حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوان دێگەڵە و ماڵپەڕی پەیامنێر دا، فواد خاکی بەیگی

لەماوەی رابردوودا لە دوو ئاراستەی جیاواز و بەشێوەیەکی سیستماتیک و ئاگاهانە هێرشی ناڕەوا و بێ بنەما کرایە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەوڵ دەدەین لەم کورتە باسەدا ئامانجی ئەم هەوڵە بەشێوەیەکی لۆژیکی بخەینە بەر سەرنج و تێڕامان.

هەوڵی یەکەم لە رووداوەکانی بازگەی دێگەڵەوە دەستی پێکرد و حیزبی دێموکرات تۆمەتی ئەوەی خرا پاڵ کە سەربە پارتی دێموکراتە و بەوە تاوانبار کرا کە گوایە تەقەی لەو کەسانە کردووە کە هەوڵیان داوە بە رواڵەت بچن بۆ عەفرین.

هەوڵی دووهەم، حیزبی دێموکراتی کردە داردەستی یەکیەتیی نیشتمانی و بەوە تاوانبار کرا کە بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری لە بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی لە راستای سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بجووڵێتەوە. سەیر ئەوەیە رووداوی یەکەم بەناو تەڤگەری ئازاد لە سلێمانییەوە ئاراستەی دەکرد و رووداوی دووهەم ماڵپەری پەیامنێر لە هەولێرە بڵاوی کردەوە کە هەردووکیان لە لایەن دەزگا فەرمییەکانی حیزبی دێموکراتەوە بە شێوەی ئاشکرا رەد کرانەوە و هەر دووک لایەنی بڵاوکەرەوەی هەواڵ، وێرای ئەوەی جەختیان کردۆتەوە بەڵگە و دیکۆمێنتیان لایە تەنانەت پاش رەدکردنەوەی هەواڵەکانیان و وەدرۆخستنەوەیان، نەک زمانیان لاڵ بووە، بگرە خەونەکانیشیان بۆتە بڵقی سەرئاو.

راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە حیزبی دێموکرات نەک سەر بە هیچ کەس نەبووە و نییە، بگرە کەسی زۆر کەس و لایەنیش بووە، تاقە حیزبی کوردییە کە شەرم لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی ناکات، لەبەر ئەوەی تاقە خاڵێکی رەش لەو مێژووەدا نییە.

گەر دەتانهەوێ حیزبی دێموکرات بناسن، ئەو رۆژە بێننە پێش چاوی خۆتان لە کاتی خەبات دژی ئێمپریالیزم هێرش بۆ سەر سەفارەتی ئامریکای لە تاران مەحکووم کرد، کە هەڵویستی وا لە بەرەی ئێمپریالیزم و دژەکانیشی نەبینرا.

دەتانهەوێ گەر چاوتان بەرایی دا، کە قامەتی بەرزی دێموکرات ببین ئاوڕێک لە پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبی بەعس بدەنەوە و ئاشکرابوونی فایلەکان پاش رووخانی ئەو رێژیمە و دەقی قسەکانی بەرێز د.مەحموود عوسمان لە کۆڕی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ساڵی ۲٠٠۳ کردی و رووبە هەمووان رایگەیاند کە شانازی بە حیزبەکەتانەوە بکەن، کە وێڕای هەوڵی کۆماری ئیسلامی و خەرج کردنی پارەیەکی زۆر، نەک فایلێکی نێگەتیڤ لە حدکا نەبینرا، بگرە زۆر فایلی پۆزەتیڤ بینراون لە راگرتنی ئەخلاق لە سیاسەت و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی.

کاتێک هەڵوێستی نیشتمانی حدکا، هەست پێدەکەن کە زەحمەت وەبەر خۆتان بدەن و یادداشتەکانی د.کەماڵ مەزهەر بخوێننەوە کە لە فەزای پڕ لە ترس و تۆقاندنی ئەو کاتی بەعسدا، چلۆن رێبەرانی دێموکرات، نوسراو و نامە نهێنیەکانی کوردانی بەغدای دەگەیاندە زۆنی زەرد و سەوز.

هەڵوێستی حدکا لە کاتی رووداوەکانی جێگای داخ و پڕ لە برینی شەڕی ناوخۆ، نیشتمانییانە هەست پێدەکەن کە پێشمەرگەی یەکیەتی و پارتی لە مەقەڕەکانی دێموکرات هەستیان بە ئۆقرەیی و ئارامی دەکرد، کاتێ گەورەیی حیزبی دێموکرات هەست پێدەکەن کە یەکەم حیزبی کوردی بوو، هێرش بۆ سەر عەفرینی مەحکووم کرد و ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری و قوربانیدانێک بوو لە خانەقین تا مەخموور لە شەڕ دژ بە داعش.

بەدەر لەوەی دەسەڵاتە ئیداری و سیاسییەکانی هەولێر و سلێمانی چەندە ئاگاداری ئەم پڕوپاگەندانەن، روون و ئاشکرایە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر حیزبی دێموکرات وەک هەڵگەڕانی مێروولە بە کێوی قافدایە.

حیزبی دێموکرات خەباتی نوێی خۆی دەستپێکردووە و راسانی رۆژهەڵات بۆتە هێمای خۆڕاگری و بەرخودان، ١٦مین کۆنگرەی خۆی سەرکەوتووانە گرێدا، سیستمێکی نوێی کاری رێکخراوەیی هێنایە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان و کورد و تاپۆی زۆر نەریتی چەقبەستووی شکاند.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاری خۆی دەکا و ئەم جۆرە هەوڵە نەزۆکانە، هەنگاوەکانی پێ شل ناکات و لە راستەڕێی خەبات بۆ ئازادی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بە بڕشتەوە هەنگاو هەڵدەگرێ.

 

 

بابەتەکانی  پەیوەندی دار

 

نووسینگەی لێپرسراوی گشتیی حیزب داوای ڕوونکردنەوەی لە ماڵپەڕی “پەیامنێر” کرد

 pdki-arm-

کوردستان میدیا: سەبارەت بە هەواڵێکی چەواشەکارانە کە ماڵپەڕی “پەیامنێر” لەسەر حیزبی دێموکرات بڵاوی کردۆتەوە، نووسینگەی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات وێڕای ڕەدکردنەوەی ئەم هەواڵە ناڕاستە، داوای ڕوونکردنەوەی لە بەڕێوەبەرانی ئەم ماڵپەڕە کرد کە دەقەکەی بەم چەشنەیە:

 

بەڕێز ماڵپەڕی “پەیامنێر”

خەبەرێک بە رێکەوتی ٢٨ی مانگی فێبرییەی ٢٠١٨ لە ماڵپەڕەکەتاندا بڵاوکراوەتەوە، کە گوایا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٥٠ دەفتەر دۆلاری لە لاهۆر شێخ جەنگی وەرگرتووە، ئەو خەبەرە سەرتاپای ناڕاستە و بۆیە بە تەواوی رەدی دەکەینەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ پارەیەکی لە لاهۆر شێخ جەنگی وەرنەگرتووە، هەروەها هیچ پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئاسایشی قەزای کۆیە بە هیچ تاوانێک دەستگیر نەکراوە تا داوای ئازادبوونیان بۆ بکرێ.

 

ئێمە چاوەڕوانین بە پێی یاسای رۆژنامەوانی ئەم رەدکردنەوەیە لە ماڵپەڕەکەتاندا چاپ و بڵاو بکەنەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی لێپرسراوی گشتی

٣ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی

 

هەواڵەکەی کە سایتی پەیامنێری سەر بە پارتی دێمۆکڕات دێمۆکڕات بڵاوی کردۆتەوە

 

پەیامنێر: لاھور بە ٥٠ دەفتەر دۆلار حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لالكرد

دوای رووداوەكانی١٦ـی ئۆكتۆبەر چاوەڕوان دەكرا حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بە توندی دژی ئەو ڕێكەوتنە بووەستنەوە كە لە نێوان بالێكی ناو یەكێتی و ئێران واژو كرا بۆ ڕادەستكردنی كەركوك بە حەشدی شەعبی، بەلام بە پێچەوانەوە بەشێكیان بێدەنگیان ھەڵبژارد.

