پێ لەسەر عەرز و چاو لە ئاسۆ . ئیبرایم لاجانی

حیزبی ئێمە حیزبێکی میللی و جەماوەریە و هێزی ژیان و خەباتی خۆی لە واقعیەتە عەینی و زەینیەکانی کوردستانی ئێران و ئەو وەزعە ئابووری ، سیاسی و کۆمەڵایەتیە وەردەگرێ کە ئەمڕۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە نێویدا دەژی. braym_lajani
هەر بۆیەشە سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوت و زەبروزەنگە، سەرەڕای ئەو هەلومەرجە سەخت و دژوارە کە تێیدا بەسەردەبا، وەک پارامیترێکی جدی و کاریگەر و سەرەکی لە سەر گۆرەپانی واقعیەتی سیاسیی کوردستانی ئێراندا حزوورێكی حاشاهەڵنەگری هەیە. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەکانی ئێمە مەوزووعیەتیان هەیەو بێ ڕەبت نین.

حیزبی میللی تەئسیر لە میللەت وەردەگرێ و تەئسیریشی لەسەر دادەنێ. کۆمەڵگای کوردستان لە حاڵی ئاڵوگۆڕیکی بنەڕەتی دایە. ئەو ئاڵوگۆڕانە شوێن لەسەر حیزبەکەشمان دادەنێن و هانی دەدەن خۆی لە گەڵ ڕاستیەکانی کۆمەڵگای تازەی کوردستان ڕێکخا.

بەڵام لەو پرۆسەیەدا تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبیش ئەرکێکی گرنگیان لەسەر شانە. ئەویش بریتیە لە ئەرکی ئامادەکردنی خۆیان و حیزبەکەیان بۆ چوون بە پیر بانگەوازەی زەمانەوە. ئەوەش ئەرکێکی قورسە. ئەو ئەرکە قورسە تەنیا بە ڕێبەرایەتی حیزب جێ بەجێ نابێت. کاری هەموو تەشکیلاتی حیزبە. بەدەنەی حیزب، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، جەماوەری حیزب ، بنەماڵەی شەهیدانی حیزب، کادرە مەیدانیەکانی حیزب، ئەندامانی ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی سەربە ڕێبەرایەتی حیزب و سەرەنجام ڕێبەرایەتی حیزبیش دەگرێتەوە. واتە پێویستە هەموو پێکەوە شانبدەنە بەر ئەو ئەرکە مەزنە.

ئەو ئەرکە سێ لایەنی هەن. یەکەم ئەوە کە هەموو تێکۆشین لە تەشکیلاتی حیزبەکەماندا و لە دەوری رێبەرایەتی حیزبەکەمان پتر خۆ رێکخەین و هێز و توانایەکی زۆرتر و مایەیەکی فیزیکی و مادی و فکری و مەعنەوی زۆرتر بۆ خزمەتی حیزب و بردنە پێشی خەبات لە خۆمان دانێین. لایەنی دووهەم ئەوەیە کە هەموومان لە بەرانبەر فەزای سیکۆسۆسیالی نێو تەشکیلات و حیزب و بزووتنەوەدا هاوبەرپرسایەتی لە خۆمان نیشان دەین. واتە هەرکاممان لە مەوقعیەتی خۆمانەوە تێکۆشین فەزایەک لە تەشکیلاتدا درووست کەین کە کۆمەك بە پەرەپێدانی گیانی هاوڕێیانە، ڕووحیەی خەباتگێڕانە، هەستی برایەتی و برنەسەری متمانەی حیزبی و تەشکیلاتی لە نێوماندا بکا.

لایەنی سێیەمی ئەو ئەرکە بریتیە لە وە کە هەموومان تێکۆشین لە تەشکیلاتدا خەللاق و کارساز بین، درووستکەربین، داهێنەربین، کاریگەر و شوێن دانەربین، خەباتکار بین وهەم لە مەیدانی خەبات بە دژی دووژمنانی گەل و نەتەوەکەمانداوهەم لە مەیدانی خەبات بۆ بەهێزکردن و پتەوکردن و سەرخستنی حیزبەکەماندا هەڵسووڕ و چالاک و مەیدانداربین.

ئێستا بابزانین چۆن دەتوانین نێوەرۆکی ئەو باسە پتر وردکەینەوە و ئەو قسانە لەزمانی تیئوریەوە وەرگێڕینە سەر زمانی کردەوەی حیزبی و تەشکیلاتی.

باسمان کرد کە هەموومان ئەرکێکی قورسمان لەسەر شانە. ئەرکی تەییارکردنی حیزب بە جۆرێک کە بتوانێ وەڵامی ئەو چاوەروانیانە بداتەوە کە مێژوو خستونیەتە سەرشانی. ئەو ئەرکەیە دەبێت ببێتە سەرچاوەی ئیلهام و هێز وەبەر ئەژنۆی کار و تێکۆشانی حیزبایەتیمان بنێ. بەڵام ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکەش کارێکی هەروا سوک و ئاسان نیەو زۆر شتی لێمان دەوێت و زۆر شەرت و مەرجی هەن و دەبێت ئەو شەرت و مەرجان لە خۆمان و لە تەشکیلات دا درووستکەین.

لە کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باشتر وایە بەشداری کەربین تا تەماشاچیەکی پاسیڤ . واتە باشتر وایە ئاکتیو و هەڵسووڕ و چالاک و کاریگەربین تا ئەوەی پاسیو بین. بەدەنەو تەشکیلا ت و جەماوەی پاسیو و تەماشاچی دەبنە ئیشغال لە سندووقی پشتەوەی ماشێنی حیزبدا و نەک هەر کۆمەک بە ماتۆرەکە ناکەن کە بۆ پێشەوە حەڕەکەت بکا، بەڵکوو خەتەری ئەوەش هەیە ماتۆرەکەش لە ژێرباری قورسایی ئەو ئیشغالەدا راوەستێ یا بۆ دواوە بگەڕێتەوە. کەواتە لەسەرمانە ئاکتیو بین و لەوڕێگایەوە هێز و ئینێرژی و مۆتیڤاسێۆن بدەینە ڕێبەری و بەمجۆرە کۆمەگ بە ماتۆرەکە بکەین.

باشتروایە چالاکانە لە کاروباری سیاسەتگوزاری حیزب و پرۆسەکانی بڕیاردان دا بەشداری بکەین تائەوەی لێگەڕێین کەسانی دی ئەو کارەمان بۆ بکەن. لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتدا جێگایەک بۆ بۆناپارتیزم نیە. حیزبی ئێمە حیزبێکی جەماوەری و میللیە وەک ویکیپیدیا وایە . هەموو خەڵی کوردستان دەتوانن بیدەنێ و پێیەوە زیادکەن و لێشی وەرگرن و لێی فێربن و فێریشی کەن. لە تەشکیلاتی حیزبیشدا هەروایە. هەموو ئەندامانی حیزب دەتوانن لە میکانیزمە تەشکیلاتیەکان بۆ شوێندانان لە سەر سیاسەت وبڕیارەکانی حیزب کەڵک وەگرن و بو بردنە پێشی ڕوانگەو نەزەراتی خۆیان دەکاریان بکەن. ئەگەر من و تۆ نەتوانین لەو میکانیزمانە بۆ بردنە پێشی ڕوانگە و مەبەستەکانمان کەڵک وەرگرین، مەیدان بۆ کەسانی دیکە خۆش دەکەین تا بازاڕی حیزب و تەشکیلات بۆ خۆیان قۆرخ و مۆنۆپۆلیزە بکەن .

جا ئەگەر پێمان وایە نەزەرات و ئیدەو بۆ چوونەکانمان بۆ سەرخستنی حیزب و بردنەپێشی حیزب کاریگەرن، دەبێت بیانهێنینە بەرباس و بازاریابیاب بۆبکەین و موشتەریان بۆ پەیداکەین. ئەگەرنا کەسانی دیکە ئەوکارەدەکەن و مەبەستەکانی خۆیان دەبەنەپێش. حەقی خۆشیانە. جا با ئێمەش پێمان وابێ کاڵای ئەوان ڕەسەن نیەو بنژیل بە گەنم دەفرۆشن. ئەوە بۆ چونی من و تۆیە و هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. پرتە و بۆڵەو منگە منگ لە تەشکیلاتدا قەت ناتوانێ جێگای ململانێی ئاشکرا و سالم و دێموكڕاتیک و ئەساسنامەیی دەروون حیزبی بگرێتەوە.

ماوەیەک لە مەوبەر سەردانی کوردستانم کرد. زۆربەی ئەوشتانەی لە بازاڕەکانی ئورووپادا هەن لەوێش هەن، بەڵام کۆپین. واتە ئەسڵنین. کەچی بەو حاڵەش چاک دەفرۆشرێن. ئەوە لە بەر ئەوەیە موشتەریەکان لە بازاڕدا ئەڵتڕناتیوی دیکەیان نیە. یانی لە بازاڕەکەدا کێبەڕکێ و رەقابەتێک نیە. لە هەموو جێیەکیش هەروایە کاتێک پوڵی ئەسڵ لە بازاردا نەبێت پوڵی قەڵبیش ڕەواج پەیدادەکا. لە بیرمانە دەورانێک دیناری قەڵب لە بازاردا دەڕۆیشت. هەموو کەسیش دەیزانی ئەو پوڵە ئەسڵنیە. ئەوە لە کاری سیاسیش دا هەروایە. خۆ لە خۆڕانیە دەڵین سیاسەت خەلاء واتە بۆشایی هەڵناگرێ.

حیزبی دێموکڕات حیزبی خەڵکی کوردستانی ئێرانە. خەڵکی کوردستانی ئێران وەک خەڵکی هەموو شوێنەکانی دونیا لە ژن و پیاو پێک هاتوون. بۆیە تەشکیلاتی حیزب دەبێت ئاوێنەیەک بێت خەڵکی کوردستان لە خۆی دا نیشان بدات. بە داخەوە لە تەشکیلاتی ئێمە و ژیانی حیزبی و تەشکیلاتی و کۆڕوکۆبوونەوە حیزبیە کانماندا ژمارە و ڕۆڵی ژنان زۆر کەمە و پیاوان نەک هەر زۆرینەو دەستەڵات دار و بڕیاردەرن بەڵکو سیمای حیزبەکەشمانیان کردۆتە حیزبێکی پیاوانە. ئەوە کەمووکوڕیەکی جدیە بە حیزب و تەشکیلاتی حیزبەوە دیارە. ئەوە بۆ حیزبێکی دێموکڕات و جەماوەری و خەڵکی و مۆدێڕن و خەباتگێڕ نەقسێکی گەورەیە و دەبێت قبووڵی کەین.

نەدیتنی ئەو عەیبە بە خۆمانەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کار بۆ چاککردنی نەکەین. دەبێت بزانین بەدەستی خۆمان حیزبمان لە ئینیرژی و پوتانسیەلێکی زۆر بۆ کار و خەبات کە لە ژنانی کوردستانداهەیە، بێ بەشکردوە. لەوەش زیاتر بە چالاکبوونی ژنان لە ڕیزەکانی حیزبدا، حیزبەکەمان سیمایەکی مۆدێڕن و هاوچارخ و پێشکەوتوتر و ئەمڕۆیی تر بە خۆوەدەگرێ . تەشیکیلاتی حیزب دێموكراتیزەتر دەبێت و فەزای کارو خەباتیش گەرمتر، سەمیمانەتر، دۆستانەتر ، برایانەتر و خوشکانەتر و پرمتمانەتر و ئینسانی تر و نەرمتر و جەزابتر و ڕاحەت تر و خۆشتر دەبێت. لەسەر هەموومانە لەوبارەوە کاربکەین. ژنان و كچان تەشویق کەین و هانیان بدەین بێنە نێو تەشکیلاتی حیزب و بەمجۆرە حیزبی دێموکڕات فەتح بکەن. خۆشمان کادر و تێکۆشەرانی حیزب لەسەرمانە تەشکیلاتی حیزب، ئەدەبیاتی حیزب، فەرهەنگی کاری حیزبی، کولتوری حیزبی و سیاسەتەکان و تەنانەت ڕێبەرایەتی حیزبیش وەک پێویست فیمینیزەبکەین.

زۆر خوشکی لێوەشاوەو بەتوانام دیتوون و داوام لێکردوون بێنە نێو تەشکیلات و کاربکەن. لەوەڵامدا پێ یان وتووم تەشکیلاتی حیزب بۆ ئێمە وەک ئاوێنەیەک وایە کە لە لای پشتەوەڕا بچیە پێشی و لە بەرانبەریدا ڕاوەستی. ئیدی وەختی ئەوە هاتوە حیزبی ئێمە لەو وەزعە بیتە دەر و لەو پێوەندیەدا هیچ بیانوو و پاساوهێنانەوەیەک نابێت قبووڵ بکرێت. بێکەس وتەنی نێرومێ هەردوو بە جووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن، دوورە دەرچونی لە زیللەت مەل بە باڵی نافڕێ.

مەسەلەیەکی دیکەش کە پێویستە بیزانین و دەکاری بکەین ئەوەیە کە باشتر وایە لە تەشکیلاتێکدا، لە حیزبێکدا کاربکەی کە هەموو ئەندامەکانی لە باری ئینسانی و تەشکیلاتیەوە هاوبایەخبن. ئەندامانی حیزب لەباری ئەساسنامەیی و ئەخلاقی و ئینسانیەوە هەموویان هاوبایەخن. بۆیە پێویستە مەجالی ئەوە ڕەخساوبێت هەرکەسیش بە گوێرەی توانا و لێوەشاوەییەکانی و ڕادەی خزمەت و مایەدانان لە خۆی و سەرمایەمادی و مەعنەویە کانی، ڕۆڵ و نەخشی لە ژیانی حیزبی و تەشکیلاتیدا هەبێت. کەس نابێت ڕێگای ئەوەی پێ بدرێت لە سەر حیسابی زەحمەت و ماندووبوون و قوربانی و مایە لە خۆدانانی کە سانی دیکە خۆی بەرێتە پێشێ.

ئەوە حەقیقەتێکی فەلسەفیە کە یەکەمیان دەبێتە هۆی وەگەڕکەوتن و مۆبیلیزەبوونی هێزو توانا و لێوەشاوەییەکانی ئەندامانی حیزب و تەشویقیان دەکات بۆ کاری زۆرتر، مەسئولیەت قبووڵکردنی پتر، مایە لە خۆدانانی زیاتر و قوربانی دانی گەورەتر. دووهەمیشیان دەبێتە هۆی دڵساردی و تێکشکاندنی ڕووحیەی هاوڕیانی حیزبی، پەرەسەندنی فەزای بێ متمانەیی ، درووستکردنی زەمینە بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشیە تەشکیلاتیەکانی وەک بێ تەفاوەتی، پاسیڤ بوون، هەست بە بەرپرسایەتی نەکردن، مەسئولیەت قبووڵنەکردن، لاوازبوونی رەقابەتی دێموکڕاتیکی دەروون تەشکیلاتی، خۆ دزینەوە لە کار و ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان ، سەرهەڵدانی پوچی گەری و نهیلیزم. لە یەک قسەدا دەبێتە هۆی بێ مانابوون، بێ بەهابوون، بێ بایەخبوون و بێ نێوەرۆک بوونی کاری حیزبی و تەشکیلاتی.

لە لایەکی دیکەوە باشتر وایە ئەندامی حیزب لە کۆڕوکۆبونەوە حیزبیەکاندا، لە تەشکیلاتدا خاوەنی نەزەر و ئیدەی خۆی بێت و خەللاق بێ. بە چاوی ڕەخنەوە بڕوانێتە قسەو باس و ڕوانگەی کەسانی دیکە و هەر گوێڕایەڵ نەبێت. هەر چاوی لەوە نەبێت ئەو ئەرکانە ڕاپەڕێنێ کە کەسانی دیکە و بەرپرسانی حیزبی دەیخەنە سەرشانی و بۆی دیاری دەکەن. پێویستە خۆشی خەللاقیەت و کارسازی و کاردرووستی لە خۆی نیشان بدات.

زۆرگرنگە فێربین لە تەشکیلاتدا خۆمان و توانا و لێوەشاوەییەکانمان بەکاربەرین و بیانخەینە خزمەت حیزب و بزووتنەوە. خزمەت و خەبات لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراندا، کەسایەتی ئینسانی و خەباتگێرانەما ن دەخەمڵێنێ و مەعنەویەتمان دەباتەسەر و پەرە بە شەخسیەتی تەشکیلاتی و حیزبی و میللی مان دەدا و ناسنامەو کارنامەیەکی پڕ لە سەروەری و شانازیمان بۆ درووست دەکا. بە وتەی شەهیدی گەورەمان دووکتۆر قاسملوو، خەباتی حیزبی ئێمە خەباتە بۆ ئازادی میللەتێک. چ شانازیەکی گەورەیە لەو خەباتەدا بەشداربین و مایە لە خۆمان دانێین.

زۆرمان لە کار و مەسئولیەت لە حیزبدا دەترسین، بەڵام کۆمەڵناسەکان دەڵێن هیچ شتێک وەک مەسئولیەت قبووڵکردن نابێتە هۆی گەشەسەندنی هەموو لایەنەی ئینسان. خۆ لە خۆڕا نەبوو دووکتۆر سەعید دەی گووت شانازی بە ئەندامەتیم لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئیراندا دەکەم. کەواتە ژیانی خەباتگێرانە مانا و بایەخ و نێوەرۆک بە ژیانمان دەبەخشێ و مەعنەویەتمان دەداتێ و ڕیسالەتمان دەخاتە سەر شان. لە فەلسەفەشدا دەگوترێ کە گەورەترین سەعادەت ئەوەیە خزمەت بە کەسانێک بکەی کە پێویستیان بە یارمەتی تۆیە. ئێستا میللەتی ئێمە لە وەزعێکی هێندە دژوار دایە بۆڕزگاری خۆی پێویستی بە هەوڵ و تێکۆشانی هەمووی ئێمە هەیە. جا سەعادەتی لەوە گەورەتر چیە کە لەو خەباتەدا بەشداربین کە بۆ ئازادی و بەختەوەری میللەتەکەمان لە گۆڕێ دایە.

چەند خۆشە لە ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوە و خەباتدا بی و هەست بە گەرمی و موحیبەت و سەمیمیەتی هاوڕێ و هاوخەبات و هاوسەنگەرانت بکەی. ئەو گەرمیە خۆرە و تین و رووناکی بە دوونیای ژیانمان دەبەخشێ و دونیای ژیانمان ئاوەدان دەکاتەوە . تێکۆشەرانی نێو حیزب و بزووتنەوەی کوردستان ، جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستانن. دووکتور سەعید دەی گووت چ لەوەی خۆشترە ئینسان جێگای ئومێدی میللەتی خۆی بێت. کەواتە کار و خەبات لە حیزب و بزووتنەوەدا ژیانمان دەوڵەمەند و پڕ مانا دەکا. ئەوانەی پێشمەرگە بوون و تەجرووبەی ئەوەیان هەیە کە لە نێو خەڵک دا کار و خەباتیان کردبێ ، تێدەگەن کە خۆشەویستی خەڵکی خۆت بی یانی چی و چ غروور و سەربەرزی و ڕووسووریەکی گەورە بە نسیبی مرۆڤ دەکا.

شتێکی ترکە پێویستە لە پێوەندی دەگەڵ کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باسی بکەین ئەوەیە کە خۆشتر و باشترە ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان پێکەوە و بەدەستەجەمعی و بە مشۆرەت لە گەڵ یەکتر جێبەجێ بکەین تا ئەوەی کە لە گەڵ یەکتر کەڵەوەکێشی بکەین. حیزبایەتی هەر لە ئەساسدا کارێکی دەستەجەمعیە. بۆیە کار لە حیزب و گرووپ و تەشکیلاتدا، واتە کار کردن لە گەڵ ئینسانان، پێویستی بە لێوەشاوەیی کۆمەلایەتی و سایکۆلۆژی تایبەت بە خۆی هەیە. زۆر گرنگە ئەو لێوەشاوەییە لە خۆماندا پەروەردەبکەین و فێربین ڕێز لە ئینسانەکانی دیکە گوێ لە ڕوانگەو نەزەراتیان بگرین و کەسایەتی و کەڕامەتی ئینسانی ئەوان بە هێند بگرین و قەت بە خۆمان ئیجازە نەدەین حورمەت و کەڕامەتی کەس بشکێنین.

تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕات دەبێت قوتابخانەی درووستکردنی ئینسانەکان بێت و هەموو دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ کە لەوێدا کەسایەتی ئینسانی و سیاسی و حیزبی و خەباتگێڕانەیان گەشەبکا و پوختەبن و کەمووکوڕی و عەیب و نەقسەکانیان، کە کەسمان لێ یان بێ بەش نیە، بەرتەڕەفکەن.

من دەورانێک لە کۆمسیۆنی سیاسی نیزامی لە خزمەت بەڕێز و تێکۆشەر سکرتێری گشتی ئێستای حیزب، کاک مستەفا هیجری کە بۆخۆی پێداگۆگە ، کارم کردوە. بەڕیزیان ئەودەم لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان لە پێوەندی لە گەڵ تەربیەتی کادرەکانی حیزب دا وتی تەشکیلاتی ئێمە دەتوانێ کەسێکی كرچ و کاڵ و تەنانەت خراپیش لە رێگای زەبت و ڕەبتی تەشکیلاتی و کار پێ ئەسپاردنەوە بکاتە کەسێکی زۆر شایستە. هەر بەوجۆرە کەسێکێ زۆر چاکیش ئەگەر لێی نەپرسینەوە و پێشی بەڕەڵا کەین ، توشی هەڵە دەبێت و ڕەنگە ببێتە ئینسانێکی زۆر خراپیش. مەبەست ئەوەیە کە تەشکیلاتی ئێمە دەبێت ئینسانەکان گەشە پێبدا، تا بۆ خۆشی گەشەبکا. ئاخر ئەگەر ئەندامان و تێکۆشەرانی حیزب لە حیزبدا گەشەنەکەن و نە خەمڵێن ، چۆن ئەو حیزبە گەشەدەکا.

مەسەلەیەکی دیکە کە پێویستە لە پێوەندی لە گەڵ کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باسبکرێ ئەوەیە کە کارکردن بۆ بایەخە بەرز و ئینسانیە پڕماناکان، ماناو مەفهومێکی جوان بە ژیان دەدا. مەفهووم بە کار و ژیانمان دەبەخشێ. کار بۆ بایەخە بەرز و ئینسانیە مەزنەکان و هەوڵدان بۆ ڕستگاری خەڵک و وڵات و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ میللەتی خۆت، ئیدامەدانی کاری پێغەمبەران و ڕێبەرانی گەورەی بەشەریەتە. بۆیە کار و خەبات لەو ڕێگایەدا دەبێ وەک ڕیسالەتێکی پیرۆز سەیر بکەین و شانازی بەوەوە بکەین کە تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی میللی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانین.

لە کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا باشتر وایە ڤیزشونمان هەبێت و دووربین بین و درێژخایەن بیربکەینەوە تا ئەوەی کە ڕۆژ بۆ ڕۆژ فکرکەینەوە. یەکەمیان هێز و توانا و ئیلهاممان دەداتێ و تواناکانی نێو تەشکیلات وەگەڕدەخا. دووهەمیشیان کولتور و فەرهەنگێک بەسەر حیزب و تەشکیلاتدا زاڵدەکا کە نە مۆتیڤاسیۆن مان دەداتێ و نە ئیلهام. یەکەمیان دەبێتە هۆی خوڵقاندنی چاوەڕوانی و ئینتیزارات لە خۆمان و حیزب و تەشکیلات، دەبێتە هۆی درووست بوونی ڕووحیەیەکی شاد و پڕ لە حەمماسەت لە تێکۆشەرانی حیزبدا، دەبێتە هۆی درووست بوونی شووروشەوق لە تەشکیلاتدا بۆ کارو خەبات.

بەڵام دووهەمیان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕووحیەی ڕۆژ گوزەرانی و بەمنچیگەری و مەنفیبافی وخۆ و حیزب بە قەزاوقەدەر سپاردن. لە سایکۆلۆژی حیزبایەتیدا زاراوەی چاوەڕوانی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئێمە چ چاوەڕوانیەکمان لە یەکتر هەیە؟ ڕێبەری چ چاوەڕوانیەکی لە ئێمە هەیە؟ بەدەنە چ چاوەڕوانیەکی لە ڕێبەرایەتی هەیە؟ ئایا لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیانە داین؟ یا تێدەکۆشین خۆمان بۆ ئاستی ئەو چاوەڕوانیانە هەڵکێشین کە لێمان دەکرێ؟ خەڵک و میللەت چ چاوەڕوانیەکیان لە حیزب و تێکۆشەرانی حیزب هەیە؟ ئەو چاوەڕوانی و ئینتیزاراتەن کە شکڵ بە کار و چالاکیەکانمان دەدەن. ئەگەر نەتوانین بە جهەتی ئەو ئینتیزاراتانەدا بڕۆین، هێز و ئینێرژی نێو تەشکیلاتمان بە هەدەر داوە.

ڕوونە کە بردنە پێشی پڕۆسەیەکی لەو چەشنە کارێکی ئاسان نیە و وەک وتمان هەر تەنیا ئەرکی ڕێبەریش نیە. دەبێت هەموو تێکۆشەرانی حیزب خۆی بۆ ماندووکەن و مایەی بۆ دانێن. بەڵام دیارە لەو نێوەدا ڕێبەری دەتوانێ ڕۆڵی گەورە ببینێ. دەزانین کە یەکێک لە ئەرکەکانی ڕێبەری هاوئاهەنگی و ئیدارەکردنە، هیدایەت کردن و هاندان و بەرەوپێشبردنی حیزبە لە ڕێگای کار و زەحمەتی تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب کە لە تەشکیلاتدا چالاکن. لێرەدا مەسەلەیەک زۆر گرنگە.

ئەویش ئەوەیە کە هیچ ڕێبەر و ڕێبەرایەتیەک سەرکەوتونابێت، ئەگەر رێگا نەدا کادرەکانی سەرکەوتوبن. ژەنەڕالێ لێوەشاوەو سەرکەوتوو ئەوکەسەیە کە ژەنەڕالێ ژەنەڕاڵ و ئەفسەر و فەرماندان بێت. گرنگ ئەوەیە لە نێو لووتکاندا لووتکەبین. لە بیابانان لووتکەبوون گرنگ نیە. لە دانمارک گابەردیش دەبێتە لووتکە. گرنگ ئەوەیە لە ئۆپلاند یا لە کورستان لووتکەبین کە پرە لە لووتکە. لە حاڵەتێکی ئاوادا ئەو دەبێتە ژەنەڕاڵی سەربازەکانیش. ئەوەش پێویستی بە گرتنەپێشی هەندێک ستڕاتیژی تایبەت هەیە وەک دابەش کردنی دەستەڵات، دانی سەڵاحیەت و بەرپرسایەتی بە کادر و بەرپرسانی مەیدانی و ئۆرگانە جۆراو جۆرەکانی دیکە. دابەشکردنی ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکان، دانی سەڵاحیەت و بەرپرسایەتی پێکەوە.

نابێ کەسێک سەڵاحیەتی هەبێ و مەسئولیەتیشی بەرامبەر حیزب و تەشکیلات نەبێت. یان کەسێک بەرپرسایەتی هەبێت و سەڵاحیەتیشی نە بێت. لایەنێکی دیکەی ئەو مەسەلە ئەوەیە کە تێکۆشین کادرەکانمان و ڕێبەرانی مەیدانی و ئۆرگانەکانی خوارەوە تا ڕادەیەکی زۆر لە چوار چێوەی ئەسڵە تەشکیلاتی و ئەساسنامەییەکاندا خودموختاربن و لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکەکانیاندا سەربەخۆ و سەڵاحیەتداربن.

ئەوە دەبێتە هۆی مۆبیلیزە بوونی هێزو تواناکانی نێو تەشکیلات و لێوەشاوەییەکانی ئەندامانی حیزب بۆ کار و تێکۆشان. هەروەها دەبێتە هۆی درووستبوونی کولتووری هەست بە بەرپرسایەتی کردن و شانوەبەردان و ئاڕاستەبوونی تواناکان بە جهەتی خێری گشتی و قازانج و بەرژەوەنیەکانی حیزب و گەلدا. هەر لەو پێوەندیەدا دەبێ بڵێین کە هەموو ئەندامان و تێکۆشەران و کادرەکانی حیزب دەبێت بە گیان و پێستەوە هەست بکەن کە ئەو حیزبە هی ئەوانیشە.

دەبێت لە ژیانی حیزبی و تەشکیلاتیدا بەشداربن و هیچ کەس لە هەر پلەو پایەیەکی حیزبی دابێ حەقی نیە حیزب لەسەر خۆی تاپۆبکا و تێکۆشەرانی دیکەی حیزب، بێ بڕیاری حیزبی و تەشکیلاتی، پشتاو بکا، یا بە پێوانە لەباوکەوتوەکانی پێش مۆدێڕنیتەی وەک ناوچەگەری و عەشیرەتگەری و دەستەبازی و سەلیقەی شەخسی حیزب لە کەسانی بەواتەی خۆی غەیرە خودی پاکسازی بکا. لەو پێوەندیەدا زۆر پێویستە ئیعتباری کۆنگرە و کۆنفڕاسەکانی حیزبی و ئیعتیباری هەڵبژاردن و هەڵبژێران و رەقابەتی عادڵانە و سالم و دێموکڕاتیک لە حیزبدا ڕابگرین و وەک گلێنەی چاو بیان پارێزین. ئەگەر ئەوە نەما ڕووحیەی کار و خەبات لە کادرەکانی حیزبدا دەمرێ و تەشریفات و فۆڕمالیزم وەک خۆرە بەردەبنە گیانی حیزب و بەدەردی ئەو حیزبانە دەچین کە تووشی ئەو نەخۆشیانە بوونەو دیتوومانە چیان بەسەر هاتووە.

پێشتریش وتمان کە حیزبی دێموکڕات حیزبێکی میللی و دێمۆکڕاتی و کوردستانیە. کەواتە سەرتاسەری قەوارەی حیزب و تەشکیلات و ڕێبەرایەتیەکەی دەبێت ئاوێنەیەک بێت ئەو واقعیەتە نیشانبدا. نەقسێکی گەورەیە بۆ ئێمە و تەشکیلاتی ئێمە کە وەک پێویست نەمانتوانیوە لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و ناوچە شیمالەکانی کوردستانی ئێراندا ڕەگ باژۆین و خەڵکی ئەو ناوچانە لە دەوری سیاسەت و ستڕاتیژی حیزبەکەمان کۆکەینەوە.

حیزبی ئێمە حیزبی کوردە شیعەکانیشە، حیزبی یارسانیەکانیشە، حیزبی کەلیمی و ئاسۆریەکانی کوردستانیشە، حیزبی ئازەریەکانی نیشتەجێێ کوردستانیشە، حیزبی هەموو چین و تووێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵكی کوردستانە. کەواتە دەبێت حیزب و تەشکیلاتەکەی ئەو ڕاستیە نیشان بدا و لە سەرمانە تێکۆشین حیزب ئیلامیزە، کرماشانیزە و کرمانجیزەتر بکەین. ئەوە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئێستا و سبەینێی تێکۆشانی تەشکیلاتی و حیزبی و جەماوەری ئێمەیە. هەر بەوجۆرەش لەسەرمانە دەرگای تەشکیلات بە ڕووی لاوان دا بۆ کار و تێکۆشان و مەسئولیەت وەگرتن لە هەموو ئاستەکاندا بخەینە سەرپشت.

ئەوە خوێنی تازە بە حیزبەکەمان دەدا و هێز و گووڕی وەبەردەنێ و تایبەتمەندیی شۆڕشگێرانە ی بیمە دەکا. دەبێتە هەوێنی ئەو ڕادیکاڵیزمە مەعقوول و پێویستەی کە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستاش بە شێک بووە لە سرووشتی حیزبە خەباتگێڕەکەمان. ئەگەر ئەوە نەکەین حیزبمان پیر و بێ ئایندە کردوە و توانای بەڕۆژبوونەوەیمان لێ ئەستاندۆتەوە. دڵ و دەست و ئەژنۆکانی حیزب باشترە و تاڕادەیەکی زۆر پێویستە لاو بن. بەڵام سەری بیر و بڕیاردان و سیاسەتگوزاری ئێمە دەبێت پوختە و بە ئەزموون دونیادیدە بێ و وەک هەمیشە لە سنوورەکانی واقیعەتی سیاسیدا مانۆڕبدا. ئەوەی لە ئەدەبیاتی حیزبی خۆماندا پێی دەڵێین سیاسەتی مەسئولانەو ئوسووڵی.

ئەگەرنا تووشی موسیبەت دەبین و ئەسپی ئیحساسات هەڵماندەگرێ و تووشی ئاوانتۆریزمی ڕووتمان دەکا. ڕاستە ئێمە لە قۆناخی خەباتی ڕزگاریبەخشی نیشتیمانی داین و پێویستیمان بە ڕۆمانتیزمی خەباتگێڕانە هەیە. بەڵام دەبێت لە بیرمان نە چێت کە ڕۆمانتیزمی خەباتگێڕانە پێویستە لە خزمەت واقع بینی سیاسی و خۆشبینی شناخت و گەشبینی عیلمی و فەلسەفی دابێت. خۆ لە خۆڕانیە دووکتۆر قاسملوو دەڵێ ئێمە حیزبێکی مەسئوولین و دەبێت لە بەرانبەر قسە و سیاسەت و کردەوەکانماندا وەڵامدەری خەڵکی کوردستان و تەنانەت گەلانی دیکەی ئێرانیش بین.

ئێمە پێویستیمان بەو پێرستپێکیڤە ستڕاتیژیکە هەیە کە دووکتۆر قاسملوو هەی بوو. ئەو دووربینی و قووڵبینی و ریئالیزمەی قاسملوو بۆ ئێمە تا سەر وەک خسڵەتێکی دیار و گرینگی هەویەتی سیاسیمان دەمێنێتەوە. لە هەمان کاتدادەبێ ئەو چاپووکی و تەڕدەستی و ئازایەتیە تاکتیکیەشمان هەبێت کە لە دووکتۆر سەعید دا هەبوو، کە بێ لادان لە ئوسووڵ حیزبی وەک قۆچەقانی لە مەیدانی خەباتدا هەڵدەسووڕاند. هوونەری ئێمە ئەو نەسلە لە تێکۆشەرانی حیزب ئەوەیە کە بتوانین لەو قۆناخە دا حەکیمانە ئەو دووانە ئاوێتەی یەکتر کەین . ئەگەر لەو ئەرکەدا سەرکەوتووبین، ئەوە هێز و تواناکانی نێو جەماوەری حیزب و تەشکیلاتمان وەک بایەکی بەهێز لەو دەریا مەندەدا، خستۆتە پشتی سەری کەشتی چارۆکەداری حیزب.

ئێستا ئێمە خەریکی نووسینی قۆناخێکی سەخت و دژوارین لە مێژووی حیزبەکەمان. لە بیرمە پاش شەهیدبوونی کاک دووکتۆر قاسملوو، کاتێک دووکتۆر سەعید لە یەکێک لە پلینۆمەکانی کۆمیتەی ناوەندیدا وەک سکرتێر هەڵبژێردا، وتی سوپاسی کۆمیتەی ناوەندی دەکەم کە ئەو متمانە گەورەی پێ بەخشیم. بۆمن شانازیەکی گەورەیە لە جێیی پێشەوا و دووکتۆر قاسملوو دانیشم. بەڵام ئێرە کۆمیتەی ناوەندیە و دەبێ بزانین کە من لە دەورانێکدا ئەو ئەرکەم دەکەوێتە سەرشان کە بە هۆی گۆڕانی فاکتۆرە سیاسیەکانی هاوکێشە ناوچەییەکان،سەیری تێکۆشانی حیزب ڕوو لە نزوولە. ئەوە رەنگە بۆمن گران تەواوبێ.

بەڵام چوونکە مێژوو ئەو ئەرکەی خستۆتە سەرشانی من ، بەشانازیەوە قبووڵی دەکەم و بە هاوکاری ئێوە و بەدەنەی حیزب و پشتیوانی خەڵکی کوردستان شان دە خەمە ژێر باری ئەو مەسئولیەتە قورسە. ئەوەم بۆیە لێرەدا باسکرد بۆ ئەوەی بڵێم کە ئەگەر ئەوە بۆ کاک سەعید ڕاست بوو، بۆ رێبەری ئێستای حیزب بە چەند قات ڕاسترە. بەڵام هەموو نیشانەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو توونێڵە درێژ و تاریکە خەریکە تەواو دەبێت. هەموو ئەوانەی شەممی سیاسیان هەیە ترووسکایی و ڕووناکایی ئەوسەری تونێلەکە دەبینن. وەزعی ناوچە و دوونیا بە ئاقارێکدا دەڕواتە پێش کە بە قازانجی کورد و بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلانی ئێرانە. زۆر ناکێشێ بەسەر مەیدانێکی گەورە لە کار و خەباتدا دەکەوین.

ڕاستە بەو وەزعە دژوارەشەوە کە تێیداین، کەس لە ئێمە بۆ رووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو داهاتوە ئامادەتر و سازماندراوترنیە. بەڵام ئەوە نابێت وامان لێبکا لە خۆمان ڕازیبین. ئاخر ئێمە حیزبێکی مەوسئوولین. دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین کە لێمان چاوەڕوان دەکرێ. بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە گرینگ و گەورەیە ببینین دەبێت لە ئاستی کوردستان و ئێران دا بە هێزبین. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ لە باری سیاسی و تەشکیلاتیەوە لە نێو خۆماندا پتە و ساغ و سالم و یەگرتووبین. کەواتە دەبێ تێکۆشین بە سەر گیروگرفت و نالێکی و ناکۆکیەکانی نێو خۆمان و بزووتنەوەدا زاڵبین.

حیزب بەگشتی و بەدەنەو ڕێبەری ئێمە نیشانی داوە کە بەرانبەر دووژمنانی گەل و نەتەوەکەمان چەندە ئازا و بەجەگ و جەوسوور و نەترسە. لەوەش زیاتر من دلنیام ئێمە شەهامەت و دلێری ئەوەشمان تێدایە کە بتوانین بەرخورد بە خۆمان بکەین. بەدەنە و ڕێبەری ئێمە هەمیشە پاکباختەبووە. ئێمە جگە لە خێری عموومی و بەرژەوەندیە بەرزەکانی میللەتی کورد شتێکی دیکەمان نەویستوە و ناوێ. دڵنیام ڕێبەری ئێمە هەر بە حوکمی ئەو مەسئولیەتە گەورە کە لەسەر شانیەتی، بە حوکمی ئەوە کە بۆ خۆی لە جەرگەی ڕووداوەکان دایە، لە هەموو کەس باشتر ئەو زەروورەتە هەستپێدەکا. بۆیە قەت لە خۆمان و ڕیبەرایەتی خۆمان نائومێد نین و نا ئومێد نابین. حیزب و رێبەری ئێمە هەمیشە ئەو دلێرییە مەعنەوی و ئەو ئازایەتیە ئەخلاقیەی تێدا بووە کە بۆ ڕووبە رووبوونەوە لە گەڵ وەزعە سەخت و دژوارە ڕەوانیەکان پێویستە.

هەر شتێک بە قازانجی میللەت و بزووتنەوە بێت بە قازانجی ئێمەشە. کەواتە دەبێ دەستی برایەتی و هاوخەباتی بۆ یەکتر درێژکەین و بە دڵێکی پر لە هیواو بڕواوە بڕۆین بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون. لەبیرمان بێت کە ڕاستە ئەو تونێڵە خەریکە دەگاتە کۆتایی، بەڵام دەبێ بزانیین ڕاست کار و هەڵسووڕانی جدی و ئەساسی ئێمە ئەودەم دەست پێدەکا کە دەگەینە کۆتایی ئەو تونێلەی کە کاک سەعیدی نەمر پێشبینی کردبوو.

با ئەوەش بڵێین کە ڕاستە نابێ لە خۆمان ڕازیبین و نابێ بەو وەزعە ڕازیبین کە تێیداین. چونکە ئەگەر لە خۆمان ڕازیبین ئیدی توانای چوونە پێشمان نامێنی. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نیە کە دەستمان خاڵیە. ڕاستە حزووری چەکداریمان لە کێوەکانی کوردستانی ئێراندا نیە. بەڵام حزووری سیاسی و مەعنەوی حیزبی ئێمە لە نێو کۆمەڵانی خەلكی کوردستاندا و لە خەبات و ژیانی ڕۆژانەیاندا واقعیەتێکی بەڵگەنەویستە. جگە لەوە ئێستا سەرتاسەری دونیامان کردۆتە مەیدانی خەبات و تێکۆشان. هیچ میتۆد و شێوەیەک لە خەبات شکنابەین کە ئیمکانی هەبێ و ئێمە بەڕێوەی نەبەین .

کێ لە ئێمە باشتری خەباتکردوە یا پتر خەبات دەکا و ئامادەیی زۆرتری بۆ قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و چونەسەر پشتی شەپۆلە گەورەکان هەیە. ئەوە هەلپەرستی و لە چاوەروانی مانەوە دا نیە. ڕاست دەبێ هەروابکەین. حازر و ئامادە و تەییار بین و یەکچاو بکەینە هەزار چاو تا ئەگەر سێلاو هەستا سواری شەپۆلەکانی بین و بە قازانجی میللەت و سیاسەتەکانمان کەڵکیان لێوەرگرین. ئەسڵەن مەبەست لە کاری حیزبی و تەشکیلاتی ڕاست ئەوەیە. لە سیاسەتدا هەموو شتێک هەر ئەوە نیە کە تۆ چۆن حەڕەکەت دەکەی.

بەشێکی زۆریش پێوەندی بەوە هەیە کە دوژمن چۆن حەڕەکەت دەکا. خۆ ئەو وەزعە کە لە کوردستانی عێڕاق هەیە هەمووی هەر ئاکامی چۆنیەتی حەرەکەتی هێزە خەباتگێرەکانی کورد لەو بە شەی کوردستاندا نیە. بەشێکی زۆری ئاکامی چۆنیەتی سیاسەتەکانی حکومەتی پێشووی عێڕاقە. بەڵام ئەگەر ئەوان لە مەیدان دانەبوایەن و ئامادەگی و لێوەشاوەیی و پوختەگی ئەوەیان نەبوایە تا سواری شەپۆلە گەورەکان بن، ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆ هاتوونەدی ، بە خەونیش نەماندەدیتن.

مەبەستم ئەوەیە کە دیفیتیزم و ئاشبەتاڵ لە قامووسی حیزبیمەدانیە و بە ئایندەی خەباتی خۆمان و میللەتی خۆمان ئومێدەوار و دڵگەرمین و دڵنیایین ئەو هەموو خوێن و فرمێسکە بە فیڕۆناچێ. بەڵام دەبێت تێکۆشین میراتگرێکی لێوەشاوە و مەسئول و و شایستەی ئەو سەرمایە مەعنەویە گەورەبین کە نەسلەکانی پێشووی حیزب و میللەت بۆمانیان بە جێ هێشتوە. لەیەک کاتدا دەبێ هەم ڤیزشونار وهەم یۆرناربین. واتە پێویستە پێمان لەسەر ئەرز بێ، بەڵام چاومان لە ئەستێرە گەشەکان و ئاسۆ بڵندەکان بێت.

کاتالۆگ