ئەوانی لە هیچ هەموو شت سازدەکەن چی جیاوازیەکیان لە گەل ئێمە هەیە؟ مەجید حەقی – فینلاندی

 

دەڵێن کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەیهەویست سەربەخۆیی وڵاتەکەی رابگەیەنێت، لەبەرامبەر خەڵکەکەدا دەستەوەستان راوەستا و گریا. گریانێکی تاڵ و پڕ لە خەم. بە خەیاڵیش سەختە رێبەری وڵاتێک لە بەرامبەر گەلەکەی راوەستێت و دەست بە گریان بکات. majid_hakki_nuقەرار وابوو ببێ بە بەشێک لە وڵاتی مالێزی، بەڵام دوای دووساڵ ئەو یەکگرتنەوەیە هەڵوەشایەوە. هەندێک دەڵێن لە ساڵی 1965 دا مالێزی بۆخۆی ئەو دوڕگە بێ کەڵکانەی بەهۆی ئەوەی کە بەکاری هیچ شتێک نەدەهاتن هاندا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆیی.

ئەو وڵاتە لە راستیدا لە دەیان دوڕگەی پڕش و بڵاو پێک هاتبوو، کە ئێستا لە رووی رووبەری خاکیەوە سەدونەوەدەیەمین وڵاتی جیهانە. تا بەرلە سەدەی نۆزدەهەم یەکێک لە ترسناکترین داڕستانەکانی ناوچە و جێگای ژیانی تیمساح و دڕندەی دیکە بوو.

دواتر بۆ ماوەیەک شوێنی دوور خستنەوەی زیندانیە مەترسیدارەکانی مالێزی بریتانیا دەژمێردرا.

دوڕگەیەک کە بناغەی نەوتی نەبوو، بە پێچەوانەی باشووری کوردستان کە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت. هیچ جۆرە کانگای ژێرزەوی لەو ولاتەدا نەبوو. زیاتر لە سەدا چلی خەڵکی ئەو وڵاتە گیرۆدەی مادەهۆشبەرەکان بوون و زیاتر لە ٥٠٪ خەڵکەکەی لە ساڵی 1965 نەخوێندەوار بوون. بەڵام ئێستا ئەو وڵاتە بێ سەرمایە و دوڕگە دوور هاوێژراوە یەکێک لە سێ وڵاتی هەرە دەوڵەمەندی جیهانە کە داهاتی سەرانەی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2016 بەرزترینی جیهان واتە 85 هەزار دۆلار لە ساڵ دابوو). ٩٠٪ خەڵکی وڵاتەکە خاوەنی خانووی خۆیانن. لەوانەیە لە مەبەستی من تێگەیشتبن. من باسی وڵاتی سەنگاپوور یان سینگاپوور دەکەم

ئەو وڵاتە رەش و رووتە چۆن توانی لەماوەی 50 ساڵدا بەو ئاستە بگات؟ و کوردستان دوای 26 ساڵ داهاتوویەکی نادیاری هەبێت؟ دیاری کردنی ستراتێژی نەتەوایەتیی ئەگەر زۆر بە کورتی بلێین: هۆی گەشەکردنی سەنگاپوور داڕشتنی ستراتێژی نەتەوایەتیە کە لەسەر چوارتەوەرەدا دامەزرابوو: یەکەم: یاسامەندی دەسەڵات وەک نموونە: سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی 1965ی سەنگاپوور هەموو ئەو لاوە خوێندەوارانەی کە لەدەرەوە و ناوخۆی وڵات بوون بانگ هێشتی کردن و هیچکام لە دۆستانی نزیکی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەی خۆی نەکردە ئەندامی کابینەی دەسەڵات. ئەو هەموو کاربەدەستانی دەوڵەتی ئاگادار کردەوە کە ئەگەر بێت و لەکاری خۆیان هەڵە بکەن دوو رێگا زیاتریان نیە: ١. خۆ کوشتن و ٢. دادگایی کردن.

دووەم: ئابووری پرۆسەیەکی جیهانیە، سەنگاپوور کەشێکی تەندوروست و تەناهیی وای بۆ سەرمایەگوزاری و پشتیوانی لە گرێبەستە ئابووریەکان خوڵقاند کە دەسمایەدارەکان بەتایبەت بێگانەکان بڕوایان بەوە هەبێت، کە گەر بێت و کێشەیەک بێتە پێش کێشەی ئەوان بە شێوەی دادپەروەرانە چارەسەر دەبێت. ئێستا سەنگاپوورێک کە لە گەڵ هەژاری و برسێتی دەست و پەنجەی نەرم دەکرد، لەباری دەسپاکی ئابووریەوە لە ریزی باشترینەکانی جیهانە.. ئەو دەستەیەی کە بۆ بەرێوەبردنی وڵات هەڵبژێردراو

کەسانێک بوون کە تێگەیشتن کە بۆ ئابووری دەبێ جیهانی بیر بکرێتەوە و بەشێوەی خۆجێی کار بکات. سەنگاپوور کرا بە ئامانجی سەرمایەدارانی بێگانە. بە شێوەیەک کە لەسەرەتای سەدەی ٢١مدا ٧٥٪ بەرهەمهێنانی وڵات و ٨٥٪ ی هەناردەی ئەو وڵاتە پێک دێنن.

بۆ ئەوەی بتوانێت لە گەڵ جیهان لە پێوەندیدا بێت، جیا لە زمانەکانی خۆجێی، زمانی ئینگلیزی وەک زمانی هاوبەشی وڵات هەڵبژارد و بەوەش توانی پێوەندیە ئابووریەکانی خۆی لە گەڵ جیهان پەرەپێبدات و کەسانی پسپۆر و خاوەن ئەزموونی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات راکێشێت. سیستەمی دێموکراتیکی ئەو وڵاتە بۆ پێرەوانی هەموو ئایینەکان و کەمینە نەتەوەکانی خوڵقاندووە بەشداری یەکسان لە دەسەڵات بکەن. ئێستا سەرۆ کۆماری ئەو وڵاتە خاتوونێکی موسوڵمان بەناوی حەلیمە یەعقووبە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە لە سیستەمێکی دادپەروەرانەی دێموکراتی و سێکولاردا ئایین نابێتە چەکی سیاسی و دژی مرۆڤەکان لە پێناو دەسەڵات بەکار نابردرێت.

کاتێک کە حەشیمەتی خوێندەوار و کارزان لەکەمی دا، ئەو کێماسیەی لە رێگای سیاسەتی تایبەتی کۆچبەریەوە قەرەبوو کردەوە. ئێستا ٣٠٪ دانیشتوانی سەنگاپوور خەڵکی بێگانەن.

سەنگاپوور کە تەنیا لە هاوسێتی دوو وڵاتدایە، بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە لە گەڵ ١٩٠ وڵاتی جیهان پێوەندی سیاسی و ئابووری دامەزراندووە.

سێهەم: بەکارهێنانی دەرفەتە نایابەکان، سەنگاپوور کاتی سەربەخۆیی نەخاوەنی کانگای ژێرزەوی بوو، نە زەویەکی وای هەبوو بۆ کشتوکاڵ و نە هێزێکی کاری پەروەردەکراوی هەبوو. ئەوان بە پێچەوانەی خۆمان هیچیان نەبوو! تەنیا یەک شتیان هەبوو: هەڵکەوتی جوگرافی ئەو وڵاتە لە سەر ێگای هاتووچۆی گەمیەکانی جیهان هەڵکەوتبوو. ئەوان ئەو دەرفەتەیان کردە سەرمایە و بوون بە جەمسەرێکی گرینگی هاتووچۆی گەمیەوانی و ئاڵوگۆرەکانی جیهانی ئابووری. هەروەها سەرمایەگوزاریەکی زۆریان کردە سەر سەکتەری گەشتیاری و خزمەتگوزاری. ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی گەشتیارانی ئەو وڵاتە خۆی لە ١٦ ملیۆن کەسدا. واتە سێ هێندەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە.

باشووری کوردستان خاوەنی هەڵکەوتێکی جوغرافیایی تایبەت و خاکەکەی خاوەنی مێژووی شارستانیەتی چەندین هەزار ساڵەیە، کە ئەگەر هۆشمەندی ستراتێژیکی نەتەوایەتی جێگای بەرژەوەندی کورتخایەنی حیزبی بگرتایە، ئێستا سەرەرای هەموو قەیرانەکانی دەوروبەر دەیتوانی ببێتە دوڕگەی ئارامی و پێشکەوتن.

چوارەم: دیسیپلینی کۆمەڵایەتی لەماوەی ساڵیانی زۆر خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ گەشەسەندن پابەندبوون بە دیسیپلینی بەهێز: فرۆشی بنێشت، تێپەرنەبوونی ئۆتومبێلەکان لە رێگای هاتووچۆی پیادە، رشتنی زبڵ لەسەر عەرز، جگەرەکێشان لە شوێنەکانی سنووردار. لە هەندێک جێگادا فرێدانی بنێشت یان چەسپاندنی بە شوێنێک نەتەنیا تاوانە بەڵکوو سزای زیندان و جەریمەش لەسەر ئەنجامدەرەکەدەسەپێت.

ساڵی رابردوو لە هەولێر چوومە چایخانەیەکی ناو هەولێر. کابرا لەناو چایخانەکەدا تابلۆی جگەرە کێشان قەدەغەیەی چەسپاندبوو. منیش بەدڵی خۆش چووم قاوەیەک بێ دووکەڵی جگەرە بخۆمەوە. دوای قاوەکە کاکی چایچی ژێر تابلۆی جگەرە کێشان قەدەغەیە دانیشت و دەستی کرد بە جگەرەکێشان. وتم کاکە خوێندەواریت هەیە؟ وتی بەڵێ مامۆستا بۆ؟ وتم ئەو تابلۆیەی سەرێ چی نووسراوە؟ وتی جگەرە کێشان قەدەغەیە!!

لە سەنگاپوور ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمینجار ژێر جگارە فرێدەدەنە سەر عەرز زیاتر نزیک ٣٠٠ دۆلاری ئەمریکی سزا دەدرێت. کەسانێک کە زبڵی گەورەتر وەک قوتووی ساردی لەسەر عەرز فرێ بدەن تووشی دادگا دەبن. بە هۆی ئەو دیسیپلین و یاسا سەختگیرانەیە کە سەنگاپوور لە راپرسیە جیهانیەکاندا بە یەکێک لە چاکترین وڵاتانی جیهان دەناسرێت.

ئێمە دەتوانین لە چیرۆکی سەرکەوتووی وڵاتانی جیهان ئەزموون وەرگرین، پێویست بە کۆپی کردنی مۆدیل ناکات بەڵام پێویست بە داڕشتنەوەی ستراتێژیەکی نەتەوایەتی و دریژخایەن دەکات تا بتوانێت ئابووری کورتخایەن بین، بێ سەروبەرەیی کۆمەڵایەتی و هەڵکەوتی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەک رێک بخات کە خزمەت بەبەرەو پێشچوون و گەڕاندنەوەی شکۆ رووخاوەکانی نەتەوایەتیمان لەو بەشەی کوردستاندا بێنێت.

وەرگیراو لە فەیسبۆکی نووسەر

 

 

کاتالۆگ