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر كە لە سەرچاوەیەكی بڕواپێكراو دەستی كەوتوون، لاھور جەنگی بە پارە بەشێك كە حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانی بێ دەنگ كردووە، بە تایبەت حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.

زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لە ١٩ـی ئۆكتۆبەردا لاھور جەنگی سەردانی سەركردایەتی دیموكراتی كردووە ٥٠ دەفتەر دۆلاری ئەمریكی پێ داون لەبەرامبەر بێدەنگ بوونیان لە رووداوی ١٦ـی ئۆكتۆبەر.

ھەروەھا لاھور جەنگی بەلێنی بە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران داوە كە سێ لە پێشمەرگەی ئەم حزبە ئازاد بكات كە لە لایەن ئاسایشی قەزای كویە بەھۆی بەكار ھێنانی مادەی ھوشبەرەوە دەستگیر كرابوون.

 

….

 

سکرتاریای حیزبی دێموکرات ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە

pdki-arm-

کوردستان میدیا: سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە هەوڵێکی نەزۆکی چەواشەکارانە و ئاژاوەگێڕانە، ئاگادارییەکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

 

دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:

ئاگادارییەک بۆ ڕای گشتی

چەند رۆژ لەوە پێش لە بازگەی دێگەڵە، هەڵکەوتوو لە سەر جاددەی نێوان کۆیە ـ هەولێر لە نێوان ژمارەیەک خەڵکی ئاسایی و ئاسایشی پارێزەری ئەو بازگەیە گرژییەک روویدا؛ هەندێ کەس و راگەیاندن هەوڵ دەدەن بە مەبەستی سیاسی دیاریکراو، حیزبی دێموکراتیش لەو گرژیانەدا بەشدار و لایەنگر بکەن، بۆ ئەوەی کێشە و دژایەتی نێوان کوردەکانی بەشە جیاکان زیاتر بکەن و پیلانی دوژمنانی کورد، بە شێوەیەکی ئاگایانە یان لە رووی نائاگاییەوە، جێبەجێ بکەن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە سەر پرسە نەتەوەییەکانی کوردستان، گەر حیزبی دێموکرات بۆ داکۆکی لە مافی رەوا و ویستی رزگاریخوازانەی کورد لەهەموو بەشەکاندا یەکەم حیزب نەبووبێ، لەوانی دیکە وەدوا نەکەوتووە؛ لێرەشدا پێویست بە هیچ نموونە هێنانەوەیەک ناکات، چوونکە مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات زۆر لەوە خاوێنتر و روونترە کە دوژمنانی کورد، بیانهەوێ ئەو راستییە بە چەواشەکراوی بە خەڵکی مافخوازی کوردی نیشان بدەن.

بۆیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات هەر جۆرە پێوەندییەکمان بەو گرژیانەوە، رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین حیزبی دێموکرات هیچ بەشدارییەکی بە قازانجی هیچ لایەک لەو رووداوە نەخوازراو و ناخۆشانەدا نەبووە و ئەو هەوڵانە بۆ گومان خستنە سەر تێکۆشانی خەباتی کورد لە رۆژهەڵات بە قازانجی دوژمنی سەرەکیی کورد واتە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبینین.

تا ئێستا سیاسەتی حیزبی دێموکرات پشتیوانی لە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە و لە کێشەی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستانیشدا ئەوندەی بۆی کرابێ قسەی ئاشتی و برایەتی کردووە، دەنا خۆی نەکردووەتە لایەنێکی ناکۆکییەکان.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتاریا

١٥ی رێبەندانی ١٣٩٦

٤ی فێورییەی ٢٠١٨

کاتالۆگ