مەسعوود محەمەد و بەرهەمێکی لەبیرکراوی،  هەڵۆ بەرزنجەیی

کوێرەوەی ژیانی بندەستی کورد لەوەدایە، ئەوە سەدەی ٢١ یەکە و با دەیان ئامڕاز و هۆکار و ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆژی هەبێت، کەچی هێشتا تاریکی و لێڵی لەسەر  لاپەڕەکانی مێژوو و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی و زۆر بواری دیکەی ژیانی نەڕەویوەتەوە.

هەلومەرجی سیاسی و هەڵکەوتی پرسی نەتەوەیی کورد، بەوەی خاوەن دەوڵەت و دامودەزگای تایبەتی ئەرشیڤ و پاراستنی سامان و کەلەپووری نەتەوەیی خۆی نییە، بارودۆخێکی وای بە درێژایی مێژوو خوڵقاندووە، چارەنووسی سیاسی نادیارە و ئابووری تاڵان دەکرێ و جڤاتی دەشێوێندرێ و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی بەردەوام، لەبەردەم شەپۆل و شاڵاوی فەوتان دایە و زۆرجارانیش تۆزی فەرامۆشی لێ دەنیشێ.

کەم شاعیر و نووسەر و خاوەن بەهرەی کورد هەیە،  بێ کەلێن و کەموکوڕی سەرجەم بەرهەمەکانی لەبەردەستدا بێت.

 کتێبێکی وەک شەرەفنامە، تا ئێستاش بە تەواوی نەخراوەتە بەردەست و نازانین ئایا چەند بەشە و چەندی دیار نییە؟!. دوورتر بڕۆین زەردەشت و ئاڤێستاکەی کورد و بە کوردی بووە؟ یان نا؟ بابە تاهیری عۆریان چی بۆ بەجێێشتووین؟ دەیان پارچە شیعری شاکاری نالی بۆ بێ سەروشوێنن!. نازانرێ خانی  چەند بەرهەمی ونبووە؟. حەسەن زیرەک چەند گۆڕانی  وتووە و تۆمار کردووە؟. حاجی قادر کەی لە دایک بووە و فڵان لە کوێ لە دایک بووە و ناوی ڕاستەقینەی چی بووە ؟ ئەوی دیکە بۆ ئاوارە بووە و نیشتمانی بەجێهێشتووە؟ و زۆر پرسیارگەلی دیکەی لەم چەشنە. کە ساڵانێکە بۆتە جێی مقۆمقۆی ڕۆشنبیرانی کورد، بەردەوام بەرۆکمان بەر نادات و هەر دڕێژەی هەیە.

دەزگایەکی لێهاتووی خاوەن ئیمکانێتی باشی وەک دەزگای سەردەم و بنەماڵە و هاوڕێیانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، بە هەموویان  لە ٩ بەرگی ژیکەڵە و ڕازاوە و چاپێکی نایاب دا، شیعرەکانی ئەو کەڵە شاعیرەیان کۆکردۆتەوە و بڵاو کردۆتەوە. بەشێکی باشی  خودی ڕەوانشاد کاک شێرکۆ سەرپەرشتی کردووە، کەچی هێندەی بەندە ئاگادار بێت زیاتر لە ٣ تابلۆ شیعری شاکاری پڕ لە مانا و گرنگ لە دیوانەکانیدا نییە. ڕەنگە خوێنەری دیکەش هەبێت، ئاگای لە بەرهەمی دیکەی هەبێت، کە لە دیوانەکەدا نابینرێتەوە. ئەمەش ئەوپەڕی ناهەقییە بە گیان و بەرهەمی ئەو کەسە و زیانێکە بە ڕۆشنبیریی کوردی دەگات.

لێرەدا ئاماژە بە  بەرهەمێکی نازداری مامۆستا مەسعوود محەمەد دەکەم،کە لە دوو بەرهەمی بڵاوکراوەی ناوێزە دا، بەداخەوە بەرچاو ناکەوێت.

کتێبی یەکەم:

کەوچکێک شەکر بۆ قاوەی تاڵ

 

 

کتێبی ئاراس ژمارە ١٠٠٠،  چاپی یەکەم ٢٠١٠،چاپخانەی ئاراس هەولێر،٥٥٧ لاپەڕە.

سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، کە دەزگای ئاراس لە تەمەنێکی کورتیلەی خۆیدا، بەسەرپەرشتی بەڕێز بەدران ئەحمەد، توانی خزمەتێکی بێ شومار پێشکەش بە ڕۆشنبیریی و کتێبخانەی کوردی بکات.

لە چاپدانەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعوود و کۆکردنەوەی وتار و نووسینەکانی لە دووتوێی کتێبی ناوبراودا لەسەرەوە،لە زنجیرەی خزمەتە دیارەکانێتی.

کتێبی کەوچکێک شەکر بۆ قاوەی تاڵ،ئەم ناونیشانە لە ناونیشانی وتارێکی مامۆستاوە وەرگیراوە و (٢٨)، وتار و لێکۆڵینەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی مامۆستا مەسعوود لە خۆ گرتووە.

کارێکی جوان و خزمەتێکی بەرز، چونکە هەم بەرهەمە پەڕش و بڵاوەکانی مامۆستای کۆکردۆتەوە و هەمیش سەرچاوەیەکی سەرومڕی بۆ خۆێنەر ئامادە کردووە.

چاپێکی جوان و بەرگێکی ڕازاوە.

کتێبی دووەم:

بیبلیۆگرافیای مەسعوود محەمەد

زامدار ئەحمەد

 

 

چاپی یەکەم ٢٠١٧،خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا زنجیرە ٤٩٧ سلێمانی ١٩٢ لاپەڕە.

ئەم کتێبە نووسەری لاو کاک زامدار ئامادەی کردووە، وەک رێبەڕییەک بۆ خوێنەرانی مەسعوود محەمەد. بەڕاستی دڵ و چاوی هەمووان بەم بەرهەمە ڕۆشن بۆوە و کارێکی ورد و سەنگینە، نووسەر لە چوار تەوەردا ئاماژە بە بەرهەمەکانی مامۆستا مەسعوود دەکات:

 ١). کتێبەکان، ٢٢ ، کتێبی مەسعوود محەمەد دەخاتە بەرچاوی خوێنەر بە وێنەی بەرگەکانییەوە و کورتە ڕونکردنەوەیەکیشی  نووسیوە بۆ هەر یەک لە کتێبەکان، لەمەڕ ناوەڕۆکەیانەوە.

٢). گوتارەکان،ئاماژەی داوە بە ٤٧ گوتار و شوێن و ساڵی بڵاوکردنەوەیان.

٣). دیدارەکانی مامۆستا مەسعوود و دوو کتێبی، کە وەک هەڤپەیڤین بڵاو کراوەتەوە. تێکڕا ٩ دیدارن.

٤). ئەو کتێبانەی لەمەڕ مەسعوود محەمەدەوە نووسراون، ژمارەیان ١٢ دانەیە.

دیارە هەردوو لا، بەتایبەت کاک زامدار،وەک تەنیا باڵێک زەحمەتێکی زۆری کێشاوە و سۆراخ و پشکنینی زۆری کردووە،ئەوجا توانیویەتی ئەو بەرهەمە پێشکەش بکات. کاک بەدرانیش ئەوپەڕی دڵسۆزی گرتۆتە ئەستۆ و  نیشان داوە.

بەڵام بەداخەوە، هەردوو کارەکە لە کەماسی بێبەش نین.

بە باوەڕی بەندە، دەرفەتی ئەوە هەبوو،وە هەیە، ئەو کارانە تێروتەسەل تر بوونایە و هەموو بەرهەمەکانی مامۆستایان لەخۆ بگرتایە.

منێک،کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ و سەرەتای ١٩٨٠وە،کەوتووم بەسەر گەنجینەی زێر و زیو و یاقووتی نووسینی مامۆستا مەسعوود و ئاشنایەتم لەگەڵ پەیدا کردووە. ئیدی لەو ساتەوە،مامۆستا هەرچی نووسیبێ بە کوردی و عەرەبی، لە کتێب کڕیومە و پەیدام کردووە. وەک مێمڵێک هەرچی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوبکردایەوە، پێم بزانیایە، پەیدام دەکرد و کۆپییەکم لێ دەپاراست.

بارودۆخێکی نالەبار و گەورەتر لە ئیرادەی خۆم، پەڕاگەندەیی ئاوارەیی و دەرەوەی نیشتمانی کردم. ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانەم هەموو جێهێشت. دواتر برا و کەسوکار و هەندێ لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم، ئەو شتانەیان جارێکی تر بۆ پەیدا کردمەوە و دەستم کردەوە بە کۆکردنەوەیان. دیارە هەر ئەوەم دەست کەوتووە، کە لێییان ئاگادر بووم.

ئەوەبوو دواتر،بەخت یارم بوو دۆستایەتی و پێوەندی ڕاستەوخۆم لەتەک مامۆستا گەورە مەسعوود محەمەد دا پەیدا کرد. هەرچیم لەگەڵدا باس بکردایە و هەیبوایە بۆی دەناردم. تەنانەت وتارێکی کە لە کۆڕێکدا بۆ د. کەمال مەزهەر ساز دراوە، لە زانکۆیەکی بەغدا، بە زمانی عەرەبی بۆی ناردم. منیش پێش چەند ساڵێ دامە برای خۆشەویستم کاک حەکیم  کاکەوەیس تا بیکاتە کوردی،  سەرکەوتوانە کردیوویەتی و بڵاوکردۆتەوە.

بەم جۆرە بوومە خاوەنی ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی بڵاوکراوەکانی مامۆستا. هەردەمیش بەشی دۆستە نزیکەکانم  و خۆشەویستانی مامۆستا مەسعوودم داوە.

ئەوەی لێرەدا دەیخەمە بەرچاوتان، وەک لە بیرم بێت لە پاشکۆی عێراق دا بڵاوکراوەتەوە.لێ بەداخەوە من ژمارە و رۆژی بڵاوبوونەوەیەکم لەسەر نەنووسیوە،یان کاتێ بۆم هاتووە لەبیریان چووە لەسەری بنووسن. هەوڵێکی بێسومارم دا بۆ ساخکردنەوەی ئەم نووسینەوە و دۆزینەوەی سەرچاوە و ژمارە و  رۆژەکەی چ لە کوردستان و چ لە ئەوروپا. گەلێ دۆست و ئازیزم لە خوێنەروار و کەسایەتی جۆراوجۆر  ڕاسپارد،کەس بۆی ساخ نەبۆوە. بەداخەوە وا منیش تووشی هەمان دەرد بوومەوە. دوایی ئەوە ماوەیەکی زۆرە هەر چاوەڕێ بەشێک لەو گفتانە دەکەم کە پێم درابوو. هەر نەبوو. دوای نائومێدبوون  بڕیارم دا بەم شێوەیەش بێت بڵاوی بکەمەوە بەڵکە بێتە هاندەر و مۆتیڤێک کەسێک بەدواداچوونی بۆ بکات سەرچاوە و ژمارە و رۆژەکەی بدۆزێتەوە. ئەگەر هاتوو بەرهەمەکانی مامۆستا چاپکرانەوە یان کەسێک کاری لەسەر بکات، با ئەمەشی لەبەردەستدا بێت. بە کورتی مەبەستم بوو، لە فەوتان و لە بیرچوونەوە رزگاری بکەم.

 داوای لێبووردن لە گیانی بەرزی مامۆستا  و خوێنەران دەکەم،کە لەم پەڕاگەندەییەوە،نەمتوانی کارەکەم بێ کێماسی پێشکەش بکەم و دوای شەکەتی و تکاری زۆم لە ئازیزانم دیسان نەمتوانی تەواوی شتەکان ساخ بکەمەوە.

ڕەنگە زۆر خوێنەر ئاگاداری ئەوەش نەبێت مامۆستا مەسعوود چیرۆکی نووسیوە. ئەم چیرۆکە یەکێکە لە نووسینە هەرە نایابەکانی مامۆستا مەسعوود، بە زمانێکی ساتیر و ستایلێکی گاڵتەپێکردنەوە، بارودۆخی ئەو دەڤەرەی ئێمە ژیانمان تێدا دەگوزەران دەخاتە ڕوو.

لێرەدا پێشکەشتان دەکەم.

 

 شەوی یەکەم گڕوگاڵی نێوەچڵ

    مەسعوود محەمەد

 

دوای بڕیاری یەکجارەکی ئنجا هەڵوەستی کرد و نەختێک ڕاما: دوو دڵی پێ ناوێ، بڕیارە و داومە…دامنا پێم نەنووسرا چش خۆ کەسم لێ شایەد نییە.با جارێ قەڵەمەکەم پڕ بکەم..

بە کاغەزێکی تەنک نووکەکەی سڕیەوە و سەری دوێتەکەشی داخستەوە و بردیەوە بۆ شوێنی خۆی لە چاوی کۆمەدینەکە: ئێرەی سەلامەتترە.وەک چۆێلەکە چۆوە هێلانەی خۆی.

ویستی دامەزرێ:

ها کاغەزم لەبیرچووە:

نەختێک بیری کردەوە لە جۆری کاغەز:کامیان لەبارترە بۆ چیرۆک..لەمەوبەر چیرۆکی نەنووسی بوو، لە تەبیاتی  شارەزا نەبوو.. خەیاڵێکی بەدڵدا تێپەڕی: دەفتەر بەبەریەوە هەیە بۆ چیرۆکی کورت و درێژ، هەر دەبێ پەڕەکانی هەڵدەیتەوە.

گورج گرفتە ئەزەلیەکەی دەفتەری هاتەوە بەرهەست:چۆن پەڕەکانی وەردەگەڕێنەوە سەر دەست و قەڵەم:” خۆ بە وتوو دەقی ناشکێنم”.

چوو بۆ کاغەزی ئەرزوحاڵ: لە دوو هەنگاودا وەستا: کاغەزی لووسی بێ خەت دێڕی نووسینی لەسەر خوار دەبێتەوە زەوق تێک دەدا.

پتر فکری کردەوە:

دەبێ تەرکیزم هەبێ،خەست خەست لێک بدەمەوە..ئەمەیان چیرۆکە خۆ گوتار و ڕەخنە نییە لێی ڕاهاتبێتم…نەخێر دێڕی خوار و خێچ بەسەر کاغەزی بێ خەتەوە دەست نادەن، ئەلبوومەکە لە هەمووی باشترە..هەتا دەرفەت دەبێ کاغەزی خەتدار پەیدا دەکەم.. ئەویش دەڵێی جنۆکەیە رۆژێک هەیە دوان بزرە..بازاڕم سەروبن کرد چنگم نەکەوت..عەینەن وەک هێلکە و مێوە چاوشێرکێ دەکا..بەزیادم نەکرد.. ئەلبوومی لە هۆڵەوە هێنایەوە: ” دارای برام بردبووی بۆ کاغەز نووسین: سبەی یەکێکی دیکە،کوڕە دووی دیککە دەکڕم بەشی هەموان دەکەن..گریمان تا دوو هەفتە کاغەزی خەتدار چنگ نەکەوت..

کەرستەی نووسینی رێک خست و شوێنێکی هەڵبژارد بەرەو پەنجەرەی سەر باغچۆڵە بچووکەکەی پشت ماڵەوە بێ: ” ئێرە چاکە هەر جارە پشوو  بدەم سەیرێکی دەرەوە دەکەم پێی دەحەسێمەوە..چاویش حەسانەوەی دەوێ،خۆ هەر مێشک ماندوو نابێ..بەڕاست،بۆ شەو گڵۆپم لێ دوورە..ئەم گرفتە چۆن چار بکەم!واز لە باغچۆڵە بهێنم؟دنیا لە خۆت وەتەنگ مەهێنە گڵۆپێکی سەییار لەسەر مێزەکە دانێ،بۆ جاری وەها نەبێ بۆچی چاکە؟.

گڵۆپێکی هێنا لە پلاکی تەنیشت دەرگای نزیک خۆیەوەی خست..گڵۆپەکەی بەلای دەستە ڕاستییەوە لەسەر مێزەکە دانا:

دەڵێن دەبێ ڕووناکی لە ڕاستەوە بۆ سەر کتێب بێت چاو پێی خۆشترە. بەڵام ئەم پەندە زووبەزوو بەتاڵ بۆوە:سێبەری دەستی دەهاتەوە بۆ سەر کاغەز و لێی تاریک دادەهێنا:” چار نییە دەبێ گڵۆپ بەرەو ڕووم بێ”.

گڵۆپی ڕاکێشا بۆ ناوەندی مێزەکە،بەلای ڕۆخی ئەو بەریەوە..وایەری گڵۆپەکە کورت بوو،وەک ڕستەی چلک فووتیک لە ئەرز بەرز بۆوە..”همم!! رێی هاتوچۆی ناخۆش کرد.. باشە لەخۆم بەلاوە کەس نایەتە ئەم ژوورە،ئەوی بێتیش خۆ چاوی دەبینێ..کوڕە خۆم ئاگاداری دەکەمەوە..کێ دێ؟”.

خۆی لەسەر کورسییەکەی دامەزراند و قەڵەمی بە دەستەوە گرت:لە دەرووندا هەستی ئەو شۆڕە سوارەی دەکرد کە یەکەم جار بەرەو مەیدانی جەنگ دەکشێ..قەڵەمی برد بۆ سەر کاغەز..نووکەکەی وەک نووکە ڕم نایە سەر سنگی دوژمن:

چیت لێ بنووسم؟وا باشە خۆم لە سیاسەت نەدەم،بابەتی عادەتی زۆرە سەرێشەی تێدا نەبێ..ئنجا بیسمیللا..مەعیەن نووسەرانی دیکەش هەر وەها دەست پێ دەکەن:سەرەتایەک ڕێک دەیەخن و وردە وردە لە خۆوە دەتەنێتەوە..هەڵکەوت لە دەوروبەر گرێ دەدرێ و ئەوەی دەبێ دەبێ..چیرۆک وەکوو وتووێژی عادەتی خوێندووشمەتەوە دەڵێن سەرەتا لەخۆوە ڕچە دەبەستێ..هەر دەشبێ وەها بێ نەخۆ کەس لە پێشەوە هەموو چیرۆکەکە بە دڵی خۆی دا تێ پەڕێنێ..خۆ سنگیان لەوحەلمەحفووز نییە..دەسا وەهاشیان نەکردبێ من وەها دەکەم..یاڵڵا..

“کارەبا کوژایەوە..لەپڕ لەرزی و کوژایەوە..کوژانەوە عادەتی شەوانەی کارەبا بوو..”.زۆر چاکە..دزێک پەیدا بکەم؟دز ئێسکی قورسە..چی باشە..چی باشە..ئا..ئا..دۆزیمەوە..”گوڵێ بە پێ کوتە لە تاریکی دا بەرەو مۆمدانەکە..”..بۆچی گوڵێ بچێ بۆ مۆمدان؟کەس نەبو ئەو نەبێ؟با ئەویان قارەمانی چیرۆک بێ..قارەمانەتی مێ یینە..هەل زۆرە بۆ قارەمانەتی دیکە..جیرانەتی..خزمایەتی..ناکۆکی..دڵداری..ئاشتی و هەرچی مەبەس بێ بە پێی دڵخواز پەڕەی تێدا دەکرێ..چونێکی بمەوێ وەهای لێ دەخوڕم..ئەمانە لەدەست خۆمدان..بەڵام خوێنەر دەستی چیرۆکی ناگاتی: دەبێ ئاگام لە مەیلی خوێنەر بێ..ئەی بۆ ئەو نانووسم؟خوێنەری کوردیش وەک دوکانی بەکر و چوار قاڵب سابوون،یان سەر بە چینایەتییە یان قەومایەتی..کەمێکیشی لەناوەڕاستدایە..ئەگەر بە ئارداوێژی چینایەتی بێ دەبێ خەلقی ناو چیرۆکەکە بەگژ یەکدییەوە بنێم:چاوی دەوڵەمەندێک دەبڕمە گوڵێ و شیرباییەکی قورسی لێ وەردەگرم بۆ باوکی گوڵێ و سەییارەیەکیش بۆ براکەی..دڵدارە هەژارەکەش دەڕەتێنم بۆ نائومێدی..خەبات..حەپسخانە..گوڵێ دەمێنێتەوە خۆی بەلایەکدا ساغ بکاتەوە..وەڵڵاهی تیروپشکیی لێ داوێم، خۆ و تالع ،یا بێ وەفا دەردەچێ یا وەفادار..حەز بکەم بۆ وەفاداری خوێندنی بۆ دەکەمە بەهانەی شوونەکردن..با جارێ گوڵێ بمێنێ.. با بزانم بە باری قەومایەتی دا کوێوەم دەبات،مەخسەد من کوێوەی دەبەم..قەومایەتییەکە خەستوخۆڵ بێ بەتامترە، چینایەتیی تێکەڵ ناکەم،خۆ چیرۆک چێشت نییە هەر دەبێ خوێی تێ کرێ..ڕاستە شەقامەکەی کوردایەتی بگرەو مل لێ نێ..هەم خاک هەم زمان هەم مەزهەب هەم دین..چی دیکەش..ئەی کوردی ستەم دیدەیی..هەرماوە ڕیز بە خەلقەکە ببەستم بۆ غەزای قەنەچەلعە..سەرۆکایەتیەکە بۆ کێ بێ؟خۆ من بە سەرۆک ناشێم..فکری بەملاو بەولادا گێڕا..خەیاڵی گوڵێ لەگەڵ سروودی (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم….)بە تۆق و کۆتیەوە یەکیان گرتەوە:

نەخێر بەم دوعایە ناڵێم ئامین..چینایەتی و قوەمایەتی زەق و زۆب دەست نادەن بۆ چیرۆک..لێکیش ناترازێن،هەر تێکەڵ بە یەکدی دەبنەوە..ئەمانە فت! دەبێ عادەتی بۆی بچم..ڕۆژی ئەو خەڵقە لەسەر هیچە بەشەڕ دێن و ئاشت دەبنەوە،نە هوتاف لێ دەدەن و نە دروشم هەڵدەگرن و نە ئەی شەهیدان دەچڕن کەسیش ناڵێ چیرۆکێکی بێ زەوقە یان لایەنە هونەریەکەی کزە..حەمە و حەسەنێک بێنە دڵیان بۆ کچێک چووبێ..کچەش گوڵێ بێ..خوا باشی هێناوە:کوژانەوەی کارەبا دەمی ژووانی گوڵێ و دڵدارەکەیەتی،ئنجا حەمە بێ یا حەسەن.. لەو تاریکیەدا گوڵێ پێی دەگا.. کە وەهای لێ هات دەبێ پێشتر گوڵێ مۆمدانەکەی شاردبێتەوە.. بە برا بچووکەکەی دەڵێ مومێک،چرایەک پەیدا بکا خۆیشی بە پێ دزیلکە بەرەو دەرگای دەرەوە دەڕوا..نەخشەی ڕێگاکەی لە دڵدایە،چاویشی ببەستنەوە بە لووسی دەگاتە بەر دەرگە.. خەڵقەکەی دیکە بەینێک چاویان لە تاریکایی کوتوپڕدا چ نابینن..خەت و شێرێ بکە بۆ حەمە و حەسەن  کامیان دەرچوو گوڵێی پیرۆز بێ..ئەدی ئەگەر گوڵێ بە دڵدارێک ڕازی نەبێ؟کچی وەها هەیە وەک پیاو حەز بە زۆران دەکەن.. بۆ نایەی فێڵ لە گوڵێ بکەی؟ ئەو وابزانێ حەسەن هاتووە بۆ ژوان کەچی ڕێکەوت وەهابێ حەمە لە دەرگا بێ.. پلانێک دەگێڕم حەمە لە مەسەلەی حەسەن خەبەردار بکات و بە فێڵێک خۆی لە جیاتی ئەو بێتە أووانی گوڵێ..خیانەتی گوڵێش ئاشکرا دەبێ: حەسەن گیان بۆت مردووم..حەسەنی چی!! من حەمەم هەی بێ وەفای بێ شەرت..گوڵێ وشک دەبێتەوە..بە نیوە مردوویی وەک مۆمیا دەیبەستێ..نانا ئەمە زۆری بێ رەحمی تێدایە،هەرمابوو کارەباش هەڵبێتەوە و بەجارێ حەیای بچێ..بێ شەرتی لە کوڕان بێ عەیبترە.بێ قەزابم کەی ئەمە چیرۆکە! کارەبا بوو بە قارەمانی نومرە یەک،گوڵێش قارەمانی نومرە دوو ئەویش بێ وەفاو بێ شەرت..کارەبا کوژایەوە..ملی وەقوتەوە..بە هەمووی جارێ دێڕێکیشم نە نووسیوە..بە خوا ئەم تەرزە سەرەتایە ڕوو لە ماڵ وێرانی ئاکتەرەکانی ناوچیرۆک دەکا.. 

دەستی برد بۆ کاغەزەکە لە ئەلبوومەکەی پچڕی و هەڵی گڵۆفت:

تەنها خەتێکی لێ ڕەش کراوە،بەڵام حەز ناکەم بەدوا خەتی سڕاوەیەدا تێ هەڵبچمەوە..قەدەمی خێری پێوە نییە،وەک چرایەکی بکوژێتەوە بەدیوومە..ویستی…دیتی زەنبیلەی لانییە شڕەی تێ بخا”ئەویش ڕاست لە هۆڵە…دوانی دیکە دەکڕم..” لە کوردسییەکەی ڕاست بۆوە بۆ لای دەرگە..تا بیری کردەوە کار لە کار ترازابوو:وایەری گڵۆپەکە کەوتە بەر هەنگاوی و زگی دا..زرینگ ترینگ گڵۆپ وردوخاش بوو..

کەتنم بە خۆم کرد چاویشم دەی دیت.

بەدڵی نائارامەوە گوتی بەڵاگێڕە..خێری سەفەرە مانگ بێ..ڕەجەبە مانگیشە..نییەت حسێبە دەی..زەنبیلەی هێنا وردە شووشەی شکاوی تێ خست..لە کەلێنی ڕایەڵەکانیەوە هەندێشیشۆق ڕژانەوە دەرێ:”دەبوو لە کاغەزەکەیان وەرپێچم..مەرجە قتوولە دانێم لە شووێنی ئەم زەمبیلە تیتاڵ تیتاڵە..دەبێ کەرستەم ڕێک بێ”..

چاوێکی گێڕا:”ئاوم لا نییە..نابێ هەر جارە ڕاکەم بۆ ئاو بۆ چایە بۆ کفریت..پێپسی..جارێ چایە و کۆکا پێویست نین،بۆ شەو باشن”.

گڵاس و سوراحی ئاوی هێنا بەلای چەپدا دووری دەرگاکە داینان..”سەر ئەرزەکە باشترە،قڵپ بێتەوە سەرمێزەکە شێتم دەکا..جگەرەش لە دەستە ڕاستمەوە بێ بۆ دەرکێشانی لەبارترە ..دەستی چەپە بەستەزمانە”. جگەرەیەکی داگیرساند… ئەم جارەیان وەکووڕاوکەر خۆی لەبابەتی چیرۆک دانووساند:”یەخەی چ مەقزووعێک بگرم!!”.قمێکی لە جگەرە دا..دووکەڵی بەرەو ناوەوەی سییەکانی هەڵمشت..ئاه..ئۆخەی چەند بە لەزەتی..”.دووکەڵ لە لووتیەوە دوو لوولەی سەرەژێریان بەست و وەک هەور بەسەر مێزەکەدا تێکیان کردەوە..تەنک تەنک بڵاو دەبوونەوە..”خراپ نییە ئەم دووکەڵە،دەڵێی پەردەی  ترنجۆکە خەیاڵ تێی بڕ دەکا بۆ ناو هاتوباتی چیرۆک..چیرۆکی بێ تەجرەبە..بەربەیار ملم لێ ناوە..کوڕە تەجرەبەی بۆچییە!ڕۆژی وەها هەیە پیاو بایی دە کورتە چیرۆک حیکایەت هەڵدەبەستێ و درۆیان لێکدی گرێ دەدا..بەخۆڕایی نییە دەڵێن دڕۆ زەریبەی لەسەر نییە..ئای برا فەلاکەت دەبووزەریبەی لەسەر بوایە..کێ دەیتوانی چیرۆک بنووسێ؟خۆ جایەز نییە باسی ئەم و ئەو بکرێتە چیرۆک مابوو وەزارەتی مالییە باجی درۆیانیش وەرگرێ.

بەڕاستی ئەم درۆیە زۆر موبارەکە..پیاو لە تەنگانەدا دەزانێ چۆن درۆ بەهانای دێ..ڕاستگۆیی فەلاکەتە..دە بوێرە لەگەڵ برای خۆت ڕاست کەیت..سەیر دەبوو درۆش وەکوو دووکەڵ بدیترایە:درۆی ڕەش..دڕێژ..قەفقەف..لوولەیی..باڵدار..ئای لە درۆی باڵدار،مابوو جووجەڵەش هەڵێنێ..ئەهئەهئەهئەهئەه..جووجەڵەی درۆ..ئنجا بۆچی هێلکە نەکا..ئەو ڕۆژە ناچار بووم درۆیەکم  بە درۆیەک داپۆشی..خەڵکیش هەر وەهان،لەسەرەوە ڕاستگۆن لە ژێرەوە شتێکی دیکەن..وەک ئەم دووکەڵە خۆیان درۆپۆش دەکەن..کاشکی دەموێرا دەست لە چاوی درۆزن بنێم..درۆۆ..لەپڕ سووتووی جگەرەکەی کەوتە سەر چەرچەفی مێزەکە..تەپڵەکی سەر کۆمەدینەکەی تەنیشت قەرێۆڵەکەی هێنا و جگەرەکەی تێدا تەکاند،سووتوەکەی سەر مێزیشی تێ خست و دانیشتەوە:

ئنجا با بێمەوە سەر حەق و حسێبی چیرۆکەکەم…ئەرێ لەکوێ بووم،چیم دەگوت..بەخوا هەر خەیاڵێکی کردبێتم سڕاوەتەوە..ئەدی خەیاڵی هێلکە لە کوێوە دێت،خۆ من زۆر حەز لە هێلکە ناکەم…ئیستە پێی ناوێ خۆمی پێوە خەریک کەم،هێلکەیە و سپی دەچێتەوە..وا عەسر درەنگی کرد و چشم نەنووسی..ماڵی باوکم گوتار چەند حازربەدەستی ..ڕەخنە ئاسانتریشە،ئەرکەکەی لەمل بابای ڕەخنە لێ گیراوە..من ماستاوی ئەو دەشڵەقێنم و ڕۆنەکەی لێ دەگرم..ڕەخنەگر،ڕاستییەکەی،لەسەر مەسرەفی خەڵک زمان درێژی دەکا..چیرۆک نووسین  هێندە ئاسان نییە،تا پەنجەت لێی گیر دەبێ پێی دەوێ،دیارە ئەو چیرۆکنووسانەش بە دەستییەوە دادەمێنن.با جگەرەیەکی دیکەی بۆ داگیرسێنم..کففف..دەنکە کفرئت جگەرەی پێ داگیرساو دووکەڵ قەفی خوراد..کزە لە دەرگاوەسەرەژوور بەلای چەپدا تێی هەلپێچا…

یاڵڵا قارەمانێکی وەک ئەم دووکەڵە تەماوییە هەڵنێم..قارەمانی چی،وا تاریک داهات و گڵۆپم نییە لەبەری بنووسم ..وایەری درێژترم دەوێ بەسەر ئەرزەوە بکشێ..وایەری دڕێژمان هەیە بە پلاکەوە هەر دەیەوێ گڵۆپی تێ بخرێ..سەیری دانەیەک گڵۆپ نەماوە،یەکێکی سەربان دەهێنم بەم کژە ساردە دوانی بۆچییە!!

دانیشتەوە لەبەر گڵۆپی تازەدا:”خێری تێدابوو،ئەمەیان ڕووناکترە بۆ نووسین”.چاوی بڕیە کاغەزی بەردەمیەوە،دیتی چەرچەفی سەر مێزەکە هێندەی سیسرەیەکی لێ ڕەش داگەڕاوە.”قەیدی نییە،شتی وەها هەر دەقەومێ ..سەرمێزی عەلی چالاک بیست جێگەی سووتاوە پەنجا لەککەشی پێوەیە چیرۆکیش دەنووسێ،من جارێ بیسمیللا یەک شوێنیم سووتاندووە..ئەی ئەم پنوکە ڕەشە چییە؟ئا ئا مەرەکەبە،چەرچەف لە نووکی قەڵەمەکەی هەڵمشتووە..دەبێ ئەم مێزە بە کاغەزی مەرەکەبمژ ڕووپۆش بکەم..ئنجا بۆ چیرۆک{زڕڕ زڕڕ..}دەنگت بڕێ تەلەفون..دەبێ خامۆش بێ دەنا بیرم خەست نابێتەوە..زڕڕ..ئافتاو گیان!! زڕڕ زڕڕ.. ئافتاو.. زڕڕ.. زڕڕڕڕ.. ئافتاو!!! ووو..زڕڕ..زڕڕ.. بەلەعنەت بێ هەروا هەی.. با بۆی هەڵستم..

گورج ڕاست بۆوە..ترسی شکانی گڵۆپەکەی لەدڵدا مابوو، بەلای چەپدا بای دایەوە..تەق شەق قڵپ قڵپ..سوراحی یەکەی وەرگێڕا..ئاو لە زارکی یەوە بەسەر پارچە گڵاسی شکاودا تاڤگەی بەست..دەک بەزیادم نەکردی،ملت هێندەی ملەقاز درێژە..قڵپ قڵپ تاکوو چۆڕبڕ..”کۆمبار وشک بکەمەوە..زڕڕ..یان تەلەفونی دوابڕاو دەمکوت کەم” زڕڕ ..ڕای کرد.. “هەلاو کێیت؟ ئێرە ماڵی مستەفای حاجی عەزیزە..گەراجی چی و ترخێنەی چی..بەڵێ دیارە پەنجەی شەریفت لە بادانی ڕەقەم غەڵەتی کردووە..”بە توندی تەلەفونەکەی داخست.”خۆ کوێر نابن ئاگاداری پەنجەتان بن..ئافتاو..ئافتاواااووو..سەیری کرد لەبەر دەرگا لەگەڵ کچی درواسێیان تریقوهوڕیەتی.”توخوا وەختی پێکەنینە؟”.لێی نزیک بۆوە،بە زەحمەت خۆی بۆ گیرا:”جارێ نەفامە،با لەبەر چاوی خەڵق نەی شکێنمەوە”.

“بەڵێ کاکە،وا هاتم..”..”زەحمەت نەبێ کۆمبارەکەم بۆ وشک بکەوە گلاسێکی نوێشم بۆ بێنە ژوورەکەم،سوراحیەکەش پڕ بکەوە..لە دوورمەوەی دانێ”.ئافتاو بۆ ژوورەوە ڕۆیی.

“فەڕت بزر بێت چیرۆک! چەند شوومی..کەنگین لە نووسین ئەمەم بەسەرهاتووە..هەر دەڵێی لە فلیمی کۆمێدی دەور ،کەسیش نامبینێ پێم پێ بکەنێ..خوا بزانێ منیش چ بەایەک بەسەر قارەمانەکەم بهێنم”.بەرەو ئاودەست ڕۆیی..گەڕایەوە ژوورەکەی،هەموو شتێک رێک خرابۆوە..تاوێک لەسەر نوێنەکە ڕاکشا،هێشتان لە قەهری تەلەفونەکە دڵی مێروولەی دەکرد..هاتەوە سەر کورسییەکەی،گڵۆپ هەڵکرابوو..سێبەری نەدەخستە سەر کاغەز..ئۆخەی لە گێژەنی گڵۆپ و پەرداخ و سووتوویجگەرە دەرچووم..زڕڕ زڕڕ..بەخوا تا قافی قیامەت  زڕڕەت بێت بۆت هەڵناسم..ئافتاو لێتەوە نزیکە..”کاکە تۆیان دەوێ..” ئافتاو دەستی نەخستبۆ سەر دەمی تەلەفونەکە..”خوشکم بڵێ کاکم لەماڵەوە نییە”..”هەلاو ..کاکم لە دەرەوەیە..چی.. ئاخر..نابەخوا..ئەی ڕۆ دڕۆی چی..”..دڕۆی چوونە دەری کاکی لێ سپی بووبۆوە بۆی هەڵنەدەبەسترایەوە..

ئافتاو!تەلەفونەکە داخە،سەمماعەکەشی هەڵگرە با لەدەست ئەم دەجاڵە ڕزگار بین..مسیبەتی دنیا خۆی لێ دانووساندووم بۆ ئەم دەمە مەینەتەی چیرۆک نووسین..دەنا هەر دەبێ بتنووسم بەردیش باری بێ..

ڕەپەیەک لە سەربان هات..”تۆ بڵێ ی منداڵی جێران بن بۆ کۆترە دزین بازیان دابێ؟خۆ شوورەم تەلبەند کردبوو..با بزانم چییە”. تەقتەق بەسەر قادرمەکان کەوت،دیتی خشتێکی سەر شوورە دەمێک بوو لە تەلەزگە بوو کەوتبوە سەربانەکە..”رەنگە پشیلە خستبێتی..دیارە بۆ کۆترە هاتووە.قوڕ بەسەر پشیلە ،هێلانەکان بەرزن هەر دەبێ بڵێی ترشە”.دەستی هەڵبڕی بۆ هێلانەیەک بزانێ چۆنە بۆ بازی پشیلە..ترپەیەک لە تەنیشتیەوە هات: قەڵەمەکەی بوو پەنجەی لێ شل کردبوو..”بڵێ قەڵەم لە چ دەغێڕم! لاشعورییە..گوێی مەدەیی..(لا تنطی اذن)سپێرم هەیە”.

لە گەڕانەوەدا سەیری کرد نووکی قەڵەمەکەی فیچابۆوە..هاتەوە سەر کورسی بە قەڵەمێکی تازەوە..دووکەڵی جگەرەیەکی نوێی هەڵمشت،لە زاریەوە بە فوو بۆ گڵۆپەکەی بەڕێ کرد..دەتگوت مژە بە دەوری  تۆپەڵەی شاخێکی بەفراوی دەمی خۆراوادا شنەبا قۆنگرەی پێ دەکا.. تێوەی ڕاما هەتا پەرت و بڵاو بوو،هەر مایەوە ڕایەڵی جگەرەکە لە تەپڵەکەوە بە لەرزە هەڵدەکشا و چەترێکی دادڕ دادڕی بێ ئۆقرەی هەڵدەبەست و هەڵدەوەشایەوە..جگەرەکەی خستە نێوان قامکی گەورە و شادەنوێژی دەستی چەپەیەوە و ماوەیەک ڕای هرت: دیسان چەتری لەرزۆک دەی تەنی و دەڕەویەوە..زەردەیەکی هاتێ:”چەتڵی دووکەڵ..ئێستا بێ خاوەن نیت،دەسکەکەت بەدەستمەوەیە”. جگەرەکەی سەرەوبن ڕاگرت..چەترێکی دەست لەرزۆکی بێ ئۆقرەی نوێی لێ دایەوە..لەبەر خۆیەوە بۆڵاندی:دەرگاکەم دانەخستبایە چەتری بۆ لێ نەدەدرا..چارەنووسی ئێمەش هەندێ جار وەک ئەم دووکەڵە لە جیاتی بای تیکی دەرکا.بە قسەی تیکی دوو لێوان دەڕەوێتەوە..

بە بەر خەیاڵەوە نیشت..پێچەڵپێچ بەرەو ڕابوردوو هەڵکشایەوە..ئێستاکەی جێهێشت و خزایە مێژوو.گوێی لە هیچ نەبوو..چاوی بەسەر بۆشایی دا کرابۆوە و نە دەترووکا..وێنەی نەقش بەستووی پەردەی مێشکی،وەکوو پانۆڕاما، دەوری لە هەست و نەستی دابوو..سەلک و بنکی قەیسەرەکان..خانەکان..خەلیفەکان..شاهەنشایەکان زاریان دادەپچڕی..دەیاننەڕاند: لەگەردەنی ئەمە..خەڵات بۆ ئەمە..ئەسپ و جاریە..زمانی کێشن..لە پشتی سەریەوە زمانی دەرکێشن..دەری کێشن.. بی کێشن..شن..شن…ش..ش..هەتا ئاگری جگەرەکە تینی بۆ پەنجەی هێناو پانۆرامای هیچاند..خۆیشی لە مێژوەوە کەوتەوە سەر کوردسییەکە بەدیار مێز و گڵۆپ و دووکەڵی جگەرەوە..پەرداخێکی ئاو خواردەوە گەرووی پێ تەڕ کردەوە،دەتگوت بەرەو لووتکی شاخ بۆ ڕابووردوو چوو بوو،.سەرلەنوێ فکری لغاو کردەوە بە دوا بابەتی چیرۆکدا گێڕای:

پەلە مەکە لە بابەت.جارێ بابزانم کوێ لەبارە بیکەمە سەرشاری ئەم گەپەی چیرۆک:هەر شوێنە نەریت و شێوە ئاخاوتنی خۆی هەیە نابێ هەڵەی تێدا بکەم..بیروڕا مافی خۆمە:حەز لە شێلم  دەکەم و پەقڵاوە ناخۆم،خۆ بە تۆپزی دەرخواردم نادەن..دەی تفێنمەوە بەڵام زمان و نەریت و پۆشاک و ئەو نەوعە شتانە دەبێ وەک هەن ئەوەها بخوازرێنەوە..هەولێر خراپ نییە ناوچەی ئۆتۆنۆمییە لە هەموو تاقمێکی تێدایە..ئەمینداریەتیەکان..زانکۆ و کۆلیجەکانی..سێ سەد هەزار نفوس و پتریش.. فایدەی چی نازانم بە زمانیان بدوێم.خۆ ناشێ قارەمانەکەم لە بن قەڵات بڵێ کاکی بەقاڵ ئیزرەمی کاڵەک بەچەن؟قەڵادزە موشکیلەی زۆرە..هی زمان،داب و دەستوور..سەد عەشیرەتی تێ خزاوە..بگرە ناوی گەڕەکەکانی نازانم.جاران چوارماڵ و کەرتێک بوو ئیستا کارێزە بازاڕێکە بۆ خۆی.باشە فڵان ئاغای فیسارئاغا لە تایەفەی بەگزادەیە یان سەلیم ئاغا: بەخوا ڕەنگەعەلیاغەیی بێ..نای زانم!ئەی چارچییە؟شارەکەی خۆم بکەمە شانۆ؟خۆ دەزانن کەرکووکیم،بەو ئیمام قاسمە لێم بەداوێوە دەکەن.. ناوچە پەرستە!! ئنجا گۆیا لەهجەی کەرکووک بەڕەوانی دەزانم؟دە دوازدە ساڵە ماڵمان هاتۆتە ئێرە، خوێندنەوەش کردوومی بە نیوە سلێمانیەتی..لە هەردوو،لەهەر سێ دینان بووم!وەی کاشکی لە گێژاوی زمانی ستانداردیش بەکنارێکەوە دەگیرساینەوە..زمانی سلێمانی چییەتی؟نەختێک شەویلە بادانی لێ دەرچێ دەڵێی گوڵە..کوڕە خۆ من دنیام دروست نەکردووە،گوڵە گوڵ نییە من سەرداوێک بە دەرزییەوە بکەم دواتر کێشەی زمان دێت..دەتوانم بەدزیەوە پرسی برادەری تێدا بکەم پەنا بەتۆ خوای لەسەران:

“هەبوو نەبوو چ لە خوا گەورەتر نەبوو چ لە پێغەمبەر…”بوەستە بوەستە،کێ دەڵێ خوێندووی ئەم زەمانە بە شێوازی کۆنینە ڕازین؟

دەنا ئێستا چی بنووسم>چ بنووسم..چ بنووسم.. بابزانم خولێک بە دەوری مافی ئافرەتدا بۆ کوێم دەبا! ئەم مافە خوراوەی ئافرەت..پەح عەقڵت لەکوێیە؟ کاکە ئەم حیکایەتە کۆن بووە،دەبێ بۆ مافی پیاو بگەڕێی..خوا یار بێ هەر بزانە پەڕۆی منداڵی شوشت..وەی خەمێ!! خوام دەکرد دەشزا..نگبەتی دنیا ل؛ەبن سەری پیاو هەلی داوە..هەقە مستی بێ،مەگەر هەر ئافرەت تۆڵەی هەزار ساڵی لێ وەرگرێتەوە..بەخوا چاکی لێ دەزانێ..لە ئێستاوە من لای ئافرەتم..بابزانم باسی منداڵ بۆ لە ڕێگەدایە،ئەوەندەی دەگری پێ ناکەنێ..حەز لە دە چشت بکا بە یەکێکی ناگا..وەی کە خۆشن ئەمما ئاخ لێیان شارەزا نیم..جارێ ئافرەت پەڕۆی پێ نەشووشتووین..دەبێ یەک دوو مانگ سەرنج لە منداڵ بگرم،هێندێکیشی لێ بخوێنمەوە ئنجا بۆ چیرۆک پێی دەوێرم..تەمەنیشی موشکیلەیە،خۆ لە منداڵی ناو لانک نادوێم..مێردمنداڵەش نیوە پیاوێکە بۆ خۆی.. منداڵی چی وازی لێ بێنە،هەر مابوو واقەواق لە چیرۆکم هەڵستێ ئنجا لایی لایێ ژیری بکاتەوە..بەڵێ ئەو بواقێنێ منیش بڵێم..چ بڵێم؟ئا ئا بڵێم لایی لایێ کۆرپەی دایی..گورگاشەوە…گورگانەشەوە…لەماڵەکەمان دووررەوەکەوە..بڵۆ بڵۆ بڵۆ..لایی لایێ لائیلەڵڵایی..لایی لا..لاسیی..لا..یی..پوخ خ خ.. بەدەم وەنەوزەوە سەری بەملدا بۆ سەر سنگی هات..دیسان نووکی قەڵەمی نوختەی لە چەرچەفەکە نەخشی کرد..دمەوڕوو هات،ڕاچڵەکی،،بۆ ترووکەیەکی چاو ئەی زانی لە کوێیە..بەڵام خێرا بەخۆهاتەوە..دەستێکی بە دەموچاوی دا هێنا باوەشكێکی پێ شاردەوە..”وا دیارە زووتر لە شەوان بەلادا دێم، خۆ جارێنانیشم نەخواردووە..ئافتاو گیان باوکم هاتۆتەوە؟بۆ ماڵی مەلا کەریم چووبێ درەنگ دێتەوە.نانێکی سووکم بۆ حازرکە! چی دەخۆم؟هەرچی بێ ماستی لەگەڵدا بێ دواتریش چایە..”.

خۆی خاوکێش کرد و پەنجەکانی تەقاند.جگەرەیەکی داگیرساند و لەگەڵ خۆی دا گوتی: ئەوەی بمبینێ وادەزانێ دەفتەرێکم ڕەش کردۆتەوە پەنجەی بۆ دەتەقێنم!وەی بەزیادم نەکردی کورتە چیرۆک،دەڵێ جیوەی ناگیرێی.. ڕاوەستە بۆم بە قارەمانەکەتەوە،شەوگار بەبەریەوە هەیە..مێوانی ئازیزی شەوی پاییز پەنا بەخوا تا شەبەقی بەیان ڕاوتان دەنێم..ڕاوتان دەکەم..فەرقی چییە..وەی کە زمانیش کلک و گویی لێ دەبێتەوە،مێردەزمەی نووسرە..زمانی ئەدەبی..زمانی ڕەمەکی..ناوچەیی..کرمانجی سەروو..هی خواروو..چی و چی ..ئەو خەڵقە بۆخۆی دەدوێ و هەرای لێ پەیدانابێ هەتا دێنە ناو چیرۆک ئنجا متەق ناکەن..خۆت ناوێری لە نووسیندا بەدەنگیان بهێنی..

دەباشە بزانم جافێک و هەرکییەک چۆناوچۆنی لەگەڵ یەکدی دەدوێن!!زمانی ئەدەبی،ئەوەی هەیە،بۆ وتووێژ زەقە،ڕەمەکیەکەی بەکەڵک ناێی،لێشی نازانێ..ئەدی ئەینەلمەترەق! سێ ڕسکانەیان ناوەتەوە چیرۆک و زمان و قارەمان..کوڕە وڕێنە دەکەی خۆت سێ ڕسکانە لە خۆت دەنێیتەوە،فەرموو هەرچی دەنووسی بنووسە کێت لێ بەدەنگ دێ..ئەوەتە(قەڵای دمدم)بە زمانی ئێستای سلێمانی دەدوێ کەسیشی لێ بەدەنگ نەهات..بەدەنگ دێن نایەن بۆ خۆیان فەرموو،شەکریان خوارد..دەنا حەشریشم لێ هەڵستێ چیرۆکەکەم دەنووسم..قارەمانەکەم بەدەنگ دێنم ئەگەر بە دوڵمەی گوتبێ یاپراغ..با ناحەزیش شەق بەرێ..شەق بەرێ..ئەی ئەی ئەم شەق بردنە بۆچی؟ نووسینە یان شەڕەگەڕەکێیە؟ هەناسەت سوار مەکە..خوێن گەرمی هەڵەشەیی یە..خوێن ساردی بەردی بناخەی هەموو کارێکە{سوراحی و تەلەفۆنی بیرکەوتەوە ـ گڵۆپی شکاو ـ قەڵەمی فیچایەوە}.با ملی بابەتێک بگرم شەو ڕاشکاوە.

خەیاڵی بەزۆر لادا ڕۆیی:لە گرژی روویەوە دیار بوو ئۆگری بە هیچ بابەتێکەوە نەدەگرت تاکوو لە پڕ گەشایەوە و لۆچی تەوێڵی ڕەویەوە:” سەری کڵافەکەم دۆزیەوە هەر دەیەوێ هەڵی کەمەوە..ئەمەیە دەیخوم دونگی تەڕ نابێ لە لەوەڕ..ماڵی فەقیر چواردەی تەمووزی نەمرە جێی ملیۆنێک مەلەوانی تێدا دەبێتەوە..سەعات و نیوێکی سبەینەکەی بایی دە چیرۆک دەکات..لە پێنج دەقیقە وەکوو گرمەی هەور لە هەموو عێراق دەنگی دایەوە..هەر بابا بووڕای دەکرد بۆ شەقامەکان..خەڵقی تێکی دەهاویشت،هوتافیان لێ دەدا..چەپڵەیان دەکوتا..نازانم چییان دەکرد..ئافرەتی سەر بە عەبا مەترەقی پێ بوو نەشیدەزانی لە کێی ڕاکێشێ..منداڵ و پیر هەڵدەپەڕین ڕادیۆش دەی نەڕاند جارێ نەشمان دەزانی  بە ناوی کێ تەپڵی لێ دەین..خەڵق ڕق و بەغزی دەیان ساڵی دەردەپەڕاند..کەف و کوڵ لە دەرووندا پێچی دەدا و ڕوو دەبزڕکان..چاو ئەبڵەق دەبوون و هوتاف نرکەی دەهات..ڕادیۆش ئاگری دەکردەوە”..نەختێک سەنگرایەوە.بە تەما بوو بەلای سیاسەتدا نەچێ..”تۆ دەتگوت خۆم لە سیاسەت نادەم ئەی ئەمە سیاسەت نییە؟شێلم بە ترشە؟ ئەرێ چوزانم پێم وەبوو ئیستیعمار و نۆکەرەکانی وەک بەردە عازەبانە تێی نووسێ و ئافەرینی پێ وەرگرە..سیاسەت و ناسیاسەت ،خۆکەس گوێی  لێم نییە دەڵێم چی..خەیاڵێکە و تێ دەپەڕێ..ئەوەی بیخەمە چیرۆکەوە وەهای لە قاڵب دەدەم دەقی سیاسەتی پێوە نەمێنێ..منداڵ نیم قسەم لێ هەڵڕژێ..   

بیری لە کارەساتەکانی دوای شۆڕش کردەوە..”پەحا بەرەی نیشتمانی چی بە خۆی و میللەت کرد!!باش بوو خەتاکەمان لەمل ئیستیعمار دەپێچا دەنا ئیش نەدەڕۆیی..بەهەرچی چاک و پیری سەر ئەرز هەیە شتی وەهامان بە خۆمان کرد ئیستیعمار ڕێی پێ نەبردبێ..وەکوو کابرای داری لە ڕەفسیکی حوشتر بەستبوو..شەیتان لێی پرسی خەریکی چیت..؟گوتی خەریکی کاری شەیتانم..گوتی بە زولجەلال لەوەتەی بەشەیتان خەڵق کراومفێڵی وەهام بەبیردا نەهاتوە..ئی دی..”

کاکە!کاکە!نانەکەم بۆ حازر کردووی..دەنگی ئافتاو شریتەی خەیاڵی هەڵبڕیەوە..پاش نیو سەعاتێک هاتەوە بۆ لای کەرستەی نووسین و دانیشتەوە:

دەڵێن ماستی هەولێر..ماستی هەولێر..گۆیا ماستی بەری قەڵاسێوکەی خۆمان چی لە ماستی عەزەو منارە کەمترە..بەخت و تالع بۆی هەیە..ئەدی نەیانگوت (وزارة الدفاع ـ مقابل لبن اربیل)؟هێی دنیاێی! ژنە دزەیی ماست هێوێن دەکا شۆرەتەکەی بۆ هەولێرە..گرەوی هەزار دینار دەکەم،ژنە دزەیی ئیزراب بکەن کاستە ماستێک لە هەولێر پەیدا نابێ..ئۆتۆنۆمیەکەش بوو بە میراتی هەولێر..لێیان پیرۆز بێ،خەڵ:قەکەی فەقیرحاڵن،سنگ دەرناپەڕێنن،بێ دەنگن..زۆریشیان کوردایەتی کرد ئەمما پڕوپاگەندە نازانن..دەی دەی خوا بۆی هێناون..هەیانە..ئێستا بە چیرۆکی من ماست و ئۆتۆنۆمی تێک ببەسترێن،شاڵڵا وەک کولێرە بەڕۆن پێی چەور دەبوو..قەیدی چییە هەمووی هەر کورد نییە؟ ئەدی حاجی قادر گۆڕقەرەجی نەبوو درایە کۆیێ،نالی و گۆران دران بە سلێمانی؟ماڵم هەقە زەرەریشیان نەکرد..حاجی قادری گۆڕقەرەجی،ناڵی خاک و خۆڵی،گۆرانی نازانم کوێ یی..بەردێکی لەسەردانێ و بەدوا کڵاوی بابردوو مەکەوە..چیرۆکەکەت سازدە:وابوو بە سەعات نازانم چەند گڵۆپت شکاند،سوراحیت وەرگێڕا. قەڵەمت فیچاندەوەحەرفێکیشت نەنووسی..ڕاستە قازانج سەری مایەی خوارد..پێ داگرە لەسەر شتێک..بازبازانێ بە فکرت مەکە نەوەک لۆس بێ..ئاخر فکریش دەسوێ..ماڵت نەشێوێ لەگەڵ فەلاح خەریک بە، تۆڵەی بۆ لە دەرەبەگ بسێنەوە..دەبێ بچمەوە بۆ پێش شۆڕش، فەلاحی ئێستا تێروتەسەلە دەستی ئاغاشی ناگاتێ..ئەوەی تراکتۆری هەیە!ئەوەی پیکەپ لێ خوڕێ! ئەوەی عارەبانە دەگێڕێ..حیسابیان لە بانک هەیە..رۆژ نییە یەک دوو منداڵ نەشێلن..فەلاح هەیە لە لۆقنتە بیرە هەڵدەقۆڕی..دوور مەبینە پەجامەش لەبەربکا..چی تێدایە!١ بۆی نەکا؟چەند مەغدوورە بیرە و پەجامەی لێ بەزیاد بگرێ؟دەنا بەو قورئانە ئێستاش ترسی پۆلیس و ئاغای لەدڵدایە..بەدەستی خۆی مڵکانە بۆ ئاغا  کۆنەکەی دەباتەوە ئەرزیش هی حکوومەتە..جووچکە ترسێن بووە دەنا بۆچی مڵکانە هەر بە کۆنە زۆردارەکە دەدا؟خۆ مڵکداری بێ زوڵم و زۆر چ غەدری لە فەلاحەکە نەکردبوو،کەچی دەنکە دەغڵێکی نادەنێ..دیارە وەک زۆردارەکان جووچکە ترسێنی نەکردووە..سایکۆلۆجی مەتەڵەکە حەل دەکا فەللاح بێ سایکۆلۆجی دەزانێ کابرای مام سەلامەتۆکە سبەینێ مڵکەکەشی بدەنەوە غەدر ناکا، هەرچی بێ ڕەحمەکەیە دەمار دەردێنێ(مڵکانەی دەدەمێ و ئاگربڕی دواڕٶژی پێ دەکەم)..هەر ئەمەیە مەسەلەکە پێشی ناوێ لە سایکۆلۆجییەوە باز دەی بۆ فەلەک و جوغرافیا..قوڵ و باسکتی لێ هەڵماڵە و چاوی زاڵمی بۆ دەربێنە و عاردەکانی بۆ (لاین)بکە.ڕەحمان و خەزاڵ و شەش بزن و جوتێکی گاڕەش لەم لا..تاقم یەواوە بیسمیللا..خۆت لە قڕەقڕی شۆو تۆو ڕەشکە..لەودە..قوشە و گەلاوێژ مەگەیەنە..حمێرە و حۆلە و سابیربەگی پێ ناوێ..سەد جووت..سێ لات ناو سەدەیەکە..بێنە و بەرەی نیر و ئاموور و بەن کەڵەمە و قەیناغ..حەق ق حسێبی  پێنجیەک لە جۆ شەشیەک گەنم ..سەرئێشەی تەبارە و مەڵۆ..سەروبەری ڕەوسە دەرکردن و ئەو شێلەوبێلانە مەیەنە ناو چیرۆک تێیان بڕناکەی..جلک و بەرگیشیان خورد مەکەوە..داو و دەلینگ حاجی حوسێنی لزومی نییە..چوزانم خەزاڵ و گوستان چ لەبەر دەکەن..کراس لە پشتێن بەرەوژێر سێ جاران بگاتەوە سەرپێیان،فەیلەسووفیش تێی ناگا..دەڵێی چاووت بڕیوەتە فەلاحی مەخموور،خۆ مەخمووریشت نەدیتووە ناشزانی چۆن دەدوێن..بەبیریشت نایێ عاردییان چۆن لاین دەکرد:شتێکی سەرزارەکیت لێ بیستووە و بەس..ئەدی وەزعی دایەرەی حکومەت چۆن بوو..سەنەد ئیدارە و پۆلیس و مەحکەمەی بەدوادێ و ئاغای لە پشتەوەیە..چەند بەرەبابی ئاغای دزەیی هەیە..ماڵی فارس ئاغا و باییز و پاشا و کێی دیکە؟هەیهوو دووری کێشا..برالە هەویرەکە ئاوخوازە..کوڕە خۆ نازانم (دووکەزە)سەر بە کوێیە؟عەلیاوە هی هەولێرە یان مەخموور..ئنجا کە پۆلیست تێ بەردان بۆ کوێیان ڕاپێچەک دات؟جەنجەڕ..هەی ماڵی جەنجەڕم شێوێ وەستای کوێ دەمەزەنی بکاتەوە؟دێی وەها هەیە لە بنەوپاڵی پردێیە خۆ ڕەوای هەق نییە ڕۆژە ڕێیەکی پێ بکوتمەوە بۆ هەولێر هەر هەتا باڵتەکانی دەمەزەن دەکرێتەوە..ئەدی ئەگەر بەر لە ٥٠ ساڵ پردێ وەستای جەنجەڕی نەبوو؟ کێ دەڵێ هەبوو؟نایزانم..ئنجا بڕۆ ئەم سۆراغە لە پردێ بکە..گوریس بە یەک لایی نەدەگەییشتەوە نۆرەی دوولایی یە..لەسەر کورسی دانیشتووم چەمپێ نەنووسرا هەر مابوو لە ڕێی پردێ و مەخموور کاڵەک برڕێنمەوە..وەی چ جاڕسی کورتە چیرۆک ..شارە زەردەواڵەم هارکردووە..خۆ کفرم نەکرد لای فەلاح بووم..مەلای مەشوور وەهای بەسەر نەهات گوتی خۆت و دەستوێژت..سەیری دەشتی پان و بەرینی هەولێر و مەخموور چۆن هێندەی کونی دەرزی تەنگ دەبێتەوە..هەر دەڵێی چیرۆک داوی ئەستوورانە پێوە ناکرێ..خەتای خۆشمە ڕییان لە خۆم کوێر دەکەمەوە..بە خۆڕایی خۆم لە ناڵبەند و ئاسنگر و تەئریخ و جوغرافیا هەڵدەقوتێنم..مابوو لە جیاتی جووتیار کاروبارەکەش بە کۆڵم دادەم..ڕۆنی هەسانم لە بیرچووبوو لەگەڵ کارەموو و ڕۆنەکەرە بۆ ڕەوڕەوەی جەنجەڕ!!ئاخر خوا لە ڕەخنەگریش هەڵنەگرێ خۆ کە دایە ناحەزی لە هیچ عەیبێکت بازنادا..لێی دەوەشێتەوە بۆ بەهانە بزماری ناڵە وڵاغ بژمێرێ یان بە بست فەرەنجی و کۆڵەبارت بۆ بپێوێ..باشە من لە خۆوە چوزانم فەلاحی مەخمووری پێش پەنجا ساڵ تەزبیحی قەزوانی بەدەستەوە دەگرت یان هی باغە؟دیارە تەزبیحی کارەبای هەڵنەدەگرت ..بەدەستتەوە دەگرت یان لەدەسکی خەنجەری دەئاڵاند..خەنجەری هەبوو؟ نەی بوو؟ جەمەدانەی ڕیشوەدار..هێ هێ بەسیەتی دەڵێی مەلائیکەتی سەر شانانی هەموو شتان دەژمێری..فەلاحی بۆرە پیاوی هەناسە ساردی سوخرە و بێ گاران،گۆیا تۆڵەت بۆ دەستاندەوە..بەخوا هەتا سەبیلێکی بۆ ئاگر دەکەی ڕۆژ هەڵدێ..بەڕاست سەبیل کێش بوو یان جگەرەکێش؟ یان سیغارەکێش؟کیسە و سەبیل قاوت و ئەستێ و بەردی دەوێ.. پووش هەرقاوتە..جگەرە قتووی دەوێ  لەگەڵ کفریت..ئەدی قەننە؟خۆ ئەویش باوبوو..کوڕە ئەو عەزابەی بۆ چییە،با فەلاحەکە جگەرەکێش نەبێ،ئەمما پۆلیسەکە بە جغارەی قەمیشیش ڕازی نەدەبوو پاکەتی دەکێشا..دەڵێن ئەو سەردەمە پاکەتی غازی،صحة..ئۆهۆ لیستەکەم دەوێ بۆ ناوی پاکەتی زەمانی دەقنانووس..بەسندانت بێ هەروا هەی پۆلیسی باغەڵبڕ..بەو خوایەی لە ژوورووی سەران پارەی پاکەتیشی لەو فەلاحە بەستەزمانە دەرێناو..باشە وا مەفرەزە بەسەر ماڵە کاولەکەی فەلاحی دادا ڕەشە شێوەکەیان ماش بێ یان گەنمە کوتاو یان ساوار ..باسی دۆغەوا مەکە..هەرچی پەلە پفەیشە هی خۆشناوانە.. دایکم لێرەبایە دەیزانی کامیان کەم مەسرەفترە..برالە مەفرەزە ڕەشە شێوەی ئێواران نابینێ،بەرۆژ ڕاوی خەڵق دەنێ..کێ دەڵێ پۆلیسەکان بە ئانقەست خۆیان نەدەوەخراند هەتا ئێوارێ لە ماڵی ئاغا یان کوێخا مێوان بن.. دنیا بەئۆینە،ئامیر مەخفەرەکانیش بەتەماع بوون..بە نەبوو بی کورتە چیرۆک،ئەدی ئەگەر درێژ بایت چیت پێ دەکردم! کوڕە خۆ چیرۆک نووسی دیکەش هەر هێندەی من لەو بەند و باوانە دەزانن ئەدی چۆن وەها پەیتا پەیتا شێلە و بێلە تێک دەبەستن و دەی کەن بە چیرۆک{قەڵشتە کەمتیاری تووکن ـ پاقلە زەردەگڕی دیتێ ـ لە پشت مەڵاشووەوە دوو جووتە لێو ـ تاڵەبنێشت لە دەریای فیشاڵ مەلەدەکا..،..،}و چەندی دیکەش لە سەرەناوی ئاخرزەمان قوتەقوتیانە لە چاپەمەنی ئەم ڕۆژانە..یەک لە یەکی وەردەگرێ وەک هەڵامەت..ئیحسان عەبدولقودەسیش(فنف و ثلاث عیون)ی بە خەیاڵی(مانگ و شەش پوول)نووسی..چاو لێکەرەکەیە..وەی کە چاویشیان قایمە..چاوقایمن  کوردی ترە کابرای چیرۆک نووس..دەسەڵاتم شڕم پڕمەکەی خۆیدا دەمچەماندەوە و دەمگوت دەی ڕەخنە لە خۆت بگرە ئەمەش پەنجا دینار ،سەد دینار،مزەی کاڵەک دڕانەت..پەنا بەخوا ئەوەی بە خۆی دەکرد با بە دەواری نەکردبێ..

خۆزی منیش شڕم بڕمێکم سازدەدا پێی نەدەویست یەخەی ڕەخنەگر بگرم..سەد دیناریش پێی ناڵێن بەرتیل..کارەباچی بە دوو سەعات پتری پێ دەبڕێ..مەئموور هەیە تف لە ئەوراق ناکا بە دوو هێندەش..ڕەخنەگری هەناسەسارد خەریکە لەبرسان دەمرێ..لە ڕۆژنامە و گۆڤار و دایەکانەوە کە نووسەر و رەخنەگر بەسەر دەکەنەوە دەڵێی گۆشتی قوربانییان لێ دەبەشنەوە..بە نامەی تەقەشوفیش وادەبێ بایی نان و کەبابێکی لێ دەپچڕن..چاوەکەمنووسەر و ڕەخنەگر بونەتە ڕەعیەی کاربەدەستانی چاپەمەنی ..منیش هەر لەگەڵ خۆمدا قسەی وەها پف دراو دەکەم،خۆ ناوێرم بیاننووسم..هەر لێم بتۆرێن{قووقوو  قووقوو}.. ئەی ئەمە کەڵەشێری کەنگینە؟

چوو بۆ سەعاتەکەی مەچەکی،لەسەر کۆمەدینەکەی دانابوو،دیتی لە دوازدەوە وەستاوە..”ئنجا ئەمە دوازدەی شەوە یان رۆژ؟خۆ نازانم هی ئیمڕۆیە یان دوێنێ،کەڵەشێر بانگی نەدابایە سەیریشم نەدەکرد..کێ هێندە وردپێوە بە سەعات ئیش بکا!دەڵێن وەختت بەخەسار مەدە،قسەی سارد و سڕە چی تێ ناچێ..هێشتان بە خەساری بدەین چاکترە لەو پڕوپووچەی وەختی پێ دەکوژین..دایکم لەماڵ بوایە سەراسۆیی دەکردم وای دەزانی نەساغم خەوم لێ ناکەوێ..بەخەیاڵی دا نەدەهات شەونخوونی دەکەم بۆ کارێکی بەسوود..خوای گەورە لەسەر چی بنووسم:فەلاح کێشەی زۆرە،بابەتەکەشی زبر بووە”.  

ڕاماو لێکی دایەوە:وەک دەفتەر پەڕەی باسەکانی بە خەیاڵ هەڵدایەوە:”بە لای کوردایەتی دا بچمەوە باشە..با جارێ پەردەی پەنجەرە دابدەمەوە،بەو شەوە هەرمنی تێڕا دەدەیترێم..تاری ڕووناک دەبینێ..”.شەبەنگێکی مانگی پڕ و هی کەل و ئەم دیو و ئەودیوی مانگی بەخەیاڵدا تێ پەڕی..ڕۆژی پشت هەور..پەچەیی پەرچەم و زوڵفی سیا..مانگی تیا..کولمی تیا.. گورج  بای دایەوە بۆ چیرۆک:”ها چیم دەگوت؟ئا ئا کوردایەتی!شەوەکەش درەنگ بووە..دەرگام دانەخستبایە هەستی باوکمم دەکرد کە لە ماڵی مەلا  دەهاتەوە..ئەمەیە پێی دەڵێن خامۆشی و کشوماتی:ژوورت مەنفەزبڕ بکە و..مەنفەزبڕم کرد و هێچیش..هەزار کەلێن بگری ئەگەر کەلێنی مێشک نەکرێتەوە گشتی وە هیچ..

کۆڵە مستێکی سەیرۆکەی لە لاجانگی ڕاستی دا نووکی قەڵەمەکەی بەناو مووەکانی دا لە پێستی سەری خشا:”چابوو برینداری نەکردم،نووکەکەشی دەنووشتایەوە و پەکم دەکەوت..هەر ئەم قەڵەم مابوو خۆ ناچم دارا بەخەبەر بهێنم بۆ قەڵەم.دوێنێ شەو لەبەر ئازاری ددانی نەنووست ئیمڕۆکەش بەستەزمان پێوەی ناڵاند تا دوای نیوەڕۆ..خەوی خەستە..وەی کە خۆشە خەوی خەست..”خەریک بوو قوڕگ و بناگوێی گشت ببن بە باوەشک..باوەشکەکەی لە ژوورەوە کردەوە..گرژی ی دەموچاوی و تەڕایی چاوەکانی و فش بوونی کونەلووتەکانی وەک مۆرکی باوەشک بە ڕووی دا دیاربوو..گڵاسێکی نیوەپڕ کرد هێندێکی لێ خواردەوە هێندێکیشی بە دەموچاوی دا کرد..”ئاو خەوڕەوێنەوەیە..کاشکی ئاو چیرۆک نووسیش دەبوو لەگەڵ خۆمدا دەمکردە هاوبەشی..لەسەرەوەیە دەمنووسی:بەقەڵەمی ئاو و فڵانەکەس.نووسەر و شاعیر هەن قەرزاری مەشرووبن..محمود درویش گوتی لە کابارێ بە دەوری مێزەوە شیحرم هەڵبەستووە..ئەوسا،زوو،قسەی وەهای دەدرکاند.جارێ شارەزای دنیا نەبوو،دواتر هۆسی مەسڵەحەتی هاتەوەبەر..مەرەکەب و ئاو و مەشرووب و خوێنیش تێکەڵ دەبن..هەرنەیسە،کتێب بۆ ئاخری دەگیرێتەوە..با من هەتا بێ هێز نەبووم گەڵاڵەی چیرۆکێک بکەم،شەو درەنگە..دەڵێی سەرم قورس دەبێ..چۆنە سەردانەکەی سمکۆ لە شێخ مەحموود بدەمە بەر داس>خۆ چیرۆکێکی مێژووییش کورت و درێژی هەیە.لە سلێمانی پیاوی ئەوتۆ ماون ئەو دەوریان بەبیر بێت..بەڵام بە من چی،خۆ بەم شەوە دەستم پێیان ناگا،ئەوەندەشی لەسەر نەنووسراوە چیرۆکی پێوە بەند بێ..چەند لەمێژە مەراقمە ئەو سەردانە بە باشی بزانم..ماڵێ کەمتەرخەمیم بڕمێ وەک تەنبەڵەکەی دەمی داپچڕی بوو بۆ دەنکە توو بەڵکوو لەخۆوە تێی بکەوێ،منیش چوارمەشکی لێی دانیشتم بەهەویای باس و خواسی ئەو سەردانە..تا من دەکەومە خۆم بۆ لای پیرەکانی سلێمانی کار لە کار دەترازێ،وەک ئەم چیرۆکەی لێ دێ سەر بەهیچەوە نانێ..

لێوان لە دنیا مەکرۆژە:سەرپەتێکی کورتە چیرۆک..درێژە چیرۆک..تەڕە چیرۆک..سندانە چیرۆک بگرەو فڵتەفڵتێکی لێوە بڵێ..وا لە ئێوارە وڕێنان دەکەم نازانم چ دەڵێم..دە فەرموو یەخەی تووتن بگرە هەموو بابەتێکی تێدایە: تووتنەوان،توجار،کاروانچی،حەمباڵ،سەلەم و سووتخۆر،حکومەت،مەعمەل ئیدی نازانم چی..حەشرێکە بۆخۆی بزانە بەرەو کوێت دەبا..لە پێش ئینحسارەوە دەست پێ بکەم یان دواتر!!زەحمەتە بگەڕێمەوە بۆ پێش ١٩٤٠،چوزانم سەروبەری تووتنی ئەو دەمە چۆن بوو..دەڵێن هیدایەتێک هەبوو، قادر صرافێک هەبوو،نازانم کێ چی دەکرد..کوڕە خۆ تەزکەرەی نفوس بۆ تووتن دەرناکەم..نامەخوا لە تەماکۆوە بۆی دابەزم..چەقەچەقی تووتنی کۆنی پێ ناوێ،ملی مەعدەن و بێ شەما بگرەو لێ خوڕە..بۆ تووتنەکەی شاور و شێتنە..دەڵێن مودیر عامێک هەبوو وای دەزانی بێشەماش دێیە دەیگوت تووتنی وەرتێ و شاور و بێشمە مەعدەنە..چابوو نەیدەگوت بێخمە..بەڕاست خەڵقی ئەو ناوچیایە ڕانەگوێزراون بۆ موجەممەعەکان؟خۆ کورتە چیرۆک لە چۆلی شین نابێ..بەم لاوەتر وەرە بۆ بازیان و شەقلاوە و دهۆک پڕن لە تووتنەوان،شارەزوور و بیتوێنیش گرمەیان دێ..هەر ناوچەیە تەبیاتی خۆی هەیە بۆ تووتن..زەوی هەیە بە سێ گاسن خۆش دەبێ..هەیە پێنجی دەوێ..خەت و دۆریخە جوادان..چی دیکەش”. نەختێک بیری لە سەروبەری تووتن کردەوە..”خاکاو و سێ ئاو هەیە.. زەوی دەم وشک ئاوخوازترە،زەوی شێ دار سێ ئاوی ناوێ..بەتۆ بڵێم چاویلکە لە شەلەگە یان شێلەکە وەردەگیرێ..بەریان هەیە لەسەر دەخەت،پتر کەمتر..تووتنی شیشە،ڕستە،شەقڵ و شیش..هەروا بێتەوە ڕشاندن و زاخاو..{دەڵێی قوتابیم دەرس لەبەر دەکەم} ئاغام بەتۆ سڵامەتدار بێ فەردەی  سێ قاپ و چوارقاپ..دەڵێن سەرلەزوو هەر تووتنی وردە هەبوو بۆ بەغدا و مووسڵ بەڕێ دەکرا دواتر ڕستە داکەوت..ژنە شارستانی وەها هەبوون شەتڵەکەیان سەرەوبن دەناشت،ڕەگەکەی بەهەواوە..گیاکەڵە پێشی دەڵێن گورگە بەڵای تووتنە..شۆکەودۆ..بارانی بێ وەخت..کلۆ..کرم..هەزار فەلاکەتی لەپێشە..وەی کە عالەم بە لەرزوتای بیتوێن هەڵوەرین..هەزاران ساوا و  شیرەخۆرە..خێزان هەبوو دوای بڕایەوە..رەنگە گۆڕیشیان ژێر ئاوی دوکان و دەربەندیخان کەوتبن..پاشی هەزاران ساڵ و زانای ئاسار لێیان بەسەهوو دەچێ نازانێ بۆچی وەها بەمێگەل بردوون..ئەوسا (دی.دی.تی)پەیدا نەبوو بوو.. مومتاز چ ئاگرێکی کردبۆوە..دەیانگوت فەردە و دیناری لێ دەدرایە لوجنەی فحص و کێ و کێ..بڵێم بەزەهیریان بێ؟سەد ڕەحمەت لە کفن دزی پێشوو..دوای چواردەی تەمووز دووساڵی نەبرد مومتاز لەغو بوو..نومرەیەک دەگمەن بوو..{قووقوو قووقوو}..ئەمە دووجار کەڵەشێرم بۆ بخوێنێ..بەرلەبەیانی جارێکی دیکەش بانگ دەدا..یان دوو جار؟ کەڵەشێریش هەمووی پێکەوە بانگ نادەن..وەک مەلای موئەززین یەکیان لە نوێژیش دەبێتەوە ئنجا ئەوی دیکەیان  تێ هەڵدەکا..میکرۆفۆنە و لرمەی دێ..بەبیللا دەنگ ناخۆشی وەهایان تێدایە گوناحە بانگ دەدا..بەو بەیانی یە زوە پیاو دەست لە شیرین خەو هەڵدەگرێ،بە پەنجە چاوەکانی هەڵدەپچڕێ،لە سەرمای زستاندا بەرەو مزگەوت بۆ نوێژی جەماعەت خۆ هەڵدەکوتێ ئەوقافیش ئەو مەڕنەمووکەی لێ بەدەنگ دێنێ..

باوەشک چاوی پڕ کرد لە ئاو..چاوی سڕیەوە..زەق زەق سەیری کاغەزە سپییەکەی کرد..کاغەز لەبەر چاوە خەو تێ گەڕاوەکانی زڕ دەبوو..یەک دوو جاران بە هەردوو دەست ڕووی خۆی ماڵیەوە،هەرجارە کمێک هۆشی دەهاتەوەبەر..دیسان چاوی ئەبڵەق دەبوو..ژوورەکەی لێ دەبوو بە تارمایی زەرد هەڵگەڕاو ..زرینگەی بێ خەوی لە مێشکییەوە دەهات..زرینگە و تارمایی  دەبوونە حەپەسان..هەستی شل دەبۆوە..دەمارە گشتەکانی دەست و قاچی خاو بوونەوە..هەناسەی کەوتە سەر ئاهەنگێکی ڕێک..قەڵەم لە پەنجەکانی ترازا..بەناو وڕێنەی تەم و دووکەڵ و گورگانە شەوەدا شەپۆلێکی نەرم و خامۆشی هەست بەخۆ نەکردن بردی بەرەو تاریکایی..بێ هەستی..هیچ..

بەحاڵ ملی کەوتە سەر لاشانی چەپەی کە هەوەڵ میکرۆفۆن ئاوازی ئەڵڵاهو ئەکبەری گەیاندە پەردە کشوماتەکەی گوێیانی..

helo-berzenci- 

هەڵۆ بەرزەنجەیی 

2017-12-28

www.peshmergekan.com

 

کاتالۆگ