یەک ساڵەی کۆچی دوایی کەسایەتیی پڕ خزمەت کاک فەتاح کاویان، قادر وریا

ساڵێک لەمەوبەر ئێوارە درەنگانی ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی بەفرانبار(١٨ی ژانویەی ٢٠١٧)، کەسایەتیی پڕ خزمەت و تێکۆشەری دێرین و ناودار، کاک فەتاح کاویان،

نەمر فەتاح کاویان

لە تەمەنی هەشتا ساڵی و لە شوێنی ژیان و تێکۆشانی خۆی لە قەڵای دیموکرات لە نزیک شاری کۆیە، دڵی لە لێدان وەستا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە خۆشەویستان، هاوخەباتان و هاوسەنگەرانی کرد.

کاک فەتاح کاویان، ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی (1936زایینی)  لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواو کرد. بە هۆی بارودۆخی بنەماڵەیی و گیرسانەوە لە شاری سنە، چەند ساڵیک لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنی لەو شارە تێپەڕاند. لە پۆلی چوارەمی ناوەندی لەگەڵ دایکی لە سنەوە گەڕانەوە بۆ مەهاباد و دوای تەواو کردنی پۆلی پێنجەمی زانستی، وەک مامۆستای وەرزش لە شاری مەهاباد دامەزرا. ساڵی١٣٣٧(١٩٥٨) بوو بە ئەندامی شانەی نهێنیی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان. دوای دوو ساڵ تێکۆشانی نهێنی لە هێرشی ساواک بۆ سەر تەشکیلاتی حیزب دا گیرا و ڕەوانەی تاران کرا. لە تاران دوای محاکمەیەکی ڕواڵەتی لە گەڵ ٣٤ هاوڕێی دیکەی کە خەڵکی ناوچەی مەهاباد بوون، ڕەوانەی زیندانی “قەسر” کران. لە زیندان دەستی بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی کرد. بۆ خۆی لە بارەی ئەم قۆناغە لە ژیانی خۆی نووسیوێتی: “توانیم تا ڕادەیەکی باش ئەو زمانە فێر بم. بەشی بەندییە سیاسییەکان دوو کتێبخانەی بچووکی لێ بوون کە بێجگە لە کتێبی مارکسیستی، هەموو چەشنە کتێبێکی لێ دەست دەکەوت. کتێبە مارکسیستییەکانیش بە دزی هەبوون. لە ماوەی مانەوەم لەو بەندیخانەیە دا، بێجگە لە فێربوونی زمانی ئینگلیسی، بەشێکی بەرچاوم لە نووسراوەکانی  نووسەرانی وەک باڵزاک، جەک لەندەن، مارک تواین، داستایوسکی،نتۆلێستۆی، ئێرنێست هەمینگوای و یەک دوو کتێب لە ماکسیم گورکیم(بە دزی) بە زمانی فارسی خوێندنەوە. دەورەی زیندانمان لە گەڵ  سەرهەڵدانەوەی بەرەی نیشتمانی(جبهە ملی) لە ئێران و دانرانی  عەلی ئەمینی بە سەرۆک وەزیران هاوکات بوو و وا وێ دەچوو ڕێژیمی شا دەیهەویست هێندێک ڕێفۆرم بکا. بۆیە دوای ماوەیەک، لە سەرەتای بەهاری ١٣٤١(١٩٦٢)دا ژمارەیەکی زۆر لە بەندییە کوردەکانیش، بێجگەلە چەند کەسێک هەموو ئازاد کراین.”

کاک فەتاح دوای ئازاد بوون لە زیندان، دیپلۆمی وەرگرت و چووە زانستگەی تاران و لیسانسی زمانی ئینگلیزیی وەرگرت و بۆ ماوەی ١٢ ساڵان(تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی) لە دامەزراوەی نەتەوەیی زمان(مؤسسە ملی زبان) وه‌ک مامۆستاو بەڕێوەبەری وانەوتنەوە کاری کرد. دواتر بە ماڵ و منداڵەوە گەڕایەوە مەهاباد.

فەتاح کاویان بە هۆی خۆشناوی، رابردووپاکی و تواناکانی، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی شایەتی، پۆستی شارەداریی شاری مەهابادی گرتە ئەستۆ بەڵام دواتر لە ژێر گوشار و کارشکێنیی ساواک دا ناچار بوو لەم پۆستە بکشێتەوە. ساڵی ١٣٥٧ لە وەڕێخستنی خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهاباددا چالاکانە ڕۆڵی گێرا و کاتێکیش خەباتی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، تێکەڵ بە کاروتێکۆشانی حیزبەکەی بۆوە.

بەم جۆرە کاک فەتاح لە زستانی ١٣٥٧ەوە جارێکی دیکە چارەنووسی خۆی لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان گرێ دایەوە و هەتا ئێوارەی ٢٩ی به‌فرانباری١٣٩٥ بە هەموو توانای خۆیەوە لە خزمەت حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دا بوو.

فەتاحی کاویان بە هۆی بڕینی پلەکانی بەرزی خوێندن، شارەزایی بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی‌، هەروەها توانای ئەدەبی و لێهاتوویی لە نووسین‌و وەرگێڕان دا، هەر زۆر زوو بوو بە هاوکار و یاریدەدەرێکی بە نرخ بۆ ڕێبەریی حیزب. ساڵی ١٣٥٨ بەرپرسایەتیی کۆمیسیۆنی بازرەسیی(لێکۆڵینەوە)ی حیزبی پێ سپێردرا و ئەم بەرپرسایەتییەی شانبەشانی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو ئەرکی ڕۆژانەی دیکەی حیزبی، هەتا ساڵی ١٣٦٠ بەڕێوە برد. لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و، لە کۆمیتەی ناوەندییش دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزب، ئەرکی گرتە ئەستۆ. کاک فەتاح لە کۆنگرەی پێنجی حیزبەوە هەتا کۆنگرەی١٣، بەردەوام یەکێک لە هەڵبژێراوانی کۆنگرەکانی حیزب بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی بووە و بەتایبەتی لە کۆمیسیۆنەکانی ڕاگەیاندن و سکرتاریای حیزب، ئەرک و بەرپرسایەتیی بەڕێوە بردوە. ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دیموکرات لە زۆر قۆناغ دا، جێ پەنجەی ئەو مرۆڤە فازڵ و فەرزانەیەی پێوە دیارە. ئەو، هەر لەو کاتە دا کە بە زانیاری و بەهرە و تواناکانی خۆی لە بواری نووسین و ئەدەبیات و وەرگێڕان‌دا خزمەتی بە نرخی بە حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەکەی دەکرد، بۆ هاوکارەکانیشی مامۆستاو فێرگەیەک بووو بەرە بەرە پێی دەگەیاندن.

سەرەڕای سەرقاڵبوونی بە ئەرک و بەرپرسایەتیی حیزبییەوە، بەردەوام بەشێک لە کاتی خۆی بۆ کارکردن لە یەک یا چەند لە مەجالەکانی وەرزش، فەرهەنگنووسی، وەرگێڕانی كتێب، نووسینی بابەتی ئەدەبی و کاری فەرهەنگیی دیکە، دەهێشتەوە. ئامادە کردنی فەرهەنگی بە ناوبانگی “حەوتەوانە”و وەرگێڕانی کتێبی “خولیا و مەرگی قاسملووی کورد” لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانەکانی کوردی‌و هێندێک کتێب و بەرهەمی دیکە کە بە داخەوە هەتا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەوە، نموونەیەک لە خزمەتە فەرهەنگییەکانی ئەو کەسایەتییە پڕکارە بوون.

کاک فەتاح، پیاوێکی بە فەرهەنگ، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، مرۆڤێکی قسەخۆش و خۆش مەجلیس، خەباتکارو سیاسییەکی مرۆڤدۆست بوو. بە هۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە لە نێو پێشمەرگەکان، بنەماڵە حیزبییەکان و لە نیو هیز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش‌دا خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو. لە هاوسۆزی‌و خەمخۆری لە ئاست گیروگرفت و کێشەکانی تێکۆشەران‌و بنەماڵەکانیان، هاوکاریی پەناخوازان و هەر هاوڕێ و ناسیاوێکی لێقەوماودا سنووری نەدەناسی و هەر هاوکارییەکی لە دەستی هاتبا، درێغی نەدەکرد.

بە کۆچی دوایی هاوڕێ فەتاحی کاویان، حیزبی دیموکراتی کوردستان، تێکۆشەرێکی بە وەفا ، بە نرخ و ماندوویی نەناسی لە دەست دا. تێکۆشەرێک کە ٦٠ ساڵ لە ٨٠ ساڵ تەمەنی خۆی لە ئەندامەتیی ئەم حیزبە وخزمەتی بیروباوەر و ئامانجەکانی دا تێپەڕ کرد. بزووتنەوەی نەتەوەی و شۆڕشگێڕانەی کوردستان و گەلی کوردیش بە مەرگی ئەو کەسایەتییە خەباتکارە، یەک لە سیما پڕشنگدارەکانی خۆیان لە دەست دا.

لە یەک ساڵەی کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویست کاک فەتاح کاویان،  جارێکی دیکە هاوخەمیی گەرمی خۆمان پێشکەشی هاوسەر و کچ و کوڕەکانی ئەو تێکۆشەرە دێرینەو سەرجەم کەسوکاری دەکەین.

کاک فەتاح، بۆ تێکۆشەران و ئەندامانی حیزب، بۆ ڕێبەریی ئەم حیزبەش حوکمی مامۆستایەکی بە ئەزموونی هەبوو، بۆیە لە یەکساڵی ماڵاوایی یەکجاریی دا، گیانی ئەو دڵنیا دەکەین کە خزمەتە بە نرخەکانی، ئەزموون‌و وانەکانی دەپارێزین و لە خەبات و تێکۆشان هەتا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی، ناوەستین.

سڵاو لە گیانی پاکی فەتاحی کاویان،

بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ ڕێگای پڕشانازیی خەبات و تێکۆشانی.

هێندێک لەو کتێب و نامیلکانە کە کاک فەتاح کاویان نووسیونی یا وەری گێراون و ئامادەی کردوون:

١- “جهان بینی ارتجاع “کە لە ساڵانی سەرەتای دەیەی ٦٠ هەتاوی دا بە ناوی “کامران خۆشناو” ئامادەی کرد و  بڵاو بۆوە.

٢- “پولپوتیسم در عمل” کە ساڵی ١٣٦٤ وەک پاشکۆی گۆڤاری تێکۆشەر” بڵاو بۆوە.

٣-  وەرگێرانی بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی لیمای ئەنترناسیۆنالی سۆسیالیست بۆ سەر زمانی فارسی(ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی)

٤- نامیلکەیەک  لە بارەی سۆسیالیزمی دیموکراتیک کە وەرگێڕدراوی  قسە یا نووسینی “میشل رووکار” بوو،

٥- “قانون خودمختاری کاتالون” کە باس لە چۆنیەتی  چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە ئیسپانیا  دەکا.

٦- فەرهەنگی ئینگلیسی، کوردی و فارسیی “حەوتەوانە”

٧-  وەرگێرانی کتێبی ” خولیا و مەرگی قاسملووی کورد” لە نووسینی کارۆڵ پرۆنهوبێر کە لە ٢٠ سالەی تیرۆری د.قاسملوو دا بڵاو بۆوە.

٨- “آدمکشان قصر فیروزەای” کە لە ئینگلیزییەوە هاوکات  دەیکرد بە فارسی و کوردی،بەڵام فارسییەکەی بڵاو نەبووەتەوە.

٩-ماوەیەکی باشیش لە سەر وەرگێڕانی هاوکاتی کتێبەکەی دێیڤید مەک داوڵ کاری کرد، هاوکات هەم دەیکرد بە فارسی و هەم بە کوردی.

١٠- هەڵبژاردەیەک لە فەرهەنگی “دێهخودا” کە پێوەندیی بە کورد و کوردستانەوە هەیە، لە توێی کتێبێک دا ئامادەی کردوە و لە لایەن دەزگای موکوریانییەوە چاپو بڵاو بووەتەوە.

١٠- بە سەدان و بە هەزاران  وتار و بابەتی سیاسی، فەرهەنگی،کۆمەڵایەتی و جۆراوجۆری دیکە کە بێ ئەوەی ناوی ئەویان لە سەر بێ، لە  چاپەمەنی و ڕاگەیەنەکانی حیزب دا چاپ و  بڵاو بوونەوە.

قادر وریا

١٨/١/٢٠١٨

سەرچاوە:  کوردستان و کورد

 

بابەتی پەیوەندی دار

 

کۆ کراوەی بابەت و هەواڵ سەبارەت بە کاک فەتاح کاویان PDF  ، رەحمان نەقشی

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو