کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٢٦/27، هەڵۆ بەرزەنجەیی

ـ نەتەوە و پێکهاتە خێڵەکییە جیاوازەکان

دیسان قسە لەسەر جۆری خێڵەکان و پێکهاتەکانیانە و لەناو ئەو جۆرە لە پێکهاتەکاندا،ئەو لایەنەیان کە هێزێکی ناخێڵەکی لە خێڵەکان پێکدێ،

helo-berznci

نابێتە  زەمینە بۆ نەتەوە، چونکە ئەم خێڵانە لەناو خۆیاندا ناکەونە پەیوەندییەکی راستەقینە. ئەم هێزانە لەبەرئەوەی هێزێکی دەرەکی لەناو پێکهاتە نوێیەکەدا، کۆیکردنەتەوە، بە نەمانی ئەم هێزە ئەمانیش نامێنن. بەواتایەکی دیکە  یا جیادەبنەوە. هەریەک سەربەخۆ. یاخود دەکەونە ململانێی یەکترەوە. گەر یەکێ لەمانە زاڵ بێ بەسەر ئەوانی دیکەدا پێکهاتەکەیان دەگۆڕێ  بۆ عەسەبە. لێرەوە هەلومەرجی دروست بوونی نەتەوە دێتە کایەوە. ئەم نەتەوە و رێگای عەسەبە جیاوازە لە هی ئەوەی عەقڵ بنەمایەتی. ئەو نەتەوانەی نەتەوەخوازی لەناو دەوڵەتی خۆیاندا دروستیان کردوون. لە رێگای گۆڕینی زمانێکی سروشتی بۆ زمانێکی ستاندارد. یاخود لە رێگای گۆڕینی کەلتورێکی نامۆدێرنەوە بۆ کەلتوری مۆدێرن.لەم پرۆسەیەدا پێڕەوی لەهەمان یاسای عەسەبە دەکات، لە دروستکردنی نەتەوەدا.

“ئەو نەتەوانەی کە نەتەوەخوازیەکانی جیهان لەناو دەوڵەتەکانی خۆیاندا دروستیان کردوون، لەرێگەی گۆڕینی زمانێکی سروشتی بۆ زمانێکی ستاندارد و گۆڕینی کەلتورێکی نامۆدێرنە بۆ کەلتورێکی مۆدێرن دروستیان کردوون، لە پرۆسەی دروستکردنەکەشدا پەیڕەویان لە هەمان پرۆسەی دروستبوونی عەسەبەکان کردووە و ئەو پێکهاتە خێڵەکییەی کە توانیویەتی لەناو دەوڵەتەکەدا بەسەر پێکهاتە خێڵەکییەکانی تردا زاڵ ببێت و بیانخاتە ناو دۆخی بەزینەوە، زمانێکی سروشتی گۆڕیوە بۆ زمانێکی ستاندارد و کولتوری یەکێک لە عەسەبەکان کە زۆرجار  کولتوری عەسەبە زاڵەکە خۆی بووە، گۆڕیوە بە کولتورێکی مۆدێرن دواتر هەموو عەسەبە بەزیوەکانی ناو دەوڵەتەکەی ناچار کردووە کە بە زمان و کەلتوری خۆیانی بزانن و دەستبەرداری زمان و کەلتورەکەی خۆیان ببن”٤٣١

شایانی ئاماژە پێدانە نووسەر سیستەماتیکانە دوای ئەم بەرواردکارییە کەوتووە. پلە بە پلە بە سەر هەورازی سەختی باسەکانی دروستکردنی نەتەوەدا هەڵدەگەڕێ و باسەکەشی هێندە ڕوون و ئاسان کردووەتەوە، ڕێگەی لەهەر لێدوانێک بڕیوە و دەنووسێ:

” ئەمەش دەمانگەیێنی بەوەی بڵین گەر عەسەبە بە هۆی دەمارگیری بەرامبەر نەریت و کەلتوری خێڵەکی بنەماڵەیەکی زاڵەوە بێتە ئاراوە،ئەوە نەتەوە بە هۆی دەمارگیرییەوە بەرامبەر ئەو کولتوور و زمانەی کە نەتەوەخوازی وەک هێزی زاڵی ناو دەوڵەت دەیسەپینێ دێتە ئاراوە، بۆیە هەر دەست تێوەردانێک لە زمان و کەلتوری ئەو نەتەوەیە بە دەستلێدان لە موقەدەسی نەتەوە دەزانرێت”.٤٣٢

کەواتە حاڵەتی دەمارگیری گەر لەناو عەسەبەدا بێت، بۆ قازانجی بنەماڵەی زاڵە و لەناو نەتەوەی دروستکراودا بێت، بۆ نەتەوەخوازی زاڵ و زمان و کولتورە مۆدێرنەکەیەتی. وەک نموونەکانی نەتەوەخوازی تورک و عەرەب و فارس…هتد.

“جۆرێکی تر لە نەتەوە هەیە پەرەسەندنی ئەو پێکهاتە خێڵەکییە کە بنەمای دروستبوونەکەی عەقڵە و ئەو خێڵانەی پێکیان هێناوە ئەو جۆرەن لە خێڵی پەرەسەندوو کە دۆخە سروشتییەکەی خۆیان تێپەڕاندووە و لەگەڵ یەکدا لەناو پێکهاتەیەکدا کەوتوونەتە ناو پەیوەندییەوە کە هیچ یەکێکیانی زاڵ نەکردووە بەسەر ئەوانی تریاندا و لە دۆخی ئازادیدا هێشتوونیەتیەوە و رێگرە لەبەردەم ئەوەدا کە هەر یەک لەو خێڵانە لەو دۆخە دەرچێت و بکەوێتە دۆخی زاڵیەتی یان دۆخی بەزینەوە. ئەوەی زامنی مانەوەی بوونی ئەم جۆرە لە پێکهاتەی خێڵەکی دەکات،مانەوەی خێڵەکانە لەناو دۆخی ئازادانەی خۆیاندا”.٤٣٣

لێرەدا کە عەقڵ فاکتەری سەرەکی دروست بوونی نەتەوەیە، لەو خێڵەی بە تێگەیشتن و  مامەڵە یان هاوکاریان لەگەڵ یەکتر و لە بازنەی پەیوەندییەکان فراوان و دەکەن و قەوارەی بوونیان گەورەتر دەکەن.

“کێشەی پێکهاتە خێڵەکییەکانی کورد لەناو ئەو چوار دەوڵەتەدا کە کورد بەسەریاندا دابەشکراوە،ئەوەیە کە لەو جۆرە لە پێکهاتەی  خێڵەکین کە بنەمای دروستبوونەکەیان ئازادییە و لەبەرامبەر ئەوانیشدا لەناو ئەو چوار دەوڵەتە پێکهاتەیەکی خێڵەکی زاڵە کە لە بنچینەدا لەسەر بنەمای زاڵیەتی دامەزراوە نەک بنەمای ئازادی.کێشەکەش لەوەدایە  کە پێکهاتە خێڵەکییە کوردییەکان دەیانەوێت لە رێگەی پەرەسەندنی سیستەمەکەی خۆیانەوە پەرە بسێنن و ببن بە نەتەوە،واتە دەیانەوێت نەتەوەش لەسەر بنەمای ئازادی بێتە ئاراوە نەک لەسەر بنەمای زاڵیەتیەوە دروست بکرێت.بەڵام ئەو پێکهاتە خێڵەکییانەی کە لە  بەرامبەریاندا هەن، لەبەرئەوە لەو جۆرە لە پێکهاتەن کە لەسەر بنەمای زاڵیەتی دروستکراون و لەسەر بنەمای ئازادی دروست نەبوون، دەیانەوێت بەپێی هەمان بنەمای عەسەبەکان پەرە بسێنن و ببن بە نەتەوە. پێکهاتە خێڵەکییە کوردییەکانی ناو ئەم چوار دەوڵەتە بەهۆی ئەو سیستەمەوە کە بوونیان لەسەری هەیە،دەیانەوێت دەوڵەت بەرەو ئەوە بەرن ببێت بە دەوڵەتی ئەو پێکهاتە خێڵەکییانەی کە شیانی ئەوەیان تیایە ببن بە نەتەوە و دەوڵەتەکەش ببێت بە زەمینەیەکی ئازاد بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵە نەتەوەیەک کە پەیوەندی نێوانیان لەسەر بنەمای ئازادی بێت نەک لەسەر بنەمای زاڵیەتی”.٤٣٣ـ٤٣٤ 

زاڵبوونی تورک و عەرەب و فارس بەسەر کورددا،لە بنەچەدا کێشەیەکی گەورەیە و لە هەنووکەدا، بە مانایەک هەر ناکاتە ژێرچەپۆکی نێزیکی ٦٠ ملیۆن مرۆڤی کورد، تراژیدیاکە بەوەشەوە نەوەستاوە، ئەوان زاڵ و کورد بندەستە، بەڵکو ڕەهەندی نەرێنی و مەترسی داریان، لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سەربازییەوە لەسەر ژیان و بوونی کورد دروست کردووە. مامۆستا مەسعوود لەم رووەوە دەڵێ:

” گەلی کورد، وەک لە لای کەسێکی شارەزای وەک ئێوە ئاشکرایە، بە بارودۆخێکی مێژوویی وەها دەورە دراوە، مێژووی مرۆڤایەتی ناتوانێ یەک نموونەی تری لێ بهێنێتەوە، چونکە کورد کراوەتە چوار پارچە یا زیاترەوە و وڵاتانی دنیا و وڵاتانی ناوچەی دابەشکردنەکەش بە گەلەکۆمەکێ کاریان بۆ بەردەوامی ئەو دابەشبوونە کردووە و یاسایان بۆ هەمیشەیی و شەرعییەت پێدانی داناوە و هاوکاری و هاوپەیمانییان لەسەری کردووە و ئەگەر لە توانای ئەو دەوڵەتانە بەدەر بووبێ، گەلی کورد کۆت و زنجیر بکەن و مەودای ببڕن بۆ ئەوەی هەموو بزاوتێکی ڕەت بکەنەوە، لە مەودای قەومییەتی بەرتەسکدا، بۆی هەیە ئەو بێزارییەی ئەم گەلەی تێی ئاخنراوە لەگەڵ هەر خۆبزواندنێکی بێزاریدا، دەمی تیغ و نووکی تیژی سوپای ئامادەکراو بۆ هێشتنەوەی ئەو دابەشبوونە بە گۆشتیدا بچێ جا نرخەکەی هەرچەند خوێن و بەربەستکردنی ئازادیی کورد و قوربانیدانی بێ”.

هاوکات ئەمە بۆچوونێکی جێی سەرنجدانە لە پێکهاتەی خێڵەکە کوردییەکانی ناو ئەم دەوڵەتانە خەون بە  نەتەوە دەبینن. کەواتە ئەودەم  نامێنن و بوونی خۆیان  پووچەڵ دەکەنەوە. ئەوان لەسەر سیستەمی عەسەبە و زاڵبوونی خێڵ دامەرزاون. زاڵێتی و دەسەڵات لە دەست دەدەن و قەوارە دروستکراوەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی ٢٧

   ـ شوێنی کورد لە نەخشەی نەتەوەخوازیدا

مۆدێرن ئەو دیاردەیەیە، کە قۆناخی کشتوکاڵی دەگوازێتەوە بۆ قۆناخی پیشەسازی و پێی وایە و دواتر لێیەوە نەتەوە دەکەوێتەوە. بەڵام ئەو کۆمەڵگا  باسکراوانە هەموویان لە خێڵە بەراییەکان کەوتوونەتەوە و بەگشتی ٣ جۆر کۆمەڵگان. گێلنەر دوو جۆر بەربەست باس دەکات، کە دێتە بەردەم تیۆرییە دروستەییکەی نەتەوە. کۆسپی زمان و ئاستەنگی کوولتور.

ـ بەربەستی زمانی لەبەردەم دروستکردنی نەتەوەدا

بە ستانداردکردنی زمانێک بۆ بڵاوکردنەوەی کولتورە پیشییەکە،گەورەترین کۆسپی بەردەم نەتەوەخوازەکانە، لە دروستکردنی نەتەوەدا. بەلای گێلنەرەوە چارەسەری ئەم حاڵەتە دووجۆرە و بە دڕێژی خراوەتە ڕوو.

 د.عرفان پسپۆڕانە بە پەیکەری ئەم باسانەدا، لەبەر رۆشنایی تیۆرەکەی گێلنەردا دێتە خوارەوە، نموونە گەلێک لەسەر رویتانیەکانی ئیمپراتۆرییەتی میغالۆمانیا  دەخاتە بەرچاوی خوێنەر.

” ئەوەی نەتەوەخوازەکان ئەنجامی دەدەن گۆڕینی کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی نییە بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی،بەڵکو گۆڕینی ئەو کۆمەڵگایەی خێڵە بەراییەکانە کە دەسەڵاتێکی بێگانەی ناخێڵەکی لە کۆمەڵە خێڵێکی بەرایی دروستیکردووە بۆ عەسەبەیەک کە خاوەنی کەلتوورێکی باڵا و زمانێکی باڵای وەک ئەو کولتور و زمانەیە کە دەسەڵاتە ناخێڵەکییەکەی پێشوو هەیەتی”.٤٤٤ـ٤٤٥

د. عرفان کۆمەڵێ نموونەی باش دەخاتە بەرچاوی خوێنەر و شیتەڵکارییەکی چڕی تیۆرییەکەی گێلنەر دەکات. چەند نموونەیەک لەسەر رۆتانیەکانی ناو میغالۆنیا و یۆنان و چەرکەسی ناو دەوڵەتی عوسمانی دێنێتەوە. باس لە ئازەری ئێران و حاڵی کورد دەکات، کە تەواو جیاوازە. چەرکەس و ئازەر دەستبەرداری دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان بوون و لەگەڵ نەتەوەخوازی تورک و فارس دا، ئاوێتە و هاوجووت/ تەماهی بوونەتەوە. بەڵام کورد بەرگری لە ناسنامەی خۆی کردووە و تەماهی نەبۆتەوە لەگەڵ نەتەوەخوازی داگیرکەرەکانیدا.

“نەتەوەخوازی تورکی و فارسی بە هۆی ئەوە کە فەرمانڕەوایەتی هەردوو دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران و تورکیا دەکەن، لە سنوری سیاسی خۆیاندا رەوایەتی ئەوەیان هەیە کەلتوورە مۆدێرنەکە بەو زمانە ستانداردە تورکی و فارسییە سەراپاگیر بکەن کە خۆیان لە بنچینەی زمانە ناستانداردەکەی عەسەبە  زاڵەکانی خۆیان دروستیان کردووە، لە لایەکی تریشەوە ئەوان رەوایەتی ئەوەیان هەیە کە لە سنوری دەوڵەتەکەیاندا هەموو ئەو هەوڵانە سەرکوت بکەن کە لە پێناو ئەوەدا دەدرێن زمانێکی تری جگە لەو زمانە ستانداردە فەرمییەی دەوڵەت لە ناوچەیەک لە ناوچەکانی ناو سنوری دەوڵەتەکانیاندا بە پرۆسەی ستانداردکردندا ببرێت. ئەوەی ئەم بزووتنەوانە لەو دوو دەوڵەتە داوای دەکەن بە پێی ئەو سیستەمەی کە نەتەوەخوازییەکانی جیهان نەتەوەکانیان پێ دروستکردووە داوایەکی ناڕەوایە و نابێت لە سنوری سیاسی دەوڵەتێکی مۆدێرندا بە دوو زمانی جیاواز کەلتورە مۆدێرنەکە بڵاوبکرێتەوە و کەلتورەکە دابەش ببێت بۆ دوو کەلتوری جیاواز و نەتەوەخوازییەکەش کە نەتەوەکە دروست دەکات ببێت بە دوو نەتەوەخوازیی جیاواز”٤٤٨

نەتەوەخوازی تورک هەر زمانی ستانداردی کوردی رێبەند نەکردووە، بەڵکو زمانە میللییەکەش قەدەغە دەکات. ئاخر تورک لە هەموو لایەک زیاتر لە هەبوون و بوونی دروستکراوی خۆی دەترسێ. هەروەک کوردیش دەڵێ ” کراسی دزراو دەبێ بەشەو لەبەر بکرێت” تورک بە خۆیی و دەوڵەتە دروستکراوەکەیەوە، بەگژ هەر شتێکی نا تورکیدا دەچنەوە. دیارە قەبارەی ترسەکەیان زۆر گەورەیە،بۆیە گەر ئەمە نەکەن، بەرگەی ئەو گووشارانە ناگرن، کە  لە لایەن نا تورکەکانەوە دەکەوێتە سەریان. هەر زوو ئەوەی بونیاتیان ناوە،گورج هەرەس دێنێ و تەفروتونا دەبن. بەڵام فارس لە ئێران دا تەنیا زمانە ستانداردەکەی قەدەغە دەکات. لەم قۆناخەدا، ئێران زمانە میللییەکەی کورد، بە هەڕەشە لەسەر خۆی نازانێ. بە نموونە، پارتی کۆمەنیستی ئێران، توودە لە پرۆگرامەکەیدا، دەنووسێ: دەبێت زانکۆیەک لە شاری سنە دابمەزرینین بە زمانی فارسی تێیدا بخوێندرێ. تیۆری رۆژی تورکەکان، زەریایەکە لە شۆفێنیزم و نەزانی، زمانی تورکی تێهەڵکێشراوە. عەرەبیش، وا پیرۆز کراوە، تابووە، گەر زمانێکی تری بەرامبەر رابگیرێ.

ـ کەلتوری خێڵەکی وەک بەربەست لەبەردەم دروستکردنی نەتەوەدا

نووسەر، بەدرێژی لەسەر ئەم خاڵە دەڕوات و شەنوکەوێکی بیروبۆچوونەکانی گێلنەری تێدا دەکات، تا دەگاتە ئەم بۆچوونە:

“بەڵام  لە کۆمەڵگای پیشەسازیدا چۆن زمان و کەلتوری ناوچەیی نامێنێ و خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ناو سنووری سیاسی دەوڵەتێکی مۆدێرن یەک زمان و یەک کەلتوریان دەبێت و هەریەکە دەست لە کەلتور و زمانە ناوچەییەکەی خۆی هەڵگرێت و دەچێتە ناو ئەو گروپە  نوێیەوە کە نەتەوەخوازی دروستی دەکات و ناوی دەنێت نەتەوە.بەهەمان شێوە لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا گروپە ناوچەییەکان دەبێت دەستبەرداری پیشە تایبەتەکانی خۆیان ببن و هەموویان بۆیان هەبێت ببنە خاوەنی هەر پیشەیەک لەو پیشانەی کە لەو کۆمەڵگا پیشەییەدا هەیە”. ٤٥٢   

کۆمەڵگای پیشەسازی و دەوڵەتەکەشی بەدەست هەر کەس و تاقمێکەوە بێت، ئامانجی بەرپاکردنی  یەکرەنگ کردن  و لە قاڵب دانی، هەموو خەڵکانی کۆمەڵگا جیاوازەکانە بە زم،ان و کولتورەکەیانەوە لە بچم و قەبارە و ڕەنگێکی هاوبەشدا.گروپە ناوچەییەکانیش دەبێت واز لەو پیشە و کارانەی خۆیان بهێنن و سەرگەرمی فێربوونی پیشەیەکی تر بنللەو پیشانەی کۆمەڵگا/سیستەمی پیشەسازییەکە دایهێناوە، هەڵبەت ناشبێت،هیچ کام لەو پیشانە،لە لایەن گروپێکەوە قۆرخ بکرێ.                     

“لەو ناوچەیەدا کە بە جیهانی ئیسلامی ناو دەبرێت،ئەو نەتەوەخوازانەی کە بە کولتورە پیشەییەکە ناتوانن لە سنوری سیاسی دەوڵەتەکانی خۆیاندا یەکبوونی زمانی و کولتوری دروست بکەن و زاڵبن بەسەر کولتورە نزمەکانی وەک کولتوری تەریقەتدا،بەناچاری دەکەونە ناو پەیمانەوە لەگەڵ کولتورە مەزهەبییە باڵاکەی ئیسلامدا و لە رێگەی ئەم پەیمانەوە دەتوانن کولتورە ئیسلامییە نزمەکان لە کولتورێکی مەزهەبیدا بکەنەوە بەیەک و ئەو بەربەستە لەبەردەم یەکبوونی کولتوریدا نەهێڵن و بەمەش نەتەوەخوازی بتوانێت کولتورە پیشەییەکەی  خۆی بە زمانە ستانداردکراوەکە بە یەکسانی بەسەر هەموو ناوچە کولتوورییە جیاجیاکانی ناو سنوری دەوڵەتەکەی بسەپێنێ”.٤٥٥ ـ٤٥٦

 بەپێی هەڵسەنگاندنی د. عرفان، لەم شوێنەدا کە نەتەوەخوازی بۆ ڕاماڵینی مەترسی کولتوری، لەسەر مەترسییە بەربەستکەر و هیوا ڕێخۆشکەرەکان دروستبوونێکی پیشەسازی نەتەوەی دروستکراو باس دەکات کە کولتوری ئاست نزم(کولتوری تەریقەتی پیاوە ڕۆحانییەکانە) دروستیکردوون، کولتوری باڵای ئیسلامی(ئایینی مەلاکان) دەکات بە گژیدا.

“نەتەوەخوازی دەیەوێت لە سنوری سیاسی دەوڵەتە مۆدێرنەکەدا یەک کولتوری پیشەیی بە یەک زمان سەراپاگیر بکرێت و لەبەرامبەر ئەو کولتورەدا کولتورە پیشەییەکە بە زمانێکی تر بوونی نەبێت،ئیسلامی مەزهەبیش دەیەوێت لە چوارچێوەی هەمان دەوڵەتدا یەک کولتوری مەزهەبی ببێت بە کولتوری ئاکاری و ئاینی ناو سنوری  سیاسی ئەو دەوڵەتە و لە هەمان کاتدا رێگەش نەدات بەوەی کولتورێکی تری مەزهەبی یان چەند کولتورێکی نامەزهەبی وەک کولتوریی رۆحی تەریقەتەکان لەناو سنووری ئەو دەوڵەتەدا ببن بە کولتوری ئاکاری و ئاینی ناو دەوڵەتە مۆدێرنەکە”.٤٥٧ ـ٤٥٨

 چەند نموونەیەک لە نەتەوەخوازی جیهانی ئیسلامی دێنێتەوە، وەک جەزائیر و ئێران و سۆمال. دووبارەکردنەوەیان بە پێویست نازانین.

“لای ئەو نەتەوەخوازی عەرەبی بە هۆی ئەوەوە کە زمانەکەی هەمان زمانی ئیسلامی مەزهەبییە دەتوانێت کولتورە مەزهەبییە باڵاکەی ئیسلام بخاتە ناو پێکهاتەی نەتەوە و لەگەڵ کولتورە پیشەییەکەدا بەبێ کێشە نەتەوە دروست بکات”.٤٥٨ـ٤٥٩ 

 شوناسی نەتەوەیی لە هی ئایینی جیاناکرێتەوە. میغالۆمانی بە نموونە روتیانی تێیدا. تورکیا، نموونەی چەرکەس و ئێران، نموونەی ئازەری، ئەم نەتەوانە وەک خێڵی تواوەی ناو عەسەبەیان لێ هاتووە. خۆیان کردووە بە بەشێك لە شوناسی  نەتەوە دروستەییەکی نەتەوەخوازی. پێش چەند ساڵێ وەک بەرتەک بۆ تۆمەت و سوکایەتیکردنێکی دەوڵەتی ئێرانی فارسی بە ئازەری، خۆپیشاندانێک لە شاری ئورمییە، لەلایەن ئازەرییەکانەوە بەرامبەر بە سیاسەتی دەوڵەتی ئێران رێک خرا. عەلی خامەنەیی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بۆ خۆی ئازەرییە، پەیامێکی ئاڕاستەی ئازەرییەکان کرد و ووتی: گەلۆ ئێوە بەس دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمیتان دەوێ لە شاری ورمییەدا، یاخود تەواوی ئێران. بەم شێوەیە ئازەرییەکان، کە ئێستا بڕبڕەی ئابووری ئێرانیان وا بەدەستەوە و بەشێکی زۆری پۆستە گرنگەکانی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن، خاوەنی پرسێکی نەتەوەیی نین، هێندەی لە چاوچنۆکی خۆیانەوە، هیوایان لەسەر  ڕووتاندنەوەی ئابووری ئێران هەڵچنیوە.

 

تکایە بۆ بەشەکانی تر ناوی نووسەر کلیک بکەن

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو