تەیموور مستەفایی: حیزبی دێموکرات لە هەر هەلومەرجێکدا بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەر ئامانجێک، ئەگەر داوا لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکات، وەڵامی ئەرێنی وەردەگرێتەوە

٢٢ی پووشپەری ئەمساڵ، ٢٧ـەمین ساڵیادی تیرۆرکرانی د.قاسملووی ڕێبەر بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری وییەن بوو. teymur_mistefayi

هەر ساڵ لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان و ڕێبوارانی ڕێبازەکەی بە شێوەگەلی جیاواز سەرەڕای یادکردنەوە لەو ڕێبەرە بلیمەتە و مەحکووم کردنی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازەکەی نوێ دەکەنەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر وەکوو ساڵانی ڕابردوو لە بانگەوازێکدا داوای مانگرتنی سەراسەری لەو ڕۆژەدا لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و دواتر دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە بەیاننامەیەکدا سپاسی خەڵکی کوردستانی کرد کە بەدەنگ بانگەوازەکەیەوە هاتوون. بۆ زانیاری زیاتر لەم پێوەندییەدا، بەڕێز تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەڵامی چەند پرسیارێکی ئێوە خوێنەرانی “کوردستان” دەداتەوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

دەکرێ بفەرموون مانگرتنی ئەمساڵ لە یادی ٢٧ ساڵەی تێرۆرکرانی د. قاسملوودا چۆن و لە چ کەشێکدا بەڕێوەچوو؟

 

بانگەوازی مانگرتن لە یادی ٢٧ـەمین ساڵی تێرۆرکرانی د.قاسملووی ڕێبەر لە کاتێکدا ڕاگەیەندرا کە کەشوهەوای شەڕ و تێکهەڵچوونی چەند یەکەیەکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی سوپای پاسداراندا بوو کە بە هێرشی هێزەکانی سپا بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزب لە گوندی قەرەسەقەلی شنۆ و کۆساڵانی سەولاوادا لەگەڵ بەرەنگاریی قارەمانانە و حەماسیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەرەوڕوو بوویەوە و لە ئاکامدا، چەند کادر و پێشمەرگەی بەوەج شەهید و دەیان کەس لە هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لەو شەڕانەدا کوژران و ڕێژیم کە بە هێزێکی زەبەلاح و پڕچەک بە چەکوچۆڵی نوێوە لەم شەڕانەدا بەشداری کرد، زەربەیەکی قورس و گرانی وێکەوت و فڕوفیشاڵیی هێزە بێ‌ورەکانی بۆ دونیا دەرکەوت.

 

ڕێژیم بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم شکستەی، هێزێکی یەکجار زۆری لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە هێنایە کوردستان و کوردستانی میلیتاریزە کراوی میلیتاریزەتر کرد. بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی دەستمان کەوتوون، لە نێوان ١٥٠ تا ٢٠٠ هەزار هێزی نیزامی لە کوردستاندا مۆڵیان خواردووە و ئەم هێزە دەستی بە هەڕەشەکردن لە خەڵک کردووە و بەردەوام دەست دەداتە مانۆڕی نیزامی لە نێو خەڵکدا و ئامانجی لەو جموجۆڵانە چاوترسێن کردن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستانە.

 

لەم بارودۆخەدا بوو کە کومیسیۆنی تەشکیلات لە ڕۆژی ١١ی پووشپەڕ (٣٠ی ژووئەن) دا، لە ڕێگای بانگەوازێکەوە داوای لە خەڵی کوردستان کرد کە لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا بە داخستنی دوکان و بازار و نەهاتنی خەڵکی گوندەکان بۆ شارەکان و بەکاربردنی هێما و سیمبولە نەتەوەییەکان، ئەو ڕۆژە بکەنە ڕۆژی ناڕەزایەتی لە هەمبەر تێرۆرکردنی ڕێبەری خۆشەویست د. قاسملوو و هەروەها پاڵپشتی چالاکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکان لە نێوخۆی وڵات و لە لایەکی دیکەوە مەیدانێک بۆ “نا” وتن بە ڕێژیم و سەرکوت و زەبر و زەنگ و هەڵاواردنەکەی.

