بەداخەوە کەرکوک زۆر زوو فرۆشرا بە حەشدی شەعبی و ئێران و دڵی هەموو کوردێکی غەمبار کرد، ساڵە نەڵۆسی

لە دوای رێفراندۆمەوە، کورد هەر خەریکە خۆی لە کەرکوک قایم دەکا و هێزی تایبەت و خۆبەخش کۆدەکاتەوە.

بەلام بەداخەوە هەموو ئەو هێزەی باسی لێوە دەکرا بە ماوەیەکی کەم پاشەکشەی کرد و ئەم شارەی رادەستی حەشدی شەعبی کرد. مێدیاکان باس لە خەیانەت کردنی هێندەک بەرپرسی یەکیەتی وەک ( پاڤیل تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی و هێرۆ خێزانی مام جەلال) دەکەن. با بڵێن ئەمە وایە بەڵام ئای ئەم هەمووە خۆبەخشە و دەیان هێزی تر کە ئامادە بوون بە خوێنی خۆیان کەرکوک بپارێزن چیان لێ هات. بۆ کەرکوکیان نەکرد بە کوبانی و بۆ وا بە پەلە هەمووی پێش خەڵکەکە شاریان چۆل کرد.

ئێمە لە دەرەوەین و دوورین لە راستی و دروستی هەموو روداوەکە بەڵام ئەوەی لە مێدیاکانی روداو و کوردستان 24 و خەندان دەی بینین، شەڕیکی وا کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی دەکرد نەکراوە تا ئیستا.

هێزی پێشمەرگە زۆر لەوە بە تواناترە کە ئەوا بە هاسانی سەنگەر چۆل بکات و وەک خۆیان دەلێن کەرکوک دڵی کوردستانە، ئای بۆ بەرپرسانی سیاسی و نیزامی وا بە ئاسانی دڵی کوردستانیان دا بە حەشدی شەعبی و ئێران. بۆ هیچ شەڕی ماڵ بە ماڵ نەکراو و ئەوەی ئێمە دەیبینین هێزەکەی حەشدی شەعبی رادەکەشیان هێندە نەبووە کە بتوانێ لە بەرابەر هێزی پێشمەرگەدا خۆ رابگرێ، ئەگەر ئەوان سلاحی ئەمریکیان پێیە، خۆ پێشمەرگەش هەمان سلاحی پێیە.

ئەوە کە خەڵکی عادی هاوار دەکا کە کەرکوک فرۆشرا، دڵی هەموو کوردێک دەکاتە خوێن.

ئەم هێرشەی حەشدی شیعی بەردەوام دەبێ و ئەگەر هێزە کوردیەکان لە جیاتی هێرش کردنە سەر یەکتر، هێزەکانیان کۆ نەکەنەوە و دژی دوژمنی هاوبەش رانەوەستن، هەموویان زەرەد دەکەن و ئەم حکومەتە کوردیەی هەیە بۆ هەمیشە دەڕوخێ کە بەداخەوە بە هۆی یەک گرتنی ئێران و ئێراق و تورکیە زۆر نزیکە و دەیان ساڵی تریش ئەم خەونە نایەتەوە دی.

ئەم وڵاتانە لە مێژە خۆیان بۆ ئەم هێرشە ئامادە کردووە و کوردیش، نەک ئێستا، قەت دۆستی نەبووە و نیە.

هیوادارم کورد خۆی کۆ کاتەوە و بە یەک هێز دژی دوژمن راوەستن و ئەوە یەکیەتیە و ئەوە پارتیە و ئەوە دێمۆکڕاتە …… کاتی نیە و دوژمن هیچ جیاوازیمان بۆ دانانێ.

