ئێمە ئی خواین و بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە ، مەلا برایمی مەجید پور

خوشکی زێدەئازیزم، حەزم نەدەکرد ئاوا بجێم بێڵی کە نەتوانم بەڕێت کەمو سوچێکی تابوتەکەت بخەمە سەرشانم. پێمخۆش بو لە پێش تۆدا ڕۆیشتبام و تۆ خوشکانە شینت بۆ گێڕابام. بەڵام ئەوە ئیرادەی خوایە و گۆڕانی بەسەردا نایە.

خوشکی کۆچکردوم، قەدەری من و تۆ وابو، هیچمان وەبیرمان نەدەهات کە لە شوێنی لەدایکبونمان بەناچاری هەڵقەندراین. تەمەنمان لەخوارەوەی (١٠ ) ساڵ بوو کە دایکمان جوانە مەرگ بوو لە ناز وخۆشەویستی دایکانە بەشبڕاو بوین. من تاقە کوڕە و لە تۆ گەورەتر بووم لەو تەمەنە کرچ و کاڵەدا من سەرپەرستی ماڵم بە ئەستۆە بوو و تۆش کاری ماڵ و ئەرکی دایکانەی ( ٢ ) خوشکە چکۆڵەکانت کەوتە سەرشان. من تەمەنی (١٥ ) ساڵیم تەواو نەکردبو لێک هەڵبڕاین. من کەوتمە شوێن خوێندن وهەمو قورسایی ماڵەکە بۆ تۆ بەجێما. دیارە دڵسۆزی و موحیبەتی باوکمان زۆر کەلەبەری ژیانمانی پڕ کردبۆوە، بەڵام هیچ بابێک ناتوانێی وەک پێویست جیگای دایک بگرێتەوە. بە باوەڕی من نەک باوک بەڵکو هیچ مرۆڤێک ناتوانێ کەلێنی دایک پڕکاتەوە.

من ڕۆیشتم بۆ فەقێیەتی بەساڵ و دووساڵ نەدەهاتمەوە، ئیتر لەو کاتەوە من و تۆ یەکترمان هەر وەک میوان دەدیتەوە. لە بیرم ناچێی، کاتێک تۆیان بەشوو دابوو، لە جیاتی ئەوەی لە خەنەبەدانەکەتدا دەستەخوشکەکانتم بە خێرهاتن کردبایە و ئەو کاتە کە بەرەوە ماڵی بەختت، سواری ئەسپیان دەکردی، وەک بڕا قۆڵی ڕاستتم بگرتایە، ئەوەندەت لێ دور بوم پاش ساڵێک زانیم شوت کردوە. پاشان بووم بە پێشمەرگە و هەڵدێردرام بۆ هەندران و لە ماوەی چل ساڵدا تەنیا (٢) جار زۆر بە کورتی لە نیزیکەوە یەکترمان دیتەوە. ئەوە ئەوجار بەیەکجاری ڕۆیشتی و تازە لەم جیهانە یەکترنابینینەوە. دڵنیابە منیش ئەو سەفەرەم لەبەرە، بەڵام کەیو چۆن، هەر خوا دەزانێ.

باسی ژیانی من و تۆ وخۆشکەکانیترمان زۆر لەوە زیاترهەڵدەگرێی کە لێرەدا جێی نابێتەوە. داخی گرانم تا ئێستا ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە تا بەسەرهاتی تۆ بۆ منداڵەکانت بگێڕمەوە.

بەڵام وەک برا گەورەی تۆ بەڵێن بێ، لە بری تۆش خوشکە تەنیا بەجێماوەکەت بخەمە ناو قوڵایی دڵمەوە و ئەگەر خوا بۆم بڕەخسێنێ جێگای تۆشی بۆ پڕکەمەوە. با وەک خاڵی کچ و کوڕەکانت لە دورەوە لەجیاتی تۆش چاویان ماچ بکەم و پێیان بڵێم ئـێـوە یـادگاری خۆشەویستی منن و هەرگیز لە بیرم ناچنەوە. لە ژێر باری ئەو کۆستەدا سەبروهەبێی، خواش سێبوریتان دەدا. لە لایەن حومەیڕای خاڵو ژنتان و کـوڕەکان و بـنەمالەکانیان سەرەخۆشی لـە خۆم و ئێوە، لـە بنەماڵە کانتان وهەمو خزم و دۆستان دەکەم و لە هەمانکاتدا سوپاسی هەمو ئەوانە دەکەم بەزیندویی ڕێزیان لێگرتوی و لە پـرسە و سەرەخۆشیشتدا بـەشدار بـون و زەحمەتیان پێوە کێشاوی. خوا جەزای بەخێری هەمو لایەک بداتەوە.

براکەت کە بە داوی غوربەتەوە گیراوە و لە تەمی تاسەی لە دەستدانتدا ونبووە، و لە حسرتی نەدیتنەوەتدا ئەژنۆی غەمی لە باوەش گرتۆە، براکەت کەتۆ هەر پێت دەکوت مەلا گیان، بەو شێوەیە یادت دەکا و لە خودای میری مەزن داواکارە کە بە بەهشتی بەرین شادت بکا.

مەلا برایمی مەجید پور ١٠ / ٩ / ٢٠١٧ هولەند

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێی ئازیزمان کاک مەلا برایم دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. سەرەخۆشی لە مامۆستا و بنەماڵەی دەکەین.

روحی دادە هاجەر خۆش بێ.

کاتالۆگ