کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 28 و 29 ، هەڵۆ بەرزەنجەیی

نووسەر لەم بەشەدا پێنج پرسیاری گەورە قووت دەکاتەوە. وەک کێشەی بزووتنەوە مۆدێنیزمەکان، وە ناڵێ نەتەوەخوازییەکان، چونکە پێی وایە بە هەڵە ناونراون نەتەوەخواز.

helo-berzenci-

هەڵۆ بەرزەنجەیی

 گەرەکێتی بزانێ بیری ئەم بزووتنەوانە چۆن لە کۆمەڵگادا فۆرمەلە/ شێوەگیر دەبێت. بەرامبەر بەوەی نەتەوەخوازی بۆ خۆی ئامانجێتی و دەیەوێ پێی بگات. لێکۆڵەڕانی کورد و بێگانە لە چوارچێوەی تیۆری نەتەوەخوازییەکەدا کاریان لەسەر بزوووتنەوە مۆدێرنەکانی کورد کردووە. بۆیە د، عرفان ناچارانە شەن و کەوێکی ئەم پرسگەلە لە دیدی نەتەوەخوازییەوە دەکات و  لە کڵاوڕۆژنەەیەکی دیکەوە پرسگەلێ دەورووژێنێ و چەپکێ سەرنجی نوێ تۆمار دەکات و دەڵێ:

 “تێڕوانی بزوتنەوە کوردییەکان بۆ نەتەوە ئەوەیە،نەتەوە ئەو کۆمەڵگایەیە کە لە خەیاڵی خۆیاندا ناویان ناوە،بەڵام بەلای نەتەوەخوازییەوە،نەتەوە کۆمەڵگایەکی پیشەسازیی یەک زمان و یەککولتورەو ئەندامانی ئەو نەتەوەیەش تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەو زمان و شێوازە کولتوورییە لە قوتابخانەکانی ئەو دەوڵەتەدا پەروەردەکراون و ببنەتەوە ئەندامی ئەو کۆمەڵگا خوێندەوارەی کە ئەو قوتابخانە بەرهەمی دە‌هێنن.٤٨٥

مەبەست ئەوەیە هەر کەسێک بەو سیاسەتە فەرمییە، کە دەوڵەت لەڕێی دامودەزگاکانی خوێندنی ناو قوتابخانەکانەوە وە گوڕی خستووە و فێری کولتورە پیشەییەکە نەبێت، یاخود پێڕەوی لێ نەکات، بە ئەندامی ئەو کۆمەڵگایە قبووڵ ناکرێ. وەک نموونە سەبارەت بە کورد،لە تورکیا دا گەر بەم ئەرکە هەڵنەستێ تورک بە هاوڵاتی تورکیای دانانێ و فارس ناسنامەی ئێرانی ناداتێ و عەرەبیش بە بێگانە و گێرەشێوێن و  کوتەکی دەستی بێگانەی دەداتە قەڵەم.

“لەراستیدا ئەوەی نەتەوەخوازی دروستی دەکات نەتەوە نییە، بەڵکو کۆمەڵگایەکی پیشەسازی یەکزمان و یەککولتورە و نەتەوەخوازی ناوی دەنێت نەتەوە،نەتەوەخوازی دەتوانێت بەبێ ناولێنانی ئەم کۆمەڵگایە بە نەتەوە کۆمەڵگا پیشەسازییەکەی خۆی دروست بکات”٤٨٥

ناونانی ئەم کۆمەڵگایە بە نەتەوە، هەر لەبەرئەوەیە، یەک زمان و یەک کولتوری دروستکراو، دەبێتە شوناسی کۆمەڵگاکە. نەتەوە لە بیری نەتەوەخوازیدا زیاتر وێناکردنی کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵییە تا وێناکردنی کۆمەڵگایەکی پیشەسازی. ئەوجا نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ ناو مێژووی سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی مەزهەبی عوسمانی و نموونەی لێ هەڵدەگۆزێ و  لە بەرامبەر کورد تورک و ئەوانی دیکەی ناو ئیمپراتۆرەکە. دەبینین ئەوانی دیکە، هەموویان پێڕەویان لە یەک زمان و یەک کولتور کردووە، بە تەنیا کورد نەبێ، بە پرنسیپی”فرەیی“،بزوتنەوەکەی بەڕێوە بردووە. هەر بۆیە ئەوان بوونەتە خاوەنی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی، نەتەوەیان دروست کرد و کورد لە شوێنی خۆی مایەوە.

 کەواتە کورد بەم یاسای نەتەوەخوازییە کاری نەکردووە. جا ئەو پرسیارەی لێرەدا و لەم ڕەهەندەدا  خۆی دەسەپێنێ: ئایا کار نەکردن و مانەوەی کورد بە پاراستنی فرەییە، بەسوود بووە یاخود  زیانی هەبووە؟.

با بزانین د. عرفان دواتر چیمان بۆ باس دەکات.

” ئەو بزووتنەوە مۆدێرنە کوردییەی کە لەناو جەرگەی خەلافەتە مەزهەبییەکەی عوسمانییەکاندا لە رێگەی چینە خوێندەوارەکەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە وەک بزووتنەوەیەکی مۆدێرن سەرهەڵدەدات،هەر لەسەرەتاوە پەیڕەوی لەو یاسایە ناکات کە بە پەیڕەوکردنی دەتوانێت ببێت بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز”.٤٨٧

کاتێ رۆژنامەی کوردستان،لە ٢٢/٤/١٨٩٨دا لە قاهیرە، وەک زمانحاڵی ئەم بزووتنەوەیە، لەلایەن کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بە شێوە زاراوە  جیاکانی زمانی کوردی کرمانجی سەروو و خواروو  دەرکراوە. ئایا ئەم ڕووداوە،دەبێتە ئارگومێنت و پاڵپشت و بەڵگەیەکی تری بۆچوونەکانی د. عرفان،لەسەر ئەوەی کورد بەردەوام کاری بە یاسای فرەیی کردووە؟. هاوکات ئایا ئەم ڕاستییە  کتومت دەکاتە ، ڕەنگدانەوەی هەڵکەوتە تایبەتییەکەی نەتەوە و زمانی کوردی و کوردبوون؟. ئەمانە مشتێ لەو بۆچوونە مشتومڕ هەڵگیرسێنەرەن،کە د. عرفان هێناونییەتە کایەی ڕۆشنبیریی کوردییەوە و لەم ڕێگایەوە گۆمێکی مەنگی پەنگخواردووی پێ شڵەقاندووە.

“پەیڕەوکردنی فرەزمانی و فرەشێوازی لەلایەن ئەو چینە خوێندەوارە مۆدێرنەی کە نوێنەرایەتی لایەنی کەلتوری  ئەم بزووتنەوە کوردییە دەکات، لە لایەکەوە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە وەک هەموو بزووتنەوە مۆدێرنەکانی تری ناوچەکە کار بۆ ئەوە دەکات بە کەلتورە پیشەیی مۆدێرنەکە کۆمەڵگا کشتوکاڵییە کوردییە پریمۆدێرنەکەی خۆی بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی پیشەسازی ناوچەیی مۆدێرن. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو بنەمایەی نەتەوەخوازی کاردەکات کە داوا دەکات ئەو بزووتنەوەیە یەک زمان و یەک شێواز لە کەلتوورە پیشەییە مۆدێرنەکەدا بەکاربهێنێ و بە هۆی بەکارهێنانی فرەزمانی و فرە شێوازییەوە کەلتورە مۆدێرنەکە لەناوخۆیدا نەکات بە چەند کەلتوورێکی پیشەیی جیاواز”.٤٨٨

ئەم بزوتنەوە مۆدێرنە کوردییە لەکاتێکدا دەیەوێ لەبری پێڕەوی لە یاسای شوناس، یەک زمان و یەک کولتور بکات، دێ و بە یاسای جیاوازی و فرەشوناسییەوە تێدەکۆشێ و ئامانجیشی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پیشەسازییە. بۆیە بزووتنەوەیەکی مۆدێرنە، بەڵام نەتەوەخوازی نییە و گەرەکی نییە نەتەوە دروست بکات. هەنگاوێک لەوە زیاتر، ئەم بزوتنەوەیە هەر لە سەرەتاوە دژ بە شۆڤێنیەت و تۆتالیتارێتی کەلتورییە. چونکە  مۆرکی کوردبوون پانتاییەکی فراوانی  بە خۆشەویستی و بەخشندەیی  نەخش بووە.

ئەم بزووتنەوە،نەتەوەخوازییە دەیەوێ، لەسەر ئەو مۆدێلە بڕوات هەموو جیاوازییە کولتوری و زمانەکان، لە قاڵب بدات و لە ڕێگای دەسەڵاتێکی سەرکوت کەرەوە بە سەر هەموو پێکهاتە جیاوازەکاندا بیسەپێنێ. بەمەش خەسڵەتێکی شۆڤێنستانە و عەقڵێتی تۆتالیتاریی کولتوری پێڕەو دەکات. کاتێ جیاوازییەکان نەمان و کوژران، یەک کۆمەڵگای یەک زمانی و یەک شوناسی هاتە گۆڕێ، گورزێکی جەرگبڕ لە سروشت و ڕەوتی ئاسایی هاتنە بووی مرۆڤ و کۆمەڵگا و نەتەوەکان  لە ژیاندا دەدرێ.

 ئەمەش نیشانەی ناشیرین کردن و شێواندنی ژیانە، کۆمەڵگای زاڵ و دەسەڵاتە بەهێزە تەماحکارەکانی دەخاتە ناو زەلکاوی تاوانی بێشوماری و لەم سۆنگەیەوە نائارامی باڵی بەسەر  جیهاندا کێشاوە. خەسڵەتی بزووتنەوە کوردییەکە،واتە جیاشوناسی وای کردووە، نەزانان و نەیاران نازناوی  بەهێزترین بزووتنەوەی خێڵەکی بە باڵادا ببڕن. بەڵام ئەم تۆمەت دانە پاڵ کوردە، جگە لە کاوێژکردنەوەی ناشیانەی ڕستێ قسە و ڕستەی بێ سەر و بەر،هیچی تر نییە.

 د.عرفان، بە هەناسەیەکی ترەوە ئەم بابەتانە و پرسی نەتەوە لەنێو کۆمەڵگای پیشەسازی ناوچەیی و سەروناوچەیی و جیهانیدا، شی دەکاتەوە و دەڵێ:

” نەتەوەخوازی بۆ ئەوەی نەتەوە دروست بکات لە رێگەی هێزەوە یان لە رێگەی زەبروزەنگی رەمزییەوە هەوڵدەدات بە ویستی خۆی لە سنوری سیاسی دەوڵەتە مۆدێرنەکەی خۆیدا یاسای شوناس لە کولتور و زمانەکەیدا جێبەجێ بکات و هەر ئەتنیکێک لەناو سنوری سیاسی ئەو دەوڵەتەدا بێت بە هەر رێگایەک بێت،دەبێت ئەو یاسایە جێبەجێ بکات و بە ویستی خۆی دەستبەرداری زمان و شیوازە کولتوورییەکەی خۆی ببێت و ئەو زمان و شێوازە کولتوورییە وەردەگرێت کە نەتەوەخوازی نەتەوەکەی خۆی پێ دروست دەکات”.٤٩٣

نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگا پیشەسازییەکان، یاسای شوناسی لە عەسەبە وەرگرتووە، کە ئەویش لەسەر غەریزەی زاڵێتی دروست بوو. پرۆسەی زاڵێتی کولتورە مۆدێرنەکە، بەسەر کولتورە جیاوازەکان دا دەیسەپێنێ، کۆمەڵگاکە لە کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکەوە دەگۆڕی بۆ عەسەبەیەکی پیشەسازی مۆدێرن،پاشان ئەو عەسەبەیەش دادەنێ بە نەتەوە. واتە کاری نەتەوەخوازی لەناو کۆمەڵگای پیشەسازیدا، هەمان رۆڵی عەسەبە لەناو خێڵەکاندا دەبینێت و بە هەمان میکانیزم، زاڵێتی و نەهێشتنی جیاوازییەکان،  کار دەکات.

وەک دەبینین نەتەوەخوازی تورکی ـ لەبەرئەوەی شۆڤێنستییە، نموونەیەکی زۆر گونجاوە، بۆ هەموو نموونە مێژووییەکان دەشێ و لەم نووسینەدا بەردەوام دێتەوە بەردەممان ـ . دیاردەی ناوبراو  هەموو نا تورکەکانی تورکیای لە خۆیدا تواندۆتەوە یان هەوڵی توانەوە و سڕینەوەیان دەدات، یاخود نکۆڵی بوونیان دەکات. وەک ئەو سیاسەتەی دەرهەق بە کورد بە درێژایی دەوڵەتی دروستکراوی تورکیای مۆدێرن پێڕەوەی لێ دەکات. هیچ گومانی تێدا نییە، کوردێ ناتوانێ بڵێ تورک نیم، و گەر خۆی لە کۆمەڵگای کولتوری تورکیدا نەدۆزێتەوە و خۆی بە تورک لە قەڵەم نەدات. کێشەکە هەر بەمەندە تەواو نابێت، دەبێ نکۆڵی لە بوونی خۆی بکات و ناسنامەکەی بشارێتەوە. بنۆڕن، لەبەر دەرگای هەر قوتابخانە و لە هەر پۆلیکی قوتابخانەدا و لەسەر شەقام و لوتکەی بەرزی گرد و چیایەک دا، لافیتەیەک هەڵواسرێ و لەسەری نووسرا بێت”چەند بەختەوەرم کە تورکم“. رۆژانە لووتی تاکی کورد بەم دروشمەدا بتەقێتەوە، چ کارەساتێکی مرۆییە. ئەم زوڵمەی لە هەست و نەستی تاکی کورد و چەمکی کوردبوون بە گشتی دەکرێت،چەند گەورەیە!؟. دە بزانە، تورک بە چ میتۆد و شێوازێک شەرە چەپەڵەکەی دەرهەق بە کوردبوون بەرپاکردووە.

 جۆرێکی تریش لە نەتەوەخوازی ئەوەیە، کە  ڕێگەی  بە کولتور و زمانی ئەتنیکە جیاوازەکان دەدات، وەک نیمچە ئۆتۆنۆمی لە بۆنە  تایبەتییەکان بەکاری بهێنن، بەڵام ڕێگە نادات ببێتە زمان و کولتوری نەتەوەخوازیی. وەک نموونەی سکۆتییەکانی ناو بەریتانیا. حاڵەتی سکوتیی و وێڵزییەکانی ناو کۆمەڵگای پیشەسازی بەریتانیا لە ڕووی زمان و کولتورەوە، هەمان حاڵەتی ئەو خێڵە زمان و کولتور جیاوازانەیە، کە هێزێکی ناخێڵەکی لە یەک کۆمەڵگادا کۆیکردوونەتەوە، ڕێگەیان پێ دەدات زمانە کولتورە میللییەکەیان بەکاربهێنن. بەڵام ناتوانن بۆ کولتورە باڵاکە بەکاری بهێنن، ئاخر سەبارەت بە سکۆتی و وێڵزی و ئیری لەم قۆناغە بەدواوە،هەنگاونان بەرەو نەتەوە و دەوڵەت دروستکردن دێتە پێشەوە، کە هاوسات دەکاتە، کەرتبوونی بەریتانیای مەزن، یاخود، ـ لە دیدی ئینگلیزەوە ـ دروست بوونی هەڕەشە لەسەر یەکێتی تەواوی خاکەکەی. کە هێزی خێڵەکی خۆی پێ لەوانی دیکە جیاکردۆتەوە.

کەواتە هەردوو دیاردەکە عەسەبە و کۆمەڵگای پیشەسازی، پەیڕەوی لەیاسای شوناس دەکەن، نەک یاسای جیاوازی. شایانی ئاماژەپێدانە،هەروەک نوسەریش پەنجەی بۆ راكێشاوە، حاڵەتی کورد،لە پێڕەوکردنی یاسای جیاوازی و فرەییدا، هێندە تاقانەیە، لە هیچ دەوڵەتێک دا، تا ئێستا پێڕەو نەکراوە، تەنانەت لە سویسرایش دا بەرچاو ناکەوێت.

لەبەرئەوەی ئەڵمانەکانی سویسرا، خۆیان لەسەر نەتەوەی ئەڵمان هەژمار دەکەن، چونکە هاوزمان و هاوکولتورن، وەک عەرەبی عێراقی، کە درێژکراوەی عەرەبی بیست و ئەوەندە وڵاتی ترن. هاوکات باس لە میللەتانی ناو ئیسلام و خەلافەتەکەی دەکات. هەندێ لەمانە زمان و کولتوری خۆیان  لەدەست دەدەن و زمانی عەرەبی وەک جێگرەوە، بەکاردێنن.

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی  ٢٨

ـ کورد لە نێوان رویتانییەکان و سۆماڵییەکاندا

“ئەوەش لە حاڵەتی سۆماڵییەکانەوە تیۆریزەی کردووە ئەوەیە کە نەتەوەخوازیی سۆماڵی وەک نەتەوەخوازیی کوردی ئەوەی دروستی دەکات جۆرێکی تایبەتە لە نەتەوە کە خێڵ ئاوێتە دەکات بە نەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، ئەوەی دروستیدەکات لەناوەوە خێڵ بێت و پەیڕەوی لە یاساکانی خێڵ بکات و لە دەرەوە نەتەوە بێت و پەیڕەوی لە یاساکانی نەتەوە دروستکراوەکان بکات”.٤٦٩ 

 د. عرفان لەبەر ڕۆشنایی تیۆرەکەی گێلنەردا، بە فراوانی باس لە حاڵەتی سۆمالی و رۆتان دەکات لەگەڵ کورددا دەکات. بەتایبەت کاتێ نەتەوەخوازی سۆماڵی نەیتوانیوە، زمان و کولتورێکی یەکگرتوو، لەو فرە خێڵانەی هەیە دروست بکات. هەموو ئەم هەوڵ و تەقەلانەی د.عرفان، لە بەراورکردنی دۆخی کورد، بەو نموونانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ لێزانی و پەرۆشە، گەورەکەی  نووسەر بۆ پرسی کوردبوون و  لە ڕەگ و ڕیشەوە تێگەیشت لە پاشخان و پێشخانەکانی.

 “کوردەکان باشترین نموونەن لە مێژوودا نەچوونەتە ناو ئەو پەیمانەوە کە لە نێوان سەردار و کۆیلەدا دەبەسترێت(…)ئەو سیستەمەش کە کورد لە مێژوودا پەیڕەوی کردووە ئەو سیستەمەیە کە بەرهەمهێنەری جیاوازییە زمانی و کولتورییەکانە لەو یەکبوونە عەقڵییەی کە لەناو جیاوازییە زمانی و کولتورییەکاندا بە شێوەیەکی پەتی هەیە، ئەم سیستەمەش یاساکانی تەواو پێچەوانەی ئەو سیستەمەن کە عەسەبە و نەتەوە خوازی پەیڕەوی لێدەکەن و بەرهەمهێنەری یەکبوونێکی سروشتییە لەو جیاوازییە کولتوری و زمانییانەی کە بەشێوەیەکی واقعی هەن”.٤٧٤ ـ٤٧٥

بە پێی ئەم تێڕوانینە، ئەو پلورالیزمەی لە پێکهاتەی کورد دا هەیە، گەرەنتی مانەوە و ئاماژەی خەسڵەتی جیاوازی کوردە، لەگەڵ ئەو نموونە گەلەی باسکراون. لەکاتێکدا ئەم دیاردەی فرەییە، لە لای زۆر نووسەر و لێکۆڵەر، نیشانەی ماڵوێرانی کورد و نائامادەگییەتی لە مێژوودا.پێموایە بە گرنگ وەرگرتنی ئەم خاڵە لە لایەن توێژەرانەوە و کار لەسەرکردنی بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مێژووی ئەم پرسە پێویستە.

“ئەوەی ئایدیاڵی نەتەوەخوازی داوای دەکات ئەوەیە کە لە سنوری سیاسی دەوڵەتەکەیدا دەبێت چینی خوێندەوار بە کولتورە پیشەییەکەی خۆی و ئەو زمانەی کە کردوویەتی بە زمانی ئەو کولتورە،جەستەی کولتوری و زمانی خێڵ و ئەتنیکە جیاوازەکان هەڵوەشێنێتەوە و لەگەڵ جەستەی کولتوری و زمانییەکەی خۆیدا تەماهی پێبکات و عەسەبە کولتوورییەکەی خۆی دروست بکات.ئەمەش هیچ جیاوازییەکی ئەنتۆلۆجی و دروستەیی لەگەڵ ئەو خێڵەدا نییە کە دەبێت بە عەسەبە و لە سنووری ئەو دەسەڵاتە سیاسییەدا کە هێزی زاڵیەتییەکی بۆی دیاریکردووە جەستەی خێڵە جیاوازەکان لەگەڵ جەستەی خێڵەکەی خۆیدا تەماهی پێبکات و عەسەبەکەی دروست دەکات”.٤٧٧

لێرەشدا، شەڕ هەر لە دژی کولتوری  پێکهاتە وخێڵەکان و ئەو سیما فرەییە، هەیە. چۆن هەوڵ بدرێ لە ڕێگای دەستەی خوێنەوارەوە، بە دەربڕینەکەی ئەندەرسۆن، بەو پیشەیەی هەیانە کولتورێکی یەکشوناس بهێننە ئاراوە. ئاخر وەک ئاماژەمان پێداوە،نەتەوەخوازی بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی بەرەنگاری شوناسە جیاوازەکان دەبێتەوە.

“ئەوەی بزوتنەوە کوردیەکان لە نەتەوەخوازییە شکستخواردووەکەی سۆماڵ و هەموو نەتەوەخوازییەکانی جیهان جیادەکاتەوە ئەوەیە بە پێچەوانەی ئەوەوە کار دەکەن کە نەتەوەخوازی داوای دەکات(….)بزوتنەوە کوردییەکان نەک بزوتنەوەی نەتەوەخوازنین بەڵکو تاکە بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئەوەدا کە نەتەوەخوازی بەناوی نەتەوەوە لەناو خۆیان و لە دەرەوەی خۆیاندا دروستی دەکات”.٤٧٨

 نووسەر لەم میانەدا بۆچوونێکی تری جێی سەرنج و لەسەر ڕاوەستان دەخاتە بەر دەستمان. خاڵێکی بنچینەیی جیاوازی نێوان بزووتنەوە کوردییەکان و ئەوانی دیکە،ئاماژە پێ دەدات. ئەم بزوتنەوە کوردییانە لەبری ئەوەی وەک ، ئەوەی بەڵگەنەویست و چاوەڕوانکراوە لە  نەتەوەخوازی لە نێوان خۆیاندا یەکبوونی زمانی و کولتوری جیاواز بەرهەم بێنن.دێن و بە دروشم و داوای پراکتیکییەوە پەیڕەو لە یەکبوونی یەک شوناسی کولتوری و زمانی ناکەن. ماهیەتی بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکان یەکبوونە، هی کورد جیاوازیی فرەییە.

بزووتنەوە کوردییەکان بە ئاڕاستەی هەڵوەشاندنەوەی ئەوە کار دەکەن،کە نەتەوەخوازی وەک عەسەبەیەکی مۆدێرن دروستی دەکات … بزووتنەوە کوردییەکان نەک بزووتنەوەی نەتەوەخوازنین بەڵکو تاکە بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم ئەوەدا کە نەتەوەخوازی بەناوی نەتەوەوە لەناو خۆیان و لە دەرەوەی خۆیاندا دروستی دەکەن”.٤٧٨

ئاخر لە کاتێکدا وا چاوەڕوان لە بزووتنەوەی کوردی دەکرێ، نەتەوەخواز بێت و پرسی نەتەوە، لە گوتارێکی یەکگرتوودا فۆرمەلە بکات،نووسەر دێت و دەمانخاتە بەردەم ئەم باسە قورس و پێکەڵ پێکەوە.

ڕەنگبێ ئەمە جیاوازترین بیروبۆچوون بێت، لەسەر بزوتنەوەی نەتەوەخوازی کورد، کە لێرەدا د. عرفان بە پێچەوانەی هەموو ئەوانی دیکەوە پێشکەشمان دەکات. ئەم خاڵە شایانی لەسەر ڕاوەستانە و کەسە و مژارێکە،  گەرەکە پسپۆڕان و خەمخۆران باشتر ئاوڕی لێ بدەنەوە.

بەشی پێنجەم: بوونی نەتەوەیی کورد لە نێوان کوردبوون و نەتەوەخوازیدا

ـ بزوتنەوە کوردییەکان و نەتەوەخوازی

 بزووتنەوە کوردییەکان لەبری ئەوەی وەک بزووتنەوە نەتەوەخوازەکە، لە نێوان خۆیاندا یەکبوونی زمانی و کولتوری بهێننە ئاراوە ، جیاوازی  بەرهەم دێنن. بەمەش پێڕەوی لە یەکبوون و یەک شوناسی کولتوری و زمان ناکەن. ماهیەتی بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکان، یەکبوونە، هی کورد جیاوازی و فرەییە. کۆمەڵێ پرسیاری جددی لەسەر نەتەوەخوازی کوردی قووت دەکاتەوە، گەوهەری هەموویان پرسە لەسەر ئەوەی “کێشەی کورد چییە؟”. یاخود کوردبوون چ مانایەکی هەیە؟.لەم ڕەهەندەدا کە نووسەر قورساییەکی زۆری بەخشیوە بە بیروباوەڕەکانی.

نووسەر دەیەوێ بە قووڵی لەسەر دەست نیشانکردنی بیر و ئامانجی بزوتنەوە کوردییەکان بوەستێ و گەرەکێتی بەرامبەری نەتەوەخوازییەکەی بکاتەوە. کێشەی قووڵی بزوتنەوەی کوردی ئەوەیە نەیتوانیوە، نەتەوە دروست بکات. لە دیدی نووسەرەوە هەموو نووسەرە کورد و بێگانەکان لە کارەکانیان لەمەڕ کوردەوە، کەوتوونەتە هەڵەیەکی زەقەوە. هۆکەیشی ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەمانە نەیانتوانیوە،لە کرۆکی کێشەی کورد تێبگەن و تێکڕایان هەوڵیان داوە، بە پێودانگەکەی نەتەوەخوازی هەڵسەنگاندن، بۆ بزووتنەوە کوردییەکان بکەن، بێ ئەوەی دەست نیشانی ئەوە بکەن یان ئەو جیاوازییە بخەنەڕوو، کە بزوتنەوە کوردییەکان لە گەوهەردا هەیانە، و راستەخۆ ناکەونە بەر حوکمی تیۆرە نەتەوەخوازییەکە، چونکە بزووتنەوەکە خاوەنی بیر و ئامانجی خۆیەتی و کاراکتەری تایبەت بە خۆی هەیە.

نووسەر، خاڵێکی سەیر دەورووژێنێ و بەلایەوە، ئەو کۆمەڵە هۆکارەی بوونەتە هۆی شکستی بزووتنەوە کوردییەکان و زۆرینەی  مێژوونووس و ئەوانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و نووسەرانی دیکەوە جەختی لەسەر دەکەنەوە،بەلای ئەمەوە، ئەم خاڵە مانای سەرکەوتن و نهێنی مانەوەی کورد  دەبەخشێ. دیارە ئەمە لەتەک ئەو بۆچوونەدا راستە، بزوتنەوە کوردییەکان، خاوەنی تایبەتمەندێتی شوناسی سەربەخۆ و جیاوازن لە بزوتنەوە نەتەوەخوازییەکە، نەک بە پێچەوانەوە. هەبوونی فرەزمانی و فرە کولتوری لەناو کورد دا، وەک دیاردە، شتێکی حاشاهەڵنەگرە، جا کەواتە بە پێی تیۆرە عەقڵییەکە، ئەمانە نیشانەی سەرکەوتنی بزووتنەوە کوردییەکانە تا دەگاتە بەرجەستەبوونی رۆحی نەتەوە. بەڵام لە ڕاستی دا بزووتنەوە نەتەوەخوازییە شکستیخواردووە، چونکە نەیتوانیوە، زمانی ستاندارد و کولتوری وەک یەک بهێنێتە بوونەوە.

 

کاتالۆگ