سەربەخۆیی کاتالۆنیا و نەخشەیەکی نوێی ئەوروپا، ئا: هەڵۆ بەرزەنجەیی

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست:

 ئەم بابەتە سەرەتا بچەند وشەیەک بوو بۆ پرسی ڕیفەڕاندۆمی دامەزراندنی دەوڵەتی کاتالانیا، لێ پاشان کۆمەڵی بابەت و زانیاری دیکە بوونە مایە دەوڵەمەندتر کردنی باسەکە و بەشیکی گرنگیشی پوختەی وەرگێڕانێکە لە ئەڵمانییەوە ئامادەم کردووە.  بۆیەکا هەم نووسین و هەمیش وەرگێڕانە.منیش لێی دەنووسم ئامادەکردن.

helo-berznci

 

ئامادەکردنی هەڵۆ بەرزنجەیی

  ٦/١٠/٢٠١٧

 

کاتالۆنییەکان ڕیفەڕاندۆم بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ لە ١/١٠/٢٠١٧ دا ئەنجام دەدەن

 

دوو سبەی ڕۆژی یەک شەممە، ڕێکەوتی ٢٠١٧/١٠/١، نەتەوەی کاتالۆنیا بۆ جارێکی دیکە ڕیفەڕاندم ئەنجام دەدات. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم جارە بە ئامانجی ئەوەی دوای سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ،بڕیارە پاش ٤٨ کاتژمێر،واتە تا ١٠/٣،دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕابگەێنن.

ئەم بڕیار و هەنگاوە مەترسی گەورەی خستۆتە دڵی کاربەدەستانی حکومەتیەکە MARIANO RAJOY،لە مەدرید.

ڕۆژی ٩/١١ی هەر ساڵێ جەژنی نەتەوەیی و پشووی فەرمی کاتالۆنییەکانە. ئەم چەژنە پێوەندی بە مێژووی کۆنی کاتالانیاوە هەیە.

رۆژی ٢٠١٧/٩/٦،پەرلەمانی کاتالۆنی بڕیاری ئامادەکاریی و ڕێ خۆشکردنی دا،بۆ پرسی جیابوونەوەیان لە ئیسپانیا. ئەمەش بە دەنگی ٧٢ پەرلەمانتار لە کۆی ١٣٥ پەرلەمانتار.

واتە بەڕێژەیەکی کەم زیاتر لە نیوە.

Carles Puigdmont، سەرۆکی هەڕیمی کاتالۆنیا ،بڕیارەکەی وەرگرتووە و سەرباری دژایەتی توندی دادگا و پۆلیس ئەوان سوورن لەسەر ئەنجام دانی ڕیفەراندۆمەکە لە کاتی دیاریکراودا. هەموو لە ژێر دروشمی ” بە تێکڕا بۆ بەڵێ ی سەربەخۆیی نەتەوەیی” .

مەدرید دەیەوێ ڤیتۆ بەکار بهێنێ و پەنا بە دەستوور دەبات،کە پێیان وایە جەخت لەسەر یەکپارچەیی نەتەوەی ئیسپانیا دەکات. ئەو ئیسپانیایەی گوایە دوای هێرشە توندەکانی فرانکۆ،ئۆتۆنۆمی زۆری بەخشیوە بە کاتالانییەکان.

