کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی  هەژدەیەم ، هەڵۆ بەرزەنجەیی

“ئەوەی وا دەکات تاکەکانی نەتەوەیەک جیاوازبن لە تاکەکانی نەتەوەکانی تر پێکهاتەی ئەو سیفەتانەیە”٢٥١

helo-berznci

نووسەر گەشتێکی ورد بەناو ئەم تیۆرەدا دەکات و بیروڕاکانی لۆبۆن شیتەڵ دەکاتەوە. ڕەنگە ئەم بۆچوونە، چ شیکردنەوەیەکی گەرەک نەبێت. چونکە تاکێکی کوردی لەدایک بووی نێو دابونەریت و کولتور و ژینگەییەکی کوردی و کوردستانی، بە خۆیی و توخم و سیفەتەکانییەوە، کە زادەی ئەو واقیعەن، بێگومان جیاوازە، لە تاکێ نەتەوەیەکی تری ،وەک ئەفریکاییەک، ئەوروپاییەک. نەک هەر ئەمەندە، گەر نێزیکترین نموونە بهێنینەوە، چۆن فەرەنساییەک لە ئەڵمانێک، جیاوازە، وا کوردێکیش،لە عەرەبێک و فارسێک و تورکێک جیاوازە. هەروەک چۆن سێو لە پرتەقاڵ و گەنم لە جۆ و چۆلەکە لە ریشۆڵە جودایە. ئەم جیاوازییەش بەرهەم و دیاردەیەکی سروشتیی و خۆڕسکە. ئەمەش مانای ئەوەیە، نە کوردێک لەوانی تر باڵاترە، لەبەرئەوەی هەموو مرۆڤن و نە باڵندەیەک لەوانی تر گرنگترە.

 “مرۆڤ هەر کارێکی هەبێت ئەوە بەردەوام کوڕی نەتەوەکەیەتی،کۆی ئەو بیر و هەست و سۆزانەی کە تاکەکانی هەر نەتەوەیەک لە رۆژی لە دایکبوونیانەوە لەگەڵ خۆیاندا دەیانهێنن،رۆحی ئەو نەتەوەن،ئەمانە لە ماهیەتی خۆیاندا پەنهان و شاراوەن،بەڵام لە ئاسەوارەکانیاندا بە دەرکەوتنێکی تەواو دەردەکەون،چونکە لە راستیدا حاکمن لەسەر پەرەسەندنی نەتەوە”٢٥٤

لۆبۆن بۆ ئەوەی لەناو نەتەوەدا، تاکی ناو خێزان و تاکی ناو نەتەوە لە یەکتر جیا بکاتەوە، تاک بە بەرهەمی دوو جۆر لە بۆماوە دەزانێت:

١ـ بۆماوەی خێزانی، سیفەتە جەستەیی و سایکۆلۆجییەکانی ئەم جیاوازە لە خێزان و بنەماڵەکانی تر.

 

٢ـ بۆماوەی میللەتە، سیفەتەکانی دیاریکەری سیفەتە میللییەکانە و لەتاکی نەتەوەکانی دیکە جیای دەکاتەوە.

بنەمای (٣) یەمیش هەیە، بەڵام کاریگەرێتی زۆری نییە. ئەویش دەوروبەری ماددی مرۆیە. کەواتە ٣ هۆکار هەن، یەک: کارای باوباپیران، دوو: کارای دایک و باوک، سێ: کارای ژینگە.

ـ سیفەتە جێگیر و گۆڕدراوەکانی رۆحی نەتەوە

مرۆڤ، بە تاک و نەتەوە و بە کۆمەڵ، لە بارودۆخی تایبەتی و قۆناخە جیاوازەکاندا، گۆڕانیان بەسەردا دێت، چونکە بوونەوەری کۆمەڵایەتین و بە پێی یاسا سروشتییەکەی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون، ڕەوت دەکەن. ئیمڕۆیان، نابێ لە دوێنێ بچێ و شیاو نییە سبەینێش هاوشێوەی ئیمڕۆ بێت. دەرئەنجامی سیفەتەکان، کەموزۆر گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. چونکە سیفەتەکان بۆ هەمیشەیی نەچەسپاون و دیاردەیەکی ماددی نین.

“رۆحی نەتەوە پێکهاتەیەکە لە سیفەتە گۆڕاو و نەگۆڕەکان،سیفەتە گۆڕاوەکان سیفەتی عەرەزیی رۆحی نەتەوەن و سیفەتە نەگۆڕەکان سیفەتی جەوهەریی رۆحی نەتەوەن “٢٥٦

نووسەر، لەسەر ئاماژەدا بە بیروڕاکانی لۆبۆن دەڕوات و باس لەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەکات،  نەتەوە پێیدا گوزەر دەکات. ڕۆحی نەتەوەش ناچارانە، هاوشانی ئەم تەوژمانە، ڕەوت دەکات و هەڵچوون و داچوون، بە خۆیەوە دەبینێت و وەک پێویست و گەلێ جاران ناپێویست دەردەکەوێت.

“خولق و خووی میللی ئەو خاسیەتە جەوهەرییەی میزاجی عەقڵییە کە لەگەڵ  گۆڕانی خاسیەتە لاوەکییە گۆڕاوەکاندا ئەو ناگۆڕێت و وەکو خۆی دەمێنێتەوە.گەر نەتەوەیەک لە خولق و خوویدا ئەوە دەرکەوتبێت کە ئازایە و مل نادات بۆ هیچ هێزێکی دەرەکی.بەڵام سەردەمێک بێتە پێشەوە و بارودۆخێکی وا دروست بێت، کە ئەو نەتەوە تیایدا مل بۆ هێزە دەرەکییەکان کەچ بکات لەراستیدا بەمە خولق و خووی ئەو نەتەوەیە لە ئازایەتییەوە نەگۆڕاوە بۆ ترسنۆکی”٢٥٧

ئەو دیاردەی ترسنۆکییە. کاتییە و دوای بەسەرچوونی هەلومەرجە نالەبار و سەختەکە، ئەو نەتەوەی پێیدا تێدەپەڕێ. خەسڵەتی ئازایەتی و دلێری، جارێکی دیکە، دێتەوە دۆخی ئاسایی پێشووی خۆی. ئەمەش دیاردەیەکی سروشتییە، سیفەتەکان شیاوی ئەوەن بەرز و نزمییان بەسەردا بێت.

نووسەر داواتر باس لە سیفەتە جێگر و گۆڕاوەکان دەکات .

ـ رۆحی نەتەوە و دەرکەوتەکانی

رۆحی نەتەوە لە کۆی کۆمەڵێ سیفەت و خولق و خووی میللی پێکهاتووە، بە درێژایی سەدان ساڵ، ڕۆڵەکانی لە هەڵسوکەوت و تێکەڵ بوون و گوزەران و پەیداکردنی ئەزموونی ڕۆژانە ئاوێتە بوون. هەڵبەت مەرج نییە، ئەم دیاردانە، لای نەتەوەکان، وەک یەک دەرکەون. هەر نەتەوەیەک بە درێژایی ئەو ئەزموونەی پەیدای دەکات و هەیەتی، لەناو جەرگەی ژیانە کۆمەڵایەتییەکەدا، کۆمەڵێ خاسێتی تایبەت بەخۆی تێدا شین دەبێت و سەرهەڵدەدات. ئەڵمانەکان بە هۆی زیرەکی و دیسپیلین و ئیشکردنیانەوە، بە درێژایی شۆڕشی تەکنەلۆژیا، میللەتێکی باڵا دەست و دەست رەنگینن لەم بوارەدا، تا ئێستاش هەروا ناسراون ، کەچی لە ناوماڵ دا، وەک خێزان و کولتوری خواردن ئامادەکردن دەوڵەمەندی بە چێشتخانەیانەوە دیار نییە و پێکهاتەی خێزان تێیاندا، کەم و سستە. ئەمەش بەهۆی کارکردنی زۆرەوەیە. فەرەنسییەکان، خاوەنی بیری ئازاد و داهێنانن لەم بوارەدا و هاوکات دیاردەی خواردن و خێزان لایان،گەلێ بەرچاوە.تەنانەت،نوکتەیەک هەیە دەڵێ: فەرەنسی خواردن دروست دەکات و دەیخوات، بەڵام ئەڵمان خواردن قووت دەدات. ئیتالییەکان،جگە لەوەی خاوەن فەرهەنگێکی هەمەجۆر و دەوڵەمەندن لە خواردن دا، بە دیزاینی جلوبەرگ و پێڵاو دروستکردنیش  ناوبانگیان هەیە ، زۆر خاوەن سەلیقەن و هۆڵەندی بە کشتوکاڵ و گوڵ و گوڵزار. ئیسپانییەکان بە خواردن و  وەرزش ..هتد.

هاوکات دەبێت بووترێ، کەوا هەندێ دەرکەوتە هەن، لە نەتەوەیەکەوە دەگوێزرێنەوە بۆ نەتەوەیەکی تر، بە ئاشتی یاخود بە شەڕ، وەک ئایین و زمان. دیارە لەگەڵ گوێزانەوەکەدا، تەنیا دەرکەوتەکە دەگوزرێتەوە، دەنا جەوهەری دەرکەوتەکە،کە خوڵق و خووی میللیی نەتەوەکەیە، ناگوازرێتەوە. لە لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لە نێوان ٥ نەتەوەی ئەوروپایدا: فەرەنسی F،ئەڵمانیD ,ئیتالیI، ئیسپانی S و ئینگلیزدا E، ئەم ئاکامەمان لە خەسڵەتیان بەرچاو دەکەوێت:

لە دابوونەریتدا: F بەڕیز و بە ماریفەت،D بەخشندە و راستگۆ،I خاوەن دابونەریت و بە ئوسوڵ،S بە تەوس،E لەخۆبایی و لووت بەرز.

لە ئیشووکاردا  :F  بێباک و ئازا، D وەک هەڵۆ،I وەک رێوی،S دلێر و نەترس، E وەک شێر.

لە زانستدا: F لەهەر شتێ شتێک دەزانێ ،D پێشەنگ و وەستا ،I لێزان، S رێکوپێک و بەدیقەت،E فەیلەسوفێکی باش.  

لە ئایین دا   : F چالاک و کۆششکەر،D لەخواترس،I دابوونەریتی،S پڕوپووچی،E بە بایەخەوە.

“کاتێک زمانی نەتەوەیەک یان ئایینەکەی لەلایەن نەتەوەیەکی ترەوە وەردەگیرێت،ئەو زمان و ئاینە لەگەڵ میزاجی عەقڵی ئەو نەتەوەیەدا ساز نییە، چونکە ئەو نەتەوەیە خاوەنی خولق و خوویەکی تایبەت بە خۆیەتی،هەر ئەمەش وا دەکات کە ئەو زمانە یان ئاینەی کە لە نەتەوەیەکی ترەوە بۆی هاتووە بە شێوەیەک وەربگرێت کە خولق و خووی خۆی بکاتە جەوهەر بۆیی و لە رێگەیەوە بینوێنێت،واتە بە مۆرکی خۆی مۆرکی بکات”.٢٥٨ ـ٢٥٩

هەندێ دەرکەوتە هەن، بە زۆر بەسەر نەتەوەی تردا، دەسەپێندرێن، وەک ئەوەی زمانی تورکی بە زۆر بەسەر کورددا، سەپێندراوە. یاخود ئایینی ئیسلام، کە لە بنەڕەتدا هی عەرەبە، بەرگێکی جیهانییان کردۆتە بەر و، گوایە بۆ هەموو نەتەوەکانە. شاعیرێکی کورد، شیعرێ بنووسێ، هونەرمەندێکی گۆرانییەک بچڕێ بە تورکی، وا ئەو بەرهەمە سیما و خەسڵەتی ئەو زمانەی پێی وتراوە و نووسراوەتەوە و زمانەکەی بەکارهاتووە، دەگرێت و دەبێتە موڵکی ئەدەب و هونەری تورکی. دەنا وا نەبوایە، تورک شانازییان بە یەشار کەمال و برایم تاتلیساسەوە نەدەکرد. چونکە زمانەکە خولق و خووی تورکی بەرجەستەکردووە. کوردێکی موسڵمان، لە  گوندێکی بناری قەندیل، دوعا و نزا و پاڕانەوە لە خودا دەکات، بە زمانی عەرەبی ئەم کارانە ئەنجام بدات، وا راستەوخۆ خزمەتی زمان و دینەکەی عەرەب دەکات. یاخود هەر لێرەوە بە نانەسکی و قەرز و قۆڵە، بڕە پارەیەک پێکەوە دەنێ و بەسەر هەزاران ئەرکی دیکەدا، باز دەدات و پێی دەچێ بۆ حەج و عەمرە لە بنەڕەتدا. ئەم کارانە چ پێوەندییەکییان  بە فەرهەنگی کوردییەوە نییە و مەسەلەیەکی مەزهەبییە.

 

 

 

کاتالۆگ