وتووێژی کاک مستەفا هیجری و وڵامدانەوە کاک کەماڵ کەریمی

کاک مستەفا هیجری لەم وتووێژەدا، زۆر هەوڵی داوە کە هاوڕێیانی پێشوو ، نەڕەنجێن و جارێکی تر یەکگرتنەوە پەکی نەکەوێ، ئەگەر لە یادتان بێ کاک مستەفا کتێبی نسکۆ و دابڕانی بڵاو کردەوە

مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حدک ئێران

و هەرچەند کاک مستەفا دەڵێ: زۆر بە حەزەرەوە نووسراوە، ئێمە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان كە جیابوونەتەوە، لە وتووێژ داین، چونكە دەمانهەوێت بە شێوەیەكی باش یەك بگرینەوە، بۆیە نەمویست نووسینەكە بەجۆرێك بێت، كە ببێتە كۆسپ لە بەردەم ئەو وتووێژانە. هەرچەندە ئێستا ئەوان بەو نووسینەش زۆر ناڕەحەتن. ویستومە ئەو فەزایەی كە زۆر تێكۆشاوین تاكو ئارام بووەتەوە، جارێكی دیكە تێك نەچێتەوە و ئەو پەیوەندییەی لەگەڵیاندا هەمانە، بەردەوام بێت، تاكو بتوانین وتووێژەكانمان درێژە پێبدەین.

دوای بڵاو بوونەوەی کتێبەکە زیادتر لە دوو ساڵی گرت کە دوبارە وتووێژەکان دەستیان پێکردەوە بەڵام وا دیارە دوبارە هاوڕێیانی پێشوو لەم وتووێژە رەخنەیان هەیە و هیوادارین ئەمەش نەبێتە بەهانە بۆ یەکگرتنەوە و دوو ساڵی تریش دوور نەبنەوە، چوونکە خەڵک هیوای هەیە کە ئەمجارە کاک مستەفا و کاک مستەفا ببنەوە یەک.

 

دەقی وتووێژی کاک مستەفا

 

مستەفا هیجری‌: کاتێک خالیدی‌ عەزیزی‌ سکرتێری “حدک” بو هەوڵیدا لەئێران نزیکبێتەوە

مستەفا هیجری‌، سکرتێری‌ حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت “بێگومان لەناو “حدک‌” هەیە‌ پێیانخۆش نییە یەکگرتنەوە ببێت، هەتا لەناو ئێمەشدا هەیە، کە ئارەزووی‌ یەکگرتنەوەی دو دیموکراتەکە ناکات”.

 

ئا: م. ئازاد

 

ئاوێنە: حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران لەکوێی ئەو ئاڵوگۆڕانەدایە کە لەناوچەکەدا رویانداوە، دوای‌ ریفراندۆم‌و دوای‌ پرۆسەی‌ راسانی‌ خۆتان، دوای‌ چوونەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگەتان، شەهیدبوونی‌ کۆمەڵێک لەپێشمەرگەی‌ ئێوە، پەیوەندیتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی‌ هاوپەیمانە نزیکەکەتان عەبدوڵڵای‌ موهتەدی‌‌و کۆمەڵەی‌ شۆڕشگێڕی‌ زەحمەتکێشان‌و گرژی‌‌و ئاڵۆزییەکەتان لەگەڵ ئەو هاوپەیمانەی‌، کە چەند ساڵ پێش ئێستا کتێبێکی‌ گەورەت لەسەر نوسی، بەنیازی‌ گەورەتر بنوسی؟ لەهەمانکاتدا چ ئاڵوگۆڕێک بەسەر بیر‌و بۆچوون‌و تەشکیلەی‌ حزبیدا هاتووە؟

