کوردبوون و ناسیۆنالیزم ،  بەشی حەڤدەیەم، هەڵۆ بەرزەنجەیی

ترایشکە دەڵێ: سروشت خێزان دروست و پەروەردە دەکات، دەوڵەتی رەسەنیش هەروەها گەلێکە، کە خاوەنی کاراکتەری خۆیەتی.

helo-berzenci-

دوای ئەوەی قۆناخ بە قۆناخ، شوێن پێی فەلسەفەی ئەڵمانی، ناوبراو بە تیۆرە عەقڵییەکەمان، لەسەر بیرۆکەی نەتەوە هەڵگرت، ئێستا لەم رێگەیەوە، وێنەیەکی دروست و تەواوی ئەو دیاردەیەمان. لە رێگەی تێگەیشتنێکی عەقڵی زانستییەوە، چنک کەوت. ئەمەش نیشانەی بایەخی گەورەی فەیلەسوفانی ئەڵمانە، بە درێژایی دوو سەدەی تەواو،کە زۆر ژیربێژانە بە دەوری ئەم مژارەدا مۆڵیان خواردووە و بیر و ئایدیای خۆیان تێدا خەست کردۆتەوە و بەشدارییەکی جددیان لە نەخشاندنیا کردووە.

نووسەر، بەر لە کۆتایی هاتنی ئەم بەشە، دەمانخاتە بەردەم بۆچوونێکی هەستیار و دەنووسێ:

” ئەوەی لەم سەردەمەدا ناونراوە نەتەوە،تاکەکانی تاکەکەسی ئاکاری نین و پەیڕەوی لەوە ناکەن کە لەناو عەقڵیاندا بە شێوەیەکی خۆڕسک بوونی هەیە و بە شێوەیەکی زۆر ریزپەڕ پەیڕەوی لەوە دەکەن کە لە دەرەوەی خۆیانەوە بۆیان هاتووە و لە ناویاندا وەک کولتورێک چێنراوە”(٢٤١)

پێڕەونەکردنی ئەوەی لە عەقڵدا هەیە،دیاردەی نامۆ دەنوێ و تاکەکانی نەتەوەش لەم سەردەمەدا، بە تاکە کەسی ئاکاری لە قەڵەم نادرێن،چونکە   پێڕەوی لە عەقڵی خۆیان ناکەن. لەسەر ئاستە کۆییەکەش وەک نەتەوە، پێڕەوی لەوە دەکەن، لە غەیری خۆیاندا هەیە و لە دەرەوە وەری دەگرن و بە نامۆیی بۆیان دێت. لەبارێکی ئاوهادا،ئا لەمەوەیە ئەو میللەتانەی وا رەفتار دەکەن، پێیان ناووترێت نەتەوە.

ـ تیۆری سروشتی و سروشت وەک بنەمای بوونی نەتەوە

نووسەر، لێرەدا بە کورتی بەسەر کارەکەیدا لەمەڕ تیۆرییە عەقڵییەکەی فەیلەسوفانی ئەڵمانیدا دەچێتەوە، گەرەکێتی لێرەوە بچێتە سەر تیۆرییەکی دیکەی گرنگ لەمەڕ بیرۆکەی نەتەوەوە، ئەویش تیۆرییە سروشتییەکەیە. تیۆری ئەو سروشت و دەوروبەر و ژینگەیەی کە میللەتێک تێیدا ژیان دەگوزەرێنێ. هاوسات پێی وایە رۆسۆ، بناخەدانەری ئەم تیۆرییە . بەڵام دەستەیەکی دیکە لەم سروشتخوازانە، ئەوانەن کە سروشت ئەو سروشتە کۆییەیە کە رەنگ و روو و زمان و کولتوری میللەتێک جیا دەکاتەوە لە میللەتێکی تر. واتە سروشتی مرۆڤەکان، نەک ژینگەکەیان. گۆستاف لۆبۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا باسی دەکات. شایانی ئاماژە پێدانە، کەوا د. عرفان زۆر ژیرانە، پەی بەم تیۆرییە بردووە. رەنگە پێشتر، هیچ لێکۆڵەرێک ئاوڕی لە کارەکانی لۆبۆن بەو مانا و ناوەڕۆکە نەدابێتەوە.

ـ ژینگەی سروشتی و پەیدابوونی نەتەوە

رۆسۆ ژینگەی سروشت دەکاتە بنەما بۆ لێکدانەوەی جیهانی مرۆیی. ئەم جیهانبینییە، پێی وایە، مرۆڤ چ رۆڵێکی لە مەیداندا نییە و هەرچی دەکات، لەژێر کاریگەرێتی ئەو ژینگەیەدایە، کە تێیدایە.

هەر وەک شاعیرێک هیچ نییە، جگە لەوەی لە بەرهەمەکانیدا، ڕەنگ بە دەوروبەرەکەی دەداتەوە. ئیدی تایبەتمەندێتی عەقڵ و هۆش و بەهرە و داهێنان لە مرۆڤ کەوڵ دەکەن و ئەم هەبووانە ناکەونە ناو هاوکێشەکەوە. لێرەدا کاریگەر سروشتە و کارلێکراو مرۆڤە. ئەمەش هیچ نییە،جگە لە زەلیلکردنی مرۆڤ و بەدەستەوسان دانانی مرۆڤ. رۆسۆ، لێرەدا قسە لەسەر دوو توخم دەکات. پێویستییەکانی بژێوی مرۆڤەکان، واتە پێویستیە دنیایی و مادییەکان، بۆخۆیان لەناو مرۆڤدان و ئەوی دیکەیان دەوروبەر یاخود ژینگە سروشتیەکەیە، ئەو پێداوستیانەی تێدا دەستەبەر دەبن.

هەڵبەت ئەم دوو توخمەش بۆ خۆیان سروشتین. بۆ ئەوەی نەتەوە لە مردن رزگاری بێت، دەبێت تاکەکانی بژێوی خۆیان لە سروشت وەرگرن.

“گەر بنەمای بیرکردنەوەی سروشتییانەی نەتەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەم بۆچوونەی رۆسۆ،ئەوە نەتەوە بەوە ئایدیاڵەکەی دەردەکەوێت کە خەڵکی چۆنایەتییەکانی پەیوەندییە نەتەوەییەکانیان و کولتورە پیشەیی و عادەتییەکان لە سروشتی ژینگەیانەوە وەرگرن و جگە لەو ژینگە سروشتییەی خۆشیان لە هیچ سەرچاوەیەکەوە هیچ چۆنایەتییەک یان ئایدیاڵێک ناهێننە ناو کولتوورەکەیانەوە،ئەمەش لەبەرئەوەیە کولتورەکەیان بە چۆنایەتییە بێگانەکان پوختیەتی خۆی لەدەست نەدات.  گەر کولتووری نەتەوەیەکیش وای لێهات لە پێداویستییەکانی بژێوی خۆی دابڕا،ئەوە دەرگاکەی واڵا دەبێت بۆ وەرگرتنی چۆنایەتی کولتوورە بێگانەکان و بەمەش زیندوویەتی خۆی لەدەست دەدات و پەیوەندییە نەتەوەییەکان لاواز دەبن نەتەوەکە بەرەو مردن دەڕوات”.٢٤٥

نووسەر ئەو بۆچوونە ڕەتدەکاتەوە، کە گەلێ لە لێکۆڵەران، دوو فەیلەسوفی ئەڵمانی هێردەر و فیختە، دەخەنە ئەم خانە هزرییەوە. لەراستیدا هێردەر سەرسام بووە، بە رۆسۆ. بەس کتومت بیرۆکەکانی وەرنەگرتووە. نووسەر، بیروڕای سمیس بە نموونە دێنێتەوە، بەدرێژی لەسەر ئەم لایەنە تێکەڵاوییە تیۆریی و فەیلەسوفەکان دەڕوات و باس لە بونیاتی جیاوازییان دەکات.

هاوکات باس لە خاڵێکی مەترسیدار دەکات،کە نابێت نەتەوە لە ڕەگوڕیشەی خۆی هەڵکەندرێ و لە سەرچاوەی ژیانی دوور بخرێتەوە نەتوانێ ئاو سەرچاوەکەی خۆی بخواتەوە.چونکە هەر نەتەوەیەک بەو تایبەتمەندیەی هەیەتی،کاتێ سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانێ پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات،کە وەک نەمامێک لەسەر ڕەگی خۆی هەڵسابێت.

فەرەنسییەکان بە نموونە بەو هەموو ئیمکانێتەی دامودەزگای هەمەچەشنەوە و دەوڵەتەوە هەیانە، دژ بە کولتوری ناسراو بە کۆکاکۆلا و ماکدۆناڵ،کە سیمبۆلی هەژموونی ئەمەریکایە،وەستاونەتەوە و چەندین دەزگا و دامەزراو و بڕیاری فەرمییان تەرخان کردووە،بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆیان و بەربەرەکانی کولتووری بێگانەی ئەمەریکی.