وێنە: دایكێکی خۆبەخش لە کەرکوک

چاوێک لەم هەواڵە بکەن کە بەداخەوە هەر بە ئاشکرا ئێران بەشدارە لە رێکەوتنەکە و پاسداری ئێرانی بەم زوانە لە هەولێر دەبینین، ئاخ لە کورد کە ئەم کەسانە دەیان پارێزن و بۆ ئەم ناوچانە دەیان رۆڵەی کورد کران بە قوربانی. قسەکەری هاوپەیمانانیش دەڵێ حەشدی شەعبی بەشدار نەبووە، بە ئاشکرا خۆیان لە گێلی دەدەن و وەک دەورانی ئوباما، مەیدانیان بۆ ئێران چۆل کردوە، ترامپیش هەر بە ئاشکرا وتی لایەنگری هیچ لا ناکەین. 

 

سبەینێ‌ جەلەولا رادەست دەكرێت و پێشمەرگە تەنها لە خانەقین دەمێنێتەوە

خەندان- سیروان حەسەن

پاش كۆبوونەوەی بەرپرسانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە سنوری خانەقین كە شاندێكی ئێرانیش ئامادەی بوون، رێكەوتوون لەسەر ئەوەی سبەینێ‌ جەلەولا رادەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بکرێتەوەو تەنها خانەقین وەكو خۆی دەمێنێتەوە و دۆخەكە دەگەرێتەوە دۆخی پێش هاتنی داعش. 

عەقید روكن نزار عەبدولرەحمان فەرماندە لە هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەی كوباشی بە خەندان-ی راگەیاند “كەمێك لەمەوبەر فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر “مەحمود سەنگاوی” لە گەڵ عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ژمارەیەك ئەفسەر لە گەڵ هادی عامری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە و شاندێكی ئێرانی كۆبونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا رێكکەوتن لە نێوان هەردوولاكرا. “

وتیشی، “بە پێی رێكەوتنەكە لە سبەینێوە جەلەولا لە لایەن هێزەكانی پیشمەرگەوە رادەستی پۆلیسی فریاكەوتنی جەلەولا و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەكرێت لە گەڵ ناچەكانی كوباشی و ناودومان و بارودۆخەكە دەگەرێننەوە پێش هاتنی داعش، بەمشێوەیە تەنها خانەقین لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەمێننەوە. “

عەقید روكن نزار باسی لەوەش کرد ئەوان ئەمشەو لە جەلەولا دەمێننەوە و لە سبەینێوە بە پێی رێكکەوتنەكە دەست دەكەن بە رادەستكردنەوەی ناوچەكە. 

پاش كەركووك و دوزخورماتوو، پاش نیوەرۆی ئەمرۆ لە سنووری شاری خانەقین، ناحیەی قەرەتەپەش كەوتە دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هاوكات بەرەو ناحیەی جەبارەش جوڵەیان كردووە.

….

عەسائیبی ئەهلی حەق سوپاسی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی دەکات

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە یەکێکە لە گروپەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ستایشی هەڵوێستی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات کە ڕەتیانکردەوە بچنە ژێر بەرژەوەندی جیاخوازەکانەوە.

بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە هێزە چەکدارەکانیان تۆماریانکردووە بۆ ڕزگارکردنی خاکی عێراق، ئەمڕۆش لەبەردەم سەرکەوتنێکی ترداین کە هیچی کەمتر نییە لەو سەرکەوتنانە چونکە پارێزگاریکردن بووە لە یەکپارچەیی عێراق.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژە بەوەکراوە، کە پیرۆزبایی لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکات بۆ ئەو تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنە مەزنە، کە هەیبەتی دەوڵەتی گێرایەوە.

هەروەها لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “نابێت لەبیرمان بچێت کە سوپاسی هەڵوێستی بەرپرسانەی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڵوێستی ئازایانەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین، کە بەرژەوەندی عێراق و کوردستانیان خستە پێش هەموو شتێکەوە، کاتێک رەتیانکردەوە ڕابکێشرێن بە دوای بەرژەوەندی جیاخواز تایبەت و خێزانیدا، کە خزمەت بە پرۆژەکانی ئیسرائیل دەکات و دەیانەوێت گەلی کورد و خواستنەکانی بۆ دابەشکردنی عێراق و ناوچەکە بەکاربهێنن”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق داوای لە لایەن و حزبە کوردستانییەکانی تر دەکات، هەڵوێستی بەرپرسیارانە بنووێنن و هەلەکە بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتیمان و پابەندبوونی خۆیان بە دەستور ڕابگەیەنن و جیاخوازەکان پەراوێز بخەن.

هەروها داوای هەماهەنگی کردووە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەژێرسایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای کەرکوک.

حەیدەر عەبادى، فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق و سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سورن لەسەر پاراستنى سەلامەتى خەڵکی کەرکوک و گەڕاندنەوەى ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی “داوا لە پێشمەرگە دەکەین ئەرکەکانى لەژێر فەرمانى حکومەتى ناوەندیدا جێبەجێبکات”.

 لە بەردەوامیى جموجوڵى هێزە عێراقییەکاندا، ئەمڕۆ ئەو هێزانە بەرەو کەرکوک پێشڕەوییان کرد و ناحیەى تازە، بەشێک لە دووزخومارتوو، بنکەى سەربازیى کەیوان و چەند شوێنێکى باشوورى شارى کەرکوکیان کۆنتڕۆڵکرد و تا ئێستاش زیاتر لە ١٠ پێشمەرگە شەهیدبوون و نزیکەى ٤٠ پێشمەرگەى تریش برینداربوون.

‌پەرلەمانتارێكی عێراق: بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری لەسەر ئەم خاڵانە ڕێككەوتوون، ئەم رێکەوتنە دەبێ چ حیسابێکی بۆ بکرێ، خەیانەت نیە؟ ئای ئەگەر کاک بافڵ لە ژێرەوە رێکەوتنی دەکرد، بۆ ئیزنی دا ئەم رۆڵانەی پارێزەری کەرکوک کە ئاگاداری کاک بافڵ نەبوون ببن بە قوربانی .

پەرلەمانتارێكی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق نۆ خاڵی وەكو رێككەوتنی نێوان بافڵ تاڵەبانی كوڕی گەورەی مام جەلال و هادی عامری سەركردەی حەشدی شەعبی بڵاوكردۆتەوە.

مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندووە، لە ماوەی رابردوو دوای پرۆسەی ریفراندۆم بە سەرپەرشتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێوانگێڕی قاسم سلێمانی، رێكەوتنێكی نۆ خاڵی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و هادی عامری ئیمزا كراوە كە چەند خاڵێك لە خۆ دەگرێت و لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی لەگۆڕنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ ماوەیەكی نادیار. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، خاڵەكانی ئەم رێككەوتنە لە بیرۆكەیەكی فەڕەنسییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو هەرێم بۆ ئەوەی كورد بیر لە مافی چارەی خۆنووسین نەكاتەوە لە ئایندەی نزیك.

مەسعود حەیدەر خاڵەكانی رێككەوتنەكەی بەم شێوەیە پۆلێن كردووە.

یەكەم: گەڕانەوەی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەكان و كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بە بێ شەڕ.

دووەم: تەسلیم كردنی 17 یەكەی ئیداری (قەزا و ناحیە و ناوەندی كركوك) بە دەسەڵاتی ئیتحادی كە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارەی دەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەكرێت ئەوا عێراق داوای 11 یەكەی ئیداری تریش دەكات كە پاش ٢٠٠٣ هەرێم ئیدارەی دەدات، كۆی گشتی دەبێتە ٢٨ یەكەی ئیداری.

سێیەم: ناوەندی كەركوك ئیدارەی هاوبەش دەبێت، ١٥ گەڕەكی كوردی لەلایەن كوردەوە ئیدارە دەدرێت و ٢٥ گەڕەكی دیكەی پێكهاتەكانی تر خۆیان ئیدارەی دەدەن و ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت.

چوارەم: جێگا ستراتیجییەكانی كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادی بەرێوە دەبرێت، مەعەسكەر كەیوان و فڕۆكەخانە و بیرە نەوتەكانی كەركوك.

پێنجەم: كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی.

شەشەم: پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی و كەركوك لەلایەن حكومەتی ئیتحادییەوە.

حەوتەم: پێدانی مووچەی پێشمەرگەی سنووری سلێمانی بەپێی لیستی ئامادەكراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی.

هەشتەم: دروستكردنی هەرێمی هەڵەبجە- سلێمانی- كەركوك.

نۆیەم: تەشكیلكردنی حكومەتێك بۆ ئەم هەرێمە نوێیە.

پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتوشیەتی “ئەم زانیارییانە لەو وەرەقە وەرگیراوە كە هەردوولا واژوویان كردووە، ئەوەی جێگەی تێبینییە بەڕێز عامری سەركردەی حەشدە و سیفەتی فەرمی نییە لە حكومەتی ئیتحادی”.

ئەمڕۆ 16ی تشرینی یەكەمی 2017، هێزە عیراقییەكان شاری كەركوكیان كۆنترۆڵكرد، دواتر ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، چونی هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەو ناوچانە بە رێككەوتن بووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حەیدەر عەبادی سەرۆك، وەزیرانی عیراق هێزە ئەمنییەكانی راسپارد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە پارێزگای كەركوك، راشیگەیاند، سورن لەسەر پاراستنی‌ سەلامەتی‌ خەڵكی كەركوك و گەڕاندنەوەی‌ ئاسایش بۆ ئەو شارە، وتیشی “داوا لە پێشمەرگە دەكەین ئەركەكانی‌ لەژێر فەرمانی‌ حكومەتی‌ ناوەندیدا جێبەجێبكات”.

لە بەردەوامیی‌ جموجوڵی‌ هێزە عیراقییەكاندا، ئەمڕۆ ئەو هێزانە بەرەو كەركوك پێشڕەوییان كرد و ناحیەی‌ تازە و بەشێك لە دوزخومارتو وبنكەی‌ سەربازیی‌ كەیوان و چەند شوێنێكی‌ باشوری‌ شاری‌ كەركوكیان كۆنتڕۆڵكرد و زیاتر لە 10 پێشمەرگە شەهیدبوون و 40ی دیكەش برینداربوون.

 

بەهۆی هێرشی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە دابڕاوەكان و كەركوك لە چەند ناوچەیەك هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشەیان كرد، ئێوارەی‌ ئەمڕۆش هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ گەیشتنە شاری‌ كەركوك و بینای‌ پارێزگایان كۆنتڕۆڵكرد و ئاڵای‌ كوردستانیان داگرت.   

…..

لێرەدا کاک مەسعود بە ئاشکرا باس لەوە دەکا هێندەک کەس خەیانەتیان کردوە و ناوی بەرپرسانی ئەم هێزەش ناهێنێ و زۆر درەنگیش ئەم پەیامەی دا، ئەم روداوە هەموو کوردستانیانی تاساند  !!!

 

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

رای گشتیی كوردستان و عێراق و جیهان

 

بەدرێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەژێر هەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەكانی پێشێل كراوە. لەو مێژووەدا گەلی كوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی كردووە و تووشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی هاتووە كە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر كوردستان و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كوردستان هەمیشە لە روانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوە و هیچ كاتێك شەڕمان نەویستووە، بەڵكو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوە و هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەییشتنمان بە ئامانجەكانمان. ئامانجی سەرەكیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەكانی گەلی كوردستان بووە.

 

هاووڵاتیانی خۆشەویست

 ئەوەی لە شاری كەركووك رووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان.

 

جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین.

 

ئێستایش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەینەوە و، داوایش لە دەزگەكانی راگەیاندن دەكەم بە گشتی لەروانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن.

 

گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، رۆژێك لە رۆژان بە فیڕۆناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین.

گەلی كوردستان بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەكانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە رەوا و پیرۆزەكانی. ئیمڕۆ ڕۆژی باوەڕبوونە بە هێز و یەكڕیزیی گەلەكەمان.

مسعود بارزانی

17ـی 10ـی 2017

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو