کەریم پەرویزی : ئایا یەکگرتنەوە بە بونبەست گەیشتوە؟

ماوەیەک پێشتر لە ئێستا، لە نێو کەمپەینی سەر دنیای مەجازیدا هژموونیی یەکگرتنەوە وەها زاڵ ببوو، کە کەس نەیدەوێرا باس لەوە بکا کە ئاخۆ چۆن یەکگرتنەوەیەک باشە؟ ئایا دەکرێ خەساری یەکگرتنەوە کەم بکرێ و قازانجەکانی زیاد بکرێن؟ ئایا باشتر وا نیە کە بیر لە یەکگرتنەوەیەک بکرێتەوە کە داهاتوویەکی تارادەیەک دڵنیا و روونی هەبێ و دڵەخورپەی دووبارە لێکترازانی تێدا کەمتر بێ؟kerim_perwizi

کەشی باو و دۆخی زاڵی مەجازی تا ئەو رادەیە چووبووە پیش کە لەو نێوەدا وەک عادەتی زۆربەی کاتی ئێمەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، حوکمی خەیانتکاربوون بەو کەسانە دەدرا کە لەو فەزا زاڵەدا هەنگاوێک لە دواوە بن!
ئێستاش دوای چەند مانگ لە هەمان فەزای مەجازیدا! ژمارەیەکی زۆری هەمان ئەکتەرەکان تێیدا چالاکن و هەندێ ئەکتەریشیان بێدەنگییان هەڵ بژاردوە و هێرشی بەرفراوان بۆ یەکتر تۆمەتبار کردن بەڕێوەیە و ئەوەی لاپەڕی ڕاست بێ یان ناراست هەڵ دەدرێتەوە! بەداخەوە هەندێ قەڵەمیش هێڵی سووری شەهیدان دەبەزێنن و کۆنە رقی ئەنبارکراو بە نیسبەت رێبەرانی شەهیدەوە هەڵ دەڕێژن، کە هیچ پاساوێک هەڵ ناگرێ و تەنیا دوژمنان لێی شاد دەبن.
( ئەمە ڕای کەسیی خۆمە و پێوەندیی بە هیچ سیاسەتێکی رەسمی و غەیرە رەسمیەوە نیە: “هەر کەسێک” سووکایەتی بە شەهیدان و بەتایبەت رێبەرانی شەهید بکا، لە هەر شوێن و لە هەر لایەن و لە هەر پلەیەکدا بێ، بە لای منەوە جیاوازیەکی لەگەڵ سەحراڕوودی وکازم دارابی نیە.)
لەم دۆخە مەجازیەی ئێستاشدا، وەها سۆز و هەست گڕی گرتوە و کەشێکی ئەوتۆ نمایش دەکرێ کە هیچ کەس بە تۆزقاڵێکیش نەوێرێ بڵێ، ئەرێ بەڕاست دەرەتانێک بۆ قسەکردن لە یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەیە؟ رەنگە (دەڵێم رەنگە، چوونکە لەوانەیە وا نەبێ!) هەر ئەوانەی چەند مانگ پێش هەرکەس باسی یەکگرتنەوە بە خەستوخۆڵی نەکردایە بە خائینیان دەزانی، ئێستا هەرکەس بە تۆزقاڵێک نەرمی بنوێنێ لە رەوتی دیالۆگی ناسالمی مەجازیدا! ئەویش بە خائین بناسێدرێ!
لەم دەلاقەوە کە دەروانیتە توولە رێگەی چەند مانگ و بگرە یەک دوو ساڵی رابردوو، دەبینی کە بەداخەوە هێشتا دوای زەمەنێکی دوور و درێژ لە خەبات و تێکۆشان و بەناو سیاسەت، ئێستاش ئێمەی کورد کە باسی خۆ رێکخستنەوەمان و کارکردنمان و رێگا دۆزینەوە مان و بەکورتی بەڕیوەبردنی تێکۆشان وخەبات و سیاسەتمان دەکەین، زۆرتر لە دەروازەی هەست و سۆزەوە دەچینە نێو پرسەکان تاکوو عە‌قڵ و ئاوەز و لۆجیک پێوەری بڕیار و دەربڕینەکانمان بێ.
چەند ساڵ پێش و لە یەک، دوو ساڵی دوای ئینشعابی ساڵی ١٣٨٥ لە پلینۆمێکی کۆمیتەی ناوەندیدا لە باسێک سەبارەت بەو ئینشعابە کە چەند بارە هاتبووە پێش و ئەم جارە باس لە سیاسەتێکی دیکە بەرامبەر ئەوانەی جوداببوونەوە کرا، لە نۆرەی خۆمدا وتم کە ئێمە لە نیو حیزبێکدا چەند ساڵێک پێکەوە کارمان کردوە و دوای ماوەیەک لێک وەڕەز بووین و خۆما ن تووشی ئینشعاب کردوە و دوای چەند ساڵیک کە دوور لە یەک و بە جیا کار دەکەین، دووبارە وەرەزیی یەکتر دەکەین و دەڵێین با پێکەوە بینەوە. سیاسەتی هەندێکمان لە سەر ئەساسی وەڕەزیە، گەر لێک وەڕەز بووین حەزمان لێیە جودا بین و گەر وەڕەزیی یەکترمان کرد حەزمان لە پێکەوە بوونە.
ئێستا دوای چەندین ساڵ کە بەسەر هەموو ئەو رووداوانەدا تێ پەڕیوە و باسی یەکگرتنەوە گەیشتە ئاستێکی بەرز و لەناکاویشدا گەیشتۆتەوە ئاستێکی زۆر نزم، بە دڵنیایەکەی زۆرترەوە دەڵێم کە باشتر وایە هەست و سۆز و شوور لە کاتی بڕیاردان و بیرکردنەوە لە رووداوەکان و دۆزینەوەی رێگا چارەکان وەلا بنێین و ئاوەز و لۆجیک بکەینە رێبەری رێنوێنی ستراتژیمان تاکوو هەر بڕیارێک دەدەین، بڕیاری بە مەنتیق و لۆجیکەوە بێ و بتوانێ لەبەرامبەر رەشەبا و تۆفانەکاندا خۆی رابگرێ و رێگامان لێ هەڵە نەکا، دەنا گەر هەست و سۆز بڕیاردەر بن، بە هەر نەرمەبایەک هەر رۆژەو بەلایەکدا وەرمان دەسووڕێنێ.
چەند ساڵ پێش بەڕیز عەبدووڵا حەسەنزادە لە وتووێژی هەڵدانەوەی بیرەوەریەکانی ژیانیدا هێڕشێکی بەقەولی خۆی ٧٠ لاپەڕەیی کردۆتە سەر کاک مستەفای هیجری و کاک مستەفاش لە کتێبیکدا وەڵامی ئەوشتانەی داوەتەوە و دووبارەش حەسەن زادە وەڵامی دیکەی نووسیوەتەوە، کە پێم وایە هەرکەس بە قەد زانست و تێگەیشتنی خۆی دەتوانێ هەموویان بخوێنێتەوە و قەزاوەتیش چ ئێستا و چ لە دەیان ساڵی داهاتوودا لای خوێنەر دەبێ، ، هەر لەم سەروبەندەش دا جەلیلی گادانی وەک هەمیشە لە نێو کەوتوە و سووکایەتیی بە مێژووی خەباتی زۆر کەس کردوە کە ئێستاش بەشێکیان لەگەڵی خۆین، بەڵام ئایا ئەم نووسین و وەڵامدانەوانە، جگە لەوەی جەلیل گادانی )چوونکە ئەوەی ئەو باسی دەکا، لە مێژوودا پەروەندەکەی داخرا( چ کاریگەریەکی لەسەر رەوتی دیالۆگی یەکگرتنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات دەبێ؟
ئەوەی لەم ماوەیەدا قسە و باسی لەسەر کرا و لە دنیای مەجازیدا زۆر ناڕەحەتی و سووکایەتیشی بەدوایدا هات، نیشانی دا کە گەر رەوتی یەکگرتنەوە هەر بە هەست و سۆز هەڵخراندن و بە هوتاڤ بڕواتە پێش و لە رووداوێکی وەهاشدا هەموو رق و کینە پەنگ خواردوەکان دووبارە زیندوو بکرێنەوە و بەنزینیان پێدا بکرێ و بە هێڵنج دەر ببڕێن، ئاکامی هەر جۆرە یەکگرتنەوەیەکی داهاتووش هەر وەک ئەوەی رابردوو دەبێ، چوونکە بڕیاردانی بە بنەمای ” دوانەی پێکەوە گرێدراوی هوتاڤ و هێڵنج”، بناخەیەکی لەرزۆکی دەبێ کە بەسەر بڕیادەراندا دەرووخێ.
دوای ئەم باسانە چی بکرێ؟
ئێستا کە گەیشتووینەتە ئێرە دەبێ چی بکەین؟ ئایا یەکگرتنەوە بوو بە بڵقی سەر ئاو؟ ئایا تەسلیمی واقیعی تاڵ ببین؟ ئایا رق و کینەکان پەنگ بدەینەوە و هەندێکیان هەڵ بگرین بۆ کاتێکی دیکە دەریان ببڕین؟ ئایا ئەوەندە بە یەک بڵێین جاش و خائین و سەرەڕۆ و ستەمکار و … کە سبەی رۆژ نەوێرین لەگەڵ یەکدی پێکەوە بین؟
