ئورمیە لە نێوان دوێنێ و سبەی دا، ئەلبورز ڕۆئین تەن

پێشەکی

ئامانجی من لەو بابەتە ڕاکێشانی سەرنجی هەموو لایەک و توێژێک بۆ شاری ئورمیە لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوویە. چونکە لە زۆربەی گۆڕانکاریەکاندا ئەم شارە ڕووبەڕووی نەهامەتی و ناخۆشی هاتۆتەوە.

بۆ پێشی گرتن بەو نەهامەتیانە بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئاسودە لە چوارچێوەی کوردستانێکی ئازاد و دێموکرات لە ئورمیە و ناوچەکانی تری هاوشێوە دەبێ خاوەن پلان و ئامادەیی و هێزێکی زۆر بین.

هەروەها بە پێویست دەزانم بە  ئاوڕدانەوەیەکی مێژووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە گرنگی ناوچەکە زیاتر بخەمە بەر باس و هەوڵەکانمان بۆ داهاتوو شێلگیرتر بکەین.

بە دوای ئەوەدا نیم کە لە ڕووی مێژوویەوە بسەلمێنم کە ئورمیە کوردستانیە، چونکە ئەگەر بمهەوێ باسی کوردستانی بوون بکەم ئەو کات دەبێ باسی کوردستانی بوونی هەموو ئازەربایجان لە ڕووی مێژوویەوە بکەم کە بە گوێرەی بەڵگەکانی مێژووی پێم وایە مومکینە.

بۆ نمونە بە گوێرەی کتێبی تاریخی کورد و کوردستانی محمەد ئەمین زەکی بیگ کە لە چەند سەرچاوەی عەرەبی و ڕۆژهەڵات ناسی بێگانە گێڕاویەتیەوە لە سەردەمی پێش زایین و هەروەها سەرەتای ئیسلام و دواتر بە تایبەتی لە کاتی دامەزرانی یەکەمین حکومەتی کوردی بە ناو روادی ئازەربایجان بە شوێنی ژیانی کوردان دیاری کراوە. بەڵام وەک بیرهێنانەوەش بێت بە کورتی باسی دەکەین بۆ ئەوەی دەربخەین کە چ ستەمێکی گەورەیە ئەگەر بیانهەوێ کورد لە پەراوێز بخەن.

 

ئەوەی وەک کورد لە ئورمیە توشی سەر ئێشە دەبین لە داهاتوودا ڕوون و ئاشکرایە هەر وەکو بە درێژای مێژووی ڕابردوو توشی گرفت بووین.

هەروەها نمونەی کەرکوکمان لە پێش چاوە. بەڵام ئەگەر بە زانیاری و هەبوونی پلان و خوێندنەوەیەکی ڕئاڵیستانە بۆ ناوچە بەرەو ڕووی ئەو گرفتە نەچین، هەروەها ئەو خوێندنەوەو پلانەی خۆمان ئاراستەی خەڵکی خۆمان نەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاگادار بن کە ئێمە بیرکردنەوەمان سەبارەت بە ناوچە چۆنە، ناتوانین ئەو قەیرانە بەڕێوەبەری بکەین بەرەو ئاراستەیەک ببەین کە لە بەرژەوەندی کورد هەموو دانیشتوان بێت.

 

لە بیرمان نەچێت دوژمن سەدان ساڵە کار دەکات بۆ ئەوەی بمان سڕێتەوە ناکۆکی و دوبەرەکی ساز کردوە، ئەگەر ئێمەش بێ بەرنامە بین ئەو کات کارەسات ڕوودەدات. بۆیە دەبێ سەرنجی هەموو لایەکمان لە سەرئەو بابەتەو داهاتووی ئەو ناوچانە بێت.

 

ناوی ئورمیە

ئورمیە لە کۆن دا بە ناوی چی چێست هاتوە چی چێست لە کتێبی زەند ئاوێستا واتە ڕوون و درەوشاوە هەروەها دواتر ئورمیە ئۆرمی ناسراوە کە مێژوو ناسان لەو باوەڕە دان بە واتای شاری ئاو دێت کە ئاماژەیە بە گۆڵی ئۆرمیە. لە سەردەمی دیکتاتۆریەتی رزا شا گۆڕا بۆ رزائیە لە کۆماری ئیسلامی دا کرایە ئورومیە”ارومیە“.

لەم ڕۆژانەی دوایی لە سەر داوای شارەداری ئۆرمیە داوا کراوە ناوەکەی بگۆڕێت بۆ ئۆرمیە”اورمیە” هەروەها کوردەکان ئێستا هەندێک جار بە ورمێ ناوی دەبەن.

 

ناوی ئازەربایجان

بە پێویست دەزانم ئاماژەیەک بکەم بە ناوی ئازەربایجان کە ناوێک نیە کە ڕەنگدانەوەی نەتەوەی هەبێت و پەیوەندی بە هەبوونی ئازەری لەو ناوچەیە نیە. چونکە ئازەربایجان بۆ ناوچەیەکی جوگرافی فراوان دەگەڕێتەوە کە تێیدا نەتەوەی جیاوازی لێ دەژین کە ئازەری یەکێک لەوانن.

 

هەروەها هەندێک کەس ئازەریەکان هەمان دانیشتوانی کۆنی ئەو ناوچانە دەناسن کە دوای هاتنی سەلجوقی و مغولەکان بە کاریگەری زمانی تورکی لە سەر ئەوان بۆ ئازەری ئێستا گۆڕاون . هەروەها ئازەربایجان بە واتای ئاتروپاتگان کە لە سەرمی پێش زایین و دواتر بەو ناوچانە گوتراوە هاتوە بەشێکیش ناوی ئازەربایجان بۆ پاشایەک بە ناوی ئاتروپات دەگەڕێنەوە.

 

مێژووی ئورمیە پێش زایین

 ئورمیە و ناوچەکانی دەورو بەری گۆلی ئورمیە بە وڵاتی شارستانیەتی کۆن و جیاواز دادەنرێت کە بە گوێرەی لکۆڵینەوەی دیرۆکی ئاسار ناسی کۆن کە لە ناوچەی جیاوازی دەوروبەری ئورمیە دۆزراونەتەوە، مێژووی ئورمیە بۆ هەشت هزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێننەوە. بە گوێرەی ئەو لێکۆلینەوانە شارستانیەکانی ئورارتویەکان، ماناییەکان، ئاشوریەکان، هوریەکان، میتانیەکان، مادەکان حوکمیان لەو ناوچانەدا هەبووە. زۆربەی ئەو زانیاریانەش لە ئاساری کەوناری گردەکانی حەسنلوی نزیک نەغەدە لە تیکاب لە گوی تەپە و هەروەها دەیان گردی تر کە ئاسارەکانیان بە دەست پسپۆران گەیشتوە بە دەست هاتوە.

 

ئورمیە وەک شوێنی لە دایک بوونی زەردەشت

بە گوێرەی کتێبی ئەوێستا زەردەشت لەو ناوچەیە لە دایک بوە هەروەها ژمارەیەک زۆر پەرستگای زەردەشتی لەو شوێنە هەیە کە پەرستگای ئازەرگەشسب لە شاری شیزی کۆن و تیکابی ئێستا بە یەکێک لەو پەرستگا گرنگانە دادەنرێ کە زەردەشت لەوێ ژیاوێ.

 

ئورمیە پێش ئیسلام

 لە سەردەمی پێش ئیسلام ئورمیە بەردەوام گۆڕەپانی شەڕ یا تێپەڕینی لەشکرەکانی نێوان فارس و ڕۆم بوە کەمتر ئارامی بە خۆی وە دیوە. زۆر جاریش لە چوارچێوەی دەسهەڵاتی ناوچەی سەربەخۆی بە خۆیەوە بینیوە.

 

ئورمیە دوای هاتنی ئیسلام

ئورمیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۲۲ ی هیجری بە دەستی یەکێک لە فەرماندەکانی ئیسلام بە ناوی سەدەقە داگیر کراو لەو ناوچەیە کۆشک و تەلاری دروست کرد. ئێستاش گوندێک بە ناوی سەدەقە لە تەنیشت ئورمیە هەیە. بەردەوام دوای ئەو ڕووداوە سەرهەڵدانی جیاواز لەو ناوچە دا ڕوویداوە.

 

نیشتمان بەشیر ئەحمەد لە ژێر لێکۆلینەوەیەک لە ژێر ناوی کورد سەلجوقیەکان وێڕای ناوهێنانی ئازەربایجان وەک هەرێمی کوردەکان لە سەدەی دوای دەیەمی زایینی پێش هاتنی سەلجوقەکان ناودەبات و دەڵێ کە هەزبانیەکان کە لە چەندین هۆز پێک هاتبوون لە کوردەکانی ئەو ناوچە بوون بە تایبەتی لە دەورو بەری سەبلان کە شاخێکی نزیک تەورێزە نیشتەجێ بوون ڕۆڵێکی گرنگیان لە ڕووداوەکانی چەند سەدەی ئەو ناوچانەدا گێڕا.

ئەو هۆزە لە سەدەی دەیەمی زایینی حکومەتی ڕەوادیان دامەزراند کە بۆ ماوەیەکی زۆر دەسهەڵاتی ئەو ناوچەیان هەبوو. بەڵام دوای هاتنی تورکەکان کوردەکان لە تەورێز و سەبەلان کەمتر بوون. د

وای سەلجوقیەکان مەغولەکان پاشاکانی تر بۆ ماوەی چەند سەدە پچڕ پچڕ یا بە گشتی دەسهەڵاتی ئەو ناوچانەیان بە دەست بووە کە بەردەوام بەرەوڕووی سەرهەڵدانی ناوچەیی بوون.

لە سەردەمی سەفەوەییەکان ناوچە دیسان دەستخۆشی شەڕو ناخۆشی زۆر بوە چونکە بەردەوام لە گەڵ عوسمانیەکان لە سەر ئەو ناوچانە لە شەڕ دا بوون.

 

لە سەرەتاکانی سەدەی شانزدەیەم لە شەڕی چاڵدران لە نێوان سوڵتان سەلیمی عوسمانی و شا ئسماعیلی سەفەوەی کە لەو ناوچانە ڕوویدا کاریگەریکەی زۆر لە سەر کورد دادەنێت. لەو شەڕە دا کە سوڵتان سەلیم بە هاوکاری کوردەکان سەردەکەوێ بناغەی دابەش کردنی  کوردستان لە نێوان ئێرانی و عوسمانیەکان دانرا.

 

بەڵام ئەم دابەشکاریەش ناتوانێ ویستی سەربەخۆی لە نێوان کوردەکان لە نێو ببات بەڵکو بەردەوام سەرهەڵدان ڕوودەدەن کە یەکێک لەوان سەرهەڵدانی دمدم لە ساڵی ۱٦۰۷ زایینیە کە لە قەڵای دمدم نزیک ئورمیە بە سەرۆکایەتی ئەمیرخانی لەپ زێڕین سەرهەڵدەدات.

 

ئەو سەرهەڵدانە کاریگەریەکی زۆری هەبووە بە جورێک بۆ ماوەیەکی زۆر لەشکریانی شا عەباسی سەفەوەی کە لە گەورەی دا بەرئاورد ناکرێت لە گەڵ لەشکری خانی کوردەکان، نەیانتوانیوە ئەو قەڵایە بگرن و دواتر وێڕای  بەربەرەکانیەکی زۆر لە لایەن کوردەکانەوە بە هۆی نەمانی ئاو و خواردن لە قەڵا دا قەڵای دمدم دەگیرێت و ئەمیرخانی لەپ زێرین شەهید دەکرێت.

 

کاریگەری ئەو ڕوداوە ئەوەندە گرنگ بوە کە شا عەباس بۆ پێشی گرتن بە سەرهەڵدانەکان و گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکە لە فەرمانێک بۆ کەعبەلی خانی ئەفشار دا دەستوری پێدەدات کە هۆزەکانی ئەفشار لە ناوچەی خوراسانی ئێرانەوە  بۆ ناوچەی ئورمیە بگواستەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکانی مێژووی هۆزەکانی ئەفشار زیاتر لە هەشت هەزار ماڵ بوو کە لە ئورمیە و دەوروبەری  نیشتەجێ کران

 

بەو شێوەیە بە زۆرە ملێ دەیانهەوێ کوردەکان لە زێدی باب و باپیرانیان دور بکەنەوە. بەڵام بێ گومان ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین کە نەیانتوانیوە.

 

هەر وەکو دکتۆر قاسملو لە وتارێک دا لە کتێبی “ملتی پژمردە و سرزمینی پارەپارە” لە ساڵی ۱۹۷۷ ی زاینی چاپ بوە دەڵێ بە درێژای ٤٦۰ ساڵی دوای شەڕی چاڵدران تا ئێستا کوردەکان بەردەام شۆڕشیان کردوە

شۆڕشی شێخ عوبەیدولا نەهری لە ساڵی ۱٨٨۰ زایینی دەرفەتێکی تر بوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسهەڵاتی کورد کە لە نێوان دۆ گۆلی ئورمیە و وان لە خۆ دەگرێت. شێخ توانی ئەو ناوچانە ئازاد بکات بەڵام تورک و فارس پێکەوە دژی وەستانەوەو لە کۆتایی دا توانیان ئەو شۆڕشەش سەرکوت بکەن.

 

ئورمیە لە سەدەی بیستەم نێوئاخنی زۆر گۆڕانکاری لە کوردستان بووە هەروەها خەباتی کوردان لە شۆڕش و سەرهەڵدانی جیاواز دا بەردەوام بوو لەوانە دەتوانین ئاماژە گۆڕانکاریەکانی شەڕی جیهانی یەکەم بکەین کە ئەو ناوچانە بوە گۆڕەپانی شەڕەکانی نێوان ڕوس و عوسمانیەکان، کە کاریگەریەکی زۆری لە سەر ژیانی کوردان دانا.

هاتنی بە لێشاوی ئەرمنەیەکان دواتر دروست بوونی شەڕی خوێناوی ناوخۆ، هەروەها چەندین سەرهەڵدانی گەورەو و بچوک ناوچەی بۆ دەست هێنانی بەشێک لە داخوازیەکان بەشێک بوون لەو ڕووداونە.

 

 شۆڕشی سمکۆ یەکێک لەو شۆڕشە گەورانە بوو کە بۆ ماوەیەک دوای شەڕی جیهانی دوەم ناوچەی ئورمیەی ئازد کرد. هەوڵ و خەباتی سمکۆ و شۆڕشەکەی بۆ سەربەخۆی کوردەکان دەسهەڵاتی شاهەنشای پەهلەوی زر نیگەران کرد. هەر بۆیەش بە فێڵ و بیانوو لە لایەن رزا شاوە تیرۆر کرا.

 

هەروەها دوای شەهید کردنی سمکۆ لە لایەن رزا شا دا تا سەردەمی کۆماری کوردستان داگیر کردنی ئورمیە و هەوڵدان بۆ بە ئازەری کردنی شار ڕەنگێکی تری بەخۆە گرت.

لە سەردەمی کۆماری کوردستان وێڕای ئەوەی بەشێکی بەرچاوی سەرۆک هۆزەکانی ئۆرمیە لە کۆمار دا بەشدار بوون ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات بوون.

 

بە هۆی دروست بوونی گرفت لە سەر بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی کە ئازەری و کورد تێکەڵ بوو لە نێوان کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان ڕێککەوتنامەیەک ئیمزا کرا کە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنامە بڕیار درا لە هەر شارێک کە کورد لێ زیاتر بوو ئیدارەی ئەو ناوچانە بەدەست کوردەوە بێت و بە پێچەوانەش.

 

دوای ڕووخانی کۆماری کوزدستان و هەوڵەکانی حەمە ڕزا و کۆماری ئیسلامیش بە تایبەت بۆ دژایەتی کردنی نەتەوەی کورد لە ئورمیە بەردەوام بەڵام کوردەکانی ئەو ناوچانە بە تایبەتی ئورمیە بەردەوام لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات دا لە شۆڕش دا ڕۆلێکی تایبەتیان هەبوو و کە لە ئورمیە چالاکی بەربڵاویان هەبووە شەهید نحۆ باپیر، شەهید سەروان حەتەم، شەهید دکتۆر قاسملوو و بە سەدان شەهیدی تر لەو ناوچانە بەڵگەیەکی تری کوردستان و کاریگەری کوردەکان لەو ناوچانە و بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد بوون.

 

ئورمیه لە ڕۆژگاری ئێستا.

ئورمیە بە درێژای ڕێژیم پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی وەک ئازەربایجان نیشان دراو هەوڵی بۆ درا شیعە بوونی ئازەریەکان وەکو قەڵغانێک بۆ شۆڕشەکانی کورد بەکاریان بێن کە سەرکەوتوو بوون. هەروەها بەردەوام بە شێوازی جواروجۆر بە دروست کردنی ناکۆکی و دوبەرەکی هەوڵی سڕینەوەی کوردیان داوە کە هەروەکو لە سەرەوە باسمان کرد وێڕای ئەو هەوڵانە نەیاتوانیوە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن چونکە ڕەگی کود لەو ناوچانە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.

 

لە ساڵی ۱۳۳۹ لە یاسای دابەشکردنی ئیدارەی وڵات ئورمیە وەک ناوەندی پارێزگای ئاەربایجانی ڕۆژئاوا لە ئاراستەی درێژە دانی ئەو سیاسەتانە دیاری کرا. دەتوانم بڵێم بە درێژای سەد ساڵی ڕابردوو تەنیا لە کاتی ئازاد کردنی ئورمیە لە لای کوردەوە نەبێت هیچ کات بەرپرسانی بڕیار دەری ئەو شارە وەکو ناوچەکانی تری کوردستان کورد نەبوون.

 

ئێستا ئورمیە وەکو ناوەندی پارێزگای ئورمیەیە کە دانیشتوانی بە گوێرەی ئاماری ساڵی ۱۳۹٥ هەتاوی 1,040,565 کەسە ڕێژەی دانیشتوانی ناو شار 750,805 کەسە ڕێژەی دانیشتوانی دەورو بەری 289760 کەسە. ئورمیە جیا لە ناوشار چوار ناحیەی تری بە ناوەکانی سلیوانا، نازلو، سرۆ، ئەنزەل، لە خۆ دەگرێت هیچ ئامارێکی دروستی دەرخەری ڕێژەی کورد و ئازارەی نیە بەڵام بەگوێرەی ناوچەکانی کورد نیشین ناحیەکانی سلیوانا سرۆ ئەنزەل و نازلو نزیکەی تەواوی کوردن هەروەها لە نزیک بیست ساڵی ڕابردوو دا بە هۆی نەبوونی دەرەتانی کار لە ناوچە کوردنیشنەکان و هۆکاری تر ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کورد لە ناو شار نیشتەجێ بوون کە هەموو پلانەکانی دوژمن بۆ بە ئازەری کردنی ناوچە پووچەڵ کراونەتەوە. بە گوێرەی تابلۆی سەرەوە ڕێژەی دانیشتوانی کورد لە ورمێ ئەگەر بە نیسبەیەکی باشیش زیادتر نەبێت لانی کەم زۆر بە ئاسانی لە نیوە زیادترە.

 

شایەنی باسە ئەگەر ڕێژەی دانیشتوان لە هەموو پارێزگای ئورمیەش لە نەزەر بگرین هەر بەو شێوەیە بۆ نمونە لە ۱۷ شاری ئەم پارێزگایە پێنج شاری مهاباد، بوکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، سەد لە سەدی کوردە کە بە گوێرەی ئامارەکان ڕێژەی دانیشتوانیان دەکاتە نزیکەی 900000 کەس کە ئەم ڕێژەیە نزیکە لە یەک لە سەر سێی هەموو پارێزگایە کە 3,265,219 کەسە. لە هەر ۱۲ شاری تریش کورد هەیە له هەندێک شار نزیک دو لە سەر سێی دانیشتوانە ئەم تابلۆیەش بە ڕوونی بە دیار دەکەوێ کە هەموو ئامارەکانی ڕێژیم هەڵەن و کورد بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاترە. هەروەها نابێ لە بیر بکرێت جیا لە کورد و ئازەری کەمینەیەکی ئەرمەنی و ئاشوری و بەهایی لە ئورمیە دا بۆ ساڵانی درێژە دەژین کە هەبوونیان وەک دەوڵەمەندیەک بۆ ئورمیە دەزانم جا هەر ڕێژەیەکیان هەبێت. هەر ئەو بابەتەش وای کردوە ئورمیە موزائیکێک بێت لە ئایین و نەتەوەکانی جیاواز.

 

ئورمیە لە ڕووی ئابوریەوە

ئورمیە وەک دراوسێ باکور و باشوری کوردستان لە ڕووی ستراتیژکیەوە گرنگیەکی تایبەتی هەیە.

 لە ڕووی ئابووریشەوە گرنگیەکی یەکجار زۆری هەیە چونکە لە جوتیاری دا دەتوانێ ببێت بە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگ دەشتە بە پیتەکان کە لە ڕێگەی چەند ڕووبارەوە ئاودێر دەکرێن. هەروەها لە باغداری و بەرهەمهێنانی سێو و ترێ دا لە ئاستێکی بەرز دایە. بە گوێرەی ئامارەکان ٦٫٥ لە سەدی بەرهەمی جوتیاری ئێران لە پارێزگای ئورمیە بەرهەم دێت. جۆراو جۆری بەرهەمەکان و ڕێژەی زیادی بەرهەم هێنان وەکو پارێزگاکانی تری کوردستان لە ڕێژەی یەکەمەکانی ئێران دایە. بەڵام بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ڕێژیم لەو پتانسیلە گەورەیە کەڵک وەرنەگیراوە لە رووی پێشکەوتن لە پارێزگاکانی دوایی هەژمار دەکرێت. سیاسەت و بڕیاری پێویست بۆ مودێرن کردی جۆری بەرهەم هێنان و هەروەها دروست کردنی بازار بۆ بەرهەمەکان نەدراون ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ ناڕەزایەتی گشتی جوتیاران.

 

لەڕووی پێشەسازی و کانزاکان ئورمیە دەرفەتێکی یەکجار زۆری هەیە بە تایبەتی لە پیشەسازی خۆراک بە هۆی هەبوونی زۆری بەرهەم هێنانی خۆراکی هەروەها لە بوارەکانی تر لە ئاستی پێویست دا نیە. بە تایبەتی کەڵکی پێویست لە کانزاکان وەرنەگیراوە کە لەوناوچانە زۆر کانزای بەنرخ و وەکو بەردی جوراو جۆر و خوێ و زێڕ هەیە.

 

یەکێکی تر لە دەرفەتەکانی ئابوری کە دەتوانێ ببێت بە سەرچاوەیەکی ئابوری گرنگ لە ئورمیە بواری گەشتیاری کە وێڕای سروشتێکی جوان و بەدەیان ناوچەی گەشتیاری  گەلێک ئاساری تاریخی هەن کە گرنگیەکی زۆریان هەیە بەڵام بەداخەوە لەو بوارەش دا سیاسەتی پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ نمونە کەلیسای نەنە مەریەم و سیر کە بە یەکێک لە کۆنترین کەلیساکان دادەنرێت و دەتوانێ لە گەڵ کەلیسا کۆنەکانی ئەوروپا بەرئاورد بکرێت تەنانەت ناناسرێن. بە گشتی لە چوارچێوەی ئەو ڕێژمە دا دەرفەت نیە بۆ هێنانی گەشتیارو پەرەپێدان بەو سێکتۆرە گرنگەی ئابوری و کەلتوری.

 

ئورمیە ۱۳۳۲ میتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە کە بە ناوچەیەکی شاخاوی کە دەشتی بە پیتی هەیە دەناسرێت زستانێکی سارد و بەهار و هاوینێکی دڵرفێنی هەیە. لە هاوین دا تا ۳٤ پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە لە زستانیش دا هەندێک جار بۆ ژێر سیفر پلەی گەرمی سارد دەبێت.

 

یەکێک لە گرفتەکانی هەرە گرنگی ئورمیە لە ڕۆی ژینگەیەوە ئەویش خۆی لە وشک بوونی گۆلی ئورمیە دەبینتەوە گۆڵی ئۆرمیە بە ڕێژەی ۲۳ لە سەدی سوێری بە سوێرترین گۆڵی دونیا دادەنرێت گرنگیەکی یەکجار زۆر بۆ ناوچەکە و ئورمیە هەیە. بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی ئاوبەند دروست کردن و نەبونی پلانی پێویست ئێستا گۆلی ئورمیە بەرەو ڕووی وشک بوونە کە ئەو چەندە مەترسیەکیزۆر بۆ ئورمیە هەیە وێڕای گۆڕینی کەشناسی دەبێتە هۆی نەمانی سەرچاوەیەکی سروشتی جوانی و هەروەها دروست بوونی زریانی خوێ. هەروەها پیس بوونی هەوای شاری ئورمیە کە هەندێک جار بۆ ئاستی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە نیگەرانیەکی نوێی دروست کردوە.

 

داهاتووی ئورمیە.

 بە لەبەرچاو گرتنی ئەو تابلۆیەی سەرەوە ئورمیە لە ڕۆی مێژووی و مرۆڤی و جوگرافیەوە بە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی زۆر ستراتیژ لە خاکی کوردستان دادەنرێت. بەڵام بە هۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی ناوەندی بە درێژای مێژوو بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی کورد و درووست کردنی ناکۆکی دوبەرەکی لە نێو دانیشتوان دا ببێتە گۆڕەپانی ملاملانێکان.

 

کە واتە بۆ هەبوونی داهاتوویەکی ڕوون لە ئورمیە و پارێزگای ئورمیە بەگشتی دەبێ ئەو دو بابەتە چارەسەر بکرێت یەکەمیان ئەو خاکە بە ناوی خۆی واتە کوردستان شاد ببێتەوە چونکە بە سڕینەوەی کورد یا دوژمنایەتی یا نەبوونی ڕەزامەندی کورد ئەو شارە نە ئارامی بە خۆیە دەبینێ نە لە سەر پێ دەوستێ بۆ پێشکەوتن و هەبوونی داهاتوویەکی ڕوون.

دووەمیان لە جیاتی دو بەرەکی و دوژمنایەتی ببێت بە شاری پێکەوە ژیان و ئاشتی کە هەموو نەتەوەیەک تەنیا ئەگەر کەمینیەیەکی کەمیش لە دانیشتوان پێک بێنن دەبێ خاوەنی هەموو مافێکی دێموکراتیک بن. ئەوە سیاسەتی دوژمنانە کە بە هۆی جیا بوون لە ڕەگەز و ئایین دوبەرەکی و دوژمنایەتی دروست ببێت. بەڵکو ئێمە دەتوانین لە چوارچێوەی کوردستانێکی دێموکراتیک هەر کەسێک بە ماف و ئازادیەکانی خۆی بە سەربەستی بژیت. من یەک نمونە دەهێنمەوە لە وڵاتی بلژیک کە لە ڕووی ڕووبەرەوە لەوانەیە زۆر گەورەتر لە پارێزگای ئورمیە نەبێت بە سێ حکومەت و چەند زمان و نەتەوەی جیاواز یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانە ئێمەش دەتوانین ئاوا بین بە مەرجێک بە دیالۆک و لێک تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک ئەو کارە بکەین کە واتە بۆچی دەبێ خوێن بڕێژێت یا شەڕو ناکۆکی دروست ببێت.

 

بەڵام ڕئاڵیتەی سەردەمیش نابێت لە بیر بکەین ئێمەی کورد لە کاتێک دا دەتوانین لە گۆڕەپانێکی وا دا سەرکەوین و داخوازو بنەماکانمان جێبەجێ بکەین کە بەهێز بین.

 

ئەو بەهێز بوونە زۆر واتە هەڵدەگرێ دەبێ بە هەموو واتاکانەوە بەهێز بین چونکە مێشکی زۆر هەن کە بە بیرۆکەی شوڤینیستی دژایەتی کردنی کورد پڕکراوە. تێکدان بە ئامانجی زیانگەیاندن بە کورد کاری ئەوانە بۆیە ئێمە کە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانمان بۆ هەموو دانیشتوان پێیە دەبێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەو پەیامە کە بەختەوەری بۆ هەوو لایەک دەهێنێ دەبێ هێزمان هەبێت ئەگەر نا سەر ئێشەی ئورمیە نرخێکی گرانی دەبێت بۆ هەموان و بە تایبەتی بۆ کورد.

 

ئەلبورز  ڕۆئین تەن

 

فارسی
کاتالۆگ