کاتی خۆسازدانە بۆ بەرەنگاری پیلانەکان، مەلا برایم مەجیدپوور

وەک ئاگادارن ڕاپرسی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەسەر کەوتوییەکی کەم وێنە دوایی هات، هەر زوو بەرهەمەکانی هاتنە ڕوو.

mela_biraym1

بۆ وێنە دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی گەلەکەمانی ئاشکرا کردو پێی ناساندین. دیتمان دۆستان چۆن لەبەرانبەر زەبروزەنگی دوژمنان و فرت و فێڵ و چەواشەکاری دۆڕاوەکان ئازایانە ڕاوەستان و لە هیچ مەترسیەک سڵیان نەکردەوە. شەریک و هاوپەیمانە بەدرۆکان چۆن خۆیان بەخوای کوردان دەزانن و هەموو دەرگایەکیان لەسەر داخستین کە بە خیالێ خاوی بەتاڵ بە برسیایەتی بەچۆکیان دابێنن. بێخەبەر لەوەی جگە لە هێندێک کوردی چڵکاو خۆر، کورد ئامادەیە لە بـرسان بمرێ بەڵام سەر بۆ دوژمن دانەنەوێنی، بەورە و ئیمان دەژی نەک بە نانی نـامەردان. دوژمنان چۆن ئۆقرەیان لێهەڵگیراو ئەو دڵە گەنیوەیان ئـاگری تێبەربـوو پـەردەیان لە سەر ڕواڵەتە فریودەرانەکەیان لاداو بە هەڕەشە و گوڕەشە دوژمنایەتی خۆیان بۆ هەر دەسکەوتێکی کورد نیشان دا. لە بەرانبەر ئەواندا گەلی کورد لە هەموو بەشە داگیرکراوەکانی کوردستاندا بەیەک دەنگی و یەک هەڵوێستی هاتنە مەیدان و مستێکی تووندیان لە دەمی داگـیرکەراندا. ئەوانەی بە ناڕەوا لە مافی دەنگدان بێبەشکرابوون، بـوێـرانـە زۆر بـە هـەست و سۆزەوە پشتگیری خۆیان بۆ براکانیان لە باشور نیشاندا و ئـەرکی نـەتـەوەیی خـۆیـان بەجێ هێنا. لیرەدا ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە کە کورد یەک گەلە و یەک وڵاتی هەیە کە کوردستانە و ئامانجی هەموشیان ڕزگاری گەل و نیشتمانە، بەدۆست و دوژمنیان نیشان دا، بە دنیایان کوت: چاوەڕوانی کەس نابین و بڕوامان بە خۆمانە. پێیان کوتن ئەو گشتە قوربانیە و ڕژانی ئەو هەموو خوێنە گەشانە هەروا بە هەڵکەوتوو بۆ بارەقەڵای کەس نیە و بۆ رزگاری زێد و سەربەستی گەلەکەمانە. ئامانجمان پساندنی ئەو کۆت و زنجیرانەی دەست و لاقمانە، ئازادی بیرو هزر و ویست و داخوازەکانمانە، ئەو ئامانجەش یەکەم و لە پێشەوەی هەموو حەزو ویست و ئیدە و ئایینەکانمانە .

بە دنیامان نیشان دا، نە دوژمنایەتی کوێرانەی دوژمنانی داگیر کەری کوردستان و نە پشتگیری نەکردنی دنیای سەوداگەری دەرەوە دەمانترسێنێ، نـە هەڕەشە و گوڕەشە و بەڵێنی بەدرۆ توشی ناهومێدیمان دەکاو نە هیچ هێزێک دەتوانێ وازمان پێی لە مافی رەوامان بێنێ. لەسەر دابین کردنی مافی ڕەوای خۆمان سورین، سەرمان دەکەینە پردەبازی ئازادی و سەربەستی. کورد نیشانی دا بڕوا بەخۆبون و پیداگری لەسەر وەدەست هێنانەوەی مافە زەوت کراوەکان، لە خوێن و ڕەگی هەر تاکێکی کورد دایە بـە ژنـ و پیاو و گەورەو چوکیەوە ، بە دنیای ڕاگەیاند بەسە چیتر گاڵتە بەماف و گیانی گەلەکەمان مەکەن، چیتر بە دروشمی بێناوەرۆک خەڵک فریو مەدەن، ئەو ژیانە سەربەست و ئازادەی بە خۆتانی ڕەوا دەبینن لە ئێمەی کوردی حەرام مەکەن، چیتر بۆ ئاوەدانکردنی ماڵی خۆتان ماڵی کوردان وێران مەکەن. بە خوشک و برا کوردەکانی خۆشم دەڵێم: کاتی خۆ سازدانە بۆ بەرەنگاری پیلانەکان، لەو کونانەی جارێک نا چەند جار مار پێی وەیداون ئیتر دەستی تێڕۆ مەکەن. ئەو ڕاپرسیە گشتیە بە دوژمنانی گەلی کوت: بـاش بزانـن هەرچی چەک و چۆڵ و هێزی شەڕ و وێرانی و سوتاندن بوو بە دژی کورد بەکارتان هێنا بەڵام نەتان توانی و ناشتوانن کورد بە چۆکی دابێنن و وازی پێی لە داوا ڕەواکەی بێنن.