مستەفا هیجری‌: ئێمە لەو باوەڕەداین، کاتێک دەتوانین لە‌هاوکێشە ناوخۆییەکان‌و هاوکێشە جیهانییەکان‌و هاوکێشەی‌ ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکانی‌ ئێراندا کاریگەریمان هەبێت، کە رۆژهەڵات ببێتە هێزێکی‌ شوێندانەر، کە ئێستا لە‌چوارچێوەی‌ ئەو دروشمەدا کاردەکەین، بۆئەوەی‌ رۆژهەڵات ببێتە هێزێکی‌ شوێندانەر، ئەو هێزی‌ شوێندانەرە وەک باستکرد راسانە. راسان بزووتنەوەیەکە بۆ گرێدانی‌ خەباتی‌ شار‌و شاخ، پێشمەرگە لەلایەک، خەباتی‌ مەدەنیش لە‌شارەکاندا لەلایەکی‌ دیکە، بەڵام چەقی‌ خەبات شارەکانە، پێمانوایە دەبێت هێزی‌ پێشمەرگە یارمەتیدەری‌ خەباتی‌ شار بێت، چونکە بەبێ خەباتی‌ شار، خەباتی‌ شاخ سەرکەوتنێکی‌ بەرچاو بەدەست ناهێنێت. ئێمە ئێستا لە‌باری‌ کاری‌ پێشمەرگایەتی‌‌و کاری‌ تەشکیلاتی‌‌و رێکخستن، لە‌هەردوو لاوە کاردەکەین، بۆئەوەی‌ رۆژهەڵات بەهێز بێت‌و شوێندانەری‌ هەبێت، لەگەڵ ئەوەی‌ کارەکە سەخت‌و قورسە‌و گیروگرفتێکی‌ زۆر لەسەر رێگایەتی‌، بەڵام بە‌خۆشحاڵییەوە سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە. ئاڵوگۆڕەکانی‌ ئەمساڵ کە لە‌نەورۆزەوە دەستیان پێکردووە تا دەگات بەو بزووتنەوە ناڕەزاییەتیانەی‌ کە لە‌ڕۆژهەڵاتدا سەریانهەڵدا، وەکو ئەو پێشوازییەی‌ کە لە‌ڕیفراندۆمی‌ باشووردا کردیان، لە‌ئەو جموجوڵە زۆرەی‌ لە‌کرماشان هاتەپێش‌و زۆر ئاڵوگۆڕی‌ دیکە لەو ماوەیەدا، ئەو نیشانانەن کە دەریدەخەن، خەباتی‌ ئێمە بەمەبەستی‌ بەهێزکردنی‌ رۆژهەڵات شوێندانەری‌ خۆی‌ هەبووە، ناشمەوێت بڵێم “ئەوە هەمووی‌ کارو تێکۆشانی‌ حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێرانە”، بەڵام رۆڵی‌ سەرەکیمان هەبووە لەو ئاڵوگۆڕانەدا، دەشمانەوێت درێژە بە‌خەباتەکەمان بدەین.

ئاوێنە: ئەجێندا‌و بەرنامەتان چییە بۆ ئەو درێژەپێدانە؟

مستەفا هیجری‌: دەمانەوێت:

1- جوڵەی‌ پێشمەرگەکانمان بەردەوام بێت.

2- رێکخستنی‌ ناو شارەکانمان بەهێزتر بکەین، کە ماوەی‌ دوو ساڵە خەریکبووین‌و کاریگەری‌ هەبووە.

ئەم دوو خاڵە سەرەکیترین کار‌و بەرنامەی‌ ئێمەیە، تەواوی‌ شتەکانی‌ لە‌دەوری‌ ئەم دوو خاڵە دەخولێنەوە، بۆنمونە پەیوەندیمان لەگەڵ رێکخراوەکانی‌ سیاسی‌و ئۆپۆزسیۆنی‌ کوردی‌ ئێران بەهێزتر بکەین، کە لەم ماوەیەدا هەوڵی‌ جددیمان بۆ داوە. لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان کە ئاماژەت پێکرد، بە‌خۆشحاڵییەوە هیچ ئاڵۆزییەکمان نییە.

ئاوێنە: کام هاوڕێیانەتان؟

مستەفا هیجری‌: هاوڕێیانی‌ پێشوو، مەبەستم مستەفا مەولودی‌‌و ئەوانیترە.

ئاوێنە: جگەلە لە‌هاوڕێیانی‌ پێشوو، هیچ ناوێکی‌ تریان نییە؟

مستەفا هیجری‌: ئێمە بەو ناوە دەیانناسێنین، لەگەڵ خۆشیان هەر بەوشێوەیە قسەدەکەین.

ئاوێنە: ئەو شێوازی‌ قسەکردنە دروستە؟

مستەفا هیجری‌: پێمان دروستە.

ئاوێنە: ئەی‌ بۆ گلەیی لە‌پەکەکە دەکەیت، کاتێک خۆت بەمشێوەیە بیر دەکەیتەوە؟

مستەفا هیجری‌: لە‌وتووێژداین بۆئەوەی‌ چارەسەری‌ بکەین.

