ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی، شکستیشی هەر سەرکەوتنە ، هەڵۆ بەرزنجەیی

 پانۆڕامایەکی خێرای مێژووی کورد، وەک دەروازەیەکی گرنگ بۆ چوونە نێو باسەکەوە مەسەلەیەکی ناچارییە. دەسەڵاتی میدیای کوردیی بەر لە زاین، لە ٢٧١٧ساڵ بەر لە ئێستا دا، دوای ئەوەی بەر گورزی کوشندەی کۆرشی فارس کەوت،

helo-berzenci-

ئیدی باش گلاو و لەو کاتەوە  بە ئاستەم ڕاست بۆتەوە. پاش ئەو کارەساتە و بە درێژایی مێژوو هەرچی دەسەڵاتێکی دوژمن هاتووە، پەلاماری کوردستانی داوە. کوردیش لە بەرامبەردا هەم بەرگریی کردووە و هەمیش ڕاپەڕیوە، لێ مەخابن سەرجەم  ئەو بارودۆخەی کورد خۆی تێیدا نمایشتی  کردووە و داکۆکی لە مانەوەی کردووە، باجی گرانی بۆ داوە و زۆر جاران لە خوێنی خۆیدا گەوزێندراوە، ئاخر داگیرکەران زۆر بێ بەزەییانە و فرە نا مرۆڤانە پەلاماریان داوە.

لە میانەی جەمسەری ئەمبەری ئەم مێژووەدا،تا ئەو سەری، کە ئیمڕۆیە، ڕەنگە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦دا، بۆ ماوەی تاقە ساڵێک، تاکە سەردەم بێت،کورد ژیانی سیاسی بە ئارامی و پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون تێدا بردبێتە سەر .

 داگیرکەران و دوژمنانی کورد، گەلێ پەیمان و ڕێکەوتنامەیان  لەنێوان خۆیان دا لە دژی کورد و ویست و خواستەکانی پێکهێناوە و ئیمزا کردووە. لەو هەوڵە زۆر و زەبەندانەی ئەوان، بۆ دوژمنایەتی و پلانگێڕی و لێدان و سەرکوتکردنی کورد، نموونەی وەک ڕێکەوتننامەی سەنتۆ و جەزائیر و هەوڵە بەردەوامەکانیان لە ئێستای نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا بەرچاو دەکەون.

هاوشانی ئەمانەش دەیان ڕێکەوتن لەژێر ناوی چارەسەکردنی پرسی کورد دا لە عێراقدا کراوە و  لە کۆتایی دا، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازییەکانی کوردیان داوەتەوە. ڕەنگە ئاماژە بە ڕێکەوتننامەی ئازاری١٩٧٠، باشترین نموونەی نێزیکی ئەم باسەمان بێت،چۆن دەوڵەتی عێڕاقی گفتی دا لە ماوەی ٤ ساڵدا،١٩٧٤ مافەکانی کورد بسەلمێنێ و جێبەجێ بکات،کەچی لەو ماوەی گفتوگۆ و شەڕ وەستاندن و باسوخواستی ئۆتۆنۆمییە دا، خێرا ڕژێمەکەی سەددام  خۆی بەهێز و  تەیار کرد و بەبێ هیچ هۆکارێک شەڕیان بە سەر کورد دا داسەپاندەوە. بەواتایەکی تر ئەوان لە خەون و  لەسەر خوانیش هەمیشە بیریان لە قڕکردنی کورد کردۆتەوە و ئەوان هەرچییان ویستبێ و هەرچۆنیان بۆ باش بووبێت، ئەوەیان ئەنجام داوە.

ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان و ئاوارەبوونی چەند ملیۆنێ کورد، بارودۆخێکی وای هێنایە کایەوە،کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دەستپێشخەری فەرەنسا و ئینگلتەرا و پاشان ئەمەریکا، بە هانای کوردەوە بێن و ناوچەیەکی ئارامی بۆ ساز بدەن و لەوێدا لە شاڵاوی دڕندانە و بەربەریی ئاسای بەعس و سەددام و عێراق بیپارێزن.  

ئەو دۆخە تازەیە دەرگایەکی نوێی بە ڕووی چارەنووسی کورد دا خستە سەرپشت و لەو ڕۆژەوە و بە تایبەت دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی سەددام لە ٢٠٠٣ دا، ئەو قەوارە بچوکەی کورد بۆ خۆی سازدا، بەردەوام  لە ململانێی شەڕی دەستوور و داوای فیدڕاڵی دا و کێشمەکێشدایە، لەگەڵ دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقیدا و تا ئەم چرکەساتە، ئاسۆیەکی ڕوون بە چارەنووسیەوە لەم مەیدانەدا دیار نییە و مانەوە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕەگەکانی دەستوور  بوونەتە خەون و خەیاڵ. ئاخر داری زڕ قەت بەری نەگرتووە و ناشگرێ و قسەی ڕووتیش نەچۆتە گیرفانەوە.

هەڵبەت سەرکردایەتی کورد، هەڵەی بێشوماری کردووە، لە بونیاتنانەوەی عێراقی داڕووخاو و نووسینەوەی دەستووری ڕووزەرد و ماددەی ١٤٠ نەزۆکدا، دەرفەتی زێڕینی لە کیس چوو. دەرئەنجامی ناکام بوون و بێ ئومێدی لە هەموو هەوڵەکانی ژیانی سیاسی و دەستووری لەگەڵ (ئەوان ـ بەغدا) دا!!،وردە وردە سەرەتای قۆناغێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی تازە خۆی بە شێوەیەکی خۆڕسک بەسەر ئەقڵێتی سیاسی کورد دا داسەپاند.

رۆژی ١٧/٧/٢٠١٧ ،بەشی زۆری سەرکردایەتی سیاسی کوردى بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان دا و ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ یان دەست نیشان کرد بۆ دەنگ دان لە ژێر دروشمی “بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان”.

داڕشتنی ئەم دروشمە بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ هۆشیارییەکی گەورە و مانای  ئەوە تاکی کورد چی دیکە سەرپشک نەکراوە، لە نێوان سۆسکە و کەروێشکدا. بەواتای ئەوەی دەتەوێ لەگەڵ عێڕاق دا بمێنیتەوە یان سەربەخۆ بیت. وەک ئەوەی جارانی پێشوو سەرکردایەتی کورد، کاری بەم ئەقڵێتە دەکرد و هەمیشە عێراق و عێراقیبوونی لە هرزی خەڵک دەهێشتەوە. ئەمەش تەڵەیەکی کوشندە بوو، بەتایبەت بۆ میللەتێکی نەخوێندەوار و  ستەمدیدە.کە  بە پانتایی و دڕێژایی دەیەها سەدە،بێ بەش بووە لە چەشتنی ئازادیی و هەبوونی دەسەڵاتی خۆیی.

 بڕیاری سەربەخۆیی ،جگە لەوەی ئەزموونێکی نوێیە و کورد دەباتە قۆناخێکی دیکەی خەباتەوە، هاوکات وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگیش دەنوێنێ، کە بە دەستپێکردنی  سەرەتایەکی دیکەوە بەرەو ڕووی پرسەکان دەچێت. قۆناغێک، هەموو دروشمە سواو و بێ کەڵک و فشە مافەکانی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی  لەگەڵ خۆیدا دەپێچێتەوە و هەنگاوێکی دروستتر بۆ نزیک بوونەوە،لە ویست و خواستی ڕاستەقینەی دۆزی نەتەوایەتی کورد دەهێنێتە پێشەوە.

 زۆر لە میللەتانی دیکەش،بەم ئەزموونەدا تێپەڕیون و هەوڵیان داوە بەم ئامڕاز و میکانیزمە،بگەنە ئامانجەکانی خۆیان. نموونەی کیوبیکی لە کەندا و کاتالۆنی و باسکی لە ئیسپانیا و سکۆتی و ئیرلەندی لە بەریتانیا ،بەم رێچکە و شێوازە گوزەریان کردووە بۆ سەربەخۆبوون و دامەزراندنی قەوارەی خۆیان.

ئەوەی شایانی ئاماژە پێدانە، بەم میتۆدەی خەبات و لەم سەرەڕێیەدا، تا ئێستا چەند جارێ،لە ئەنجامی گوشار و سەختی هەلومەرج و هەڕەشەی جۆراوجۆرەوە،ئەوانە نەیان توانیوە بگەنە ئەنجام و شکستیان خواردووە، لێ ئەوەی مایەی سەرنج و دڵخۆشییە،ئەم میللەتانە کۆڵیان نەداوە و  بەردەوام و ساڵە و ساڵ تێهەڵچوونەتەوە و ئیرادەی ویست و خواستی خۆیان نیشان داوە و هیوا بڕاو نەبوون.ئەوەتا کاتالۆنییەکان لە ١/١٠/٢٠١٧ جارێکی تر سەرباری هەڕەشە و گوڕەشەکانی مەدرید و برۆکسل، دیسانەوە ڕیفەڕاندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دەدەنەوە.

دەتوانی گرنگی و سوودی  دروشمی ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی لە ئێستادا بەم چەند خاڵە ڕوون بکەینەوە:

ـ هەڵبژاردنی ئەزموونێکی نوێ و مۆدێرن،وەک ئامراز بۆ گەیشتن بەمافی ڕەوای نەتەوەیی.

ـ شێوازێکی کەم زیان و پەسەندکراو لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە.

ـ تێپەڕاندنمی داوا و دروشمی ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی و فشە مافەکانی دیکە و چوونە ئاستێکی بەرزتری خەباتەوە، بە ئامانج و فۆڕمەلەیەکی ڕوون و ئاشکراوە.

ـ  دۆست و دوژمن، ئێستا لێمان تێدەگات و ئیدی دەزانن چیمان  دەوێ و گەرەکمانە بۆ  کوێ بچین.

ـ سەلماندنی ئیرادەی نەتەوەیەک،نیتچە وتەنی:  Will to Power

ـ بە ئارگۆمێنتکردن و بەڵگەنامەکردنی ویست و داوای کورد و فۆرمەلەکردنی وەک دۆسییەکی ئامادەکراو.

ـ هەموو کورد دەخاتە بەردەم یەک دووڕیانی سەربەخۆیی و بندەستی. ئەمەش زۆر جیاوازترە لە شۆڕش و خەباتێ لەژێر زۆر ناونیشان و دروشم  جیاجیادا، بۆ فرە ئامانجی بکرێت.

ـ دۆسییە و داخوازییەکانمان لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، هێما و مانای یاسایش وەردەگرێ.ئەوەتا ئەو بزاڤەی ئێستا دەستی پێکردووە و لە شارو شارۆچکەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان خۆی نمایشت دەکات،شکۆیەکی دیکەی بەخشیوەتە پرسەکەمان و جەماوەری بەجۆش و خرۆشێکی ترەوە هەژاندووە.

ـ سەدان ساڵە خەبات دەکەین و قوربانی دەدەین دنیا  لە ئاسمان دا،چاوی نوقاوە و گوێی ئاخنراوە و دەمی بەستراوە،کەچی بەم چەند هەفتەیەی داوای سەربەخۆیی، بە کێش و سەنگێکی ترەوە چووینە سەر شانۆی سیاسەتی نێو دەوڵەتی و نێو ناوەندەکانی بڕیاردان. بەشێکی دنیا لەگەڵ لەسەر هێڵە.

ـ هێز و ئیلهامێکی بەهێز دەبەخشێ، بە بەشەکانی دیکەی کوردستان، بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێچکەیە.

بۆ دوا بەندی سەرێ،باکوور یان رۆژهەڵاتی کوردستان بە نموونە دێنمەوە. هەر گۆڕانکارییەک لەو دەوڵەتانە و ناوچەکەدا دروست بێت، کورد دەتوانێ داوای ڕیفەراندم بکات و بەم میتۆدە بچێتە پێشەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی. دیارە لەتەک هەبوونی شێوازەکانی دیکەی خەباتدا. دوای سوود وەرگرتن و ئیلهام بەدەستهێنان لە ئەزموونی باشوورەوە، هیچ گومانی تێدا نییە،چانسێکی گەورەی سەرکەوتنیان بۆ فەراهەم دەبێت.

دیارە،گەر بگەڕێینەوە بۆلای ناونیشانەکەمان، وا لەوێوە دەست پێدەکەم، کیوبیکی لە کەنەدا و  و سکۆتی و ئیرلەندی لە بەریتانیای مەزن و  و کاتالۆنی  لە ئیسپانیا و زۆر نەتەوەی دیکە لە جیهاندا،پەنایان بۆ ئەم میتۆدەی  ڕیفەڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی بردووە. گەلێ جار شکستیان خوردووە، لێ کۆڵیان نەدا و بەردەوام تێ هەڵدەچنەوە.

بە گرتنەبەری هەمان ڕێچکەی بەشێکی زۆری گەلانی جیهان،کوردیش دەتوانێ لەم مەیدانەدا ئەسپی خۆی تاو بدات و  بە سیاسەتێکی زرنگانە و حەکیمانە  کار بۆ  ئامانجەکانی خۆی بە ئامڕازی ڕیفەڕاندۆم بکات. خۆ حاڵەتەکەش ئەوەیە یان گاڵ دێنێ یان پەموو. ئەو چرکەساتەی زۆرینەش سەربەخۆیی ڕەتدەکاتەوە و بە “نەخێر” وەڵام دەداتەوە،کە ئەمە لەدەرەوەی ئەقڵ و چاوەڕوانی و ئەوپەڕی موستەحیلدایە،کورد هێشتا هەر سەرکەوتووە. چونکە شێوازێکی باشی دیاری کردووە بۆ گەیشتنە ئاوات و ئامانجەکانی و دەستنیشانکردنی ئامانجەکەش”سەربەخۆیی” بۆ خۆی کۆتایی  بەشێکی هەرە زۆری مەینەتییەکانێتی و چوونە قۆناغێکی دیکەی پڕ لە بەرپرسیارێتی بونیاتنان و ئاوەدانی و چەسپاندنی یاسا و کارکردن بە دەستوور و دەوڵەتداری بە هەموو مانا و ڕەهەندەکانییەوەیەتی.

ئەگەر بێت و ئێمە قسە لەسەر ئەگەرێکی تەواو لاواز و دوور لە چاوەڕوانیمان کرد و وامان دانا، کورد لە پرسی ڕیفەراندۆمدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دەرەتانی چەندین جاری تری لەبەردەمدا بۆ واڵا دەبێت.٢٧١٧ ساڵە ڕاپەڕین و شۆڕش دەکات و سەردەکەوێ و تێدەکۆشێ و هەرەس دێنێ، دەبا ئەم جارە لەم بوارەدا، بەختی خۆی تاقی بکاتەوە.

کەواتە لە لاوازترین ئەگەردا گەر بێت و “نەخێر”یش زۆرینەی بەرامبەر بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێ، هێشتا کورد نەدۆڕاوە و شکستی نەخواردووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا هەر سەرکەوتووە و دەرگا ئاسۆ و دەرەتان و چانسی تێهەڵچوونەوەی بۆ ئایندە و تێهەڵچوونەوە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

 

2017/09/17

کاتالۆگ