دیواری بەرلین، قادرئەلیاسی

دوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، وڵاتی ئاڵمان لە نێوان وڵاتانی سەرکەوتووی شەڕدا کە بریتی بوون لە ئامریکا، ئینگلیس، فرانسە و یەکیەتی سۆڤیەت، دابەش کرا.Berlinermauer

لەو دابەش کردنەدا شاری بەرلین کرا بە دوو بەشەوە. بەشی رۆژهەڵاتی شار، کەوتە ژێر دەسەڵاتی سۆڤیەت. ساڵی ١٩٤٨ سێ وڵاتی ئامریکا، ئینگلیس وفرانسە ئەو بەشانەی ژێردەسەڵاتی خۆیان چۆڵ کرد و لە جێیدا وڵاتی کۆماری فیدراڵی ئاڵمان پێکهات. بەڵام یەکیەتی سۆڤیەت، دەستی لەو بەشە هەڵنەگرت کە داگیری کردبوو. لە باتی چۆڵکردن و گەڕانەوەی بۆ سەر ئاڵمان، کردی بە یەکەیەکی بەناو سەربەخۆ و ناوی کۆماری دیموکراتیکی ئاڵمان یان ئاڵمانی رۆژهەڵاتی لە سەر دانا.

سیستەمی ئەو کۆمارە بە شێوەی سۆڤیەت و وڵاتانی بەرەی رۆژهەڵات بەڕێوە دەچوو. بە دابەش بوونی ئاڵمان بە سەر دوو بەرەی رۆژاوا و رۆژهەڵاتدا، کێشەی هەڵهاتنی خەڵک لە بەشی رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژاوا دەستی پێکرد. ئەم پرۆسەیە لە ١٩٤٩ تا ١٩٦١وای لە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت کرد تا چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە. بۆیە نیکیتا خوروشچۆف، سەرۆکی ئەوکاتی یەکیەتی سۆڤیەت بڕیاری سازکردنی جیاکردنەوەی بەرلینی دا و سەرەنجام، رۆژی شەممە، ١٣/٨/١٩٦١ دەست کرا بە بیناکردنی دیواری بەرلین کە بەرزییەکەی دوو میتر و درێژی ١٥٦ کیلومیتر بوو.

سازکردن و کێشانی دیواری بەرلین، بوو بە هۆی جیاکردنەوەی ئەندامانی بنەماڵەگەلێک کە بە درێژایی ٢٨ ساڵ نەیانتوانی یەکتر ببینن. ژن لە پیاوەکەی، دایک لە منداڵ، باوک لە کەس و کاری دابڕا. ژمارەیەک لەو کەسانە، ئەوەندە لە ژیاندا نەمان تا رووخانی دیواری بەرلین ببینن. جگە لە لێکدابڕانی خەڵکی ئەو وڵاتە لە یەکدی، باری گوزەران و ژیانی ئەو بەشە بە سەرۆکایەتی ئێریک هۆنیکر، بە بەراورد لە گەڵ بەشی رۆژاوا، زۆر خراپ بوو.

هەڵهاتنی خەڵک بە سەر ئەو دیوارە ٢ میترییەدا کە بە تێلدڕوو و تەزووی کارەبا و چاوەدێری پاسەوانانی سنوور، دەورە درابوو، بەردەوام بوو. ١٧/٨/١٩٦٢ گەنجێکی ١٨ ساڵان بە ناوی پیتر فیشتر بە گوللەی پاسەوانەکانی دیواری بەرلین کوژرا. بۆیە ساڵی١٩٧٥ بەرزایی دیوارەکە کرا بە ٣میتر و نیو و ئەستووری یان پانایی بە یەک میتر و نیو. ئەو گۆڕانکارییەش نەیتوانی پێش بە هەڵهاتنی خەڵک بگرێ. هەوڵی هەڵهاتن تەنیا سنووردار نەکرا بەوەی بە سەر دیوارەکەدا سەرکەون، بەڵکوو پەنابرایە بەر لێدانی تونێل. لە رۆژەکانی ٣،٤،٥/١٠/١٩٦٤ لە رێگای تونێلێکی ١٤٥ میتریی، ٥٧ کەس دەرباز بوون. لەوەش سەرسوڕهێنەرتر هەڵهاتنی دوو برا بوو کە بە سازکردنی باڵ و بەستنەوەی بە باسکەکانیانەوە، توانییان بە سەر ئەو دیوارەدا باڵ بگرنەوە و خۆیان بگەیەننە ئەوبەری سنووری دەسکرد.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاڵمان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦١ تا ١٩٨٩ لە پێوەندی لە گەڵ ئەو دیوارە و پێکهاتنی ئەو دوو سیستەمە جیاوازەی رۆژاوا و رۆژهەڵات، ١٢٥ کەس کوژراو و ٢٠٠ کەس بریندار لە بن دیواری بەرلیندا رووی داوە. دیارە لە بەشی رۆژاواشەوە هەڵهاتن بۆ رۆژهەڵات رووی داوە، بەڵام زۆر کەم بووە.

لە ساڵانی ١٩٨٠ بەرەو سەر، پێوەندی وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژاوا بەرەبەرە بەرەو هێمنی هەنگاوی نا.

هاتنە سەر دەسەڵاتی میخایل گورباچۆف و هێنانی بیرۆکەی پروسترویکا (چاکسازی ئابووری) و گلاسنۆست(کرانەوەی کەش و هەوای ئازاد بە رووی بیرە جیاوازەکاندا)، توانی سەهۆڵی نێوان ئەو دوو تەوەرە بتوێنێتەوە.

یەکەم هەنگاوی توانەوەی ئەو سەهۆڵە لە رۆژی شەممە، ١١/١٠/١٩٨٦ بەرامبەر بە ١٩ی رەزبەری١٣٦٥ی هەتاوی لە شاری ریکیاویکی پێتەختی ئایسلەندەوە دەستی پێکرد.

دوای ساڵانێک فیداکاری و تێکۆشانی بەردەوامی خەڵکی ئاڵمان بە گشتی و ئاڵمانی رۆژهەڵات بە تایبەتی، رۆژی پێنجشەممە، ٩/١١/١٩٨٩ بەرامبەر بە ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ دەسکرا بە رووخانی دیواری بەرلین. ساڵێک دواتر واتە رۆژی شەممە، ٣/١٠/١٩٩٠ بەرامبەر بە ١١ی رەزبەری ١٣٦٩، هەر دوو بەشی ئاڵمان، جارێکیتر یەکی گرتەوە.

ئەم سەرکەوتنە نەدەهاتە دی، ئەگەر خۆڕاگری خەڵکی ئاڵمانی لە گەڵ نەبایە. هەر وەها ئەم گۆڕانکارییەش ناتوانێ خۆی بە قەرزاری گۆرباچۆف و پێش لە ناوبراو، بە خەباتی خەڵکی چیکسڵاواکی بە رێبەری ئەلکیساندر دوپچێک نەزانێ کە لە ٥/١/١٩٦٨ دا رووی دا و دواتر بە بەهاری پراگ لە مێژوودا تۆمار کرا.

ئەوڕۆ(٩/١١/٢٠١٤)، ئانگێلا مێرکڵ، سەرۆکی ئەو وڵاتە، یادی ٢٨ ساڵەی رووخانی ئەو دیوارەی کردەوە. هەر بەو بۆنەیەوە، چەندین چالاکی لە سەراسەری ئاڵماندا بەڕێوەچوو.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە مێرکڵ بۆ خۆی لە بەشی رۆژهەڵاتی ئاڵماندا لە دایک بووە. بەڵام دواتر بووە بە یەکێک لە چالاکەکانی یەکگرتنەوەی ئاڵمان.

 

قادرئەلیاسی

٩ی نوامبری ٢٠١٤، ئۆسلۆ

ژێدەر:

تەلەفزیونی Nrkی نۆروێژ

ماڵپەڕە ئینترنیتییەکان

بیرەوەری نووسەر

کاتالۆگ