مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی: دیســیپلینی ئاگاهانــە بــێ دەروپەیکــەری دەخنکێنێت، بــێ مەســئوولییەتی لەنــاو دەبا، لە عەینی حاڵدا توندڕەوی و تیژڕەوی مەهار دەکا

هاوسەنگەرانی خۆشەویست؛   

خۆشک و برایانی هێژا؛   

تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی؛   

پڕ بە دڵ سڵاوتان عەرز دەکەم  

 

ساڵەها بوو من لە دیداری ئێوە مەحرووم بووم؛ ساڵەها بوو دڵم بۆ لای ئێوە لێی دەدا، لە دانیشتنەکاندا، لە خەونەکانمدا، هەمیشە لە یادی ئێوەدا بووم، مەبەستم ئەوە نییە کە خوا نەخواستە ڕیابازی لە حزووری ئێوەدا بکەم؛ کە دەچوومە نێو خەونەکانمەوە ڕاست دەگەڕامەوە بۆ لای پێشمەرگەکان، ڕاست دەبوومەوە ئینسانێک کە ساغە، سڵامەتە لە وڵاتی خۆیدایە، لە کوردستاندایە، لەگەڵ پێشمەرگەکان، لەگەڵ کادرەکان، لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەمان قسان دەکەم دەیاندوێنم، دەمدوێنن، لێک تۆڕە دەبین، بەگژ یەکتردادێین جارجارە، بەڵام پاش لێک تووڕە بوون و بە گژیەکترداهاتن، دەچینەوە نێو سەنگەرێک، پشتمان بە پشتی یەکەوەیە، لە بەرامبەر هێرشی دوژمنەکاندا ڕادەوستین؛ سەدان جار، هەزاران جار ئەو خەونەم دیوە، پێشم وابوو ناتوانم بێمەوە لە نیزیکەوە گوێم لە ئێوە بێ، گوێم لە دەنگی پێڵاوەکانتان بێ، گوێم لە دەنگی هەناسەکانتان بێ، بەڵام ئێستا خۆ سەیریش نییە ئەگەر پێم وابێ هەر خەونە و نەهاتوومەوە؛ ئێستا باوەڕ بەوەی دەکەم کە ئەمن بە جیددی بە جەستە لەنێو ئێوەدام نەک بە خەیاڵ، ئەوە بۆ من سەربەرزییەکی زۆر گەورەیە.

 

لێرەدا ئەمن شانازی زۆر دەبینم؛ دیارە هاتن بۆ کۆنگرە بۆ من شانازییەکی زۆر گەورەیە و لە ڕۆژانی ئاخریشدا کە کلسووم نەخۆش بوو، خەریک بوو لێمان تێکچێتەوە، بەڵام نایشارمەوە گوتی: “ئەگەر بشمرین هەر دەچینەوە ئەمنیش تەسلیمی بووم”. هاتینەوە بۆخزمەت ئێوە، کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران گیرا و بە سەرکەوتوویش گیرا، بە سەرکەوتووانە. بەش بە حاڵی خۆم دەمزانی سەرکەوتوو دەبێ، بەڵام ئەو ئەندازەیه ئینتیزارم نەبوو، پێم وانەبوو ئێمە تا ئەو حەده دەتوانین لەگەڵ یەکتر دابنیشین لەگەڵ یەکتر کێشە بکەین جەڕ و بەحس بکەین، بە گژ یەکتردابێین، بەرۆکی یەکتر بگرین لە سەر مەسەلەکان؛ بەڵام تا ئەو ئەندازە ئێمە بە تەفاهووم بگەین، ئەو تەفاهوومە جێگەی ڕێز و قەدرزانی یەکجار زۆرە بۆ من، لەوێشدا عەرزی هاوڕێیانم کرد ئەو تەرحە، تەرحێک نییە تاوان بووبێ یان گوناح بووبێ، دانی تەرح ئەرکی سەرشانی هەر حیزبێکی سیاسی و مەسئوولە و حیزبی ئێمەش ئەو ئەرکە قورسەی خۆی بەجێ گەیاندووە، ئەو وەزیفەی سەر شانی خۆی بەجێ گەیاندووە، ئیسکلێتی حیزبی ئێمە ئیسکلێتێکی سوننەتی بوو. دەیان ساڵ بوو نەک دەیان ساڵ بەڵکوو لە تەواوی تەمەنی خۆیدا حیزبی ئێمە بەو ئیسکلەتبەندییەوە هاتبوو، ئیستا ئەو ئیسکلێتەی گۆڕیوە زاهیرەکەی گۆڕیوە و ڕۆاڵەتەکەشی کە گۆڕیوە ناوەرۆکەکەشی دەگۆڕین. دڵنیام، ئەوەی بۆمن جێگای زۆر شانازیی بوو، تەحەممولی هاوڕێیانی ئێمە بوو، ئەقڵیەتی هاوڕێیانی ئێمە بوو؛ ئەمن لەمێژە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاشنام، دوکتور قاسملوو کە هاتەوە لە ساڵەکانی کۆنگرەی ٣دا و کۆنگرەی ٤دا هەوڵی جیددی ئەوە بوو کە ئەخلاقی سیاسی واریدی حیزب بکا، نایشارینەوە هێندێک هاوڕێمان لێی هەڵبەزینەوە، بەڵام دیسان ئەوانیش بە تەحەممولەوە کەوتنە ژێر ئەو تەئسیرە و حیزبی ئێمە توانی بەو ڕێگایەدا بڕوا؛ هاوڕێی نەمرمان دوکتور قاسملوو پێی وابوو کە ئەخلاقی سیاسی بە تەنیا، بێ مەنتق، بێ حیکمەت، بێ فەلسەفە و بێ لێکدانەوە ناتوانێ بەڕێگەدا بڕوا.حیزبی ئێمە ئەو مەسەلانەی هەموو تاقی کردووە، ئەخلاقی سیاسی پیادە کرد، باسی سانتڕالیزمی دێموکراتیکی کرد، دیسیپلینی نوێی داهێنا، دیسپلینێک کە لەگەڵ ئاگاهی تێکەڵ بوو و ڕۆیشتە پێشێ.

 

ئەمن لەو کۆنگرەیەدا ئەو دیسیپلینە ئاگاهانەم بە چاوی خۆم دیت، دیتم کە دیسیپلینی ئاگاهانە بێ دەر و پەیکەری دەخنکێنیت، بێ مەسئوولییەتی لەناو دەبا، لە عەینی حاڵدا توندڕەوی، تیژڕەوی ئەوانە مەهار دەکا، ئەمن بە چاوی خۆم لەو کۆنگرەیەدا ئەو شتانەم بە ڕوونی دیت، ئەوەیکە بۆ من زۆر زۆر جێی شانازی بوو تەحەممولی یەکجار زۆری هاوڕێیان بوو بە نیسبەت نەزەری موخالیفی یەکتر، ئەمن ئەو عەقڵانیەتە بەرزەم دیت، ڕیابازی نەبێ لەعنەت لە ڕیاباز، عەقڵیەتی حیزبی خۆمانم بە چاوی خۆم دیت هەر لە خوارێڕا هەتا سەرێ ئاگاهییەکی یەکجار زۆرم دیت، تەفاوتێکی یەکجار زۆرم دیت و نەک دەتوانم پێی بڵێم سەرکەوتن و تەرەقی بەڵکوو وەکوو جەهشێک دەیبینم، جەهشێکی زۆر بە توانا، بازدان بە سەر زۆر مەسەلەدا، تێپەڕ بوون بە سەر زۆر شتی نالەباردا، گەیشتن بە فکرێکی بەرز، بۆرجێکی بەرز لە فکری پێشکەوتوو، من بە دڵەوە ئەوانە دەڵێم.

