دوکتور قاسملوو، بزاڤی راسیۆنالیزمی سیاسەت لە کوردستاندا، ئارەش ساڵح

لە هەندێک لە زانکۆکانی جیهان هزری سیاسی، جیا لەو پۆلێن بەندیە بابەتییەی کە دەکرێت، پۆلێن بەندییەکی جوگرافیشی بۆ دەکرێت؛ بۆوێنە لە هەندێک لە زانکۆکانی ئامریکادا وانەی “هزری سیاسی ئامریکایی”، واتە ئەو بنەما هزریانەی کە پێکهاتەی سیاسەت و شوناسی ئامریکاییان پێکهێناوە، وەکوو وانە دەوترێتەوە.

ئەگەر ئێستا لە کوردستان ئەم بابەتە لە یەکێک لە زانکۆکاندا بێتە ئاراوە و هەوڵ بدرێت وانەی “هزری سیاسی لە کوردستان” وەکوو وانەیەک بوترێتەوە، بە “دوکتور قاسملوو” دەست پێ دەکات و هەر بەویش کۆتایی پێ دێت؛ بۆ ئەوەی بتوانین لە روانگەیەکی ترەوە چاو لە گرینگی ئەم بابەتە بکەین با قسەیەکی “هانا ئارێنت” بێنینە بەرچاو کە دەڵێت: “ئەگەر وەکوو جوویەک لە من زوڵم کرا، پێویستە منیش وەکوو جوویەک بەرگری لە خۆم بکەم”؛ بەڵام بابەتەکە بەوە تەواو نابێت بەڵکوو هەروەک هەموومان دەزانین هزری سیاسی هانا ئارێنت، سەرەڕای ئەو حوکمە بەهێزە ئیتنیکیە، کەمترین بۆنی سیاسەتی ئیتنیکی لێوە دیارە.

سۆنگەی هەستانی دوکتور قاسملوو، بەرگرییە لە خودی زوڵم‌لێکراو وەکوو کوردێک بەڵام ئەو سۆنگە واتابەخشی هەموو جیهانی سیاسی دوکتور قاسملوو نەبوو؛ ئەوەیکە دوکتور قاسملوو لەهەموو دەوروبەری و لە پێش خۆی و لە پاش خۆی جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەگەرچی نەتەوەییترین رێبەری سیاسی کورد بووە، بەڵام بەردی بناغەی ڕاسیۆناڵیزمی سیاسەتی لە کوردستان داناوە.

بەکارهێنانی نەتەوەییترین رێبەری کورد لەسەر بنەمای هەست و سۆز و خۆشەویستی و رق و قین نییە بەڵکوو پشتی بە جۆرێک خوێندنەوە لە هەڵسوکەوت و رێبەرایەتی دوکتور قاسملوو بەستووە؛ دوکتور قسملوو نەتەوەییترین بووە نەک بەو مانایەی کە نەریتیترین بووە، یان بۆ وێنە هەموو کات رانکوچۆخەی لەبەر کردووە یان ئیدیعای چوارپارچەیی کردووە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە لە سیاسەتی عەمەلیدا یەکەم: زیاتر لە هەر رێبەرێک توانای ناسینی بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردی هەبووە و دووهەم: بە باشترین شێوە ئەو بەرژەوەندییەی لە سیاسەتە نێوخۆیی و ناوچەییەکەی رەنگی داوەتەوە؛ واتە دوکتور قاسملوو نەتەوەیی بووە نەک لەبەر ئەوەی زیاتر و بەرزتر لە کەسانی دیکە دروشمی داوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی هێورتر لە هەموویان و بە بێ هیچ نمایشێک بەڵام لە کردەوەدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی کورد هەڵسووکەوتی کردووە.

ئەم راستییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوکتور قاسملوو، بەپێچەوانەی هەموو رێبەرەکانی دیکەی کورد، توانیویەتی سیاسەت و ئەکتی سیاسی راسیۆنالیستی بکات و رەهەندێکی هزری پێ ببەخشێت بە ناوی سوسیالیزمی دێموکراتیک.

ئەو تایبەتمەندییەی هزری سیاسی کە لە بۆڵەبۆڵ و تەنانەت خواستی سیاسیش جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە سیستمێکی واتادارمان پێ دەبەخشێت کە کێشەی کورد لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی دنیای مودێڕن و لە چوارچێوەی چەمک و دەستەواژەکانی تایبەت بەو دنیایە دووبارە پێناسە دەکاتەوە.

بۆ ئەوەی بتوانین گرینگی ئەو بابەتە لێک بدەینەوە پێویستە چاوێک بە گرینگترین تایبەتمەندی کۆمەڵگای کوردستان لە رووی کەلتوورییەوە بخشێنین؛ کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی شوانپیشەیی بووە، کەلتووری نووسراو لە نێو ئەم کۆمەڵگایەدا رابردوویەکی ئەوتۆی نییە. بۆ وێنە ئەگەر عەرەب، فارس یان تورکی دراوسێ، هەرکام لەم پێوەندییەدا، رابردوویەکی زۆر لاوازیان لەچاو وڵاتانی ئەوروپایی هەیە، کۆمەڵگای کورد بەبەراورد لەگەڵ درواسێکانی رابردووەکەی لاوازترە. وەها کەلتوورێک ناتوانێت سیستمێکی فکری بەهێز بەرهەم بێنێتەوە کە لەرێگەی ئەو سیستەمەوە تاکی کورد بتوانێت خۆی پێناسە بکات و واتا بە پێوەندی خۆی لەگەڵ دەرەوەی خۆی ببەخشێت.

تایبەتمەندی مرۆڤێک کە تووشی کەلتوور بووە ئەوەیە کە، بۆ ئەوەی بتوانێت لەلایەکەوە خۆی مانا بکات و لەلایەکی تریشەوە پێوەندییەکانی نێوان خۆی و کەسانی تر و سرووشت رێک بخاتەوە پێویستی بە وەها سیستەمێکی هزری و چەمکەکانی تایبەت بەو سیستەمە هەیە. درواسێکانی ئێمە هەرکام دەتوانن لە دین یان خوێندنەوەیەکی جیاواز لە دین بۆ ئەو مەبەستە کەڵک وەربگرن و بەم شێوە ئیسلام لە نێو عەرەبدا، ئایینی زەردەشتی و شیعە لە ناو فارسدا و خەلافەت ( وەک سیستمی هزری نەک وەک دامەزراوە) لە نێو تورکدا توانیویەتی ئەو رۆڵە بۆ ئەوان بگێڕێت، بۆیە سیاسەت و سیاسەتپیشەیی لە نێو ئەو نەتەوانەدا بێجگە لە رێچکەیەکی ئێتنیکی، خاوەن بنەمایەکی لێکدانەوەییش بووە.

هەربۆیە بەو رادەیە کە ناسیوناڵیزمی نەتەوەکانی سەردەست بە کەڵک وەرگرتن لە ئایین توانیویانە خۆیان ئاڵۆزتر و بەهێزتر بکەن، هەر بەو رادەیەش ناسیوناڵیزمی کورد، عەبدوڵا پەشێو وتەنی تەنیا “قیڕە و لینگکووتان” بووە؛ ئەمە وای کردووە کە نەتەوەی کورد لەجیاتی سیاسەتێکی نەتەوەیی، یان هەر دوور بێت لە سیاسەت کردن یان لەو شوێنەش کە سەودای سیاسەت لە ژێر ناوی کورد بۆی بووە بە هەوێن، زیاتر تووشی سیاسەتی خاو و ساویلکانەی ئیتنیکی بووە.

بەڵام هەوڵی دوکتور قاسملوو بۆ چەسپاندنی سوسیالیزمی دێموکراتیک وەکوو ئەو سیستمە فکریە بۆ جووڵانەوەی کورد بزاڤێک بوو کە دەتوانین بە راسیۆناڵیزمی سیاسی لە نێو کورددا ناوی ببەین. ئەگەرچی یەکەم تیشکەکانی ئەم جووڵەیە لە کۆماری کوردستان دەست پێ دەکات بەڵام لە راستیدا ئەوە دوکتور قاسملوو بوو کە ئەم بزاڤە هزریەی گەیاندە خانەی خۆی. ئەو بزاڤە هزریەی کە دوکتور قاسملوو لە نێو حیزبەکەی خۆیدا دەستی پێکرد، بۆ هەتاهەتایە گۆڕانی بە سەر رواڵەت و چییەتی سیاسەت لە نێو کۆمەڵگای سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هێنا.