ـ سروشتی مرۆیی  بوون و  پەرەسەندنی نەتەوەکان

ئەم تێۆریە سروشتی مرۆییەی لۆبۆن، تیۆرییە عەقڵییەکەی هەرسێ فەیلەسوفەکەی ئەڵمان رەتدەکاتەوە،کە پێیان وایە، بنەمای عەقڵ هۆکاری پەرەسەندنی نەتەوەکانە. بەلای لۆبۆنەوە،ئەوەی لەناو مرۆڤدا سروشتییە،بنەمای بوونی نەتەوەکان و پەرەسەندنیانە.ئەوەشی لەناو بنەما سروشتییە مرۆییەکەدا، دەبێتە بنەما، میزاجی عەقڵییە. “میزاجی عەقڵی،ئەو ئایدیاڵەیە، کە هەموو پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی نەتەوە لە پێکهاتەی    نەتەوەدا رێک دەخات و حوکمیان دەکات،ئەوەش بووەتە هیولای بەرجەستەبوونی ئەو ئایدیاڵە، هەست و سۆز و سایکۆلۆجیەتی تاکەکانی ئەو نەتەوەیەیە.ئەوەش لەبەرئەنجامی شێوەگیربوونی ئەو ئایدیاڵە لە هیولاکەدا دەکەوێتەوە،واتە ئامانجەکە،خوڵک و خوێکە کە ئەو نەتەوە پێی جیا دەبێتەوە لە نەتەوەکانی تر”.(٢٤٧)

میزاجی عەقڵی لۆبۆن، وەک رۆحی نەتەوە لای هێگڵ ئایدیاڵێکی جەوهەری نییە. لەلایەکی دیکەوە، میزاجی عەقڵی توخمێک نییە، لە عەقڵدا بەدی بکرێ، بەڵکو دیاردەیەکە وەک بۆماوە و سروشتێکی مرۆڤە و بە دڵنیاییەوە لە هەڵبەز و دابەزدایە و مەرج نییە، عەقڵ هەردەم لەم تیۆریەدا جێگەی بێتەوە یاخود هەر نییەتی. بەڵکو بەردەوام میزاجی کەسی، پاڵەوانی ڕووداوی سەرشانۆیە. کەواتە جیاوازییەکی فرە مەزن، لە نێوان ئەم دوو بۆچوونەدا فرە هەیە.

ـ بۆماوە و رۆحی نەتەوە

“کۆمەڵە سیفەتێکی رەوشتی و عەقڵیین کە کار لەپەرەسەندنی نەتەوەکان دەکەن و لەپشت سیستەمەکان و هونەرەکان و بیروباوەڕەکان و کۆدەتا سیاسییەکانەوە پەنهانن.رۆحی نەتەوەش لە کۆی ئەو سیفەتانە پێک دێت”٢٥١

کورتەیەکی ئەم بیرکردنەوەی لۆبۆن لێرەدا دەخەینە بەرچاو، بریتییە لەوەی ئەم بیرکردنەوە لەسەر بنچینەی بۆماوە/ وراثی، دامەزراوە. لۆبۆن پێی وایە، رۆحی نەتەوە دەگوێزرێتەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک پاش خۆی، چونکە ئەوەی شاراوە نییە، هەر جەستەیەک یاخود تاکێک و کەسایەتییەک، لە خودی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێ تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆیەتی. ئەویش ئەمانەی لە باوانەوە بۆ ماوەتەوە، لەمیشەوە بۆ نەوەی پاش خۆی دەگوازرێتەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە، کەوا دوو جۆر بۆماوە هەیە. بۆماوەی جەستەیی و بۆماوەی سایکۆلۆجی. لۆبۆن لە تیۆرەکەیدا پشت بە بۆماوەی سایکۆلۆجی دەبەستێ. بۆماوەی جەستەیی، واتە لەئەسپ هەر ئەسپ و لە کەو هەر کەو و لە ماسی هەر ماسی دەکەوێتەوە. بۆماوەی سایکۆلۆجی، لە بواری مرۆڤیش دا، پشت بە ڕەنگی پێست و شێوە و قەبارەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤەکان دەبەستێ. لۆبۆن کۆمەڵێ ڕەخنەی لەسەر ئەم بیرکردنەوەیە هەیە. بۆچوونێکی تریش هەیە، جیاوازی نەتەوەکان و دابەشکردنیان لەسەر بنەمای جیاوازییەکانی زمان و ئاین و کۆمەڵگای سیاسی دەکات، لۆبۆن ئەم بنەما کولتورییەش بەڕاست نازانێ.

لۆبۆن باوەڕی بە کۆمەڵە سیفەتێکی رەوشتی و عەقڵی هەیە، وەک پێکهاتە باسیان دەکات، نەک وەک جەوهەر، بە تایبەت رۆحی نەتەوە. دیارە بۆماوەکانیش، بۆماوەی خێزانی و بۆماوەی میللەتین.

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو