هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک، حوسێن نازدار

هه‌ڵبژاردن یه‌کێک له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی دێموکراسییه‌‌ و پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ ‌و پته‌وی به‌ ئازادییه‌وه‌ هه‌یه، یان به‌ ده‌ربڕینێکی‌تر ده‌توانین بڵێین ئازادی، پێشمه‌رجی مانا په‌یدا کردنی هه‌ڵبژاردنه.husen-nazdar-

ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بریتی بێت له‌ ده‌رخستنی ئیراده‌ی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێکی دیاریکراو، ئه‌وا به‌ بێ‌ هه‌بوونی ئازادی، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ مانای نابێت، چوونکه‌ ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ له‌ ئازادی‌ و ئازاد بوونی ئه‌و مرۆڤه‌دا ده‌رده‌که‌وێ ‌‌و ده‌توانێ‌ خۆی نیشان بدات.

مافی هه‌ڵبژاردن بریتییه‌ له‌ مافی سه‌ربه‌خۆیی له‌ بڕیاردان ‌و ئازادی له‌ جۆری بڕیاردانی مرۆڤ له‌ چاره‌نووسی خۆی‌ و کۆمه‌ڵگاکه‌ی. مافێکی سروشتی، مه‌ده‌نی‌ و سیاسی هه‌ر مرۆڤێکه‌ که‌ ئازادانه‌ بیر‌وباوه‌ڕ، دین، کار، هاوسه‌ر، شوێنی نیشته‌جێ‌ بوون‌ و حکوومه‌تی وڵاتی خوی هه‌ڵبژێرێ‌. هه‌ڵبژاردن گرینگترین ماف‌ و ئه‌رکی هاووڵاتییه‌ که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تاک پێکهاتووه، چوونکه‌ تاک ده‌کات به‌ خاوه‌نی بڕیاردان‌ و که‌سایه‌تی‌ و به‌رپرسایه‌تیی بۆ دروست ده‌کات ‌و ویست‌ و خواسته‌ هاوبه‌شه‌کانی تاکه‌کان یه‌ک‌ده‌خات ‌و ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ تاک له‌ به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی داهاتووی کۆمه‌ڵگاکه‌ی هه‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تی بکات.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد ‌و دێموکراتیکدا، هاووڵاتییان له‌ بارودۆخ ‌و که‌شێکی له‌بار و گونجاودا به‌ شێوه‌یه‌کی ئازاد، نهێنی، ڕاسته‌وخۆ، گشتی، یه‌کسان ‌و دادپه‌روه‌رانه‌ بڕیار ‌و ده‌نگ ده‌ده‌ن. بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌گوێره‌ی یاسا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ شانس‌ و ده‌ره‌تانی “وه‌ک یه‌ک” دابین‌ و ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێ‌‌ و مافی هه‌ڵبژاردن‌ و خۆپاڵاوتن له‌ که‌س زه‌وت ناکرێ، هیچ که‌س‌ و گرووپ ‌و لایه‌نێک به‌ هۆی جیاوازیی بیر‌وباوه‌ڕ، ڕه‌گه‌ز، ئایین، قه‌وم ‌و نه‌ته‌وه‌وه‌ په‌راوێز ناخرێ ‌‌و هه‌ڵاواردنی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ ناچێ. هه‌ر هاووڵاتییه‌ک ته‌نیا خاوه‌نی یه‌ک ده‌نگه‌ ‌و که‌س به‌هۆی بارودۆخی ئابووری‌ و کۆمه‌ڵایه‌تی مافی تایبه‌ت و جیاوازی له‌ که‌سانی دیکه‌ نییه.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌ و دێموکراتیکدا پاڵێوراو ‌و لیستی ڕه‌نگاوڕه‌نگ به‌ پرۆژه‌ و پلانی ڕوون و ئاشکرا له‌ ململانێی هه‌ڵبژاردندا به‌شداری ده‌که‌ن و ده‌رفه‌تیان پێده‌درێ‌ که‌ به‌گوێره‌ی یاسا بۆ ڕاگه‌یاندنی پڕۆژه‌‌ و به‌رنامه‌کانیان ده‌ستیان به‌ ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندن ڕابگات‌ و که‌ڵکیان لێ‌ وه‌رگرن، ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی گشتی له‌سه‌ر پاڵێوراوان‌ و پڕۆژه‌کانیان ‌و یاساکانی هه‌ڵبژاردن ‌و پێشێل کردنی یاساکانی پێوه‌ندیدار ‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی شوێن‌ و شێوه‌ی ده‌نگدان، زانیاریی پێویست به‌ هاووڵاتیان ڕاده‌گه‌یه‌نن.

لەهەلبژاردنی دێموکراتیکدا،ده‌وڵه‌ت ئاسایش‌ و ته‌ناهی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ دابین‌ و ده‌سته‌به‌ر ده‌کات‌ و هه‌ر چه‌شنه‌ گوشارێک له‌لایه‌ن حکوومه‌ت، یان هه‌ر گرووپ ‌و لایه‌نێک ڕه‌وایی‌ و یاسایی بوونی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه.

کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن که‌ دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ‌ و جێی متمانه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان‌ و هاووڵاتییانه،‌ به‌ ماف‌ و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات ‌و پاک ‌و بێگه‌رد بوونی پڕۆسه‌که‌ ده‌سه‌لمێنێ ‌‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێ.

هه‌ڵبژاردنی ئازاد ‌و دێموکراتیک ڕه‌وتێکی مه‌ده‌نییانه ‌‌و ئاشتیخوازانه‌یه‌ که‌ ڕێگه‌چاره‌ی به‌ده‌ر له‌ توندوتیژی بۆ چاره‌سه‌ر کردن‌ و که‌م کردنه‌وه‌ی کێشه‌و گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی ‌و سیاسییه‌کان دابین ده‌کات‌ و ده‌رفه‌تێکی له‌بار بۆ هاووڵاتییان پێکدێنێ‌ که‌ نوێنه‌رانی جێی باوه‌ڕی خۆیان هه‌ڵبژێرن‌ و متمانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی داهاتوویان بده‌ن‌ و به‌رپرسایه‌تی کاروباری وڵاتیان پێ‌ پسپێرن‌ و سێ‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، جێبه‌جێ کردن ‌و دادوه‌ری نۆژه‌ن بکه‌نه‌وه‌ ‌و جێگۆڕکێ‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌ن ‌و به‌م چه‌شنه‌ له‌ پێناوی ژیانێکی باشتر و خزمه‌ت‌گوزاری زۆرتر ‌و گه‌شه‌‌ و پێشکه‌وتنی نیشتمانه‌که‌یان، بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان‌ و کۆمه‌ڵگاکه‌یان ده‌ده‌ن…..

حوسێن نازدار— ٢٦ /٢ / ١٣٩٦

کاتالۆگ