کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 30/31 ، هەڵۆ بەرزەنجەیی

 کەچی فارس و تورک، تەواو بە پێچەوانەوە، شتەکانی خۆیان دەپارێزن و شێوە زارێک لە زمانەکەی خۆیان هەڵدەبژێرن و دەیکەن بە زمانی ئەدەبیات و کولتوری ناوچەیی باڵای پێ تۆمار دەکەن.

helo-berznci

 بەمەش بەرامبەر بە زمانی عەرەبی خۆڕاگری دەکەن.زمانی عەرەبی لای فارس و تورک، وەک زمانە مەزهەبییەکە دەمێنێتەوە،بەڵام کولتوری خۆیان لە ڕێگای زمانە باڵاکەی خۆیانەوە ،بۆ جیاکردنەوەی شوناسی مەزهەبییان قووت دەکەنەوە.

” بوونی سەفەویەکان بە شیعە و گۆڕینی مەزهەبی ئێرانییەکان بە مەزهەبی شیعە لەسەر بنەمای ئەو کولتورە فارسییە نامەزهەبییەیە کە عەسەبە فارسییەکە جیادەکاتەوە لە عەسەبە تورکییەکە و کولتورە نامەزهەبییەکەی.واتە بەر لە دروستبوونی دەسەڵاتی سەفەوییەکان .خەڵکی ناوچەکە لە رووی مەزهەبەوە هەڵگری هەمان ئەو مەزهەبە بوون کە دەسەڵاتی عوسمانی پەیڕەوی دەکرد،بەڵام هەڵگری هەمان زمان و هەمان کولتوری نامەزهەبی باڵای دەسەڵاتی عوسمانییەکان نەبوون”.٤٩٩

د. عرفان، دواتر دێتە سەر دوو جۆر لە دەسەڵات، لای عەسەبەکان، دەسەڵاتی مەزهەبی و دنیایی. واتە لەناو چینی فەرمانڕەوای خەلافەتدا دوو جۆر دەسەڵات هەبووە، سەڵتەنەت و خەلافەت. خەلافەت بە شێوەیەکی  میرات و ترادسیۆن هەمیشە بۆ عەرەب بووە، فارس و تورک نەیانتوانیوە جێی بگرنەوە. بەڵام لەو چینە فەرمانڕەوایە، کە سوڵتان گوزارشتی لێدەکات، توانیویانە ببنە خاوەن پلەی سوڵتان.

 سەڵتەنەت بەوە جیادەکرایەوە لە خەلافەت، کە دەسەڵاتێکی دنیاییە و ڕەوایەتی لە دەسەڵاتە ئاینییەکە وەردەگرێ.ئاین لێرەدا مەبەست دینی ئیسلامە و کە ڕاستەوخۆ دەکاتە عەرەب. دیارە لێرەدا دەسەڵاتی خەلیفە گەورەترە لەهی سوڵتان، کەواتە سوڵتان و پلە و پایەکەی نەیان دەتوانی ببنە مەرجەع. وەک ئەوەی هەر قورئان بە سەرچاوەی شەریعەت مایەوە. تا سەردەمانێ زمانی عەرەبی هەر زمانی مەزهەبیی بوو. پاشان فارس و تورک بەرامبەر بەمە دەوەستنەوە و خۆیان هەڵدەستن بە دروستکردنی ئەدەبێکی باڵای بەرامبەر و خۆیان لە زمان و کەلتورە عەرەبییەکە جیادەکەنەوە. فارس و تورک کاتێ پەیڕەوی لە یاسای یەک شوناسی دەکەن و هەوڵی دەسەڵات گرتنە دەست دەدەن، دواتر هەر زوو بە مەرامەکانی دیکەیان شاد دەبن.

“نەتەوەخوازی عەرەبی و تورکی و فارسی نەتەوەکانی خۆیان لەسەر دروستەی کۆمەڵایەتی هەمان ئەو عەسەبانە و ئەو زمان و کەلتورانەی کە زمان و کولتوری ئەو عەسەبانەیە دروستکردووە و تاکە جیاوازییەک کە لە نێوان عەسەبەکانی ئەم سێ میللەتە و نەتەوە دروستکراوەکانیاندا هەیە،ئەوەیە لە عەسەبەکاندا خێڵێک لە خێڵەکانی ناو عەسەبەکە دەبێت بەو نموونە کولتوری و زمانییەی کە لەناو کۆی عەسەبەکەدا سەراپاگیر دەکرێت،بەڵام لە نەتەوەکانیاندا زمان و کولتوری ئەو چینە خوێندەوارە دەبێت بە نموونەیەک بۆ سەراپاگیرکردن کە سەر بە کولتورە مۆدێرنەکە و کۆمەڵگا مودێرنەکەن”.٥٠٤

نووسەر ئەوجا باس لە خێڵە میدییەکانی کورد دەکات، کە هەرگیز بە یاسای عەسەبە، لەنێو خۆیاندا کاریان نەکردوە و هیچ یەک لە هۆزە میدییەکان، ئارەزووی ئەوەی نەکردووە، ئەوانی دیکە لە خۆیدا بتوێنێتەوە. بە تایبەت لە رێگەی هێز و زاڵبوونەوە، تا عەسەبە دروست بکەن. کورد بەم ڕێگا و  پرۆسەیەدا، دەڕۆیشت، بۆیە نەگەیشتە ئەو ئامانج و شوێنەی ئەوانی تر،لە تورک و فارس پێی گەیشتوون، کە  دەوڵەتە. ئەم دۆخەش، گرێ کوێرەیەکی ئاڵۆز و پرسیاری هەرە قورس و  سەرەکی ئیمڕۆی ناوەندی سیاسەت و ڕۆشنبیریی کوردییە.

“گەر کوردبوون کۆکەرەوەی خێڵە کوردییەکان بێت و خێڵە کوردییەکان لەوەدا هاوشوناسبن کە کوردین،ئەوە کوردبوون هاوخوێنی و هاو رەچڵەکی و هاوزمانی هاوکولتوری ناگەیێنێ، چوونکە خێڵە کوردییەکان هەر لەسەردەمی میدییەکانەوە هاورەچڵەک و هاوخوێن و هاوکولتور و هاوزمان نەبوون و لە زمان و کولتوردا وەک عەسەبەکان پەیڕەوییان لە هاوزمانی و هاوکولتوری نەکردووە و پەیڕەییان لە جیازمانی و جیاکولتوری کردووە.

کوردبوون وەک میدیبوون ئەوە دەگەیێنێ کە لە کۆبوونەوەی کۆمەڵە خێڵێکدا لەناو یەک پێکهاتەدا پەیڕەوی لە یاسای جیاوازی بکرێت و پێکهاتەیەک بێتە ئاراوە کە فرەکولتوری و فرەزمانی بێت و وەک عەسەبەکان پێکهاتەیەک نەبێت کە بە پەیڕەوی کردن لە یاسای شوناس هاتبێتە ئاراوە و قبوڵی فرەزمانی و فرەکولتوری نەکات”.٥٠٦ ـ٥٠٧

نووسەر  بە قووڵی لەسەر ئەم باسگەلە لە مێژوودا کار دەکات و نموونەی بەرجەستەبوو دەهێنێتەوە، تاوەکو خوێنەر لە ڕاستییەکان دوور نەکەوێتەوە. لێرەشدا ئاماژەیەکی خێرا بە دەوڵەتەکەی سەلاحەدین  دەکات، کە پێڕەوەی لە یاسای جیاوازی کردووە. هەر ئەم سیاسەتەش جیای دەکاتەوە، لە دەوڵەتی خەلافەت و دەوڵەتی عەسەبە ناعەرەبییەکان،  ئەمانەی دوایی یاسای شوناسیان پێڕەو کردووە. هەر بۆیە لای ئیبن خەلدونیش، پێناسەی “حاڵەتێکی ناوازەی دەوڵەت”، وەردەگرێ.

  چونکە گەر سەلاحەدین نەبوایە، وەک کوردێک، هەر کەسێکی تری ئیسلامی، قودسی رزگار کردبایە، وا مەزهەبی ئیسلامی بە زەبری شمشێر و خوێن، دەسەپاند و مەسیحی و جولەکەی دەکوشت و دەری پەڕاند یاخود لە خۆیدا دەیتواندنەوە، بەڵام خەسڵەتی کوردبوون، لای سەلاحەدین ڕێگە نادات، پێڕەوی لە یاسای شوناس لەناو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بکات. بەڵکو بە یاسای جیاوازی ڕەفتار دەکات و زەمینەیەک دەڕەخسێنێ، مەسیح و جولەکە و موسڵمان پێکەوە لە قودسدا بژین. مێژووش بە گەورەییەوە باس لەم بەخشندەیی و هەڵسوکەوتەی سەلاحەدین دەکات. ئەم کار و هەڵوێستە، تاکو ئیمڕۆ رووداوێکی بێوێنەیە لە سەرتاسەری ئەو دەڤەرە و مێژووە تژی لە هەڵچوون و داچوونەکەی شەڕی مەزهەبی و بە تایبەت لە نێوان ئیسلام و ئەوانی دیکە دا!. کەواتە کورد لە هەر پلە و پێگەیەکدا بێت، بە خەسڵەتە سروشتییەکەی خۆی، کە زادەی جیهانبیینییەکی عەقڵییە، بەو پێوەر و نۆڕمانە کار دەکات، کە بریتییە لە یاسای پەسەندکردنی جیاوازی زمان و کولتورەکان بە بەخشندەیی، کە بۆ خۆی لەگەوهەردا، پێڕەوکردنی تیۆرییە عەقڵییەکە دەگەێنێ.

 

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی سی و یەکەم/٣١

” خێڵە کوردییەکان لەسەردەمی خەلافەتە مەزهەبییە عەرەبییەکاندا بەهۆی پەیڕەویکردنیان لە یاسای جیاوازی،هەرگیز وەک خێڵە فارسی و تورکی و عەرەبییەکانی ناو سنوری ئەو خەلافەتە نابن بە عەسەبە و نابن بە بەشێک لە دەسەڵاتی خەلافەت و سەربەخۆیی خۆیان لە رێگەی شەڕ یان ئاشتییەوە دەپارێزن و لەگەڵ ئەوەشدا توانایان هەیە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتی خەلافەتدا وەک عەسەبەی فارسی و تورکییەکان ببنە خاوەنی دەسەڵاتیی دنیایی و سەڵتەنەتی ناو ئەو خەلافەتانە پێکبهێنن و سەرۆکەکانیان ببن بە سوڵتان،بەڵام لەناو مێژووی ئەو خەلافەتە مەزهەبییە عەرەبیانەدا خێڵە کوردییەکان هەرگیز نەچوونەتە ناو پێکهاتەی  دەسەڵاتی خەلافەتەوە و نەبوونەتە خاوەنی سەڵتەنەت”.٥٠٧ـ٥٠٨

پوختەی قسەی د. عرفان بریتییە لەوەی: کورد لە بەرامبەر شیعە و سووننەی خەلافەتە ئیسلامییەکەدا دوو ئایین دێنێتە ئاراوە”یارسان و یەزیدی” کە هەردووکیان وەک ئاماژەمان پێداوە دەرکەوتەی یەک ئایینن کە “ئایینی حەقیقەتە“. ئەم دوو ئاینە ڕووبەڕووی ئیسلامەکەی سەردەمی موحەمەد نابنەوە، بەڵکو بەرامبەر بە شیعە و سوننەی خەلافەتە عەرەبییەکان دەوەستنەوە. عەباسییە سوننەکان و فاتمییە شیعەکان. ئەم فاکتە نوێیەی کورد بۆ پارێزگاری لە خۆی بەرامبەر بە هەژموونی باڵای ئیسلام، بە گشتی و هەردوو تەوژمەکەی سوننە و شیعە بە تایبەتی، بەکاری دێنێ. کاریگەرێتییەکی گەورەی لەسەر سنوورکێشان لە نیوان کورد و ئەواندا دەنەخشێنێ.خێڵی کوردی هەردەم لەسەر زەمینەی سەربەخۆ و ڕۆحی ئازادی،جموجوڵی کردووە و بیری لە دەسەڵات نەکردۆتەوە،لە ڕێگا باوەکەی زاڵبوونەوە.

” ئەو پێکهاتە خێڵەکییە کوردیانەی کە لەسەردەمی خەلافەتە مەزهەبییە عەرەبییەکاندا هەبوون،وەک عەسەبەکان لە بەرامبەر کولتورە نامەزهەبییە عەرەبییەکەدا توانیویانە کولتورێکی نامەزهەبی باڵا و زمانێکی باڵا لە زمان و کولتورە میللییەکانی خۆیان بهێننە ئاراوە،جگە لەمەش ئەو پێکهاتە خێڵەکییە کوردیانەی کە بە پەیڕەویکردن لە یاسایی جیاوازی لەو سەردەمەدا پێکهاتوون،بەرلەوەی کولتورێکی نامەزهەبی و زمانێکی باڵا بۆ خۆیان بهێننە ئاراوە، توانیویانە کولتورێکی ئاینی باڵا لە بەرامبەر کولتورە مەزهەبییە عەرەبییەکان بهێننە ئاراوە”.٥١٠

وە نەبێت، کورد هەر لەبواری زمان و کولتوردا، پێڕەوی لە پلوڕالیزم کرد بێت، بەڵکو کتێبێکی وەک “سەرئەنجام“، کە کتێبێکی ئاینی یارسانە، تێیدا پێڕەوی لە چەند شێوە زمانێکی جیاواز کراوە. لەمەش زیاتر لای پێکهاتەی خێڵە کوردییەکان، هوشیاری ئاینی زیاتر پەرەدەسێنێ و دەقە ئایینەکان بەو شێوە زمانە جیاوازانەی ناوچەکان دەنووسرێتەوە، کە ئاینی حەقیقەت بە چوار شێوە زمان نووسراوەتەوە. ئایا ئەم خاڵ و بۆچوونە بۆ بنەما فکرییەکەی کوردبوون،یاخود هەڵکەوتی جیوسیاسی کوردستان دەگەڕێتەوە؟د. عرفان تاوتوێی ئەم پرسەمان بۆ دەکات و دەڵێ:

“ئاینە کوردییەکە لەبەرئەوەی لە زمانی دەقە پیرۆزەکانیدا پەیڕەوی لە جیاوازی زمانی دەکەن و لەسەر جیاوازی زمانی و کولتوری دادەمەزرێن،نابن بە کولتورێک بۆ دەوڵەتداری.(…)کوردبوون پەیڕەوکردنە لە یاسای جیاوازی لە پێکهێنانی دەوڵەت و کولتوری مەزهەبیدا.”.٥١٠

نووسەر باس لە فارس و مەزهەبی شیعەگەڕیتی دەکات. ڕاستە ساڵانێکە لە هەنووکەدا و شیعە بووە بە ناسنامەی فارس، بەڵام لە بنەڕەتدا، فارس شیعەگەرێتی دروست نەکردووە و خاوەنی ڕاستەقینەی نییە، بەڵکو فارس مەزهەبی شیعەگەرێتی هەڵبژارد،تا لەم ڕێگایەوە بۆ دۆزینەوەی نیشانەیەک خۆی پێ لەوانی دیکە جیاکردەوە. بنۆڕە، فارس خاوەنی هیچ شتێکی خۆیان نەبوون، بۆ خۆجیاکردنەوە، لەوانی دیکە، لە ڕێگەی بەخشینی جیاکارییەک بە خۆی و دواجار چۆن رەفتار دەکات و کامە بڕیار دەدات  و بۆیە بە ناچاری دەست بەم ئاینزا/ مەزهەبەوە دەگرن. کە لە ئیمڕۆدا سەر و سیمایەکی تەواو فارسانەیان پێ بەخشیوە.

ئاخر دەوڵەتێکی وەک ئێران، ئەوە ساڵانێکی زۆرە، بەهێز و سەرمایەی خۆیەوە، پاڵپشت و هاوکار، پێڕەوکەری مەزهەبی شیعەگەرییە. کورد چونکە بەدرێژایی بوونی خۆی لە ئاین و سیاسەتیشدا پێڕەوی لە یاسای جیاوازی کردووە، نەیتوانیوە ئاینیش بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات بەکار بهێنێت. دەنا ئەوە ئەزموونی سەلاحەدین و ئەو دەرفەتە مێژووییە ڕەخساوە، ڕەنگە باشترین نموونەی بێت. بە واتای ئەوەی سەلاحەدین، دەیتوانی هەرچی بوێت بیکات.

 د. عرفان باس لە شا ئیسماعیل سەفەوی دەکات، کە نەوەی شێخ سەفییە و خاوەنی ئایینێکی کوردییە، ئەویش ناتوانێ ئەم ئایینە کوردییە بکاتە زەمینەی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی، کەچی بە پەرۆشەوە بۆ فارسەکان دەوڵەت پێکدێنێ. .کەواتە ئایین لای کورد بە ئەقڵێتی جیاشوناسخوازەکە،پێڕەوی  لێکراوە و بۆ دەوڵەتداری نابێتە کولتور و هۆکار و میکانیزمێ. بۆ نموونە هەروەک ئاین لای جولەکە، بووە مایەی یەکێتی هەموو جولەکەکان و، تا ڕادەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیلش، کاریگەرێتی هەبوو و ئێستاش هەوێنێکی بەهێزی بە یەکەوە بەستنی جولەکەیە.

” بزوتنەوە کوردییە مۆدێرنەکان لەگەڵ ئەوەشدا وەک بزوتنەوە مۆدێرنەکانی دنیا کولتورە پیشەییە مۆدێرنەکە وەردەگرن و پەرە بە کۆمەڵگای پیشەسازی دەدەن،بەڵام ناتوانن وەک ئەو بزوتنەوە مۆدێرنانە ببن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز،چونکە بوونیان بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز لەوان دەخوازێت دەستبەرداری ئەو سیستەمە ببن کە کار بە یاسایی جیاوازی دەکات و کوردبوونی ئەوانی بە درێژاییی هەزار ساڵ لەسەر دامەزراوە”.٥١٤

چ گومان لە جیاوازی ڕیشەیی نێوان پێکهاتەی کورد و تورک و فارس و عەرەب نییە. کاتێ ئەوان بە زمانی باڵا دادەمەزرێنن و بە یەک شێوە، کولتورە نامەزهەبییەکەی خۆیانی پێ تۆمار دەکەن، کورد دێت و بە پێچەوانەوە بە چوار شێوەزار، ئەم کارە ئەنجام دەدات. بڕوانە ئەدەبیاتی بابە تاهیری عۆریان و فەقێ تەیران و مەلای جەزیریی، لە چ بڵنداییەکی ئەدەبیدان؟! ، نالی و شێخ رەزا و وەفایی و مەولەوی و مەحوی و پیرەمێرد، لەسەر کام ئاستی بەرز، بەرهەمیان تۆمار کردووە؟!. هەروەک زانیمان، بزوتنەوە  عەرەبی و فارسی و تورکییەکان، بە سانایی دەتوانن، لە بزوتنەوەیەکی مۆدێرنەوە، ببنە بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز، چونکە هەردەم پەیڕەوی لە یەک شوناسی و تۆتالیتارێتی کولتور و زمان دەکەن، هەروەک چۆن لە ڕابردووی، پێش سەدان ساڵەوە پێڕەویان لێ کردووە.

 ئەم بزووتنەوە مۆدێرنانە و ئەوانەی جیهانیش، بۆ ئەوەی ببن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز، ئەو سیستەمەی لە ڕێی عەسەبەی زاڵەکانەوە، کاریان پێ کردووە، لێرەشدا بەردەوام دەبن لەسەری. کورد بەو حاڵ و بارەی هەیەتی و هەیە، ناتوانێ پەیڕەوی لە هاوکێشەی یەک شوناس و تۆتالیتارێتی کولتور و زمان بکات. ئیدی بەم پێودانگە بزووتنەوەکەی ناتوانێ ببێتە نەتەوەخواز و نەتەوە و دەوڵەتیشی پێ دروست ناکرێت.

“ئەوەی کۆمەڵگا پیشەسازییەکەی ناو دەوڵەتیش دەکات بە نەتەوە،ئەو زمان و شێوازە کەلتورییەیە کە ئەو نەتەوەخوازییە وەک زمان و شێوازی کەلتوریی تایبەت بە خۆی بە پەیڕەوکردن لە تۆتالیتاریەتی کەلتوری و زمانیی لەناو کۆمەڵگا پیشەسازییەکەدا سەراپاگیری دەکات. گەر نەتەوەخوازییەک زمانێکی تایبەت بە خۆی و شێوازێکی تایبەت بە خۆی بۆ داڕشتنی کەلتورە مۆدێرنەکە نەبێت، ناتوانێت کۆمەڵگا پیشەسازییەکەی ناو دەوڵەتەکەی خۆی بکات بە نەتەوە”(٥١٦) .

کەواتە بوونی شێوازێکی زمانی و کولتوری تایبەت مەرج و بەسە، بۆ ئەوەی بزوتنەوەیەکی مۆدێرن ببێتە بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز. لە دەوڵەتە دەستکردەکانی عێڕاق و سوریادا، هەم زمانی عەرەبی و هەم کولتوری ئیسلامی عەرەبی، بە زۆر بەسەر کورد دا سەپێندراوە. تورکی لە تورکیا، بەهەما پێوەر و سەختتر پێڕەوی کراوە، ئێرانیش بە زەبر و زەنگێکی زۆرەوە، فارسی کردۆتە زمانی فەرمی فێربوون و خوێندن.

بە کورتی دەتوانین هاوکێشەکە بەم جۆرە بنووسین: بزوتنەوەی مۆدێرن، لە ڕێگەی پەیڕەوکردن لە یاسا و سیستەمی یەک شوناسی و تۆتالیتارێتی لە فەرهەنگدا، دەبێتە بزوتنەوەیەکی نەتەوەخواز. کەواتە نەتەوەخوازی بکوژی زمان و کولتورە جیاجیاکانە.

“مەرجی بوونی بزووتنەوەیەک بە بزووتنەوەیەکی مۆدێرن تەنها ئەوەیە کە کولتورە مۆدێرنە پیشەییەکەی کۆمەڵگا پیشەسازییەکە پەرە پێبدات”(٥١٧)

د. عرفان، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری مەبەست، جارێکی دیکە دەمان باتەوە بۆ لای نموونەگەلێکی، وەک ئەوەی لە سویسرا و بەریتانیادا هەیە.بەلای زۆر کەسەوە وا بەدیار خراوە، گوایە لەم دەوڵەتانەدا، پەیڕەوی لە سیاسەتی تۆتالیتارێتی فەرهەنگی نەکراوە و هەر پێکهاتەیەک ڕێگە پێدراوە، بە زمانی خۆی بدوێ و کولتورەکەی گەشە پێبدات . بۆ وەرامدانەوە و تێگەیشتن و ڕاماڵینی  تەمومژی  ئەم گومان و پرسیارە،  ڕەنگە لای خوێنەر و لێکۆڵەرەوان سەرهەڵبدات، یان هەڵیداوە !، چەند نموونەیەک لەسەر نەتەوەخوازی لە دنیای ئیمڕۆدا دەخاتە بەرچاو، کە پێڕەوی لە تۆتالیتارێتی شێوازی زمان و کولتور و مەزهەبی دەکەن.

١)..ئەو نەتەوەخوازییانەی کە تۆتالیتاریەتی کەلتوری لە شێوەی شۆڤێنیەتی کەلتوردا پەیڕەو دەکەن، وەک نەتەوەخوازی تورکی و فەرەنسی.

نووسەر، بە درێژی لەسەر ئەم نموونە دەدوێ و باس لە سیاسەتی تۆتالیتارێتی ئینگلیزی، دەرهەق بە نەتەوەکانی تری وەک سکۆتی و ئیرییەکان و وێڵزەکان دەکات و، لە کۆمەڵێ ڕەهەندەوە، هەڵی دەسەنگێنێت و پەنجە دەخاتە سەر کەموکوڕی و لایەنە نەرێنییەکانی. چونکە ئەوەی نەتەوەخوازی ئینگلیزی کردوویەتی و بە خۆی ڕەوا بینیوە بیکات و هەنووکەش لەسەری بەردەوامە، تا ئەو شوێنەی بە دەسەڵات و  شکۆی خۆی گەیشتووە، چ جارێ ڕێگە نادات، هیچ کام لەو نەتەوانەی لە سنووری جوگرافیایی و سیاسی، سنووری شانشینی یەکگرتوودا دەژین، هەمان ڕێچکە بگرنەبەر. بە هەمان پرۆسێسدا تێپەڕنەوە و  بە دڵنیایشەوە،لە دەرەوەی ئەم دەوڵەتەشدا، هەر ڕازی نابێت،تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیشی دروستی کردوون و پاڵپشتیان لێ دەکات، نەتەوەکانی ناوی هەمان ڕیباز بگرنە بەر. ڕەنگە داکۆکی و پشتیوانی و پارێزگاری لە دەوڵەتێکی وەک عێراق،کە  دەستنێژی دەستی خۆیانە، بە دڕێژایی قووتکردنەوەی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هەتا ئیمڕۆ،بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستییە بێت

شایانی ئاماژە پێدانە،  نموونەمان لەسەر سکۆتلەندییەکان و هەوڵی ڕیفەراندۆمی سەربەخۆیی و دژایەتی لەندەن، بەرامبەر بەم هەنگاوە هێناوەتەوە، لێرەدا دووبارەکردنەوەیان بە پێویست نازانرێ. کاتێ تەنیا ١٥، لە ٨٣،  بەڕێوبەرایەتی/Departments ، فەرەنسییەکان دەتوانن بە فەرەنسی قسە بکەن. فەرەنسییەکان زۆر نیگەران دەبن. هەر بۆیە لە ١٢/١٠/١٧٩٣،دا بڕیار دەرچوو، هەموو منداڵێکی فەرەنسی، دەبێت  زمانی فەرەنسی  بە خوێندن و نووسین فێر ببێت. ئەم بڕیارە تا سەدەی بیستەم، لە کاردا بوو و  هەتا بە تەواوی چەسپا.

کەواتە فەرەنسا بە سنووری سەرزەمینەکەیەوە، لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بە دامودەزگاکانییەوە، ئینجا لە رووی سیاسییەوە بووە بە نەتەوە. واتە دەوڵەت کردی بە نەتەوە. ساڵی ١٨٦١، کاتێ یەکەم پەرلەمانی ئیتالی لە Turin، کۆبوونەوە، بە زمانی فەرەنسی قسەیان تێدا کرد. ئەو کاتە لە هەموو ئیتالیادا.٦٠٠،٠٠٠ هەزار کەس توانیویانە بە زمانی ئیتالی قسە بکەن، کە دەکاتە٢،٥% ی دانیشتوانی ئیتالیا. چونکە ئەو رۆژگارە،فەرەنسا بەشێکی ئیتالیای داگیر کردبوو، زمانی زاڵ فەرەنسی بوو. تورکیش لە چوارچێوەی دەوڵەتە مۆدێرنەکەی پاش داڕمانی خەلافەت،لاسایی ئەم مۆدێلەیان کردەوە.

٢)..ئەو نەتەوەخوازیانەی کە پەیڕەوی لە تۆتالیتاریەتی شێوازی زمانی و کولتوری و مەزهەبی لە ئاستە سیاسییەکە و شوناسی نەتەوەیی دەوڵەتدا دەکەن.وەک نەتەوەخوازی لە بەریتانیا و نەتەوەخوازی عەرەبی لە عێراقدا.

ئینگلیز تا نەوەدەکانی سەدەی بیست، لەسەر هەمان رێچکەی سیاسەتی نەتەوەخوازی فەرەنسی و تورکی کاریان کرد، لێ بە هۆی ئەوەوەی، کە سکۆتی و وێڵزییەکان، زوو خۆیان بەدەستەوە دا و لاوازبوون و چ بەرگرییەکی بەرچاویان نیشان نەدا،یاخود لە عۆدەی نەتەوەخوازی ئینگلیزی نەهاتن، بزوتنەوەی نەتەوەخوازی ئینگلیزی، ئیدی لەمەوە گوشاری سیاسەتی ئینگلیزی بەرامبەریان سووکتر و خاوتر بۆوە، بۆیەکا  ناکرێ  سیفەتی شۆڤێنێتی بەسەر سیاسەتی ئینگلیزدا بچەسپێ.

 

 

 

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو