کوردە وریابە ،کەمینە !!، مەلا برایم مەجید پوور

 ئـەو ڕوداوەی ڕێکەوتی ڕۆژی هـەینی (٣) خەرمانان لـە ئـاوایی گوندەژووری دەڤەری باڵەکایەتی لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بنەماڵەیەکی ئەم دەڤەرە ڕویدا هەڵەیەکی گەورەو لە هەمان کاتدا جێگای داخ بوو .

mela_biraym1

ڕژانی خوێنی کورد بەدەستی کورد خۆی لە خۆیدا ئەوەندە ناحەزە ئەگەر جەبریش پێت بکا هەر جێی داخە. بەڵام لەڕەوتی دنیای ئەو ڕۆدا کە تا ئێستا ئەقڵ و مەنتیق زاڵ نەبووەو حوکم ناکا ئەو جۆرە روداوە نە خوازراوانە دێنە ئاراو زیانی خۆشیان دگەیێنن. ئەوەی بەلای منەوە هەڵەو چی کەمتر لە روداوەکە نەبو ،هەڵویست و رادەبڕین و بەکار هێنانی وشەی ناحەزو هاندەرانەی منو تۆو و ئەم و ئەوبو . لێنەگەڕاین خاوەنەکانی ڕوداوەکە هەڵوێستی خۆیان دەر بڕن و جا ئەو دەم ئێمەش کامە لامان پێباش بوو پشتیوانیمان لێدەکرد. ئەو مەحکوم کردنە بێی ئاگاهیو بێبنە مایانە و لایەنێک بەزاڵمو لایەنەکەیتر بەمەزڵوم زانینە ئاگرەکەی خۆشتر دەکرد. زۆر کەس کوتیانو نوسییانو لایەنێکیان مەحکوم کرد کە دەتوانم بڵێم ئێستاش لە واقعیەتی مەسەلەکە ئاگادار نین ، نازانن هۆی روداوەکە چیەو چۆن بوە. هەرکەسە لەبەرخۆیەوە بۆتە قازی گۆپاڵو بەبێی هیچ ئاگاهی پەروەندە سازی دەکردو داری ئێعدامی هەڵواسیو نەک هەرئەوانەی لە ڕوداوەکەدا بەشدار بون بەڵکو حوکمی لەداردانیان بۆ ئەم دیو یان ئەو دیو دەرکردوە. بەکورتیو کرمانجی نەزانانە سواری ئـەسپی سەر کێشی ئیحساسات بونو ئاگرێکیان هەلگیرساندو بنکەی پێشەمەرگەکانیان کردە دەستە چیلەی ئاگرەکە. ماڵی هاونەژادیو هاو زمانیو برایەتیو پێکەوە ژیانیان ڕوخاند . جارێکیترئەوەی سەدامو کۆماری ئیسلامیو حکومەتی تورکیەو بەگشتی دوژمنانی کورد دەگەڵیان دەکردین دوپات کردەوە. ئەوان ویرانیان دەکرد ، دەیان سوتاندو تاڵانیان دەبرد، جادوایە بەرواڵەت لە مەسەلەکەیان دەکۆڵێەوە ! بەداخەوە ڕەنگە ئەوە یەکەم جار نەبێی کە شتی لەو بابەتە ڕویدابێی بەڵام دەرسی لێوەر نەگیراوە.

بەپێی مەنتیقو هەمو پیوەرێکی ئینسانیو یاسایی ئەگەر ڕوداوێک ڕویدا دەبێی فەوری حکومەت یان دەسەڵات دارانی سەردەم پێشی پێبگرنو نەهێڵن تـەشەنەبکاو پـاشان هۆکارەکان بدۆزنەوەو بەبەڵگە بەسەر لایەکیدا ساغی بکەنەوەو ئەوجار بڕیاری لـەسەر بدەن . بەداخەوە وەک لەپێشەوە کوتم : ئێمە هەر بە بیستنی مەسەلەکە بـڕیار دەدەینو بەڕێوەشی دەبەینو دوایە بیر لە لێکۆڵینەوەی دەکەینەوە!!

دیارە وەک باسمکرد هەڵویست گرانو بڕیار دران کە بەشی هەرەزۆریان بێی ئاگاداریو بەڵگە بونو لەوە زیاتر کە کارەکەیان ناحەزترو پوچەلتر دەکرد شتێکیتر نەبوو. لێرەدا دەمەوێی بڕێک وردترو دورترلە مەسەلەکە بڕوانمو بەبرا کوردەکانی هەمو بەشە داگیر کراوەکانی کوردستان بڵێم : (کوردە وریابە کەمـیـنـە ؟! ) بـە گەلی بـاشورو حیزبە کوردیەکان بڵێم : تا بەتوندی لە ئەندامو لایەنگرانیان قەدەغە بکەن ئەگەر ڕوداوێکی ئاوا نەخوازراو هاتە پێش دان بەخۆۆیان دابگرنو لێگەڕێن ڕێبەرایەتیەکەیان وڵامی ڕەسمی بداتەوە ، مەسەلەکە وا پوچەڵ نەکەن کە ڕێبەرایەتیش بۆی چاک نەکرێتەوە. بەتایبەتی شوکر بۆ خوا ئیستا باشوری کوردستان خۆی خاوەنی دەسەڵاتو قانونو یاسایە، هەڵوێست گرتنو ئەنجامدانی هەر کردەوەیەک لە کاتی ئاوادا دەبێی حکومەت خـۆی بیگری ، ئەگینا هەرکەسو ئورگانێکیتر لە خۆیەوە ئەو کارە بکا ئەوە لە پێشدا بێحورمەتیە بە قانونو کیانەکەی خۆیان.

دەبێی هەمومان باش لەوە تێبگەین کە دوژمنانی گەلی کورد،لە هەمو بەشەکانی کوردستان لە حاڵەتی ئاساییو نائاساییدا دارو دەستەی پەروەردەکراوی خۆیان هەیەو لە بۆسەدان کە ڕوداوێک هاتە ئاراوە ئەگەر خۆشیان دروستیان نەکردبێی بە پەلە بیقۆزنەوەو خۆی تێهەلقوتێننو خۆی لێبکەن بەخاوەنو کایەک بکەن بەکێوێکو هەڵەیەکی چوکە بکەن بەقەباحەتێک. ئێستا کە مەسەلەی ڕاپرسی بۆ سەر بەخۆیی باشوری کوردستان لە ئارادایە هەمو کوردێکی دڵسۆزی نیشتمانو گەل ، دورونیزیک ، مافی بەشداربونیان هەبێی یان نەبێی بەهەمو هێزو تواناو شکڵو شێوەیەک پێخۆشبونی خۆیان دەر دەبڕنـو بەئاشکرا تەبلیغ بۆ سەرکەوتنی دەکەن ، وەک دوژمنانی داگیر کەری کوردستانیش ، بـەتایبەتی ئیرانو تورکیەو ئیڕاقو سورەیەو لایەنگرانیشیان بەئاشکراو نەهێنی هەرکامەیان بەشێوازی خۆیان دژایەتیان دەر بڕیوەو زۆر بە گەرمی کاری بۆ دەکەن . جیا لە وانە خەڵکی ئاسایی دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو حیزبەکانیشیان بۆ سەرکەوتنی ڕاپرسی زۆر سادقانـەو دڵسۆزانـە و بـەبێی تێبینی پشتیوانیان لـە پڕۆسەکە کردوەو دەیکەنـو بــۆ بـەرەنگاری هەرمەترسیو هەڕەشەیەک ئەگەر داوایـان لێبکری ئـامدەن . چـاوەڕوان کراوە کە دوژمنەکانمان هەلێکی ئـاوا دەقۆزنەوەو هەرچەندی بۆیان بکرێی بازاڕەکە دەشێوێننو بـۆئەوەی خۆیان ماسیان بگرن ئاوەکە قوڕاو دەکەن ، ئـەوانن لـە سوتـاندنـو تـالانکردنـو ڕوخاندن شارەزاییان هەیەو لە کاتی هەستیاردا ئەنجامیان دەدەن . ئـەوەی ڕویـداوە ئەگەر هەمـولایەنـەکان بەخەڵکو حیزبەکانەوە ژیرانەو بوێرانە ئاگرەکە نەکۆژێننەوەو ڕقـو قینوهەڵچونەکان هێور نەکەنەوە ، خوای نەخواستە لەوکاتەهەستیارەدا ئـاسەواری مەتـرسیدارتـری لیدەکەوێتەوە . دوژمنان دەیانەوێی بـەبـەردێک دو کێلان بشکێنن : ( ١ ) کوردان بەگژ یەکدابکەن. ( ٢ ) پـڕۆسەی راپرسیش یان وەدوا بخەن یـان بەتەواوی هەرەسی پێبێنن.

من خۆم لە نیزیکەوە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەناسمو یەک لەوانـم ، دەگەڵ ئـەزمونە خۆشو ناخۆشەکانیان هەستاومو ڕۆنیشتومو لە هەڵەو پەڵەکانیشیان بەشدارو ئاگادارم بۆمە ، بۆیە برواموایە بە هەبونی ئەو ئەزمونانە لە هاتنە گۆڕی شتی لەوبابەتە ئەوپەڕی سەبرو لە خۆ بردوییان لە خۆیان نیشانداوە ، بەڵام نابێی ئەتۆ بەنیازی کوشتن هەڵبکوتیە سەر کەسێکو چاوەڕوانی ئەوەشبی ئەویش دەستان بەرداتەوە ، مەترسی گیان لەگۆڕیدایەو ئەویش زۆر ئازیزو خۆشەویستە . دڵنیام بە پێی ئەو ئەزمونانەی کەهەیانە لـە قوڵایی دڵـەوە بەهاتنە کایەی ئەو مەسەلەیەوە ناڕەحەت بون . بەڵام ئەوە شتێکی تازە نیە کە ڕویداوە پێشمەرگە بـۆ پاراستنی گیانی خۆی کە بـەناڕەوا خستویانەتە مەترسی ، دژکردەوەی لەخۆی نیشان داوە.

زۆر سەیرو جێی سرنجو خەمیشە کە بـڕینی دارێـک بـکەی بـە هۆی هەڵایسانـدنی شەڕێک کە چەند کەسی تێدا لە ناو بچێی. دیارە وەک کوتم شەری کوردو کورد ئەگەر پاساوێشی بۆ بێنیەوە هەر بەناڕەوای دەزانم . بەڵام سوتاندنو تاڵانکردنو وێـرانـکردن پیشەی زاڵمو دوژمنانی داگیرکەری کوردستانە نەک کورد ! ئەوە دوژمنانی کوردن ماڵی کورد دەسوتێنن دەڕوخێنن ، دەخنکێنن ، تاڵان دەکەن ، نەک ئـەوانەی کە شتیوا دەگەڵ خۆیان کراوە. بۆیە پێموایە دەبێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشور زۆر بە جیددیو وردی لە مەسەکە بکۆڵیتەوەو هۆکارو تاوانبارە ئەسڵیەکە بدۆزێتەوەو سەزای قانونی خۆی بداتێی بۆ عیبرەت ڕای گشتیشی لێی ئاگادار بکا . ئەوانەش کە لەجیاتی نێو بژیو هیورکردنەوەی کێشەکە گەلەکۆمەگیان کردوەو ئاگرەکەیان خۆشتر کردوەو کە لەئاکامیشدا تەنیا دوژمنانی گەلی کورد قانجیان کردوە ، دەبێی جەوری ئەو هەڵە گەورەو دیاردە دزێوە بکێشنو نیشانیان بدرێی ئەوە کردەوەی کوردنیە دەگەڵ برای کورد .هـیوادارم لـە ڕوداوی وەهـادا حکومەت بـە پێی قانـون زۆر بەتوندی بەرخورد بکا، حیزبەکانو خەڵکە دڵسۆزەکەش ژێـرانـە هـۆکارەکـان بدۆزنەوەو لەناویان بەرن، تا جارێکیتر شتی ئاوا ڕونەداتەوە.

 

 براتان مەلا برایمی مەجید پور. ٢٩ / ٨ / ٢٠١٧

کاتالۆگ