تێڕوانینێک لەسەر چەمکی قاسملووییسم لەکوردستان (ع-شەریفزادە)

دوکتور قاسملوو شەوی یەڵدای سالی ١٩٣٠ زایینی لە شاری ورمێ(رەزاییە) چاوی بە ژیان هەڵێناو لە ١٣ی ژووئییەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینیدا لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش لە ئەنجامی فتوایەکی سیاسی – ئایینیدا لەلایەن دەستەڵاتدارانی دیکتاتۆر – فاشیستیی ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کرا.dr.qasmlou

ناوی دوکتور قاسملوو لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی وەک دێمۆکراسی، خودموختاری، سۆسیالیزم، خەباتی چەکدارانە، سەربەخۆیی حیزبی گرێدراوەو ناوەکەی بۆ هەر تاکێک کە ئەم بەرزە مرۆڤە بناسێت، ئەم چەمکانەی وەبیر دێنێتەوە.

گرێدانی دێمۆکراسی و پرسی نەتەوەیی یەکێک لە شاکارە مەزنەکانی دوکتور قاسملوویە. ئەو پێیوابوو نە دێمۆکراسی بە تەنیا و بەبێ چارەسەر کردنی راستەقینەی پرسی نەتەوەیی واتایەکی راستەقینەی هەیە و نە پرسی نەتەوەیی بەبێ دێمۆکراسی چارەسەر دەکرێت. “دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران”، دوکتورین و بیروباوەڕی قاسملووی بەرزە مرۆڤ بوو.

دوکتور قاسملوو ساڵی ١٩٨٠ی زایینی روو لە هێز و رێکخراوە چپە رادیکاڵەکان کە بانگەشەی دیکتاۆریی پرۆلتاریایان دەکرد، رایگەیاند: “خراپترین دێمۆکراسیم لە باشترین دیکتاتۆری پێ باشترە”. دوکتور قاسملوو دێمۆکراسی بۆ خۆی کردبووە رێڕەوی خەبات و بەرخودان لە پێناو ئازادیدا.

مادام میتران، هاوسەری دانیال میتران سەرکۆماری پێشووی وڵاتی فەرانسە گوتبووی: “دوکتور قاسملوو بە بەڵگە وە پێی سەلماندم کە دێمۆکراسی دەتوانێ خاڵی هاوبەشی ئێمەی فەڕانسەوی و کوردەکان بیت”.

هەر وەک ماندێلا و خەبات دژی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور تەواوکەری یەکترن، لە کوردستانیش دێمۆکراسی و دوکتور قاسملوو لفە دوانەیەکی پێکەوە لکاون و کە جیاکردنەوەیان لە یەکتر ئیمکانی نییە.

دێمۆکراتیزە کردنی پەیونەدییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە لێزانی و لێوەشاوەیی دوکتور قاسملوو گەیشتنە ئەنجام، ئەو تاکە رێبەری نەتەوەی کورد بوو کە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە لە کۆنگرە پلینۆمە حیزبییەکاندا دەبووە کەسی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران. رێبەرانی دیکەی بزووتنەوەی کورد وەک جەلال تاڵەبانی، بارزانییەکان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان .. هیچکات لە هەڵبژاردندا بەشدارییان نەکرد و رێبەری بێ ئەملاوئەولای حیزبەکانی خۆیان بوون.

دوکتور قاسملوو بەپێچەوانەی رێبەرە کوردەکانی دێکە، باوەڕی بە رێبەریی تاکەکەسی نەبوو، ئەو بەرزە مرۆڤە بانگەشەی بۆ رێبەریی بەکۆمەڵ دەکرد و لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدا لە متینگێکدا لە شاری بۆکان، رەخنەی لە دروشمی بژی قاسملوو گرت، کە لەلایەن خەڵکی بەشداری متینگەکەوە دەگوترایەوە، ئەو بە ئاشکرا رایگەیاند ” دروشمی بژی قاسملوو دروشمی ئێمە نییە، بەڵکوو بژی ئازادی، بژی کوردستان و بژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دروشمی ئێمەیە”.

هەر کاتێک کە حیزبی دێمۆکرات لە ئەنجامی ناتێگەیشتوویی یان لێکدانەوەی نادروستی ئەندامێکی خۆی لە چەمکی دیمۆکراسی تووشی زیان دەبوو، دوکتور قاسملوو دەیگوت: “هەتا ئەو کاتەی فێری دێمۆکراسی دەبین، دەبێ نرخەکەشی بدەین، چونکە ئێمە لە ئێستادا تەمرینی دێمۆکراسی دەکەین”.

وەزیری کاری دەوڵەتی فەڕانسە لە پەڕاوی بیرەوەرییەکانیدا نووسیبوویەتی “تیرۆری دوکتور قاسملوو خەنجێرێک بوو کە لەسەر دڵی دێمۆکراسیی تازە پێ گرتووی لە حاڵی گەشەی رۆژهەڵاتی ناڤین درا”.

پێداگریی دوکتور قاسملوو بۆ خودموختاریی کوردستانی ئێران، بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەم ئەوەیکە: دوکتور قاسملوو لەو باوەڕەدابوو کە بواری مێژوویی و سیاسیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران لەگەڵ هەڵکەوتەو پێگەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان (ئێراق، تورکیا و سووریا) جیاوازی هەیە و لە پێگەی کەسایەتییەکی لێزانی سیاسیدا واقیعبینیی سنوورە سیاسییەکانی کوردستانی قەبووڵ کردبوو.

دوومیش ئەوە بوو کە، جۆری ستەمی نەتەوەیی کەلە وڵاتی ئێران بەرۆکی کوردی گرتبوو، لەگەڵ ئەو ستەمە نەتەوەییەی کە بەرەوڕووی گەلانی دیکەی ئێران دەبوویەوە جیاوازیی هەیە، کەوابوو بەپێی لۆژیک ناکرێ بە یەک شێوە چارەسەر بکرێن.

دوکتور قاسملوو نەیدەشاردەوە کە باوەڕی بە پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی و دیاریکردنی مافی چارنووس هەیەو لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی لە دیدارێکدا لەگەڵ هانی ئەلحەسەن نوێنەری فەلەستینییەکان، رایگەیاندبوو: “ئیمە لە ئێستادا داوای خودموختاری دەکەین، بەڵام ئەگەر خەباتەکە قوڵ‌تر و درێژتر بێتەوە، کوردەکان بیر لە ئاڵترنایڤیکی دیکە دەکەنەوە”. (گۆیا هانی ئەلحەسەن ئەم وتەیی دوکتور قاسملووی بە گوێی خومەینی گەیاندبوو).

لەگەڵ ئەوەیکە دوکتور قاسملوو بەردەوام رەخنەی لە سۆسیالیزمی مەوجوود دەگرت، بەڵام هەمیشە سیستەمێکی سۆسیالیستی بە لە سیستەمێکی کاپیتالیستی باشتر بوو. دروشمی سۆسیالیزم ئەو دروشمە نەبوو کە دوکتور قاسملوو رازی بکات، ئەوەش لە روانگە و بیری عەداڵەت خوازانەی دوکتور قاسملوویەوە بە نیسبەت سۆسیالیزمەوە سەرچاوە دەگرت. ئەو لە پێگەی کەسایەتییەکی بیردۆزی سۆسیالیستییەوە هەم لەگەڵ سۆسیالیستە نەریتی و کلاسیکەکان، کە بە بیانووی خەبات دژی ئیمپریالیسمەوە نکۆڵییان لە ستەمی نەتەوەیی لە ئێران دەکرد و هەم کۆمۆنیستە توندڕەوەکان، کە بەهۆی خەباتی چینایەتییەوە دژایەتییان لەگەڵ مافی نەتەوەکانی ئێران دەکرد، جیاوازییەکی یەکجار زۆری هەبوو، دوکتور قاسملوو رەخنەی لەو جۆرە ئایدیا و بۆچوونانە گرت. بەم شێوەیە بزووتنەوەی میللی دێمۆکراتیکی کورد لە کوردستانی ئێران خۆی لە دەست دوو تێڕوانی هەڵە و نادروست رزگار کرد و ئامانجی دوارۆژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران واتە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک کە تێزی بەناوبانگی ئەو رێبەرە مەزنەی مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی کوردە، دیاریکرد. دوکتور قاسملوو هەتا کاتی تیرۆرکرانی وەکوو یەکێک لە رێبەرانی سۆسیالیستیی جیهان لە لیستی رەشی رێکخراوی (سیا)ی ئەمریکادا بوو، هەر بەم هۆیەوە ئیزنی چوون بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای نەبوو.