 

بۆچی لە بەرانبەردا داواتان لە خەڵک نەکرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەم شێوەیە ناڕەزایەتی دەرببڕن؟

 

لەم جەوە نیزامییەدا، گونجاوترین و کەم هەزینەترین شێوەی دەربڕینی ناڕەزایەتی، دوورەپەرێزی بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم کە لە بیانوویەک دەگەڕان بۆ سەرکوتی خەڵک و چاوترسێن کردنیان. بۆیە ڕێگای مانگرتنی بازاڕییان و نەهاتنی خەڵک بۆ دەرەوەی ماڵەکانیان، تێچووی کەمتری دەبوو، بەڵام هاوکات ئەو پەیامەی دەگەیاند کە لە ڕێپێوانێکدا دەیدات و ئەویش بریتییە لە بێزاریی خەڵک لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی لە سەفێکی یەکگرتوودا.

 

بەربەستەکان و پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم بۆ سەرنەگرتن و شکست پێهێنانی ئەو مانگرتنە چی بوون؟

 

ڕێژیم بە میلیتاریزەکردنی شارەکان، کەشێکی پۆلیسی بۆ چاوترسین کردنی خەڵک پێکهێنا، ئەمە بێجگە لەوە بوو کە هەر لە ڕۆژی دەرکردنی بەیاننامەی کومیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتن، لە ڕێگای ئەماکن، شوورای ئەسناف، ژووری بازرگانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، هەڕەشە لە دوکاندارەکان کرابوو کە نابێ دوکانەکانیان دابخەن و لە وەها ئەگەرێک‌دا، جەواز کەسبەکانیان لێ دەسەندرێتەوە. بەو حاڵەش بەیانیی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ئێمە شاهێدی داخستنی دوکان و بازارەکان و نەهاتنی خەڵکی گوندەکان بۆ شارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بووین. هەر بۆیە دارودەستەی ڕێژیم کەوتنە پەلەقاژە و بە تەلەفۆن کردن بۆ دوکاندارەکان و هەڕەشەی گرتن و سزادانیان و شکاندنی قوفڵی بەشێک لە دوکانەکان، هەوڵی شکست پێ‌هێنانی مانگرتنەکەیان کرد. بۆ نموونە لە شاری سەقز و زۆربەی شارەکانی دیکە خەڵکێکی زۆریان گرت و بە ئەستاندنی بەڵێنی کردنەوەی دوکانەکانیان ئازاد کران، تەنانەت لە ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕدا، ٢٣ کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی سەقز، بە دانی جەریمەی نەخدی ٢٠٠ هەزار تمەنی بۆ هەر یەکێکیان سزادران. نزیکەی دووسەد کەس لە لاوانی کوردستان دەستبەسەرن و تا ئێستا لە چارەنووسی ژمارەیەکی بەرچاو لەوان زانیاری لەبەردەستدا نیە و ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوەکانیش بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

 

پێتان وایە کە وەڵامی ئەرێنیتان لە خەڵک بۆ ئەو مانگرتنە وەرگرتووە و بە سەرکەوتووی دەزانن؟

 

بە لێکدانەوەی ئەو کەشە پۆلیسییە کە باسی لێوە کرا و هاتنە مەیدانی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بە ناوی کەسانی ڕووناکبیر و چەواشە کردنی باردۆخەکە، کە لە ڕۆژانی تەنگەتاو بوونی ڕێژیمدا دەکەونە دژایەتیی خەباتی خەڵک و دەسکەوتی خەڵک بە کەم‌بایەخ نیشان دەدەن و دەکەونە تیئۆری‌داتاشینی پاساودەرانە بۆ کردەوەکانی ڕێژیم لە سەرکوت و زەبر و زەنگ، بەڵام بەم حاڵەشەوە لە ئورمیەوە هەتا سەرپێل‌زەهاو، دوکان و بازاری شارەکان بە ڕێژەیەکی باش داخران و خەڵکی گوندەکان لەو ڕۆژەدا خۆیان لە هاتن بۆ شارەکان پاراست و بەم چەشنە کەشوهەوایەکی بەتەواوی سارد لە کوردستاندا هەبوو و ئەمە سەرکەوتنی بانگەوازەکەی کومیسیۆنی تەشکیلات بوو. تەنانەت ئەگەر بەو چەشنە بووبێ کە دژبەرانی حیزبی دێموکرات، واتە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، دیسانیش بە سەرنجدان بە هەڕەشەکانی ڕێژیم و نیزامی کردنی ناوچەکە و زاڵ کردنی جەوی پۆلیسی بە سەر شارەکاندا، کزی و داماویی ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی لە بەرانبەر خەباتی خەڵکدا دەردەخات و ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە وەڵامی ئەرێنیمان لە بانگەوازەکە وەرگرتووە.

 

بەڵام هەندێ کەس ئەمە بە چەواشەکاری و زێدەڕەوی ناو دەبەن و پێیان وایە کە بەو شێوە بەرفراوانە بەڕێوە نەچووە؟

 

ئێمەش بانگەشەی ئەوەمان نەکردووە کە هەموو دوکان و بازارەکان داخراون، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا، مانگرتن دەستی پێکرد و فیلم و وێنەی مانگرتنەکە لە سەرەتای بەیانییەوە گەیشتە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەڵام بە هەڕەشە و گوشار هێنانی ڕێژیم بۆ دوکاندارەکان، لە کاتژمێر ١٠ بۆ ١١ی بەیانی‌دا، ژمارەیەک لە دوکانە مانگرتووەکان کرانەوە کە هەر بە زوویی جارێکی دیکە دوکانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو داخرانەوە، بە چەشنێک کە دوانیوەڕۆکەی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕێژەی داخستنەکە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی ئێمە گەیشتوون، لە ٧٠% تێپەری.

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مانگرتنەکە، ژمارەیەک کەسی دیاریکراو کە زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە باڵە جیاوازەکانی ڕێژیمن، کەوتنە پەلەقاژە و دەستیان بە پێوەندی گرتن بە کاناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە کرد و ویستیان سەرکەوتنەکە کەم‌بایەخ نیشان بدەن و وابنوێنن کە گوایە لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی مانگرتنەکەدا زێدەڕەۆیی کراوە، بەڵام بە خۆشییەوە بەڵگەکان لەوە ڕوونتر بوون کە ئەم هەوڵە بە ئاکام بگات، هەربۆیە ناکام مانەوە.

 

بە هەمان شێوە هەندێ کەسی دیکەش بانگەشەی بەدەنگەوە نەهاتنی زۆری خەڵک، بە لاوازبوونی پێگەی سیاسیی حیزبی دێموکرات و شێوە ڕێفراندۆمێک بۆ ئەو حیزبە دەزانن. ڕای ئێوە چیە؟

 

ئەم مانگرتنە نەتەنیا هیچ لاوازییەکی پێوە دیار نەبوو، بەڵکوو پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە حیزبی دێموکرات خاوەنی پێگەیەکی ئەوتۆیە کە بۆ جێبەجێ کردنی هەر ئامانجێک لە هەر هەلومەرجێکدا، داوا لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکات، وەڵامی ئەرێنی وەردەگرێتەوە و لە ڕاستی‌دا کۆمەڵگای کوردستان وەجووڵە دەخا، ئەمەش نەک لاوازیی پێگەی حیزبی دێموکرات ناگەیەنێ، بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی پێگە و خۆشەویستیی حیزبی دێموکراتە لە کۆمەڵگای کوردستاندا.

 

لە پێوەندی لەگەڵڕێفراندۆمیشدا، کاتێک ئەمە دەکرێ کە کەش و هەوایەکی دێموکراتی لەو ناوچەیەی ڕێفراندۆمی تێدا بەڕێوە دەچێ، بوونی هەبێ، نەک لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ڕێژیم و لە کەشێکی پۆلیسی‌دا. لە وەڵامی ئەو کەسانەش‌دا، هەرکات ئەو زەمینەیە ڕەخسا، هەر ئەو ئاکامە وەردەگرنەوە کە لە یەکەم هەڵبژاردنی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە کوردستاندا بەڕێوە چوو و لەودا حیزبی دێموکرات لە تەواوی شارە ئازادەکانی کوردستاندا، دەنگی یەکەمی هێنایەوە.

بۆچی هەوڵتان نەدا بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئوپۆزیسیۆن ئەم داوایە لە خەڵک بکەن، بەتایبەتی هاوپەیمانی ستراتژیکی حیزبی دێموکرات، واتە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؟

لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئوپۆزیسیۆن لە بواری جۆڕاوجۆری سیاسی‌دا کۆبوونەوەی هاوبەشمان کردووە و لە بەشێک لەو کۆبوونەوانەدا بە بڕیاری هاوبەش گەیشتووین، بەڵام بۆ (٢٢ی پووشپەڕ) کە لە ساڵانی ڕابردووشدا بەڕێوەچووە، هیچکام لە لایەنەکان خوازیاری ئاگادار کردنەوەیان سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەو مانگرتنەدا نەبوونە، بەڵام ئەمساڵ لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە ئاگاداری گلەیی و گازندەی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووین کە داوای بەشدارییان لەم مانگرتنەدا لێ نەکراوە، ئەگەرچی خەبات دژی ڕێژیم پێویستی بە بانگهێشت کردن نیە، بەڵام بەو حاڵەشەوە جێگای خۆشحاڵیە، چوونکە بە بڕوای ئێمەش یادکردنەوەی د. قاسملوو ئەرکی هەموو خەباتگێڕێکی ڕێگای ئازادی و دژی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامییە. بۆیە هیوادارم حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لێرە بە دواوە بۆ خەباتێکی بەردەوام و بەبەرنامە لە دژی داگیرکاری و ستەمی کۆماری ئیسلامی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان، هاوئاهەنگی زیاتر بکەن کە بێگومان یەک هەڵوێستی و یەکدەنگیی ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ کاریگەریی زیاتری لە جووڵاندنی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان هەبێت.

 

دوا وتەتان لەم پێوەندییەدا؟

 

سپاسی ئەندامانی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەموو میدیا و کەسایەتییەکان دەکەم کە پەیامی حیزبی دێموکراتیان بە خەڵکی ڕۆژهەڵات گەیاند و هەروەها سپاسی بێ‌پایانی ئەو بەشە لە خەڵکی ئازادیخواز و چاونەترسی کوردستان دەکەم کە وەڵامی ئەرێنییان بە بانگەوازی حیزبە تێکۆشەرەکەیان دایەوە. هیوادارم لە بانگەوازەکانی داهاتووی خەبات لە دژی ستەم و سەرکوتی ڕێژیمدا، ئەو کەسانەش کە لەم دەورەیەدا بە هەر هۆیەک نەیانتوانیوە بەشدار بن، ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بە جێ بگەیەنن و لە هەڕەشە و گوشارەکانی ڕێژیم نەترسن و بە یەکڕیزیی زیاتر بە گژ ڕێژیمدا بچنەوە کە ئەمە تەنیا ڕێگای گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانمانە.

 

وتووێژ: سەلیم زەنجیری

سەرچاوە:  کوردستان مێدیا

کاتالۆگ