رایەک لەسەر کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، حەسەن ماوەرانی

پاش سالەها داواخوازی دۆست و لایەنگر و ڕووناکبیران لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامی کارتێکەریی ڕابوونەکانی یەکدەستی جەماوەری لە دژی کۆماری پەت و سیدارە لە ڕۆژهەڵات بە خۆشیەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بەڵام ناتەواو لە لایەن ڕیکخراوەکانی، کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان، حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و ڕیکخراوەی خەبات هەڵهێندرا.

 ئەو هەنگاوە ئەرێنیە، چون  تەنانەت یەکگرتنەوەی ئەو چەندلایەنەش هەر بە قازانجی  نەتەوەی کوردە. ناتەواوە، چون بە بیانووی پڕ و پووچ چەند لایەن بەشداریان نەکردوە و یان ڕیگەی بەشداریکردنیان نەداونێ. ئەوەش دەبێتە لایەنی نەرێنێ کە ئێستاش و لەداهاتووشدا زیانی بۆ بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات زیاترە لەوەیکە  شرۆڤەی لەسەر دەکەن.

هەروەها عەیبێکی بەرچاوی ئەو دانیشتنە، هەوای  دەسەڵاتداری پیاوساڵاریی لە حیزبەکاندابوو. لەکاتێکدا پتر لە نیوەی کۆمەڵانی  کوردی رۆژهەڵات ژنانن و بە سەدان ژنی روناکبیر و خوێندەوار لە ناو حیزبەکوردستانیەکان و کەسایەتیە سەربەخۆکاندا هەیە، بەداخەوە ڕیکخراوەیەکی ئیسلامی  تاقە ژنی کوردی وەک نوێنەر بەشدار کردبوو. کۆمەڵەکان و دێمۆکراتەکان سەرڕای هەبوونی کادری پێشکەوتووی  بەرچاو لە نێو ژناندا، ئەو کارەیان نەکردبوو.  ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەشی بەرچاوی خەباتکارانن کە بە خێشکەیی ناکرێ چاویان لێ بنوقێنن و دەرگایان لەسەرداخەن.

هاودەنگی و هاوکاری ویستی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵات، یەکێتی ریزەکانی کورد و بەشداریی لە داهاتووی ئێرانی بەرەو تێکچوون بەیەک دەنگیی کورد، ئەرکی نیشتمانیە نەک ویستی حیزبی و بەشێک لە ئەرکی حیزبی.

لەڕاستیدا بە  لەبەر چاونەگرتنی خەبات، ئەو یەکگرتنەوە وەک  یەکگرتنەوەی فیفتی فیفتی باشور دەچێ. چما؟ چون  نە دێمۆکراتەکان جیاوازیی بنەڕەتیی فیکری و بیروباوەڕی و مێژووییان هەیە و نە کۆمەڵەکان. واتا یەگرتنەوەکە کۆمەڵە و دێمۆکراتە و بەشداری ڕیکخراوەیەکی پچوکی وەک خەبات، ئەگەرچی باشە، بەڵام کارتێکەریەکی  زۆری نابێ.

لەدەرەوەی بازنەی ئەو یەکگرتنەوەیدا، چەند لایەنی  سیاسی  بە کردەوە لە گۆڕەپانی خەباتدا هەن کە بریتین لە :

       کۆمەڵە رێکخراوی هەریمی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،

ئەو ڕیکخراوە کە لەڕاستیدا تێکۆشانەکەی هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەوێنی حیزبەکەیە و ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ناوی زل و دێی وێرانە، بە هۆی راوبۆچوونی خۆیان کە بەشێکی بەڕای من دروستە و بەشەکەی دیکەی بیانوویە کە بەشداریی خەبات دەکەنە بیانوو، ئامادە نەبوو بەشداری بکا و لەسەر تەلەویزیۆنەکەیان بەڕێز رەحمانی  بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە هیچ بڕیارێکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی داهاتوودا نەداوە.

       پژاک، ڕیکخراوی  هاودەنگی پارتی کرێکارانی کوردستانی باکورە،

ئەو ڕیکخراوە بە بڕوای  بەشێک لە سەرکردایەتی کۆمەڵە و دێمۆکرات بە کلکەی پ.ک.ک دادەنرێ و ئەوان ئامادە نین کە هاوپەیمانیی لەگەڵ بکەن. ئەوەش دیسان دەگەڕێتەوە لایەنی پاوانخوازی.

لەوانەیە کەسانێک بڵێن کە پژاک سەر بە پ.ک.ک.ایە. بەڵی ڕاستە. بەڵام هەم کوردستانیە و هەم ڕێکخراوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. تەنانەت حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش خۆی بە حیزبێکی کوردستانی دانانێ. بەڵام بانگ دەکرێ. بانگکردنەکەشی دروستە چون  تەنیا لە کوردستان  بە حیساب دێ.  بەڵام پژاک کە ئێوە بە لقی پ.ک.ک ا ی دەزانن نابێ بەشدار بێ؟!!!

دەڵێن کە پ.ک.ک پێوەندیی لە گەڵ ئێران و هیلالی شیعە هەیە. ئەوەش تا رادەیەک ڕاستە! بەڵام  حیزبەکانی کوردستانی لەسەریەک پێشینەی پێوەندیان بە داگیرکەرانی کوردستانەوە هەبووە. جیاوازی نێوانیان چەشنی پێوەندییەکەیان بووە. لەو بارەشەوە هەنگاوی ژێرانە ڕاکێشانی پژاکە بۆ بەرەیەکی نیشتمانی. ئەوەش دەتوانێ بەنۆرەی خۆی  ببێتە  هۆی دووری کردنی پ.ک.ک اش لە ئێران.

ئێمە چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ ڕێکخراوەی پژاک هەیە و کار دەکا و خاوەنی ئەندام و لایەنگری چالاکی خۆی و هێزی چەکداری خۆیەتی. ئایا هاوکاری نەکردن لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان، ئەو ڕێکخراوە بەرەوە لەپێشگرتنی تەکرەوی و هژێمۆنیخوازی هان نادا؟ ئایا ئەوە گەرا خستنی چەشنێک دووبەرەکی کە لەداهاتوودا ببێتە هۆی پێکهەڵپڕژان لە نێوان کوردی رۆژهەڵاتدا نییە؟

لەتوێی دەخاڵی ڕاگەیەندراودا، چێکردنی ناوەندێکی بڕیاردان پەسند کراوە. سروشتیە کە بوونی پژاک و هەر ڕیکخراوەیەک لەو بەرەدا، پێڕەوی کردن لەو ناوەندەی بەسەردا فەرز دەکا. ئەوەش رێگری لە تەکرەوی و پێکهەڵپڕژانی کورد لە داهاتوودا دەکا. هەروەها قسە لە پێکهێنانی پارلمانی کورد لە دەروەی وڵات دەکرێ. ئایا دەکرێ چەند لایەن بەتەنێ پارلمانێک بۆ کورد پێک بهێنن و ئەویتر بەشداریی نەبێ؟

       پاک، پارتی ئازادی کوردستان یەکی دیکەیە لە لایەنەکانی بەشدار نەبوو.

ئەو پارتەش وەک پژاک لە پێوەندی  پتەو لەگەڵ پارتی دێمۆکراتی کوردستان لە باشوردایە. دیارە کەس  باسی نەکردوون و لە قسەکردنیشدا بە فەرامۆشیان سپاردوە. بەڵام ئەوانیش حیزبێکن بە پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگری خۆیانەوە و تەنانەت فەرامۆش کردنیان، هەڵەیەکی ئاشکرایە.

       چوارەم لەبەرچاو نەگرتنی دەوری کەسایەتیەکانی  کورد،

هەموومان دەزانین کە بەشێکی بەرفراوانی چالاکانی کورد کە لە پێشودا سەر بە حیزبەکان بوون و ئێستا وەک ڕووناکبیری سەربەخۆ چالاکی دەکەن. بە خۆشیەوە  بەشێکی بەرچاوی کارناس و ڕووناکبیرانی کوردیش پێکدێنن کە لە هەموو ڕووداوەکان و چاڵاکیەکان دەوریان هەبووە. بەڵام لە پێکهێنانی ئەو بەرەیەدا هێچ باسێکیان لەسەر نییە.

لەو دە خاڵە ڕاگەیەندراوە کە کراوەتە پڵاتفۆرم،بەجێهێنانی بەشی زۆریان بەبێ بەشداریی ئەو بەشە لە کەسایەتیەکانی کورد، هەر ئەوەی لێ دێتەدەرێ کە لە مێدیا فەرمیەکانی ئەو حیزبانە بڵاو دەکرێتەوە. بە تایبەت دروست کردنی پارلمانی کوردی ڕۆژهەڵات و مێدیای یەکگرتوو و دانانی یاسایەک بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات و تەنانەت دیاریکردنی بەرنامەیەکی هاوبەشیش بەبەشداری ئەو کەسانە دەوڵەمەندتر دەبێ و بە ڕێک و پێکی دەگونجێ.

       لایەنێکی دیکەی گرینگ بەشداریی ڕیکخراوەکانی سیاسی و کولتوری ژنانی ڕۆژهەڵاتە لە دەرەوەی وڵات. بەبەشداریی ئەو ڕێکخراوانە  هەم باری پیاوسالاری  کەمڕەنگ دەکرێ و هەم بواری کەڵک وەرگرتن لە بیری نوێ دەگونجێ.

 

ئەوانە  چەند نوکتەیەکن کە بە ڕای من دەبێ ئەو بەڕێزانە کە سەرکردەی حیزبەکانن بیانخەنە بەرچاو و بە یەک دوو ڕستە بەسەریاندا تێنەپەڕن.  با هەرلە ئێستاڕا شتێک بەرپا بکرێ کە بناخەی پتەوی هەبێ و لە نەخۆشیەکانی داهاتووی  بزوتنەوەی کورد بمان پارێزێ.

حەسەن ماوەرانی

2018/01/11

 ……………..

بابەتی پەیوەندی دار

کوردستان و کورد: کۆبوونه‌وه‌ی 5 حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

 

 

5 حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ باس و بیروڕاگۆڕینەوە لەبارەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران و تاوتوێکردنی ئەرکەکانیان لە ڕاستای پشتیوانی لە ناڕەزایه‌تدەربڕینی سەرانسەریی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەمە، 19ی به‌فرانبار له‌ بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەبەشداریی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو؛ دوای هەڵسەنگاندنی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم خۆپێشاندانانە و هەوڵەکانی ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەره‌وڕووبوونەوەیان، لایەنەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی خۆیان لە پەیامەکانی خۆپێشاندانانەکان و ئەرکی خۆیان بەرامبەریان خستە ڕوو:

پوختەی پەیام و دەرکەوتەکانی ئەم خۆپێشاندانانە لە ڕوانگەی بەشدارانەوە بریتی بوو لە:

١- خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٣٩٦ی خەڵکی ئێران کە زیاتر لە ٢٥ پارێزگە و ١٠٠ شاری ناوچە جیاوازەکانی ئێرانیان گرتەوە، جگە لەوەی لە ڕووی جۆگرافیایی، ماوەی درێژە کێشانەکەیان و بەشداریی توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک جیاوازییەکی تەواویان لەگەڵ نارەزایەتیدەربڕینەکانی ساڵانی پێشوو هەبوو، لە ڕووی ئامانجی نارەزایەتییەکانیشەوە، چوونەتە ئاستێکی بەرزتر و لە جیاتی باڵێکی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامییان لە تەواوەتیی خۆیدا کردۆەتە ئامانج.

٢- لەگەڵ ئەوەی پاڵنەری سەرەکیی خەڵک بۆ هاتنە سەرشەقام، بارودۆخی خراپی ئابووری و کارەساتاوی بوونی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک بوو، بەڵام بەو هۆیەوە کە ناهومێدی لە ڕێژیمی کۆماری ئیئسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکاندا کۆمەڵی ئێرانی داگرتوە، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دیکتاتۆری و گەندەڵی و سەرکوت، دروشمی سیاسیی مردن بۆ دیکتاتۆر‌ و ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەی ولاتیان هەڵگرتوە و، ڕای دەگەیەنن کە چی دیکە تەحەممولی ئەم سیستەمە تاقیکراوە ناکەن.

٣- سەرەڕای جۆراوجۆریی خەڵکی ئێران و بوونی نەتەوە و ئایین وپێکهاتەی جیاواز لەم وڵاتەدا، گەلانی ئێران لە خەبات دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و تێکۆشان بۆ هێنانە سەرکاری سیستەمێکی ئازاد و دێموکراتیک کە وڵامدەری داوا لەمێژینەکان و دابینکەری ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بێ، هاودەنگ و پشتیوانی یەکترن و لە ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجە سەرەکییەیان ئامادەن بەرەوڕووی دامودەزگا و هێزە سەرکوتکەرەکان ببنەوە و قوربانیی بۆ بدەن.

٤- یەکێک لە لاوازییەکانی ئەم خۆپێشاندانانە بێبەری بوون لە ڕێبەری لە نێوخۆی وڵاتدا و، بێبەشبوون لە پشتیوانیی یەکگرتووانە و هەماهەنگی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵاتە. ئەمەش وای کردوە سەرەڕای هەبوونی زەمینەی لە بار بۆ پشتیوانیی زیاتری خەڵک لە نێوخۆ لە نارەزایەتیدەربڕینەکان و هاوپێوەندیی دنیای دەرەوەی لەگەڵ خەڵکی داواکاری ئازادی و دیموکراسی لە ئێران، بەو جۆرەی پێویستە سوود لە زەرفییەتەکان وەرنەگیرێ.

٥- پێوەنددانی ئەم خۆپێشاندانانە بە وڵاتانی دەرەوە لە لایەن ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە هێنانە مەیدانی سەرجەم هێز و دەزگا سەرکوتکەرەکان بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و لە پاڵ ئەمانەشدا هێنانە سەرشەقامی دەست وپێوەندەکانی ڕێژیم و بەزۆرپەلکێشکردنی قوتابیان و کارمەندان بۆ بەشداری لە ڕێپێوان بە لایەنگری کۆماری ئیسلامی، ئەو پەڕی زەبوونی و ترس و داماویی ئەو ڕێژیمە دەگەیەنێ.

لایەنەکانی بەشدار لە پێوەندی لە گەڵ ئەرکەکانیشیان بەرامبەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، پێیان لە سەر کۆمەڵیک خال داگرت. ئەوان هەر لەو کاتەدا کە بە ڕێز و پێزانینەوە هاتنەمەیدان وقوربانیدانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیان لە پێناوی ویست و مافە ڕەواکانیاندا هەڵسەنگاند، لەسەر پێویستیی پشتیوانیی چین و توێژە جیاوازەکانی گەلانی ئێران لەم بزووتنەوەیە و بەردەوامراگرتنی ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوەی خۆپێشاندان و مانگرتن و هەر شێوەیەکی مومکینی دیکە تەئکیدیان کردەوە. ئەو پێنج حیزب و ڕێکخراوە خۆیان بە ئەرکدار زانی کە کار بکەن بۆ پێکهێنانی هاوکارییەکی جیددیتر لە نیوان هێز و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی بەو جۆرەی لێیان چاوەڕوان دەکرێ لە سەر بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، کاریگەریی پێویستیان هەبێ، هەروەها ڕێخۆشکەر بن هەم بۆ لێک گرێدان و هاوکاریی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی نارەزایەتی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و سەرانسەری ئێران، هەم بۆ ڕاکێشانی هەرچی زیاتری پشتیوانیی بیروڕای گشتی و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی دنیا بۆ لای ئەو خەباتە ڕەوایە کە لە ئێران بە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی لە گۆڕێ دایە.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە بە سەرنجدان بە نیاز و بەرنامەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و گرتن و ئازار و ئەشکەنجە و سزادانی چالاکان و ڕێکخەرانی ئەو ناڕەزایەتییانە، هەوڵ و هاوکاریی هەموو لایەنەی چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، میدیاکان و هێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانیان بە مەبەستی بەرگری لە گیانی گیراوە سیاسییەکان و ئازادیی بەندییە سیاسییەکان بە پێویست زانی.

هەر٥ حیزب و ڕێکخراوی بەشدار لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەمڕۆی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، تەئکیدیان لە سەر کۆبوونەوە و دانیشتنی حیزبەکان بۆ ئالوگۆڕی بیروڕا لە بارەی پرسە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردەوە و بەرعۆدە بوون بە مەبەستی هەرچی بەرهەمداربوونی کۆبوونەوەکان و هاوکاریی چەند لایەنە، بە ڕاوێژ وهاوفکریی لایەنە پێوەندیدارەکان، کار لە سەر میکانیزمێکی گونجاو بۆ هاوکاریی بەرین و کاریگەر لەگەڵ یەکتر بکەن.

 

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو