چەند تێبینیەک لە سەر ڕونکردنەوەکەی مەلا نیاز چۆمانی، مەلا برایم مەجیدپوور

  بەناوی خواوەندی دڵاواو دلۆڤان

وەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی ٣ ی خەرمانانی ٢٧١٧ کوردی لە گوندی گوندە ژوری دەڤەری باڵەكایەتی باشوری کوردستان ڕوداوێکی خەماویو نەخوازراو ڕویدا ، لەو پێوەندیەدا هەڵویستی لەسەر گیران و ڕای جیاوازی لـەسەر دەر بـڕدرا ،

mela-braym-mejidpur-0

هێندێکیان هەوڵی هێور کردنەوەیان دەداو هێندێکیشیان بـۆنی لایـەنگری لـە لایەنێکی لێدەهات . ئەسڵی ڕوداوەکە هەرچۆنێک بوبێی زیانبارو نەخوازراو بوو . من نامەوێێ بچمە ناوئەو بازنەیەوە . ئەوەی دەمەوێی لەو وتارەدا بیخەمە بەرڕای خوێنەران چەند تێبینیەکە لەسەر ڕون کردنەوەی جەنابی مەلا نیازچۆمانی.

بەپێی ئەوەی منیش دەرسی دینو شەرعم خوێندوەو ئیزنی ئیفتاو تەدریسم لەلایەن باشترین مەلای موکریان لە مزگەوتی (سور) ی سابڵاغ وەر گرتوەو ماوەیەکیش ئەرکی مەلایەتیم ئەنجام داوە ، تەمەنێکی درێژم دەگەڵ ئەو گێرەو کێشانەی کۆمەڵایەتی گەلەکەمان تێپەڕ کردوە ، حەزدەکەم بۆ چونەکانی خۆم برایانە بە مەلا نیاز بڵێم .

ناو براو لە ڕونکردنەوەکەی خۆیدا ئازایانە تاوانباری خۆی سەلماندوەو داوای لێبوردنی کردوە ، ئەوەیان جێی ڕێزەو دەستی خۆشبێی. ناو برا هێندێک ڕستەی بەقەولی خۆی لەکاتی هەڵچونەکەی دا کوتون کە لەو کەسەی خۆی بەڕێبەرو پێشەوای ئایینی شارێک یان گوندێک دەزانێی ناوەشێتەوە ، بۆیە دەزانم ئەو لەمن باشتر لە ناوەرۆکی ئەوئایەتە حاڵیە کە خوا دەفەرموێی : { إنما ألمئمنون إخوة فأصلحو بین أخویکم .حوجوڕات : ١٠ } ئیمانداران هەمو بران ئیوە سوڵح بکەن لەنێوان براکانتان . ئەگەر خوای نەخواستە بەبرای دینیشت نەزانیبان دەبو وەک برای ئینسانیو نەتەوەییو زمانی حیسابت بۆکردبانـو نەت کوتبا [ دۆستایەتی کۆماری ئیسلامیمان پێی لەدۆستایەتی کوردەکانی ڕۆژ هەڵات باشترەو پەشیمان نیم لە سوتاندنی بارەگاکانیان.] ئەو قسەی جەنابت دەگەڵ ڕاسپاردەی ئایەتەکە نای خوێنێتە چونکە برا نابێی ماڵی برا بسوتێنێ ، ئەو کردەوە ناڕەوایە کراسێکە تەنیا بەبەژنی داگیر کەرانی کوردستان بڕاوە. جیالەوە وەک بۆخۆت لە بەشێک لە قسەکانت دا فەرموتە : تاوانبارو بێتاوان بەیەکەوە بونەتە قوربانی . ڕاست دەکەی ئەوەنیە خۆشت دەڵێی کوردەکانی ڕۆژ هەڵات بەگشتی کەست نەبواردوەو لە بیرت نەبوە کە لە ئایینی ئیسلامدا بابیش لەسەر تاوانی کوڕەکەی سەزا نادراوە. دەکرا بلێی فڵانو فیسارە حیزب . بەڕێزم خۆت دەزانی قسەو بڕیاری مەلا فتوایەو ڕێگەدەدا بەئەنجامدەرەکان بەئەرکێکی ئایینی بزانن ، پێیان وابێی کارێکی ڕەوایەو بەپاداشتی ئەو کردەوەیە بەهەشتیان جیگایە . تۆ لە مەڵبەندی کاری خۆت ڕێبەرایەتی ئایینیت لە ئەستۆیە و ئەرکی سەرەکیو واجبیشت ئەمر بەچاکەیەو نەهی لەخراپە یە جا ئەوە بۆ هەر کەس بن.

دەبۆ ئەو ئایەتەی ژمارە ٩ ی حوجوڕاتت لەبەرچاو گرتبایە کە دەفەرموێی : { وإن تایفتان من ألموءمنین إقتتلوا فأصلحو بینهما } ئەگەر لە نێوان دوو تایەفە شەڕ ڕوویداڕێکیان بخەنەوە . ئەو هەڵوێستو قسانەی جەنابت دروست بە پێچەوانەی ئەو ئایەتەیەو ئاگرەکەی نەک دانەمرکاندوە بەڵکو گەرمتری کردوە . دەبێی ئەوەش بزانی تۆ کە خانە خوێی براکوردەکانتی نەدەبو بەو شێوەیە دەگەڵ میوانەکانو ئەوانەی کە میوانیشت نین بدوێی، چونکە میوانداری یەکێکە لەو خەسڵەتە باشانەی کورد کە تەنانەت غەیرە کوردیش ئیقراری پیدەکەن . خۆت ئەو شێعرە عەڕەبیەت لە من باشتر لە بیرە کە دەڵێ : ( برینی سەرڕمبان چاک دەبنەوە ــ بەڵام برینی سەری زمان چاکبونەوەی بۆ نیە ) هەر چەند من پێموایە ئەگەر حەکیمی لێزان هەبێی چاک دەبێتەوە بەڵام کاتی دەوێی. لێرەدا پێمخۆشە جەنابیشتو هەموان بزانن ئێمە نە وەک نەتەوەە نە وەک ئایین کە زۆرینەمان هەمانە دوژمنایەتیمان نیە ، زۆرجاربراش بەشەڕ هاتونو ڕەنگە کوژڕاویشیان هەبوبێی بەڵام چونکە دوژمن نەبون بە نێو بژی مەلاو کەیخودای ئاوەدانی سوڵحیان کردوە . لەوبارەشدا دەزانی خوا چی فەرمووە. دوژمنی ئێمە ئەوانەن کە نەژادو زمانو زێدو نیشتمانو هەمو شتێکی ئێمەیان قەدەغەو لەناو بردوە یان کەم ڕەنگ کردوە ، کوشتنو لەناو بردنمان بەواجبی خۆیان دەزانن. وەک لەسەرەوە کوتم : تۆ کەوتویە ژێر کارتێکەری ئەوانە ی کە تۆ دەبوو بیان خەیە ژێر گاریگەری خۆت ، بۆیە پێموایە هەر ئەوەندە داوای لێبوردنە بۆ کەسێکی ووەک جەنابت کە پلەی بەرزت لەباری ئایینیەوە لەناو کۆمەڵەگاکەت دا هەیە بەس نیە ، بەڵکو پێویستبو زیاتر لەو بارەوە بۆ خەڵکی ڕونکەیەوەو باسی خراپی هەڵچونو بێی لێکۆڵینەوە بریادانت بکردیایە ، باکت لە تانەو تەشەری ئەمو ئەویش نەبایە ، چونکە هەمو کەس لەخواش ڕازی نیە چ بگا بەمنو تۆ . ڕونکردنەوەی زیاترو دان پێدانان بە خەتا نەک عەیب نیە بەڵکو نیشانەی غیرەتو بوێریە.

ئەوە کە گلەییت کردوە کە نیسبەتی پێوەندیت بە کوماری ئیسلامی دراوەتە پاڵتوخٶشت ئەوەت بەتوندی ڕەد کردۆتەوە ، بەباوەڕی من کە زانیاریم لەسەر مەسەلەکە نیە ناتوانم لەو بارەدا شتێک بڵێم ، بەڵام شێوەی ڕەفتارو ڕادەربڕێنەکە وەک ئەوە دەچی، ئەگـەر جەنابیشت ئاگاداری نەبی نۆکەرە شاراوەکانی دەرفەتیان بـۆ هەلکەوتـوەو داوێنی جەنابیشتیان پێی لەکەدار کردوە. کۆماری ئیسلامی زۆر کردەوەی لەو بابەتەی دەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کردوە ، خۆ ئی سەدامیش تـۆ لەمن باشتر دەزانی چی دەگەڵ ئێوە کردوە. لە جێگایەک دا فەرموتە : من لەو دەربـڕینانەدا نـیازی خراپـم نـەبـوە . خـۆت باشدەزانی مرۆڤەکان ئاگایان لە نیازی چاک یان خراپی یەکتر نیەو باشو خراپیەکەی کردەوەکان دەری دەخەنـو تـەنیا خـوا دەزانێی مـرۆڤەکان چیان لـەدڵدایە. ئـەوە کە پەیامبەرەکەمان ( ص) فەرمویە : ( إنما ألأعمال بنیات ) مەبەستی ئەوەیە خوا لە ڕۆژی جەزادا بە نیەتەکەمان حیسابمان دەگەڵ دەکا . ئێمە هێشتا لە دنیا داینو بەپێوەری ئینسانی لەدنیادا دەبێی کار بکەین . براکەم ئێمە کارمان بە پێوەندی کەسەکانەوە نیەو دەست لەکارو باری تاکەکان وەرنادەین . بەلای ئێمەوە خۆدۆراندنو کار بۆ دوژمنی گەلەکەمان کردن خەتایە نەک ئەسڵی پیوەندی . خۆ ئێستا هەمو خەڵکی رۆژ هەڵاتی کوردستان کەمو زۆر بۆ پێداویستیەکانی ژیان پیوەندیان بەوڕێژیمە داگیرکەرەوە هەیەو بەدوژمنیشی دەزانن ناشتوانن نەیان بێی ، ئەوەی گرینگەو مەبەستە نەبنە جاشوو سیخوڕ و بەدژی گەلەکەیان کار بۆدوژمن نەکەن .

جەنابی مەلا نیاز دەزانم ئەوانەی من دەیان ڵێم ئەتۆ لەمن باشتریان دەزانی بەڵام مرۆڤ ئەگەر بزانێی کاڕێک باشەو نەیکا ، نەیزانێ باشترە، چۆنکە خواش حیساب لەسەر نەزانینی مرۆڤ ناکا. مەلا پێشەنگو ڕێی نیشادەری ئـیماندارانە ، ئـەرکی سەرشانی هەرچەندی بڵێی قورسو هەستیارو گرانە ، لە قسەو کردەوەکانی دا هەر خۆی بەتەنیا نیە ، بەڵکو هەمو ئەوانەی دەستورو ڕێوشوێنی ئایینی لێووەر دەگرنو وتەکانی لە گوێی دەگرنو دەیڵێنەوە ، کردەوەکانی بە بڕیاری دینی دەزاننو دووپاتی دەکەنەوە . بەپێی ئەو پلەی مەلاهەیەتیو ئەو ئەرکەی وەئەستۆی خۆی گرتوە لازمە لە ئاڵۆزترین ڕوداوو پێشهات دا بەسەبرو خۆ ڕاگرو بێلایەن بێی و تەنیا هەقو ڕاستیەکان بەشیوەیەکی لێزانانەو هێمنانە بۆ خەڵک ڕونکاتەوە. دەبێی ئەو ئایەتە قورئانیە بەتەواوی بەکار بهێندرێی کە دەفەرموێی : { ولتکن منکم أمة یدعون إلی ألخیر یأمرون بالمعروف و ینهون عن ألمنکر اولئک هم ألمفلحون.آلعمران: ١٠٤ . } دەبێی لەنیو ئیوەدا کۆمەڵێک هەبـن فـەرمـان بەچاکە بدەن و ڕیگە لە خراپە ببەستن ، هەر ئەو کەسانەش ڕزگار دەبـن . تـۆ خـۆت یەک لە وکەسانەی دەبێی ئاوا بکەی ، دەزانی سەبرولە سەرەخۆیی تایبەتمەندیەکی ئەوەندە بەنرخو بایخە کە دەکرێی و پێویستیشە لە هەمو حاڵەتاندا فەرامۆش نەکرێی ، واتە لە : کاتی ڕق هەستان دا دەری نەبڕیو بیخۆیەوە ، چاوپۆشی لەو کەسە بکەی کە خراپەکەی دەگەڵ کردوی ، بەخشندە بیو لیی ببوری، لەبەرانبەر قورسایی ڕوداوێکدا هەڵوێستی بەپەلە نەگریو هەوڵی ڕونکردنەوەی ڕاستی مەسەلەکە بدەی . من خراپە بکەمو تۆش عەینی ئەوەم دەگەڵ بکەیەوە ئەدی فەرقمان چیە ؟. بۆیە پەیامبەرەکەمان (ص) فەرمویە: سەبر کلیلی دەرگای خێرو بێرانە. ئەوانە تایبەتمندیەکن کە لەقورئانو حەدیسو لەزاری زانایان تاریفیان کراوە ، ئەوانە دنیای هێمنی ، ئارامی و شادیو خۆشی دروست دەکەن. هەمو دینەکەشمان بۆ خۆشیو بەختەوەری مرۆڤەکانە. ئەوکەسانەی خاوەنی ڕوحی لێبوردەیین لەحاڵێکدا کە دەتوانن تۆڵە بستێننەوە لەهەڵەو تاوانەکان دەبورنو لەعەبدانی خوا خۆش دەبن لە ڕاستیدا معامەلەیان دەگەڵ خواکردوە ، واتە ئەوان عەبدی خوایان بەخشیوە لەڕای خوادا بەزەییان پێیدا هاتوە ، ڕەزای خوایان وەدەست هێناوەو پاداشتی مەزنی خۆاو موتمانەو ڕێزو حورمەتی خەڵکیشیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردوە .

ئەگەر بەوردی سرنجی ڕوداوەکە بدەینو مەبەستمان ئەوە بێی هـۆکاری ئەسڵی بدۆزینەوە ، نەک بۆ ئەوەی تۆڵە لەملا یان ئەولا بکەینەوە بەڵکو مەبستمان ئەوە بێ وەک جەنابت فەرموتە دەستی پێشتی پەردە بدۆزینەوەو بیبڕینو بیکەینە دەرسی عیبڕەت بۆ ئەوەی هەم دوژمنی ئەسڵی خۆمان بناسینو هەم شتیوا دوپات نەکەینەوە ، پیویستە جەنابتو کەسانی خاوەن ئیعتیبارو کەیخۆداو دەسەڵاتدار لەکاتی وەهادا هەموو تواناتان بۆ هیور کردنەوەی مەسەلەکە بەکار بێنن ، نەک ڕەگەڵ ئەوانە بکەون یان هەلیان بۆ برەخسێنن ، کە ئاوەکە قوڕاو بکەن بۆ ئەوەی خۆیان ماسی بگرن، یان کوردانە بڵێم : ئەو کەسانەی حازرن بۆ دەسرەیەک قەیسەریەک دەسوتێنن. مـامـۆستا دەبێێ بـزانن دوژمنان لە کەمین دان لە کایەک کێوێک دەروست دەکەنو لە هەڵەیەک کارەساتێک دەخوڵقێنن.

بەباوەڕی من دەکرا مەسەلەکە زۆر بەهاسانیو بەبێی زیانی گیانی و ماڵی چارەسەر بکرێی، خاوەن داواکە هەر داوای لە جنابت کردبایـە کە بچی یـان ئـەو کەسە بانگ کەی کەداوایان لێی هەیە، وا داریان بکەی زیانەکە قەرەبو بکەنەوەو کارنەگاتە حاندێک کە مرۆڤ تێیدا ببێتە قوربانی ، بەدڵنیایەوە بەڕێزەوە لێیان قبوڵ دەکردی ، ئەگەر ئەوەش نە دەکرا، بەرپرسانی حکومەتی مەڵبەندەکە ئاگادار بکەن تا داواکەیان لەباری قانونیەوە جێبەجێ بکەن . هیوادارم بۆ تۆشو بۆ هەمومان ئەوە دەرسێک بێی، وافیری بین کە هەرگیز لەبیرمان نەچێتەوە .

ئەگەر بتەوێی زیاتر لەسەر ئەوبابەتە پێکەوە بدوێین دەتوانی ئادرەسو ژمارە تەلەفونی من لەو شوێنە وەر بگری کە ڕونکردنەوەکەت بۆ ناردبو.

 دەگەڵ سڵاوو ڕێز مەلا برایمی مەجید پور

 ٢٣ / ٩ / ٢٠١٧

بابەتی پەیوەندی دار

مەلا نیاز داوای لێبوردن لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو