مایك پۆمپیۆ دژی پێگەی بە هێزی مسکۆ و تارانە و بۆ لاوازکردنیان کاردەکات! ، محمد سلێمانی

 سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، بەلادانی وەزیری دەرەوە ڕیکس تیلرسین  لە پۆستەکەی و دیاریکردنی “مایك پۆمپیۆ” کەسی یەکەمی دەزگای هەواڵگری

muhamad-suleimani

محەممەد سولەیمانی

کە لە زۆر بواردا بە مرۆڤێکی سیاسی و وردبین و نزیك لە ترەمپ ناسراوە و  لە بۆچوون و خوێندنەوەی سیاسی و ستڕاتیژی نێونەتەوەیدا پشیتووانی سیاسەتەکانی سەرۆکی وڵاتەکەی دەکات. وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە لە ئیدارەی ترەمپ دا، لەلایەن  مایك پۆمپیۆ  هەنگاوەکانی دژی ئێران خێرایەکی زیاتر بە خۆیەوە دەبێنی و ئەو سیاسەتە پەیڕەوی دەکرێت کە کۆماریەکان بۆ یەك لایکردنەوەی کێشەو قەیرانەکان کاریان بۆکردوە و ئەو وەزارەتەش بێگوومان گرینگی و تایبەت مەندی خاسی خۆی هەیە و سەرۆکی ئەمریکاش هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە سیاسەتە نێونەتەوەیەکانی بەکردارتر بکا و پێگە و نفوزی  ئیدارەکەی بەرفراوانتر نیشان بدات لەسەر ئاستی گێتیدا.  دەورانی دەسەڵاتی ئۆبامای بەسەردەمی شکەست و پاشەکشەی ئەمریکا لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و ئەو دەرفەتە بۆ نەیارەکانی کۆشکی سپی لە نێویاندا ئێران و رووسیە پێك هات، هەتا زیاتر خۆیان لە سەر ئاستی ناوچەیی و جیهاندا فەرز بکەن و بەشێوەیەکی بەرچاو پێگەی ئەمریکا بەرەو لاوازی چووەو و ڕۆڵی جارانی لە یەك لایکردنەوەی کێشە سیاسیەکاندا نەمێنێت و نەتوانێت خۆی لە بەرامبەر فشارەکانی تارانیشدا بگرێ. ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات پێگەی   وڵاتەکەی بۆ جارێكیتر بەسەر دونیادا بەڕێگای بەهێزبوونیدا بسەپێنێ و  پەیامێکی روونیش بۆ نەیارەکانی بنێرێت کە ئەو لە گەڵ ئەوەدا نیە ئیدارەکەی وەك لایەنێكی لاواز و بێکرداری جیهان تەماشابکرێ و لە بەر چاوسوورکردنەوەی تاران و ئەنکارا و کریملین ڕابکات و بخرێتە پەراوێزی هاوکێشە سیاسی و دیپڵۆماسیەکان. ئەستاندنەوەی پۆستی وەزیریدەرەوە لە تیلرسێن بە دوو ئامانج بووە.

یەکەم: تیلرسین کەسێکی بازرگان بوو و سیاسیەکی بەئەزموون و ناسراو کاریگەرنەبووە و  لە سەر زۆر پرس و کێشەی نێونەتەوەیی و یەك لەوان ڕێککەوتنی ناوەکی وڵاتانی پێنج کۆیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئێران  ناکۆکن بوو لە گەڵ ترەمپ دا.

دووهەم: بەلادانی وەزیری دەرەوە لە پۆستەکەی، نیشانەی گرینگی دانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەگەیەنێت بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی ناوچەی و گێتی و پێك هێنانی کۆمەڵێك گۆڕانکاری لە نێوەرۆکی قەیرانە سیاسیەکاندا و گێرانەوەی پێگەی بەهێز  بۆ واشنگتۆن.

وەزیری دەرەوەیی نوێی ئەمریكا بەلایەنی زۆرینەی کێشەکاندا هاوبیروڕایی  سەرۆکی وڵاتەکەیەتی و  هەردووکیان  بەیەکەوە دەیان هەوێت سیاسەتێكی تازە و باڵادەستکردنەوەی وڵاتەکەیان دابڕێژنەوە و بە چاوی کەم سەیری هێز و نفوزیان نەکرێت و وەك زۆر جار سیاسیەکانی ئانکارا و تاران  باسی لێوەدەکەن.  پۆمپیۆ هاوشێوەی ترەمپ دژی سیاسەتی فراوانخوازی ئێرانە و پێێوایە دەبێت ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوەکی نێوان  تاران و وڵاتانی پێنج کۆیەك ناسراوە، بکشێتەوە و  وەزیری نوێ  ئێران بە پشتیوانی سەرەکی تیرۆر سەیردەکا و بەهەڕەشە لە سەر ئاسایشی ئەمریکا و جیهانی هەژماردەکات.  سیاسەتی پۆمپیۆ سەبارەت بە رووسیەش، سیاسەتێكی توند و ڕەخنەگرانەیە و ئەو پێیوایە  مسکۆ بەدیاریکراوی سەرچاوەی هەڕەشەیە لە سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و کۆشکی سپی دەبێت پێگەی جارانی هەبێ لەسەر ئاستی جیهاندا. ئەو دوو مەلەفەش کە  شالیاری هەندەرانی ئەمریکا دژایەتیان دەکات، بەشێکیان پەیوەندیان بە پرسی سیاسی کورد لە سووریە و عێراقدا هەیە و، لاواز بوونی دەسەڵاتی تاران و مسکۆ شوێنی گەورەی لەسەر کۆمەڵێك خاڵی گرینگ دەبێت کە خەریکن مەسەلەی کورد بچووك و کەم ڕەنگدەکەنەوە. رووسیە کە تادوێنێ خۆی بە دۆست و هاوپەیمانی کورد نیشاندەدا، لە گەڵ ئەنکارا ڕێککەوت بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتەکەیان لاوازبکا، جا ئێمە باسی کێشە و ناکۆکیە سیاسی و مێژوویەکانی ئەو دوو وڵاتەش هەر ناکەین. مسکۆ وڵاتێك نیە هەتا سەر دۆست یان دوژمن بێت، ئەگەری هەیە دیسان دژی تورکیە سیاسەتی بگۆڕێت. بەڵام هەر چۆنێك بێ سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە هەمبەر قەیرانی سووریەشدا گۆڕانی بەسەردادێت و سیاسەتەکانی تیلرسێن ئەگەر تۆزێك پاشەکشەی بۆ ئەنکارا تێدا بووبێت، ئیدی ئەو جار ئەو مەلەفانە قابیلی پێداچوونە و گۆرانکاری دەبن. ئەو کات کارتە نوێیەکان  بە قازانجی دۆزی کوردی دەبێ و فشارەکانی سەر بزووتنەوەیی گەلی کوردستان کە بە سیاسەتی چوار چەقووع تیژی پێناسە دەکەم، ئیمکانی هەڵوەشانەوەی دەبێت.  ئەوەش بەومانایە نابێت لێکدانەوەی بۆ بکرێ کە وڵاتێکی وەك ئەمریکا یانیش دەسەڵاتی پایتەختێکی بە هێزی جیهان بێت و سنیەکی پڕ لە ئاڵتون لە پێش کورد دابنێت و سەربەخۆی بۆ دابین بکات. سەرەتا  کورد  دەبێت ئەو هێزەی هەبێ خۆی وەك فاکتەرێکی کاریگەری ناوچەی دەربخات و چیتر بێ بنەما خۆی نەکاتەوە کەواسووری پێش لشکر و زیان بە خۆی نەگەیەنێت و دواجار بخرێتە پەراوێزەوە. بەداخەوە ئێمە زۆر بە دژواری ئەزموون لە رووداوە سیاسی و ناوچەی و جیهانیەکان وەردەگرین و ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر کورد دادێت، دەرئەنجامی تێڕوانینی کورت خایەنی سەرکردایەتی سیاسی گەلی کوردە و ڕەنگە بەو سانایەش نەتوانینین دروێنەی بەرهەمە سیاسی و نیستیمانەکان وەك دەسکەوتی سیاسی و نەتەوەیی بکەنەوە.

محمد سلێمانی

14.03.2018

کاتالۆگ