پێویستە جارێکی دیکە راوەستەیەک بکەین و بزانین و لە خۆمان پرسیار بکەین. هەر کەس خوازیاری یەکگرتنەوەیە دەبێ لە خۆی بپرسێ کە بۆچی دەبێ یەک بگرینەوە؟ هەر کەسیش دژیەتی دەبێ لە خۆی بپرسێ کە بۆچی یەکگرتنەوەی ناوێ؟ لە وەڵامی پرسیارەکانیشدا هەست و سۆز وەلا بنێ و بزانێ کە چی لە قازانجی ئارمانە هاوبەشەکاندایە و چی لە قازانجیدا نیە و بۆ قازانجی دیکە بەکار دێ؟
بە ڕای من یەکگرتنەوەیەک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ (چ ئێستا و چ بۆ داهاتوو) کە وەڵامی دوو پرسیار بە تاکی دێموکرات بداتەوە، ١- بۆچی وای لێ هات؟ (مەبەست ئینشیعابە) ٢ – چ بکەین کە وای لێ نەیەتەوە؟
ئەوەش بڵیم کە بە ڕای من ئەم دوو پرسیارە، وەڵامی کۆتاییان نیە و هەر کەس تەنیا بۆخۆی دەتوانێ بە قەناعەتی تەواوی خۆی بگا، هەروەها گەر یەکگرتنەوەیەک بێتە ئاراوە، کە هیوادارم ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەم وەسەر یەک بخرێنەوە و یەکریزی بێتە ئاراوە و هەم بە وزە و ئاوەزی پتەوترەوە بەرەو ئارمانەکان تێ بکۆشێ، ئەو دوو پرسیارە دوای قۆناخی یەکگرتنەوەش بەردەوام دەبن و دەبێ دیالۆگی بەرفراوانیان لە سەر بکرێ تاکوو هەرچی زیاتر برینە چڵکنەکان بدۆزرێنەوە و دژە چڵک و ئانتی بیۆتیکیان لێ بدرێ.
دۆزینەوەی ئەو رێگا و چارەسەرانەش بە دیالۆگ دەکرێ، بەڵام دیالۆگی پڕ لە ڕێز و حورمەت دانان بۆ کەسایەتیی یەکتر ، نەک سووک کردنی یەکتر و جاش و خاین بە سەر یەکتردا بەخشینەوە. دەبێ هەر چی زیاتر و زۆرتر خۆمان لە دوانەی هوتاڤ و هێڵنج دوور بکەینەوە. ئاوەز بۆ کاتی بڕیاردان بێ و هەست و سۆز بۆ کاتی بەریوەبردنی بڕیار و ئەرک.
لەم رۆژاندا دۆستێک باسی دەکرد کە لە سەردەمی یەکگرتنەوە ئاڵمانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتدا، بەرپرسێکی ناودار ئاڵمانی رۆژئاوا دەیگوت کە ئەوانەی یەکگرتنیان دەوێ دەبێ فێری بەشکردن بن. مەبەستی ئەوە بوو کە ئەوانەی وا هەست دەکەن ئیمتیازی چاکیان هەیە و دەسکەوتی باشیان هەیە، بەتایبەت لە ئاڵمانی رۆژئاوا کە خۆیان بە دەوڵەمەندتر دەزانی، دەبێ گەر یەکگرتنیان دەوی فێری بەشکردنی ئیمتیازەکانیان بن.
پێم وایە لە پرسی ئێمەشدا ئەوانەی یەکگرتنیان دەوێ دەبێ فێری بەشکردن ببن، هەم بەشکردنی دەسکەوت و ئیمتیازەکان و هەم بەشکردنی هەڵە و کەموکووڕیەکان. ناکرێ یەکگرتنمان بوێ و هەموو ئیمتیازەکانمان بپارێزین و ناکرێ یەکگرتنمان بوێ و هەموو خەتاکاری و هەڵەکانی رابردوو بە سەر کەسیتردا ببەخشینەوە.
باوەڕم وایە کە هەرکات ئاوەز سالار و پێوەر بوو نەک هەست و سۆز و قازانجە نادیارەکان، رێگا چارە بۆ زۆربەی هەرە زۆری گرفتەکان دەدۆزرێنەوە.

سەرچاوە : لاپەرەی فەیسبۆکی کاک کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

….

بابەتی پەیوەندی دار



کاتالۆگ