تێڕوانینێکی کورت، مەلا برایم مەجیدپوور

 پێش ئەوەی بچمە سەر مە بەستەکە قسەیەکی مامۆستا هەژار دەگێڕمەوە کە لە چێشتی مجیوردا باسی کەردوە دەڵێی : [ پیاوێکی شوان نسحەتی کوڕەکەی دەکرد و پێیکوت : چاکە بکە بەڵام هێندە چاک مەبە گورگ دەرفەتت لێی بێنێ . بەداخەوە زۆر جار قوت درام و زۆر گورگ تێم رۆهاتن.]

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

ئەو قسەیە ئەگەر بۆهەژار ڕاستە بۆ کورد گەلێک ڕاستترە. ئێمە زۆر گورگمان پاراستونو لەلای خۆمان ڕامان گرتون و پاشان دەدەلینگمان ڕۆهاتون . یەک لە نمونە بەرچاوو زیندوەکانی بڕۆ لە عیڕاق و باشوری کوردستان بیان بینەوە.

ئەمن تەحلیلگەری سیاسی نیم ، کوردێکم کە هەمو بەسەرهاتو ڕوداوەکان وەک کوردێک چاو لێدەکەم وهەڵیان دەسەنگێنم ڕاو بۆچونی خۆشمی لەسەردەردەبڕم. ئامانجی هەوەڵ و ئاخرم لە هەوڵ و تێکۆشانمدا وەدیهێنانی مافی نەتەوایەتیـو ڕزگاریو سەربەخۆیی کوردستان بوەو دەبێێ. بەستراوەی هیچ ئیدەو ئایینێک نەبوم و نابم ، چونکە داواکەم لەباری نەتەوەیی وئایینیشەوە بەڕەوا دەزانـم . بۆ ڕۆیشتن بەو ڕێبازەدا نەتوشی ناهومێدی هاتوم و نە سستی لە ئیـرادەم دا ڕویداوە. باوەڕم وایە دابین کردنی مافی نـەتـەوایەتی گەلەکەمـان ئـەرکـی نەتەوەییو ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی و لە پێشەوەی هەمو حەزو ویستو ئیدەو ئایینانە . دەشزانم هەڵکەوتەی جوغڕافی و دابەشکراوی کوردستان جۆرێکە کە لە خۆبردویی و فیداکاری پێشمەرگانەی دەوێو گەلێک پڕ کەندو کوسپ و قورسو نرخەکەشی زۆر گرانە . لەماوەی تێکۆشانم دەگەڵ حیزبێک کـارم کردوە کە پێموایە زۆربەی ئامانجەکانی منی لەبەرنامەدایە ، ئـەو بـاوەڕەشم لەوەڕا سەرچاوەی گرتوە کە ئاڵاهەڵگروگیانبازی ئەو ڕێبازە ( قازی پێشەوایە). لەباری هەستو سۆزی نەتەوەیی هەر سەرکەوتنێکی کورد لە هەر بەشێکی کوردستانی داگیر کراو خۆشحاڵم دەکاو لە دەست دا هەر دەرفەتو ڕودانی هەر هەڵەو خەتایەکیان ئازارم دەدا.

لە ڕوانگەی منەوە هۆی سەرەکی هەمو گیرو گرفتەکان و زەفەرهێانی داگئیر کەرانی کوردستان لە پلەی یەکەم دا ئیختیلاف وناکۆکی و دوبەرەکی و دەرس وەرنەگرتن لە و هەمو کەوتنو هەستانەوەی مێژومان و وەدوا خستن و بەکەم گرتنی مافی نەتەوایەتیو ، پێداگری لە سەر بەرژەوەندی حیزبی وتاکیو وەپپێش خستنی ئیدەو ئایینەکانن . جیا لەوەش لە جیاتی شەڕی ئازادی و سەربەخۆیی، پێش وەدیهاتنیان ململانەی پۆستو مەقام مانە. ئێمە یان لە مێژو تێناگەین یان خۆمان پێی لە مێژو زاناترەو وا بیردەکەینەوە هەڵە ناکەین وپشتگوێی دەخەین.

برواننە مەسەلەی ڕاپرسیەکەی باشوری کوردستان کە چۆن دنیای ڕاچڵەکاندو دۆستو دوژمنی پێمان ناساندو ئەگەر لێی تێبگەین ئەو ڕاستیەی سەلماند کە داگیر کەرانی کوردستان لە هیچ هەلو مەرجو شەرایتێکدا چاوی دیتنی ئازادیو سەربەخۆیی کوردستان و کوردیان نیە ، هەر بەچاوی ئاغا بۆ ژێر دەستەیی لە کورد دەڕوانن و لەوە زیاتر هـیچان بـۆ کورد نیە. بـۆ پـوچەڵ کردنەوەی بەرنامەی کورد پێبەندی هیچ قەولو بەڵێنیو یاساو ڕاسای ناودەولەتیش نین . ئەگەر ڕواڵەتیان دۆستانە بێی لە پشتەوە خەریکی داڕشتنی پیلانن بـۆ زەبر لێدان وڕاگرتنو ئەگەر بکرێی تێکدانی بەرنامەکان و لـەبـار بـردنی دەسکەوتەکانیان. پیلانی ئەوجاریان ڕوی ڕاستەقینەی بەئێمەو دنیاش نیشان دا و ئەوجار بەرنامەو گەڵاڵەکەیان گەلێک بەر بڵاوو مەترسیدارترە لە جاران. هەرچەند ڕواڵەتەکەی بڕێک هێور بۆتەوە، بەڵام بە هێزەوە لەجێی خۆی ماوەو چاوەڕوانی دەرفەتی گونجاوە .لە کەس شاراوە نیە ئەوجارهەمو داگیرکەرانی کوردستان بەهێزی نیزامی و لەژێر یەک فەرماندەیی دا بەئاشکرا هێرشیان هێنا و پێشەکیش هۆرەی خۆماڵیان کڕیبون. جـیا لەوەش ئەمـریکاو ئوروپا شیان بەتەواوی هەڵخەڵەتاندو بەخەیاڵێکی خاووهیوایەکی چاو چنۆکانە ، ناڕاستەوخۆ کردیاننە شەریکی دزو ڕەفیقی قافڵە . لە ڕوداوەکەی داگیر کردنەوەی نیوەی زیاتری باشوری کوردستان بە کەرکوکەوە دووشتی لێدەرکەوت کەلێک جیان.

(١ ) ئوروپاو ئەو ئەمریکا وەک دیتمان کە لەو گەلە کۆمەگیەی دژی کورد دا بە بێی دەنگی خۆیان بەشدار بـونـو لەو قومـارە مەتـرسیدارەدا دۆڕاوی ئەسڵی جیا لە کورد ئەوانن و ئیران کە بەماکەی سەرەکی ئاژاوەو شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەزانن براوەیە ، خۆ ئەگەر گەڵاڵەکە وەک داڕژاوە دابەزێندرێی دژی ئەمریکاو ئوروپاشەو هەمو بەرنامەکانیان لێی پـوچەڵ دەکاتەوە و بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسی جیدیەوە . هـۆی ئـەو هەڵـە گەورەی ئەمریکاو ئوروپا، ئەو خەیاڵە بەتاڵە و فریو خواردنی نەزانانە ئـەوە بوو کە گۆتیان [ شیر داو بـۆداپیردا داپیر کلکە قوڵەم وێدا ] واتە فرۆشتنی کوردستان پێش پەرداختی ئەوە بوو کە لـە هـەڵبژاردنی عێراق دا( عیبادی) بیباتەوە و لەوان نیزیک و لەئێران دور دەکەوێتەوە !! دەزانن ئەو دنیایـە بـۆ وا ئاڵۆزە ، چونکە ئەوزلهێزانە ئاوا بیر دەکەنەوە ، خەڵکی کورد دەفرۆشن بەقەرزی سەر خەرمانێ ، ئەدی ئەگەر گەنمەکە دەری هـاویـشت ؟! ئـەوانـە نازانن تائێستاش عێڕاق ئەگەر نەش بوبێتە بەشێک لە ئێران ،ئەوە ئێرانە کە تەنیا بـڕیاردەری گۆرەپانەکەیە. هـەر بـۆیەش عیبادی ڕاپرسی ڕەد دەکاتـەوە چونکە لە ئایینی ویلایەت دا وەلی ، ئیمام و ڕێبەر بـەتـەنێ دەتوانـێی دەنـگی گەل ڕەد کاتەوە، ئەوە فەرمانی ڕێبەرە و عیمادی بەڕێوەی دەبا . بـەڵام زۆرینەی گەلی کورد سونیەو لە سونەشدا وەڵی جێگای نیەو بڕیارەکەی بێی ئیعتیبارە.

( ٢) ئەو ڕێبەرە کوردانەی دەور گێڕی خەیانەتەکە بون و نیوەی کوردستانی باشوریان دوای ڕاپرسیەکە فرۆشتەوە ناکرێی بڵێن هەڵە یان خەتایان کرد، بۆیە کوتمان خەیانەت چونکە کردەوەی هەر حیزبو لایەن و کەسایەتیوهەرچی ناوی لێدەنێن ئەگر زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەێنێو دژی ڕای گەل بێی خەیانەتـە ، وەک دژایـەتی حیزبـێک ، کەسێک ، لایەنـێـک حیساب نـاکرێی . ڕاپرسیەکە گەڵ دەنگی پێدا و بوو بەبەڵگەیەکی مێژویی و چـوە نـاو ڕێـزی ڕوداوەکانی گەلان، بەڵام تاقمێک پێشی گرتو زەربەی لـێدا . ئـەوەی کە ئێستا دەیکەنە بەڵگە و دەڵێن مادەی ( ١٤٠ ) بۆ مەگەر دوایین قۆناغی ئەو مادەیە گەلە کۆمەگی داگیر کەران بوو یان وەرگرتنی دەنگی گەل ؟! لەو ماوە درێژەدا دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە هەر فرسەتێکدا کە بۆی ڕەخساوە ، بۆ لەبار بردنی دەسکەوتەکانی کورد لـە هیچ فرتو فێڵێک درێغی نەکردوەو بەهەمو هێزیەوە تێکوشاوە و هەرکەسیش بڕوای پێکردبێی هەڵخەلەتاوو دۆڕاوە . ئێستا کە بە پشتیوانی ئـێرانـو تورکیەو بەهەڵە بردنی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی سەرکەوتنی کاتی و ڕواڵەتی بەدەست هێناوە دەڵێی :[ مانگا مـردو دۆ بـڕا !] بـەڵام بـەدڵنیایەوە دەڵـێـم : لـە نـیهایەت دا کورد سەردەکەوێو نەمانگا مردوەو نەدۆش بڕاوە ، چونکە خاوەنی مانگا کە گەلی کوردە و نە مردوەو هەرماوە، هەرچەند بەهۆی هەڵەکانی خۆشی زۆر مانگای مردونو دۆی کەم بوە، بەڵام هەرگیز نەبڕاوە.

هیوادارم هیوا بڕاو نەبین .بڕوای پتەومان بە ڕەوایی مافەکانمان هـەبێی و ئاوڕێکی ژیرانەو بـوێـرانە لە هەڵەکانی ڕابـردو بـدەیـنەوەو هـەم دەرسیان لیوەرگرین و هەم ڕێگای دوپات بونەوەیان نەدەینەوە ، ئەوجارەشیان لە جاران باشتر هەڵدەستینەوە.

 

 براتان مەلابرایمی مەجید پور ٢٧ /١٢ / ٢٠١٧

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو