چاوەڕوانی لە کێی ؟!، مەلا برایم مەجیدپوور

 ڕەوتی ڕوداوەکان، هەڵسوکەوتی خۆمان و جیهان، گشتیان دەرس و ئـەزمونن و دەبێی بە کردەوەش لێیان فێر بین. کاتێک ڕوداوێک، کارەساتێک ڕوو دەدەن

mela-braym-mejidpur-0

گەلێک، ناوچە و مەڵبەندێک خەمسار و خەمبار دەکەن، مەرگ و ماڵوێرانیەکی زۆر بە دوای خۆیاندا دێنن، لێقەڵماوەکان و زیان بەرکەوتوەکان ، چاوەڕوانی بەهاناوە هاتن و یارمەتیدانن. ئەو چاوەڕانیە لە دوو دەستە دەکرێی. (یەکەم) دەسەڵاتی حاکم بەسەر وڵاتدا و (دوهەم) خەمخۆران و دڵسۆزان و خێرخوازان. دەستەی یەکەم ئەرکی سەرشانیەتی دەبێ بە هەموو توانایەوە بـە هانایانەوە بچێ. لە وەها حاڵەتێدا مرۆڤە خەسار دیتوەکان، گەلێک وردو و قووڵ و هەستیارانە دەڕوانن و دەیانەوێ بزانن کێ دڵسۆزانە و بێ مەبەست یارمەتیان دەدا و کێش لەو بەهانا هاتنە ڕواڵەتیەدا مەبەستێکی تایبەت تاقیب دەکا. هەڵسوکەوتی حکومەت و فریاد ڕەسە خۆبەخشەکان بە ئەرێنی و نەرێنی هەڵدەسەنگێنن و لێکی دەدەنەوە و بێگومان کاریان تێدەکا .

لە کارەساتی دڵتەزێنی پارێزگای کرماشان و شارو دیهاتەکانی هەردوک دەستە هاتنە گۆڕەپانەکە بەناوی فریا کەوتن و یاریدەدان ، ڕواڵەتەکەشی هەر ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە.

دەستەی یەکەم : دامو دەزگاکانی حکومەتی و لەسەروەی هەمویان سەرکۆمار. ڕوحانی وەک خەسڵەتی ئـاخوندی بـڕێک قسەی چەورو شیرنی کردن و فرمێسکی حەرامی بۆ ڕژاندن، هاودەردی دەگەڵ کردن ، بەڵام چونکەنیازیکی تری هەبوو بەچاوێکیترەوە تەماشای خەڵکەکەی دەکرد، بەو بەڵێنیەی پێدان ، ناوەرۆکی تێڕوانینی خۆیانی دەرخستو نـەوتی بـە بڵێسەی ئـاگری جەرگ سوتان و ماڵوێرانیەکەی دا کردنو باری خەمانی قورستر کردن . ئەو سەرکۆمارە بەڕواڵەت دڵسۆزە و لە ناوەرۆکدا پڕ لە ڕقو قینە ، بەڵێنی دا مزگەوتو قوتانخانە کانیان بۆ چاک دەکاتەوە ، بۆ چاک کردنەوەی ماڵەکانیان و قەرەبوی زیانەکانیان بەخێرا خۆی قەرزیان دەداتێی . بەو بە ڵێنیە پێیکوتن ئێوە بەخۆمانە نازانین ، لەوەش زیاتر نایکەین و ناتوانین! سەیر کەن لە کام شوێنی دنیایە دیتراوە لە وێرانە مزگەوتو قوتابخانە ساز بکرێی ! شوێنێک کە وێرانە ئەوانە بۆکێن؟ ! بە پێی هەمو ئوسولێک لەپێشدا دەبێی ئاوەدانی هەبێی ئەنجا مزگەوتو مەدرەسە پێویست دەبێی . بەڕاستی ئەو شێوە بیرکردنـەوەو قەولو بەڵێنی ویارمەتیدانە هەر لە ڕوحانی دەوەشێتەوە ! قەرزەکەشی لـەنـاو ئـەو هەمو قوربانی و ماڵوێرانی و ڕۆژ ڕەشیەدا دەبێتە بـارێـکی قـورسو قەدەرعەیامێک ئەو بومە شومە یان ساڵ دەگەڵ ساڵێی لێ زیندو دەکاتەوە . ئەگەر بەبێی دەمارگرژیو لادان و بادان چاو لە بابەتەکەی بکەین دەبینین : ئەوەندە پاسدارو چەکدارەی ناردویەتی ئەگەر ئەوەندەی یارمەتی مادی ناردبایە زور زوو ئاسەواری ویرانی نەدەماو برینەکان بەرەبەرە ساڕێژ دەبون . پاسدار بۆ پاراستنی ئەمنیەتە بەڵام خۆ خراپکار ئەگەر هەبێ بۆ کوشتنو وێران کردنە، لەبەرچاوانە لەڕادەبەدەر بەدەستی سروشت کوژراوەو وێـرانـکراوە ئەوەی لیرەدا پێویستی حەیاتی هەیە جێو شوێن و نان و ئاوە.

ئەزمونی ژیانم پێمدەڵێی : فریو خواردن بەڕواڵەتی دڵسۆزانەی داگیرکەرانی کوردستان ، پشت بەستنو دڵنیابون بەقەولو بەڵێنیەکانیان هەڵە بوەو هەڵەشە ولەداهاتوشدا هەر هەڵە دەبێی. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسم : چاوەڕوانی لـەکێی؟! چاوەڕوانی هەرچەشنە ڕوحم و بەزەیی و چاکە یەک لـە دوژمن هەڵەیێکە قەباحەتی بـەدواوە دەبێی . بـۆچی لـەوە تێناگەن کۆماری ئیسلامی لـە بـەر یارمەتیدانی گروپە ترٶڕیستەکانی دەرەوەی وڵات وەک: حیزب أللە ،حوسیەکان، حەشدی شیعی و… فریای زەلزەلە لێدراوەکانی ناوخۆی ناکەوێی!!

دەستەی ( دوهەم ) نۆرەی گەلە . کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرۆشا ، هەستی برایەتی نەتەوەیی وەک شەپۆلی بـومەلەرزەکە هات بەڵام ئەو تـرسو ناهومێدی و بێی پشت و پەنایی ڕاماڵی. خەمـساردی و بێی موبالاتی و بەسوک چاو لێکردنی دەسەڵاتی حاکم و نـەیارانی کردە بـڵقی سەر ئـاوو نیشانی دا لەکاتی تەنگانەدا هەر برا لەلای برایە و لە لێقەڵماندا لە خۆمان زیاتر کەس بـە دڵسۆزیو خەمخۆری و بێی مەبەست بـەهانـامانەوە نـایە . شەپۆلی یـارمـەتیو فریاکەوتنی سەرجەم گەلەکەمان بـەڕادەیەک هەمەلایەنەو تـونـدو تـۆڵ بـوو، هەمو سنورێکی پەڕانـد ، تاڕادەیەک کە قوربانیشی پێش کێش کرد ، تـۆوی هیواو هومێدی لە دەرونی خەساردیتوان دا چاند ، دڵی شکاوو بـرینی هەناوی ساڕێژ کردنەوە، قورسایی ئەو بەڵا گەورەیەی بـۆ سوک کردن ، نـاڕەحەتی و دڵە خورپەی بێی فریادڕەسی لەبیر بردنەوە ،هیوا جێگای ناهومێدی گرتەوە. هیوا بـەدواڕۆژێـکی ڕوناکتر لە دەڵدا بـەهێزتر جێگەی خۆی کردەوە . لەوە خاترجەمی کردن کە لە کاتی لێقەڵاماندا تەنیا نین . گەل بەهەمو هێزیەوە لە گەڵیانە .

خوێنەرانی بەڕێز : بەچاوی خۆتان دیتتان لە کاتی تەنگانەدا یەکگرتویی چ دەورێکی خوڵقێنەری هەیە . بەروبوی یەکگرتن سەرکەوتنە ، کەرامەتی گەل بەرز کردنە ، زاڵبونە بەسەر دوژمنان و کەندو کۆسپەکانی ژیاندا ،پێناسەیەکی بەهێزی خۆ ناساندنە ، باری ئابوری بەهێزترکردنە. تەفرەقەو جیایی ، نەزانی یان خراپ تێگەیشتنو بەراوەژو تەعبیر کردنە ، دەمارگرژی و خۆ لە خەیاڵاتدا ون کردنە ، لە هەموی ئەوانەش خراپتر پەنابردن و باوەڕ بە دوژمن کردنە، خۆ سوک کردن و دوژمن بە خۆ خۆشکردنە ، با هەمو لایەک بزانن ژیان لە ژیردەستەیی دوژمندا نیشانەی بە سەر شۆڕی مردنە . مێژو نیشانی داوەمەرگ لەڕێی ئازادیدا شانازیەکی گەورەیە لە ڕاستیدا شەڕافەتو کەڕامەت پاراستنە. باهەمو کەس بزانێی ئێمە دوژمنی هیچ گەلو نەتەوەیەک نین ، ئەوەی زێدمانی داگیر کردوەو مافمانی خواردوە ئەو دوژمنە.

 ئاواتە خوازم دەرسی پێویست لەو ڕووداوە تاڵە وەرگرین بەجۆرێک بۆگەل تێبکۆشین کە بەسەر بەرزی بمرین .

براتان مەلابرایمی مەجید پور ٢٠ / ١١ / ٢٠١٧

کاتالۆگ