وتووێژێکی نەمر دوکتۆر قاسملوو کە تازە بڵاو دەکرێتەوە، فارسی

عنایت فانی لە بی بی سی 25 ساڵ پێش ئەم وتووێژەی لە گەڵ نەمر قاسملوو پێک هێناوە کە تازە بڵاوی کردۆتەوەqasmlu-bbc-1368

ئەوەی خوارەوە دەقی کوردییەکەی ئەو وتووێژەیە

عنایت فانی : میوانی من لەم بەرنامەیەدا کەسێکە کە ٢٥ ساڵ پێش ئێستا و لە دوانیوەڕۆیەکی هاوینی دا لە بینایەک لە شاری وییەن تیرۆر کرا .

 عەبدولرحمانی قاسملوو رێبەری کاریزمای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاورێ لەگەڵ عەبدوڵا قادری یەکێک لە چالاکانی حیزب،  دوانیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە[ ٢٢ی پووشپەری ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی]  چووبووە ئەو بینایە تا لە باری ئیمکانی کۆتایی هێنان بە شەڕی چەکداری لە کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئێران وتووێژ بکات ، بەڵام ئەو نوێنەرانە کەسانێکیان لێ دەرچوو کە بە مەبەستێکی تایبەتی چووبوونە ئەو شوێنە، ئەوان لە جیاتی وتووێژ، قاسملوو و قادریان کوشت و خێڕا ڕایان کرد . بکوژەکانی ئەو هەرگیز دەستبەسەر نەکران و پەروەندەی ئەو جینایەتە تا ئێستاش بە ئاکام نەگەیشتووە . شوێنکەوتووانی قاسملوو و حیزبەکەی وەزارەتی هەواڵگری ئێران بە بەرپرسی ئەو تیڕۆرە دەزانن و دەوڵەتی ئەو کاتی ئوتریش بە بەرژەوەندخوازی و کەین و بەینی سیاسی و ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تاوانبار دەکەن. مانگێک بەر لەو رووداوە کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٦٨ فیلمێکی دێکۆمینتاریمان بۆ یەکێک لە کاناڵەکانی تەلەفزیۆنی بریتانیا دروست دەکرد ، لەگەڵ بەرێز د، قاسملوو لە بارەی دۆخی ئێران و کوردستان گفتوگۆیەکمان سازدا.

 لە دەستپێکی دیمانەکەدا لەوم پرسی کە بۆچی زۆر زوو دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ کە کوردەکان ڕۆڵی چالاکەیان هەبوو، شەڕ لە کوردستان رووی دا”؟

شەهید کاک د.قاسملوو :  ئێمە خەڵکی کوردستان لە شۆڕشی گەلانی ئێران بەشدار بووین و شەهیدمان دا و فیداکاریمان کرد و هەر بەو هۆیەش چاوەروان بووین تا دوای سەرکەوتنی شۆڕش ، ئەگەر هەموو خواستەکانیشمان وەدی نەیات ، بەلانی کەمەوە هێندێک لە داخوازییەکانمان بێنە دی . بەداخەوە هێشتا چەند رۆژێک لە شۆڕش تێ نەپەریبوو کە ئێمە تێگەیشتین کەوا ئەو رێژیمە تازە بە دەسەڵات گەیشتووە لە بارەی خەڵکی کوردستانەوە جیاوازی دائەنێ . ئێوە دەزانن کە بە درێژایی شۆڕش و دوای رۆژانی شۆڕش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و لاوانی شۆڕشگێر بۆ سەر پادگانەکان هێرشیان برد و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنی پادگانەکان دا گرت . بەڵام کاتێک ئێمەش هەمان کارمان لە مەهاباد کرد ئەویش بە بێ خوێن ڕشتن ، لەگەڵ کاردانەوەی توندی ڕێبەرانی رێژیمی ئیسلامی رووبەروو  بووینەوە . دوای ئەوەش هێشتا یەکەم نەورۆز بوو کە لە شاری سنە و بە پیلانی ئاخوندێک لە دژی لاوانی ئێمە شەڕێکیان ساز کرد و ژمارەیەکی زۆر لەو شەڕەدا کوژران، خێرا دوای ئەوەش لە شاری نەغەدە ، کاتێک ئێمە دەمان ویست میتینگێکی ئاشتی خوازانە ساز بدەین و کاتێک من دەمویست بچمە سەر میکڕۆفۆن و قسە بکەم ، میتینگەکەیان دایە بەر تەقە و شەڕێک دەستی پێکرد کە سێ ڕۆژ درێژەی کێشا و ژمارەیەکی زۆر لەم شەڕەدا لەهەردوو لا کوژران ، بەمجۆرە بۆ ئێمە دیار بوو کە رێژیم بە هیچ جۆرێک مەیلی بەوە نییە تا حیزبێک لە کوردستان قبووڵ بکات کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە و بۆ دێموکراسی  و خودموختاری خەبات دەکات . راستییەکەی ئەوەیە کە ئێمە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ چووینە سەردانی شەخسی خومەینی و داوامان لێکرد تا ڕابگەیەنێ کە مافی خودموختاری لە کۆماری ئیسلامی دا بۆ گەلی کورد مسیۆگەر ببێ و پێمان گوت کە بەو مەرجە ئێمە ئامادەین دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدەین و بەشداری ڕیفرادۆم ببین ،بەڵام چونکە ئەو کارەی نەکرد ، ئێمە هەر لەسەرەتادا نە بە کۆماری ئیسلامی دەنگمان دا ، نە بە یاسای بنەڕەتی دەنگمان دا و نە بەشداری هیچ ڕیفراندۆمێک بووین . من باوەڕم وایە کە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە خومەینی رقێکی زۆری لە خەڵکی کوردستان بوو . لە راستی دا هۆکارێکیتریش هەبوون ، ئەویش ئەوە بوو کە زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان لە سوننە مەزهەبەکان پێکهاتبوون و بەم جۆرە خومەینی بە سێ هۆکار لەگەڵ ئێمە دژایەتی دەکرد . یەکێک ئەوە کە ئێمە خوازیاری دێموکراسی بووین و ئەویش هەر ئەو کاتە ڕایگەیاند کە دێموکراسی شتێکە کە پێشتر لە رۆژئاوا ڕا هاتووە و جێگای پەسند نییە . ئێمە خودموختاریمان دەویست کە بە هیچ جۆرێک لە فەلسەفەی ئیسلامی ئەو دا نەتەوە( مللییەت) جێگای نەبوو تا دیان بەوەدا بنێ کە مافی خودموختاری هەبێ . دواتریش مەزهەبی ئێمە سوننی بوو و هاوکاتیش چەکمان بەدەستەوە گرتبوو و ئامادە نەبووین تەسلیمی زۆر و گوشاری دەوڵەتی ناوەندی ببین ، هەموو ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوی کە ئەو دوو شەڕەی ناوم لێبردن روو بدەن و دواتریش لە مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨ دا خومەینی بە فەڕمی و ئاشکرا شەڕی لە دژی کورد ڕاگەیاند و فتوای دژی گەلی کورد دا و من کە ئەو کات وەک تەنیا نوێنەری لائیکی مەجلیسی پیران( خبرگان) هەڵبژێردرا بووم و بریار بوو کە بڕۆمە تاران و لە کۆبوونەوەی مەجلیس دا بەشداری بکەم ، هەر ئەو شەوە و بەر لەوەی کە ڕێکەوم، نوێنەرانی مەجلیسی کۆ کردەوە و هەر لەوێ بێرێزی بە شەخسی من کرد و منی بە مفسد فی الرض ناو برد . ئێوە دەزانن کە ئەوە لە ڕوانگەی خومەینییەوە واتاکەی لە سێدارەدان بوو ، هەر بەو هۆکارەش ئیتر من نەچوومە تاران و شەڕێک دەستی پێکرد کە سێ مانگ درێژەی کێشا . لەم شەڕە سێ مانگەدا ئێمە سەرکەوتین ، سوپامان تێکشکاند و سەرلەنوێ بۆ شارەکان گەڕاینەوە . مەلاکان بە ڕەوالەت دەیان ویست کە لەگەڵ ئێمە دانوستاندن بکەن و شەش مانگ ئێمە لەگەڵ مەلاکان دا لە راستیدا وتووێژمان کرد . من لە هەموو ژیانمدا هێندە مەلام نەدیتبوو کە لەو شەش مانگەدا بینیمن . بەڵام دواتر روون بۆوە کە ئامانج لەم دانیشتنانە کڕینی کاتە و گەرەکیانە خۆیان بۆ شەڕێکی دیکە ئامادە بکەن و بەو جۆرە لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٩ دا سەر لەنوێ هەم لە باکوور واتە لە ناوچەی ورمێ  و هەم لە ناوچەی کامیاران شەڕیان دەست پێکردەوە و ئەوە ئەم شەڕەیە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە .

عیناتەت فانی: خواستەکانی حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە رێبەری بەرێز دوکتور قاسملوو لەو سەردەمەدا لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بە جودایی خوازی لێکدرانەوە و سەرهەڵدانی شەڕ لەگەڵ کوردەکانیش لەو گۆشە نیگایەوە لێکدرایەوە ، ئەم خواستانە چی بوون و بەرێز قاسملوو بە چ شێوەیەک بۆ منی فرموولە کردن؟

شەهید دوکتور قاسملوو : ئێمە کە ئەگەر باش سەرنجتان دابێتێ ، دێموکراسی بۆ ئێرانمان بەر لە خودموختاری دانابوو ، نە بەو مانایەی کە لە ڕوانگەی ئێمەوە دێموکراسی شتێکی گشتییە و خودموختاری بەشێکی بچووک لەو دێموکراسییە بێ ، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە ئێمە باوەرمان وایە کە بەبێ دابین کردنی دێموکراسییەکی تەواو و سەقامگیر ، تەنانەت ئەگەر خودموختاریش وەگیر بێنین ، ئەو خودموختارییە لەبەردەم مەترسی دا دەبێ . ئێمە لە هەل و مەرجی ئێستادا ئەو گرنتییەی بۆ خۆمان دەبینین ، چەکەکانی ئێمەیە . بەڵام ناکرێ تا سەر چەک  ڕاگری . پێویستە شوێن گۆڕکە بە چەک بکرێ ، شتێکیش کە دەتوانێ شوێنی ئەسڵەحە بگرێتەوە تەنیا دێموکراسییە .  خوێندنەوەیەک کە ئێمە لە دێموکراسی هەمانە ، زۆر ساکارە . دێموکراسی بۆ ئێمە واتە پلۆرالیزم( فرە حیزبی) ، دێمکوراسی بۆ ئێمە یانی ئازادی بۆ هەموو شتێک ، ئازادی ڕا دەربین ، ئازادی بیر و باوەر ، ئازادی زمانی نەتەوەکان ، ئازادی فەرهەنگ ، ئازادی حیزبەکان . سپاردنی ناوەندی کاربەرێکەر ( قوە مجریە) بەدەستی خەڵک ، حکوومەتی خەڵک بەدەستی خەڵک و ئێمە بڕوامان وایە کە هیچ جۆرە دیکتاتۆرییەک لە داهاتووی ئێران دا ناتوانێ خواست و ئامانجەکانی گەلانی ئێران دابین بکات. ئێستا ئەم دیکتاتۆرییە چ دیکتاتۆری  پاشایەتی یان دیکتاتۆری ئیسلامی بێ و چ ئەم دیکتاتۆرییە ، دیکتاتۆری پلۆرتاریا بێ. ئێمە باوەرمان وایە کە ئێرانی ئێمە نیازی بە رێژێمێکی دێموکراتیک هەیە کە لەگەڵ لەبەر چاو گرتنی فەرهەنگ ئێمە، مێژووی ئێمە،  هاوکات لەگەڵ پاراستنی بنەماکانی دێموکراسی ، لەگەڵ پاراستنی ئەو بنەمایانەی لە مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە و لە ڕاگەیەنراوی مافی مرۆڤ دا هاتووە ، دەتوانێ لە راستیدا وڵاتی ئێمە بەرەو پێش بەرێ.بەم شێوەیە ئێمە تەنانەت لە کوردستان کە بە مەسئوولیەتەوە دەتوانم پێتان بڵێم کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان لایەنگری حیزبی ئێمەن ، ئێمە خۆمان بە خاوەنی کوردستان نازانین ، ئەوە خەڵکی کوردستانە کە بریار ئەدات کە ئایا حیزبە دێموکرات دەبەی ئیدارەی خودموختاری بکات یان رێکخراوەیەکی دی . ئێمە باوەرمان وایە کە ئەگەر دۆخی ئێستای شەڕ  نەمێنێ ، هەموو رێکخراوەکان ، هەموو لایەنەکان پێویستە بەرنامەکانیان لەبەر دەم خەڵکی ئێران دابنێن تا خەڵکی ئێران بتوانن بە شێوەی ئازاد  لە نیوان ئەم ڕێکخراوانە ، ئەم حیزبانە  بە دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن . کەواتە بەمجۆرە ئێمە باوەرمان بە دێموکراسییەکی قووڵ لە ئێران هەیە ، دێموکراسییەک کە رێز لە حەق و حقووقی هەموان بگرێ ، رێز لە مافی نارازیانیش بگرێ . لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی ئێمەوە دێموکراسییەک بەبێ رێز گرتن لە مافی جودابیران ناتوانێ بوونی هەبێ . بەو هۆکارەش ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خوازیارن لە ئێران دیکتاتۆری سەقامگیر بکەن ، دژ بەرین و هەر ئەوەشە کە ئێمە ئامادە نین لەگەڵ سەڵتەنەت تەڵەبەکان هاوکاری بکەین چونکی بە بڕوای ئێمە مێژوو سەلماندوویەتی کە سەڵتەنەت واتە ئیستبداد و دیکتاتۆری .

عینایەت فانی : لێم پرسی پیوەندی کوردستانێکی خودموختار لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بە چ شێوەیەکە و چۆنە کە رەدی تۆمەتی جودایی خوازی ئەدەنەوە .

شەهید دوکتور قاسملوو : لە مێژووی ئێراندا داییم ناوەندی تەواوی هێز و دەسەڵات لە تاران بووە ، لە کاتێکدا ئێمە خوازیاری خودموختارین . خودموختاری یانی نا بە ناوەند. ئێمە نامان هەوێ هەموو دەسەڵات لە ناوەند کۆبێتەوە ، ئێمە دەمان هەوێ دەسەڵات لە نێوان خەڵکی ئێران ، گەلانی ئێران و تەنانەت بەسەر پارێزگاکانی ئێران دا دابەش ببێ . ئێستا لە کۆتایی سەدەی بیستەم دا ، لە راستیدا لە هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو دەسەڵات دابەش بووە . دەسەلات لە دەستی کەسێک دا و ئەویش لە ناوەند ڕانەگیراوە و هەر بەم هۆکارەش ئێمە دژی ئەو حیزب و لایەنانەشین کە بە ناویترەوە دەیان هەوێ لە ئێران دیکتاتۆری حاکم ببێ ، ئێستا سەردەکەون یان سەر ناکەون ، باسێکیترە. من پێموایە کە لە ئێرانی داهاتوودا ئەگەر دیکتاتۆریش دوای کۆماری ئیسلامی بێتەوە سەر کار ، ئەم دیکتاتۆرییە بۆ ماوەی درێژ خایەن ناتوانێ لەسەر کار بمێنێتەوە و بەداخەوە دەتوانێ دۆخی ولاتی ئێمە بەرەو شەڕی نیوخۆییش ببات . کەواتە ئێمە لە پێشدا هەموو خواستەکانمان هەم دێموکراسی و هەم خودموختاری لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران دایە ، ئێمە خۆمان بە ئێرانی دەزانین و بە هیچ کەسێک و هیچ هێزێکیتر ئیزن نادەین کە خۆی لە ئێمە بە ئێرانیتر بزانێ ، هۆکارێکیش بۆ ئەو کارە نابینین ، لەگەڵ ئەوەش دا لە بنەماڵەی هاوبەشەی خۆماندا ، لە نیشتمانی هاوبەشی خۆماندا کە ئێرانە، دەمانهەوێ سەرنج بدرێتە مافەکانی ئێمە و وەک هاووڵاتی دەرجە دوو ژیان نەکەین ، بەڵکوو هەموومان لەبەرانبەر بە یاسا یەکسان بین . بەو هۆکارەش بڕوا دەکەین کە ئەم خواستانەی ئێمە ، چ خواستە دێموکراتیکەکانی ئێمە و چ خواستەکانی تایبەت بە مافی نەتەوەیی ئێمە کە بێ گومان پیویستە بۆ نەتەوەکانی زوڵم لێکراوی دیکەی ئێرانیش لەبەر چاو بگیردرێ ، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک ئیمکانی هەیە و بەو هۆکارەش ئێمە دێموکراسی بۆ ئێران وەک دروشمێکی سەرەکی دامان ناوە .

عینایەت فانی : ساڵی ١٣٦٨ ساڵی دەستپێکی هەڵوەشاندنی یەکیەتی سۆڤییەت و ساڵی سەرلێشێواوی چەپی ئێران بوو . هەڵبەت عەبدولرحمان قاسملوو سالانێک بوو کە خۆی بە سۆسیالیستی دێموکرات دەزانی و حیزبەکەشی کە لەسەرتایی دامەزرانی دا وەک ڕێکخراوی ناوچەیی حیزبی توودەی ئێران کاری دەکرد ، چی دیکە نە ئەندامێکی بنەمالەی چەپی لایەنگری سۆڤییەت بەلکوو لە تەنیشت حیزب و ڕێکخراە سۆسیالیست دێموکراتەکانی ئەرووپایی دانابوو . هەرچەند ئەوە حیزبە چەپەکان بوون کە پشتیوانیان لە خودموختاری کوردستان دەکرد ،بۆیە پرسیم ئاخۆ ڕوانگەی لە بارەی ئەم سەر لێشێواوی و پەرتەوازییەی هێزەکانی چەپ چییە و شوێنی حیزبەکەی خۆی لە کوێدا دەبینێ ؟

شەهید دوکتور قاسملوو : ئێمە حیزبێکین دێموکرات ، ئێمە حیزبێکی مارکسیستی نین . لە ریزەکانی حیزبی ئێمەدا کەسانێک بە بیر و باوەری جیاجیاوە بوونیان هەیە . ئێمە یەک ئیدەمان نییە . زۆربەی ئەندامانی حیزبی ئیمە باوەری دینییان هەیە ، کەسانێکیش هەن کە خۆیان بە مارکسی دەزانن . تەنانەت لە پێوەندی بە ئایینیش لە حیزبی ئێمەدا سوننی، شیعە ، ئەهلی حەق ، مەسیحی و لە هەموو جۆرێک هەیە . لە ڕوانگەی ئێمەوە راستە کە هێزە چەپەکانن کە بە لانی کەمەوە و بە شێوەی زارەکی لە حەقی دیاری کردنی مافی چارەنووسی نەتەوەکان و نەتەوەی کورد پشتیوانی دەکەن و ئێمە هیوادارین تەنانەت ئەگەر رۆژێک بە کردەوەش لەگەڵ ئەو پرسە رووبەروو بوونەوە ، ئەم ڕوانگەیان هەبێ . ئەوەی کە من دەمویست بە ئێوەی بڵێم ئەوەیە کە لە دۆخی ئێستادا پرسی هێزە چەپەکانی مارکسیستی لە ئێران هەمان پرسی دیموکراسییە . هێزەکانی چەپی مارسکسیستی دەرفەتی زۆر بەنرخیان لە دوای شۆڕش لەدەست دا ،ژمارەیەک بە ناوی ئەوەی کە رێژیمی خومەینی رێژیمێکی دژی ئیمپریالیستییە، شوین خومەینی کەوتن لە کاتێکدا هەر ئەو کاتە ئێمە گوتمان و نووسیمان کە رێژیمێک ئەگەر ئازادییەکان لە ناوبەرێ ، سەرکوتی خەڵکی وڵاتی خۆی بکات ، ناتوانێ رێژیمێکی دژی ئیپریالیستی بێ و دێموکراتیک کە هیچ ناشتوانێ دژی ئیمپریالیسمیش بێ . ئەوە ئیدی تێپەری و ڕابورد ، قەیرانی چەپی مارکسیستی یەکێکیان ریشەی مێژوویی هەیە و ئەو تێنەگەیشتنە لە واقعیەتی ئێرانە کە ئەم ڕێکخراوانە زیاتر بەتەما بوون لە رێگای کتێبەوە کێشەکانی ئێران چارەسەر بکەن ، لە جێگەی ئەوەی سەرنج بدەنە راستییەکان ، لە روویی کتێبەوە و ئەویش نە کتێبەکانی ئەسڵی مارکس و لینین ، بەڵکوو بە کتێبەکانی دەستی دوو و سێیەم کە نووسرا بوونەوە و وەک بلاو کراوە کە زۆربەیان لە رێگای حیزبی توودە گەیشتبوونە دەستی خەڵک ، دەیان ویست کیشەکان چارەسەر بکەن . هەڵبەت بینیتان کە ئەم ڕێکخراوانە دوچاری لێکترازانی یەک لە دوای یەک هاتن و ڕێکخراوێکی وەک ڕێکخراوی چریکانی فیدائیانی خەڵک کە لەسەرەتایی شۆڕشدا یەکێک لە گەورەترین سازمانەکان بوو ، بەسەر چەند دانە رێکخراویتر دا دابەش بوو . بەڵام ئێستا ئەوە چەند سالە باسێکیتریش قەیرانی ئەم ڕێکخراوانەی توندتر کردووە ، ئەوەش ئەوەیە کە یەکیەتی سۆڤیەت بەرەو پێش دەچێ . لە ئێستا یەکیەتی سۆڤیەت وەک گەورەترین وڵاتی سۆسیالیستی بە خێرایی بەرەو دێموکراتیزاسیۆن هەنگاو دەنێ . گەلاسترۆس و پرۆستۆریکا راستە کە دامەزرانی ئەسلی گۆرباچۆڤە ، بەڵام پێوسیتییەکی مێژووییە و گورباچۆڤ زیاتر رۆڵی لەوەدایە کە لەم پێوسیتییە مێژووییە لە کاتی گونجاودا تێگەیشتووە . ڕێکخراوە مارکسیستییەکان دوو رێگە زیاتریان لەبەر دەم دا نەماوە . یان دەبەی بێن و بوێرانە دیان بە هەڵەکانیان و ڕابردووی هەڵەکانین دا بنێن و لە سفرەوە دەست پێبکەنەوە و بەرەو دێموکراسی هەنگاو بنێن، پیوەندی دەروون حیزبییان دێموکراتیزە بکەن و فرە حیزبی قبووڵ بکەن ،بە شوێن دیکتاتۆری دا نەچن  یان ئەوەتا هەر لە دۆخی ڕابردوو دا بمیننەوە . من باوەرم وایە کە ئاکامەکە ئەوە دەبێ کە ژمارەیەک لە دۆخی ڕابردوو دا دەمێننەوە و ژمارەیەکیش بوێڕی دەگرنە پێش و سیاسەتی نوێ دەست پی دەکەن و بەم جۆرە بەداخەوە دەبەی چاوەروانی ئەوەش بکەین کە لێکترازانیتر لەو رێکخراوانەدا روو بدات. بەڵام من هیوادارم کە دوای ئەو ئینشعابانە ئیتر رەوەندی یەکیەتی و یەکگرتن لە نێێوان سەرجەم ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانەی کە مەیلی دێموکراسییان هەیە و باوەریان وایە کە سۆسیالیسمیش ناکرێ بە بێ دێموکراسی بونیاد بنرێ ، لە نیوانیان دا پێک بێ ، لەبەر ئەوەی راستە کە ئێمە حیزبێکی مارکسیستی نین بەڵام لە بەرنامەی حیزبی خۆماندا  وەک ئامانجی دواڕۆژی خۆمان ، سۆسیالیزمی دێموکراتیکمانهەڵبژاردووە و زۆر لە مێژە و نزیک بە پێنج ساڵ بەر لە ئێستا . مەبەستیشمان ئەوە بوو کە هەر ئەو کاتە سنوورمان هەبێ لە نێوان ئەو کەسانەی کە بە تەما بوون بەرەو تۆتالیتر یان تۆتالیتاریسم گەرەکیانە بڕۆن . من وابیر دەکەمەوە کە ڕێکخراوەکان و هەموو  حیزبەکانی چەپی مارکسیستی لە ئێران ئێستا ئەرکیان ئەوەیە کە دابنیشن و لە بارەی رابردووی خۆیان بەباشی بیرکەنەوە و ئەم ڕێگەیەی کە ئێستا لە سۆڤیەت و هێندێک وڵاتی سۆسیالیستی گیراوەتە بەر ، ئەم رێیە کە ڕێبازی دێموکراسییە، دێموکراسی  نێوخۆیی حیزبی بەر لە هەمووشتێک و دێموکراسی لە وڵات دوای ئەوە بگرنە بەر .

عینایەت فانی: رێک دوو حەوتوو بەر لە وتووێژم لەگەڵ بەرێز دوکتور قاسملوو ، ئایەتوڵا خومەینی مردەبوو و هێندێک لە شڕۆڤەکارانی سیاسی باسیان لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیران سیاسی دوایی نەبوونی ئەو و تەشنەساندنی کێشەی نیزام  لەسەر دەسەڵات دەکرد ، ڕوانگەی بەرێز قاسملوو لەم پیوەندییە دا چی بوو؟

شەهید کاک دوکتور قاسملوو : ڕێژیمی خومەینی ماوەیەکی زۆرە کە تووشی قەیرانێکی قووڵ بۆتەوە ، تەنانەت بەر لە ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و بەر لە مردنی خومەینی . ئێمە قەیرانی رێژیم لەوەدا دەبینین کە پرسە گرینگەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ، سەربازی وڵات بەدەستی ئەم رێژیمە چارەسەر نابن ، نە بەرنامەیەکی بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسانە هەیە و نە ئەسوولەن لە چوارچێوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی دا بەتایبەت ولایەتی فەقیە ئیمکانی چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بەدی دەکرێ . بەمجۆرە کە ئاگر بەست کە دیارە  لە رووی ناچاریەوە بوو و خومەینی بۆ خۆی گوتی کە ئەوە ژەهرێک بوو کە دەبا بیخواردایە و خواردیشی ، قەیرانی پەرەپێدا و دۆخێکی پێکهێنا کە دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی یەکتریان بەوە تاوانبار دەکرد کە لەو شەڕەدا خەتای ئەم تاقم یان ئەو تاقمە بووە . خومەینی بۆ جارێکیتر دەستی بە رووی هەموانەوە نا و ئەو هێڵە کە بە هێڵی ئیمام ناو نرا ، درێژەی پێدا کە لە راستی دا هێڵی توندئاژۆکانە. ئێستا خومەینی ڕۆشتووە ، من باوەڕ ناکەم بە مردنی خومەینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ ،من باوەرم وایە کە ڕێژیم تا ئێستاش جێگرەوە گەلێکی هەیە و بەم جۆرە ماوەیەک درێژە دەکێشێ کە قەیران دیسان خۆی زیاتر پیشان بدات و دەربکەوێ و کێشەی نێوخۆیی رێژیمیش بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی . شتێکی سرووشتی هەیە کە یەکسەر دوایی مردنی خومەینی ، مەلاکان پیشان بدەن  بەلانی کەمەوە و بە ڕەواڵەت لەگەل یەکتریدا  یەکگرتوون ، بەڵام بە بروای من ئەوە شتێکی کاتییە و تێپەڕ دەبێ . بە بڕوای من کێشەکان پتر لەوەن کە ماوەیەکی درێژ بتوانن بە شاراوەیی بیان هێڵنەوە و بەتایبەت پرسەکانی وڵات و قەیرانی وڵات ئەوەندە زۆرن کە لە کۆتایی دا ناچاریان دەکات کە سەرانی رێژیم هەڵوێست بگرن لەسەر ئەم بابەتانە. دەست بۆ کارگەلێک بەڕن کە لە ئاکامدا لەگەڵ بەرژەوەندی تاقمە جیا جیاکانی ئێستای  نێو دەسەڵات رووبەروو بەبێتەوە . ئاکام ئەوەیە کە رێژیم یەکسەر دوایی مەرگی خومەینی نارووخێ بەڵام ڕێگە هەموار بووە بۆ ئاڵ و گۆڕی ریشەیی لە نێو وڵاتی ئێمە دا.  من دڵنیام کە ئەم ڕەوەندە دەستی پێ کردووە و ئێستا ئەگەر جۆڕێکیتر بڵێم ، لە راستی دا مردنی خومەینی دەست پێکی کۆتایی رێژیمی کۆماری ئیسلامییە . ئەوەی بەلای ئێمەوە گرینگە ئەوەیە کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران چییان دەوێ ؟ زۆربەی خەڵکی ئێران ئاشتییان دەوێ ، ئازادی و دێموکراسییان دەوێ و ئەمنیەت و ئاسایشیان دەوێ و کەسانێک کە بەراستی وەها بەرنامەیەک لە بەرانبەر خەڵکی ئێران ڕابگەیەنێن و خەڵکی ئێران رازی بکەن بە راستگۆییان کە دەتوانن وەها بەرنامەیەک جێ بەجێ بکەن، من باوەرم وایە کە ئەم توێژە لە داهاتووی ئێراندا براوە دەبێ . من باوەرم وایە کە هیچ لایەک بە تەنیایی ناتوانێ لە ئێران دا بییتە سەر کار ، هیچ گرووهێک بە تەنیایی ناتوانێ دیکتاتۆر بێ و ئەگەر تەنانەت بگاتە ئەو شوێنەی کە بتوانێ دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ ، شەڕی نێوخۆیی بەرپا دەکات . ئێمە وەک حیزبی دیموکرات ڕامان وایە کە دەتوانین رێژیم لاواز بکەین ، دەتوانین زەربە لە رێژیم بدەین و دەتوانین تەنانەت تا ئاستی رووخانیشی هەل ومەرجێک پیک بێنین بەڵام بە تەنیایی ئێمە ناتوانین ئەلترناتیڤ بین ، هەر بەو هۆکارەش ئێمە لە ئێران ، لە ناوچەکانیتری ئێران بە شوێن هاوپەیمانەوەین کە هەموومان لە ئیتلافێکی زۆر بەربلاو و دیموکراتیک، لەبەرەیەکدا کە هەموو دێموکراتەکان و کۆمارییەکان بتوانێ لەدەوری یەک کۆبکاتەوە ، پێکەوە بە یەکگرتووی خەبات بکەین و ئەمجارە دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی کارێک بکەین کە کەسێک ، دیکتاتۆڕێک خرابتر یان باشتر لە کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵات نەگات بەڵکوو رێژیمێکی دێموکراتیک کە دەتوانێ خواستەکانی خەڵکی ئێران وەدی بێنێ، دوای دوو دیکتاتۆری درێژماوەی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بێتە سەر کار.

عینایەت فانی : ٢٥ ساڵ دوایی مەرگی قاسملوو ئێستاش دیار نییە کە بۆچی ئەویان کوشت و پیلانەی تیڕۆری ئەو لە کوێ دارێژرا و بۆچی هێزە ئەمنیەتی و هەواڵگری و نیزامییەکانی حکوومەتی ئوتریش نەیانتوانی و یان نەیانویست بەدواداچوون بۆ ئەو تیڕۆرە بکەن .

وەرگێرانی دەق بۆ کوردی: رەشید زەرواوی

فیلم


کاتالۆگ