گەڕانەوەی دوو جەمسەری و مەترسییەكەی لەسەر كورد، عارف قوربانی

ئەگەرچی كورد وەك نەتەوە لەڕووی كۆمەڵایەتی و دابونەریت، رەوشت و رێزگرتن لە بەها مرۆییەكان، یەكسانی و قبوڵكردنی ئاینی یەكتری، زۆر لە پێش نەتەوەكانی تورك و عەرەبی دراوسێیەوە بووە.

عارف قوربانی

تەنانەت لەڕووی مێژووییەوە لەدوای فارس لەوان لەپێشتر و بە ژمارەی مرۆیی و ئەو جوگرافیایەش لەسەری ژیاوە، سەردەمانێك لەوان بەرفراوانتر بووە. لەڕووی تواناشەوە سروشتی تاكی كورد بە تواناتر و بەهێزتر بووە لە بەرگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی مەترسی. بەڵام نە حوكمی مێژوو نە ئینسانیبوون مەحەك نەبوون بۆ پێگەی ئەم میللەتانەی ناوچەكە، بەڵكوو واقیعێكی داسەپاو كۆمەڵگا و كولتوورەكانی ئەوانی سەقامگیر و دامەزراو كرد، كوردیش پەرش و بڵاو و پەرتەوازەكراو.

 

زۆر جار لە مێژوودا بەریەككەوتن لە نێوان ئەم گەلە دراوسێیانەش روویداوە، سەرباری ئەو جیاوازیانە و هەڵكەوتەی جوگرافی و سروشتی سەختی شوێنی ژیانی كورد، بەڵام بەردەوام نیشتمانی كورد بەرتەسكتر كراوەتەوە و جوگرافیای ئەوان فراوانتر بووە. هۆكاری سەرەكی ئەو هاوكێشە پێچەوانەیە پەیوەندی بە نابەرابەری ئامرازەكانی شەڕكردنەوە هەبووە. تورك و عەرەب و فارس بەهۆی ئەوەی دەوڵەت و توانای ئابوورییان بەهێز بووە، توانای دەستەبەركردنی ئامرازەكانی پەلامار و بەرگرییان لە كورد باڵاتر بووە. بۆیە سەرباری قوربانیدانی بەردەوامی سەتان ساڵەی كورد، هەر بەژێردەستەی ئەوان ماوینەتەوە.

 

لە دوای یەكەم جەنگی جیهانی، ئەو داگیركارییەی سەر كوردستان و دابەشكردنی خاكەكەی بە نێودەوڵەتی كرا. بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان سنووری هەریەك لەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكرابوو، ناسێندرا و هیچ دەستەبەركردنێكی نێودەوڵەتی بۆ مافی كورد دیاری نەكرا. لە هەر یەك لەو وڵاتانەش كە كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، كورد هەوڵێكی دابێت بۆ دەستخستنی مافەكانی، وەك ئەوەی دەستی بۆ قەدەغەكراوێكی نێودەوڵەتی بردبێ‌، بەشێوازی زۆر دڕندانە پەلامار دراوە و سەركوت كراوە. بەڵام بەهۆی ناكۆكیی نێوان ئەو دەوڵەتانە، سەرباری ئامانجی هاوبەشیان لە چەوساندنەوەی كورد، هەمیشە پەراوێزێك هەبووە تا كورد لێیەوە باڵا بكات. بەهۆیەوە لە سەدەی رابردوودا مەسەلەی كورد وردە وردە گەشەی كرد و بوو بە یەكێك لە كێشە دیارەكانی ناوچەكە و جیهان.

 

هەرچەندە لەوكاتەوە گۆڕانكاری زۆر بەسەر نەخشەی جیهاندا هات، سنووری نێودەوڵەتی دەستكاری كران و دەوڵەتگەلی تازە زۆر دامەزران، بەڵام كێشەی كورد بە چارەنەكراوی مایەوە. لە كۆتاییەكانی سەدەی بیست و سەرەتاكانی هەزارەی سێیەمدا مەسەلەی كورد بوو بەیەكێك لە پرسە گەورەكان، زۆر ناوەندی گرنگ لە ئاستی نێودەوڵەتی وێنای كێشەی كوردیان بەو جۆرە دەكرد كە سەدەی بیست و یەك سەدەی كورد دەبێت. پێشتر لە عێراق و دواتر لە توركیا و لە سووریاش مەسەلەی كورد زۆر چووە پێش، سەرهەڵدانی داعش و شەڕی جیهان دژ بە تیرۆر، یارمەتیدەری گەورە بوون لەوەی كە ویژدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بخاتە بەردەم پرسیاری مافی كوردەوە و پرسی هەڵوەشانەوەی سایكس بیكۆی هێنایە ئاراوە، بە جۆرێك كە جیهان چاوەڕوانی سەرلەنوێ‌ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەیان دەكرد.

 

بەڵام شانبەشانی ئەم باڵاكردنەی مەسەلەی كورد لە ناوچەكە و جیهاندا، وڵاتانی سەردەستەی ناوچەكە (تورك و عەرەب و فارس) دركیان بە پێویستی پێكەوە بەرەنگاربوونەوەی كورد كرد، لە دوو ساڵی رابردووەوە هەست بەجۆرێك لە پەراوێزخستنی كێشە و ناكۆكیەكانی نێوانیان دەكرێت و خەریكی داڕشتنی ستراتیجێكی هاوبەشن دژ بە مەسەلەی كورد لەسەر هەر بستە خاكێك بێت. جیاوازیی مەترسی ئێستا بۆ كورد بەراورد بە رووداوەكانی سەدەی رابردوو ئەوەیە ئێستا مەترسیەكە تەنها لەسەر بەشێكی كورد یان پارچەیەكی كوردستان نییە، بەڵكوو ئەمجارە مەترسی لەسەر دۆزی كوردە لە هەموو بەشەكانی كوردستان.

 

ئێستا زیاتر لەو سەردەمانەی رابردوو گەلەكۆمەكێ‌ لەسەر كورد هەیە، ئەویش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە بەرچاوانەی لە هاوكێشە هەرێمایەتییەكاندا هاتوونەتە ئاراوە، كورد نەیتوانی خۆی لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بگونجێنێ و هەر بەشێوازە تەقلیدیەكەی پێش گۆڕانكاری لە جەمسەربەندی هاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەكاندا مایەوە. بۆیە نەك چاوەڕوانی ئەوە ناكرێت لە ململانێی هەرێمایەتی دەوڵەتانی سەردەستەی ناوچەكەدا پەراوێزێك بۆ مەسەلەی كورد بدۆزێتەوە، بەڵكوو ئەگەری ئەوە هەیە سەرلەنوێ‌ بكرێتە میراتی دابەشكردنەوەی رۆڵ و پێگەی وڵاتانی ناوچەكە.

 

بەهۆی یەكلابوونەوەی سووریا و عێراق بۆ ئێران، عەرەب رۆڵی لە هاوكێشەكەدا نەماوە. ئەمەش كاریگەرییەكی خراپ لەسەر مەسەلەی كورد دروست دەكات، چونكە دەرفەتی ناكۆكییە هەرێمایەتیەكان كەمتر دەكاتەوە و ئەگەری سازانی هەردوو جەمسەرەكە ئاسانتر دەكات، ئەوەش راستەوخۆ بەزیانی مەسەلەی كوردە لە هەر چوار پارچەی كوردستان. رێككەوتنی توركیا و ئێران لەسەر مەسەلەی كورد، یەكسانە بە رێككەوتنی چوارقۆڵیی هەر چوار دەوڵەتی داگیركەر. ئێستا ئێران و توركیا لەسەر كەوڵكردنی كورد ستراتیجێكی هاوبەش بەڕێوە دەبەن، بەجۆرێك نەك هەر دەرفەتیان بۆ كورد نەهێشتووە كە سوود لە ناكۆكی و ململانێكانی نێوانیان وەربگرێت، بگرە مەسەلەی كوردیان كردووە بە ماكی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی نێوان خۆشیان.

 

ئەوەی وادەكات ئەم ستراتیجەی ئێستای نێوان توركیا و ئێران كاریگەربێت بۆ مەسەلەی كورد و پاشەكشەپێكردنی لە ناوچەكەدا، سەرلەنوێ‌ دابەشبوونەوەی جیهانە بەسەر زیاتر لە جەمسەرێكدا. ئەم دوو دەوڵەتەش نەك هەر كاریگەرییان لەسەر پاراستنی هاوسەنگی بەرژەوەندیی جەمسەرەكان هەیە، بەڵكوو توانای دروستكردنی بەرژەوەندی و توانای دروستكردنی مەترسیان لەسەر بەرژەوەندییەكانیش هەیە.

 

لە بەرامبەردا كورد نەك خاوەن ئەو هێزە نییە كە بتوانێ‌ لە ململانێ‌ و بەرژەوەندی جەمسەرەكاندا رۆڵ بگێڕێت، بەڵكوو پێگەشی ئەوەندە لاوازە توانای راگرتنی هاوسەنگیی لەگەڵ جەمسەرەكاندا نییە. بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی كورد نەك یەكگرتوو نین، بگرە زۆر بە پەرتەوازەیی و بێ‌ بەرنامە دابەش بوون بەسەر پاشكۆی جەمسەرەكان لە ناوچەكەدا. ئەمەش وادەكات نەك هەر نەتوانێ‌ دەرفەت لە ناكۆكی و ململانێی بلۆكبەندیە تازەكان وەربگرێت، بەڵكوو مەترسی ئەوەش دەكرێت لە قۆناغی دوای پاشەكشێیاندا خۆبەخۆ بەگژ یەكتریاندا بكەن.

 

بەڵام لایەنێكی تری ئەم هاوكێشەیە ئەوەیە كە چەندە ئەم هێزە هەرێمایەتیانەی ناوچەكە پێكەوەبن، لە ململانێ‌ نێودەوڵەتیەكاندا دەرفەت بۆ جەمسەرە ناكۆكەكان دەكاتەوە سوود لە كێشەی كورد ببینن و كوردیش بەهۆیانەوە ببێتەوە بە بەشێك لە كێشەكان، بەڵام مەرجی سەرەكی بۆ ئەو حاڵەتە كە تەنها بۆ سوودی ئەوان بەكارنەبرێین، تەنها پێكەوەبوونی كوردە. هیوادارم سەركردەی حیزبە سیاسیەكان و بەشدارانی بزووتنەوەی كورد لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان درك بەو پێویستییە بكەن.

 

سەرچاوە: روداو

کاتالۆگ