بۆ حەمید شەریفی ، پێشمەرگەی دێرینی هاوڕێیانی پێشوو (حدک) خۆی کوشت؟

بە گوتەی حەسەن قادرزادە ، پێش رووداوەكە، هاوسەر و منداڵەكانی داوایان لە حامید كردووە بچنە دەرەوە بۆ سەیران، بەڵام ئەو رەتیكردووەتەوە لەگەڵیان بچێ.

پاشان كە ژن و منداڵەكانی چوونەتە دەرەوە، تەلەفۆنی بۆ هاوژینەكەی كردووە و پێیگوتووە گەردنم ئازاد بكەن، من چیدی لەگەڵ ئێوە نابم، هەر شتێكیش روویدا پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە و یەخەی كەس مەگرن. دواتر بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

 

لەم بارەوە روداو ئەم هەواڵەی داناوە.

 

پێشمەرگەكەی دیموكرات بۆچی خۆی كوشت؟

رووداو- كۆیە

 

هاوژینەكەی و منداڵەكانی چەند جارێك داوایان لێكرد كە لەگەڵیان بچێتە دەرەوە بۆ گەشت، بەڵام حامید رەتیكردەوە. زۆری نەبرد تەلەفۆنی بۆ هاوژینەكەی كرد و داوای گەردن ئازادیی لێكرد، پاشان بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

رۆژی 23/3/2018 كاتێك خەڵك سەرقاڵی گەشت و سەیران بوون، پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان بەناوی حامید قادر، تەمەن 48 ساڵ، لە ناوچەی زەوییە سپی سەر بە قەزای كۆیە، بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

حەسەن قادرزادە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی خۆكوشتنی ئەو پێشمەرگەیە بە (رووداو)ی گوت: “كاك حامید كەسێكی زۆر باش و تێكۆشەرێكی بەتوانا بوو، هیچ كێشەی لەگەڵ حیزب و هاوڕێیانی حیزب نەبوو، زۆرجار هاوكاریی ئەو پێشمەرگانەی دەكرد كە كێشەیان هەبوو، كێشەكەی بۆ چارەسەر دەكردن، جگە لەوەش كەسێكی دەستڕەنگین بوو، بەرگدروو بوو، خاوەنی داهاتی خۆی بوو، بۆیە لەو باوەڕەدا نیم كێشەی سیاسی یان نەداریی هەبووبێ‌”.

 

حەسەن قادرزادە لەو باوەڕەدایە حامید كێشەیەكی زۆر تایبەتی هەبووبێ‌ و نەیویستبێ‌ كەس بە كێشەكەی بزانێ‌، كاتێكیش كێشەكەی پێ چارەسەر نەكراوە، پەنای بۆ خۆكوشتن بردووە. قادرزادە گوتیشی “ئێمە لە روونكردنەوەی حیزبیشدا رامانگەیاند كە هۆكارەكەی نادیارە و پەیوەندی بەحیزبەوە نییە”.

 

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموكرات، پێش رووداوەكە، هاوسەر و منداڵەكانی داوایان لە حامید كردووە بچنە دەرەوە بۆ سەیران، بەڵام ئەو رەتیكردووەتەوە لەگەڵیان بچێ. پاشان كە ژن و منداڵەكانی چوونەتە دەرەوە، تەلەفۆنی بۆ هاوژینەكەی كردووە و پێیگوتووە گەردنم ئازاد بكەن، من چیدی لەگەڵ ئێوە نابم، هەر شتێكیش روویدا پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە و یەخەی كەس مەگرن. دواتر بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

حامید قادر، 32 ساڵ بوو پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بوو، ئەو بەرپرس بوو لە وەرگرتنی ئەو كەسانەی دەهاتنە ریزەكانی حیزب.

ستار سەعدوون، بەڕێوەبەری كارگێڕیی پزیشكی داد لە نەخۆشخانەی گشتیی قەزای كۆیە لەبارەی خۆكوشتنی ئەو پێشمەرگەیەی حدك بە (رووداو)ی گوت: “لە  سێیەم رۆژی جەژنی نەورۆزدا تەرمێك هێنرایە پەیمانگای پزیشكی دادوەری، گوللەیەك بەر سنگی كەوتبوو، بەگوێرەی پشكنینەكان دەركەوت ئەو كەسە خۆی كوشتووە. دواتر تەرمەكەی رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە”.

 

هەر لەوبارەوە عەقید شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا، بەڕێَوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە گوتی: “دوای نیوەڕۆی رۆژی  23/3/2018 لە ناوچەی زەویە سپی سەر بە قەزای كۆیە پیاوێك بەناوی حامید قادر حەمەدئەمین كە پێشمەرگەی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو، لە دووریی چەند سەد مەترێك لە ماڵەكەی خۆی بە گوللەیەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا”.

گوتیشی: “ئەو كەسە پێش ئەوەی خۆی بكوژێ‌، تەلەفۆنی بۆ هاوژینەكەی كردووە و پێیگوتوون كە بڕیاری داوە خۆی بكوژێ، بەڵام باسی هۆكاری خۆكوشتنەكەی نەكردووە”.

سەبارەت بە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی پۆلیسیش، عەقید شۆڕش گوتی “بەهۆی ئەوەی رووداوەكە تازەیە، پۆلیس هێشتا هۆكاری خۆكوشتنەكەی بۆ روون نەبووەتەوە، بەڵام لە نێو خەڵك دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە كە گوایە لەگەڵ كەسوكارەكەی لەسەر میرات كێشەیان هەبووە، بۆیە خۆی كوشتووە، بەس ئەوە تەنیا دەنگۆیە و مەرج نییە ئەوە هۆكاری خۆكوشتنەكەی بێ‌.”

بابەتی پەیوەندی دار

حەمید شەریفی پێشمەرگەی هاوڕێیانی پێشوو (حدک) گیانی لە دەست دا

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