ئەو گشت پرسیە و یەکدەنگیە بەکوردە دۆڕاوەکانو هەلپەرستەکانو بەرژەوەند خوازەکانی کوت : نۆکەر هەرچەندی لە پاشخانی چەوری ئاغاکەی بخواو موچەو بەراتی زۆریش وەرگرێی ، هەرنۆکەرەو ڕۆژێک شەرتی دەپەڕێـو دەرکراوە . بـابـزانـن ژیـانی بـە نۆکەریو ژێر دەستی جگە لە سەرشۆڕیو لەدەستدانی کەرامەتو کەسایەتی بەرهەمێکی تری نیە .

ئێستا کە گەل سەر کەوتوە ژیرانەو ئازادانە چارەنوسی خۆی بە زۆرینەیەکی کەم وێنە دیاریو هەڵبژاردوە ، دەبێی بزانن دوژمنان چوار دەورەیان لێداوین ، دۆڕاوەکانی نـاو خۆشمان هەرهـەمـویان بـریندارن ، ئـاگرێکیان لـە هەناوی بـەر بـوە ، حەجمـینیان لێهەڵگیراوە، لـە هیچ کردەوەیەکی نـاجوامێرانـە و دوژمـنکارانـە و وەحشیانە دەست ناپارێزن ، بـۆیە گەل دەبێی ڕیـزە یەکگرتوەکانی پتەوتر بـکا ، چـۆن ڕاپـرسیەکەی بردەوە هەر بەو نەفەسەش تا قوناغی دوایی بیبا ، بەهێزتر لە پێشوو بەرەنگاری پیلانی دوژمنو نەیاران بێتەوە . گەل دەبێی ڕیگە نەدا هیچ حیزبو گروهو تاقمێک لـەژێـر ناوی ئازادیو بەگری لە مافی گەل دژی سەروەریەکانی گەل هـەڵـسو کەوت بـکا . حیزب ئامرازە بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەل ئەگەر نەیتوانی ئەو ئەرکە بەجێی بێنێو بەکەڵک نەهات دەبێی فڕێی دەیو یەکی بەکەڵکی لەجیگا دابنێی. مافو ئازادی گەل دەبێی لە پێشەوەی هەمو مافەکان بێی ، هەر کەس گەلی بوێی دەبێی ئامادەبێی خۆشی بەقوربان بکا. دڵنیا بن ئەگەر یەکدەنگو یەکگرتوو بین تاکە هێزی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبین ، کەئەو پێگەیەمان بـۆ خۆمـان مسۆگەر کرد ، دنیای دەرەوەش سەر دادەنوێنێو سڵاوی بـەڕێزەوەمان لێدەکاو ئـامادەیی خۆی بـەداوای لێبوردنەوە دەر دەبڕێی. ئەوانەی ئەوڕۆ نایانەوێی بەئاشکرا پشتیوانیمان بکەن ، بۆ دۆستایەتیو هاوکاریمان کێی بەرکێی دەکەن.

ئەو ڕاپرسیە گشتیە ئەوەشمان پێدەڵێی : بەسیە واز لە ململانەی نەرێنی بێنن ئامانجی گەلی کورد وەک خۆی ببیننو بەپێوەری ئەمو ئەویی هەڵمەسەنگێنن . بەچاوی خۆتان دیتتان یەگرتوویی تـوانی گەورەترینو هەستیارتـرینو مەتـرسیدارتـرین هـەنـگـاوی نەتەوەیی بە بێێ سڵکردنەوە لـە هەڕەشەو گوڕيشەی دوژمـنـان زۆر ئـازادانــەو دێمۆکڕاسیانە بە ئەنجام بگەێینێ ،ئەوە ئەرکی هەمو دڵسۆزانی کوردستانو کوردە ئـەو ڕاستیە دەرک بکەنو ئەوزنجیرە پۆڵایینەی دوژمنی پێدەبەسترێتەوە نەپسێنن، ئەوەی دنیا لێی تێنەگەیشتوە یان بەهەڵە تێیان گەیاندوە، بـە جوانی نیشانی بـدەنـوو دروست تێیبگەێـێـنـن. ئێستا کە بۆنیگەرانکردنو بێهیوا کردنی گەڵ بە پڕوپاگەندەی دوورلەڕاستیو هەڕەشـەو گوڕەشەی ترسنۆکانە لەکاناڵی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدرێی ورەتان دابەزێو سەر شۆڕکەنو واز لەداوا ڕەواکەتان بێنن ، بوێرانەو مەنتیقیو لێزانانە بـەرپـەرچیان بدەنەوە . هەمو ئەوانەی مەودای کوتنو نوسێنو بڵاو کردنەوەیان هەیـە بە مـەنتیقیو ژیرانەو چاو نەترسانە بەرەنگاریان بن نەک بە جنێوو فڕولاتاو بەرپەرچیان بدەنەوە.

کورد دەبێی جوان لەوە تێبگا کە تەنیا دۆستی ڕاستە قینەی هەر خۆیەتی . زۆرجاریش دیتوومانە کورد کوتەنی { تێکوشینی بەهیوای جیرانی هەر ویشکە } .هیوادارم ژیرانەو بوێرانە و لەسەرەخۆو هێمنانە ئەو کۆسپە دروستکراوانە لە سەر ڕێگە لادەین و ئەو ڕاستیە دیسانیش بسەلمێنین کە دەڵێین : کورد کوڕی ڕۆژی تەنگانانە . دەبێی بشزانین پاشگەز بونەوەمان مەرگی سێاسی و لە گوڕنانی ئاواتی گەلەکەمانە .

 

براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٣٠ / ٩ / ٢٠١٧

کاتالۆگ