منداڵان و بووکە بە بارانە.. رەزا شوان

(بووکـە بە بارانـە) یەکێک لەو نەریتە دێرین و رەسەنە کوردییانەمان، کە مێژووی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمساڵ دەگەڕێتەوە، مایەی شادی و دڵخۆشیشە، کە تا ئەمڕۆش ئەم نەریتەمان بە نەمری ماوەتەوە،

بەڵام بە هۆی وێرانکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان و، ئابڵوقەدانی زۆربەی گوندەکان و شارۆچکەکانی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان، لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرستەوە، تا ئەمڕۆش زیاتر لە نیوەی ژمارەی گوندە وێرانکراوەکانی باشووری کوردستان ئاوەدان نەبوونەتەوە. تا ئێستاش داگیرکەران دژایەتی هەموو داب و نەریتێکی رەسەنی کوردیمان دەکەن.. لە هەندێ ناوچەی کوردستان دا، بووکە بە بارانە وەکو جاران ناکرێت و خەریکە ئەم نەریتەمان بەرەو کاڵبوونەوە بچێت. رێوڕەسمی بووکە بە بارانە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دا، بۆ هەمان مەبەست و بە هەمان شێوە بەڕێوەدەبرێت.

جاران منداڵان و گەورەکان پێکەوە بووکە بە بارانەیان دەکرد، بە زۆریش لە گوندەکان و کەمتریش لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەدەبرا.. بەڵام لە ئەمڕۆدا بووکە بە بارانە تایبەت بووە بە منداڵانەوە، گەورەکان (کۆسە) دەکەن کە هەر لە هاوشێوەی بووکە بە بارانەیە بە کەمێک جیاوازییەوە.. هەروەها (نوێـژە بـارانە)ی بە کۆمەڵیش دەرکرێت.. نوێژە بارانە دیاردەیەکی تازەیە و کەوڵێکی ئاینی بە خۆوە پێچاوە.. بەڵام نە کۆسە و نە نوێژە بارانە، نەیان توانیوە و ناتوانن جێی بووکە بە بارانەی منداڵان بگرنەوە یا ئەو رەسەنایەتی و خۆشییەیان هەبێت.

بێگومان باران بارین مایەی خێروبێر و فەڕ و هات و بوژانەوەیەی زەوییە، مـژدەی خۆشی و شادییە، ئاو زۆر دەبێت و دەغڵ و دان و باخ و بێستان پاراودەبن، لەوەڕ و گژوگیا زۆر دەبن. باران هیوا و بەختەوەری و شادی و گەشی و خۆشی بە جووتیاران دەبەخشێت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان، بەروبوومی دەغڵ و دان و دانەوێڵە و بەری باخ و بێستان و ئاژەڵەکانیانە.. سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویش ئاوی باران و بەفرە.. زۆر ساڵ بە هۆی کەم بارین و وشکە ساڵییەوە.. ئاو کەمی کردووە، دەغڵ و دان بێ بەرهەم بوونە و، ئاوی کانی و بیر و جۆگە و خڕ و چەمەکان وشکیان کردووە، گیا و گۆڵ و لەوەڕ و کەم بوونە و زوو وشکبوونەتەوە.. بەشێک لە گوندنشینەکانمان ناچار بوونە کە بە ماڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیانەوە بەرەو کوێستانەکانی کوردستان رەوبکەن و بە دوای ئاو و لەوەڕدا بگەڕێن.. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ درووستکردبوون.

بووکە بە بارانە.. نەریتێکی کۆنی کوردانە.. هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یا کاتی پەڵە بەسەربچێت و ترسی وشکە ساڵی هەبێت. منداڵان و مێردمنداڵانی کـوڕان و کچـانی کورد لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە هەندێ لە گەڕەکەکانی شارەکانی کوردستان دا، لە ناوەڕاستی وەرزی پایـز، یا لە سەرەتای بەهاردا، بووکە بە بارانە دەکەن. بە گۆرانی و یاری و چەپڵەلێدان و بەزم، ئەم ریوڕەسمە کوردەوارییە، بە شێوەیەکی خۆش بەڕێوە دەبەن.. منداڵان نزا دەکەن و لە خوا دەپاڕێنەوە کە بەزەیی بە فەقیر و بە هەژاران و بە جووتیاران دا بێتەوە، بارانیان بۆ ببارێنێت و دڵیان خۆش بکات و هیوایان ببوژێنێتەوە و نیگەرانیان بڕەوێنێتەوە و گرانی روویان لێنەکات.

هەر لە دێر زەمانەوە، رێوڕەسمی (بووکـە بە بارانـە) بە زۆری لە لایەن منداڵانەوە بەڕێوەبراوە، چونکە منداڵان هێمای دڵپاکی و بێگوناهی و بێتاوانین، خۆشەویستی خوان.. بە بڕوای خەڵکیش، خوا دڵی منداڵان ناشکێنێت و نزا و پاڕانەوەکانیان قبووڵ دەکات و باران دەبارێنێت.

بۆیەش ناوی لێنراوە (بووکە بە بارانە) چونکە بووک هێمای جوانی و قەدەمخێری و پیرۆزییە.. هێمای خۆشی و شادییە.. زۆر جاریش وا رێکەوتووە کە لە کاتی بووک گواستنەوەدا، لە پایز یا لە بەهاردا، باران باریوە. خەڵکەش وتوویان بووکێکی پێ بە  خێرە.. مەبەست لە بووکە بە بارانە ئەوەبووە، کە سەرنجی ئاسمان بە لای زەویی تینوودا رابکێشن. ئاویش هەموو شتێک پاک دەکاتەوە، هەر بەو نیازەوە ئاویان بە سەر بووکە بە بارانەدا کردووە، گوایە خەڵکی بە زۆری گوناهبارن، بڕوایان وایە کە بەو ئاوکردنە بەسەر بووکە بە بارانەکەدا، لە گوناهەکانیان پاک دەبنەوە.. لەوانەیە ئاسمان بەزەیی پیان دا بێتەوە و باران ببارێنێت.. لە کورتە باسێکی وادا نامانەوێت لەرووی لۆژیکی و ئەفسانەییەوە، رای خۆمان لەم بارەیەوە بخەینە روو.

چۆنییەتی دروستکردنی بووکە بە بارانە، منداڵان بە هاوکاری گەورەکان، لە دارێکی درێژ یان لە قامیش، لە شێوەی (خـاچ) و لە سیمای بووک دا (بووکەڵەیەک) دورست دەکەن، جلی کچانەی کوردی رەنگاوڕەنگی لەبەردەکەن و بووک ئاسایی زۆر جـوان دەیڕازێننەوە.. ئینجا منداڵێکی چوست و چالاک و رەند، کچ بێت یا کوڕ، بووکەڵەکە بەرز دەکاتەوە و پێشی منداڵەکانی تر دەکەوێت و دەکەونە رێ، هەموویان پێکەوە بە یاری و بە چەپڵەلیدان و بە ئاوازەوە، گۆرانی (بووکە بە بارانە) دەڵێن.. کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن.. کە بچنە بەر دەرگای هەر ماڵێک، کابانی ماڵەکە، لە بەردەم دەرگاوە یا لەسەر بانەوە، گۆزەیەک یا جەوەنەیەک یا کاسەیەکی پڕ لە ئاو بەسەر (بووکەڵەکە ـ بووکە بارانەکە) دا دەکات، بە نیازی هاتنەدی مرازی خەڵکیش دەرزییەک لە بووکەڵەکە دەدات.. ئینجا شتێک لە پارە، مێوژ، گوێز، خورما، نوقڵ، نیسک، ساوەر، بە منداڵەکان دەدات. لە دوای گەڕانی ماڵەکان.. منداڵەکان دەچنە ماڵێ یەکێکیان و شتەکان لە نێوان خۆیان دا بەش دەکەن.. زۆر جاریش کابانی ئەو ماڵە نیسک و ساوەرەکەیان بۆ لێدەنێت و منداڵەکان پێکەوە دەیخۆن.

ئەو بەستە و گۆرانییە فۆلکلۆرییانەی کە منداڵان لە دوای بووکەڵەکە بە بارانەکەوە، بە کۆمەڵی و بە ئاوازەوە دەیڵێنەوە.. بە زۆری تایبەتن بە بارانەوە، بریتین لە نـزا و لە پاڕانەوە لە خوا بۆ ئەوەی باران بۆ فەقیر و بۆ هەژاران ببارێنێت.. ئەمانە چەند نموونەیەکن لەو گۆرانییانەی کە منداڵان بە ئاواز و بە یاری و گۆرانییەوە دەیانڵێنەوە:

(هەیـاران و مەیـاران) من کە منداڵ بووم.. ماڵمان لە دێیەکی نزیک شاری کەرکوک بوو.. لە سەرەتای پایزدا، گەر هەور بوایە و ئاسمان خوناوی(نەرمە باران)ی بکردایە، منداڵانی دێیەکەمان کۆدەبووینەوە.. هەردوو باڵمان راست دەکردەوە و بە دەوری خۆمان دا دەسووڕاینەوە.. بە کۆمەڵی لەگەڵ یاری دا ئەم کۆپلەیە گۆرانییەمان دەوت:

هەیـــــاران و مەیـــــاران
یاخـــوا ببــــاری بـــــاران
بۆ فـەقــیر و هـــــەژاران
ئەمسـاڵ ببــارێ بـــــاران

لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، هەمان کۆپلە بە کەمێک گۆڕانەوە:

هەنــــــاران و مەنـــــاران
یاخـــوا داکــــاتە بـــــاران
بۆ فـەقــیر و هــــــەژاران
یاخــوا بـــــاران ببـــــارێ
بۆ سەر قوڕینەی بەهارێ

(بووکە بە بارانێ) ئەم گۆرانییە فۆلکلۆرییە، بە زۆری منداڵان بە کۆمەڵ و بە ئاواز و بە یارییەوە، بە دوای بووکەڵەی (بووکە بە بارانە) ەوە دەیڵێنەوە:

بووکـــــە بە بـــــارانێ
ئـــاوی بن دەغــــڵانێ
سەعــــاتی جـــــارانێ

لە هەندێ ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان، گۆرانی (بووکە بە بارانی) بەم شێوەیەیە:

بووکــــــــە بــــــــارانێ
بوکــــــــــە بــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ
یا شـــای هـــــــەزاران
داکـــــــاتە بــــــــــاران
بۆ فەقـیر و هـــەژاران
گەنــم هیـچی نەمــــاوە
هەمـووی پرووشـــقاوە
بووکـــــــە بـــــــــارانێ
بووکــــــە بــــــــــارانێ
یاخـــــــــوا ببـــــــــارێ

لە دەڤەری (بادینان) یش لە باشووری کوردستان، ساڵی جارێک یا دوو جار، لە وەرزی پایز و بەهـاردا، بە هەمان شێوەی ناوچەکانی تری کوردستان، لە زۆربەی گوندەکان و شارۆچکەکان دا، منداڵانی كچان و کوڕانی بارانخـواز (بویـکا بـارانێ) دەکەن.. ئەمەی خوارەوەش، گۆرانییەکە کە لە پەرتوکی (ئـەدەبێ زارۆکــا) وە وەرم گرتووە، لە لێکۆڵینەوەی (محەمەد عەبدوڵا ئامـێدی) یە کە لە (٢٠٠٥) دا لە سلێمانی چاپکراوە:

بویــــــکا بـــــــــاران دەڤــێ
دەخلەکێ ئـــــــەرزان دەڤــێ
تەرزانيـــــا ســـــالان دەڤــێ
* * * * * * * * * * * *
بویــــــکا مــە خــێلی خــێلی
نادەینــــە حـەســــەن گـــێلی
دێ دەیــــــنە ئـامـــــــێدی یـا
دێ دانــــە سـەر کـورسی یـا
دێ پــێ دادەن شــەمـسی یـا
بـژمـــــێرن عـەبــــــاسـی یـا
* * * * * * * * * * * *
بویــکا مـە یـا ل ئەڤــــرازی
یا دکــە تـە گــــازی گــــازی
چەنگە کـێ رزقـی دخــــازی
* * * * * * * * * * * *
بویــــکا مەیـــا ل مەگـــــلانا
یا دکـەلـــــوژیت کــــــــەزانا
خــــودی بـــدەت بـــــــــارانا
 

هونەرمەندی کوردمان مامۆستا (سەلاح محەمەد کۆیی) کە لە لای منداڵان کوردمان بە (مام عـەوڵا) ناسراوە.. یەکەم هونەرمەندی گۆرانبیژی کوردە کە بە گۆرانی ئەم نەریتە کوردەوارییەی بەرز راگرت و بە نەوەی نوێی ئاشنا کرد.. مامۆستا سەلاح محەمەد بە بەشداری کچۆلەیەکی چاوگەشی دەنگخۆش و کۆمەڵە منداڵێکی جوانی کچان و کوڕان بە جلی جوانی کوردییەوە، گۆرانی (بووکە بە بارانە)ی لە کلیپێکی رەنگاوڕەنگ دا بۆ (تەلەفزیۆنی کوردستان) تۆمارکرد. مام عەوڵا بێجگە لەم گۆرانییە.. چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری خۆشی تریشی بۆ منداڵان تۆمار کردوون، لەوانەش (هەلـور بلـور) شایەنی ئەوپەڕی دەستخۆشییە.. ئەمەش گۆرانی (بووکە بە بارانە) کەی (مام عەوڵا) یە:

هەیـــــــاران و مەیــــــــاران
یا خــوا داکـــــاتە بــــــــاران
بـۆ فەقـــــیر و هـــــــەژاران
قەومی حەسەن و حوسـێنان
هەمووی قڕبوون لە توینیان
* * * * * * * * * * * * *
خوایـــە بـــــاران ببـــــــارێ
لـــە لادێ و لــە شـــــــــارێ
لە ســـبەینـێ تا ئێــــــــوارێ
بـە لــیزمە بێــتە خــــــوارێ
* * * * * * * * * * * *
بووکـــــــــە بـە بـــــــــارانێ
ئـــــــاوی بـــن دەغـــــــڵانێ
سەعـــــــــاتـی جـــــــــارانێ
لە دێـــــــــريـن زەمــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووکــــی نــــاو باغـــــــــانە
چەنـــد خــــــان و مـــــــــانە
لـە گـــــــــەورە مــــــــــاڵانە
لـە دێـــــــرین زەمــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
بووکــە چـۆتە سەر کەپــرێ
لێــــــــــدەدا دەف تـەپــــــڵێ
لـە کەسیش ناکــا شـــەرمێ
لـە دێــــــرین زەمــــــــــانێ
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی مـن چـی دەوێ
مێـــوژی عەمـــارانی دەوێ
شەکـری لە شـــارانی دەوێ
دیــــــاری منـــــداڵانی دەوێ
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی لە نــــاو رەزی
بـــای لێــدەدا و دەلــــەرزي
فــــــڕدەکـا ئـــاڤی تــــــەزی
بە جــوانــیەکەی دەنـــــازی
* * * * * * * * * * * *
شەمـوولەی مـن چـی دەوێ
مێـــوژی عەمـــارانی دەوێ
شەکـری لـە شــارانی دەوێ
دیـــــاری منـــــداڵانی دەوێ
* * * * * * * * * * * *

ساڵی پار (٢٠١٧) لە شاری (کامـیاران) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ساوایانی سێ باخچەی ئەم شارەوە. بە شێوەیەکی رێک و جوان، رێورەسمی (بووکە بە بارانە) یان بەڕێوەبرد. بە گەرمی ئافەرین و دەستخۆشی لە دادە دڵسۆزەکان لە منداڵە جوان و چاوگەشەکانی ئەم سێ باخچەیە دەکەین، کە ئەم نەریتەیان بە منداڵانی ئەمڕۆمان ئاشنا کرد، تا بیزانن و لە یادیان بمێنێت.

هەر ساڵی پار هونەرمەندی کوردمان کاک (ئـاریان رەزایی) کە لە دایکبووی شاری سەقزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندکاری بەشی سینەمایە لە زانکۆی تاران. بە هاوکاری خاتوو (میـنا سەهبانی) بە شانۆگەری (بووکە بە بارانە) لە فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان دا لە شاری (تـاران) بەشدارییان کرد.. جێی سەرنج و دڵخۆشی و دەستخۆشی بینەران بوو. بووکە بە بارانە، یەکێکیش بوو لەو شانۆیانەی کە خەڵات کران.. هەر ئەم شانۆیە لە چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دا نمایش کرا، بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی بینەران، بە تایبەتیش منداڵان.

لە هەشتەمین فیستیڤاڵی (ژیـار) دا بۆ فـیلم و بۆ وێنەی کێشراوی منداڵان، لە شاری (سـنە) ی رۆژهەڵاتی کوردستان چەند فیلمێک و چەندین تابلۆی وێنە نمایش کران. یەکێک لەو فیلمانە، فیلمی (بووکە بارانە)ە بوو، لە ئامادەکردن و دەرهێنانی (شەمسیا ناسری) و (تەیموور قـادری) یەکێکیش بوو لە فیلمە خەڵاتکراوەکانی ئەم فیستیڤاڵە..

پەرتوکێکیش بە ناوی (بویکا بارانێ.. یاریێن کوردەوەرای) کە کاک (محەمەد حەسەن بنـاڤی) بە زاری کرمانجی باکوور نووسیوێتی و لە (٢٠٠٢) دا لە هەولێر چاپکراوە. حەزمان دەکرد بۆ دەوڵەمەنکردنی ئەم باسە ئەم پەرتووکەشمان بخوێندایەتەوە.. بەڵام تا ئەمڕۆ چاومان بەم پەرتوکە نەکەوتووە.

خۆزگە و هـیوای ئەوەش دەخـوازم کە، دادەکانی باخچەکانی ساوایان، لە باشووری کوردستان دا، ئەوانیش ئەم نەریتە کوردییەمان بەرز و زیندوو رابگرن، منداڵانی باخچەکانیان، لە رێی نمایشی شانۆییەوە بە (بووکە بە بارانە) ئاشنابکەن.

(باران) پانتاییەکی باشی گرتۆتەوە لە ئەدەبی کوردی و لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی و لە هۆنراوەکانی هەندێ لەو شاعیرانەش کە بۆ منـداڵان هۆنراوە دەنووسن.. یەکێک لەوانەش کەڵە شاعیری گەلەکەمان کاک (لەتیف هەڵمەت)ه، لە راستیش دا کاک لەتیف هەڵمەت لە هۆنراوەیەک زیاتری لەسەر باران هەیە و، لە چەند هۆنـراوەیەکیش دا بە جوانی و ئاسانی باسی لە سوودەکانی باران بۆ منداڵان کردوون.. لە (دیوانی منداڵان)ی کاک لەتیف هەڵمەت.. بۆ ئاماژەپێدان، ئەمە کۆپلەی یەکەمی هۆنراوەی (بـاران) ی کاک هەڵمەتە، کە سێ کۆپلەیە، شایەنی باسیشە لە لایەن هونەرمەندێکی پیاوی سویدییەوە، هەر بە زمانی کوردی (بـاران)ەکەی کاک هەڵمەت بە گۆرانییەوە دەیڵێـتەوە:

(بـــاران)

بـارانە… بـارانە
بـاران هـاوڕێی گشتمانە
دایـکم دەڵێ:
هەرچـەن بـاران ببـارێ
لەگـەڵ هەموو نمەیەکدا
گوڵێکی جـوان
دێتـە خـــوارێ
لە ئاســــمان..

بووکە بە بارانە، لە لایەن گەلێک لە گەلانی تریش دەکرێت، بۆ نموونە گەلی ئەمازیغی کە لە باکووری ئەفریقادا دەژین، بە زۆریش لە وڵاتانی مەغریب و جەزایر و تونس دا، ئەوانیش بە هەمان شێوەی کورد، ئەمازیغییەکان بووکەڵەی (بووکە بە بارانە) کە پێي دەڵێن (یالغـونجا) بە واتا کەوچکی گەورە دارین، لە قامیشی گەڵا سەوز دروستی دەکەن و جلی ژنانەی لەبەردەکەن و کەوگیرێکی داری گەورەش بە سەریەوە دەبەستن، ژن و منداڵان دوای بووکە بە بارانەکە دەکەون.. بووکە بە بارانە کونترین و باوترین نەریتی ئەمازیغییەکانە، هەر لەمانیشەوە عەرەبەکانی باکووری ئەفـریقا ئەم داب و نەریتەیان وەرگرتوون و بەڕێوەی دەبەن.. میژووی سەرهەڵـدانی نەریتی بووکـە بارانەیانەی ئەمـازیغی، بە چیرۆکێکی ئەوینداری ئەفسانەییەوە گرێ دراوە. چیرۆکی ئەوینی خوای باران لەگەڵ کچێکی زۆر جوانی ئەمازیغی (تەسـلێت و ئونـزار) کە پەیوەندی بە باران بارین یا نەبارینەوە هەیە.. هیوادارم لە دەرفەتێک دا باس لەم چیرۆکە ئەفسانەییەی ئەمازیغییەکان، بۆ خوێنەرانی کوردمان بکەین.

دووبارەش هیـوای ئەوە دەخوازم ـ باران ببارێت یا نەبارێت ـ هانی منداڵانی کوردمان بدەین، کە لە گوندەکان و شارۆچکەکان و لە باخچەکانی ساوایان لە کوردستان دا، لە وەرزی پایز و لە سەرەتای بەهاردا، ساڵانە رێوڕەسمی (بووکە بەبارانە) بەڕێوەبەرن و نەهێڵن ئەم نەریتە کوردەوارییەمان کاڵبێتەوە.

نەرویـج: ١/١/ ٢٠١٨

کاتالۆگ