دەی خاکەلێوە لە ڕوانگەی ئایینەوە، مەلا برایم مەجید پوور

بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان

 لـە سەروبـەنـدی ساڵڕۆژی دەی خاکەلیوەی ١٣٢٦ هـەتـاویـدا کە ساڵیادی لـە سێدارەدانی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی

mela-braym-mejidpur-0

مەلا برایم مەجیدپوور

و ڕۆژانی دواتریش پۆلێک لە ئەفسەرانی سوپای نەتەویی و میللی کوردستان دەگەڵ ڕێزی بێپایانم بۆ ئەو مەزنە قوربانیدانە ئەو فەرمودەی پێشەوای نەمرمان دێنمەوە بیر کە فەرمویانە :{بەکوشتنی من بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی لە کوردستان دا نەک هەر لە نێو ناچێی بەڵکو لەداهاتودا بەهێزتریش دەبێ} بەڵێی فەرمودەکەی بەجێیەو ڕاست و ڕەوایە. بە پێی ئەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان خاوەنی بڕوا و ئیمانن و پێشەواکەشیان مەزنە زانایەکی ناوداری ئایینی و قازی مەڵبەندی موکریانیش بـووە و ئاڵای کوردستانیشی بۆ هەلکردوین و کۆماری کوردستانیشی دامەزراندوە، دەمەوێ  بەو کۆلکە زانستەی کە لە بواری ئایینی دا هەمە باسی مەسەلەکە بکەم و ڕوی قسەشم بکەمە مامۆستایانی ئایینی کوردستان و بڵێم: قورئان کتێبی دینە بەڵام ناوەرۆکەکەی باسی سەرجەم لایەنەکانی ژیانە. ئێوە دەزانن کە خوا فەرمویە: ئـەی مرۆڤەکان ئێوەم لە نێرو مێیەک وەدیهێناوە، واتە کوردیش مرۆیە و لەو بەرەبابەیە. پاشان فەرمویە : کردومن بەگەل و هۆز بۆئەوەی یەکتر بناسن و خۆ بەیەکتر بناسێنن.کوردیش یەکێکە لەو گەلانەی کە خوا دەفەرموێی دروستم کردون. بەو حێسابە وەک هەمومرۆڤەکانیتر مافمان هەیە وئەرکیشمان بۆ دیاری کراوە.خاوەنی زێدو زمانو کلتورو فەرهەنگی تایبەت بەخۆمانین.کەوایە وەک هەمو گەلانیتر ماڤی بۆ دیاریکردوینو ئەرکیشی لە سەر شآنی داناوین لە پیش هەموشتێکدا پاراستنی ئەو مافە خواپێداوە ئەرکمانە. مامۆستایان دەزانن ئەوانەی مافی گەلان داگیر دەکەن زاڵـمن و بەرەنگاری زاڵمیش ڕاسپاردەی گرینگی خوا بۆ پەیامبەرانەو وەک ئەرکیش لە سەرشانی هەمو ماف داگیر کراوەکانە. وەک دەزانن قبوڵ کردنو پاراستنی ئیمانیش هەبونی غیرەتو لە خۆبردوییە، چونکە مرۆی ترسنۆک ئیمانی لەرزۆکەو لەبەر چوکترین گرفت ڕادەکاو بۆ خۆپاراستن خۆ لە هەموو کون و کەلەبەرێک ڕۆدەکا، بۆ خۆکڕینەوە ئیمانیش هەرزان فرۆش دەکا.

 بڕوانن پەیامبەری ئێمە بەتەنیا لەو سەردەمەی نەزانیدا چۆن لە سەر بڕواکەی سور بوو کۆڵی نەدا، چیها ڕەنجو ئازارو بێحورمەتی دەگەڵ نەکرا. ئاخری ئایەتەکە دەڵێی: ماقولتیرینتان لەلای خوا ئەوانەن کە خۆیان لە غەزەبی خوا دەپارێزن، واتە هەمو فەرمانەکانی خوایی بێی باک لە هیچ کەس و هەڵاتن لە هـیچ مەترسیەک بەجێی بێنن. دەبێی هەست بە بەرپرسیاری ئایینی خۆیان بکەن ولە کوتنی ڕاستیەکان و لەقاودانی زوڵم و نـاعەداڵەتیەکان سڵ نـەکەن، خۆیان بە مەسئولێکی دەوڵەتی نەشوبهێنن. دەشزانن مەرگ بەدەستی خوایە تا وەعدەی خۆی بەکەس نـایە، ئەگەر هاتیش ڕوحمی بەکەسدا نایە. سەیەرێکی خەباتی پێغەمبەر( ص) بکەنو تۆزێکیش لە خۆیان بڕوانن تابزانن چەندەیان لەو ئەرکە بەجێی هێناوە. ڕەنگە بڵێن خۆ ئێمە پەیامبەر نین! بەڵێ نین،بەڵام زانایانی ئایینی میراتگری پێغەمبەرانن، ئەو ئەرکە قورسە بەوان ئەسپێردراوە. ئەوان دەبێی ڕاگەێینەرو بەڕێوەبەری ئەو فەرمانانە بن کە خوا بە پێغەمبەرانی داوە . مامۆستایان دەبێی بەرچاو ڕونی تەواو بدەنە خەڵک و ڕێبەر بن نەک ڕیبوار، چاوەدێری کۆمەڵگابن هەڵەو تاوانیان بۆ ڕونکەنەوەو لە پێشەوەی ئەو سوپایە بن کە بەرەنگاری زوڵـمو داگیرکاریـو پێشێل کردنی مافەکانی مرۆفەکان دەبێتەوە . بە فەرمودەی خوالە پێشدا ئینسانن، دوایە گەلن جا دوایە خاوەنی بڕواو ئیمانن.

مامۆستایان دەزانن دنیا گۆڕەپانی کارو تێکۆشانە ، مەیدانی مـردنو ژیـانـە سەرئەنجامەکەشی لێپرسینەوەو ئیمتیحانە. خوا لە سوڕەی مولک : ٣دافەرمویە: {خوایە مەرگوژینی خەلق کردوە تا تاقیتان بکاتەوە ،بزانی کامەتان ئاکارجوانترە هەرئەویش لێبوردەی خاوەن دەسەڵاتە.} خۆشتان دەزانن کردەوەکان لە دەفتەری حیساباتی خوادا نوسراون و رەنجی کەس بەخەسارناچێ وحیسابی کەسی لێی تێک ناچێ. مامۆستایان دەبێی بـزانن دنیا گۆڕەپانی مـلملانەی هەقو باتڵە .ئەگەر خەڵکانیترمەسەلەکان لە ڕوی بەرژەوەندی خۆیانەوە چـاو لێبکەن ئـەوان دەبێی بە پێوەری دین هەڵیان سەنگێنن ولەراستای بەرژەوەندی گشتی بە شێوەی ڕەواو عادڵانە بیقەبڵێنن. من دڵنیام ئەو زانایانە دەزانن لە بەڕێوەبردنی ئـەو ئەرکە قورسوگرانەدا دەگەڵ موشکیلی گەورە تامەترسی مەرگیش بەرەو ڕو دەبن،بەڵام ئەگەرلە حاند غەدروخەیانەتوناعەداڵەتیدا بیدەنگ بن لە فەرمانی خوا لایانداوەو دنیا توشی فەتەڕاتێک دەبێی کە ئەوبێدەنگیە وەدی هێناوە.خوای مەزن فەرمویە: { ئەگەر لەو ئاپۆرەیە هێندێکانی بەوانیترتەرتو تونا نە کردبایە ئەوسەرزەویـە ویران دەبو} بەڵێی ئەوەی دەبێی لەناو بچێ زاڵمی خوێنخۆروداگیرکەرە، ئەوەی ئاشقی دەسەڵاتو دوژمنی هەرچی بەشەرە. مامـوستایان دەزانن ئەوەی لەوزەویو عاسمنانەدایە هەمویان بۆ مرۆڤ خەلق کراون ، دنیا مڵکی هیچ ئایینو ئێدەو ، زمانو ڕەنگو دەسەڵاتێک نیە بەڵکو مڵکی گشت گیان لەبەرانە لەناویاندا مرۆڤ کە ماقوترینی هەمـویانە ، دەسەڵات نەدراوە بە ئاێینێک یان ئیدەیەک کەهەرکس دەگەڵیان نەبێی یان بڕوای پێیان نەبێی مەحکوم بەنەمانی بکەن. کەوابو ئەوانەی بەناوی دین دەکوژن دەبڕن، دەسوتێنن، وێران دەکەن، تاڵان دەکەن یان لەدین تێنەگەیشتون یان تێیگەیشتونو فرۆشتویانە . ناوی خوا واتە أللە ڵکبر وشەیەکە خوا لەقورئان فەرمویە :”ألا بذکر أللە تطمئن القلوب” واتە بە هێنانی ناوی خوا دڵەکان هێورو ئارام دەبن . بەڵام هەمو دەزانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیستنی ئەو وشەیە ببوە زەنگی مەترسی مەرگو نەمانی کوردان .ئەگەر مامۆستایان بە پلەو پایەو ماقوڵی ودەسەلات خۆیان بەدەستەوە دابێی ، با ئەو ئایەتە بخوێننەوەو بەجوانی لێکی دەنەوەو ئەوجار بیرێک لە خۆیانوئەرکەکەیان بکەنەوە ،تابتوانن وڵامی دروستی خواوخەڵک بدنەوە .{ بڵێی: خوایە ! ئەی خاوەن هێزودەسەڵات! کێت مەیل بێی دەسەڵاتی پێدەدەی وکێش حەزبکەی دەسەڵاتی لیدەستێنی ، تۆی کەسێک وەقەدر دەخەیو بەرزی دەکەیەوە،هەر خۆشت زەبــون و پەست دەکەی و دەیڕوخێنی ، خۆت دەیزانی؛ چاکە هەر بەدەستی خۆتە وتـوانای هەمو شتێکت هەیە .} کەوابو بۆ وەرگرتنی پلەو پایەو قەدرو قیمەت و خۆ پاراستن لە پەستی و زەلیلی پـشت بە کردەوەکانی خۆتان ببەستن ، وەک خوافەرمویە هەڵسو کەوت بکەن منەتی کەس هەڵمەگرن و دەستەو نەزەر بۆ کەس ڕامەوەستن.

ئاکامی ئەو سەرئێشانەم بۆ ئێوە ئەوەیە: ئەگەر بـڕواتان بـەوەهەیە کوردیش یەکێک لەو گەلانەی دەسکری خوایەو زێدێک ومافێکی دیاریکراوی خۆی هەیە، پاراستنی زێدو مافیش ئەرکی ئایینیە ، ئێوە نابێی مل بۆ داگیرکەر ڕابکێشن ، دەبێی بە فەرمودەکانی خوا دەگەڵی بدوێن ولەحاند پێشێل کردنی فەرمودەکانی خوا سەر شۆڕ مەکەن . ناڵێم بەشێوەی نامۆ! بەڵکو بەزمان وقەڵەمی هەق بێژو هەق نوس وەرنە مەیدان ،لە هەمو چەکێک کاریگەرترن.ئاوڕێک بدەنـەوە بـزانن شای گۆڕ کراو پێشەواکەتانی لەسەر داوای شەرعی و قانونی گەلەکەی لەدار داوە، خومەینی هەر لەسەر ڕۆیشتن بەو ڕێبازەداو وەدواکەوتنی ئەو داوا ڕەوایـە حـوکمی جیهادی بـۆ دەرکردویـن وهەر بەفەرمانی ئەوبـەشێوەی جـۆراو جـۆر ئـەو فتوایەیان درێژە داوەو مەزن و زاناترین ڕێبەرمان لەلایەن ئەوان تڕۆڕ کراوە. پشت ڕاست کردنەوەی ئەو جینایەتانـە دەتـانـکاتـە شەریکی تاوانو لە بەرانبەرخواوخەڵکدا بەر پرسیارن. بەداخەوە ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ڕاستە ڕێگای خۆی لادراوە ، فـارس وتـورکو عەڕەب کردویانەتە ئامرازی کوشتن وقەڵاچۆ کردن و سوتاندن و بەندکردنی کوردان ، بـونـەتـە مۆتەکەی مەرگو هەرجارێی لە لایەک و بەبیانویەک بەگژ کوردان دا دەچن. ئەوە ئەرکی زانایانی ئایینیە ئەودرۆو بوختانە هەڵبەستراوانە بەتوندی ڕد کەنەوەو ئەوانەی کردویانتە کاڵای پارە کۆکردنەوەو وەدەست خستنی پلەوپایە ریسوابکەن وبەرەنگاری ئـەو هەمو تاوانە کراوانەی بەناوی دین ببنەوەو ئابڕوی ئیسلام ومـوسوڵـمـانـان بکڕنەوە.

 بەو هیوا ڕۆژێک بێی کە دڵنیام دێێ، خادم و خائین لێک دەکرێنەوەو ڕاست بێژو درۆزن بناسرێنەوەو پاداشتی چاکە و خراپەکان دەدرێنەوە.

 

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ٨ / ١ / ٢٧١٨ کوردی

 ٢٨ / مارس /٢٠١٨ زایینی هولەند

کاتالۆگ