کوردبوون و ناسیۆنالیزم ، بەشی 9 و 10 ، هەڵۆ بەرزنجی

“بیرۆکەی نەتەوە لەسەرەتادا لە شێوەی  کۆمەڵگایەکی عەقڵیدا دەردەکەوێت کە عەقڵ پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی رێک دەخات”.(١٣٥).

helo-berzenci-

لایبنێتز ئەم کۆمەڵگایە بە نەتەوە ناوناهێنێ. لێ لە واقیعدا بە پێودانگی ئیمڕۆ، باسەکەی باسی نەتەوەیە. دواتر دەچێتە لای کانت و کۆمەڵگا ئاکارییەکەی، تا دەگاتە لای فیختە و کتێبە بەناوبانگەکەی “چەند وتارێ بۆ نەتەوەی ئەڵمان” و بە سەرپێیش  هێردەر، بەسەر دەکاتەوە. بە کورتی بیرۆکەی نەتەوە بەم قۆناخانەدا تێپەڕیوە: فەرامۆشکردنی هێردەری فەیلەسووف و شاعیر و چیرۆکنووس و مێژوونووس و هومانیست و ڕابەری یەکەمی چەمک و پرسی نەتەوە لە ئەڵمانیا، لە لایەن نووسەرەوە، ناگەڕێتەوە بۆ بایەخ نەدان و بێ ئاگایی د. عرفان، بەم فەیلەسوفە، کە بە مامۆستای فیختە و هیگڵ و شێلینگیش دادەنرێ و زۆرجاران ئەمانە هانایان بۆ بەرهەمەکانی بردووە، بەڵکو هۆکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی، یاخود کەمی بەرهەمە وەرگێرداوەکانی هێردەر. جگە لەوەش هێردەر لە نێو خوێنەرانی ئەڵمانیشدا، بڕەک بزرە و بەوە ناوی دەرکردوە، فەیلەسوفە گەورە، ونناوەکە، یاخود لە بیرکراوەکە.لە کاتێکدا ناوبراو لەسەر ئاستی دنیا ناسراوە و نەتەوە سلاڤییەکان بە باوکی رۆحی پرسی نەتەوایەتی خۆیانی دەزانن.

هێردەر یەکەم  کەسە، چەمکی نەتەوەی بەکارهێناوە و  لە رووی کولتوری زمان و ئەدەبەوە باسی دەکات. لای هێردەر، کولتور و زمان بەر لە دەوڵەت و دەستوورەوە دێت. کارەکانیشی زیاتر بەرجەستەکردنی بایەخی نەتەوەیی  زمان و کولتورە. بەلای هێردەوە زمانی مرۆیی، ئامرازێک و ئاوێنەیەکی پەرەسەندنی کولتوری مرۆییە. هەروەها دەڵێ: سروشت گەلان، لە ڕێگای زمان و داب و نەریت و زەریا و بیابانەوە لێک جیاکردۆتەوە. بەلای هێردەرەوە، جیهان وەک باخچەیەکە، کە تێیدا نەتەوەکان وەک ڕووەکەکان، بە پێی یاسای خودایی پڕ لە پەنهانی و تایبەتن. خۆیان گەشە دەکەن، هیچ نەتەوەیەک پێش ئەوی تر ناکەوێتەوە، لێ هەر یەک جیاوازە، لەوی دیکە. نەتەوە :

لە فەلسەفەی لایبێنتزدا، وەک  مەملەکەتی خوا،خراوەتە روو.

لە فەلسەفەی کانت دا، لە شێوەی، مەملەکەتی ئامانج، نیشان دراوە.

لە فەلسەفەی هێردەر و فیختە و هێگڵ دا،لە دوا قۆناخ  و فۆڕمدا بە چەشنی نەتەوە، بەرجەستەبووە.

“لای هیگڵ ئەو دەوڵەتەی کە نەتەوە شێوە مادی و هەستەکییەکەی خۆی تێیدا شێوەگیر دەکات دەوڵەتی عەقڵە و بەرجەستەکەری ئەو پەیوەندییە عەقڵیانەیە کە لە نێوان ئەندامانی نەتەوەدا دێنە ئاراوە”.(١٤٢)

بنەمای ئەم بیرۆکەیە، وەک د. عرفان ئاماژەی پێداوە، سەرەتا لای لایبنیتز دەردەکەوێ، بێ ئەوەی ئەم فەیلەسوفە، ئەو کۆمەڵگایە، بە نەتەوە ناو بهێنێت. بەڵام وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی بە ناساندنی دەدات. دوای ئەم کانت پەرە بەم بیرۆکەیە دەدات و دواتر لای هێگل بیرۆکەکە بە تەواوی بەرجەستە دەێت.

ئەم فەیلەسوفە ئەڵمانانە، هەموو بنەما عەقڵییەکەی بیرۆکەی نەتەوە، وەک خاڵی دەرچوون و بەردەبازی پەڕینەوە دیاری دەکەن. هەموو ئەو نەتەوانەی بوونەتە خاوەنی دەوڵەت و بوونەتە، بوویەکی واقعی، دەنا وەکوتر سەدەها نەتەوەی دیکە هەن، کە بەم ئامانجە نەگەیشتوون، و دەکرێت هێشتا وەک نەتەوەی خەوتوو تەماشا بکرێن.

ـ مەملەکەتی خوا وەک بیرۆکەی هەمەکی نەتەوە

“مەملەکەتی خوا،تیۆرەکەی لایبنێتزە،مەملەکەتی ئەو مرۆڤە ئازادانەیە کە ئەوەی لەناو هەریەکەیاندا عەقڵییە،حوکمی هەر یەکەیان دەکات و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکدا رێکدەخات”.١٤٤

چینێکی دەسەڵاتدار، دەستەبژێر بێت یاخود هەڵگری هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت، لەم بۆچوونەدا نابینرێت. هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگایە بوونی هەیە و هیچ کەس حاکم نییە و عەقڵ ڕێکخەر و ڕابەری هەڵسوکەوتەکانیانە. ئەم مەملەکەتی خودایە و کۆمارەکەی ئەفلاتوون، دەکرێ وا بەراورد بکرێن، لە یەکەمدا: عەقڵ حاکم و رێنیشاندەرە، و لە دووەمدا: فەیلەسوف و هۆشمەندەکان جڵەو بە دەستن.

ئەم مەملەکەتی خوایە، دنیایەکە، بەس ئەقڵ تێیدا ڕابەر و ڕێ نیشاندەر و دایینەمۆی هەڵسوڕاندنی کاروبارەکانە.

ـ خوا لە مەملەکەتی خوادا

کەم و زۆر پێناسەی خودا، لەنێو ئاینە کۆن و تەقلیدییەکاندا، ئاماژەیە بە هێزێکی خاوەن ویست و خواست/ ئیرادەی باڵادەستی سەرووی هەموو بووەکانە. دەسەڵاتی بەسەر گەردوون و سەرزەمیندا بە سانایی دەشکێ. دەسەڵاتی خودا لەو ئاستەدایە، ئەو بڕیاڕ دەدات، ئایا مرۆڤ بچێتە دۆزەخ یان رێگەی بەهەشت بگرێتە بەر. یاسا و رێسای، یاسا داڕێژەرەکان، وێنای خودا بە شێوەیەک دەکەن، کە بوونەوەرێکە لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵاتدارێتی کارەکانی، خۆی ئەنجام دەدات، نەک لەسەر بنەمای حەق و عەقڵ. مادامێکی خودا، خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە و توانای بەسەر گەردوون و ئادەمیزاد دا دەشکێ، وا مافی خۆیەتی چی دەوێ، وا بکات.

 لایبنیتز، پێچەوانەی ئەم بۆچوونە، پێی وایە، خودا هەڕەمەکی و دوور لە پێوەر و یاسا، ڕەفتار ناکات. بەڵکو خودا لەسەر بنەمای چاکەخوازی، هەڵسوکەوت دەکات. بە واتایەکی دیکە، خوا ئەو خودایەیە، کە بە ئەقڵ کار بکات، نەک بە ئارەزوو و میزاج.

<< زەردەشت،بە ئەقڵ و بیری خۆی و لەو ڕوانگەیەوە، خوای ناسیوە و بە خەڵکی ناساندووە،ئەو خوایەی کە زەردەشت ناسیوێتی، بریتییە لە :راستی، پاکی، بیری خاس ، دانایی، ژیری ،میهرەبانی، دادگەری، توانایی، ئاوەدانی، و چاکی>> . فەرهاد پاڵەوان

د. عرفان بەدواچوونی قوڵتر بۆ ئەم بابەتە دەکات و دەنووسێ:

“خوا لە مەملەکەتی خوا و لە مەملەکەتی سروشتدا لەو کار و کردەوانەی کە دەیکات،نمایشتی بەهێزیی خۆی ناکات لە پێناو ئەوەدا لە رێگەی هێزەوە مرۆڤ ملکەچ بکات بۆ خۆی و ڕەوایەتی بدات بە کارەکانی،خوا لەم دوو مەملەکەتەدا لە کار و کردەوەکانیدا نمایشی دروستی و دانایی و توانایی و چاکی ئەو ئایدیاڵانە دەکات،کە بەر لە کردنی کارەکانی لەناو عەقڵدا بوونیان هەبووە،ئەمەش لەپێناو ئەوەدا دەکات مرۆڤ فێری ئەوە بکات بەپێی توانا و هێزی خۆی لە کارو کردەوەکانیدا ئەوە شێوەگیر بکات کە لە عەقڵیدا وەک ئایدیاڵی دروستی و داد و دانایی بە شێوەیەکی پێشینە بوونی هەیە و هێز نەکاتە بنەما بۆ دروستی و رەوایەتیدان بە کارەکانی”(١٥٤)

خوا هێزخواز نییە و گەرەکی نییە، لە ڕێگای گوشاری هێزەوە، بوونەوەرەکانی خۆی، مرۆڤ بەتایبەت ناچار بکات، بە زۆرەملێی ملکەچی ڕێنماییەکانی بن و سیستەمەکەی بەرن بەڕێوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە خودا، وەک هێزێکی ژیر و میهرەبان، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە، لە ڕێگای ئادگارە هەرە جوان و بەرزەکانی دانایی و چاکەخوازی و توانایی و ڕەفتارە شیاو و گونجاوەکانەوە، خۆی نیشانی مرۆڤ بدات و داوایان لێ بکات، ئەو ڕێچکەیە بگرنە بەر، کە ئەو پێی باشە. میکانیزمی پەیوەندی نێوان خوا و مرۆڤ، لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێز و هەڕەشە و سزادان دانەمەزراوە. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، خودا لە باشترین شێوەدا بەهانای مرۆڤەوە دێت و کار و فەرمانەکانی ئاڕاستە دەکات. نووسەر بە تێر و تەسەلی لەسەر ئەم بابەتە دەڕوات و بیروڕاکانی لایبنیتز دەخاتە ڕوو. 

ـ سیستەمی  مەملەکەتی خوا

ئەوەی لەم کۆمەڵگایەدا بەرچاو دەکەوێ، ئەوەیە لای هەر تاکێکی کۆمەڵگا هەیە و بەپێی ئەو عەقڵەی لەناوخۆی مرۆڤدایە هەڵسوکەوت دەکات. دەوروبەر چ کاریگەریتییەکیان نییە و عەقڵ حاکمە. مەملەکەتی خوا، مەملەکەتی مۆنادە عاقڵەکانە. بنەمای بوونی سیستەم لای دروستخوازەکان، هەڕەمەکییە و بێ بوونی هەڕەمەکییەت، سیستەم بوونی نابێت، بەڵام سیستەم لە مەملەکەتی خودا عەقڵە. هەڵەی ئەم بەرەیە، ئەوەیە یاسای بوونی شتێک جیا ناکەنەوە لە یاسای کارکردنی ئەو شتە. مەملەکەتی خوا دەبێت بە نەتەوە و مۆنادەکانی ناو مەملەکەتەکەش، دەبن بە تاکی نەتەوەیی. ئەمە پوختەی بۆچوونی نووسەرە لەسەر ئەم بابەتە. دیارە خۆی بە ورتر و بە  چڕی، لەسەر ئەم خاڵە وەستاوە و بنەڕەتی بیرۆکەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ لایبنیتزی فەیلەسوفی ئەڵمانی.ئەمەش سەرەتایەکی نوێیە لە باسی نەتەوەدا.

” لای دروستخوازەکان جیاوازی وەسیلەی یەکبوونە،جیاوازی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و ئەوەی گرنگە یەکبوونە.چوونکە سیستەمێک لەسەر بنەمای هێز دامەزرابێت داوای یەکبوون دەکات،نەک داوای جیاوازی”.(١٦٧)

نووسەر قسە لەسەر تیۆرەکەی سۆسۆر،وەک زانایەکی زمانەوانی دەکات، کە سەر بە بیرۆکەی دروستخوازەکانە و یەکبوون ئامانجیانە. پێموایە بۆچوونەکە روون و ئاشکرایە و چ گووتەیەکی زیادە هەڵناگرێ. با بۆ زیات روونکردنەوەی باسەکان، دوای بۆچوونەکانی دیکەی نووسەر بکەون.

” نەتەوەکان گوزارشتن لە بوونی جیاوازییەکان،نەتەوە ناتوانێت بوونی هەبێت گەر لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا جیاوازییەکانی خۆی نەخاتە روو.بەڵام لای گێلنەر نەتەوەکان بوونێکی راستەقینەیان نییە و ئەو جیاوازیانەش کە نەتەوەکان بوونیان لەسەری هەیە، جیاوازی راگووزەرن و هۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگاکان لەیەک کاتدا لە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵییەوە نەگۆڕاون بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی،گەر هەموو کۆمەڵگاکان بە تەواوەتی  بگۆڕێن بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی، جیاوازییەکانی نێوانیان نامێنن و نەتەوەکانیش کە بوونیان بە هۆی ئەو ناهاوسەنگییەوە،لەگەڵ نەمانی ئەو ناهاوسەنگییەدا ئەوانیش نامێنن”.(١٦٨)

بەشی دەیەم

هەم بەریتانیای ئینگلیز و هەم وڵاتی ئیسپانیا، کە کێشەی کاتالۆنی و باسکی هەیە و،  هەم یەکێتی ئەوروپا ،دژایەتی توندی سەربەخۆییەکەیان کرد. ئاخر بۆ ئەوەی لە خۆیان تێک نەچێ.  و ئەو ڕەنجەی داویانە بە ئاو نەڕوات. دەوڵەتە دەستکردەکانیان لەبەر یەک نەترازێن و هەڵنەوەشێتەوە.

نووسەر تێڕوانینەکانی گێلنەر و هۆبسباوم و لایبنیتز، لەسەر جیهانبینی و جیاوازیەکان و یەکبوون دەخاتە ڕوو. دواتر بەم نموونە بەرجەستەیە، ڕوونکردنەوەیەکی دیکەشمان پێشکەش دەکات و دەڵێ:

لە یاری شەترەنجدا شێوەی داشەکان گرنگ نییە و لە کاتی یاریکردندا کاتێک ئەسپێک لە ئەسپەکان بز دەبێت،دەکرێت بەردێک لەبری ئەسپەکە دابنرێت و یارییەکە بەردەوامی وەرگرێت،لە کاتێکدا بەردەکە نە مادەکەی وەک مادەی ئەسپەکەیە و نە شێوەکەی لە شێوەی ئەسپەکە دەچێت، ئەمەش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر یارییەکە دانەناوە،چونکە ئەوەی گرنگە مادەی دروستکردنەکە و فۆرمە جیاوازەکەی داشەکە نییە،ئەوەی گرنگە تەنها ئەوەیە  ئەوەی لەبری ئەسپەکە داهێنرێت نیشانەیەکی پێوەبێت تا لەگەڵ داشەکانی تردا تێکەڵ نەبێت و بناسرێتەوە،بۆیە دەکرێت لەبری ئەسپەکە هەر شتێکی تر بهێنرێت کە خاوەنی نیشانەیەکی جیاکەرەوە بێت”.

ئەوەی گرنگە  لەم یاری و سیستەمەدا، نیشانە جیاکەرەوەکان نییە، بەڵکو توانای ناسینەوە هێزی براوەی نێو ململانێکە گرنگە.

” تاکەکەس لە مەملەکەتی خوادا وەک هونەرمەندێک وایە کە لە کارەکەیدا سەرقاڵی نواندنی ئەوەیە کە لە خۆیدا هەیە و لە کارەکەشیدا جگە لە نواندنی بوونی خۆی بۆخۆی بیر لە دەرەوەی خۆی ناکاتەوە و دەرەوەی خۆی هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر ئەوەی کە لە کارەکەیدا دەینوێنێ.بەڵام تاکەکەس لە کۆمەڵگا  باوەکاندا وەک یاریزانێکی ناو تۆپی پێ وایە و بەردەوام دەبێت بە پێی ئەوە هەڵسوکەوت بکات کە لەدەرەوەی خۆیەوە لە رێگەی هەستەوەرەکانییەوە بۆی دێت،گەر ساتێک لە دەرەوەی خۆی غافڵ ببێت دەدۆڕێت،ئەوەی ئەم یاریزانە لە یارییەکەیدا دەینوێنێ بوونی خۆی نییە و بوونی ئەو دەورووبەرەیە کە ئەوی تێدایە”.(١٧٤)

 کاتێ سیستەم بەرەو کەماڵ و پێرفێکت بوون دەچێ، کە جیاوازی لە نێوان تاکەکانی مەملەکەتەکەیدا زیاتر پەرە بسێنێ و پارێزراو بێت. ئاخر بێ بوونی جیاوازی، بوونی دیاردەکانیش لە خاڵیکدا هاوبەش دەبنەوە و هەموو یەکسان دەبن بە یەک شێوە و رەنگ، کە دەکاتە سفر. بەڵام تێڕوانینە دروستەییەکە دەڵێ: تاکە کەس ئەو کاتە بەرجەستە دەبێ، کە کارەکتەری براوەیەکی نێو سیستەمەکە لەبەرخۆی بکات و دەستبەرداری هەبووە سروشتییەکانی خۆی بێت.

بۆ نموونە لای گێلنەر کۆمەڵگایەک ناتوانێت ببێت بە نەتەوە گەر قبووڵی ئەو کولتورە مۆدێرنە نەکات،کە کولتووری براوەکانە… هەر میللەتێک لە میللەتەکان بۆ ئەوەی ببێت،دەبێت واز لەو فۆرمە بێنێت کە بۆ نواندنی بوونی خۆی هەیەتی و جیاوازە لە هەموو ئەو فۆرمانەی کە میللەتانی تر بوونی خۆیان تیا دەنوێنن و لەو فۆرمەدا بوونی خۆی بنوێنێ کە براوەکان بوونی خۆیانی تیا دەنوێنن”١٧٥

بەم پێیە تێدەگەین کە تیۆری دروستەیی داوامان لێ دەکات، بۆ ئەوەی هەبیت، دەبێت فۆڕمێکی دەرەوەی خۆت بنوێنی و بوونی خۆت فەرامۆش بکەیت. ئەمەش لە بنەڕەتدا ناهەقییەکی گەورەیە بەرامبەر بە مرۆڤ و لە قەوارەیەکی گەورەتردا نەتەوە،کە وەک ئافەریدەیەکی سروشتی نا دەستکرد هەن، ناهەقانە ملکەچ دەکرێن بۆ ئەوەی نمایشتێکی درۆزنانەی دەرکەوتنی خودی خۆیان بکەن.

 بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەم بابەتە دوا بۆچوونی د.عرفانتان بۆ راگوێزم، کە کۆتایی قسەکانی ئەم بەشەیە.

” هەر میللەتێک لە میللەتەکان بۆ ئەوەی ببێت،دەبێت واز لەو فۆڕمە بێنێت کە بۆ نواندنی بوونی خۆی لەو فۆرمەدا بوونی خۆی بنوێنێ کە براوەکان بوونی خۆیان تیا دەنوێنن”. (١٧٥)

واتە بۆ نموونە کورد لە تورکیادا، واز لە هەموو بەهاکانی خۆی بهێنێ، مادامەکی تورک لەو شەڕەدا بردوویەتەوە و بۆتە خاوەنی دەوڵەت و کەلتوورێکی مۆدێرن،لە بەرامبەردا  کورد دا،کە  ژێر کەوتووە.

ـ پەیوەندی خوا بە کەسەکانی ناو مەملەکەتی خواوە

“تاکەس لە مەملەکەتی خوادا کاتێک بوونی دەبێت ئەوە بنوێنێ لەناو خۆیدا هەیە و ئەوە نەنوێنێ کە لە دەرەوەی خۆی بۆی دێت و بەشێوەیەکی سەلبی لەناویدا دەچێنرێت“.(١٧٦).

پێویستە ئەقڵی مرۆڤ خۆی، رۆڵی سەرەکی بگێڕێ و نەکەوێتە ژێر باندۆڕی ژینگەی دەرەکی،هیچ کەس و هێزێک ڕێگەی نەبێت، دەست لە کار و بڕیارەکانی وەربدات. لە درێژەی ئەم باسەدا دەگەینە:

“تاکەکەس لەناو مەملەکەتی خودا دەبێت وا بژی کە تەنها خۆی و خوا لەناو مەملەکەتەکەدا بوونیان هەیە.واتە تاکەکەس لەم مەملەکەتەدا لەگەڵ تاکەکانی تری مەملەکەتەکەدا لەناو دایلۆگدا نییە،بەڵکو لەناو مەنەلۆگدایە لەگەڵ ئەو هێزەدا کە لەناو خۆیدا فرمان و چۆنایەتییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی لەناو مەملەکەتەکەدا پێ دەبەخشێت(…) کەسانی ناو مەملەکەتی خوا وەک پارچە ونبوەکانی یەک وێنەن و ئەم وێنەیەش وەک ئایدیاڵ لەناو رۆحی کۆیی هەر یەکەیاندایە و هەر یەکەیان بەوە بەشداری لە شێوەگیرکردنی ئەو وێنەیەدا دەکەن،کە بێ گوێدانە پارچەکانی تری وێنەکە ئەو پارچەیەی لەناو خۆیاندا هەیە و بوونی ئەو لەناو کۆی وێنەکەدا دیاری دەکات،شێوەگیر بکات”.(١٧٩ـ١٨٠) 

کاتالۆگ