوو تاهیر و موزەفەر بیگەیەننەوە  پایەگای کەچەڵە. زوو دەستی هەردووکیان بە جامانە دەبەستنەوە و فەرماندەکەی دەست دەخاتە  شانی تاهیر و دوو سەربازیش شانی موزەفەر دەگرن و ئەوانی دیکەش لە پێشەوە و  دەوروبەریان بە لووت بەرزی کە گوایە سەرکەوتوون، بەرەو پایەگا دەچن. کەلە دەشتایەکە ڕەد دەبنەوە و دەکەونە جادەیەکی قەدیمیی نیزامی کە لای خوارەوەی هەڵدێرێکی درێژ و  سەختە. تاهیر کە دەستی لە پشتەوە بەستراوە ، زیرەکانە موزەفەر ئاگادار دەکاتەوە کە دەهەوڵی کردنەوەی دەستی و هەڵاتن دایە و لە هەمان کاتدا دەڵێ : مزۆ هیندێک فاسیلە بگرە، تا پاسدارەکان حاڵی دەبنەوە، تاهیر پاڵێك بە فەرماندەکە دەدات و ئەو دەکەوێتەوە خوار و تاهیر خۆی فڕی دەدا و دەستی دەبنەوە. سەربازەکان تەقەیەکی توند لە تاهیر دەکەن و موزەفەریش یەکجێ خۆی فڕیدەدات و تاهیر ئاگای لێ دەبێ کە دەڵێن: بزنید! ئەوجار تاهیر دەزانێ کە موزەفەریش هەڵات. دوای تەقەیەکی توند و خلۆر بوونی هەردووکیان تا چەند سەد میتر  دەگەنە نێو شیوەکە و پاسدار کە زانیبوویان هاوڕێی دیکەی تاهیر و وان هەن، بەهەڵات هەڵات بەرەو پایەگا ڕادەکەن و تاهیر و موزەفەر یەکتر دەگرنەوە و بێسیمەکە دەکەنەوە و دەبینن هاوڕێیانی دیکە بە دەنگی تەقە بیسیمیان کردۆتەوە. ئەوەیە تاهیر جەریانەکە بیان باس دەکا و ئەوان زوو دێن و پاسداریش ڕزگاریان دەبێ. لەبیرمە کە دوای ئەو ڕزگار بوونە موعجیزە ئاسایە تیمەکە هاتن، تاهیر و موزەفەری بەهۆی کەوتنەوە بە هەڵدێر دا برینی زۆریان هەڵگرتبوو و خۆشیان  پێیان سەیر بوو کە چلۆن ڕزگاریان بوو و ئێمەش لەگەل هەموو خۆشحاڵیمان بە هاتنەوەیان ڕزگار بوونیان  بۆمان موعجیزە بوو.

چەند حەرەکەتی خۆشی کاک تاهیر

ساڵی ١٣٧٠ کە گەڕابووە ڕیشێکی درێژی هەبوو. کە بینیم گوتم ئەرێ ئەوە تۆی یان عەولا پەشێوی شاعیر؟ بەیانیەک کەلە خەو هەستاین قژی درێژو ئالۆزکاوی تاهیر کە هاتەوە نیزیک منداڵەکان و مامۆستا عەرەفات ڕێزی کردبوون بۆ خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب لە بەردەرکی قوتابخانە سادە و بچکۆلانەکەی بنکەی بێشێ و ڕوو لە مناڵەکان گوتی: سڵاو گوڵە جوانەکان! سڵاو !

ئەو مناڵانە کە چاویان بەو ڕێش و قژەی تاهیر کەوت هەموویان هەڵاتنە ژوورێ و تا کاک تاهیر لەوێ بوو نەهاتنەدەر بۆ خوێندنەوەی سڕوود.

ساڵی ١٣٧١ بوو، ئێمە لە عەمەڵیاتی سووتاندنی کارخانەی کانادادرای ئۆرمیە دەگەڕاینەوە و ڕۆژەکەش لە دەشتەکان شەڕمان کردبوو، زۆر هیلاک و ماندوو و لە هەمانکاتیش دا برسی و تینوومان بوو. ئەوەش بڵێم کە ئەو عەمەڵیاتە لە ئیبتیکار و هەوڵی کاک تاهیر خۆی بوو لەگەل هێزی ئاگری. هاتینەوە نێو گوندی سێ گرکانی مەڕگەوەڕ کە دەکەوێتەوە سەرجادە.کە چووینەوە نێو دێ خەڵک دەترسان و نەیاندەوێرا دەرگا بکەنەوە. چوونکی ئەو ڕۆژە شەڕ بوو، وایان دەزانی ئەوە هێزی دوژمنە هاتۆتەوە نێو دێ و کەس نەیدەوێرا دەرگا بکاتەوە. من و کاک سەعید گوڵێ چووینەوە بەردەرکی دوکان و کاک سەعید گوتی ڕاوەستە من بە خاوەن دووکان  دەڵێم وەرە دووکان بکەوە، کە هاتە دەر دەمناسێ و ئەو دەتوانێ هاوکارمان بێ بۆ ماڵەکانی دەوربەر کەلە خەو هەستێێ. هەر واش بوو، کابرا هاتە دەر و کاک سەعیدی ناسی و  هەم چووینەوە ماڵی ئەوان و هەم چەند مالی دیکەشی هەستاندەوە.

بەڵام لەو لا کاک تاهیر و ئەوان چووبوونە بەر دەرگای ماڵێک کە دیار بوو کوردی باشوور بوون و چەند ڕۆژ پێشتر دز چووبوونە سەر ماڵیان. هەرکە چاویان بە تاهیر و ئەوانە کەوت، هەموو ئەوانەی لە ژوور بوون وێگرا دەیانگوت : دز هاتن! دز هاتن! کاک تاهیریش بە هەمانشیوە لە دەرێ یەک بە خۆ دەیگوت دز هاتن! دز هاتن!. هەموو ٣ دەقەی نەبرد ئەو گوندە هەمووی هەستا کە بزانێ دز کێن. کە هاتنە دەر پێشمەرگەیان ناسی و پێشمەرگەکان دابەش بوونەوە نێو دێ(ئەوشەوە بوو کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی تێرۆر کرابوون و نەمان دەزانی).

لێرەدا بە ئەمانەتەوە دەمەوێ شاهیدییەک بدەم  لە وریایی و دیقەتی کاک تاهیر لە کاری حیزبی دا.  کاتێک  دوای عەمەڵیاتی کارخانەکە ڕا گەیشتینەوە گەلی خانێ و دەشتەکان کە ئەویش هەر بە ئیبتیکاری کاک تاهیر بوو چۆنیەتیی گەیشتنمان بۆ ئەو نوقتە دوور لە شوێنی عەمەڵیاتە، تاقمی زەربەت بە دوامان دا هاتبوون و دوا نیوەڕ لە کانی تێلی بلاغ دەرگیر بووین و ئەوان  کوژراو و بریندایر زۆریان هەبوو، و ئەوانی دیکە هەڵاتن بۆ لای حسار و کانی سپی. کاک تاهیر  لەگەل کاک هەمزە بێهنام فەرماندەری هێز قسەی کردبوو کە با تیمەکە بێتەوە خوار و پێشمەرگەکان جێ بە جێ بکەین ، تۆپ باران و هیلیکۆپتێر دەکەونە کار و دوژمن هێرشی زەمینی ناکا. ئەوەبوو کاک هەمزە تیمەکەی هێنایە خوار  کە من بەرپرسی تیمەکە بووم. کە هاتینەوە زوو جێ بە جێ بووین  و هەمووی ٢٠ دەقەی نەبرد کە ڕاست هەمان پێش بینیی کاک تاهیر بوو .٣ کوبرا هاتن و تۆپخانەش کەوتە کار. وا هەڵکەوت من لە خزمەت کاک تاهیر دابووم تا شەوەکەی و هیلیکۆپتێر نەیهێشت چایەکەمان بخوینەوە(ئەوەی لە بیرم بێ تاهیر سۆفی، سەدیق دەروێشی، سراج جاجۆیی، بێهرووز خەلیلی ، سەیفەدین عەرەب پوور ، مستەفا حەسەن پوور، مەجید خەلیفەزادە و  من پێکەوە لەو نوقتەیە بووین) ئەوەش دەلالەت لە دیقەت و ئەزموونی کاک تاهیر و لە هەمانکات دا گرینگیی پاراستنی گیانی پێشمەرگە لای ئەو بوو.

داستانەکانی خۆشی کاک تاهیر و کاک جەمشیدیش من نایگێڕمەوە ، چوونکی هەر خۆی بگێڕێتەوە شیرینن. داستانی ئەوکاتەی بەرپرسی ماڵی بوو  و کڕینی گیربۆکس بۆ ماشێنی مەڵبەند کە لە باتی “گ”  (ک) نوسیبوو و هەیئەتی بازرەسیی ماڵی نەیان دەزانی کە ئەوە چیە کڕیویانە  و زۆر شتی خۆشی دیکە لە  قسە و حەرەکەتە شیرینەکانی ئەو مرۆڤە خەباتکارەن. 

ساڵی ١٣٦٨ چووبووە بڵیندگۆی مزگەوتێکی لە مەڕگەوەڕ را هێنابووە بێشێ بۆ جێژن و مەراسیماتی حیزبی و نەورۆز و ئەوانە و ( ئەوەش بڵێم کەلە گەل مەلای مزگەوتەکە سازابوون، وەک ئەوەی شکاک دەڵێن: دز و خانەخوێ ببنە یەک گا بە کولانەکەوە دەبەنە دەر! )لە بنکەی کۆمیتەی دانابوو و هەردووی بڵیندگۆکەی لە سەر دارە بەڕوویەکی بەرزی تەنیشت کۆمیتەی قایم کردبوو. وابزانم ئێمە لە هەردوو کۆمیتەی سەڵماس و ئۆرمیە  ئەوساڵە تەنیا ٧ کەس لەوێ بووین و ئەوانی دیکە لە ناوچە مابوونەوە. باترییەکی گەورەشی هێنابوو وەسڵی دەکرد و هەموو دوا نیوەڕۆیەک کاتی فووتباڵ و واڵیباڵ دەیکردەوە و هەموو دەنگی دەدایە و خۆشی دەچووە واڵیباڵ. بەڵام گۆڕانیەکانیش بەس دوو کاسێت بوون کە خۆشی دەوسیتن.  یەکیان بەکرە قەرەگوێزی بوو و ئەوی دیکەشیان عاشق دێهقانی ئازەری کە هەرکات دەنگی دەهات، بەهرام ئازاد فەر (ڕووحی شاد)سیگارێکی دادەگیرساند و بە دەم واڵیباڵەوە گوێی دەدایە گۆرانی کۆرئۆغلی. کە باترییەکەی تەواو دەبوو  تاهیر ئەو باتریە گەورەیەی هەڵدەگرت و دەبردەوە لای عەلادین بەرپرسی مۆتۆرخانەی مەڵبەند و دەیخستە سەر مۆتۆر تا شارژ دەبووە ، دیسان دەینهێنایەوە. ئەو چەند مانگە ئەوە بەردەوام کاری هەفتانەی کاک تاهیر بوو.  من دەمزانی بەهرام دەنگی شهرام ناظری زۆر پێخۆشە، بە تایبەتی کە سروودێکی هەیە دەڵێ: مرا عاشق چنان باید، که هر باری که برخیزد،قیامت های پرآتش ز هر سویی برانگیزد، من ئەوکاسێتەم هەبوو و ڕۆژێکیان خستمە سەری. کە واڵیباڵ تەواو بوو کاک تاهیر  هات دیتم خۆشحاڵە و گوتی: بەخوا  ئەو گۆرانیەی شهرام ناظری وای کرد عموغلی ئەمڕۆ  چاک واڵیباڵی  دۆڕاند، هەموو ڕۆژێ کاتی واڵیباڵ ئەوەیان بخە سەر.

کاک تاهیر لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا بەشداریی لە کۆنگرەکانی ١٠ و ١٢ی کردووە. بەشداریی کردووە لە چەندین دەورەی جۆراوجۆری فێرگەی حیزب. لە دژواترین ڕۆژگارەکان دا بەردەوام کەسێکی ئامادە و گیانفیدا بۆ کار و تێکۆشانی حیزبی بووە. کەسێکە کە ئەگەر جارێک لە چێگایەک ڕەد بوو مەحاڵە لە بیری بچێ.

کۆتایی

لەگەل ئەوەی کە خۆم لەو ئاستە دا نابینم تا نەزەر لە سەر کادرێکی بە ئەزموون و لێهاتووی وەک کاک تاهیر دەرببڕم، بەڵام وەک هاوڕێ یەک ئیزنی لێدەخوازم کە لە چەند دێرێک دا وەفایەکی بچووک بە نیسبەت خزمەت و ڕابردووییەوە بنووسم. چوونکی کاک تاهیر لەو کادرانەی حیزبە کە شیاوی ئەوەیە کتێبی لە سەر بنووسرێ، سیمیناری لە سەر بدرێ. حیزبی دێمۆکرات لە هەرناوچەیەک دا بۆ ڕۆژە سەختەکان کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی وەک کۆڵەکە سەرەکیەکانی تێکۆشان هەبوو کە لە ئۆرمیەش کاک تاهیر یەکێک لەوان بوو بە بێ مجاملە .

ئەو جگە لە کار و تێکۆشانی سیاسی، کەسێکی بەسەلیقە و بەکارە لە زۆر بوار دا. بۆ وێنە ئەگەر بیهەوێ خەتاتی دەکا، کەچکار و سیمانکاری چاکیشە. هەروەها کەسێکی بەبەرنامەیە. دوای ڕاپەڕین لە باشوور  هەم  نیگەرانی هەبوو لە خواردنێک کەلە بازار بکڕدراباوە ،هەم لە بەر هۆکاری ئەمنیەتی و رەعایەت نەکردنی بواری تەندروستی جێی ترس بوو،  هەم کە هێزێکی زۆر بووین بەردەوام پێویستیمان بە تراکتۆر دەبوو. کاک تاهیر کە بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند بوو، چووبوو تراکتۆرێکی کڕیبوو کە دەتوانم بڵێم ئەو پارەیەی کە دابوویە تراکتۆر، هەر ئەو پارەیە بوو کە چەند مانگ دەدرا  بە تراکتۆری بە کرێ. یان کڕینی چەند سەد سەر مەڕ بۆ سەربڕین تا ئەوەی کە موحتاجی گۆشتێک نەبین لە بازار ، نە ئەمنیەتی هەبوو ، نە بواری تەندروستیی مەعلووم بوو. زۆر ئیبتیکاری دیکە لە جەریانی کار دا لە کاک تاهیرم بینیوە کە لانی کەم بۆ من سەرمەشق بوون.

کاک تاهیر مرۆڤێکی زەحمەتکێشی بێ ئیدیعا و موخلیسی حیزب و بزووتنەوەکەی، قانیع بە هەموو دۆخێکی خەباتی حیزب بوو. لە هەمبەر دژوارییەکان دا کۆڵی نەدەدا و کەسێک بوو پشت ئەستوور بە کار و خەباتی خۆی. زۆربەی کاتەکانی لە نێو خەڵک و لە تیمی بچووکی تەشکیلاتی دا بەسەر دەبرد. لە بەشی نیزامیش دا فەرماندەر و پێشمەرگەیەکی لێهاتووی دیار بوو. هەم کەسێکی بەبەرنامە، هەم کەسێکی هەتا بڵێی ڕەشید و چاو نەترس و بە دەست و برد بوو. لە نێو خەڵک دا ئیعتیمادێکی زۆری پێدەکرا. ئەندامانی تەشکیلات لە حەوزەی خۆیدا بە دڵنیایەوە کاریان لەگەل دەکرد. من لانی کەم دەتوانم شاهیدی چەندین مەورید لە ئەوپەڕی لێهاتووی کار و تێکۆشانی کاک تاهیر  لە کاری تەشکیلاتی دا بم کە جێی شانازی بوون. کاتێک بە یەک پەیامی ڕادیۆیی کاک تاهیر نە تەنها یەک، بەڵکوو چەندین کەس لە ئەندامانی حیزب بە زووترین کات دەهاتن و دەبوونە هاوکار وچاوساغ و ڕێنوێنمان بۆ کار و ئەرکی حیزبی و پێشمەرگانە.  وجوودی کاک تاهیر وەک مرۆڤێکی خەباتکاری پرە لە ئەزموون، پڕە لە ئیستیقامەت، پڕە لە باوەڕ بە خۆ بوون. دواجار کە بە خزمەتی گەیشتم ساڵی ٢٠١٢ بوو. لەگەل ئەوەی وەک زۆربەمان سەروڕیشی سپی کردبوو، بەڵام هەر تاهیرەکەی جارانی قسە خۆش و بە ورە و گەرم بوو.

دوای سالانێکی زۆر خەباتی پێشمەرگایەتی، کاک تاهیر لەگەل خێزان و مناڵەکانی لە وڵاتی نۆروێژ گیرساونەتەوە و وێڕای ژیانی ئاوارەی و غەریبایەتی، لە ڕاستای ڕێبازی دەیان ساڵ کار و خەباتی دا دڵگەرم و بە ئیمان چاوەڕوانی ڕۆژی ئازادییە و ئۆمێدی بە سەرکەوتنی گەل و حیزبەکەی هەیە.

خۆزگە  بمتوانیبایە دڵۆپێک لە دەریای خەبات و بەرخودانی کاک تاهیر و کاک تاهیرەکانی هاوڕێم نووسیبایە تا جیلی ئێستا و داهاتوو لە ئەزموون و هەنبانەی خەباتیان  وەک قوتابخانەی کوردایەتی وانەی لێ فێربووبانایە. شانازی ئەوەم هەیە کە ساڵانێکی تەمەنمان پێکەوە خەباتمان کردووە، ئەو ساڵانە پڕن لە بیرەوەریی تاڵ و شیرین، پڕن لە شکست و پیرۆزی، پڕن لە هەڵە وکەم و کۆڕی لە جەریانی کار و پڕن لە سەرەوەری بۆ حیزب و بزووتنەوەکەمان.

کاک تاهیری هێژا تەمەن درێژی بۆ خۆت و خێزان و بنەماڵەت ،  هەر بمێنی بە سڵامەتی ڕێبازی ٢٥ی گەلاوێژ  شانازیت پێوە دەکا.

 

2017/08/14

 

کاتالۆگ