نزیکی ٧،٥ ملیۆن کاتالانی هەن و وڵاتەکەیان یەکجار بە پیشەسازی و هاتوچۆ و بازرگانی تۆریست دەوڵەمەندە و نایانەوێ خێروبێری وڵاتەکەیان هەروا بچێ بۆ مەدرید و ئەوان خێریان پێ بکەن. بۆیە خۆیان دەیانەوێ سەربەخۆ بن و دەڵێن” ئێمە دەوڵەتێکی کاتالانیمان دەوێ دادپەروەرتر و دوور لە گەندەڵی بێت“.Artur Mas ی کۆنە سەرەکی کاتالۆنیا دەڵێ: بەداخەوە مەدرید دەیەوێ بە پۆلیس و دادگا،چارەسەری ئەو پرسە سیاسی و نەتەوایەتییە بکات. ئێمە نەتەوەیەکین و دەمانەوێ سەربەخۆ بین و کەس حوکممان نەکات“.
وەزیری دەرەوەی کاتالۆنیا، Raül Romevaدەڵێ: دیموکراسی لە ئیسپانیا ڕۆژانە دادەڕمێ و نامێنێ“.
مەدرید بە هێزێکی زۆرە پەلاماری نوسینگە و بنکەی بەرپرسانی داوە و نێزیکی ٢،٥ ملیۆن کارتی دەنگدانی گرتووە و بەشێکی بەرپرسانی خستۆتە زیندان و گەرەکێتی ئەوانی تریش دادگایی بکات.
بەڵێ لەتەک ئەم ڕووبەڕوونە سەختەدا،کەچی هێشتا کاتالانییەکان هەر مکوڕن لەسەر ئەنجامدانی بڕیارەکەیان.ئەمەش نیشانەی نەمری ئیرادەی نەتەوەیەکە،کە بۆ ئازادی ئامادەی قوربانییە.
سەختی ڕێگای کاتالۆنییەکان هەر ئەوە نییە،حکومەتی ئیسپانیا دژیان دەوەستێتەوە،بەڵکو یەکێتی ئەورپاش وەک جارانی پێشوو دیسان ئامادە نییە، بە ئەندام قبوڵیان بکات، ڕێگە بدات یۆڕۆ بەکار بهێنن. ئەوان دەڵێن ئێمە تەنیا ئیسپانیامان وەک ئەندام وەرگرتووە، ئامادە نین وڵاتێکی دیکە وەرگرین

پرسی سەربەخۆیی کاتالانیا، کەسایەتی گەورە، هان لە پشتیەوە و یانەی بەناوبانگی “بەرسلۆنە”ش دینەمۆیەکی تری هەڵسوڕێنەری پرسی سەربەخۆییە.

لایەنێکی تری ئازاربەخشی بارودۆخی کاتالانی،بێدەنگی ئەوروپایە لە ئاست ئەو داوا دیموکراسی و ئاشتیانەی ئەو چەند ملیۆن مرۆڤەدا.. بەشێک لە ئەڵمانەکان، بە تایبەتی میدیاکانیان دۆخی جیاخوازی کاتالۆنیا بە باڤاریا دەچوێنن کە بیەوێ لە ئەڵمانیا جیا بێتەوە، ئەو کات بەرلین هەڵوێستی توند دەبێت. لەڕاستیدا ئەمە شێواندنی ویستی نەتەوەیەکە. باڤاریا هەر ئەڵمانن و بۆ لە ئەڵمان جیا دەبنەوە؟ کە جیابوونەوە چییان دەوێ؟ کەس باسی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەکردووە لە باڤاریا،ئیدی بۆ پەنا بۆ نموونەیەکی ناجۆر دەبەن.

 ئـیمڕۆ ٣ رۆژ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفەراندۆمەکەدا تێپەڕیوە و گەلی کاتالۆنی،بە ڕێژەی %٤٢ بەشداری دەنگانەکە و لەوەش  بە %٩٠  دەنگی بۆ جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەت دا. دیارە پاش ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشە و ڕیگریی و پەلاماردانەی دەوڵەتی دیکتاتۆر و ڕەفتار فاشییەی ئیسپانیا، بەرامبەری ویستی ئازادیخوازانەی ئەو نەتەوەیە ئەنجامی دا.

ئەم باردۆخە ئێستا بۆتە کێشەیەکی گەورە بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەوەی بە یەکێتی ئەوروپا ناسراوە. ئەو وێنانەی هێرش و شاڵاوی دڵڕەقانەی پۆلیسی ئیسپانی و بریندارکردنی زیاتر لە ٩٠٠ کەس بە دنیادا بڵاوبۆوە، باشترین بەڵگەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بێ ڕێزییە بە مافی کەمەنەتەوە،کە وڵاتێکی ئەوروپایی و ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامی دا.

ڕێگەدان و بێدەنگی و ئارام گرتن بەرامبەر بەم ڕەفتارەی مەدرید، دەبێتە مۆدێلێکی خراپ لە ئەوروپا و ڕەنگە بە شێوازێکی ناشارستانی لە شوێنانی تریش بڵاوبێتەوە و دووبارە بکرێتەوە.

شایانی باسە، دەبێت ئاماژە بەوەش بدەن،کە کاتالانییەکان ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بە بایەخەوە هەڵسەنگاندوو و وەک سەرچاوەی ئیلهامبەخش بۆ پرۆسەکەی خۆیانیان خەمڵاند.

یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا دەیەوێ وەک کێشەیەکی ناوخۆی ئیسپانیا لەم پرسە بڕوانێ و پێیان وایە، کاتالۆنیا پێشێلی پرنسیپی دەستووری ئیسپانیایان کردووە. لە کاتێکدا بنەماکانی دەستوور و کۆنتراکتی یەکێتی ناوبراو بە هیچ یاسا و ڕێسایەک ئەو دۆخانەی ڕێک نەخستووە،گەر بێت بەشێک لە وڵاتێکی ئەوروپایی ویستی جیابێتەوە و سەربەخۆ بێت،چۆن مامەڵەی لەتەکدا بکات. دوا بنەما و بەندی ناسراو بە Prodi-Doktrin 2004 ی  لە  بەندی (٤٩)ی دا رێگە دەدات بەوەی دەوڵەتی کاتالۆنیای چاوەڕوانکراو بێتە ئەندام چونکە بنەماکە دەڵێ: هەر دەوڵەتێکی ئەوروپایی دەتوانێ ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، تا ئەو شوێنەی باوەڕی  بە هاکانی مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی و دەوڵەتی یاسا و مافی کەمینە هەبێت.

لەبەردەم ئەم بڕگە یاسایی و دەستوورییەدا،کاتالۆنییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی تر دەبنەوە، ئەویش هەر بڕیاری بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، دەبێ بە کۆدەنگ وەرگیرێ. ئالێرەدا دەوڵەتی ئیسپانیا ڤیتۆی خۆی بەکار دێنێ و ڕێگری دەکات.

شایانی ئاماژە پێدانە،ئیسپانیا لەبەردەم دوو ئەگەردایە” یان دەبێت ئامادەیی بۆ گفتۆگۆ و پەسەندکردنی ئەو پرسە ئازاد و دیموکراسییە بکات.یاخود وەک ئەوەی تا ئێستا لە ڕیگای پۆلیسەوە ئەنجامی داوە درێژەی پێ بدات. کاتالۆنییەکانیش دەکەونە بەردەم گرتن و زیندانی و سزادانەوە،بەس پێ ناچێ کۆڵ بدەن و جۆک دابنێن.

وەک دەزانین هەر شنەی شەماڵێکی ئازادیی و گۆڕانکاریی  هەڵبکات، لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێ کێشە نەتەوایەتی زەق دەکاتەوە.ئەو کێشانەی بە مەبەستی سیاسی و لەژێر پەردەی تاریکی دەستەواژە جوانەکاندا تاسێندراون.

ئەوروپاش ئەو کیشوەرە جوگرافییەی گۆی زەوییە،کە گەیشتۆتە بەرزترین پلەی پێشکەوتن. لەتەک ئەم هەقیقەتەشدا، هێشتا بە کۆمەڵێ دەرد و پرسی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێ و کۆمەڵێ مین لەژێر پێیدا بۆ تەقینەوە ماوە. بەهێزترین بزاڤ،کە مەترسی لەسەر ئەوروپا دروست کردووە و دەکات، کێشە نەتەوەییەکانە. یان دەبێت چارەسەر بکرێن ،کە چارەسەریش کران ئەوسا نەخشەیەکی نوێمان بەرچاو دەکەوێت. یاخود دەبێت هەردەم چاوەڕێی نائارامی و ناسەقامگیری  بن و بکەونە پارادۆکسەوە لەگەڵ بنەما و دروشم و دەستەکەتەکانی خۆیاندا.

ئەوەی بە گرنگ دادەنرێ، لە میانەی ئەم رووداوە مێژوویەدا،ئەوەیە پرسی سەربەخۆیی کاتالانیا سەرنجی جیهان و بەتایبەتی ئەوروپا بەلای ئەو کۆمەڵە بزووتنەوە جیاخواز و سەربەخۆویستەدا شکانەوە،کە هەم ئەمان فەرامۆشیان کرد بوو، و هەمیش خەڵکەهایەک پێی وابوو ئەوروپا بەهەشتە و هەر کەس و نەتەوەیەک تێیدا بەختەوەر و بە دوا هەواری ویستەکانی گەیشتووە. لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە پرسە نەتەوەییەکان چەند پەراوێزیش بخرێن و سەردەمانێ گرنگییان پێ نەدرێ،لێ هەرگیز خامۆش نابن و ناکوژێنەوە و ڕاناوەستێندرێن. لە سەروو ئەمانەوە ئەم بارودۆخەی ئێستا لە وڵاتی ئیسپانیا دەیبینین و ئەو چەند وڵاتەی تر کە لە خوارەوە ئاماژەمان پێداون،ئەوە دەسەلمێنن،کە سیستەمی دیموکراسیس نەیتوانی تا ئێستا چارەسەی کێشە نەتەوەییەکان بکات،چونکە بانگاشەکەرانی دیموکراسی نەیانتوانییوە، دەستبەرداری بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان بن و ئەو سەڵتەنەتەی پێی گەیشتتون، ـ دیارە لەسەر هەژماری خەڵکی دیکەیە ـ نایانەوێ لێیان تێک بچێ.بەڵێ تا ئەو شوێنە دیموکراسین کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ناوبراو بە ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان نەکەوێتە بەردەم مەترسی.ئەو کات دیموکراسییان لە بیر نییە و نایانەوە. دێڤید کامیرۆنی سەرەک وەرزیرانی پێشووی بەریتانیا،دوای چەند روداوێکی تیرۆریستانە لە وڵاتەکەیدا ڕوویدا، وتی: کاتێ وڵاتەکەم دەکەوێتە مەترسیییەوە،پرسیاری دیموکراسیم لێ مەکەن.

من بە کورتی ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتەتان پێشکەش دەکەم، کە رۆژنامەی دێر تاگە شپیگلی ئەڵمانی لە رۆژی ١/١٠/٢٠١٧ دا ئاماژەی بە بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکانی ئەوروپا کردووە.

دیارە دوای شڵەقانی باروودۆخەکە، لەڕێی ئەم گشت پرسییەی کاتالۆنیاوە، جارێکی دیکە دەنگ و رەنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی، هاتەوە سەر شانۆی جیهان و سەلمێندرایەوە، هیچ هێزێک ناتوانێ  بەری پێ بگرێ و هیچ سەردەم و قۆناغێکیش نایکوژێت.

بنۆرە ئەم کورتە ئینفۆگرافیایە،لەسەر ئەو کێشانەی ئاماژەمان پێداوە..سەرچاوە رۆژنامەی دێر تاگە شپیگلی ئەڵمانی.

 

کاتالۆنیا:

خەباتێکی مێژوویی دورودرێژی کاتالانی، دژ بە حکومەتی ناوەندی مەدرید هەیە. لەسەردەمی فرانکۆی دیکتاتۆردا، ئەم ناوچەیە،قەڵای بەرەبەرەکانی بووە.

ساڵی ٢٠١٢ نزیکی ١،٥ ملیۆن کاتالانی لە کۆی ٧،٥ ملیۆن خۆپیشاندانێکیان سازدا، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان. کاتالانییەکان وا هەست دەکەن لە لایەن مەدریدەوە پەراوێز خراون و زیانیان پێ گەیشتووە. بەتایبەت دەبێت باجێکی زۆر بدەن بە مەدرید. بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کاتالانیا کۆمەڵە و پارتە کۆنپارێز و چەپە گەنجەکان پێکەوەن.

وڵاتی باسک:

 باسک گەلێکی Pyrenäen کە زمانێکی سەربەخۆیی خۆیان لە ئیسپانی و فەرەنسی هەیە.خەڵکەکەیان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە باسکی قسە ناکەن. لەسەدەمی فرانکۆدا باسکەکان چەوساونەتەوە. لە سەردەمی  ETA،دا ٨٥٠ کەس کوژران و حکومەتی ئیسپانی زۆر بە توندی لە دژی باسکەکان بوو. ئیتا خەڵکێکی زۆر مەیلییان بەلایدا هەبوو. ساڵی ٢٠٠١ پارتی سەربەخۆخوازیBatasuna ی قەدەغە کرا.ئیتاش ساڵی ٢٠١٧ دەستبەرداری چەک بوو.

سکۆتلەندە:

٢٠١٤ ڕیفەڕاندۆمی کردو سەرکەوتوو نەبوو. ئەمانەپشتیان بەستووە بەو نەوتەی دەکەوێتە  کەناری دەریای وڵاتەکەیان. دوای کشانەوە/Brexit ی بەریتانیای مەزن لە ٢٠١٦ دا،جارێکی دیکە بابەتە هاتۆتەوە پێشەوە و زۆربەی سکۆتی دەیانەوێ ببنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا//EU، سەرۆکی نوێ پارتی ناسیۆنالیستی سکۆتی SNP، بە سەرۆکایەتی Nicola Sturgeon،داوای سەربەخۆیی دەکات.

باکووری ئیرلەندە:

تا ئێستا دیوار کاتۆلیکی و پرۆستانتی لە باکووری ئیرلەندە بەلفاست لێک جیا دەکاتەوە. لەکاتێکدا کاتۆلیکە ئیرییەکانی لایەنگری Sinn Fein چەپی ناسیۆنالیستن. کەچی پرۆتستانەکان لایەنگری پارتی پادشایی سەر بە کۆشکی شاهانەی پادشایەتی ئینگلیزن.

ڕێکخراوی IRA، کە دابەش بووە بەسەر مارکسی و کاتۆلیکی چەپی دا،ساڵانی ساڵ دژی ئینگلیز شەڕیان کردووە. ساڵی ١٩٩٨ گەیشتنە ڕێکەوتن.  سەرلەنوێ سنوورەکان بۆتە کێشە و ئیرییەکان دەیانەوێ لە یەکێتی ئەوروپادا بمێننەوە.

دورگەکانی فۆڕەر و گرینلاند:

ئەم ناوچانە سەر بە پادشایەتی دانیمارکن،نەک یەکێتی ئەوروپا. هەردوو لا خۆیان ئیدارەی خۆیان دەکەن و هەر لایەکیان سەروو دوو ئەندام پەرلەمانیان لە کۆپنهاگن هەیە. گرینلاند بەردەوام گوشار دروست دەکات، داوای ئۆتۆنۆمی زیاتر و بگرە دەوڵەتیش دەکەن. بێ هیچ بەرنامەیەکی خۆشەویستانە و دۆستانە لەگەڵ بروکسل دا. گرینلاند کراوەیە بۆ وەربەرهەمهێنان و ساڵی ٢٠١٣ یەکێتی ئەوروپا داوای کرد مافی کار بە چین نەدا.

کۆرسیکا:

زیاتر لە پەنجا ساڵە لەم دورگەیەدا، کە لە ١٧٦٩ سەر بە فەرەنسایە، پەلاماردان هەیە لە لایەنی جیاخوازەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە، کە بزاڤی رزگاریخوازی کۆرسیکایی ئاشتیخوازیش بووە. ڤیلای فەرەنسییەکان، خانووون گەشتوگوزار، بانکەکان، بەر شاڵاو دەکەون . ساڵی ٢٠٠٣،%٥١ کورسیکی دژی سەربەخۆیی بوون. جیاخوازەکانFLNC وازیان لە زەبروزەنگ هێنا و لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ٢٠١٥ دا، لیستی ناسیۆنالیستە کورسییەکان بەهێزترین بوون.

بەلژیکا:

هەرای نێوان فلامی و ڤالۆنی لە ٢٠١٠ دا،بووە هۆی ئەوەی وڵاتی بەلژیکا، بۆ ماوەی ساڵێ بێ حکوومەت بمێنێتەوە. لێرە بەشێکی تەنیا لەسەر مەسەلەی زمانە. لە فلاندی لە بەشی هۆڵەندی بەلژیکا،فلامی قسە دەکەن،لە ڤالۆنی زیاتر فەرەنسی دەئاخڤن.بەلژیکا وڵاتێکی فیدڕاڵی بە ئۆتۆنۆمییەوە. لەگەڵ برۆکسلی پایتەختی مولتی کولتی(فرە کولتوور). فلامەکان دەڵەمەندترن لە ڤالۆنییەکان و زۆریان نایانەوێ بە پارەکانیان یارمەتی  ڤالۆنییەکان بدەن. لە ئێستادا فلاندەرە ناسیۆنالیستە میانڕەوەکان حوکم دەکەن و هاوپەیمانی Nieuw-Vlamese .

باکوری ئیتالیا:

لە ساڵی ١٩٨٠ دا پۆپۆلیستی ڕاسڕەو Lega Nord داوای جیابوونەوەی باکوری ئیتالیای لە باشوور کرد. سەرۆکی پێشووی پارتەکە Umberto Bossi نەخشەی دەوڵەتێکی ئایدیالی Padanien داڕشتووە، کە ئەم ناوچانە لە خۆ دەگرێت:Friaul-Julisc  ,Venetien,Lomburdi,Piemont,Liguriern,Trentino-Südtirol,Emilia-Romaga &Aostatal. لە ساڵی ٢٠٠٣ وە  ئەم پارتە  Piemont,Lombardie, Venetien ل Lega ە حوکم دەکات. لە دەوروبەریVenetien  چالاکی و هەوڵ هەیە،کە داوای دەوڵەتۆکەیەک دەکەن. بانگەوازی فیدڕاڵیزم دەکەن ـ لەوە دەچێ سەرکەوتوو نەبن.

 

باشووری تیرۆڵ:

باشووری تیرۆڵی ئۆتریش / نەمساوی ساڵی ١٩١٨ خرایە سەر ئیتالیا.لە ساڵی ٦٠ دا کۆمیتەی ڕزگاری لە باشووری تیرۆڵ وێستگەی ئەلەتریکی تەقاندەوە. ساڵی ١٩٧٢ ڕۆم ئۆتۆنۆمی دا بە خەڵکە زمان ئەڵمانەکانی و ١٩٩٢ فراوانتریان کرد. باشووری تیرۆڵ سەر بە ناوچەیەکە،هاوکاری  باشووری ئیتالیایە. لەوەتەی رۆم بە هۆی قەیرانی دارایی داوای پارەی زیاتریان لێ دەکات، بانگاشەی سەربەخۆیی/ جیاخوازی بڵندتر دەبێتەوە. پارتی ئازادی باشووری تیرۆڵ کە داوای دەوڵەتی خۆیان یاخود یەکگرتنەوە لەگەڵ ئۆتریشدا دەکەن.