دوکتور قاسملوو وەکوو دیپلۆماتێکی لێزان و بە ئەزموون و شارەزا لە هەوراز و نشێوە دیپلۆماتیکەکان بایەخێکی یەکجار گەورەی بۆ ناساندنی پرسی کورد بە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەولەتی ئەدا، ئەو پێیوابوو کە یەکیەتیی سیاسیی کوردەکان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوەیی مەرجی سەرەکییە، بەڵام پشتیوانیی وڵاتانی زلهێز مەرجێکی پێویستەو راکێشانی سەرنج و پشتیوانیی وڵاتانیش  تەنیا لە رێگەی چالاکیی دیپلۆماسییەوە بە ئەنجام دەگات و دەستەبەر دەبێت.

دوکتور قاسملوو  بە هەوڵی ماندوونەناسانەی خۆی توانی هەتا رادەیەکی یەکجار زۆر پشتیوانیی دەوڵەتی فەڕانسە بەدەست بێنێت، حیزبەکەی دوکتور قاسملوو (حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران) یەکەمین حیزبی سیاسیی کورد بوو کە لەلایەن دەوڵەتێکی زلهێزەوە (فەڕانسە) بە فەرمی بناسرێت.دوکتور قاسملوو توانیبووی لە ئاستێکی سەرەوەدا جێگە و پێگەی تایبەتی لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی وڵاتی فەڕانسەدا بۆ نەتەوەی کورد بە دەست بێنێت، بە بەردەوامی لەلایەن حیزبە خاوەن پێگە و جەماوەری (حیزبی کۆمۆنیست و حیزبی سۆسیالیست)ـەوە بۆ بەشداری لە رێوڕەسم و کۆنگرەکاندا بانگهێشت دەکرا. هزری دوکتور قاسملوو وایکرد کە ئەو حیزبەی کە خۆی رێبەرایەتی دەکرد، هاوتای حیزبی کاری ئیسرائیل دووەمین حیزبی سیاسی بێت کە لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست بە ئەندام وەربگیرێت. بە دڵناییەوە دەتوانین بڵێن کە دوکتور قاسملوو بناغەداڕێژەری دیپلۆماسیی کوردە. گنشر (کە دواتر وەزیری بووە وەزیری دەرەوە) گوتبووی ” دوکتور قاسملوو فێری کردم کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد، نابێ تەنیا فەریقە (اکتفا، بسندە) بە مافی مرۆڤ بکەین، بەڵکوو دەبێ کەلک لە دەفرایەتی(ڤرفیت)ی سیاسی و دیپلۆماسیش وەربگرین”.

خەباتی چەکدارانە یەکێکی دیکە لەو بابەتانەیتە کە گریدراوی ناوی دوکتور قاسملوویە، دوکتور قاسملوو بۆ ماوەی ١٠ ساڵی رەبەق (١٩٧٩ هەتا ١٩٨٩) فەرماندەری گشتی هێزی چەکداری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەستۆ بوو، کە ژمارەی ئەو هێزە چەکدارە زیاتر لە ١٢ هەزار پێشمەرگەی شۆڕشگێر بوو. خەباتی چەکداری لە روانگەی دوکتور قاسملوویەوە باشترین وڵامدانەوە بە هێرشی نیزامیی رژیمی مەزهەبی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان و دیفاع لە ئازادیی نەتەوەی کورد بوو. بە پێچەوانەی بۆچوونی رێکخراوە چریکەکان کە خەباتی چەکدارییان هەم بە ستراتژی دەزانی و هەم ئازادیشیان لە لوولەی چەکەکانیانەوە دەبینی، دوکتور قاسملوو وەکوو تاکتیکێکی زەمەنی کەڵکی لە خەباتی چەکدارانە بۆ هەموار کردنی رێگەی سیاسی و ئاشتیخوازانە وەر دەگرت.

سەرەڕای هەموو ئەو دڕندەییانەی پاسدارەکان و فشارە نیزامییەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خەباتی چەکدارانەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بە سەرکردایەتی دوکتور قاسملوو لە چوارچێوەی خەباتێکی ئازادیخوازانە نەترازاو هەموو کات لە کردەوەی تیرۆریستی خۆی بەدوور گرت لەکاتێکدا کەسانێکی تریش هەبوو کە ئیدیعای رێبەریی هەر چوار بەشی کوردستانیان دەکرد و لە ئەنجامدا بە هەڵسووکەتی ناتێگەیشتوانەیان بەشێک لە نەتەوەی کوردیان خستە نێو لیستی رەشی تیرۆریستییەوە کە پاشهاتی زیانباری بۆ نەتەوەی کورد بەدوای خۆیدا هێنا.