ئاوێنە: ئەی‌ بۆ بەیانێکتان واژۆ کرد، بۆ بایکۆتکردن‌و ئیدانەکردنی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ دەورەی‌ پێشوو، ئامادەبوون بەیانێک واژۆ بکەن، حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران (حدکا)، حزبی دیموکراتی‌ کوردستان (حدک)، بۆ واتانکرد؟

مستەفا هیجری‌: هیچ شتێکمان پێکەوە واژۆ نەکردووە.

ئاوێنە: پێتخۆشە واژۆتان نەکردووە؟

مستەفا هیجری‌: پێمخۆشبوو بەجۆرێک بووایە، کە واژۆمان بکردایە، نەک بەوناوە، بۆنمونە ئەوان لە‌سەرەتاوە ناوێکیان بۆ خۆیان دیاریبکردایە، کە بمانتوانیایە پێکەوە هاوکاری‌ بکەین، کە بەداخەوە ئەوەیان نەکرد.

ئاوێنە: پێموایە لە‌دوو ساڵی‌ پێشوودا هەوڵێک هەبوو بۆ یەکگرتنەوە؟

مستەفا هیجری‌: راستە ئێستاش هەوڵ هەیە، لە‌ماوەی‌ دوو ساڵدا دانیشتمان هەبووە، ئێستاش هەیئەتمان پێکەوە دانیشتن دەکەن، بڕیاریشمانداوە دانیشتنەکان خێراتر بکەین، بۆئەوەی‌ بتوانین بە‌ئەنجام بگەین‌و یەکبگرینەوە.

ئاوێنە: وەک لە‌پێشتر باسمان کرد، کە ئەو هاوڕێیانەی‌ کە لە‌حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران جیابوونەوە، ئێوە بە‌هاوڕێیانی‌ پێشوو ناویان دەبەن، هەروەها جیابوونەوەی‌ کۆمەڵەی‌ زەحمەتکێشانیش لە‌کۆمەڵەی‌ شۆڕشگێر لە‌ساڵی‌ 2006 – 2007، ئەوان پێیانباشە کۆمەڵێک گۆڕانکاری‌ تازە پێکبهێنن‌و کار بکەن بە‌دروشمی‌ رەوت‌و ریفۆرم‌و چاکسازی‌، کە بە‌هەمان دروشم جیابوونەتەوە، پێتوایە ئەوانە چۆنەتە باری‌ جێبەجێکردنەوە، یان شکستیان هێناوە؟

مستەفا هیجری‌: هێندەی‌ ئاگاداری‌ بەرنامەی‌ ئەوانین، ریفۆرمێک، یان شتێکی‌ تازە، کە نەدەکرا لە‌حزبی دیموکراتی‌ یەکگرتووی‌ ئەوکاتدا پێکبێت، پێکیان هێنابێت نەماندیووە، نە لەناو ئەواندا بینیومانە، نە لە‌ناو ئەوانەی‌ لە‌کۆمەڵە جیابوونەتەوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە هەروولامان بەو ئەنجامە گەیشتووین، کە دەبێت کاربکەین‌و هەوڵبدەین جارێکی‌ دیکە یەکبگرینەوە.

ئاوێنە: بەو پێیەی‌ لەسەر ستراتیژ‌و کۆمەڵێک هێڵی‌ سەرەکی‌ جیاوازییەکی‌ بەرچاوتان نییە، یان بیرو باروەڕتان جیاوازی‌ نییە، جیابوونەوەی‌ کۆمەڵە‌و دیموکراتەکان، چ مانایەکی‌ هەیە؟

مستەفا هیجری‌: من دەڵێم “هیچ مانایەکی‌ نییە”، بەڵام ئەوە پرسیارێکە کە دەبێت ئەوان وەڵامی‌ بدەنەوە، کە وەک باستکرد لە‌ڕووی‌ سیاسییەوە جیاوازییەکی‌ بەرچاومان نییە.

ئاوێنە: دواکەوتن لە‌یەکگرتنەوەدا، بەهۆی‌ ئێوەوە بووە، یان ئەوان کەمتەرخەمیان کردووە؟

مستەفا هیجری‌: مەسەلەکە کەمتەرخەمی‌ نییە لە‌هیچ لایەکمان، بەڵکو پێموایە هەندێک ووردەکاری‌ هەیە کە کات دەگرن‌و دەبێت لەسەر ئەو ووردەکارییانە بە‌رێککەوتن بگەین، بەڵام لە‌ئێستادا هەردوولامان بەجددی‌ کاردەکەین، بۆیە پێم خۆش نییە، هۆکاری‌ دواکەوتن بۆ یەکگرتنەوە بخەمە سەر ئەوان، بەڵکو تەنها مەسەلە ئەو ووردەکارییانەیە کە باسمکرد، کە دەمانەوێت بە‌جۆرێک یەکبگرینەوە کە لە‌داهاتوودا زەمینەیەکی‌ هاوشێوەی ئەم چەند ساڵە دروست نەبێتەوە.

ئاوێنە: هاوپەیمانی‌ ئێوە لەگەڵ کۆمەڵەی‌ شۆڕشگێر لە‌ساڵی‌ 2013 تاوەکو ئێستا، تەنها بە‌چاوپێکەوتن‌و دەرکردنی‌ بەیاننامە بووە‌و تەنها لەسەر کاغەزە، یان بە‌کردەوەش کارتان کردووە، لەلایەن ئێوە یان کۆمەڵەی‌ شۆرشگێڕەوە هیچ هەنگاوێک نراوە؟

مستەفا هیجری‌: وەک هەوڵ‌و هەنگاو جگەلە بەیاننامە‌و هەڵوێست، شتێکی‌ تایبەترمان نەبووە، لە‌دەرەوەی‌ وڵات چەند چاوپێکەوتنێکمان هەبووە، لە‌ساڵی‌ رابردووشدا تیمێکی‌ هاوبەشی پێشمەرگەمان چوونەوە بۆ ناوچەکە، کە ئەنجامێکی‌ باشی هەبووە، تا ئێستا لە‌مەیدانی‌ کاردا تەنها ئەمە هەبووە، جگە لەوانە شتی‌ زیاترمان لەدەست نەهاتووە.

ئاوێنە: بۆچی‌ هەردوولاتان، هەموو شتەکانی‌ تر وەلانانێن‌و بەتەنها هەوڵ بۆ یەکگرتنەوە بدەن‌و تەنها ئامانجتان ئەوە بێت، کە لە‌ناو یەک حزب‌و لەژێر یەک ئاڵا‌و دروشمدا کاربکەن؟

مستەفا هیجری‌: یەکگرتنەوە پێویستی‌ بە‌دوو لایەن هەیە، مەبەستم ئەوەیە تەنها یەک لایەن ناتوانێت یەکگرتنەوە سازبکات، ئەگەر بەتەنها یەک لایەن لێبوردنی‌ هەبێت‌و هەردوولا نەتوانن لەسەر خاڵەکان رێکبکەون، یەکگرتنەوە سەخت دەبێت، وەک لە‌پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئێستا هەوڵدەدەین‌و هیوادارم بە‌ئەنجامێکی‌ باش بگەین.

ئاوێنە: پێتوایە هاوڕێیانی‌ پێشتووتان، یان حزبی دیموکراتی‌ کوردستان، دوای‌ جیابوونەوە هیچ ریفۆرمێکیان نەکردووە؟

مستەفا هیجری‌: شتێکم پێ شک نایەت بەناوی‌ ریفۆرم.

ئاوێنە: هیچ ئاڵوگۆڕێک نابینیت، کە جیاواز بێت لە‌ئێوە؟

مستەفا هیجری‌: نەخێر شتێکی‌ جیاواز نابینم، بەڵام کاتێک خالیدی‌ عەزیزی‌ سکرتێری‌ هاوڕێیانی‌ پێشوو بوو، هەوڵیدا لەگەڵ ئێران نزیک ببێتەوە‌و وتووێژ بکات.

ئاوێنە: ئەمە وەکو رەخنە دەڵێیت، یان بە‌کارێکی‌ باشی دەزانی‌؟

مستەفا هیجری‌: تۆ باسی ریفۆرم‌و ئاڵوگۆڕت کرد، ئەگەر ئەمە بە‌ریفۆڕم‌و ئاڵوگۆڕ دەزانی‌؟ ئەوە هەوڵیاندا، بەڵام لە‌دواییدا روون بۆوە، کە هیچ ئاکامێکی‌ باشی نییە، جگەلەوە من هیچ ریفۆرمێکی‌ تر نابینم.