 

هومێدی زۆرم بۆ درووست بوو؛ من هەرگیز پێش هاتن بۆ کۆنگرە ئەو هومێدە بەرزەم تێدا نەبوو کە بەو ئەندازە ئەمن لە پێشمەرگەی سادەڕا بگرە هەتا ئاخیری بەو ئەندازە ئاگاهی ببینم و بینیم، تا ئەو ئەندازە ڕوشدی کردووە. من عەقڵیەتێکی دیکە لێرەدا دەبینم ئەویش عەقڵیەتی پێکەوەسازان، پێکەوەژیان و لەگەڵ یەکتر هەڵکردنە، ئێمە لێرەدا هێندێک هاوڕێی دیکەمان هەیە، هاوسەنگەری کۆنمان هەیە کە لەگەڵ ئەوان لە پەنای یەکتر دەژین بەڵام دیتم لەگەڵ یەکتردا چۆن بەرخورد دەکەن، چۆن دۆستانە لەگەڵ یەکتر هەڵدەستن و دادەنیشن، خۆیان وەکوو یەک بنەماڵە حیساب دەکەن، خۆیان وەکوو یەک هاوسەنگەر حیساب دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کە کێشەیان لەگەڵ یەکتر هەیە، ئیختلافی نەزەریان لەگەڵ یەکتردا هەیە، ئەوە بۆ من جێگای شانازییەکی یەکجار زۆر گەورەیە، من بەش بە حاڵی خۆم ئەوەیکە پێم گرینگ بوو، مەسەلەی ئیدامەدانی ڕاسان بوو، زۆرمان لە سەر ڕاسان باس کرد، زۆریشمان باس کردووە ناچینەوە سەر ئەو شتانەی کە لە ڕابردوودا بوون و کووتومانە.

 

ڕاسان گەرایەک بوو کە لەو زۆلکانانە، زۆلکانەکانی دەشتی کۆیەوە زۆر بە بێ مرادی و بەهەناسە ساردی وبە بێ‌کەسی چەکەرەی دایەوە، ڕۆی پێ هەڵگرت، ملی لە بیابانەکان نا و لە بیابانەکان رۆشدی کرد؛ بەڵام ئەو بیابانانە بوونە پردێک لە نێوان چیا و شارەکاندا، ڕووناکبیرانی شارەکان ئەو فکرەیان تەحویل وەرگرت تەتەڵەیان کرد، لێکیان دایەوە، هەڵیان گرت، لەگەڵیان برد بۆ دەرەوەی شارەکانی کوردستانیش گەیشتە تاران، ئیسفەهان، قۆم و شیراز لە هەمووی قسەی لەسەر کرا؛ گەڕایەوە بۆ کوردستان و بە شێوەیەکیتر، خەستتر، خەست و خۆڵتر، لەبارتر و مەنتقیتر؛ دواییش گەڕایەوە باوەشی حیزبی ئێمە.

 

لە ڕاساندا قووربانی زۆر گەورەمان داوە بەڵام ئەو قووربانیانە پەیامی زۆر گەورەیان بە دنیا دا، پەیامی زۆر گەورەیان بە هاوسەنگەرانی ئێمە دا، ڕێگایەکی تازەیان بۆ ڕوون کردینەوە. ڕاستە لە دەستمان دان، بەڵام وەکوو ڕەوە کۆترێک بوون کە بە ڕاستی لە شەقەی باڵیان دا و ڕێگایەکی دیکەیان له ئاسمانەکاندا کێشا. ئەو ڕێگایەی ئێمە دەکەوێتە سەر شانمان ئیدامەی بدەین. ئیدامەشی دەدەین دیارە خوێن و فرمێسکی دەوێ وەکوو لەوێش عەرزم کردن بەداخەوە ڕاسان، ئاشێکە کە بەخوێن دەگەڕێ، بە فرمێسک دەگەڕێ، بە ئارق دان دەگەڕێ، من هیوادارم خوێنمان تێدا نەڕژێ، بەڵام ئەگەر خوێنیشمان تێدا بڕژێ، ئەگەر هەموومان لەبەین بچین، ئەگەر زیانی زۆرتریشمان لێ بکەوێ، دیسان ئەو ڕاسانە ئیدامە دەدەین، چوونکە ئەو ڕاسانە، بە ئیستراتیژیەت دەزانم، کە ئەو ئیستراتیژیە بەرە و هەدەفەکانی ئەسڵیمان ڕادەکێشێ. ڕێگامان بۆ ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرەو ئازادی و سەربەستی یەکجاری بڕۆین. سەرکەوتنی گەورەمان وەدەست هێنا، لە حیزبدا سکرتێرمان هەڵبژاردەوە، ڕێبەرێکی تازەمان هەڵبژاردەوە، ناوەندێکی تازەمان هەڵبژاردەوە. دەسەڵاتمان دابەش کردووە، بە کردەوە دەسەڵات دابەش دەکرێ وهیوادارم ئەو هاوڕێیانەش لە ناوەندی سیاسی، لە ناوەندی بڕیاردان کار بکەن بە کردەوە وەختی خۆیان سەرفی ئەوەی بکەن کە بە جیددی، بە عەمەلی، لە مەیدانی عەمەلدا، ئەوەی وەک تیۆری لە کۆنگرەدا بە ئێمە دراوە، وەکوو پراکتیک بیبەنە پێشەوە، دڵنیاشم دەیبەنە پێشەوە.

 

هاوڕێیانی خۆشەویستم؛ نایشارمەوە زۆر جاران ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێمە سەری بێ کڵاو دەمێنێتەوە؛ بەڵام ڕۆژهەڵات ئەو ئێنێرژی و توانایەی تێدایە کە بە ڕاستی وڵامدەری مەسەلەکان بێ. جارێکیان سکرتێری حیزبەکەمان باسی ئەوەی کرد گووتی کۆمەڵگای ئێرانێ دەکوڵێ، ڕاست بوو زۆر درووست بوو، کۆمەڵگای ئێرانێ دەکوڵێ، ئێستا قۆڵتێکی چکۆڵەی داوە بەڵام ئەو قووڵتە، قووڵتی دیکەی بەدوادا دێ. دوژمنان با دڵ بەوەی خۆش نەکەن کە ئەوە نەخێر تەواو بوو خەڵاس بوو، کۆتاییمان پێ هێنا هەر وەکوو بۆ خۆشم گوێم لێبوو پێیان وایە ئەوە تازە هەموو شتێکیان خاشەبڕ کردووە تەواو بوو؛ بەڵام وا نییە ئاگرێکی زۆر گەورە لە بن ئەو ژیلەمۆیه دایسێ، ئەو ئاگرە دێتەوە سەر عەرز، ئەو ئاگرە دەبێتە ئاگرێکی زۆر گەورە بە گژ زۆردارانی مێژوودا دەچێتەوە، بە گژ ئاخوندەکاندا دەچێتەوە، بە گژ جادوگەرانی مێژوودا دەچێتەوە؛ دڵنیام گەلانی ئێران سەرکەوتوو دەبن و ئەو حەرەکەتە دەبێتەوە حەرەکەتێکی تازەتر و شکڵ دەگرێتەوە، ناوەڕۆکی دیکە دەگرێتەوە، ئێمە با خۆمان بە بچووک نەزانین پێم خۆشە لە سەر ئەو مەسەلەی زۆر پێ دابگرم، بۆخۆم زۆر جار لە ڕاست زۆر مەسەلەی بچووکدا خۆم بە بچووک زانیوە، بەڵام ئیشتبام دەکرد لە نێو هاوڕێیانیشدا ئەو ڕۆحیە دەبینم، کە خۆیان بە بچووک دەزانن؛ جارجار ناحەقیشییان نییە چوونکە میللەتێک لە توولی تاریخدا سەرکووت کرابێ، هەڵدرابێ، زەوقی شکێندرابێ، لە زەوقی درابێ، دڵشکاو کرابێ، بە ڕوبار خوێنی لەبەر ڕۆیشتبێ، ناحەقی نییە خۆی بە کەم بزانێ، بەڵام با ئێمە خۆمان بە کەم نەزانین، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێ خۆی بە کەم بزانێ، حیزبی دێموکراتی کوردستان نابێ خۆی بەکەم بزانێ، خۆشی بە کەم نازانێ.

 

ڕاستە ئێمە پەرتەوازە بووین، ئەو پەرتەوازەییە تەئسیری لە سەر ئێمە داناوە، بەڵام هەر چەندێكی ئێمە کەم بینەوە دیسان لە معادلەی دواڕۆژدا ئێمە هەین، هیچ کەس ناتوانێ و بۆی ناکرێ لە معادلەی دواڕۆژدا ئێمە وەکوو بەشێکی معادله حیساب نەکا، بەڵام ئەرکی ئێمەیە کە بتوانین سەهممان هەبێ، هەموو هەوڵەکانی ئێمە دەبێ ئەوە بن کە ئێمە سەهممان لە دواڕۆژی خۆماندا هەبێ. مەبەستم دواڕۆژی، دوای ڕووخانی جمهوری ئیسلامییە.

 

زۆر چاکم لەبیرە کاک دوکتور قاسملوو هاتەوە، بەشێک لە هاوڕێیانی ئێمە کەمتەرخەمیان کرد با بۆخۆشم بڵێم. ئەوەی کاک دوکتور دەیهەویست بۆ گەڕانەوە بۆ نێو وڵات جێبەجێ نەبوو. دوایه هاتەوە و سەپاندی و کۆمیتەی زاگرۆس پێک هات، ڕۆیشتینەوە ئێرانێ، کە ڕۆێشتینەوە بە ڕاستی عەرزتان دەکەم عەیب نییە درەنگ بوو، بۆ ئێمە تۆزێک درەنگ ببوو بەڵام فریای کەوتینەوە، بە هیمەتی ئەو خەڵکەی توانیمان جێگای خۆمان بکەینەوە لە نێو میللەتی خۆماندا. دوای ماوەیەک پێکەوە لە خزمەتیدا دانیشتبووین فەرموویان بە قسەتان نەکردم ئەگەر دوو ساڵ پێشەوە هاتباینەوە ئینقلابی ئێرانێ هی ئێمە بوو .ئیستاش دەڵێم ئەگەر ئێمە فریا نەکەوین له شۆڕشی دواڕۆژی گەلانی ئێراندا ئێمە سەهممان کەم تێدا دەبێ، ئەگەر ئێمە ئێستا لەسەر ئەو بەرنامانەی کە دامانناوه، پێشبینیمان کردووە حەرەکەت بکەین لە دواڕۆژدا سەهمێکی زۆر زۆر گەورەمان دەبێ. ئێمە ئەوەی بە غەنیمەتێکی یەکجار زۆر بزانین، بە فۆرسەتی بزانین، کە ئیستا مەوجوودیەتمان هەیە جێگایێکمان هەیە کە لێی چەقیوین جێگاییکمان هەیە کە دەتوانین لێی دەرباز ببین برۆین بۆ مەیدانێکی دیکە بۆ قۆناغێکی دیکە، قۆناغ بە قۆناغ بیپێوین و ئەزموون بەدەست بێنین بۆ ئەوەی بگەینە قۆناغی یەکجاری. من لێرەدا سەرکەوتنی کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە فرسەتێکی زۆر گەورە دەزانم، بە بۆرجێکی تازەی دەزانم بۆرجێکی بەرزی بەرین.

 

دووپاتی دەکەمەوە زۆر جار کووتومانە، ئەگەر هەڵەکانی یەکتر نەبینین، خەڵکانمان نەبینین، زیانەکانمان نەبینین، کۆسپی سەر ڕێگامان نەبینین، باری باش و خراپی قەزییەکانمان نەبینین؛ نە ئێمە نە حیزبی دێموکرات ناتوانی ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت، ڕۆڵی ئەساسی ئێمە لەوەدایە لەگەڵ یەکتر تەفاهووم بکەین، دابنیشین کێشە بکەین هەڵڵا بکەین بەڵام پشتمان بە پشتی یەکترەوە بێ، هاوسەنگەری ڕاستەقینەی یەکتر بین، لەگەڵ یەکتر بین، دڵنیام لەگەڵ یەکتریش دەبین بەو عەقڵیەتەی کە عەرزم کردن ئێمە دەتوانین بگەینە زۆر جێگا. ئەو عەقڵیەتە عەقڵیەتێکی یەکجار زۆر بەرزە و ئەمن پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی خۆم دەکەم، جارێکی دیکەش کە لەگەڵ ئەو هەموو ئیختلافی نەزەرە، لەگەڵ یەکتر دانیشتن و کێشەکانیان چارەسەر کرد، ئێمە ئاوا توانیمان بە تەفاهووم بگەین. لە کۆنگرەدا زۆر کەسانی شایستە هەڵبژێردران؛ دیارە موومکینە هێندێک ئینسانی شایستەش لەوێدا کەوتبنە جێگایەکی دیکە کە ئەمن هیوادارم ئەوانیش هەر بمێننەوە ودڵنیاشم هەر دەمێننەوە. سیاسەتە و جارجارە ئینسان تێدەکەوێ، مەتلووبی ئێمە نابێ، جارجارە بە خیلافی نەزەری ئێمە دەڕوا و ئەوەیکە لێرەدا جێی شانازییە بۆ من و شانازی پێوە دەکەم مەسەلەی خوشکانە کە هاتنەوە، سەهمیان هەیە لە قودرەتەکەیدا لە دەسەڵاتی ئێمەدا بەشیان هەیە، دەتوانن بچنە پێشێ، دەتوانن نەزەریان هەبێ و ڕێی ڕوونکەرەوەی خوشکانی دیکەش بن و دەستی خوشکانی دیکەش بگرن بیانهێنن بۆ مەیدانی خەبات؛ دیارە بە خۆشییەوە لە داخڵی وڵاتیشدا ئەوەندەی من بیبینم خەڵکێکی یەکجار زۆر پێگەیشتووە. لە نێو خۆشکانیشدا ئینسانی زۆر خوێندەوار و زۆر فیداکار درووست بوون تەنانەت لە دەرەوی وڵاتیشدا ئەمن سەرم سووڕ دەمێنێ چۆن توانیویانە ئەو ژنانە، ئەو خوشکانە بەو مەرتەبەیه بگەن؛ لێرەش دەبینم کە بە ڕاستی بە دەرجەیەکی عالی گەیشتوون ئەمن هیوادارم کە هەموو لایەکی ئێوە سەرکەوتوو بن و هیوادارم جارێکی دیکەش فۆرسەتی ئەوەی بێتەوە پێشێ، ئەمن بۆ خۆم بە خانەوادەم باوەش لە گردنی بەرزی ئێوە بدەمەوە.

 

سەبارەت بەو خەڵاتەی کە بە کلسوومی درا، پێم وایە بە من دراوە، ئەمنیش لەسەر سەری دادەنێم و پێشکەشی دەکەمەوە بە هەموو بنەماڵەی شەهیدان، بە هەموو شەهیدانی کوردستان، بێ جیاوازی، بێ فەرق و بەتایبەتی پێشکەشی دەکەم بە شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەکوو یادگارییەکی گەورە لە نێو خانەوادەی ئێمەدا تا هەین دەمێنێتەوە، وەک شتێکی پیرۆز دەیپەرەستین. من دەس لە باوەشی ئێوە دەکەمەوە، تەشەکورتان دەکەم، داوای لێبوردنتان دەکەم کە بڕێک زیاد لەحەد ئەزیەتم کردن، وەختم گرتن، زۆر زۆر سپاستان دەکەم، سڵاو بۆ گەلی کورد و بۆ ئێوە.

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

کاتالۆگ