یاسر عەرەفات رێبەری فەلەستینییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کریس کۆچێرا هەواڵنێری فەڕانسەیی، گوتبووی: “قاسملوو رێبەری کوردەکان هەم خەباتی چەکدارانەی کورد و لەگەڵ ئەوەشدا دێمۆکرات بوونی خۆی پاراست”.

یەکێکی دیکە لەو چەمکە بەنرخانەی کە دوکتور قاسملوو بۆ رێبوارانی دێمۆکراتی بەجێهێشت، هەمان سەربەخۆیی حیزبی دێمۆکرات لە بڕیاردانی سیاسیدا بو. دوکتور قاسملوو ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ (١٩٧١ هەتا ١٩٨٩) سکرتیری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو، بەر لەوەی کە بەرپرسیارەتیی لە حیزبدا وە ئەستۆ بگریت، حیزبی دێمۆکرات پێکهاتەیەکی تیکرووخاوی هەبوو، بەشێک لە تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکرات لە ژێر هێژمۆنیی حیزبی توودەی ئێران و بەشێکی دیکەشی لە ژێر کۆنتڕۆڵ و سەیتەرەی مەلا مستەفای بارزانیدا بوو، بەڵام دوکتور قاسملوو بە لێزانیی خۆی سەربەخۆیی بۆ حیزب گەڕاندەوە بووە گەورەترین و بەهێزترین حیزبی کورد و یەکێک لە کاریگەرترین و دیارترین حیزب لە ئاستی ئێراندا.  کەوابوو هەستانەوە و گەشە کردنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران ئەنجامی لێزانی و بناغەداڕیژیی نەمر دوکتور قاسملوویە. ‌لێزانی و وردبینیی دوکتور قاسلموو لە بڕیارداندا جێگەی ستایش بوو.

واقیعبینیی سیاسی یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرزەکانی دوکتور قاسملوو بوو “لە سیاسەت کردندا نابێ بە تواوەتی خۆش بین و ناشبی بەتەواوەتی رەش بین، بین، بەڵکوو دەبێ واقعبین بین”. ئەمە لە وتە بە نرخەکانی ئەو بەرزە مرۆڤەیە. ئەو سیاسەتمەداریکی پراگماتیست بوو کە دیاردە و رووداوەکانی بە رەش یان سپی نەدەبینی.

متمانە بەخۆ بوونی دوکتور قاسملوو لە کۆمەڵی کوردەواریدا بێ هاوتا بوو، ماڵپەڕی ویکی لیکس (ماڵپەڕی تایبەت بە لەقاودان) بووسیویەتی”قاسملوو تاقانە رێبەری ئۆپۆزیسیۆن بوو کە هەر کاتێک پێی خۆش بوایە دەیتوانی چاوی بە سەدام حوسێن بکەوێت، بەڵام لە وێنە گرتن لەگەڵ سەدام حوسێن خۆی دەبوراد” (لە کاتێکدا هێندێ کەسی وەکوو جەلال تاڵەبانی و مەسعوود رەجەوی بەوپەڕی شانازییەوە لە تەنێشت سەدام حوسین دەچوونە بەر کامێراو وێنەیان دەکێشا).

دوکتور قاسملوو سیاسەت‌باز نەبوو (وەک ئەوەی کە زۆر کەس سیاسەت‌بازن) سیاسەتمەدارێک بوو کە لە چوارچێوەی پرەنسیپدا سیاسەتی دەکرد و بۆ خۆیشی دەلێت “ئێمە یەکەم حیزب بووین کە ئەخلاقمان هێنایە ناو سیاسەت”، رەنگە نهێنیی زیندوو مانەوەی روانگەکانی هەر لەم خاڵەدا خۆی شاردبێتەوە.ئەو سیاسەتی بە هونەری مومکین دەزانی.

قاسملوییسم لە کۆمەڵگەی کوردیدا

راستییەکەی ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو تەنیا نوێنەری هزریی هاونەسلەکانی خۆی نەبوو، دەیان ساڵ لە سەردەمی خۆی لە پێشتر بوو، هاونەسلەکانی ئەو نەیانتوانی لە ئەندێشە پێشکەوتنخوازانەکانی تێبگەن. بیری مۆدێرنی قاسملوو ئەوی لەگەڵ رێبەرە کوردەکانی دیکە جیا کردبوویەوە و لە کۆمەڵی کوردیدا نە لە مێژوودا و نە لە ئێستاشدا ناکرێ لەگەڵ رێبەرانی دیکە بەراورد بکرێت. دوکتور قاسملوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا لە ریزی ریبەرانی وەک ویلی برات لە ئاڵمان و مانێلا لە ئەفریقای باشووردا بوو.

ئێستا ٢٥ ساڵ بەسەر تیرۆری جەستەیی کاک دوکتور قاسملوودا تێدەپەڕێت، نەسلێکی نوی هاتۆتە مەیدان کە باشتر و ئاسانتر لە هزر و ئەندێشەی قاسملوو تێدەگات و خۆی لەگەل ئەندێشەکانی هاوتەریب بکات. نەسلی نوێ دوکتور قاسملوو وەکوو هێمایەک بۆ گوتاری نوێ پرسی نەتەوەیی دێننە بەر باس و بە باوکی ناسیۆنالیزمی کور لە قەڵەمی ئەدەن، نەسلی نوێ دوکتور قاسملوو بە سیمای دێمۆکراتێکی راستەقینە و خەباتکارێکی نەتەوە خوازی راستەقینە لە قەڵەمی ئەدات.

نەسلی نوێ تێڕوانینی خۆی بۆ داهاتووی ناسیۆنالیزمی کوردی، لەسەر پێکهاتەی هزری وتێروانی دوکتور قاسملوو فۆرمولیزە دەکات. بە بۆچوونی نەسلی نوێ کوردایەتی بەبێ دێمۆکراسی هیچ ئیحتوبارێکی نییە، گەڕانەوە بۆ مێژوو قەبوول ناکەن، هاوشێوەی قاسملوو بانگەشەی شێلگیری و خۆڕاگری لە سیاسەت و خەباتدا دەکەن.

قاسملوئیسم ئایدیۆلۆژییەکە، کە نوێنەرایەتیی ناسیۆنالیزمی مودێڕن دەکات، بە واتایەکی دیکە ناسیۆنالیزمی دووربین (دوور ئەندێش) بوو، تەیبەتمەندییە بەرجەستەکانی قاسملوئیسم (ناسیۆنالیزمی مودێڕن) سێکۆلاریز، مۆدێڕنیزم و دێمۆکراسین.

ناسیۆنالیزمی کلاسیک لە بەرامبەر ناسیۆنالیزمی مودێڕندایە، کە مەزهەب، عەشیرەگەرایی و نەریت‌گەرایی بە هۆکارەکانی خویا بوونی ناسیۆنالیزمی کلاسیک ئەژمار دەکرێن.

قاسملوئیسم لە دەستپێکی رێگەکەدایە و ناسیۆنالیزمی کلاسیک هەتا ئیستاش بەسەر تێکڕای رەهەندە ماددی و مەعنەوییەکانی بزووتنەوەی کوردا زاڵە، بەڵام ئامادەبوونی رۆحی قاسملوئیسم لە سمینارەکاندا، کۆبوونەوە سیاسی‌یەکان و کۆڕە رۆشبیرییەکان و قوتابخانەو زانکۆکاندا ئاماژە بە وەرچەرخان و گۆرانکارییەکەی مەزن و بە نرخ دەکات.

بۆچی وتوێژ؟

زۆر کەس رەخنە لە دوکتور قاسملوو دەگرن کە بۆچی لەگەڵ رژیمی ئیسلامیی ئێراندا وتوێژی ئەنجام دا؟ ئەم رەخنەیە ناوتانێ رەخنەیەکی بەجێ بێت، چونکە:

ئەلف: وتوێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و دەوڵەتانی دەرەوە، نەریتێکی لەمێژینەوەی نەتەوەی کورد بووەو رەنگە هیچ رێبەرێکی کورد نەبووبێت کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەولەتی ناوەندی وتوێژی نەکردبێت. شیخ مەحموودی حەفید لەگەڵ بریتانیا و دەولەتی پاتشایی لە ئێراق وتوێژی کرد، سمکۆی شکاک لەگەك دەوڵەتی رەزا شا و شێخ رەزا لەگەڵ تورکەکان وتوێژیان کرد، مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ دەولەتی عەبدولکەریم قاسم، عەبدوسەلام عارف، حەسەن ئەلبەکر و سەدام حوسێن بەردەام لە دانوستان و وتوێژدا بوو.حیزبەکانی کوردستانی عێراق هیچکات درگای دیالۆگ و وتوێژیان لەسەر رژیمی بەعسی ئێراقدا دانەخست، تەنانەت لە تورکیاش پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لە دانوستان دایە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورک بەپێی یاسای بنەڕەتی (دەستوور) نکۆڵی لە شوناسی نەتەوەی کورد دەکات.

ب: حیزبی دێمۆکرات لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای دیالۆگ پێکهاتووە، قازی محەمەد پاش یەک ساڵ دوای دامەزراندنی حیزبی لەگەڵ حەمە رەزا شا، قەوامو سەڵتەنە، بەرپرسی ستادی ئەرتەش کەوتە دانوستان و وتوێژەوەو جەگە لەمانەش چەندین جار لەگەڵ دەوڵەتانی سۆڤییەت، بریتانیا و دەوڵەتی ئازەربایجان وتوێژی کردووە، ئەوەیکە ١٣ی ژوئیەی ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە شاری ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش رووی دا، دوایین وتوێژی دوکتور قاسملوو بوو، بەڵام یەکەمین وتوێژ نەبوو. حیزبی دێمۆکرات و دوکتور قاسملوو لە ساڵەکانی ١٩٧٩ هەتا ١٩٨٠ زایینی لەگەڵ خومەینی، دەوڵەتی کاتیی بازرگان و لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەت لە کوردستان وتوێژی ئەنجام دابوو.

پ: دوکتور قاسملوو وەکوو شێوازیک لە خەبات کەڵکی لە وتوێژ وەردەگرت، جا ئەو وتوێژە دەستکەوتی هەبێت یان نا. لە کۆمەڵگەی مۆدێڕنی ئەمڕۆدا وتوێژ وەکوو شیوازێک لە دیپلۆماسیناسراوە. ماندیلالە ئەفریقای باشوور هیچکات دیالۆگی لەگەڵ رژیمی ئاپارتاید نەپچڕاند، گاندی لە هیندوستان بەردەوام لەگەڵ بریتانیاییەکان دانوستانی هەبوو، لنین لە رووسیا چەندین جار لەگەڵ دەوڵەتی تێزار دانیشت و ویتوێژی کرد.

دوکتور قاسملوو ئەو کاتەی  درگای دیالۆگی بەڕووی رژیمی خومەینیدا کردەوە، کە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق کۆتایی پێهاتبوو، خومەینی جامی ژەهری خواردبوویەوە. کۆتایی هاتنی شەڕ هەلومەرجێکی نائاسایی و تێکەڵ بە نائومێدی لە کوردستاندا خولقاندبوو. سامی عەبدورەحمان سەرۆکی حیزبی دێمۆکراتیکی کورد و جەلال تاڵەبانی کەسی یەکەمی یەکیەتیی نیشتمانی لە وتوێژەکانیاندا کەلە دیمەشق ئەنجامیان دابوو، سیناریۆی پەیماننامەی ئەلجەزایر لە سالی ١٩٧٥ی زایینی کە تیایدا شۆڕشی کورد کرایە قوربانی، بۆ بزووتنەوەی کوردیان پێشبینی کردبوو. دوکتور قاسملوو وەکوو سیاسەتمەدارێکی دوورئەندێش و بەرپرس وێرای هەڵسەنگاندنی ئەو هەلوومەرجە، هەوڵی دا بە کەمترین نرخ و هەڤیازی (امتیاز)پێش بەو کارەساتە بگرێت کە لە بۆسەی نەتەوەی کورد و بزووتنەوەکەیدا بوو، سەرەڕۆیی سەدام حوسین و داگیرکردنی کوەیت، رەوتی رووداوەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕی. ئەگەر سەدام حوسێن ساڵێک زووتر هێرشی بکردایەتە سەر کوەیت، دوکتور قاسملوو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی وتوێژی نەدەکرد.

ت: دوکتور قاسملوو کەسایەتییەکی ئاشتیخواز و لایەنگری دیالۆگ بوو، بە رێکەوت نەبوو کە پاش ئەوەی تیرۆر کرا، حیزبەکەی ناسناوی پێغەمبەری ئاشتی لەسەر دانا.

ئەگەر وتوێژ و دانوستان بۆ کوردەکان دەستکەوتێکی بەرهەستی بەدواوە نەبووەو لەم رێگەیەدا ژمارەیەک لە بەشترین سەرکردەو  رێبەرەکانیان بوونەتە قوربانی، نیشانەی خراپیی دانوستان و وتوێژ نییە، بەڵکوو ئەمە بۆ بێ پرەنسیپی لایەنی بەرامبەری وتوێژەکە، کە دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بێت، دەگەڕێتەوە، کە جگە لە زمانی تیرۆر و توندوتیژی، هەموو لۆژیکێک بە لایانەوە نامۆیە.

نهێنیی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو

دوکتور قاسملوو زیاتر و بەر لە هەموو کەسێکیش پەی بە تیرۆریست بوونی رژیمی خومەینی برد، ئەمەشی دەیان جار لە کۆڕ و کۆبوونەوە، سمینار و لێدوان و نوسراوەکانیدا شی کردبوویەوە.

وتوێژ دەبێ بە شێوەی فەرمی ئەنجام بدرێت، لە کاتی وتوێژەکەدا دەبێ کەسی سێیەمیش چاوەدێری بکات و ئامادەی دانیشتنەکە بێت، شوێنی وتوێژەکە دەبێ پاریزراو بێت، بەشێک لەو مەرجانەی دوکتور قاسملوو بۆ دانووستان لەگەڵ رژیمی ئیسلامیی ئێران بوون، کە جەندین جار لەگەڵ نێردراوانی رژیمی ئیسلامیی ئێران کە ماوە بە ماوە سەردانی دوکتور قاسملوویان دەکرد، دووپاتی دەکردەوە.

بەڵام ئەوەی لە ڤییەن رووی دا، وتوێژی فەرمی نەبوو، لایەنی سێیەمیش لەوێ نەبوو، شوێنی وتوێژەکە پاریزراو و ئەمن نەبوو، کەوابوو چ نهێنییەک لە گۆڕێدابوو هەتا دوکتور قاسملوو بخەنە داوەکەوە، رەنگە هیچکات ئاشکرا نەبێت، بەڵام لێرەو لەوێ دەستی تاوانباری بەرەو لای جەلال تاڵەبانی وەکوو شەریکی پیلانی تیرۆرەکە رادەکێشرێت، هەتا ئیستا بەڵگەیەکی گرینگ کە بتوانین ئەو راستییەی پێ بسەلمێنین لەبەر دەستد انییە، بەڵام بۆچی جەلال تاڵەبانی بۆ بەشداری لەو تیرۆرەدا تاوانبار دەکرێت؟

پ: جەلال تالەبانی کلیلی درگای دیالۆگی لە نێوان رژیمی ئیسلامی و دوکتور قاسملوو بوو، لە وتوێژەکانی پێشتردا بەشداریی چالاکانەی هەبووە، بەڵام رۆژی تیرۆرەکە دوکتور قاسملوو لە وتوێژەکەدا نابیندرێت، رژمی ئیسلامیی ئێران هۆکاری بەشدار نەبوونی بە “زار بەهاواریی  جەلال تاڵەبانی”راگەیاندووە، رژیم بەبێ ئەوەی روونی بکاتەوە کەی، لەکوێ و بە چ شێوەیەک جەلال تاڵەبانی نهێنیی وتوێژەکانی ئاشکرا کردووە؟ جەلال تالەبانی بەشدارنەبوونی خۆی لەو وتوێژەدا بە دوکتور قاسملوو نەگوتبوو، بەڵام دوکتور قاسملوو لە ریگەی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەشدار نەبوونی جەلال تالەبانی ئاگادار دەکرێتەوە. ئەحمەد بن بیلا سەرکۆماری پێشووی ئەلجەزایر وەکوو ئالترناتیڤی جەلال تاڵەبانی پێشنیار دەکات، تیرۆریستەکانی رژیمیش قەبووڵی دەکەن، بەڵام رۆژی وتوێژەکە ئەوەش ئامادەی وتوێژەکە نابێت، ئاخۆ دەبی ئەحمەد بن بیلاش نهێنیی کام دانیشتنی ئاشکرا کردبێت؟!

دوابەدوای تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو، جەلال تاڵەبانی کۆمەڵێک/دیمانەی میدیای ئەنجام داوە، لە قسەکانیدا کۆمەڵێک قسەی دژ بەیەک ی ئاشکرا هەن، بۆ نموونە لە شوێنیکدا

 دەلێت: “هیچ زانیارییەکم لە وتوێژی نێوان رژیمی ئیسلامیی ئێران و دوکتور قاسملوو نەبووە”، بەڵام لە دیمانەیەکی دیکەدا دەڵێت: دوکتور قاسملوو لەلایەن رژیمی سەدام حوسێنەوە تیرۆر کراوە (هاوکات لەگەڵ بلاوبوونەوەی هەواڵی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو، دەفتەری نوێنەرایەتیی تاڵەبانی لە تاران بەبێ هیچ ئەملاولایەک تیرۆر کرانی دوکتور قاسملووی خستە ئەستۆی رژیمی بەعسی ئێراق، روون و ئاشکرابوو کە ئەو راگەیاندراوە بە هاوئاهانگیی رژیمی ئیسلامیی ئێران تەنزیم کراوە).

ج. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە جەلال تاڵەبانی دۆستایەتیەکی گەرمی لەگەڵ رژیمی ئیسلامیی ئێران و بە تابەت هاشمی رەفسەنجانی هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە وەکوو سیاستەمەدار (سیاسەت‌چی)یەکی سەرکەوتوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا ناسراوەو بەشێک لە سەرکەوتنەکانیشی لە ریگەی لەناوبردن و سرینەوەی جەستەیی هاوڕێ و نزیکانییەوە بووە. جەلال تالەبانی لە رابردوودا سەلماندوویەتی بۆ \گەیشتن بە خواست و حەزە تاکە کەسییەکانی هیچ سنوورێک ناناسێت.

پەیوەندیی گەرمی دۆستایەتیی جەلال تالەبانی لەگەڵ بکوژەکانی دوکتور قاسملوو، بەتایبەت حاجی مستەفەوی هۆکارێکی دیکەیە کە جەلال تاڵەبانی دەستی تاوانی بەرەو لا درێژ بکرێت. هاتوچۆ و سەردانی بکوژەکانی دوکتور قاسملوو بەتایبەت سەحراروودی بۆ کوردستانی ئێراق و میوانداریەتیی بنەمالە و نزیکانی جەلال تاڵەبانی لەو بکوژانە ئەوەندەی دیکە شک و گومانەکان قایم‌تر دەکات و تەنانەت دوکتور مەعموود عوسمان سیاسەتمەداری ناسراوی کورد گلەیی لەو هەڵسووکەوتەی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دەربڕیبوو.

چ. هۆکارێکی دیکە، کە بۆتە هۆی ئەوەیکە تاڵەبانی ئەوەندەی دیکە وەکوو هاوبەش و شەریکی ئەو کارە تیرۆریستییە لە قەڵەم بدرێت، قسە و لیدوانە دژبە یەکەکانی عەبدوڵلا حەسەن‌زادە سکرتێری پێشووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە، کە دەیهەوێ تاڵەبانی لەو تاوانە بێبەری بکات، عەبدوڵلا حەسەن‌زادە کەلکی لە سکرتێریی خۆی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا وەرگرت و لە بەدواداچوونی پەروەندی قەزایی رژیمی ئیسلامیی ئێران پاشەکشەی کرد، تەنانەت هاوسەری دوکتور قاسملووی هێنایە سەر ئەو قەناعەتەی کە واز لە بەدواداجوونی پەروەندەی تیرۆر کرانی دوکتور قاسملوو بێنێت. هەرچەند وازهێنان لە بەدواداچوونی قەزایی و یاسایی بۆ پەروەندەی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو لە خۆیدا جێگەی پرسیارە، بەڵام گومانەکان لەوێدا بە‌هێزتر دەبن کە ئەم ماستە موویەکی تێدایە، یان ئەوەیکە رژیمی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی جەلال تاڵەبانییەوە تەماعی وەبەر حەسەن‌زادە خستبێت، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دەستهەڵگرتن لە بەدواداچوونی دۆسیەی دوکتور قاسملوو بێت.

پێویستە بگوترێت، کە پەروەندەی قەزایی تیرۆرکرانی جێگرەکەی دوکتور قاسملوو (دوکتور سادقی شەرەفکەندی) کە بە پەروەندەی میکۆنووس ناسراوە، رژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە ئاستی نێونەتەوەییەدا لەگەڵ کێشەی یەکجار قووڵ بەرەوڕو وکرد و حوکمی دادگای میکۆنووس  رێژمی ئیسلامیی ئێرانی تووشی ریسوا بوون کرد، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە پەروەندەی تیرۆرکرانی دوکتور شەڕەفکەندی چەندین قات لە پەروەندەی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو ئاڵۆزتر بوو، لە کاتێکدا سیستمی قەزایی ئۆتریش لە سیستمی قەزایی ئاڵمان کۆنەکارتر نییە.

چیرۆکی تیرۆرکرانی دوکتور قاسملوو هاوشێوەی چیرۆکی نهێنیی بەدیلگیران و شەهیدکرانی ئەحمەد تۆفیق سکرتیری پێشووی حیزبی دیمۆکراتە، کە لە زیندانی عێراق، ئەشکەنجە و شەهید کرا.

سەرچاوەی بەشی کوردی: ماڵپەری ئاوێنە 

دەقی فارسی یابەتەکە


کاتالۆگ