کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی 32/33

” ئەوان لە ئاستی خوارنەتەوەدا کە ئاستە میللییەکەی زمان و کەلتورە، دەتوانن شێوازە زمانی و کەلتورییەکەی خۆیان بەکار بهێنن و لە ئاستە سیاسی و نەتەوەییەکەدا،

helo-berznci

هەر دەبێت پەیڕەوی لە شێوازە زمانی و کەلتوورییەکەی نەتەوەخوازی ئینگلیزی بکەن و ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ نەتەوەخوازی ئینگلیزی تەنها لە ئاستە میللییەکەدا دەستبەرداری تۆتالیتاریەتی کەلتوری و زمانی بووە نەک لە ئاستە نەتەوەییەکەدا”(٥٢٠)

لە وڵاتێکی وەک بەریتانیای مەزندا، کە بە دایکی دیموکراسی لە جیهاندا دادەنرێت، تا ئەو ئاستە، ماف بە نەتەوەکانی ژێر چەپۆکی خۆی دەدات، لە سنوورێکی تەسک و مەودایەکی دیاریکراودا، سەر بەرز بکەنەوە و بوونی خۆیان نمایشت بکەن. هەر چرکەساتێ بزاوتی ئەم نەتەوانە سکۆتی و وێڵزی و ئیریی، سەرەچووقەیەک بکات، هەوڵێک بۆ دەستگیرکردن لە ئامانجە نەتەوەییەکانی بدات،دەستبەجێ لە لایەن ئینگلیزەوە، بە شێواز و میتۆدە جیاکان دوژمنایەتییان دەکرێت.

د. عرفان دواتر پەنجە بۆ ئەڵمانەکان لە ناو دەوڵەتی سویسرادا ڕادەکێشێ و وەک نموونەیەک جیاواز لە دۆخی شانشینی یەکگرتوو، باسی دەکات. وەک نەتەوەخوازی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئیتالی، کە لە سنووری دەوڵەتەکانی ئێستایاندا پەڕیوەتەوە و سنووری بەزاندووە، و چۆتە ناو دەوڵەتێکی وەک سویسراوە، کە لەو ٣ پێکهاتەیە دروست بووە، ڕەنگدەداتەوە.

ئەڵمانەکانی ئەڵمانیا و سویسرا، هەردوو مەحکومن بەو تۆتالیتاریەتە فەرهەنگییەی نەتەوەخوازی ئەڵمان. کەواتە، نەتەوەخوازی ئینگلیزی و ئەڵمانی هەردوو دەستبەرداری تۆتالیتارێتی زمان و کولتوری نەتەوەخوازی خۆیان نابن، یەکەم: بۆ ئەوەی دەوڵەتە شانشینە یەکگرتووەکەی بەریتانیای مەزن هەڵنەوەشێتەوە و دوومیش: بۆ ئەوەی ئەڵمانەکانی سویسرا، هەستی ئەوەیان لا دروست نەبێ، کە نەتەوەیەکی سەربەخۆن و خۆیان لە ئەڵمان جیاواز ببینن و جیابکەنەوە.

” ئەڵمانەکانی سویسرا لەبری ئەوەی پەرە بە شێوازە زمانی و کەلتوورییەکەی خۆیان بدەن پەرە بە هەمان ئەو شێوازە زمانی و کەلتورییە دەدەن کە نەتەوەخوازیی ئەڵمانی لە ئەڵمانیادا پەرەی پێ دەدات و دەی پارێزێت،بۆیە ناکرێت نەتەوەخوازیی ئەڵمانی لە ئەڵمانیا و سویسرا لە یەکتر جیا بکەینەوە”(٥٢٢)

دیارە لێرەدا گەرەکە جیاوازی لە نێوان نەتەوەخوازی ئەڵمانەکانی سویسرا دا، بکەین کە لە دەرەوەی سویسرا،  دەوڵەتێکی دروستکردووە. خاوەنی،واتە دەوڵەتی ئەڵمانیایە. لێ سکۆتییەکان و بزوتنەوە نەتەوەخوازەکەیان چ دەوڵەتێکیان لەدەرەوەی بەریتانیا دا نییە. کەواتە جیاوازییەکە گەورە و زەقە.

٣)..ئەو نەتەوەخوازیانەی کە لەناو دەوڵەتێکدا لە ناوچە سیاسییەکانی خۆیاندا پەیڕەوی لە تۆتالیتاریەتی شێوازی زمانی و کەلتوری دەکەن،وەک نەتەوەخوازی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئیتالی،لە دەوڵەتی سویسریدا(٥٢٣).

نەتەوەخوازیی لە سویسرا، بە شێوەیەکە، کە هەر یەک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتی سویسرا، لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، خاوەنی بزاڤێکی نەتەوەخوازی سەربەخۆی خۆیانن. ئەڵمانەکان، لە ئەڵمانیا و فەرنسییەکان لە فەرەنسا و ئیتالییەکان لە ئیتالیا دا. هۆکەیشی ئەوەیە دەوڵەتی سویسرا، دەوڵەتێکی سەرونەتەوەییە. واتە ئینتما بۆ نەتەوە جیاوازە، لە ئینتیما بۆ دەوڵەت. دوا سنوری ئینتیما بۆ دەوڵەت ئەو شوێنەیە، کە ئەو دەوڵەتە سەرونەتەوەیی بێت و هیچ کام لەو نەتەوانەی تێیدا دەژین، زاڵ نەبن، بەسەر ئەوانی دیکەدا.

خۆ گەر بێت و لە بارێکی وادا گریمانەمان کرد، دەوڵەتی سویسرا، هەڵدەوەشێتەوە و هەر یەک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست دەکەن، بەڵام بەم هەنگاوە نەتەوەی ئەڵمان و فەرەنسی و ئیتالی،  هەڵناوەشێنەوە، چونکە هەر یەک لەمانە، ‌هاوشوناسن لەتەک دەوڵەتەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیا دا. یاخود خاوەنی  دەوڵەتی دایکن.

 کەچی لەسەردەمی هاوچەرخدا، پێش چەند دەیەیەک دیمان،چۆن  شورەوی و یوگسلاڤیا هەڵوەشانەوە، نەتەوەکانی ناو سنوورە سیاسییەکەشیان، پێوەی ڕاماڵدران و  سەرەونگووم  بوون، لە جێیان هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک، دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی دامەزراند، ئەوە بوو  زیاتر لە ١٥ دەوڵەتی نوێ هاتە کایەوە.

ـ کوردبوون و بزوتنەوە کوردییە مۆدێرنەکان

د. عرفان دەمانخاتە بەردەم ئەو حاڵەتەی،کورد کە تێیدا خاوەنی دەوڵەتە و بەم ئەگەر و پرسیارەوە دەچێتە نێو باسەکەیەوە. پێی وایە جیاوازی زمان و کولتور هۆکار نییە بۆ دروستکردنی دەوڵەت..

“لەم کۆمەڵگایەدا پرۆسەی گۆڕینی کەلتوری خێڵەکی و ئەتنیکی بە کولتوری مۆدێرن شکستی هێناوە،بۆیە گەڕاندنەوەی شکستی بزووتنەوە کوردیەکان لە دروستکردنی نەتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی نایەوێت کولتورە خێڵەکییەکەی بگۆڕێت بە کولتورە مۆدێرنەکە و دەیەوێت لەناو کولتورە خێڵەکییەکەدا بمێنێتەوە،هەڵەیە و ئەم هەڵەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ماهیەتی کولتوری مۆدێرن کە پیشەیبوونی ئەم کولتورەیە لەو لێکۆڵەرانە بووە بە چوونیەککردنی کولتوری(…)کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنە و کۆمەڵگایەکی خێڵەکی نییە،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگایەکی مۆدێرنە،کولتورە مۆدێرنەکەی کولتورێکی فرەڕەنگ و فرەزمانە و ئەو کولتورە یەکڕەنگ و یەک زمانە نییە کە نەتەوەخوازی نەتەوەی پێ دروست دەکات.کۆمەڵگای کوردی دژی کولتورە مۆدێرنەکە نییە،بەڵکو دژی هەموو جۆرە هەوڵێکە بۆ کوشتنی فرەڕەنگی و فرەزمانی کوولتوریی،ئیتر بە هەر ناوێکەوە بێت”. ٥٣٠

جیاوازی زمان و کولتور هۆکار نییە بۆ دروستکردنی دەوڵەت. د. عرفان مستەفا، لەم ڕووەوە هەندێ بۆچوونی مارتین ڤان بروسنەن بە نموونە دێنێتەوە.

کۆمەڵگای کوردی لە هەموو قۆناغەکانی بوونی خۆیدا لە کۆن و ئێستادا، پێڕەوی لە فرەزمان و فرەکولتوری جیاواز کردووە. کەواتە وەک ئاماژەمان پێدا، کوردبوون جیاوازی کولتورەکانە. ئەمە دەستووری ژیان و یاسای کارکردن و سیستەمی خۆبەڕێوەبردن و جموجوڵەکانێتی. بەواتایەکی دیکە، کوردبوون دروشمەکەی پێڕەوکردنی یاسای جیاوازییە. لە هەموو بوارەکاندا بەو واتایەی پاراستنی فرەزمان و فرەکولتور، کرۆکی جیهانبینی کوردی پێک دێنێت. دیارە ئایین و سیاسەت، ئەو دوو بوارەن، کە هەمیشە لە تەوژم و لایەن و هێزی جیاواز پێک دێن، یاخود لەخۆ دەگرن. هەر یەکێکیش لەمانە فرە ڕەنگ و فرە مانان.

“ئەم بزووتنەوانە گەر پەیڕەوی لەو سیستەمە تۆتالیتارە بکەن کە نەتەوەخوازی دەیخوازێت و ببن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز،کوردبوونی خۆیان لەدەست دەدەن. لەلایەکی تریشەوە گەر پەیڕەوی لەو سیستەمە جیاواخوازە بکەن کە کوردبوونیان لێیان دەخوازێت ببن بە بزووتنەوەیەکی کوردی،ئەوە  لەدەست دەدەن بزوتنەوەیەکی نەتەوەخوازبن. ئەو حاڵەتە لێکدژییەی کە بزووتنەوە کوردییەکان لە نێوان کوردبوون و نەتەوەخوازبووندا تێی دەکەون،بزووتنەوە نەتەوەخوازەکانی فارس و عەرەن و تورک و هەموو بزووتنەوە مۆدێرنەکانی تری جیهان تێی ناکەون،هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو میللەتانە بونیان لە عەسەبەکانی بەر لەسەرهەڵدانی مۆدێرنە و نەتەوەخوازی سەرچاوەیان گرتووە”.٥٣١ـ٥٣٢

لە هەناو و میانەی ئەم بارودۆخەدا، کە بزوتنەوەی نەتەوەخوازی بەگشتی نەخشی بۆ کێشاوە، ئەو پێودانگەی بزووتنەوەی کوردی مەرجە بیکاتە دروشمی خۆی، ناجۆرییەک سەرهەڵدەدات. لێکدژییە لە نێوان کوردبوون و نەتەوەخوازی و ئەم دوو هێڵە هەرگیز لە خاڵێکدا یەکانگیر نابنەوە. بۆ ئەوەی ئەم تەلیسمە،کرۆک و مانا و ئاماژەکانی هێز و کاریگەرێتی کوردبوون تێبگەین و بیزانین،وردە وردە لەگەڵ بۆچوونەکانی نووسەردا هەنگاو دەنێین. بە واتایەکی تر، کە د. عرفان بەم شێوەیە گوزارشتی لێ دەکات:

“ئەو بزوتنەوە مۆدێرنانەی کە لەناو کۆمەڵگا کوردییە نامۆدێرنەکەدا سەرهەڵدەدەن،لەیەک کاتدا ناتوانن بزووتنەوەیەکی  کوردییش بن، چونکە بە بوونیان بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز لە کوردبوون دەکەون و ناکرێت ناویان بنرێت بزووتنەوەیەکی کوردی،بە بوونیشیان بە بزووتنەوەیەکی کوردی لەوە دەکەون بزووتنەوەیەکی نەتەوەخوازبن”.٥٣٢

چونکە بزووتنەوە کوردییەکان پلورالیستین و فرەیی دەخوازن.ئاخر گەر بێت و بزووتنەوەیەکی کوردیش  یەک شوناس  بێت و یەک کۆمەڵگاش دروست بکات،لێ بە هۆی فاکتی کولتوورییەوە،بوونی خۆی بە دوو شێوە لە دیالێکتی زمانی کوردی و دوو جۆر کولتور نمایش بکات،وا دیسان دەکەوێتەوە دۆخی جیاوازی و فرەییەوە.بەمەش کاراکتەری بزووتنەوەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

“ئەو رۆشنبیرە کوردانەی کە دەیانەوێت بزووتنەوەیەک لە بزووتنەوە مۆدێرنەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە بکەن بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز،بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکەونە دەرەوەی کۆمەڵگای کوردی و شوناسە کوردییەکەیان لە دەست دەدەن،جاری وا هەیە ئەم رۆشنبیرانە ناچار دەبن لە کۆمەڵگا کوردییەکە بچنە دەرەوە و بەرەو ناو بزووتنەوە نەتەوەخوازەکانی ناو کۆمەڵگاکانی تر بڕۆن(…) کۆمەڵگای کوردی پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە کۆمەڵگایەکی زمانی و کەلتوری جیاواز، ئەوەی هەریەک لەو کۆمەڵگا زمانی و کەلتوریانەی کردووە بە پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردی بنەمای کوردبوونە،ئەم بنەمایەش زەمینە خۆشدەکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا کوردیەکە لەناو خۆیدا ببێت بە زیاتر لە کۆمەڵگایەکی زمانی و کەلتوری کاتێک  بزووتنەوەیەکی مۆدێرن بە پەیڕەوی کردن لە بنەمای نەتەوەخوازی دەیەوێت بە ناوی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نەتەوەییەوە لە رێگەی هێزەوە کۆمەڵگا  زمانی و کەلتوریە جیاوازەکانی  ناو کۆمەڵگای کوردی بگۆڕێت بۆ یەک کۆمەڵگای زمانی و کەلتوری،بەمە کۆمەڵگایەکی نەتەوەیی بۆ کورد دروست ناکات،بەڵکو ئەو کۆمەڵگا کوردییە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەسەر بنەمای کوردبوون  دامەزراوە”.٥٣٤ـ٥٣

کۆمەڵگای کوردی بەوە کوردییە،کە لەسەر بنەمای کوردبوون هەڵسابێ و کۆکەرەوەی هەموو دیاردە و توخمەکانی ناو مرۆڤە کوردەکان بێت،لە قاڵبێکی هاوبەشی گشتیدا.دیارە وەک ئاماژەمان پێدا ،کۆمەڵێ پێکهاتەی جیاواز،ئازادانە،لە ژینگەیەکدا یەکیان گرتووە و کۆمەڵگای کوردیان  دروست کردووە.هەر بزووتنەوەیەک بیەوێ پێڕەوی ئەم یاسا چەسپاو و بەرجەستەبووە نەکات،خۆی تووشی کێشە دەکات و دەکەوێتە خانەی هەوڵ و بەشداریی هەڵوەشاندنەوە کۆمەڵگای کوردی.

“لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بۆ هەر بزووتنەوەیەکی مۆدێرن ئەوە گرنگە پەیڕەوی لە بنەمای کوردبوون بکات،واتە بڕوای بەوە هەبێت کە کۆمەڵگای کوردی دەبێت پێکهاتەیەک بێت لە کۆمەڵە کۆمەڵگایەکی فرەزمان و فرەکولتور،بەبێ باوەڕبوون بەم بنەمایە و کارکردن بەم بنەمایە هیچ بزووتنەوەیەک توانای مانەوەی لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا نابێت،گەرچی خاوەنی هێزێکی جەماوەری و مادیی گەورەش بێت”.٥٣٥

 

 

کوردبوون و ناسیۆنالیزم بەشی سی و سێ ٣٣

هەموو بزووتنەوە کوردییەکان لەسەر زەمینەی ئەم بنەمای فرەزمانی و کولتوریە شین بوون و هەر لێرەوە ئیلهامیان وەرگرتووە. یاسای جیاوازی ڕاستە شەقامی بۆ بزووتنەوە کوردییەکان نەخش و دیاری کردووە. هەر خۆ لێ لادانێک لێی، تووشی هەڵدێر و کارەسات بوونە، چونکە کۆمەڵگای کوردی بە دەربڕینێکی تر، یەک سیستەمی دیکتاتۆری قەبووڵ ناکات و پێ ناچێت بەڕێوە.

نووسەر لێرەدا ئاماژە بە پارتێکی سیاسی وەک پ ک ک دەدات. چۆن لە هەوڵدایە بە تاکە کولتوورێکی سیاسی کۆمەڵگا سیاسییەکەی کوردستان کە جیاواز و فرە پێکهاتەیە بگۆڕێت بۆ یەک کۆمەڵگای سیاسی. ئەم حیزبە ئەو تۆتالیتاریەتە کولتووری و زمانییەی کە بزووتنەوە نەتەوەخوازەکان پەیڕەوی دەکەن،و دەیانەوێ کۆمەڵگا زمانی و کولتووریە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، بکەنەوە بە یەک زمان و کولتوور، دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگا سیاسییەکەی ناو کۆمەڵگای کوردی. واتە ئەم حیزبە لە بری لە کۆمەڵگا فرەزمان و فرە کولتوورییەکی کۆمەڵگای کوردی، یەک زمان و یەک کولتوور دروست بکات، دەیەوێ کۆمەڵگا کوردییە سیاسییەکە، کە پێکهاتەیەکە لە کۆمەڵە کۆمەڵگایەکی سیاسی جیاواز و هەر یەکەیان خاوەنی کولتوورێکی سیاسی تایبەت بە خۆیەتی، بگۆڕێت بۆ یەک کۆمەڵگای سیاسی سەرتاسەری و تۆتالیتار. ئەم حیزبە لەمەدا لاسایی ئەو جۆرە لە تۆتالیتاریەتی سیاسی دەکاتەوە، کە مارکسیزم و ئیسلامی سیاسی پەیڕەوی دەکەن. ئەم تۆتالیتاریەتە سیاسییە لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە قبووڵ نەکرا. هەر ئەم شتە ناوەکییە بووە، مایەی ئەوەی،پارتی ناوبراو دروشمەکەی، لە داوای سەربەخۆییەوە بۆ کوردستان  بکاتە داوای فیدرالیەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا. لەم بادانەوەیەدا هۆکاری دەرەکی لاوەکی و ناوەکی سەرەکی بووە. بە کورتی بە سیاسەتە تۆتالیتارییە، ناتوانێ فرەیی و جیاوازی زمانی و کولتووری، هەروا بە سانایی بگۆڕێت، ئەم کارە بە فلتەری بنەمای کوردبوونەکەشدا بە پەلە تێناپەڕێت .لەبەردەم ئەم کارەدا، ڕێگریی و ئاستەنگ زۆرن و گەرەکە بە هەند وەربگیرێن .

بە کورتی و کرمانجی کاتێ پ ک ک لە بڵاوکردنەوەی کولتورە سیاسییەکەی خۆیدا، پێڕەوی لە بنەمای کوردبوون دەکات، کەچی هەوڵ دەدات کولتوورە سیاسییەکەی خۆی وەک تاکە ئەلتەرناتییڤ ببینێ و هی پارتەکانی تر بە ناکوردی تەماشا دەکات. پ ک ک لە باشووری کوردستان دا، بە هۆی ئەو تاکە کولتوورە سیاسییە، کە خۆی پێ وێنا دەکرد، وەک پارتێکی مارکسیستی دەناسرا نەک کوردی. هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بزووتنەوەیە لە بڵاوکردنەوەی کولتورە سیاسییەکەی خۆیدا، پەیڕەوی لە بنەمای کوردبوون نەدەکرد، بەڵکو پەیڕەوی   ئەو پرنسیپەی  دەکرد، کە بزووتنەوە مارکسیستەکان پێڕەویان لێ دەکرد، دەرئەنجام شکست دێنێ.

د. عرفان زۆر ژیرانە، لەسەر سیما دیارەکانی سیاسەتی پ ک ک لە نێوان بنەمای کوردبوون و ناکوردبووندا، درێژە بە باسەکەی دەدات.

“لەناو کۆمەڵکای کوردیدا هەر کولتورێکی سیاسی ئاینی بێت یان لیبڕاڵ یان مارکسی بەوە دەبێت بە کولتورێکی سیاسی کوردی و کوردییەتەکەی خۆی دەپارێزێت کە وەک کولتورێکی سیاسی ناوچەیی بمێنێتەوە و هەوڵی ئەوە نەدات ببێت بە کولتورێکی سەراپاگیر و بە پەیڕەوکردن لە یاسای شوناس نەفی کوردییەتی کولتورە سیاسییەکانی تر بکات”.٥٣٩

دوا بەدوای ئەم باسە، ئاماژە بە خاڵێکی دیکەی هەستیار، دەدات، ئەویش قسەکردنە لەسەر دیالێکتەکانی زمانی کوردی و هەوڵەکانی یەکخستنی ئەم دیالێکتانە، بەرەو زمانێکی ستانداردی یەکگرتووی کوردی.

“دیالێکتی سۆرانی یان کرمانجی تا ئەو شوێنە کوردیەتی خۆیان دەپارێزن کە لەپاڵ دیالێکتە پەرەسەندووەکانی تردا دیالێکتیکبن لە دیالێکتەکانی زمانی کوردی،کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی بیەوێت یەکێک لەو دیالێکتانە بەرز بکاتەوە و بیگۆڕێت بە زمانی کوردی و رێگە بگرێت لە پەرەسەندنی دیالێکتەکانی تر،ئەوە ئەو دەسەڵاتە سیاسییە بەمە نەک هەر زمانی کوردی لەو دیالێکتە دروست ناکات بەڵکو کوردایەتی لەناو ئەو دیالێکتەدا نەفی دەکات.دیالێکتە کوردییەکان بەوە زمانی کوردی دەنوێنن کە نەبن بە تاکە نوێنەری زمانی کوردی و هەریەکەیان لەپاڵ ئەوەی تریاندا وەک دەرکەوتەیەک لە دەرکەوتەکانی زمانی کوردی بمێنێتەوە”.٥٣٩

ئەمە بۆچونێکی زمانەوانی هەستیارە و پرسی زمانیش هەردەم لە ڕووی نەتەوەییشەوە سەنگ و گرنگی خۆی هەیە. بۆیە لێرەدا.ئەم ئەرکە بۆ شارەزایانی ئەم بوارەی بەجێدێڵین و هەوڵ دەدەن لە دەروازەیەکی ترەوە، ئەم خاڵە لەتەک د. عرفان دا بخەینە بەر باس و ڕوونی بکەینەوە.

ـ بزوتنەوە کوردییەکان لە نێوان نەتەوەخوازی و ئۆتۆنۆمیخوازیدا

لە لاپەڕەکانی پێشوودا، کوردبوونمان ساخکردەوە. پێم وایە چ تەمومژێک لەسەر ناو و ناوەرۆک و مانای ئەم چەمکە نەماوە. چ لە بواری فرەزمانی و فرەکولتوری و چ لە فرە دەسەڵاتیشدا. هەر بزوتنەوەیەکی مۆدێرن لەناو کورد دا، خۆی بکاتە ئاستەنگ لەبەردەم ئەم ڕەوتە سروشتییەدا، دەبێتە تەنێکی نامۆی ناو جەستەی کۆمەڵگای کوردی و زوو دەکەوێتە، دەرەوەی بازنەی ئامانجەکانی کوردبوونەوە. نووسەر دەڵێ:

“کوردبوون ئەو بنەمایەیە کە هەموو بزووتنەوەیەکی ناو کۆمەڵگای کوردی ناچار دەکات لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا بزووتنەوەیەکی ئۆتۆنۆمیخواز بێت و وەک بزووتنەوە نەتەوەخوازەکان تۆتالیتار نەبێت”٥٤١.

د. عرفان ئەم خاڵە گرێ دەدات بە هەستیارترین چەمکەوە، لە دنیای ئیمڕۆدا، هیچ سیستەمێک بێ بوونی، ناچێتە خانەی پێشکەوتن و مرۆڤدۆستی و جێی رەزامەندیی گشتییەوە. ئەو سیستەمەش ـ دیموکراسییەت ـ ە.

نووسەر پێ وایە ئەوەی لەناو کورد دا ڕێگرە لەسەر هەڵدانی تۆتالیتارێتی، حیزبی تاقانە و سەرکردەیەکی تاقانە هەڵکەوێ و سەراپا ژیانی سیاسی کوردستان قۆرخ بکات و بستە زەمینێکی بۆ هەناسەدان بۆ حیزبی دیکە فەراهەم نەکات. بوونی کولتوری دیموکراسی نییە، بەڵکو ڕەهەندەکانی هەمان چەمکی کوردبوونە، کە ڕێگریش دەکات لە تۆتالیتارێتی زمان و کولتورەکەش. کەواتە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا هەرسێ دیاردەی سیاسی، دیموکراسی زمان  و دیموکراسی کەلتوری، لە بنەمای کوردبوونەوە سەرچاوەیان گرتووە. لێرەشەوە شەقاو لە مەیدانی پراکتیکی ژیاندا هەڵدەنێت.

“ئۆتۆنۆمی لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا دەرکەوتەی بنەمای نەتەوەخوازیە و نابیتە هۆی ئەوەی نەتەوە لەناو دەوڵەتە نەتەوەییەکەدا دابەش بکات بۆ دوو نەتەوەی سەربەخۆ،بەڵام ئۆتۆنۆمی لە خەیاڵی بزووتنەوە کوردیەکاندا دەرکەوتەیەکە لە دەرکەوتەکانی بنەمای کوردبوون.جێبەجێکردنی بنەمای کوردبوون دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو نەتەوەیەی کە لەناو دەوڵەتەکەدا بەپێی بنەمای نەتەوەخوازی دامەزراوە هەڵوەشێتەوە بۆ چەند نەتەوەیەکی جیاواز،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ ئۆتۆنۆمی  بەپێی بنەمای کوردبوون شتێکە و بە پێی ئەو بنەما سیاسیەی کە لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکەدا پەیڕەو دەکرێت شتێکی ترە”.٥٤٢

نەتەوەی کورد،سەرباری دڕندایەترین سیاسەتی چوار دەوڵەتی داگیرکەر، کەچی وەک پەرچوو/ موعجیزە هەتا ئێستا هەر ماوە و وەک چیاکانی وڵاتەکەی خۆڕاگر و سەرکەشە. جا بۆیە تێکڕای داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک، دژ بە هەر داخوازییەکی کوردی وەستاونەتەوە و بەردەوامیش دەوەستنەوە. تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمییەی لە خەیاڵی ئێمەدایە، ناگاتە دامێنی هەرە خوارەوەی پرسە نەتەوەییەکەی، کەچی داگیرکەران ئەوان ئەوەشیان قبووڵ نییە.

بەڵام دەبینین ئۆنۆنۆمیی ڕاستەقینە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و دینامیکی هاوکات دەکاتە هەڵوەشانەوەی، ئەوەی ئەوان، لە دەوڵەت و نەتەوە، لە ڕێی نەتەوەخوازییەوە بونیاتیان ناوە. ئەوان بە سیفەتی زاڵێتی دەتوانن هەبن و دەسەڵاتدار بن، نەک بەوەی کوردیش لەتەک ئەواندا پراکتیزەی هەمان دەسەڵات بکات، بە بوونێکی یەکسان و هاوتاوە.

“ئۆتۆنۆمی بەپێی بنەمای کوردبوون ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و کولتوری لەناو دەوڵەتی مۆدێرندا لە دەسەڵاتێکی ناوەندییەوە بگۆڕێت بۆ چەند دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی و ناوچەیی.بەڵام ئۆتۆنۆمی بەو مانایەی کە لە دەوڵەتێکی مۆدێرنی وەک بەریتانیا هەیە،ئەوەیە کە دەوڵەت ماف بدات بە ناوچەیەک لە ناوچەکانی سنوری خۆی لە رووی ئیدارییەوە سەربەخۆ بێت،واتە ئۆتۆنۆمی لەناو ئەم دەوڵەتانەدا ئۆتۆنۆمی ئیدارییە نەک ئۆتۆنۆمی سیاسی و کولتوری. سوکوتلەندییەکان گەر وەک کورد لەپاڵ ئۆتۆنۆمی ئیداریدا داوای ئۆتۆنۆمی کولتوری و سیاسی لە دەوڵەتی بەریتانی بکەن، بەمە دەبنە مەترسی لەسەر ئەو یەکبوونە نەتەوەییەی کە نەتەوەخوازی ئینگلیزی لەناو دەوڵەتی بەریتانیدا دروستی کردووە،ئەمەش مەترسی لەسەر دەوڵەتی بەریتانی دروست دەکات،چوونکە کەرتبوونی نەتەوە بۆ دوو نەتەوەی جیاواز لە هەمان کاتدا کەرتبوونی دەوڵەتە بۆ دوو دەوڵەتی جیاواز”.٥٤٢ـ٥٤٣

شایانی باسە، ئەمەش دیاری دەخات، لە ناو دەوڵەتە نەتەوەییە دیموکراسیەکانی، وەک بەریتانیادا، ئەو دیموکراسییە سیاسییەی هەیە، تۆتالیتارێتێکی کولتوری لە پشتەوە هەیە. بێ دەربڕینی ڕەزامەندی بەرامبەر  بەم تۆتالیتارێتییە،کەس بۆی نییە شتێکی پێچەوانە بکات و لە ڕاستیشدا هیچ ناکرێ.هیچ گومانی تێدا نییە، ئەم وڵاتانە تا ئەو شوێنە دیموکراسی پێڕەو دەکەن، بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان نەکەوێتە، مەترسییەوە.

ئەوەی ئەوان بۆ خۆیان لەو دەستکەوتانەی مۆدێرنیزم شانازی پێوە دەکات ، بە دەستیان هێناوە و پێی گەیشتوون و لە ڕێیەوە بوونەتە ئاغای سەرزەمین، ڕێگە نادەن و ڕەزامەند نین، هیچ لایەن و یەکێکی تر، بەو ئاستە بگات.

ڕەنگە جارێکی تریش بۆ وەبیر هێنانەوە، ئاماژە دانەوە بە پرسی سەربەخۆیی سکۆتییەکان لە ٢٠١٥ دا و کاتالانییەکان بەردەوام و باسکەکان بە خەباتەتەکەیان باشترین نموونە بن.

کاتێ تانک و تۆپ و ژوورە تاریکەکانی زیندانەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، هەڕەشە لە کورد بەرامبەر هەر داوایەکی دەکەن. ئەوا لە بەرەنگاربوونەوەی دۆزی سەربەخۆیی سکۆتییەکاندا، فشاری ئابووری و وەرنەگرتن بە ئەندام لە کۆمەڵگای بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا، رێگەنەدان بە بەکارهێنانی دراوی یۆرۆ…هتد بووە چەکی دەستی بەریتانیا و گەلێ لە وڵاتانی ئەوروپا و لە دژی پرسی سەربەخۆیییان بڵند کرایەوە. بە هەمان  میتۆدیش هەڕەشە  لە کاتالانییەکان کرا و دەکرێت.

لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، هەر بزوتنەوەیەک دابێ، بۆ ئەوەی ببێتە جێی پەسەندبوون و شوێنی خۆی بکاتەوە، دەبێ لەناوخۆیدا ئۆتۆنۆمیخواز بێت. ڕەنگە سیستەمێکی فیدڕاڵی، وەک ئێستای ئەڵمانیا باشترین نموونە بێت، بۆ ئایندەی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو.

 

نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ قاسملوو
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
کاتالۆگ