بۆ ئێوە و دنیا، دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەدەم، حەمە حەریری

نیشتمانێکم ئەنجن ئەنجن کراو بە قەمەکانی دەستی ئێوە ھەتا ئەوڕوش خوێن لە لەشی پیر و جوانی من ئەتکێ چۆن باوەڕتان پێ دەکەم.

hama-hariri

بومەتە مەیدانی ڕمبازێنی ئەم و ئەوتان کە چۆن بێن قوڕگی کۆرپەکانم بە خەردەلان بگرن و بخنکێنن چۆن باوەڕتان پێ دەکەم.

ئێوە دەڵێم ئێوە کە سەدان ساڵە بە یەخسیر و دیل و کۆیلەتان گرتووم ڕۆڵەکانم ئێوە بێ سەروشوێنتان کردن.

ئێوە بوون ئێوە ھەر دۆینێ بوو پێنج ھەزار، مرۆڤ پێنج ھەزار باڵندە، پێنج ھەزار نەمام ، پێنج ھەزار گوڵ و ئەوین و ژیان بە چرکەیەک لێ کوشتم و ژاراویتان کردم.

ئێوە بوون ئێوە ھەر سامانی منی کوردستانتان بە تاڵان بردو و بە تانگ و تۆپ و تەیاران ھاتنە سەرم و ئەوە یاری مناڵان بوو بە دیاری باب و دایکی مناڵانی منی کوردستانتان پێ کوشت و ماڵ و لانەتان لە کۆرپەکانم پێ سەراوژور و وێران ئەکرد .

چیتر بۆ ئەم دنیایە باس بکەم 

زمانی نەتەوە ی منتان بڕی. ناسنامەتان شێواندم ، مێژووی منتان قەڵەمی ڕەش بەسەر دا ھێنا و ھەر چی درۆ بوو وێتان ھەڵاوەسی. کلتور و نەریتی نەتەوەی منتان کەلەپچە کرد.

ئاخر چیتان بەسەر ئەم خاک و نەتەوەی کوردستانا نەھێنا، چۆن بڕواتان پێ ئەکەم.

ھەر بۆیە ھەم بە ئیوە و دنیاش دەڵێم کەرامەت و نرخی مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێگەی دێمۆکراسی و ڕیفراندۆم بە حەققێکی ڕەوای دەزانم و بە ئیرادەی نەتەوەکەم لە ھیچ سەختییەک ناکشێمەوە و لەم ڕۆژە دا دەنگی بڵێی بۆ ئەدەم.

حەمە حەریری

23.09.2717

 

کاتالۆگ