کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 24 و 25، هەڵۆ بەرزەنجەیی

” خێل وەک زمانە سروشتییەکان و کەلتورە سروشتییەکان لە بوون و پەرەسەندنی خۆیدا پەیڕەوی لە سیستەمێکی سروشتی دەکات.

helo-berzenci-

هەڵۆ بەرزەنجەیی

 چۆن زمانێکی سروشتی کە پەرەدەسێنێ دەبێت بە چەند زمانێکی جیاواز،خێڵیش کە پەرە دەسێنێ دەبێت بە چەند خێڵێکی جیاواز،بەهەمان شێوە کولتور و زمانی خێڵیش لە پەرەسەندنی پەیڕەوی لە هەمان سیستەمی سروشتی پەرەسەندن دەکەن. خێڵ و زمانی سروشتی و کولتوری میللی وەک مرۆڤ کە پەرەدەسینن ئەوەی لییان دەکەوێتەوە لە رووی جۆرەوە هەروەک خۆیانە،بەڵام لە رووی ژمارەوە جیاوازە”.٣٨٦

کاتێ کار لەسەر سڕینەوەی کولتورە میللییەکان دەکرێت، داوای کولتورێکی سەراپاگیری فەرمی دەکەن. ئیدی هەموو دیاردە کولتووریی و زمانییەکان لەناو دەباو و دەیانخەسێنێ، لەپێناوی کولتوری هەرە باڵادا، کە دەوڵەتە دروستەییکەوە پێڕەو دەکرێ.

زمانێک کە دەکرێت بە زمانێکی ستاندارد تەنها بەوە ناکرێت بە زمانێکی ستاندارد کە کۆمەڵە رێزمانووسێک رێزمانەکەی بنووسنەوە و قوتابخانە بۆ فێربوونی دروست بکەن،بەڵکو ئەم زمانە دەبێت بەردەوام چاودێری بکرێت و رێگە بگیرێت لەوەی کە جارێکی تر سروشتی بچێتەوە ناوی و رۆحی بە بەردا بکاتەوە و بیکاتەوە بە زمانێکی سروشتی” ٣٨٩.

 خێڵ و زمانی سروشتی و کولتووری میللی، وەک مرۆڤ، کە پەرەدەسێنن، ئەوەی لێیان دەکەوێتەوە لە رووی جۆرەوە هەر وەک خۆیانن، بەڵام لە رووی ژمارەوە جیاوازن. مرۆڤ،مرۆڤ دەخاتەوە و باڵندە،باڵندە هەڵدێنێ.ئەوەشی خێڵ لە یەکتر جیا دەکاتەوە، وەک  مرۆڤەکان و زمانەکان  چۆنایەتییەکەیە، نەک شتگەلێکی دیکە.

خێڵ و نەتەوە لەوەدا جیاوازن کە خێڵ سروشتی مرۆڤ دایهێناوە،بەڵام نەتەوە ویستی مرۆڤ دروستیکردووە.خێڵ بەبێ سروشتی مرۆیی بوونی نابێت و ناشتوانێت بمێنیتەوە،نەتەوەش بەبێ ویستی دروستکردنی مرۆیی نە دەتوانێت ببێت و نەدەتوانێت بمێنێتەوە.خێڵ و نەتەوە هەر یەکەیان یەکەی پێکهێنەری  دوو کۆمەڵگای سەرووناوچەیی جیاوازن و بەوەش کە یەکەی ناو پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایەن لەناو خۆیاندا پەیڕەوی لە یەکبوون دەکەن و لە دەرەوەی خۆیاندا پەیڕەوی لە جیاوازی دەکەن”.٤٠١

پرۆسەی گۆڕینی خەسڵەتێکی سروشتی و مێژوویی، بە شمەکێکی دەستکرد، چەند زەق و نالەبارە، هاوسات هێندە سەختە،ئەو دروستکراوە مەحاڵە بتوانێ بۆ هەتا هەتایە خۆی ڕاگرێت و بەردەوام بێت. وەک ئەوەی دەوڵەتی عێراق نەیتوانیوە نەتەوەی عێراق دروست بکات و تورکیا و ئێران و زۆر دەوڵەتی تریش، وەک ئەوەی دەوڵەتی عێراق ئەو ئامانجە بهێننە دی .هەر بۆیە د. عرفان وتەنی:

 مۆدێرنیزم لە ڕاوکردنی سروشتدا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و لەو شوێنەدا کە ویستوویەتی ڕاوی سروشت بکات لە شوێنێکی ترەوە سروشت ڕاوی ئەوی کردووە.

“گەر نەتەوە لە ماددەی یەک خێڵ دروست بکرایە نەک لە مادەی چەند خێڵێک،ئەوە ئاستەنگ لەبەردەم دروستکردنەکەیدا دروست نەدەبوو،بەڵام لەبەرئەوەی بۆ دروستکردنی نەتەوە ماددەیەکی خاو پێویستە کە زیاترە لەو ماددە خاوەی کە سروشت خێڵی لێ دروست کردووە،ئەمە نەتەوەخوازی ناچار دەکات بۆ دروستکردنی نەتەوە،ماددەی نەتەوە لە چەند خێڵێکی  کەلتور جیاواز و زمان جیاواز وەرگرێت،ئەمەش وادەکات لەناو ماددە خاوەکەی نەتەوەدا ئاسەواری ئەو جیاوازییانە بمێنن کە سروشت خێڵەکانی پێ مۆرک کردووە و ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم ئەو یەککەلتوری و یەکزمانییەدا کە نەتەوەخوازی لەو مادەیەدا شێوەگیری دەکات.

کاتێک نەتەوەخوازی دەیەوێت بوونی نەتەوە لە رێگەی تاکە کەلتورێک و تاکە زمانێکەوە لەناو ماددەیەکدا شێوەگیر بکات،رووبەڕووی چەند هێزێکی بەرگریکەری جیاواز دەبێتەوە،ئەو هێزە جیاوازانەش پاشماوەی هەریەک لەو خێڵانەن کە بەو کەلتور و زمانە دەکرێن بە نەتەوە”٤٠١

نووسەر لێرەدا پرسیارێ دەورووژێنێ لەسەر نەتەوە، کە نەتەوەخوازەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا،نەتەوەی دروست  کردووە لە یەک هیولا، یەک خێڵ. لە دیدی نەتەوەخوازانەوە، هێزی عەقڵی کە فرەزمانی و فرە کولتورییە، ئاستەنگە لەبەردەم  پرۆسەی نەتەوەدا. هەر لەم ڕووەوەیە بیرمەندی نەتەوەخواز قسە لەسەر کۆمەڵگای کشتوکاڵی دەکات و بە دوو جۆر دابەشیان دەکات. کۆمەڵگای سروشتییە وەستاوەکان و پەرەسەندووەکان. نووسەر،لەسەر ئەم بابەتە نموونەی لۆژیکدار دەخاتە بەچاو و باس لە دیاردەی “غەریزەی زاڵبوون” دەکات. تا دەگاتە لای چەمکی ئیبن خەلدوون دەمارگیری/ عەسەبیەت.

ـ عەسەبە لە نێوان خێڵە پەرەسەندووەکان و خێڵە وەستاوەکان

“هیچ عەسەبەیەک بەبێ چالاکبوونی ئەم غەریزەی زاڵبوونە دروست نابێت،دروستەی عەسەبە لەگەڵ دروستەی خێڵی بەرایدا بەوە جیاوازە کە زاڵبوون مەرجی پەیوەندییە دروستەییەکانی ناو عەسەبەیە،بەڵام زاڵبوون مەرجی پەیوەندییە دروستەییەکانی ناو خێڵی بەرایی نییە”.٤٠٥

 زاڵبوون بە ناوەڕۆک، واتە بوونە خاوەنی دەسەڵات و فەڕمانڕەوایەتی بەسەر خەڵکی دیکەدا. دوای کارابوونی فاکتی زاڵبوون، قەوارەی عەسەبە گەورەتر دەبێت لە خێڵ.چونکە پێکهاتەیەک یاخود زیاتر بە زۆرداری لە خۆیدا دەتوێنێتەوە یان بەخۆیەوە دەلکێنێ.

“کەواتە هیولای دروستبوونی عەسەبە گەورەترە لەو هیولایەی سروشت خێڵەکانی لێدروست دەکات،ئەمەش وا دەکات بەبێ بوونی چەند خێڵێک عەسەبە بوونی نەبێت. کاتێک هێزی زاڵبوونی ناو خێڵێک خۆی لە هیوالای چەند خێڵێکی جیاوازدا بەرجەستە دەکات،بە بوونە خێڵەکییەکەی خۆی تەنها نەفی بوونە خێڵەکییەکەی ئەوان ناکات،لەهەمان کاتدا بە بوونە زمانی و کەلتوورییەکەی خۆیشی نەفی کەلتور و زمانە جیاوازەکانیان دەکات و لەناو زمان و کەلتورەکەی  خۆیدا دەیانکاتەوە بەیەک”.٤٠٥ 

خێڵە بەراییەکان  بۆ دابینکردنی زیاتری پێداویستییەکانی ژیان و تێر و تەسەلکردنی ئەندامەکانی خۆی، حەزی بە هێزو هەژموون و بە بە دەسەڵاتدارتربوونی تێدا دروست بووە. لە غەریزەی زاڵبوونەوە، زەمینەی بۆ هیوا و ئاواتەکانی خۆی خۆش کردووە. ئیبن خەلدوون دەڵێت:

” خێڵە بەزیوەکان دەبێت زمان و کەلتوری ئاینی خێڵە زاڵەکانی ناو عەسەبە هەڵگرن.پرۆسەی دروستکردنی عەسەبە لە خێڵە سروشتییەکان هەمان پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەکانە،چونکە نەتەوەخوازیش لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەدا کولتور و زمانێک لە کولتور و زمانی کۆمەڵگا ناوچەییەکان بە پرۆسەی بەستانداربووندا دەبات و زاڵی دەکات بەسەر هەموو ئەو کۆمەڵگا ناوچەییانەدا کە نەتەوەکەیان  لێدرووست دەکات”٤٠٥

 ئەمەش دیمەنێکی شەڕ و ململانێی نێوان بە هێز و بێ هێزە. هەڵبەت لەم میانەشدا هەمیشە هێزی براوە، مەرج و داواکارییەکانی خۆی دادەسەپێنێ، بەسەر دۆڕاودا.

” کاتێک عەسەبەیەک زاڵ دەبێت بەسەر خێڵێکدا و خێڵەکە دەهێنیتە ناو خۆیەوە،دروستەی کۆمەڵایەتی ئەو خێڵە تێدەشکێنێ و هەمان دروستەی کۆمەڵایەتی پێدەبەخشێت کە خۆی هەیەتی و بەمەش یەکبوونی ناوەکی خۆی دەپارێزێت.واتە عەسەبە بۆ پاراستنی یەکبوونی ناوەکی خۆی هەر خێڵێکی نوێ بێتە ناوییەوە دەبێت تێکی بشکێنێت و لەناوخۆیدا وەک بەشێک لە خۆی دروستی بکاتەوە و ئەو جیاوازیانەی تیا نەهێڵێت کە لە خۆی جیای دەکەنەوە. ئەم پرۆسەی تێکشکان و دروستکردنەوەیە هەمان ئەو پرۆسەیەیە کە نەتەوەخوازی لەسەر ئەتنیکە جیاوازەکانی ناو سنوووری دەوڵەتەکەی ئەنجامی دەدات و بەهۆیەوە دەیانکات بە بەشێک لە جەستەی نەتەوە”.٤١١

ئەم هاوکێشەیە یاسای سەرکەوتن نەخشی کردووە و ئامانجیش لێی گرتنەدەستی دەسەڵاتە،لە لایەن هێزی براوەی زاڵەوە.لە پێناوی سڕینەوەی بەرەی بەرامبەری لاوازدا. بەواتایەکی تر زیادکردنی هۆکارێکە،وەک  هێز و توانایەکی زیاتر بۆ سەر ئەو هێزەی خۆی هەیەتی. لێرەشدا هێزە تازە دەست بەسەرداگیراوەکە، دەبێ لە خودی خۆیدا بتوێتەوە . دەنا سەرکەوتنی بە تەواوی ئەنجام نەداوە.

 

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٢٥

ـ نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییەکان

“نەتەوەکان لە خێڵە سروشتیەکان ناکەونەوە،(…) بەڵام ناکرێ سەرهەڵدانی نەتەوەکان لە پێکهاتە خێڵەکییەکان دوربخرێتەوە،واتە ناکرێت بڵێین پێکهاتە خێڵەکیەکان هیچ رۆڵێکیان لە بوون و پەرەسەندنی نەتەوەکاندا نییە،بۆیە بۆ تیگەیشتن لە پەیوەندی نێوان خێڵ و نەتەوە دەبێت باس لە پەیوەندی نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییەکان بکرێت نەک پەیوەندی نێوان خێڵ و نەتەوە”٤١٢

نەتەوە لە خێڵەوە دروست نابێ، خێڵەکانیش لە ڕێگەی غەریزەی زاڵەوە یەک دەگرن یاخود لە پرۆسەیەکی دیکەدا، بە هۆی هوشیارییەکی عەقڵییەوە. نووسەر دواتر دەچێتە سەر باسی  پێکهاتە و جۆرەکانی خێڵ.

ـ عەسەبە و پێکهاتە خێڵەکییەکان

“عەسەبە خێڵێکی گەورە نییە،هەرچەندە وەک خێڵ لەناوخۆیدا پەیڕەوی لە یەکشوناسی دەکات،بەڵام شوناسەکەی شوناسێکی سروشتی نییە و شوناسێکی دروستکراو و سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵە خێڵێکدا کە دەکرێت لە رووی رەچڵەک و خوێنەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نەبێت،یان گەر پەیوەندیشیان هەبێت پەیوەندییەکی زۆر دوور بێت و هیچ رۆڵێکی لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان خێڵە بەراییەکاندا نەبوو بێت”٤١٣.٤١٤

لەم ڕوانگەیەوە، دەزانین ئەو کۆمەڵگەیەی لەسایەی غەزیزەی زاڵبوونە دروست دەبێت، ناوی عەسەبەیە و کۆمەڵگایەکی دروستکراوە و سروشتی نییە و  لە خوێن و ئێسکی ئەو کۆمەڵە خێڵە پێکهاتووە، کە خێڵێک لە ڕێگای زاڵبوونەوە، لە خۆیدا تواندوونیەتەوە.

ـ پێکهاتەی خێڵەکی وەک کۆمەڵگایەکی خێڵەکی

ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا، ساتێ دێتە ئاراوە،کە کولتورێکی باڵا و ستانداردی هەبێت و دەوڵەتێکی دروستکراویش لەسەر ئەم بنەمایە دروستکراو بێت. بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەست و دەرخستنی دوورییەکانی ئەم دیاردەیە، نووسەر دەنووسێ:

“لە سەردەمی خەلافە ئیسلامییەکاندا دەوڵەتی خەلافەت رەوایەتی لە کولتورێکی مەزهەبی باڵاوە وەردەگرت کە جیاواز بوو لە کولتوری میللی خێڵە بەراییەکان و عەسەبەکان.دەسەڵاتی ئەم خەلافەتە لەناو ئەو ناوچانەدا کە ناوچەی کۆمەڵە خێڵێکی بەرایی کەلتور جیاواز و لێکدابڕاو بوون و کەسانێک نوێنەرایەتیان دەکرد کە هەڵگری کەلتوری باڵای خەلافەت و زمانە ستاندارەکەی بوون. ئەمەش وای کردووەبوو ئەم گروپە خۆی جیابکاتەوە لە خێڵەکان و شوناسەکەی شوناسی خێڵێک نەبێت لە بەرامبەر خێڵەکانی دەوروبەریدا،بەڵکو شوناسی گروپێکی ناخێڵەکی بێت لە بەرامبەر کۆمەڵە شوناسێکی خێڵەکی جیاوازدا. ئەم گروپە شوناس جیاوازە بەوەی کە شوناسەکەی خۆی بەرامبەر دەکردەوە لەگەڵ شوناسی خێڵەکی هەموو خێڵەکانی ناوچەکەدا،شوناسە جیاوازەکانی ئەوانی وا لێدەکرد لەناو یەک شوناسدا لەگەڵ شوناسی خۆیدا بەرامبەر ببنەەوە و بەم بەرامبەربوونەوەیە شوناسەکەیان بکات بە شوناسی خێڵێکی لە بەرامبەر شوناسی ناخێڵەکی خۆیدا”.٤١٤ـ٤١٥

ئەم شێوە خێڵە لەبەرئەوەی خاوەنی شوناسی خۆیەتی وەک عەسەبە پێویستی بە دروستکردنی شوناس نییە و کەس لەخۆیدا ناتوێنێتەوە. ئەم خێڵە بەهێزە بە زۆرەملێییی ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆی داوە، کێشەی لەگەڵ خێڵەکاندا لەسەر دەسەڵاتە، نەک شوناس و تەنها مەرجیشی داسەپاندنی باج و سەرانە دانە، لەسەر ئەوانەی ملکەچ و ژێر چەپۆکی خۆین  ، و هیچ  گرنگییەک نادات بە جیاوازی نێوان زمان و کولتور و شوناس.

ـ پێکهاتەی خێڵەکی وەک کۆمەڵگایەکی عەقڵی

“ئەم پێکهاتە خێڵەکییە بەوە خۆی لە خێڵ جیا دەکاتەوە کە توخمە جیاوازەکانی ناوخۆی ناکاتە دەرەوەی خۆی و وەک خۆی لە دەرەوەی خۆیدا نابن بە خێڵێکی سەربەخۆ،بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێتە رێگر لە بەردەم ئەوەدا لەناو خۆیدا وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە و ئەمەش ئەو خێڵە بەرەو ئەوە دەبات لە ناو پێکهاتە خێڵەکییەکەدا وەک ئەو خێڵانەی لێی کەوتوونەتەوە و لەناویدا  بە سەربەخۆ ماونەتەوە ببێت بە یەکەیەکی پێکهێنەری کۆمەڵگا خێڵەکییەکە”.٤٢٠ـ٤٢١

لەم کۆمەڵگایەدا عەقڵ ڕابەری پێکهێنانی کۆمەڵگایە، با کۆمەڵگا لە چەند خێڵێکیش پێکهاتبن. لێ گرنگ ئەوەیە،عەقڵ بزوێنەری ئەو سیستەم و پرۆگرامەیە، کە کاری پێ دەکەن. لەم کۆمەڵگایەدا خێڵەکان لەگەڵ یەکدا لەناو پەیوەندیدا نین و چینی فەرمانڕەواکە بۆ هەموویان بێگانە و وەک یەکە بەڕێوەیان دەبات. ئەوەی لە نێوانیان هاوبەشە ئازادییە، نەک کۆیلایەتی. ئاخر هەر خێڵێک لە ڕێگای عەقڵەوە چۆتە ناو ئەم پێکهاتەیەوە و بە خواستی خۆیی و ئازادانە، بڕیاری لەسەر ئەم هەنگاوانە بەرەو پێکەوەبوون و یەکگرتن ناوە.

نووسەر، بۆ تاوتوێ کردنی مەبەستیش باس لە خێڵە میدییەکان دەکات، نموونەی ئەم جۆرە خێڵەن و کۆمەڵگاکەشیان باشترین کۆمەڵگایە، خێڵ دەتوانێ دەسەڵاتە ناوەکییەکەی و شوناسەکەی بپارێزێ و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، بێ ترس و لەرز لە بزرکردنی شوناس و دەسەڵات دەوەستێ و دواتریش کۆمەڵێ نموونە لە مێژووی باسەکەی دەخاتەروو.

” ئەم هێزە عەقڵییە کاتێک دەتوانێت ئەو خێڵانە لەناو یەک پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا کۆبکاتەوە  کە لەناو ویستی ئەواندا یەکبوون لەناو جیاوازییە سروشتیەکاندا شێوەگیر بکات و کارکردنەکەی لەناو ئەواندا لە کارکردنێکی نائاگایانە و بێ ویستەوە بگۆڕێت بۆ کارکردنێکی ئاگایانە و بەویست.واتە بۆ ئەوەی عەقڵ لەناو ویستی ئەواندا شێوەگیر ببێت،دەبێت ئەوان بەبێ بەکارهێنانی هێز بچنە ناو دروستەی کۆمەڵگایەکی پەرەسەندووتر لە خێڵ و لەو کۆمەڵگایەشدا هیچیان نەکەوێتە ژێر رکێڤی ویستی ئەوی تریان”٤٢٥

ئەڵمان بەر لە دروستکردنی دەوڵەتەکەیان، بریتی بوو لە سەدان ئەمیر و سەرۆک خێڵ و گرووپی جیاواز. دوای سەرکەوتنەکانی هەرێمی پروسیا بە سەرۆکایەتی بسمارک. .سەرجەمی میر و نوێنەری ناوچەکان، وردە وردە وازیان لە خۆپەرستی و ناوچەگەرێتی  هێنا و بە سەرکردایەتی بسمارک ڕازی بوون، چونکە هەم بنەمای دەوڵەتبوون لە پروسیای بەهێزدا هەبوو، هەمیش سەرکەوتنەکانی بسمارک لە شەڕی دژ بە فەرەنسییەکاندا، ببووە دیفاکتۆیەک و نکۆڵی لێ نەدەکرا. دوای کۆتایی شەڕی جیهانی یەکەم، ئەڵمانیا دابەش بوو بەسەر دوو دەوڵەت و بلۆکدا.

لەگەڵ کۆتاییی شەڕی سارد و ڕووخانی دیوارە بەناوبانگەکەی بەرلین دا،لە ٩/١١/١٩٨٩،دا هەردوو دەوڵەتی ئەڵمان،لە ٣/١٠/١٩٩٠ دا یەکیان گرتەوە و ئەو رۆژە کرا بە جەژنێکی نەتەوەیی .ئەم یەکگرتنەوەیە، بێ ئەوەی خوێن لە لووتی تاکە هاووڵاتییەکیان بێت،بە ئەنجام گەیشت. ئاخر دیسان هێز و کولتورە ئەقڵییەکە هاوشانی ئەم پرۆسە گرنگانە لە ئارادا بووە. دەنا بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی دیکەی بەرەی رۆژهەڵاتی ئەوروپادا، بەخوێنڕشتن و کوشتن و کوشتار، ڕژێمە تۆتالیتارییەکانیان  سەرەونگووم بوون. لە ئێستاش دا ئەڵمان بە سیستەمێکی فیدڕاڵی. تاڕادەیەک زۆر سەرکەوتوو و کاراوە، دەوڵەتەکەی بەڕێوە دەبات و لە هەموو مەیدانێک،لە مەیدانەکاندا یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە پێشکەوتوو و بە دەسەڵاتەکانی ئەوروپا و جیهان.

” لەناو ئەم خێڵانەدا بەهۆی چالاکبوونی عەقڵ و پەرەسەندنی هوشیاریان بە خۆیان،ئەو دابڕانە سروشتییە کە پرۆسە سروشتییەکەی پەرەسەندن لەناو ئەو خێڵانەدا بەرهەمی هێناوە لە رێگەی یەکبوونێکی عەقڵییەوە دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی عەقڵی و هوشیارانە. لەمەشەوە ئەو پرۆسەی دابڕانە بەردەوامەی کە لە نێوان ئەو خێڵە بەراییانەدا هەیە، کۆتایی پێدێت و بەهۆی ئەمەشەوە کۆمەڵگایەکی نوێ دێتە ئاراوە کە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە خێڵێکی بەرایی ئازاد و سەربەخۆ”.٤٢٦

چالاکبوونی عەقڵی و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لەناو ئەم خێڵانەدا، دیاردەکە لە رێگای یەکبوونێکی عەقڵییەوە دەگۆڕێ بە پەیوەندیی عەقڵی ئازاد و جێی غەریزەی زاڵ لای عەسەبەکان دەگرێتەوە. سروشت داوای یەکبوون لە خێڵە بەراییەکان دەکات. عەقڵیش داوای فرەیی دەکات. کۆمەڵگای عەقڵیش پێڕەوی لە فرەیی دەکات، کەچی عەسەبە بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە کار دەکات.

“دەتوانین کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ کۆمەڵگای یۆنانی پێش سەردەمی هیلینییەت و نەمانی دەوڵەتەشارەکانی،بە دوو نموونەی باشی کۆمەڵگای عەقڵیی خێڵە بەراییەکان بزانرێن، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە قبووڵی فرەزمانی و فرەکولتووری و پەرەسەندنی زمان و کولتووری سروشتی خێڵەکانیان بۆ زمان و کەلتوورێکی ناسروشتی کردووە و بەمەش چەند دیالێکتیک و چەند ئەدەبیاتێکی باڵا هاتوونەتە ئاراوە و کۆمەڵگاکەش بەمە یەکبوونی خۆی لەدەست نەداوە.کۆمەڵگای کوردی تا ئەم سەردەمەش پەیڕەوی لەو سیستەمە کۆمەڵاتییە دەکات کە دروستەکەی دروستەیەکی عەقڵییە و پەیڕەوی لە یاسای فرەکەلتووری و فرەدەسەڵاتی دەکات و هەر ئەمەش وایکردووە وەک نموونەیەکی لە یاسابەدەری ناو جیهان سەیر بکرێت”.٤٣٠

ئەمەش بەراوردکردنێکی ژیرانەی جوانە. دەشێت لە کایەی خۆیدا ببێتە کەرەسەیەکی باشی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و  ئێمە ئەم ئەرکە بەجێی دێڵین بۆ پسپۆڕانی ئەم مەیدانە، تا لێکۆڵینەوەی زێتر و قوڵتری لەسەر ئەنجام بدەن.

 

 

کاتالۆگ