بۆسنییە:

دوای ١٩٤٥ کۆسۆڤۆ هەرێمێکی یوگوسلاڤی بوو،کاتێ یوگوسلاڤیا هەڵوەشایەوە،کۆسۆڤۆ سەر بە سەربستان بوو. کۆسۆڤۆ ئەلبانییەکان سووربوون، لەسەر ئەوەی دوای ئەوەی ١٩٩٩ لەلایەن ناتۆ و، وە پشتیوانیان لێ کرا ساڵی ٢٠٠٨ بانگی سەربەخۆییان دا. زۆرینەی سەربەکان کۆسۆڤۆیان بەجێهێشت. لە باکوور جڤاتێکی سەربی هەیە خۆیان دەبەن بەڕێوە. ئەوانیش وەک کۆمۆنیستەکان دەیانەوێ بچنەوە سەر بەلگراد. لە وڵاتی درواسێی ماکەدۆنیا، ئەلبانییە ناسیۆنالیستەکان شەڕی Skopie دەکەن.

ترانسترین:

ئەم ناوچەیەش پارچەیەکی لەپاش هەڵوەشاندنەوەی شورەوی دەرکەوتووە. لێرە زۆرینەیەکی رووس و ئۆکرانی دەژین.پێوەندییان بە خەڵکی ڕۆمانی زمانی مۆلداوەوە نییە. لەوە دەترسن ببەسترێنەوە  بە بەشی رۆژئاوا و بخرێنە سەر دەوڵەتی سنووری ڕۆمانیا. هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی یوگوسلاڤیا رووس و ئۆکرانی و بولگاری (سلاڤەکان) زمانی رۆمانییە مۆلداڤییەکان  نایانەوێ سەر بەم لایەنە بن و پشت لە رووسیا بکەن، کە لە ترانسترین هێزەکانی رووسیای لێیە.

ئۆکرانیای رۆژهەڵات:

لە ٢٠١٤ وە لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، شەڕە لە نێوان حکومەتی دروستکراو لە لایەن کیڤەوە دژی یاخییەکان کە لەلایەن رووسیاوە پشتیوانییان لێ دەکرێ. زۆرجار فلادیمێر پۆتین، تسارەکان و سەردەمی کۆمۆنیست جیاخوازەکان دەیانەوێ شارە پیشەسازیەکان دۆنیسک و لۆگانیکس ی خۆیان بەرن بەڕێوە،کە سیاسەتی لە پایتەختی ئۆکرانیاوە وەردەگرن. دادگای ئۆکرانی هەوڵی دا زمانی رووسی لابەرێ.چەند ملیۆن ئۆکرانی خۆیان بە رووس دەزانن.

کریم/ قرم:

شورەوی هەرەسی هێنا و بەشە ئۆکرانیا ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند.کرم تا ١٩٥٠ هێشتا سەر بە ڕووسیا بوو و دانیشتوانەکەی زۆرینەی خۆی بە ڕووس دەزانێ. ئەم نیوە دورگەیە ساڵی ١٩٩٢ ،ڕایگەیاند بۆتە  کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی لە ئۆکرانیا. زمانی فەرمی ئۆکرانی و رووسی و کیریم تاتاریە. مانگی ئازاری ٢٠١٤ کاتێ لە کییڤ لایەنگرانی یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ، بەردەوام بوون سەربازە رووسەکان پشتیوانی ریفەراندۆمیان کرد. جیاواز لەوەی کۆسۆڤۆ، ئەڵمانیا دانی بەم جیابوونەوەیەدا نەنا.

من وەک کوردێک بە هەموو هەست و نەست و باوەڕم پشتیوانی لە سەربەخۆیی ئەم نەتەوەیە و هەموو نەتەوە بندەستەکانی دیکەی دنیا دەکەم. پیرۆزە خەباتی ڕەوا و ئامانجی دروستی کورد و کاتالۆنیا بۆ سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون. لێرەشدا بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێم،سەربەخۆیی کاتالانیا،دەبێتە سەرەتای گەورەترین وەرچەرخان لە ئەوروپادا،بە دیمەنی نەخشەیەکی سەرلەنوێ داڕێژراوەوە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کاتالۆنیا بڕوانە:

http://www.pasok.eu/default.aspx
سەرنج: بۆ نووسینی ئەم وتارە، سوودم لە داتاکانی چەند رۆژنامەیەکی ئەڵمانی وەرگرتووە.

کاتالۆگ