ئاوێنە: بەڵام بونەتە ئەندامی

(Tv si)‌ یان داناوە، کۆنگرەیان بەستووە لەدوای‌ جیابوونەوە حزبی دیموکراتی‌ كوردستان، دەورەیەک(عەبدوڵڵا حەسەن زادە) سکرتێر بووە، دەورەیەک (خالیدی‌ عەزیزی‌) سکرتێر بووە‌و دوای‌ ئەو (مستەفا مەولودی‌) سکرتێرە، (ئاسۆ حەسەن زادە) هاتووە، بەڵام تۆ هەر لە‌شوێنی‌ خۆتی‌ هەر سکرتێری‌، ئایا ئەمە ریفۆرم نییە”؟

مستەفا هیجری‌: ئەوە ریفۆرم نییە، ئێمەش کۆنگرەمان گرتووە‌و ئاڵوگۆڕ لە‌ئەندامی‌ رێبەرایەتییدا هەبووە، گەنجەکان زیاتر هاتوونەتە مەیدانی‌ کار.

ئاوێنە: ئەی‌ ئاڵوگۆڕ لە‌سکرتێر‌و مانەوەی‌ خۆت؟

مستەفا هیجری‌: گۆڕانی‌ سکرتێر بەوشێوەیە ئاسانە نابێت.

ئاوێنە: لە‌کۆنگرەی‌ داهاتووشدا نیازت نییە وازبهێنیت؟

مستەفا هیجری‌: ئێستا باسی ناکەم‌و پێموایە هێشتا زووە.

ئاوێنە: قسەیەکی‌ نیچە هەیە، کە دەڵێت “بۆئەوەی‌ لە‌شتێک حاڵی‌ ببیت، پێچەوانەکەی وەرگرە”، مەبەستم ئەوەیە، ئەو نایەوێت یەکگرتنەوە ببێت، بۆیە ئەو بۆچوونەش بەسەر تۆدا فەرز دەکات؟

مستەفا هیجری‌: رەنگە بەوشێوەیە بێت، خەریکە نێوانمان بەرەو باشبوون دەچێت، بۆیە تێکی مەدەوە [بە‌پێکەنینەوە].

ئاوێنە: لە‌چاوپێکەوتنێکی‌ تردا وتت: دەیەوێت کوڕەکەی‌ خۆی‌ بهێنێتە پێشەوە‌و بیکاتە سکرتێر، بە‌(عەبدوڵڵا حەسەن زادە)شم وت: قسەکەی‌ (مستەفا هیجری‌) راست دەرچوو، بەڵام ئەو وتی‌: من دوور‌و نزیک ئاگام لێی‌ نییە، هەتا (ئاسۆ حەسەن زادە) دەڵێت “بە‌باوکمم وت خۆم هەڵدەبژێرم، وتی‌: ئەوکارە مەکە”؟

مستەفا هیجری‌: پێموایە ئاسۆ حەسەن زادە وەکو گەنجێکی‌ خوێندەوار شایستەگی‌‌و لێهاتوویی‌ خۆی‌ هەیە، بە‌مافی‌ خۆی‌ دەزانم بێتە پێشەوە‌و ببێتە سکرتێریش، بەڵام کێشە لەوەدا دەبینم، کە ئاسۆ حەسەن زادە لەژێر کاریگەری‌ بۆچوونەکانی‌ باوکیدا بێت، دەنا ئەگەر وەکو گەنجێکی‌ سەربەخۆ کاربکات‌و تێبکۆشێت، شایستەیەتی‌.

ئاوێنە: مەبەستت لە‌کام بۆچوونانەی‌ باوکیەتی‌؟

مستەفا هیجری‌: وەڵامی‌ ئەم پرسیارە نادەمەوە، لەبەر یەکگرتنەوەکە نامەوێت بچمە ناو ئەو ووردەکارییانەوە.

ئاوێنە: من بیستومە تۆ پێت ناخۆشبووە، (خالیدی‌ عەزیزی‌) دەستی‌ لەکارکێشاوەتەوە لە‌سکرتێری‌ گشتی‌ حزبی دیموکراتی‌ کوردستان، ئەگەر راستە، بۆچی‌ پێت ناخۆشبوو؟

مستەفا هیجری‌: راستە پێم ناخۆشبوو، چونکە پێموابوو (خالیدی‌ عەزیزی‌) لە‌مەسەلەی‌ یەکگرتنەوەدا جددیتر بوو، لەبەرئەوە پێم ناخۆشبوو، هەتا داوام لێکرد ئیدامە بدات، بەڵام نەیتوانی‌.

ئاوێنە: (خالیدی‌ عەزیزی‌) وتی‌: من ئامادەم لەپێناو (مستەفا هیجری‌) واز لە‌سکرتێریش بهێنم، رەنگە لەبەرئەوە بوو بێت؟

مستەفا هیجری‌: نەخێر ئێستا لەسەر ئەوە کێشەمان نییە، لەسەر ئەوە رێککەوتوین من سکرتێر بم، واتا لەم خاڵەدا رێککەوتووین.

ئاوێنە: ئەی‌ بۆ لەسەر خاڵەکانی‌ تر رێکناکەویت؟

مستەفا هیجری‌: مەبەستم ئەوەیە، مەسەلەی‌ سکرتێری‌ من هۆکار نییە، ئەگەر سکرتێری‌ وەکو ئیمتیازێک دەدەن بە‌من، من وەکو ئیمتیاز حسابی ناکەم، سوپاسیان دەکەم کە قبوڵیانە سکرتێر بم، دەمەوێت بڵێم “مەسەلە سکرتێری‌ نییە، بەڵکو هەندێک مەسەلەی‌ ووردن، کە ماونەتەوە‌و قسەیان لەسەر دەکەین”، دەنا ئێستا دوو خاڵیان قبوڵە، کە هیوادارم لێی پەشیمان نەبنەوە، یەکەم سکرتێری‌ من قبوڵ بکەن، دووەم بێنەوە ژێر ناوی‌ حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران.

ئاوێنە: پێتوایە لە‌ئایندەی‌ نزیکدا دەتوانن یەکبگرنەوە؟

مستەفا هیجری‌: هەموو هەوڵێک دەدەین، کە دووری‌ نەخەینەوە، لە‌ڕابردوودا درەنگ درەنگ دادەنیشتین، بەڵام لە‌ئێستادا کە حەمە نەزیف قادری‌ بەرپرسی هەیئەتی‌ ئێمەیە لەگەڵ ئەوان، داوام کردووە هەفتانە کۆبوونەوە بگرن، بۆئەوەی‌ ئەو مەسەلانە چارەسەر بکەین.

ئاوێنە: تۆ کەس بە‌بەرپرسیار‌و بەربەستی‌ یەکگرتنەوە دەبینین لەناو حزبی دیموکراتی‌ کوردستاندا؟

مستەفا هیجری‌: بێگومان هەیە‌و هەموو پێیان خۆش نییە یەکگرتنەوە ببێت، هەتا لەناو ئێمەشدا هەیە، کە ئارەزووی‌ یەکگرتنەوە ناکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە، زۆرینەی‌ رێبەرایەتی‌‌و بەدەنەی‌ حزب لە‌هەردوولا‌و خەڵکی‌ رۆژهەڵاتیش خوازیاری‌ ئەوەن ئێمە یەکبگرینەوە، ئاساییە هەموو رازی نەبن‌و موخالف بن.

ئاوێنە: وتارێک نووسرابوو بەناوی‌ (دوو مستەفاکە)، مەبەست لە‌(مستەفا هیجری‌‌و مستەفا مەولودی‌) بوو، کە بەڵکو حزبی دیموکرات لەسەر دەستی‌ ئەم دوو مستەفایە یەکبگرنەوە، پێتوایە (مستەفا مەولودی‌) هێندە بۆچوونی‌ باشی هەبێت، یان هێشتا بە‌گەڕانەوەی‌ (خالیدی‌ عەزیزی‌) گەشبین تری‌؟

مستەفا هیجری‌: پێموایە لەوبارەیەوە (مستەفا مەولودی‌)یش نیەتی‌ باشی هەیە‌و هەوڵ بۆ یەکگرتنەوە دەدات.

ئاوێنە: بڕیاربوو لە‌زستانی‌ رابردوودا کۆنگرەی‌ 16 حزبی دیموکراتی‌ کوردستانی‌ ئێران بگیرێت، بەڵام دواکەوت، هۆکاری‌ ئەو داوکەوتنە چییە، ئەو ئاڵوگۆڕەی‌ دەکرێت چییە؟

مستەفا هیجری‌: راستە ساڵێک دواکەوتووە، بەڵام لەم زستانەدا کۆنگرە دەگرین، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی‌ راسان، بۆ ئەو کار‌و تێکۆشانەی‌ کە لە‌هاویندا هەمانبوو، بەهۆی‌ ئەو کارانەی‌ کە لە‌پێش کۆنگرە‌و دوای‌ کۆنگرە دروست دەبێت‌و کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕ لە‌ڕێبەرایەتی‌‌و حزبدا دەبێت‌و کاتێکی‌ وەهامان بەدەستەوە ناهێڵێت، بۆیە بە‌قازانجی‌ حزبمان زانی‌ کارەکانمان بکەین‌و کۆنگرە بۆ ماوەی‌ ساڵێک دوابخەین، ئەمە هۆکاری‌ سەرەکی‌ بوو.

ئاوێنە: رێوڕەسمی‌ کۆنگرە چۆن دەبێت؟ بیستومە دەتەوێت دەفتەری‌ سیاسی نەهێڵێت‌و دەسەڵاتەکانی‌ سکرتێر زیادبکەیت، ئەمانە لە‌چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

مستەفا هیجری‌: لە‌ڕاستییدا ئەوە دەگەڕێتەوە سەر بڕیاری‌ کۆنگرە، من گەڵاڵەیەکم پێشکەشکردووە، کە لەوێدا کەمێک ئاڵوگۆڕم پێشنیارکردووە، بۆئەوەی‌ حزب چالاکتر ببێتەوە، خەڵکی‌ بەتوانا لەهەر جێگەیەک بێت، چ ئەندامی‌ رێبەرایەتی‌ بێت، یان نا، بتوانێت لە‌کار‌و تێکۆشاندا بەشدار بێت، خەڵکی‌ حزبی وەکو ئەندامانی‌ حزبی، چالاکی‌ حزبی لە‌هەر جێگایەک هەبن، مەیدانیان بۆ بکرێتەوە‌و کاربکەن، چونکە وەک پێشتر وتم: ئەگەر بمانەوێت رۆژهەڵات ببێتە هێزێکی‌ شوێندانەر، بەتەنها بەو کۆمەڵە کادر‌و پێشمەرگەیەی‌ کە هەمانە، کە راستە کەم نین، بەڵام بە‌تەنها نابێتە هێزێکی‌ شوێندانەر، بەڵکو دەبێت رێگا‌و دەروازەکان بکرێتەوە‌و خەڵکێکی‌ زۆرتر بەشداربن‌و جوڵەیەک پێکبێت، بۆئەوەی‌ ئەو ئامانجە بێتەدی‌. ئەوە گەڵاڵەیەکە کە پێشکەش بە‌کۆنگرە دەکرێت، ئەگەر کۆنگرە بڕیاریدا، لە‌چوارچێوەی‌ ئەو بەرنامەیەدا، ئەو ئاڵوگۆڕانە پێکدەهێنێن. جەوهەری‌ ئاڵوگۆڕەکە ئەوەیە، کە ئێستا لە‌حزبی دیموکراتدا، هێزی‌ سەرەکی‌ کۆمیتەی‌ ناوەندییە، کۆمیتەی‌ ناوەندی‌ یاسا دادەنێت، بەڕێوەی‌ دەبات، بڕیار لەسەر کارەکانی‌ خۆی‌ دەکات، بۆیە پێموایە دەبێت ئەو توانایە دابەشبکرێت‌و لە‌یەک ناوەنددا نەبێت، چەندین ناوەند بن، کە بتوانن پێکەوە کاربکەن.

 

 

…………..

ڕوونکردنەوەی کاک کەماڵ کەریمی

سایتی ئاوێنە ڕۆژی ٢٤/١/٢٠١٨ وتووێژێکی کاک مستەفا هیجریی بڵاو کردووەتەوە لەم وتووێژەدا کاک مستەفا لە هێندێک شوێنیدا باس لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و مەسەلەی یەکگرتنەوە دەکا. بۆ ڕەواندنەوەی هێندێک گومان و دڵنیاکردنەوەی ئەو یەکگرتووخوازانەی کە لەوانەیە ئەم جۆرە باسانە نیگەرانیان بکا بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بدەین:

کاک مستەفا کە لە سەرەتای وەڵامدانەوەکەیدا زۆر بە باشی قسە لەسەر یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزب دەکا بەداخەوە، دواتر بەسەر هێندێک بابەتدا دەکەوێ کە بێگۆمان هەردوو لایەن دەبێ لەو هەلومەرجەدا زۆر بەرپرسیارانەتر لێیان ورد ببنەوە و قسەیان لەسەر بکەن.

* ئەوەی کە کاک مستەفا هیجری مەسەلەی ڕێفۆرم لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە هەوڵی سکرتێری پێشووی حیزب، بۆ وتووێژ لەگەڵ  کۆماری ئیسلامیی ئێران”دا، کۆرت دەکاتەوە و هیچ پێوەندییەکی بە ڕێفۆرم لە حیزبێکدا نیە و ناوی”هەوڵی نزیکبوونەوە لە ئێران”ی لێدەنێ، لەلایەک حاشاکردن لە سیاسەتێکە کە لە ٣٨ ساڵی ڕابردوودا حیزبی دێموکرات هەم ئەو کاتەی یەکگرتوو بوو، هەم  ئەو ساڵانەی دوایی کە بووە بە دوو لایەن، پێداگرییان لەسەر کردووە. ئەوە کە کۆماری ئیسلامی چ وەڵامێکی بەم داوای ٣٨ ساڵەیە داوەتەوە، هیچ لە مەوزووعەکە ناگۆڕێ. لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شاهیدی هەموو بەڵگەنامەکانی و لەگەڵ هەموو کەم و کووڕییەکانی، هەوڵی ڕێفۆرمی لە نێو تەشکیلات و رێکخراوەکانی خۆیدا داوە کە، تەنیا ئیشارە بە دەستاودەست کردنی دەسەڵات و پۆستە حیزبییەکان و گۆڕانی دوو سکرتێر لە ماوەی سێ کۆنگرەی ئەم حیزبەدا بە نموونە دێنینەوە. بە بێ ئەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانە بووبنە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی ڕێکخراوەیی لەم حیزبەدا. ئیستا  بەڕێز هیجری ڕێفۆرم بە چی دەزانێ ئەوە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە.

* لەسەر جیابوونەوە و لێکدابران کە دەڵێ “من دەڵێم هیچ مانایەکی نیە”،  کاک مستەفا ئەگەر دەیهەوێ پەی بەمانا و هۆی ئەم ڕووداوانە ببا، حەق وایە بگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ڕابردووی بە یەکەوە بوونمان و لە چۆنیەتی ڕوانینیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی و  هەڵسوکەوتیان لە گەڵ تاکەکانی حیزبدا  ورد ببنەوە.  بە دڵنییایەوە ئەگەر بە چاوی خەسارناسی و ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو ئەم ئاوڕە بدەنەوە، مانا و هۆکاری لێکدابڕان و جیابوونەوەکان دەدۆزنەوە و دەگەنە ئەو ئاکامە ئەگەر بیهەوێ حیزبی دیموکرات یەک بگرێتەوە و بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، پێویستە ئەم جۆرە ڕوانینە گۆڕانی بە سەر دابێ.

بێگومان بۆ ئەوەی ” زەمینەیەکی هاوشێوەی ئەم چەند ساڵە دروست نەبێتەوە”، پێویستە بە مەسئوولییەتی زیاترەوە سەیری کێشەکان بکرێ و لێدوانیان لەسەر بدرێ.

* لەو شوێنەش کە باس دەکا” یەکگرتنەوە پێویستی بە دوو لایەن هەیە…. ئەگەر تەنها یەک لایەن لێبووردنی هەبێت…..یەکگرتنەوە سەخت دەبێت”، هەموو لایەک ئاگادارن کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مێژە بۆ لابردنی یەکەم کۆسپی سەر ڕێگەی ئەوان، یەک لایەنە ڕایگەیاندووە کە لە پێناوی یەکگرتنەوەدا، کە ئەویش گرێدراوە بە ڕێککەوتنی کۆتایی و بە پەسندی هەردوولا، ئامادەیە لە “ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشان بدەین”.

* سەبارەت بە ڕێککەوتنەکانی تا ئیستاش ،هەرچەند لەسەر زۆر بابەتی پێشنیاری هەردوولا لێک نزیک بووینەوە و هەیئەتەکان بە نیازپاکییەوە کاریان بۆ لێک تێگەیشتن کردوە، بەڵام لە سەر هیچ خاڵێک ڕێککەوتنی کۆتاییمان نەبووە و پۆستی سکرتێرییش یەک لەو خاڵانەیە کە هیچ ڕێککەوتنێکی لە سەر نەکراوە.  بە تایبەت کە سکرتێر بە پێی پێڕەوی نێوخۆی ئێستای هەر دوولایەن، لە دوای کۆنگرە و لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەڵ دەبژێردرێ و بڕیاری لەسەر دەدرێ.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئێمە بە گەشبینییەوە دەڕوانینە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی ڕێبەری و هەیئەتەکانی هەردوولا لە ئەستۆیان گرتووە و هیوادارین، ئەم جۆرە وتووێژ و لێدوانانە کار نەکەنە سەر ئیرادەی یەکگرتووخوازانی دێموکرات لە هەر دوولا و وەک جاران پاڵپشتی بەرەو پێشچوونی ئەو ڕەوتە مێژووییە بن.

کەماڵ کەریمی

بەرپرسی هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ پرسی یەکگرتنەوە

٢٥/١/٢٠١٨

٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو