بارودۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هەڵبژاردنی حەسەن ڕووحانی، هێرۆ جەڵدیانی

حەسەن ڕووحانی هەروەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی دا بۆ سەرۆک کۆماری، بە زەردەخەنەیەکی هەڵخەڵەتێنراوانەوە بەڵێنێکی زۆری بە خەڵکی سەرانسەری ئێران بە گشتی و نەتەوەکانی ئێران دا.

لە بواری ئاسوودەیی ژنان لە کۆمەڵگاش دا چەندین وتاری پێشکەش کرد. لە دوای هەڵبژاردن، بەرەبەرە ڕوخساری فریوکارانەی ناوبراویش وەکو  سەرۆک کۆمارەکانی پێشووش بە ئیسلاح تەڵەب و ریفۆرم خوازەوە دەرکەوت. هەر هزر و بیرۆکەیەکی دیکەی بە دژی ئیسلام، ویلایەتی فقیه، سەربەخۆیی نیزام و وڵات بەلاوە نرا. هەموو ئەویندارانی تینووی ئازادی و رزگاربوون لە گۆرینی ئەو دۆخەی کە کاربەدەستانی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگای ئێران پێکیان هێنابوو، بێ هیوا کرد.

بارودۆخەکە سیاسی تر کرایەوە و خەڵکێکی زۆر لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، ڕەوانەی زیندانەکان کراون و هەروەها لە بواری کۆمەڵایەتیشدا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە خۆکوژی و تەڵاق و مادە هۆشبەرەکان کردووە. ئەمانە هەموویان هۆکاری بنەڕەتی تێکدانی بنەماڵەن و سەرچاوە دەگرن لە لاوازبوونی باری ئابووری، هەروەک کە ناوبراو قەولی بنبڕکردنی بێکاری لە ساڵی٢٠٢٠ داوە وەکو یەکێک لە تەرفەندەندەکانی دیکەیەتی بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک. سەرەڕای ڕێکەوتنەکەی (١+٥)، هێێشتا هیچ هیوایەک لە کۆماری ئیسلامی بە دی ناکرێ بۆ باشترکردنی بارودۆخەکە، هەر ئەوەش وای کردووە کە ئامریکا تەحریمێکی زۆرتر بخاتە سەر ئێران، چونکە حکومەتی ئێران دخالەت لە کاروباری ناوچەکەدا بە ئاشکرا دەکات و پشتیوانێکی بەهێزە بۆ تیرۆریزم و هەروەک ئێستاش لە پەلەقاژەدایە تا دژی ئەو ریفراندۆمی باشووری کوردستان بوەستێت. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە باوەڕی بە مافی نەتەوەکانی دیکە نییە، هەروەک بنەماکەی لەسەرر ویلایەتی فقیه دامەزراوە و هەرچی لە دەستی بێت لە دژی ئەو ریفراندۆمە بەکاری دێنێ. حەسەنی رووحانی بەڵێنی زۆری بە ژنان دا و هەر ئەوەش ژنانی هێنایە سەر شەقام و سندوقەکانی دەنگدان. بەداخەوە کابینەکەی ئەوجارەشی تەنانەت یەک ژنیشی تێدانەبوو، بۆخۆشی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە فریودانی ژنان کووتی کە ”دەبا ژنی تێدا بووبا بەڵام بەداخەوە نەبوو”.

ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە لەم ماوەیەدا پتر لە جاران کەوتنە ژێر هەڕەشە، ترساندن و تەنگەژەی پترەوە ژنانن، کە سەر لە نوێ یاسا گەلێکی ناسەردەمیانەی رژێم ئەوانی پتر خستە ژێر گوشارەوە و تەنانەت بۆیە ئەو گوشارانە بۆ ژنان دێنن، کە ناچاریان بکەن واز لە کاری دەرەوەی ماڵ بێنن و بچنەوە نێو ماڵ و ماڵداری بکەن. هێنانەوەی باسی (پوششی ئیسلامی)، هەڵاواردنی ڕەگەزی، جیاکردنەوەی شوێنی کاری ژنان و پیاوان لە یەکتر، لە نەخۆشخانە و ئیدارەکانی دەوڵەتی تەنانەت زانکۆ و قوتابخانەکان و …هتد، بارودۆخەکەی خراپتر کردووە.

لە وەها دۆخێک دا هەندێک کۆمەڵی بچووکی ژنان لە ژێر ناوی ڕێکخراوەی مەدەنی، لە شارەکانی ئێران لە نێو ڕووناکبیران و زانکۆکان دا، پێک هێنراون و بە خەبات دژی توندوتیژی و بەرنامە نایاسییەکانی بەشێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی رادەوەستن و ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕێگای مانگرتن و تۆڕی ئینتێرنێتەوە بە گوێی میدیاکان دەگەیەنن و لەو پەیوەندییەدا دەیان ژنی خەباتگیر لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژیمەوە بانگ کراونەتە ئیتلاعات و هەڕەشەیان لێکراوە و یان جەریمەی قورسیان لێوەرگرتوون و یان خراونەتە بەندیخانەکانی رژێمەوە.

بە باوەڕی من، لە کوردستانی رۆژهەڵات زۆر خۆڕاگرانەتر بەر بەرەکانی لەگەڵ زوڵم و زۆریەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ. بە هاتنە سەر شەقام و دوکان و بازاڕ داخستن بەرەو رووی زوڵم و زۆریەکانی ئەو حکومەتە دەبنەوە. بەتایبەتی ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیان تێدا هەیە، چونکە دەبینن لە پێش چاویان کوڕ و مێرد و باوکیان و خۆیان بۆ بژێوی رۆژانەیان یا دەکوژرێن و یا رەوانەی چاڵە رەشەکانی حکومەت دەکرێن. پایەکانی حکومەت لەرزۆک بوونە، خەڵکی بە گشتنی تینووی ئازادین، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کە گشت نەتەوەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن تا ئەو حکومەتە بەرەو نەمان بەرین. دیسان لەسەر ئەو باوەڕەم کە حکومەتێک کاتێک باوەڕی بە مافی مرۆڤ نەبێت بەرەو نەمان دەچێت.

 

 

 

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