پیرۆز بێ 26ی سەرماوەز و 15 ساڵەی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

تەمەنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە گەیشتە 72 ساڵ. تەمەنی دیاری کردنی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز گەیشتە 33 ساڵ و تەمەنی ماڵپەڕی پێشمەرگەکانیش 15 ساڵ

pm-axabanu-

ناوی دوژمن بەزێن و پڕە لە هەیبەتی پێشمەرگە لە داوێنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان، لە شاری مەهابادی پێتەختی کۆمار لە دایک بوو. ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزیش وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیش لە هەمان داوێنی پاک و دایکانە و لە ٢٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٣ لەدایک بووە.

 

ماڵپەڕی پێشمەرگەکانیش لە ژێر گاریگەریی گەورەیی ناوی پێشمەرگە دا هاتۆتەوە نێو دونیای مەجازی و تا ئیستا کە 15 ساڵ بە سەر تەمەنی دا تێدەپەڕی، بەوپەڕی شانازییەوە خزمەتێکی زۆری میدیای کوردی کردووە و لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک وێنە و فیلمی خەباتی پێشمەرگەی وەک ئارشیوی نەتەوەیەک لە سەردەمێکی دژواری پڕ لە خەبات دا پاراستووە. ساڵی ٢٠٠٢ی زائینی کاتێک ئەو ماڵپەڕەمان دەست پێکرد، کەمترین ئەزموون، کەمترین پێرسۆنێل مان هەبوو. بەڵام ئێستا هەم ماڵپەڕەکە ناسراوە، هەم ئارشێوێکی 15 ساڵەی هەیە، هەم کۆمەڵێک نووسەر و  سێ بەڕێوەبەری هەیە ..

 

وێنەی یەکەمین جێژنی ٢٦ ی سەرماوەز، ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی،

بەڵام بە ئیعترافی زۆر هاوڕێ و هاوخەباتمان، توانراوە کاری زۆرترین پێرسۆنێل بکرێ. لەگەل ئەوەی کە هەتا ئەم لەحزەیەش کەم و کۆڕی و گرفتمان هەیە و نکۆڵی لە هەڵەکانیشمان ناکەین. زۆر جار هەڵەشمان کردووە و بێگومان لە داهاتوش دا هەر دەبن.

ئێمە بە بێ ئەوەی ڕەقابەتی ناساڵم بکەین لە گەل هیچ ماڵپەڕیک، بەردەوام لە کێ بەرکێ دابووین بۆ خزمەتی زیاتر. قەت هەوڵمان نەداوە بە بڵاوکردنەوەی بابەت گەلێک کە هیچ قازانجیان نەبووە ، یان کاسبی کردن بۆوە بۆ ڕاکێشانی سرنجی خوێنەر.

ئەوەی توانیومانە و زانیومانە ئەوەمان کردووە، ڕا و بۆچوونی خوێنەرمان وەرگرتووە و کردوومانە چرای ڕووناک کەرەوەی کار و خەباتمان و لە داهاتووش دا هەر وا دەکەین. سەربەخۆ بووین و هەین، بێ ئەوەی لافی بێ لایەنی لێ بدەین. شانازیمان کردووە بە جیهەتی فکریمان، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ئیزنمان لەو جیهەتەش وەرنەگرتووە و لە داهاتووش دا وەرناگرین بۆ کاری ماڵپەڕەکەمان.

ئێمە پێمان وایە تا ئێستا لە گەل هەموو کەم و کۆڕی یەک، کاری ئەو ماڵپەڕە تا ڕادەیەکی باش جێی ڕەزامەندیی خوێنەرانی بووە. سەرکەوتن و چوونە پێش نیسبی یە و خوێنەر دیاری دەکا.

ئەوەش بڵێێن کە، نە تا ئێستا، نە لە داهاتووش دا ماڵپەڕی پێشمەرگەکان تەرخان نەکراوە بۆ پێشمەرگەی تاقە لایەنێکی کوردستانی. ئێمە لە پێشمەرگەی زۆربەی حیزب و لایەنە کوردییەکان بابەتمان بۆ هاتووە، بڵاومان کردوونەتەوە و پێمان وایە کە ئەوە مافی خۆیانە، مادام ماڵپەڕی پێشمەرگەکانە بەڵام وەک ئارشیوی وێنە، تەنیا وێنەی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكڕاتمان داناوە.

 

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕ، شانازیی ساڵانێک پێشمەرگایەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا هەمانە. بەڵام نە ئەو حیزبە خاوەنی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان بووە و نە هەموو پێشمەرگەیەکی کوردستانیش موافیقی ئەو حیزبە بووە و هەیە. بەڵام ئێمە ئەوەمان کردۆتەوە ئەسڵ کە پێشمەرگەی کوردستان لە هەر لایەنێک دەبێ با ببێ، خاوەنی هەر بیروڕایەکی سیاسی دەبێ با ببێ، کام بەشی کوردستان دەبێ باببێ، موافیق یان موخالیفی لایەنەکەی ئێمە دەبێ با ببێ، مادام پێشمەرگەی کوردستانە و خەبات بۆ ڕزگاریی کورد و کوردستان دەکا، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم ماڵپەڕەیە.

لە کۆتایی دا بە بۆنەی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ، پیرۆزبایی دەکەین لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لەخوێنەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان.

 

بەڕیوەبەرانی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان

لینکی ئالبۆمی پێشمەرگەکان

لینکی کاناڵی یوتوبی پێشمەرگەکان

پەیامی کۆمیسۆنی سیاسی ـ نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ساڵڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان.

 

 

 

کاتالۆگ