پڕۆسەی بەهزری کردن لە ئاستی کۆمەڵایەتی- سیاسیدا بە پڕۆسەیەک دەوترێت کە لەوێدا بنەما یان هەڵخڕێنەری هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە بەها کۆمەڵایەتییەکان، هەست و سۆز و نەریت دەگوزارێتەوە بۆ ئەو چەمکانەی کە لەسەر بنەمای عەقڵ یان ئێستدلال و لۆژیک یان هزر هاتوونەتە ئاراوە.

کۆماری کوردستان بۆیە بە دەسپێکی ئەو جووڵەیە دێتە ئەژمار، چوونکە بۆ یەکەم جار کوردی لە بەرامبەر مێژووییترین و گیانسەختترین پرسیاری فەلسەفە دانا، ئەویش ئەوەیە کە حوکمڕانی باش چییە و چ تایبەتمەندیگەلێکی هەیە؟ حکوومەتی کۆماری کە وەکوو یەکەمین پێکهاتەی سیاسی مودێڕن لە نێو کورددا هاتە ئاراوە، دەریدەخات کە ئەوە یەکەمجارە پێکهاتە نەریتییەکان رووبەڕووی چالەنج دەکرێنەوە و پرسیار لە کارامە بوونیان بۆ رێکخستنی کۆمەڵایەتی دەکرێت و پێکهاتەیێکی مودێڕن لە بەرامبەریان دادەنرێت.

جەواد تەباتەبایی لە باسێکدا لەسەر هۆکارەکانی نشستی هزری سیاسی لە ئێراندا دەڵێت:”هاتنی مودێڕنیتە بۆ ئێران هیچکات نەیتوانی نەریت، رووبەڕووی چالەنج بکاتەوە و دامەزراوە مۆدێڕنەکان کە تازە هاتبوونە نێو ئێران هیچکات نەیانتوانی رووبەڕووی دامەزراوە نەریتییەکان کە لەوێ بوون بوەستنەوە، بەڵکوو هەموو دامەزراوە مودێڕنەکان بە خۆشحاڵییەوە لەگەڵ هەموو دامەزراوە نەریتییەکان درێژەیان بە ژیانی خۆیاندا، کەچی ئەو دوو دەستە دامەزراوەیە لە زاتی خۆیاندا دژ بە یەکن؛ بۆ وێنە زانکۆ و قوتابخانەی مودێڕن و حەوزەی عێلمیە نەتەنیا هیچکات دژایەتی لە نێوانیاندا ساز نەبوو بەڵکوو درووشمی یەکیەتی زانکۆ و حەوزە درا و داوای یەکگرتنی ئەو دوو دامەزراوە بە سرووشت دژبەیەکە دەکرێت، بۆیە ئەمە وای کردووە کە نەتەنیا دامەزراوەی هزری نەریتی بۆ بەرهەمهێنانی چەمکی نوێ تووشی “تەسەلوب” ببێت بەڵکوو دامەزراوەی مودێڕنیش نەتوانێت هەوڵی هێنانی چەمکی نوێ بدات”.

چارەنووسی سیاسەت لە رۆژهەڵاتدا و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا تا رادەیەک بەپێچەوانە بووە؛ دامەزراوەی دەوڵەتی مودێڕن، دامەزراوە نەریتییەکان رووبەڕووی پرسیاری قووڵ و کاریگەر دەکاتەوە و لە ئاکامدا دامەزراوە نەریتییەکان کە تا ئەو کاتە سەردەمداری سیاسەت لە کوردستان بوون ئەو دامەزراوە نوێیانە بە دوژمنی خۆیان دەزانن. بۆیە لە بوونی خۆیدا کۆماری کوردستان یەکەم تیشکی پێویستی بەهزریبوون لە کوردستاندا دەردەخات؛ ئەو تیشکە لە منداڵەکەی بەرهەمی کۆمار واتە “دوکتور قاسملوو” فۆڕم دەگرێت.

لێرەدا لە پێناو خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانە و زۆر بە کورتی پێویستە ئاماژە بکرێت کە ئەم رووبەڕووبوونەوە، لە بەشەکانی تری کوردستان بە دوو هۆکار نایەتە ئاراوە. یەکەمیان لە باشووری کوردستان، سەرەڕای ئەوەیکە حیزبی مودێڕن دادەمەزرێت بەڵام ئەو حیزبە مودێڕنانە لە مێنتاڵیتەی خۆیاندا هەمان دووپات کردنەوەی پێکهاتە کۆنەکانن و لەهەمان کاتیشدا بەجێگەی ئەوەیکە بۆ داخوازی گۆڕانکاری و بۆ گەیشتن بە ئازادی بەشێوەیەکی جیددی رووبەڕووی کۆمەڵگای باشوور و دامەزراوە نەریتییەکانی ببنەوە کە ژینگەی سیاسی ئەوانن، بۆ بەردەوام بوونی ژیانی خۆیان ناچار دەبن کە دەست بخەنە نێو دەستی پێکهاتە نەریتییەکان. هەروەها لە باکووری کوردستان بە هۆی ئەوەیکە دامەزراوە نەریتییەکانی کورد وەک قەڵایەک چاویان لێ دەکرا بۆ پێشگرتن لە توانەوە لە مودێڕنیتەی ئاتاتۆرکی، هەر بۆیە لە کۆمەڵگای باکوور کەلێنی نەتەوەیی هاوتەریبە لەگەڵ کەلێنی نێوان مودێڕنیتە – نەریت؛ واتە کوردایەتی لە باکووردا، بۆ مانەوەی خۆی ناچار بووە کە لە دامەزراوە نەریتییەکاندا خۆی دەربخات.

لە کوردستانی رۆژهەڵات، لەژێر کاریگەری کۆماری کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی سەختی نەریت و موێڕنیتە لە پانتایی کوردایەتیدا، ڕاسیۆناڵیزم وەک پێویستییەکی سیاسی کۆمەڵایەتی لە نێو ئێلیتی ئەو سەردەمەی کورد هەستی پێ دەکرێت. ئەم پێویستییە لە ئاکامدا لە هزری دوکتور قاسملوو بەرهەمی خۆی دەبینێتەوە. رەهەندی هزری ئەم بەهزریبوونە سوسیالیزمی دێموکراتیکە کە هەندێک چەمکی نوێ بە دەستەوە دەدات کە کورد بتوانێت بە هۆیانەوە چوارچێوەیەکی واتاداری دنیای مودێڕن بە کێشەکانی ببەخشێت و هاوکات وەڵامێکی هەبێت بۆ پرسیاری حوکمڕانی چاک و پرسیارەکانی تری دنیای مودێڕن.

چوارچێوەی سیاسەتی راسیۆناڵیستی ئەو توانایە بە کوردی رۆژهەڵات دەدات کە هاوکات لەگەڵ کێشەی نەتەوەیی، بپڕژێتە سەر کیشەکانی‌تری کۆمەڵایەتی وەکوو کێشەکانی ژنان و کەمایەتییە جنسییەکان و کێشەکانی پاراستنی ژینگە و سرووشت و کێشەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کە کێشەکانی ئەمڕۆی دنیای مودێڕنن و پشت گوێ خستنیان بە قەهقەرابردنی کۆمەڵگای خۆمانە.

هاوکات بەرهەمێکی تری ئەو بزاڤەی دوکتور قاسملوو کە دەستی پێکردووە ئەوەیە کە کورد دەتوانێت خاوەن وەڵامێکی قووڵ بۆ پرسی حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسی بێت؛ بۆشایی هزری سیاسی وادەکات کە ئەگەر گەلی کورد توانای ئەوەشی هەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی دابمەزرێنێت، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەر لە دەسپێکەوە شکستخواردوو دەبێت.

رووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵ پرسی دەسەڵاتداری چاک و پشتگوێ خستنی ئەو پرسیارە وا دەکات کە هەرچەشنە دەسەڵاتدارییەکی کورد لە داهاتوودا هاوتەریب بێت لەگەڵ گەندەڵی و چەند پارچە بوون و تەنیا هاوپەیمانییەک بێت لە چەند ناوەندی دەسەڵاتدا.

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

کاتالۆگ