کۆمەڵەی منداڵانی کورد/ لە نەرویج,  پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین

ئێمەی دەستەی کارگێڕ و سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج پاڵپشتی خۆمان بۆ سەربەخۆیی و بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان رادەگەیەنین.


ئەمەش بە ئەرکێکی پێویستی ئەستۆمان دەزانین. لەگەڵ پرۆسەی ریفراندۆمی باشووری کوردستان داین. دەنگدان بە “بەڵێ” ئەرکێکی پیرۆزی نیشتمانیمانە و گوزارشتە لە سۆز و خۆشەویستی و پەرۆش و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی نیشتمانی شیرینمان. بڕیاردان لە مافی چارەی خۆنووسین، مافێکی رەوا و یاساییە و هەنگاوێکی بوێرانەیە.  بۆ گەلی بوێر و دلێری ماف زەوتکراو و نیشتمان داگیرکراو هەموو کاتێک هەل لەبار و گونجاوە.

هەر کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەر، بە دەنگدانی بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی کووردستان، کوردستان پەروەریی خۆی دەسەلمێنێت و ویژدانی ئاسوودە دەکات.

هیوادارین، هەموو پارتییە کوردستانییەکانمان، هەموو ناکۆکی و ململانی و گلەییەک بە لاوە بنێن، چارەنووس و پەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان لەبەرچاوبگرن، سەرکەوتنی ریفراندۆم، لەیەکڕیزی و یەکدەنگیمان دایە. ئەوەش لە بەرچاوبگرن کە گەلەکەمان لە ناسکترین و چارەنووسزاترین قۆناغ دایە. نەیارانی گەلەکەمان لە دژایەتیکردنی مافەکان و چارەنووسی گەلەکەمان، ناکۆکییەکانیان بە لاوە ناوە و یەک هەڵوێست و  هاوڕان و موو بە نێوانیانەوە ناچێت، بە ئاشکرا و لەپشت پەردەوە گەلێ پیلانی چەپەڵ و نیازی گڵاویان بۆ داڕشتووین، بێ شەرمانە هەڕەشمان لێدەکەن و پێکەوە هەوڵدەدەن کە درز بخەنە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانەوە، بە چەکی “پەرتکە و زاڵبە” دووبەرکی بخەنە نێوانمانەوە و لاوازمان بکەن. بێگومان لە سایەی یەکێتی و یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکوتاری و یەکهەڵوێستیمان دا، هەموو پیلانە چەپەڵەکانیان و هەموو مەرام و نیازێکی گڵاویان شکست پێدەهێنین و گۆڕبەگۆیان دەکەین، لە سایەی هەستیاری و خۆڕاگری و سووربوونمان لە دەستەبەرکردنی مافە رەواکانمان سەرکەوت بۆ گەلەکەمان دەبێت، شارەمەزاری و رسوایش بۆ ناحەزانی کوردستانی سەربەخۆ دەبێت.   

ئێمەی کۆمەڵەی منداڵانی کورد لە نەرویج، رۆژی (٢٥/٩/٢٠١٧) بە خۆشترین رۆژ و بە جەژن دەزانین. چونکە داهاتوویەکی گەشتر و ژیانێکی شایستەتر، لە سەرکەوتنی ئەم ریفراندۆمەدا بەدی دەکەین. بۆیە داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، کە لەو رۆژەدا، لە کەرنەڤاڵی دەنگداندا، بە جلوبەرگی کوردی و بە ئاڵای وردستانەوە، بە ئەوەپەڕی خۆشی و شادییەوە، روو لە سەنووقەکانی دەنگدان بکەن و ئەرکی پیرۆزی سەر شانیان ئادابکەن و بە “بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگ بدەن و ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن، بەم دەنگدانەتان، لە ژێردەستی رزگارمان دەبێت و داهاتووی گەشتر و باشتر بۆ نەوەی ئەمڕۆ و بۆ نەوەکانی داهاتووشمان سۆگەردەکەین.

دەنگدان بە “نەخێر” یا نەچوون بۆ دەنگدان، هەردووکیان لە زیانی چارەنووسی گەلەکەماندایە و هێنانەدیی خواستی نەیارانی گەلەکەمانە، دووبارە تکامان وایە کە ناکۆکییەکان بە لاوە بنێن و بە “بەڵێ” وەڵام بدەنەوە. ئەگیانا شەرمەزار و ویژدان نائاسوودە دەبن و ئۆباڵی ـ خوانەخواستە ـ ئەنجامێکی خراپ و نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی بە نەخێر دەنگیان داوە، میژووش لە کەس نابوورێت.

داوای تایبەتیشمان بۆ خەڵکی دڵسۆز و قارەمان و خۆڕگاری پارێزگای کەرکوک و خانەقین و دووزخورماتوو و شەنگار و هەموو ناوچە دابڕاوەکانی تری کوردستان هەیە، کە چۆن لە شۆڕشەکانی گەلەکەماندا، هەمیشە پێشمەرگەی خۆڕاگر و گیان لەسەردەست بوون و لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوەی کوردایەتی و مەردایەتیدا، بەرگریتان لە خاکی پیرۆزی کوردستان کرد و زۆرترینن قوربانیشتان داوە، پشکی شێری شانازی و شکۆداریتان بەرکەوتووە. پێویستە هەر بەو هەستە بەرەزەتانەوە، روو لە سەنووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە”بەڵێ” بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، چونکە دەنگەکانی ئێوەی دڵسۆز چارەنووسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تری باشووری کوردستانمان دیاری دەکات. دڵنیاین کە خەڵکی کەرکوک و شوێنە دابڕاوکانی ترمان لەم دەنگدانەشدا، پشکی شێری شانازییان و سەرربەرزییان بەردەکەوێت.

دڵسۆزان، پۆست و پلە و پایە و دەسەڵات، تا سەر بۆ کەس نییە، بەڵام دڵسۆزی و هەڵوێستی نیشتمان پەروەریمان تا سەر مایەی رێز و سەربەرزی و شانازییە بۆمان.

رەزا شوان/ سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد/ لە نەرویج


نەرویج:

 (٢٨ی/ئاوگوست٢٠١٧)

 

کاتالۆگ