فیلم، داعشێك روبەڕو لەگەڵ كچێكی ئێزیدی… ‎چەند ژن‌و منداڵت لاقە كردوە لەو ماوەدا؟

كچە ڕۆژنامەوانی تۆری بی بی سی، ستەیسی دولی لەفلیمێكی دۆكۆمێنتەری ناوازەو سەرنجڕاکێشدا، چیرۆكی گەڕانەوەی كچێكی ئێزیدی بەكۆیلەكراوی دەستی داعش دەگێڕیتەوە،

Stacey Dooley_shirin

دەچێتەوە ئەو شوێنانەی لەموسڵ دەستدرێژی كراوەتە سەر، هەروەها ڕوبەڕو چاوی بەو چەكدارانەی داعش دەكەوێ كە دەستدرێژییان كردۆتە سەرو ئەشكەنجەیان داوە.

 

ئا: كاوە ڕەش ، ماڵپەڕی ئاوێنە

دۆكۆمێنتەری بی بی سی

https://www.youtube.com/watch?v=rJLk1EvjlNE

 

شیرین ناوی ئەو كچە ئێزیدیە ٢٣ ساڵەیە، كە هاوشێوەی سەدان مێینەی دیكەی هاوئاینەكانی، توشی كوشتن‌و ئازاردان‌و بەكۆیلە كردن‌و دەستدرێژی سیكسی بونەتەوە، لەسەردەستی چەكدارەكانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامیی لەعێڕاق‌و شام ناسراو بەداعش.

 

ستەیسی دولی دەڵێ، من لەعێڕاقم بۆیە هاتوم تا لەگەڵ ئەو كچەی كە بەشیرین بانگ دەكرێ‌و پێشتر بەزۆر كرابوە كۆیلەی سێكس بۆ داعشەكان‌و ئێستا لەچنگی ئەوان دەربازی بوە گەشتێك بكەین. شیرین ئێستا من لەگەڵ خۆی دەباتە مەترسیدارترین شار لەجیهاندا، كە ئەویش موسڵە. ئەو شارەی كە چەند مانگێك لەمەوبەر مەڵبەندێکی سەرەکی داعش بوەو شیرینی تێدا بەزۆر لاقە كراوە.

 

ستەیسی دولی، كە بەنێو كوچەو كۆڵانە خاپوركراوەكانی موسڵدا لەگەڵ شیرین دەیانەوێ ئەو گەرەك‌و ماڵانە بدۆزنەوە كە داعشەكان شیرینی تەمەن ٢٣ ساڵیان تێدا كردۆتە كۆیلەی سێكس، دەیان تەرمی چەكدارانی داعش‌و خەڵكی سڤیل دێتە بەرچاویان كە لەناو دارو دیوارە خاپوركراوەكاندا بۆنیان كردوە. ئەو دەڵێ “من هەرگیز پێشتر گەشتی وەها ترسناكم نەكردوە”.

 

هەر لەگەشتەكەیاندا ئامادەی دادگایی كردنی چەكدارێكی داعش دەبن كە یەكێكە لەوانەی دەستدرێژی كردۆتە سەر شیرین‌و دەیانی وەك ئەو.

 

لەناو ژوری دادگادا ڕوبەڕو لەكاتی دادگاییكردندا ئامادە دەبن، كە بیست خولەك دەخایەنێت‌و دادوەر سزای مەرگ بەسەر چەكدارە گەنجەكەی داعشدا دەدات.

 

ڕۆژنامەوانەكەی بی بی سی، توشی شۆك دەبێت ‌ دەڵێ “ئەوە كاتێكی لەبیرنەكراوە لەژیانمدا كە لەژوری دادوەر ئامادە ببم‌و ببینم كەسیك لەماوەی بیست خولەكدا سزای مەرگی بەسەردا بدرێت”!

 

شیرینی كچە ئێزیدی دوای ئەو هەمو نەهامەتییەش بەدەستی داعش، هێشتا هەستی مرۆڤانەی بەرزە، ئەو دەڵێ “وا هەست ناكەم سزای مەرگ بدرێن بەڵكو زیندانی بكرێن‌و ببنەوە بەكەسانی ئاسایی تا بزانن. چ تاوانێكیان ئەنجامداوە”.

 

لەمیانی گەشتەكەدا بەنێو شاری موسڵدا لەكۆڵانێكدا شیرین پەنجە بۆ خانویەك درێژدەكاو‌ دەڵێ “ئەوە یەكێك بوە لەو ماڵانەی تێدا كۆیلە كراوە”.

 

كاتێك لەگەڵ ڕۆژنامەوانەكە لەدەرگای ماڵەكە دەدەن، خێزانێكی عەرەب دەرگا دەكاتەوەو دەچنە ژورەوە، شیرین دەڵێ “ئەوە هەمان ئەو قەنەفەو جێگایەن كەو ئەو لەسەریان دانیشتوە”، ژوری نوستن دەستنیشان دەكات‌و دەڵێ “لێرە بەزۆر دەستدرێژی كراوەتە سەر “، هەرچەندە ئەو بەرگری كردوە، بەڵام دەڵێ “هێزی ئەو پیاوەم نەبو كە منی كڕی بو بۆ خۆی”.

 

خێزانە عەرەبەكە دەڵێن، ئەوان لەكاتی هاتنی داعش بۆ شارەكە هەڵهاتون، چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە لەماڵەكاندا ژیاون.

 

 

شیرین دەڵێ “بۆیە گەڕامەوە موسڵ تا ڕوبەڕو تاوانبارەكان بهێنمە بەردەم دادگا، بۆیە ئەوە دەكەم تا خەڵك بڕوا بكات ئێمە چیمان بەسەرهاتوە، هەروەها هاوكاری ئەوانەش بكەم کە هێشتا لای داعش دەستبەسەرن”.

 

 

شیرین دەشڵێ “كاتی دەستبەسەر كردنم منیان بردە ماڵێك كوڕەكەیان هەمو كات كە دەهاتەوە ماڵەوە دەستدرێژی دەكردە سەرم، هەوڵم دەدا ڕێگری لێبكەم، بەڵام تواناو هێزی ئەوم نەبو”.

 

 

هەر لەگەشتەكەدا دەچێتەو ئەو مەیدانەی كە كرابوە بازاڕی كرین‌و فرۆشتنی مێینەكانی ئێزیدی لەنزیك ناوجەرگەی موسڵ. ئەو دەڵێ “ئەوە دواجار بو كە بەشیك لەخێزان‌و هاوڕێكانم بینی لەو بازاڕە مامەڵەیان پێوە دەكرا”.

 

دەشڵێ “باوكم هێشتا بێسەروشوێنە، خوشكەكەشم لەسەرەتاوە براوەو ئەویش دیار نیە كە زۆر بەئازارن بۆ من”.

 

لەبەشێكی دیكەی گەڕانەوەی شیرین بۆ بەشی كۆنی شاری موسڵ، بۆ دیاری كردنی شوێنێكی دیكە كە لێی دەستبەسەر بوە، بەڵام بەهۆی وێرانبونی تەواوی خانوو بیناكان ناتوانێت ئەو گەڕەك‌و ماڵە بدۆزێتەوە، شیرین دەڵێ “چوار جار هەوڵی خۆكوشتنی داوە، بەڵام لەلایەن ئەو چەكدارانە وەك كەنیزە لایان بوەو ڕێگری لێكراوە لەبەرامبەردا ئازارو ئەشكەنجە دراوە.”

ڕۆژنامەوانەكە دەڵێ “كەمێك دەربارەی سەیف بۆم بدوێ ئەو فەرماندە داعشەی تۆی كڕیبو”.

 

شیرین دەڵێ “كەسێكی شەڕكەر بو، خەڵكی دەكوشت”.

 

كاتێك شیرین دەچوە سەر باسكردنی ژیانی كەسی لەگەڵ سەیف، چەكدارە داعشەكە، ئەو تیمە سەربازییەی پارێزگاری تیمی بی بی سی‌و هەواڵەكانیان دەكرد ڕێگریان لەكچە ئێزیدیەكە كرد قسە بكات، یەكێك لەفەرماندە عێڕاقیەكە كە بەمەیدانی لەگەڵیان بو گوتی “ڕێگا نادەم باسی ژیان‌و چۆنییەتی نوستن‌و دانیشتی بكات لەگەڵ داعش، چونكە ناموسی شیرین (بەقسەی ئەو) هی هەمو ژنێكی عێڕاقیە پێویست ناكات بۆ ڕاگەیاندن بیڵێ ئەو باسە، هەمو كەس خراپەكانی داعش دەزانێت”.

 

هەرچەندە شیرین دەیویست قسە بكات‌و گوتی ئەمە كەیسێكی كەسی منە دەمەوێ جیهان بیزانێت.

 

دواتر چونە شوێنێكی سەربازی‌و ستەیسی دولی‌و‌ شیرین روبەڕو لەگەڵ فەرماندەیەكی داعش، كە ئێستا لای هێزە عێڕاقیەكان زیندانیە بەناوی “عومەر”، تەمەن ٢١ساڵە، دان بەچەندین تاوانی ترسناكدا دەنێ كە لەنزیكەوە بەرامبەر ئێزیدیەكان ئەنجامی داون. تەنها خۆی سێ كچی ئێزیدی وەك كۆیلەی سێكس هەبوە، سەرباری چەندین تاوانی دیكەی دەرهەق بەئەوان وەك كوشتنی پیاوەكان‌و دەستدرێژی بۆسەر ئافرەتان.

 

ستەیسی دولی، ڕۆژنامەوانی تۆڕی بی بی سی‌و شیرینی كچە ئێزیدی لەژورێكدا ڕوبەڕو لەگەڵ بەرپرسەكەی داعشدا دەدوێن، ستەیسی بەدەستگیركراوەكەی داعش دەڵێ “شیرینی هاوڕێم خەڵكی شەنگالە، ژنێكی ئێزیدیەو دڵنیام دەربارەی ئەوان شارەزای، چەند پرسیارێكت لێ دەكا وەڵامەكانی دەوێت لەتۆ “.

 

شیرین لەداعشەكە دەپرسێ “بۆ چویە ناو داعش؟.

 

لەوەڵامدا دەڵێ هەژاربوم‌و كەسم نەبو، تەنها خوا نەبێ منیش لەبەر پارە چومە ناویان.

 

شیرین: زانیاریت هەیە چەند كەست كوشتبێ؟”.

 

عومەر: بەدەستی خۆم نزیكەی نۆسەد كەسم كوشتوەو سەربڕیوە!!.

 

شیرین: تۆ بەشداریت لەهێرشی سەر شەنگال كردوە؟”.

 

عومەر: سەرەتا نا، بەڵام دواتر بەشداری هێنان‌و كوشتنم كردون، سی بۆ چل كەسمان لە‌لۆری باردەكردو دەمان كوشتن”.

 

شیرین: چۆنت هەست دەكرد كاتێك دەتكوشتن؟.

 

عومەر: هاواریان دەكرد بۆ دەمانكوژی؟ چیمانكردوە؟.

 

شیرین: وەك بزانی چەند ژن‌و منداڵت لاقە كردوە لەو ماوەیەدا؟.

 

عومەر: لەوماوەیەی لەگەڵ ئەوان بوم، پازدە بۆ شازدەساڵان نزیكەی پەنجا دانە كچ‌و منداڵ، ئەوانی بەتەمەنتریش نزیكەی دوو سەد ژن.

 

شیرین: پێمان بڵێ كاتێك دەستدرێژیت دەكردنە سەرو هاواریان دەكرد بوەستی تۆش بەردەوام دەبوی؟

 

عومەر: كاتیك دێتە سەر سێكس كەس ناتوانێت كۆنتڕۆڵت بكات، ئارەزو خواستێكی بەهێزە.. كاتێك تەواو دەبوم، دەمبینی دەگرین دڵم تۆزێك دەشكا، دەسترێژیەكانیش ڕۆژانە بون چونكە پیاو جیاوازە، بەڵام ئەو كاتە جیاواز بو لەژێر پاڵەپەستۆدا بوم فەرمانم پێدەكرا كە وابكەم، ئەگەرنا بەرپرسەكەم بەچەكەوە لەسەرم ئامادە بو. من ئێستا ئامادەم سزای تاوانەكانم بدەم كە دەزانم سزاكەم كوشتنە، ئێستا چاوەڕێی جێبەجێكردنی دەكەم.

 

قوربانییەكەی دەستی داعش‌و ڕۆژنامەوانەكە بەعومەر دەڵێن كاتی ئێمە تەواو بو هیچت هەیە بتەوێ بیڵێی؟

 

عومەر دەڵێ “مەبەستم نەبو بەو قسانە ئازارتان بدەم، بتانترسێنم”.

 

كچە ڕۆژنامەوانەكە لەوەڵامدا بۆ عومەر دەڵێ “من لەتۆ ناترسێم، پێم وانیە شیرینش بترسێت ئەو كچێكی بەهێزە”.

ترۆریستی داعش

فیلم

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو