ئێران و هەشتی مارس، مهین جلدیانی (هێرۆ)

باس لە هەشتی مارسێک دەکەین کە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە باوەڕی بەو ڕۆژە نەبووە، لە کاتێکدا لە سەراسەری جیهان دا یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.

مهین جلدیانی (هێرۆ)

 خەڵکی بە گشتی بە شێوەی جۆراوجۆر دێنە سەر شەقام بۆ ئەوەی کە ویست و داخوازیەکانی ژنان دووپات بکەنەوە لە پێناو بە دیهێنانیان دا، هەرچەند لە وڵاتانی ئوروپایی بەرابەری ژن و پیاو دانی پێداندراوە بەڵام هێشتاش جیاوازی دەبینرێ لە نێوان ژن و پیاودا.

ئەگەر بێین لەسەر حکومەتی ئێران بدوێین، نەبوونی ئازادی و دادپەروەری لە وڵاتەکەماندا لە لایەک و سیاسەتی نادروستی دەسەڵاتداران لە بەرامبەر یاسا و ڕێسای نێونەتەوەیی وڵاتانی پێشکەوتوودا لە لایەکی دیکەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەریک هێشتۆتەوە. گەمارۆی ئابوری و تەوژمە سیاسیەکامی نێودەوڵەتی، کاریگەری زۆر نالەبار و خەسارهێنەری لە لایەک بۆ سەر رژێم و لە لایەکی دیکەوە بۆ سەر گەلانی ئێران هەبووە، کە دیاردەی بێکاری و هەژاری و گیروگفتی کۆمەڵایەتی بە دواوە بووە، هەروەک ژنان بۆ بژێوی رۆژانەیان بە شێوەیەکی بەرچاو دەستفرۆشی لە میترۆکاندا دەکەن و ڕێژەکەی بەردەوام لە زیادبوون دایە، هەروەها دیاردەی بێ ماڵ و حاڵی ژنان پەیدابووە کە  وایان لێدەکا کە بە شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکان بمێننەوە و بەرەڕووی سەدان گیرو گرفت ببنەوە، سەڕرای ئەوانەش دیاردەی کۆڵبەڕی ژنان لە کوردستان دا ڕۆژ بە رۆژ بەرچاوتر دەبێ. ئەوانە سەرەڕای نەبوونی (ئازادی و دەرەتانی دەربڕینی ناڕەزایەتی) بوونەتە هۆی تەوژمی دووقات لەسەر ڕێگای گەلانی ئێران و گوشاری چەند قات بۆ سەر ژنان، کە بە بوونی ئەو هەموو نابەرابەری و گوشارانەوە، ژنان بە هەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە و دەگونجێت دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە و لە بەرابەری بێکاری و ناعەداڵەتییەکانی رژیم هەڵوێست دەگرن و خەبات دەکەن.

هەواڵگری رێکخراوی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیاندراوی خۆی دا، ئاماژە بە گیر و گرفتەکانی ژنان دەکات کە دۆخی ژنان لە ئێران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرەو خراپتربوون چووە.

بەڵام بە پێچەوانە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئەو چاویلکە ڕەشە و لۆکەیەی کە چوار دەهە لەوە و پێش لە چاو و گوێیان کردبوو، دەرنەهێناوە و بە بێ گرنگیدان بەو هەموو ناڕەزایەتییە و دژایەتی خەڵکی ئێران، درێژەیان بە سیاسەتە کۆنەپەرستانەکەیان داوە.

لەگەڵ ئەو هەموو فشار و توندوتیژیەی رژێمی دەسەڵاتدار، خەڵکی خۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و ڕەوتەکان رێکخستووە و چوونەتە پێش، بزووتنەوەکانی خوێندکاری، ژنان و مامۆستایانی قوتابخانە، ڕووناکبیران و زانایانی ئایینی لەو چەند ساڵەی دوایی دا سەریان هەڵداوە. ئەم ڕەوتە دوای تێپەڕکردنی چەند قۆناغ دروشمەکانی ڕادیکالتر بووە و ئێستا دروشم دژی دیکتاتۆر و ویلایەتی فەقیه و لابردنی یاسا و ڕێسا کۆنەکانە، هەروەک ئەوساڵ خەڵک لە سەراسەری ئێران هاتنە سەر شەقام و داوای حەقی ڕەوای خۆیان کرد.

یەکێک لە هەرە بزوتنەوە گرینگەکانی کە بە دژی رژیم لە ئارادایە، بزووتنەوەی جەماوەری ژنانە کە لە ماوەی ئەو چوار دەهەیەدا پشتی رژێمی بە لەرزە خستوە و هەر لەبەر ئەوە لەو دوو مانگەدا سی و نۆ ژن بە تاوانی ئەوەی کە هاتوونە سەر شەقام و داوای لابردنی حیجابی ئیجباریان کردووە بەندکراون و لە چاڵەرەشکانی کۆماری ئیسلامی کەوتوون. هەر لەو ماوەیەش دا بڕیارێک درا کە هەر کەسێک حیجاب ڕعایەت نەکات حوکمی یەک ساڵ تا دە ساڵی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام ئەو حوکمانە گۆڕانکاری تێدا دەکرێ بە ویست و داخوازی حکومەتەوە نەک خەڵکی.

سەرەڕای هەموو بەند و ئاستەنگەکانی رژیم کە بۆ ژنانی پێک هێناوە، خۆڕاگری و کۆڵنەدانی ژنان بە دژی رژیم رادیکاڵتر بووە و بە هەر بیانوویەک لە هەر جێگا و ڕێگایەک کە دەرەتانیان بۆ بڕەخسێت، دەنگی ماف ویستی و ئازادیخوای خۆیان بەرز دەکەنەوە.

لە ماوەی ئەو چوار دەهەیەدا، هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن کۆمسیۆنی دیفاع لە مافی مرۆڤ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانبار کراوە، تا ئێستا ٨٧ نموونە سەنگەسارکردنی ژنان تۆمار کراوە، لە حاڵەتێکدا تا ئێستا نزیک بە ١٥٠ کەس لە ژێر سەنگەساردا گیانیان لە دەست داوە.

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئایا ئیدی کاتی هەڵوێست گرتن لە بەرابەر ئەو هەموو ناعەداڵەتییەدا نەهاتووە لە کاتێک دا کە دەبینین تەنها مەحکووم کردن هیچ ئاڵوگۆڕێکی وەهای لە حاڵی گەلانی ئێران نەکردووە؟

هەروەها سەدان کچ بە تاوانی سیاسی، لە سێدارە دراون. ئێستاش لە نێو چاڵەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی دا ژنان و کچانێک هەن کە زیندانی درێژماوە یان حوکمی بە ناحەقی لە سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ئایا رژیم بەو هەموو زوڵم و ستەم و توندوتیژییەوە دەتوانێ بە دەسەڵاتی خۆی درێژە بدات؟

مێژوو سەلماندوویەتی کە رژێمە توتالیتەر و دیکتاتۆرەکان، نەیانتوانیوە لە بەرابەر هێزی یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکدا خۆڕاگر بن، بەڵکو  ئەو جۆرە حکومەتانە بەرەو ڕوخان چوون. لەبەرئەوەش هەمان چارەنووس چاوەڕێی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەکات.

 

 مهین جلدیانی (هێرۆ)

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