بۆ دەرباز بوون بە کورتی ۳، ئەلبورز ڕۆئین تەن

ساختار بەڕێوەبەری سەرکەوتوو بەرهەم دێنێت یا بەڕێوەبەری سەرکەوتوو ساختاری پێویست دروست دەکات!!!!؟

albors-rointan

ئەلبورز ڕۆئین تەن

پێم وایە وەڵامی ئەو پرسیارە باسێکی زانستیە، لە هەمان کاتیش دا بیرو ڕاکان لە سەری جیاوازن وەک کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوو نوخبەی سەرکەوتوو دروست دەکەن یا نوخبەکانی کۆمەڵگا ئاراستەی کۆمەڵگا بەرەو پێش کەوتن دەبەن.

بەڵام بۆ بارودۆخی ئێستا بە کەڵک وەرگرتن لەهەندێ نمونەی مێژووی بە دوای وەڵامێک دەگەڕێین ئەگەر وەڵامی تەواو و ڕاستی بابەتەکەش نەبێت لانی کەم چوارچێوەی دیتنی بابەتەکە فراوان  بکەین، چونکە دەبینین دەستەواژەکان دەبنە بنەمای بانگەشە بێ ئەوەی خاوەن ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند یا ڕوونکەرەوە بن. هەڵبژاردن لە سەر بنەمای دەستەواژە ناتوانێت بە تەنیا وەڵام دەرەوە بێت دەبێ سەیری ناوەڕۆکیش بکەین. واتە ئەو کاتەی دەڵێین ئەو ساختارە پەروەردە باشتر دەکات شی بکەینەوە چۆن یا ئەگەر دەڵێین ئەو ساختارە نادێموکراتیکە دەبێ شی بکەینەوە بۆ؟

بە دەست هەڵگرتن لە دەستەواژەکان و شی کردنەوەی چۆنیەتیەکان دەتوانین باشتر بە نەتیجە بگەین.

بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی پڕ سەروەری حیزب دەبینین، قەوارەی ژێکاف جیاوازە لە شوڕشەکانی پێش خۆی ئەویش بە هۆی هەبوونی توێژێکی ڕووناکبیر لەو پێکهاتەیە.

گۆڕانی ژێکاف بۆ حیزبی دێموکرات دوای هاتنی پێشەوای نەمر ڕوودەدات واتە بە حیزب بوونی ژێکاف لە ڕووی پێویستی سەردەم و کەسایەتی پێشەواوە توانی ببێتە سەرەتای گۆڕانکاریەکی تر.

دواتر ئەوە لە کۆنفڕانسی سێیەم دایە بە هۆی ڕێبەرایەتی شەهید دکتۆر قاسملوو بەرنامەو ئەساسنامەیەکی نوێ پەسند دەکرێت و قەوارەی حیزب دوای ساڵنێک کە ناڕوونی و شپرزەی پێوە دیار بوو ڕێک دەخرێتەوە.

لە کۆنگرەکانی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتر تا کاتی شەهید بوونی ڕێبەرانی حیزب، حیزب نوێبوونەوەو و فراوان بوون بە خۆیەوە دەبینێ بە جورێک کە بە دەیان هەزار کادرو پێشمەرگە لە شاخەکانی کوردستان خەبات و تێکۆشان دەکەن.

ئەو قەوارەی ئێستا چ لە ڕووی کاراکتەرە سیاسیەکان و چ لە ڕووی ساختار بە هەندێک گۆڕانکاریەوە بە جێ ماووی ساڵەکانی ڕێبەرانی شەهید دکتۆر قاسملوو و شەڕەفکەندیە.

 

بەو چاوخشاندنە خێرایە دەبینین ڕۆڵی بەڕێوەبەرانی سەرکەوتوو لە داهێنانی ساختاری پێویست دا جێگای سەرنجە هەر بۆیەش بە جورێک ڕێبەرانی سەرکەوتوون کە ساختاری پێویست بۆ بارودۆخی نوێ دادەهێنن.

لە هەمان کات دا نابێت لە بیر بکەین ساختاری نوێی سەرکەوتووش دەبێتە هۆی فراوان بوون و نوێبوونەوە.

لەو باوەڕەدام باردۆخی ئێستا پێویستیەکی بە هەر دوو جۆر هەیە واتە وێڕای هەندێ گۆڕانکاری و داهێنانی نوێ لە ساختار دا هەبوونی بەڕێوەبەرانی نوێ و نوێ بوونەوەو فراوان بوون پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە. چونکە داهێنانی ساختاری نوێ بە بەڕێوەەرانی ڕابردوو، یا هەبوونی بەڕێوەبەری نوێ بە ساختاری کۆن لایەکیان دەشلێ.

ئەگەر بەو چوارچێوەیە بەرەو گەنگەشەی بابەتەکانی ڕۆژەڤی ئێستمان بڕۆین دەتوانین بە هاوفکری و گفتوگۆیەک بە نەتیجەی پێویست بگەین. جیا لەوە ڕێگەیەکی ترمان لە بەر دەست نیە چونکە شۆڕشی ئێستای گەلەکەمان واتە ڕاسان وا دەخوازێ کە ئێمە لە هەموو بابەتەکانەوە خۆمان ئامادە بکەین.

چۆن پەروەردە و جێگیر کردنی پێشمەرگە زۆر گرنگە، خرۆشاندنی شاریش پێویستیەکی شۆڕشی ئێستایە.

چۆن گەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و فەلسەفەی خەباتمان بە خەڵک گرنگە، فراوان کردنی پێگەی تەشکیلاتیمان بە هەموو جورەکانیەوە پێویستیەکی تری شۆڕشی ئێستایە.

چۆن هەبوونی میکانیزیمی شەفاف و ڕوون بۆ یەکگرتنەوەو و یەکڕێزی و هاو خەباتی لایەنی کوردی زۆر گرنگە، پەیوەندی و گەیاندنی دەنگی شۆڕش بە دونیا پێویستیەکی تری شۆڕشە.

واتە سەرخستنی ڕاسان تەنیا کاتێک مسۆگەر دەبێت کە هەمووی ئەوانە هاوتەریب و هەماهەنگ لە گەڵ یەکتر بەرەو پێش بڕۆن ئەگەر نا ئەستەمە.

بۆ ئەوەی هەمووی ئەو فاکتەرانەش هاوتەریب و هەماهەنگ سەربکەون پێویستیمان بە نوێبوونەوە لە ساختار و بەڕێوەبەران بە شێوەیەکی ئەرێنی و لۆژیکی و کاریگەر هەیە.

لە هەمووی گرنگتر هەنگاوی سەرەتای بۆ ئەو بابەتە دیالۆگ و لێک تێگەیشتن و شی کردنەوەی ناوەڕۆکە نەک بۆ دژایەتی یەکتر کردنی یەکتر بە دوای دروشم و بیانوو گەڕان.

 

ئەلبورز ڕۆئین تەن

فارسی
کاتالۆگ