ئایا ئەمەریكا دەیەوێت ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد بڕوخێنێت؟، سروشت عوسمان

هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیەوە له سوریا ئەمەريكا ستراتيژێكی ڕوونی نەبوو بۆ دەستێوەردان و جێگيركردني پێگەی خۆی لە سوریا،

بەڵكو هەوڵیدا له ڕێگەی هاوپەيمانەكانيەوە بەشێك له بەرژەوەنديیەكانی خۆی بپارێزێت، بەڵام كاتێك ڕوسيا و ئێران دەستێوەردانيان له سوريا كرد و ڕۆڵی هاوپەيمانەكانی ئەمەريكا لە سوریا لاواز بوو، ئەمەريكا ناچار بوو كارتی كورد وەك تاكتیكێكی جیۆسیاسی  بەكاربهێنێت له بەر دوو هوكار:

١سوريا ناكەوێتە چەقی ستراتيژی ئەمەريكاوه، بەڵكو تەنها ناوچەكانی ڕوژهەڵاتی ڕووباری فورات و پارێزگای دێرەزوو دەكەوێتە چوارچیوەی ستراتیژی ئەمەریكاوە چونكە لە سەدا٧٠% يەدەكی نەوت و گازی سرشتی  سوریا دەكەوێتە ئەو ناوچانە بەتایبەت كێڵگە نەوتی و غازییەكانی عمر و كۆرینكۆ لە پارێزگای دێرەزور و گێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای حەسەكە، هەروەها چوار بەنداوی گەورە كە لە سەدا٨٠%  ئاوي شیرین بۆ سووريا  دابین دەكات دەكەوێتە ئەو ناوچەيەوه، بۆ ئەمەریكا كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی ئاوی شیرین و بەنداوەكان و كێڵگەكانی نەوت و غاز گرنگترە لە مانەوە يان نەمانەوەی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد.

٢هۆكاری دووەم نەبوونی جێگرەوەیەكە بۆ ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد چونكە له ئەگەری ڕووخانی ڕژيمەكەی بەشار ئەسەدا، گروپە ڕاديكاڵه ئيسلاميەكان بەتايبەت داعش و قاعيده دەسەڵات و هێزیان لە سوریا زیاد دەكات دەبنە مەترسیيەكی گەوره بۆسەر عێراق و ئيسرائيل كه گرنگترين پێگەی ستراتیژی ئەمەريكايه له ناوچەكەدا، له لايەكی ترەوه ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە كورديەكان دەكەوێتە سەر ڕێڕەوی هيلالی شيعی بوونی دەسەڵاتی ئەمەریكا لەو ناوچەیەدا دەتوانێت ڕێگری بكات له تەواكردنی هیلالی شيعی و بەستنەوەی تاران و بەغداد و ديمەشق و بەیروت پێكەوە لەڕێگای وشكانیەوە، له ڕوویەكی دیكەوە هيزە كوردیەكانی سوریا بەوە ناسراون كە هێزی كاريگەرن و لە هەمانكاتدا دژی توندڕەوی ئاينين.

لەبەر ئەم هۆكارانە ئەمەريكا له دوای جێگيركردنی بەرژەوەنديەكانی له سوريا و كۆنترۆڵكردنی ڕۆژهەڵاتی فورات و ناوچە ستراتیژیەكانی باكوری سوریا، دەستێوەردانەكانی له سنوری روژهەڵاتی فورات و ناوچە نەوت و غازيەكانی پارێزكای دێرەزووردا ڕاگرت .

بۆیە  ئەوەی چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر ئەمەریكا هێرشی موشەكی بۆسەر سوریا ئەنجامبدات، ئامانجی هێرشەكە ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد نیە، بەڵكو چەند هۆكارێكی ستراتیژیان لەپشتە گرنگترینیان :

١دۆخی لایەنە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەكانی سوریا لە ئێستادا زۆر خراپترە لەساڵی ٢٠١٣ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی توركیا و ئێران و گروپە توندڕەوەكانی وەك داعش و قاعیدە زیاتر دەكات، چونكە هیچ جێگرەوەیەكی ڕژێمی بەشار ئەساد لە ئێستادا بونی نیە تا بتوانێت هێمنی و ئاسایشی سوریا  بپارێزێت و ئەمەریكاش نایەوێت هەمان سیناریۆی عێراق لەسوریا دوبارە بكاتەوە.

٢ئەمەریكا لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم هێرشە سەربازیە چاوڕوانكراوەوە دەیەوێت سنورێك بۆ دەسەڵاتی ئێران و هاوپەیمانەكانی دابنێت و پەیامێكی توند بەئێران بدات و لەلایەكی ترەوە هاوپەیمانە ئەوروپیەكانی بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا ڕابكێشێتە بەرەی دژە ئێران.

٣هێرشەكە نمایشێكی هێز دەبێت بۆ ئەمەریكا لەسەر گۆڕەپانی سوریادا لەبەرامبەر ڕوسیادا بەوەی لە ئەگەری كشانەوەشیدا لە سوریا ئەمەریكا هەركات ویستی دەتوانێ بگەڕێتەوە سوریا و هیچ لایەنێك ناتوانێت ڕێگری لێبكات .

٤لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكاش ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە ئەو گوشارانە كەمبكاتەوە كە لەلایەن دەزگای ئیف بی ئای و لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دەستێوەردانەكانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا ڕووبەڕووی بووەتەوە، لە هەمان كاتدا تاقیكردنەوەیەكی گرنگ دەبێت بۆ ئەم ئیدارە نوێیەی ترەمپ بەتایبەت دوای دەستبەكاربوونی جۆن بۆڵتن وەك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و دەستنیشانكردنی مایك پۆمپیۆ وەك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا.

بەڵام بۆ وڵاتانی ئەوروپا دۆخەكە جیاوازە و بە پێچەوانەی  ئەمەریكاوە سوريا لە دوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە بەشێك بووە لە ستراتیژی وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا چونكە بەپێی ڕێكەوتنامەی سایكس بیكۆ سوریا بەشێك بوو لە داگیركەكانی بەرتانیا و دواتر خرایە ژێر ئینتدابی فەرەنسا تا ساڵی ١٩٥٢  كە ئەدیب شیشكلی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی سوریا بە هاوكاری یەكێتی سوڤیەت كۆتایی بەدەسەڵاتی فەرەنسا هێنا لە سوریا، هەر بۆیەش هەر له سەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیەوە لە سوریا لەساڵی ٢٠١١ بەریتانیا و فەرەنسا هەوڵیاندا له ڕێگەی لايەنه ئۆزسیۆنەكانی سورياوه دەستێوەردان له سوريا بكەن و بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دوربخەنەوە، به ڵام ڕوسیا و توركيا هەر زوو ئەم هەوڵەی ئەوروپايان شكست پێ هێنا، دوای لاوازبونی ئۆپۆزسیۆنی سوری و كەوتنی شاری حەلەب به ناچاری بەریتانیا و فەرەنسا هەوڵيان دا له چوارچێوەی تاكتیكی ئەمەريكی دا له سوريا جێگەی خويان بكەنەوه .

بەڵام هيرشه كيميایيه چاوەڕوان نەكراوەكەی ڕژێمی به شار ئەسەد بۆ سەر شاری دۆما هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكانی لە سوریا پێچەوانە كردەوە له بەرژەوەندی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا، دەرفەتێكی گرنگی بۆ توڵەكردنەوه و چەسپاندنی بەرژەوەندیەكانیان ڕێكخست چونكه:

١بەريتانيەكان سەرەڕای ناكۆكی و ململانێی سياسي و ئابورییەكان لەگەڵ ڕوسیادا دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ توڵەیەكی سیاسی لە بەرامبەر هێرشە كیمیاییەكەی مانگی ڕابردوو كە كرایە سەر سیخوڕێكی پێشوی دەزگای هەواڵگری لە بەریتانیا، لە دوای هیرشەكە بەریتانیا هەموو پەیوەندیەكانی لە گەڵ ڕوسیادا پچڕاند و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا ١٣٤ دیبلۆماتكاری ڕوسیان لە وڵاتەكانیان دەركرد، بەريتانيا روسيای به ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار كرد، له لايەكی دیكەوە له دوای هاتنە دەرەوەی لە یەكێتێ ئەوروپا بەریتانیا، دەيەوێت وەك هێزێكی سەربەخۆی میحوەری هێزی خۆی نمايش بكات له بەرامبەر ڕوسیادا لەسەر گۆڕەپانی سوریا .

٢وڵاتانی ئەوروپا  بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا له كاتی هێرشەكانی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكرانیای هاوپەيمانی ئەوروپا و داگيركردنی بەشێك له خاكی ئوكرانیا، وڵاتانی ئەوروپا نەیانتوانی  فشار لە سەر ڕوسیا دروست بكەن و ناچاری بكەن بە كشانەوە بەهۆی هەڕەشەكانی ڕوسياوه به ڕاگرتنيی هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا.

بۆیە هێرشە كيميایيەكەی سەر شاری دۆما دەرفەتێكی گرنگی بۆ بەريتانيا وڵاتانی ئەوروپا ڕەخساند تا لەو ڕێگەیەوە لە پێگه و هێزی ڕوسیابدەن له سوريا و مەترسی له سەر بەرژه وەندیەكانی دروست بكات، هەر بۆیەش كاتێك دوناڵد ترەمپ ڕايگەياند كە هێرش دەكاتە سەر سوریا لەوەڵامی هێرشە كیمیاییەكەی شاری دۆما، فەرەنسا و بەریتانیا ڕاستەوخۆ ئامادەی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە هێرشەكەدا بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەیان.

بەڵام بو وڵاتانی عەرەبی دۆخەكه جياوازه چونكە ئەوەی بەلای سعوديه و ئيماراتەوه گرنگه كردنه ئامانجی پێگە و هێزی ئێرانە له سوريا هاوكات لەگەڵ هێرش بۆ سەر سوپای سوريادا چونكه بەتەنيا كردنه ئامانجی سوپای سوريا و لاواز كردنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد پێگەی ئێران لەو وڵاتە به هێزتر دەكات، هەڕچی ووڵاتانی ميسرو ئەردەن و ئیسرائیلە مەترسی ئەوەيان هەيه لەئەگەری لاوازبوونی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد دا داعش و گروپه ئیسلامیە توندڕەوەكان جارێكی تر بكەونەوە چالاكی و  بە هێزەوە دەربكەونەوە، بۆیە بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەوەی له هێرشەكە گرنگتره پلان و ستراتيژی ئەمەريكا و هاوپەيمانەكانيەتی له دوای هێرشەكە چونكە وڵاتانی عەرەبی بەهۆی ناڕونی و نەبوونی ستراتیژێكی ئاشكرا لە سیاسەتی دەرەوە دا جۆرێك لە بێمتمانەیان بۆ دروست بووە لە بەرامبەر سیاسەت و ستراتیژی ئەمەریكا دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

سەرچاوە: NRT

ئاگاداریەان
مەلا حەسەن شیوەسەڵی
مەلا محەممەد جوانڕۆیی
ئارشیو