٢٥ی گەلاوێژ – رۆژی باوەر بە هێزی بە کۆمەڵ، مەجید حەقی

بیست و پێنجی گەلاوێژی هەموو ساڵ وەبیر هێنەرەوەی رۆژێکە کە خەباتی کورد لە قۆناغی سەرۆک خێل، رێبەرانی کاریزمای تاقانە و بە کردەوە تەنیا بەرەو قۆناغی رێبەری بە کۆمەڵ و بریاری بەکۆمەڵ تێپەر بوو.mejid_heqi-01

قۆناغێک کە هاوکات لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان پێڤاژۆی هزری بەکۆمەڵ و رێبەری بە کۆمەڵ جێی دەگرت و بەرهەمی خەباتی بە کۆمەڵ سەرکەوتن و سەربەخۆیی وڵاتان بوو.

دەتوانین بێژین رۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ رۆژی بڕوا بەخۆبوونی نەتەوایەتی و بەکۆمەڵ کردنی خەباتی رزگاری خوازانەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا هەوڵ دەدەین وێرای تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەری خۆمان ژیانی چاکترمان هەبێت. کۆمەڵگایەک کە بن دەست بێت مرۆڤەکانی ناتوانن بەختەوەری راستەقینە بچێزن و ئاواتەکانی خۆیان وەدی بێنن. هەرچەند لەوانەیە تاک و تووک کەسانێک هەبن لە هەندێک بواری سنوورداری ژیاندا سەرکەوتووش بن. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەو ئاستە خۆشبەختیە بگات، پێویستە کۆمەڵگا بەو ئاستەی ژیان بگات کە بتوانێت ژینگەی گەشەکردن بە ئەندامانی خۆی پێشكەش بکات.  شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوای کورد قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارێک کە لە ماوەی ژیانی کورتیدا بوو بە هۆی ئەوە کورد بڕوا بەوخۆ پەیدا بکات و بۆ دوارۆژێکی هیوابەخش هەوڵ بدات.

دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بۆ گەلی کورد کۆکردنەوەی هەموو ئەزموونەکانی رابردوو لە قالبێکی نوێ و بەکارهێنانی هێز و توانای بە کۆمەڵە. چونکە دامەزرێنەرانی حیزبی دیموکرات بەو بڕوایە بوون کە هێزی پێکەوە بوونمان زیاترە لە کۆی هێزە تاک تاکی کۆمەلگا بەجیا. ئەمە بنەمای گۆرانێکی نوێ لە کۆمەڵگایەکدا پێک دێنێت کە بەسەدان ساڵ لە چوارچیوەی خێل، عەشیرە و ناوچەگەراییدا ژیاوە و هزری کوردستانی لە چوارچێوەی ناوچەی خۆیەوە بینیوە. نموونەی هەرە بەرزی ئەو بیرۆکەیە دامەزراندنی کۆماری کوردستان شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوژینی پێکهاتەکانی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بوو.

بە ئاورێک لە رابردووی پڕ لە شانازی حیزبی دێموکرات جێی خۆیەتی ئەسڵی  رەخنە لە خۆگرتن لە بیر نەکەین: ئێمە زیاترمان پێدەکرا، دەمانتوانی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان و خەباتی نەتەوایەتی کوردستان بە ئاستێکی بەرزتر لە ئەمرۆ بگەیەنین گەر لە رابردوودا زیاتر سەرنج بدرایە بە پەروەردەی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکانەوە. گەر رێبەری سیاسی لە سەر گەشەی خۆجێیی سەرمایەگوزاری زۆرتر بکردایە و رۆحی نەتەوایەتی و گەشەی ناوخۆیی لە بوارەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، بەرهەمهێنانی خۆجێی بکردایە بەشێک لە سیاسەت و پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆی. گەیشتن بە ئامانجی گەورە لە رێگای هەنگاوە بچووک و بەرنامە بۆ دارێژراوەکانەوە مسۆگەر دەبێت.

دەسپێکی “ڕاسان” و  قۆناغی نوێی خەبات پێمان دەڵێت دەبێ وێرای ئەوەی کە لە رێگا دەرۆین دەبێ جادەکانی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی چالاک، بەهێز و رێکخراو ئاوەدان بکەینەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی خۆی هەموو تانوپۆیەکانی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی کوردستانیانی پچراندووە و بە بڵاو کردنەوەی کەشی ناهومێدی ژێنۆسایدی سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆڤی دژی نەتەوەکەمانی جێبەجێ کردووە. ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین کە گرینگ نیە خەڵکان و رێکخراوەکانی دیکە لە پێوەندی لە گەڵ ئێمە دەلێن چی، بەڵکوو ئەوەی گرینگ ئەوە ئێمە رێگایەک هەڵبژێرین کە خزمەت دەکات بە گەشەکردنی نەتەوایەتی و خەباتی رزگاری دەرانەمان و خزمەت دەکات بە بەرەوپێش چوونی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمرۆ کاتی ئەوە هاتووە سەرمایەگوزاری لە سەر رێبەرانی داهاتووی ناو کۆمەڵگا بکرێت و کۆمەڵگا بەرەو خۆسازماندەری خۆ بەرێوەبەری و خۆپەروەردەیی هان بدرێت. سەردەمی ئەوە هاتووە هەموو بوارەکانی ژیان ببێتە خاوەنی قارەمانی تایبەت بەخۆی و قارەمانێتی و کاریزما تەنیا لە یەک یان چەند تاکێکدا نەبیندرێت. بەوە هێزی بروابەخۆبوونی کۆمەڵ بەرینتر دەبێت و خەبات و بەرەوپێش چوون دەبێتە ئامانج و ئەرکێکی هاوبەش. ئەزموونێک کە شەهیدانی راسان لە ساڵی پارەوە بە ئێمە سەلماند راست بریتی بوو لەوە: ئێمە دەبێ ئاسۆی خۆمان بەرفراوانتر بکەین، بوێرانە بڕوامان بەخۆمان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

ئەزموونی بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەروەها ئەزموونی ئەمرۆی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆمان دەسەلمێنن کە خەباتی نەتەوایەتی پێویستی بە ئاوەدانکردنی کۆریدۆر و رایەلکەی پێوەندی بەرفراوانی ناوخۆیی و دەرەوەیی هەیە. قۆناغی ئەمرۆی خەبات دەبێ بتوانێت هەلومەرجەکانی ناوخۆییش بقۆزێتەوە و بزاڤی نەتەوایەتی بکاتە پرسێکی سەرەکی لە ئاست سەرانسەری ئێراندا و پرسی کورد لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەموو بەشەکانی ئیران گەشە بدات. ئەوەش پێویستی بە رەچاوکردنی سیاسەتێکی نوێ و بەرفراوانترکردنی بیرۆکەی راسان دەکات. لە جیهانی تۆرەکانی پێوەندیدا پێویستی ستراتێژیکی گەشەکردنی بڕوابەخۆ بوونی کۆمەڵایەتی  و گەشەکردنی ناسنامەی هاوبەش لە ئاستی تاکەکانی کۆمەلگادا لە هەموو سەردەمی پێشوو زیاتر خۆی دەنوێنێت. ئەمە بە واتای شیکردنەوەیەکی ئەمرۆیی و یەکگرتووخوازانەی فرەرەهند لە کۆمەڵگادا.

گەشەکردنی پەروەردەی بەخۆباوەری لە سەر بنەمای تاکەکەس، گرووپ و کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین جوانتر و خێراتر پێوەندی و ویستەکانی خۆمان لە گەڵ دەوروبەری خۆمان باس بکەین و هاندەر و یارمەتیدەری ئەوان بین بۆ ئامانجە هاوبەش و مرۆڤایەتیەکانمان. ئەمرۆ حیزبی دیموکرات لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە پرەنسیبەکانی بنەمایی خۆی گەشە پیبدات و بەکۆمەڵیان بکات و هاوکات کەشی کراوەیی و قبووڵکردنی جیاوازیەکان لە ناوخۆدا گەشە پێبدات. بەوە وزەی پۆزەتیڤ و هیوابەخش لە ناوکۆمەڵگادا گەشە دەکات و بیست و پێنجی گەلاوێژ دەبێتە رەمزی خۆباوەری و پێناسەی وزە هاوبەشەکان. حیزبی دێموکرات بە هۆی بەرپرسایەتیەک کە لە ئەستۆیدایە زۆرجار بەرەورووی رەخنە و هێرشی توندی لایەنگرانی پرسی نەتەوایەتی دەکەوێت. ئەمەش ئاستی بەرپرسایەتی حیزبی دێموکرات نیشان دەدات. ئێمە دەبێ بنەماکانی دیالۆگێکی کراوە، ئاوەدانکەرەوە (constructive) بۆ گەشەی هاوبەش پێک بێنین. هەمووی ئەوانە لە پێناو گەشەکردنی رۆحی بیست و پێنجی گەلاوێژ راسانەوەی کۆمەڵگایە لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا. حیزبی دێموکراتی سەردەمی ڕاسان دەبێ حیزبێکی کراوەتر، بەتۆلێرانستر، هەمەگرتر و خاوەنی قووڵایی ستراتێژیکی پان و بەرینتر بێت و هەموو تواناکانی کۆمەڵگا لەخۆیدا کۆ بکاتەوە بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاری خوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

 

مەجید حەقی – فینلاند

بەخێرن بۆ کاناڵی تێلێگرامیم:

https://t.me/joinchat/AAAAAD3Bb5EZ5oOPrDJGE

 

 

کاتالۆگ