ڕێککەوتنی یەپەگە و سوریە. حەسەن ماوەڕانی

دوێنی بەیانی، واتە چوار شەممۆ ٢١ی مانگی دوو، تەفسیری رۆژنامەنووسی ئاڵمانی، باومگارتنم لە رادیۆی SWR، بە چەند دێڕێک نووسین لەسەر ناوەڕۆکەکەی لەسەر ناسنامەی ئەو هێزانەی کە سوریە ڕەوانەی ئەفرینی کردوون لە فێسبوکدا بڵاو کردەوە. شەو بەڕێز عەلی جەوانمەردیش بە ئاماژە کردن بە چەند سەرچاوەی هەواڵدەریی جیاواز بە ڕاشکاوی ماهیەتی ئەو هێزانەی شیکردەوە.hassan-mawerani-2017_0

تێکرای ئەو هێزانە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی ئێرانەوە ساز کراون و کۆک و پۆشتە کراون. هەروەک بەڕێز عەلی جەوانمەردی باسی کرد، منیش لەو بڕوایەدام کە ئەوە پێلانی هاوبەشی داگیرکەرانە. من بە ڕاشکاوی و بە پێی هەواڵەکانی بڵاو کراوە لە ماڵپەڕی شپیگڵ دا، دەوری روسیە لەم زەماوەندەی داگیرکەرانی سەرەکی کوردستان، واتە تورکیە و ئێران ، بە گرینگ دادەنێم.

هەروەک لە نووسراوەکانی پێشوش دا ئاماژەم پێکردووە، سوریە گۆڕەپانی ململانیی دوو زلهێزی روسیە و ئەمریکایە. کورد لەبەرداشی ململانی ئەو دوو زلهێزەدا گیرساوە و لە هەمانکاتدا کە یەپەگە توانیوێتی لە ئەو ململانیە بۆ دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەرگرێ و لە ڕادەی جیهانیدا، سەرەڕای هەر ڕەخنەیەک و جیاوازاییەکی بیر و باوەڕی، وەک هێزێکی پارێزەری دیمۆکراسی بناسرێ.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئامانجەکانی ئەو دوو زلهێزە، کە هیچکامیان لەئاست لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی خۆیان جیاوازیان نییە، روسیە بە توندی لایەنگری پاراستنی هەڵکەوتەییی سنورەکانە وەک لە پەیمانی سایس – پیکۆ دیاریکراون و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو ڕوانگەیەدا بە دابینکراوی دەزانێ، بەڵام ئەمریکا پابەندی مانەوەی ئەو قەوارە ژێئۆپۆلیتیکیە نییە و گەر بەرژەوەندییەکەی بخوازی بە هاسانی مل بە گۆڕانکاریی ئەو سنورانە دەدا. هەروەها روسیە پابەندی بیر و ڕای گشتیی جیهانی نییە و بە شێوازی دیکتاتۆریانە و تۆتالیتری ئیدارە دەکرێ و لەڕاستیدا بڕیاردەر و هەمەکارە هەر پۆتینە.، بەڵام ئەمریکا دەستەڵاتخوازی و داگیرکەری و چاک و خراپی سیاسەتەکانی بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیر و ڕای گشتی بۆ ناگونجێ و خۆی بە پارێزەری دێمۆکراسیی سەرمایەداری دەزانێ. هەموو گەندەڵکارییەکانیشی بەم دیمۆکراسیە رەنگ و بۆیە لێدەدا.

لە نێوان ئەو دوو بەرداشەدا، یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە ئەمریکای هەڵبژارد. هەڵبژاردنێک کە ئەگەر چی لەناچارییەوە بوو، بەڵام ژێرانە بوو. بەربەرەکانیی روسیە لە ئاست ئەو هەڵبژاردنە بوو بە هۆی ئەوەیەکە روسیە ببێتە بەربووکی زەماوەندی دوو لاباڵی ئیسلامی سونی و شیعە و تورکیەی ئاکپارتی و کۆماری ئیسلامی لێک گریداتەوە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی کە یەکێکیان پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سنوورەکانی داسەپاو بوو و ئەویتریان پەرەپێدان بە نفوزی هیلالی شیعەیە لە بەرانبەر ئیسرائیل وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

شەڕی ئەفرین و هێرشی مەغۆڵانەی تورکیە و شڕەخۆرە تیرۆریستەکانی ئیسلامی، گەرچی لە تاران و بەر لە داگیرکردنەوەی کەرکوک، قسەی لەسەر کرابوو، بە هۆی بوونی هێزەکانی بەرگریی روس ، ڕاگیرا بوو. روسیە بە هیوا بوو بە بێ دانی هەرچەشنە ئیمتیازێک بە تورکیە، بتوانی لەسەر بنەمای پێوەندییەکانی پ.ک.ک و سوریە، ئەفرین بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد. بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەفرین بۆ ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لە لایەن روسیاوە، پاش مڵنەدانی یەپەگە بۆ ئۆلتیماتۆمی روس لەمەر ئیدارەی ئەفرین بە دەستی رژێمی سوریەوە لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، چرای سەوز بۆ تورکیە هەڵکرا. لەهەمان کاتدا پەیتا پەیتا روسیە داوای یەکگرتنەوەی رژێمی ئەسەد و یەپەگەی دەکرد. بە مل نەدانی یەپەگە و ترس لە ساز بوونی سپای ٣٠ هەزار کەسی کورد بە یارمەتی ئەمریکا، روسیە دەرگای بۆ هێرشی ئەردۆغان کردەوە.

ئەمریکا بە هەڵبژاردنی نیوە بێدەنگی لە ئاست ئەو پێشێلکارییەی یاسا نێو نەتەوەییەکانی تورکیەی هاو پەیمانی ناتۆ هەڵەیەکی ئاشکرای کرد و بوو بە هۆی سەرگرتنی پڵانی روسیە و تاران و ئانکارا. تەنانەت ئەردۆغان بە ڕوو هەڵداماڵدراوی هەڕەشەی زلە لێدانی عوسمانیانەی لە ئەمریکاش کرد. دیارە هەتا ئێستیا ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیی دانی چەک و کەرەسە بە یەپەگە و بە ڕاشکاوی داواکانی تورکیەیان بەرپەرچ داوەتەوە. بەڵام سیاسەتێکی ڕوونی بۆ بەرگری لە سەرکەوتنی ئەو پیلانە ڕەچاو نەگرتووە. هەربۆیەش ڕیککەوتنەکانی نێوان تورکیە و سوریە و ئێرانیش هەتا دێ پتر دەبێ. ویستی هەر سێ ناوەندی مۆسکۆ و ئانکارا و ئێران، نەمانی دەسەڵاتی کوردە لە ناوچەکە و پاراستنی سنورەکان. ڕیککەوتنیان لەسەر هاتنی چەکدارانی هیلالی شیعە بۆ ئەفرین بە هیوای نەهێشتنی دەسەڵاتی یەپەگە و کۆنترۆل کردنەوەیەتی لەلایەن سوریەوە. گەر سەربگرێ تورکیەش بەم شێوازە خۆی لە ئەنجامەکانی ئەو داگیرکارییە لەسەر داهاتووی خۆی، کە هەتا دێ لە جیهاندا ریسواتر دەبێ دەرباز دەکا و بە گەڕاندنەوەی سەروەری رژیمی ئەسەد وەک سەرکەوتوو لە شەڕ دەگەڕێتەوە ناو خاکی خۆی..

یەپەگە لە ڕووی ناچارییەوە ملی بە وتووێژ لەگەڵ ئەسەد دا. لەو وتووێژانەدا بە پێی نووسراوەی شپیگڵ لە ماڵپەڕەکەیدا، روسیە بەشدار بووە. ئەنجامی ئەو دانیشتن و دان و ستانە بوو بە هاتنی ٤٥٠٠ تیرۆریستی ئیسلامیی شیعە بۆ ئەفرین. لەکاتێکدا مەبەستی یەپەگە ئەوە بوو کە سپای سوریە بەرەنگاری تورکیە بێتەوە. ئەوەش پێشاندەری یەک ڕاستییە کە کورد لە دان و ستان و وتووێژدا لاوازە ئەگەرچی لە بەربەرەکانیدا ئازایە و یەپەگە سەرتۆپی ئەو ئازایەتێیەیە. کەس ناتوانی سەری بۆ بۆ بەرخۆدانی خەڵکی ئەفرین و پێشمەرگەکانی یەپەگە دانەنەوێنی و لە گرینگی بەرخۆدانەکەیان کەم کاتەوە. بەڵام هیواداربووین لە وتوێژدا بتوانن وەک بەرخۆدان سەرکەوتوو بن.

دیارە زۆر کەس و بە تایبەت لایەنگرەکانی ڕێکخراوەیی پ.ک.ک وادەزانن کە چارەیەکی تر نەما بوو. من لەو باوەڕەدام چارەی تر هەبوو و هەیە و ئەویش دابەزینی دوو زلهێزی کوردی، واتە پارتی و پ.ک.ک لە هەڵوێستی هێژێمۆنی خوازانەیانە. بە بێ ترس لە پللار و تۆمەت و تانە لێدانی ئەم و ئەو بە ڕاشکاوی دەڵێم کە هۆی یەکنەگرتنەوە و هاوکاریی پێشمەرگە و گەریلا، ئەو هێژێمۆنی خوازێیەیە کە ئێران و تورکیە بە وردی کەڵکی لێوەردەگرن.

لە کۆتاییدا من پێم وانییە کە ئەو پیلانەی تاران و ئانکارا و مۆسکۆیش هەتا دوایی سەرکەوێ. چما خۆڕاگریی خەڵکی ئەفرین و یەپەگە لەوە بەرزترە کە بکرێ بە هاسانی بەو ٤٥٠٠ شڕەخۆرانە دەسەڵات لە کانتۆنەوە بدرێ بە دەمێشق. تەنیا زیان و خەسارەتی پتر بۆ کورد بەبار دێنێ!

22.2.2018

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو